بەشی سێهەم، کورتەیەک لە سەر ئۆردووگای ڕومادی (کەمپی ئەلتاش)
پێشەکی
لە بەشی یەکەمدا کورتەیەک لە سەر مێژووی بەشداری کردنم لە ڕیزی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیراندا باس کرد. لە بەشی دووهەمیشدا باسی ئەو هۆکارانەم کرد کە منیان بۆ لای سیاسەتی کۆمەڵە ڕاکێشا.
لە ئەم بەشەدا کە بەشی سێهەمە پێش لە ئەوەی بڕۆمە سەر باسی دەست پێ کردنی کار و تێکۆشانی سیاسیم لە ڕیزی کۆمەڵەدا، لە سەر ئۆردووگای ڕومادی کە زۆرتر بە ئۆردووگای ئەلتاش ناسراوبوو کورتەیەک باس ئەکەم. دیارە ئەگەر مێژوو نووسێک بییەوێ لە سەر ژیانی دەیان هەزار مرۆڤی بێ دەرەتان لە ماوەی ٢٣، ٢٤ ساڵی ژیانی ئۆردووگاه نشینی ئەو خەڵکەدا کە هەم کورد بوون و هەم بە ناو کوردی ئێران بوون و لە ئەو ماوەیەدا لە ژێر دەسڵاتی ڕژیمێکی دژە مرۆڤ و دژە کورد و دژە ئێرانی وەک سەدام بوون، دەبی ئەو مێژوو نووسە نە کتێبی، بەڵکوو چەندها کتێب لە ئەو بارەوە بنووسێت! هەر وەها دەکرێ چەندها فیلم لە سەر ژیانی ئەو خەڵکە لە ئەو ئۆردووگایەدا درووست بکرێت!
بەڵام مەبەستی من لە ئێرەدا ناساندنێکی کورتی ئەو ژینگەیە کە بۆ خۆم ٨ ساڵ تێیدا ژیاوم و لە ناو ئەو خەڵکەدا کاری سیاسیم کردووە و لە ڕاستیدا خۆمیش یەکیک بووم لە ئەو ٤٠، ٥٠ هەزار مرۆڤە ئاوارە و پەنابەرە.
هەر ئەوەندە کە خوێنەر لە ناسنامەیەکی کورتی ئەو ژینگەیە ئاگادار بێت بۆ باسەکەی من لە وانەیە بەس بێت.
ئۆردووگای ڕومادی یان ئۆردووگای ئەلتاش (کەمپی ئەلتاش)
ئەو ئۆردووگایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠ – ٧ – ١٩٨٢زایینی، کاتێک کە دەسڵاتی بەعس بە زۆر یەکەم کاروانی ئاوارەکانی شەڕی ئێران و عێراقی لە ئۆردووگای سەنگەرەوە لە نزیک شاری خانەقین، لە سەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ ئەو شوێنە گواستەوە. ئەم ئۆردووگایە لە تەنیشت گوندی ئەلتاش لە ١٥ کیلومیتری باشووری ڕۆژئاوای شاری ڕومادی و لە دەشتێکی وشک و خۆڵئاوی هەڵکەوتبوو.
ئەو خەڵکانە کە لە ئەو ڕۆژە بە دواوە تا ئاخر و ئۆخری ساڵی ٢٠٠٥ و سەرەتای ساڵی ٢٠٠٦ زایینی بە شێوەیەک لە شیوەکان، کەم یان زۆر لە ئەو ئۆردووگایەدا ژیانی پڕ لە ئازار و پڕ لە نەهامەتییان تێپەڕ کرد و ژمارەیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار کەس مزەندە دەکرا لە ئەساسدا خەڵکی ناوچە سەر سنوورییەکانی بەشی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان بوون.
ئەو خەڵکە لە بەر چەند هۆکارێک و یەک لە ئەوان فتوای جیهادی مەلا خۆمەینی بۆ سەر خەڵکی کورد (٢٨ گەلاوێژی ١٣٥٨ هەتاوی) و هەر وەها دەست پێکردنی شەڕی هەشت سالەی عێراق و ئێرانەوە (١٩٨٠ – ١٩٨٨) و چەند هۆکارێکی ترەوە بوو کە لە پێشدا ئاوارەی باشووری کوردستان (کە لە بندەستی دەسڵاتی بەعسدا بوو) بوون و دواتر لە بەر کۆمەڵێک هۆکار بە زۆر گوێزرانەوە بۆ ڕومادی.
یەک لە ئەو هۆکارانە، ئامادە نەبوونی ئەو خەڵکە بوو کە دەسلاتی بەعس دەیویست شەڕی کوردی باشووریان پێ بکات. هۆکاری دووهەم گۆڕانی باڵانسی شەڕەکە بە قازانجی ئێران لە ئەو کاتەدا و ترسی دەسڵاتی عێراق بوو لە ئەوەی کە نەکات ئەو خەڵکە لە سنوورەکانەوە هەڵبێن و بگەڕێنەوە بۆ ئێران. هۆکاری سێهەم حکوومەتی عێراق لای خۆی داینابوو کە لە داهاتوودا ئەو خەڵکە وەک دیلی شەڕ لە گەڵ دیلەکانی خۆی لە ئێران ئالووگۆڕیان پێ بکات. لە ئەم بارەوە شانسی ئەو خەڵکە لە ئەوەدا بوو کە هەر لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٤ وە خاچی سووری نێو دەوڵەتی بە ئەو خەڵکەی زانی و هەمووی خستە ژێر جاودێری خۆیەوە. هۆکارێکی تر ئەوە بوو کە ئەو خەڵکە لە پارێزگای ئەنبار و شاری رومادی ببن بە هێزی کاری هەرزان بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، لە بەر ئەوەی زۆربەی پیاوان و گەنجانی ئەو دەڤەرە لە شەڕدا بوون.
پارێزگای سونی نشینی ئەنبار (الانبار) بڕبڕەپشتی ڕژیمی بەعس بوو. واتە پێگەی سەرەکی حیزبی بەعس لە ئەو دەڤەرە بوو.
ئاخرین هۆکار بە بۆجوونی من دوور خستنەوەی ئەو خەڵکە بوو لە ناوچەیەکی ئیستراتژیک کە کوردی سۆرانی (سونی مەزهەب)، گۆرانی (یارسانی) و کەڵهوڕی (شیعە مەزهەب) بە یەکەوەی گرێ ئەدا و دەیتوانی لە ئەو ناوچانەوە جوگرافیای شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەتا قەسری شیرین، گەیلانی ڕۆژئاوا، ئیلام، ئابدانان، دهلوڕان و لوڕستان پەرە پێ بدات کە دەبووە هاو سنووری خانەقین، مەندەلی، بەدرە و جەسان، عەلی غەربی و عەلی شەرقی و تەنانەت شاری کووت کە لە دێر زەمانەوە زۆربەی ئەو ناوچانە بە شێوەیەک تەعریب کراون کە تەنانەت زمانی کوردیشیان لە بیر نەماوە بۆ نموونە لە شاری کووت. ئەگەر کەسێک کە هیچ لە مێژوو نەزانێت و بچێتە ئەو شارە قەد وا بیر ناکاتەوە کە ڕۆژگارێک ( ٧٠، ٨٠ ساڵ پێش) زۆرینەی خەڵکی ئەو شارە کورد زمان بوون.
زۆربەی هەرە زۆری ئەو خەڵکە کە لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون و لە ڕومادی گیرسانەوە و لە نیوان ٨ بۆ ٩ هەزار ماڵ مزەندە دەکران سەر بە شارستانەکانی سەلاسی باوەجانی، سەرپێڵی زەهاو، داڵاهۆ، جوانڕۆ و تا ڕادەیەکیش قەسری شیرین و هەورامان بوون. ماوەی یەک دووساڵی پێ چوو تا دەوڵەتی ئەو کاتی عێراق توانی هەموو ئەو خەڵکە کە لە کوردستانی باشووردا لە چەند ئۆردووگایەکی جیاواز و لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا دەژیان کۆیان بکاتەوە و ڕەوانەی ئۆردووگای ئەلتاشیان بکات.
من لە بەشی ٤، ٥ و ٦ی کرماشان ناسیندا کە باسی شارستانەکانی سەلاسی باوەجانی، سەرپێڵی زەهاو و قەسری شیرینم تێدا کردووە، بە وردی باسی ئەو ڕووداوانەم کردووە، بۆیە لە ئێرەدا زۆر بە کورتی باسی مێژوو و هۆکارەکانی ئەو ڕووداوانە ئەکەم.
چارەنووسی ئۆردووگای ئەلتاش بوو بە جی؟
دوای ٢٣ بۆ ٢٤ ساڵ ساڵ ژیانی پڕ لە ئازاری خەڵکانێک کە بەشێکیان ئیستەش هەر ئاوارەن، ئەو ئۆردووگایە تەمەنی کۆتایی پێ هات و داخرا و خەڵکەکەی بە ئەم شێوەی خوارەوە دابەشبوون:
١ – لە ئەو ئۆردووگایە نزیک بە ١٠ هەزار منداڵ بە دوور لە هەر چەشنە ژیانێکی سروشتی و هەست بە زۆر کەمبوودی کردن چاویان بە ژیانی ئۆردووگا نشینی پشکووت!
٢- لە ئەو ئۆردووگایەدا هەزاران منداڵ دەرفەتی خوێندنیان لە دوای قۆناخی سەرەتاییەوە بە کردەوە لێ ئەستێندرا! تازە، خوێندنە سەرەتاییەکەش زۆر کەم و کەسری تێدا بوو کە بە هیمەتی خوێندەوارانی ناو خودی ئەو خەڵکە بەڕیوە چوو!
٣ – ٤ بۆ ٥ هەزار کەس کە زۆربەشیان منداڵ بوون بە هۆکاری نەخۆشین و کەمبوودی پێداویستییەکانی ژیانەوە هەر لە ئەو ئۆردووگایە سەریان نایەوە و لە گۆڕستانەکانی دەورو بەری ئۆردووگاکەدا بە خاک ئەسپەردە کران. هەزاران کەسی تر لە بەر پیسی ژینگەکە و کەمی خۆراک و ویتامینات تووشی نەخۆشینی مەترسیدار بوون!
٤ – دەیان کەسیتریان کە بۆ کار و کەسابەت ڕوویان لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی نزیک لە ڕومادیەوە کرد بوو لە لایەن عەرەبە شۆڤینیەکانەوە کوژران و یان بێ سەرشوین کران. زۆر جار تۆڵەی سەربازە کوژراوەکانیان لە شەڕی پێشمەرگەدا (لە باشوور) لە ئەو خەڵکە دەکردەوە. جا بە لێدان و جنێودان و تەنانەت کوشتن و بڕینیش بوایە.
٥ – لە ئەو ئۆردووگایەدا بێجگە لە ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێت، کە بە قامکی دەست دەژمێردران کە ڕێگای خۆفرۆشی، خەیانەت و سیخووڕێیان کردە پیشە، ئەگینە ٩٩% خەڵکەکەی ژیانی هەژارانە، بەڵام شەرافەتمەندانەیان هەڵبژارد! برسیەتی و نەدارییان قەبووڵ کرد، بەڵام نفرەتیان لە خەیانەت و خۆفرۆشی و بێگانە پەرەستی کرد! هەر وەها زۆرینەشیان بوون بە پاڵدە و لایەنگری ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، بە تایبەتی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە.
دام و دزگاکانی حکوومەتی بەعس زۆر هەوڵیان دا کە لە ڕێگای زیندوو کردنەوەی باوی عەشیرەتییەوە دووبەرەکی بخەنە ناو خەڵک و لە ئەو ڕێگایەوە بە قازانجی خۆیان کەڵک وەرگرن، بەڵام دەور و کاریگەری مرۆڤە سیاسییەکان و دڵسۆزانی ئەو خەڵکە نەیهێشت مەرامە نامرۆڤانەکانی حکوومەت زۆر سەرکەوتوو بن.
٦- لە دوای ڕووخانی ڕژیمی سەدامەوە، ئەو ناوچەیە (پارێزگای ئەنبار کە شاری ڕومادی ناوەندی بوو) بوو بە مەیدانی هەڵسووڕانی لایەنگرانی بیری توندڕەوی ئیسلامی و عەرەبی کۆنە بەعسی. ئەمە وەهای کرد کە زۆر کەس بە تایبەت لە نێو گەنجەکاندا لە بەر هۆکاری ترس یان هەر هۆکارێکی تر بکەونە شوین ئەو بیرانەوە و دەیان گەنجی ئەو ئۆردووگایە لە نێوان سالەکانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ لە ئەو ڕێگایەدا لە نێو بچن و بکوژرێن. دیارە مێژووی بیری ئیسلامی سەلەفی و وەهابی لە نیو ئۆردووگاکەدا دەگەڕایەوە بۆ ساڵەکانی ٩٠ی زایینی بە دواوە کە لە ڕێگای مەرجەعە هاوبیرەکانی عەرەبیانەوە لە شارەکانی فەلووجە و ڕومادی لە نێو چەند مەلایەکی ناو ئۆردووگاکەوە ئەو بیرە هێنرایە ناو ئەو خەڵکە و بە شیوەی ئورگانیک کاری بۆ کرابوو. هەر بۆیە ئەو کار کردنەی مەلا سەلەفی و وەهابییەکانی ناو ئۆردووگاکەش هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ هاندانی گەنجانی ئەو ئۆردووگایە بۆ ڕۆیشتن بەرە بیری تووندڕەوی ئیسلامی کە ببێتە هۆکاری کوژران و بە کوشتن دانی دەیان گەنجی خانەوادەی فەقیر و هەژاری خەڵکی ئەو ئۆردووگایە.
٧ – لە ڕێگای خاچی سووری (صلیب سرخ) نێوەدەوڵەتی و بەشی پەنابەرانی یوئینەوە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٥ بۆ ٢٠٠٥ نزیکی ٢٠٠٠ بۆ ٢٥٠٠ خێزانی ئەو ئۆردووگایە لە وڵاتانی پەنابەر وەرگرەوە وەرگیراون کە زۆرترین ژمارەی بەر وڵاتی سوید کەوتووە کە نزیک بە ١٠٠٠ ماڵ دەبێت. لە نێوان ئەم بەشەیدا کە هاتوونەتە دەرەوەی وڵات، سەرە ڕای غەریبی و نامۆیی بە زمان و زۆر شتی تری ئەم وڵاتانە، سەرە ڕای قورسایی کاریگەرییە نێگاتیڤەکانی ژیانی دەورانی شەڕ و ئاوارە بوون و ئۆردووگا نشینی لە سەر ڕۆحیاتی ئەو خەڵکە، بەڵام بەشێک لە ئەو بنەماڵانە زۆر سەرکەوتوو بوون.
بە سەدان کەس خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و تەنانەت لە نێو گەورە ساڵانیشدا کەسانێک کە خوێندنی بەرزیان تەواو کردووە زۆر بەرچاون! لە کاری سیاسی و نیشتمانیشدا ئەو خەڵکە لە دەرەوە جێگە و قورسائیان بەرچاو و دیارە!
٨ – لە دوای شەڕی یەکەمی کەنداوەوە (١٩٩١) بە دواوە نزیک بە ٤٠٠٠ ماڵێکیان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەڕاونەتەوە. دیارە ئەم بەشەی کە بۆ ئێران گەڕاونەتەوە لە سەر دەستی خۆیان و بە خەرجێکی زۆر و ریسکی ڕێگا و بە جێ هێشتنی بەشک لە کەلووپەلی ماڵیان، خۆیان گەیاندووەتەوە ئێران. بەشێک لە ئەو خەڵکە کە گەڕاونەتەوە بۆ ئێران هێشتا ئیجازەی گەڕانەوە بۆ گوندەکانی خۆیان پێ نەدراوە و لە شارەکان دەژین. هێشتا بەشێکیان ناسنامەیان بۆ دەرنەچووە و بە چاوی غەدر و گوومانەوە سەیر ئەکرێن. هێشتا لە ئێران بە ڕۆمادیەیەکان بانگیان دەکەن و وەک بێگانە چاویان لێ ئەکەن!
٦ – نزیک بە ١٥٠٠ خانەوادەی دیکەش گەڕاونەتەوە بۆ باشووری کوردستان و لە چەند ئۆردووگا و شار و شارۆچەکدا دەژین. بۆ نموونە لە کەمپی کاوە لە لای قوشتەپە، کەمپی باریکە لە نزیک عەربەت، شێرەوەن لە نزیک خانەقین، کەلار، دەربەندیخان و هەڵەبجەی تازە دەژین. ئەم بەشە لە ئەو خەڵکەش کە لە ئۆردووگا و شارەکانی باشووری کوردستانن لە ڕێگای یوئینەوە بەڵگەی پەنابەریان پی دراوە و هەر چەند مانگ جارێکیش دەبێ بڕۆن کارتی مانەوەیان لە لای دەسڵاتی خۆماڵی کوردییەوە تازە بکەنەوە. سەیر لە ئەوە دایە کە ئێمە مانان لە ئەم وڵاتانەدا دوای ٣، ٤ و لە هندێ وڵات ٨ یان ١٠ ساڵ مانەوە، بۆمان هەیە داوای هاوڵاتی بوون بکەین، کە چی ئەو خەڵکە دوای زیاتر لە ٣٠ساڵ مانەوە لە عێراقدا هێشتا هەر پەنابەرن. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە ئەو جیلە (نەسڵە) هەر لە عێراقدا لە دایک بوون و ئیستەش لە بەشێکی نیشتمانی خۆیاندا دەژین واتە لە کوردستانی باشوور!؟ هەر وەها یوئینیش هیچ کارێک بۆ ناردنی ئەو خەڵکە بۆ وڵاتی سێهەم ناکات!؟
٧ – لە دوای ڕووخانی ڕژیمەکەی سەدام و داگیرکردنی عێراق لە لایەن سوپای ئەمریکاوە، چەند سەد بنەماڵە لە ئۆردووگای ڕومادی بە مەبەستی ڕزگار بوون بەرەو وڵاتی سێهەم، بەرەو سنوورەکانی وڵاتی ئوردون هەڵدێن و دوای ماوەیەکی زۆر ئازار کێشاندن و مەترسی و برسیەتی کێشان و هەزار و یەک ئازاری دیکە دەسڵاتدارنی ئوردونی و کومیساریای بەرزی پەنابەرانی یوئین لە ئوردون ڕازی ئەکەن کە بچنە ناو وڵاتی ئوردون بە مەبەستی کار ئاسانی بۆ کردنیان بەرەو وڵاتی سێهەم. بە خۆشییەوە ئەو خەڵکە دوای چەند ساڵ چاوەروانی ڕزگارییان بوو. بەڵام نزیکی ٢٠٠ کەسی دیکە کە کەمێک دواتر هەر هەمان ڕێگایان گرتە پێش تا ئیستەش لە سەر سنوورەکانی نیوان ئورودن – عێراق و سوریە ماونەتەوە و سەرە ڕای دژوارییەکانی ڕۆژانەی ژیانیان، گیانیشیان لە ئەو پەڕی هەڕەشە و مەترسیدایە!
٨ – هەر وەها کۆمەڵێکی بەرچاویش لە گەنجانی ئەو ئۆردووگایە ڕوویان لە سیاسەت و کاری حیزبی و پێشمەرگایەتی کرد و لە نێو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا خۆیان بینییەوە. لە ئەو نێوەدا دەیان کەسیان لێ شەهید بووە و هەر ئیستەش کۆمەڵێکیان لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدان و لە نێویاندا تا پلەی کادری بەرز و ناوەندی حیزبەکان ڕۆیشتوون.
بەڕێزان بە بۆنەی درێژ بوونەوەی باسەکەم لە سەر ئۆردووگای ڕومادی یان ئەلتاش کەمپ، ئیدامەی ئەم نووسینە لە بەشی چوارەمدا درێژە پێ ئەدەم کە دەبێتە دەست کردنم بە تێکۆشان لە ڕیزی کۆمەڵەدا لە ئۆردووگای ڕومادی.
هەر وەها لە بەر ئەوەی لە سەر تێکۆشانم لە ریزی کۆمەڵەدا تا ئیستە شتێکم لە ئەو بارەوە نە نووسیوە لە وانەیە لە سەر ئەو مێژووە کەمێک وردتر ببمەوە و بێجگە لە بەشداری خۆم لە ئەو ڕێکخراوەدا لە ئۆردووگای ڕومادی، باسی ڕۆڵی چەند کەسایەتییەکی دیکەش هەر لە نێو لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوەدا لە هەمان ژینگە بکەم، هەر وەها جار و بار لە وانەشە هندێک ڕووداو و چالاکی بواری سیاسی و مەدەنی پێوەندیدار بە ئۆردووگای ڕومادییەوە بێنە نێو باسەکانمەوە. من هەر لە ئێرەوە بە ئەو پەڕی ئەمانەتدارییەوە هەوڵ ئەدەم کە شتەکان وەک خۆی کە هەبوون باسیان لێوە بکەم. ئەگەریش لە شوێنێکدا باسی ڕووداوێکم کرد بە مانای ئەوە نییە کە ئیستەش هەر بە هەمان شێوە لە سەر ئەو ڕووداوانە بیر ئەکەمەوە. مرۆڤ هەر چی ڕۆژە لە ژیانیدا ئەزموون و تەجرەبە وەر ئەگرێت و منیش باسی مێژوویەک و ڕووداوگەلێک ئەکەم کە تەقریبەن ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ بە سەریاندا تێپەڕیوە. ئەو ڕووداوانە کە من لە ئەم زەنجیرە باسەیدا ئیشارەیان پێ ئەکەم تەنیا رووانگەی خۆمن و دڵنیاشم دڵۆپەیەکن لە ڕووبارێکی ئەو مێژووە.
لە گەڵ ڕێزی دووبارەم!
عەلی قەنبەری ١٨ – ١ -٢٠١٣ زایینی{jcomments off}