بەرکوڵی بەرهەم
لە سەرچاوەی نووسراوە نێونەتەوەییەکانی ئوروپایی دا هاتووە کە بیری نەتەوەیی؛ پاش شۆڕشی ١٧٨٩ی فەڕانسا، بوو بە هێزێکی گەلی و بەقودرەت و هەمە لایەنە.
لە سەر ئاستی ئوروپا، ئەم بیرۆکەیە تەواو راستە چونکە زۆربە، یان هەموو گەلانی ئوروپا پاش شۆڕشی فەرانسا، لە سەر بنەمای بیری نەتەوەیی کەوتنە خۆ بۆ یەکگرتنەوە، رزگاریی وسەربەخۆیی.
لە بەر پڕ بایەخی وگرینگی راگەیەندراوی شۆڕشی ١٧٨٩ی فەرانسا، لێرەدا دەقی راگەیەندراوەکە دەنووسرێتەوە
ڕاگەیندراوی شۆڕشی فەڕانسا:
١. ئینسان بە ئازادی لە دایک بووەو دەبێ ئازاد ببمێنێتەوەومافی یەکسانیی مافی هەموانە.
٢. مەبەست لە پێکهێنانی هەر چەشنە یەکێیەتییەکی سیاسیی پاراستنی مافە سروشتییەکانی مرۆڤە. ئەو مافە سروشتیانە بریتین لە: ئازادی، خاوەندارێتی، ئەمنیەت و ڕاوەستان لە بەرانبەر زوڵم و زۆریدا.
٣. سەرچاوەی سەربەخۆیی بڕیاردان خەڵکە، نەتەوەیە، واتە قودرەتی نیهایی دەگەڕێتەوە بۆ نەتەوەوئارەزووەکانیی وبڕیاردەری نیهایی گەلە نەک شا،.
راگەێندراوەکە هەر وەها بڕیاریی لەسەر ئەوە دا کە هەموان لە بەرانبەر یاسادا یەکسانن، هەموان دەتوانن بەشداریی بکەن لە تێکۆشانی سیاسییدا و دەبێ ئازادیی ئاینیی وئازادیی ڕادەربڕێن هەبێ.
بەڵام؛ باوەڕم وایە کە پرسی نەتەوەیی کورد وکوردستان بەر لە شۆڕشی فەرانسا دەستی پێکردووە وخەباتی کورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو نەتەوەیە و کوشتن و بڕینی لە لایەن نەیارانیەوە و داگیرکردنی کوردستان. شۆڕشی فەرانسا، شتێک زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ لەوە پێشەوە رووی داوە بەڵام سەرکوت و خاک داگیرکردنی کوردوکوردستان مێژوویەکی درێژتری هەیە. وشەی کوردستان بۆ یەکەم جار لە سەدەی چواردەیەمدا لە رۆژگاری فەرمانرەوایی سەلجوقییەکاندا بە کار هێنراوە. حەمدوڵا مستوەوفی لە کتێبی “نزهەت القلوب” کە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٣٥- ١٣٤٠ دا نووسیویەتی دەڵێ: کوردستان لە ١٦ ویلایەت پێکهاتوە، ئاووهەوای سازگارەولە گەڵ عێراقی عەرەب و خوزستان و عێراقی عەجەم و ئازەربایجان ودیاربەکر هاوسنوورە. رەنگە ئەوکات دیاربەکرولایەتێکی سەربەخۆی بووبێ(کوردستان و کورد ل. ١٣). ئەولیای چەڵەبی، گەریدەی تورک، یش لە سەدەی حەڤدەیەمدا پاش گەرانی بە هەموو ناوچەکانی کوردستانداناوبانگی دەرکردو دەنووسێ: ” کوردستان لە ویلایەتەکانی ئەرزرۆم و وان و هەکاری و دیاربەکرو جزیرەومووسڵ وشارەزوورو ئەردەڵان پێک دێ و ڕێی حەڤدە رۆژە”. سەرچاوە:
M. Fany: Nation Kurde et son Evolution Sociale Paris 1933, p.199
گەزنەفۆن لە کتێبی ئاناباس دا دەڵێ:” کوردخۆییەکان کە لە چیاکان دەژین، هیچ کاتێک چ بۆ دەسەڵاتی کساکەس”خەشایارشا” و چ بۆ دەوڵەتی ئەرمەنی سەریان نەوی نەکردووە”. (کوردستان و کورد ل. ٣٩).
کورد وکوردستانی هەر چەند لە سێ هێرشی دوابەدوای یەکی تورکانی سەلجوقی، مەغول و تەیمووری لەنگ دا کەوتنە بە درندانەترین زوڵم و زۆریی، بەڵام چەندەی لە دەستیان هاتبێ بەربەرەکانیان کردووە.
کەوابوودەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە بە درێژایی مێژوو کورد لە چوار چێوەی بەربەرەکانی وخۆپاراستن، دامەزراندنی ویلایەت وئییالەت وبە گشتی پاراستنی شوێنی ژیان وخاکی رەسەنی خۆی، چەشنێک لە بیری نەتەوەیی هەبووە کە دەچێتەوە دەیانساڵ پێش شۆڕشی ١٧٨٩ ی فەرانسا. ئەوەش کە کوردستان سەربەخۆ نەبووە یان یەکی نەگرتۆتەوە، نابێ ببێتە ئاکامی ئەم بیرۆکەیە کە کورد خاوەنی بیری نەتەوەیی نەبووە.
باس لە سەر شانازییەکانی کۆماری کوردستان و دامەزرانی لە رۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ ی هەتاوی، لێرە دا نایەتە گۆڕێ چونکە؛ یەکەم مێژووەکەی هاوچەرخە و زۆرمان لێی شارەزاین. دوویەم هێنانی ئەم ووتارە زیاتر کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی بیری نەتەوەیی گەلانی جیهانە. بەڵام هەرلە جێدا ئارەزوو دەخوازم کە کەس بە ئاوی دڵسۆزی بۆ کۆمار ونووسین و پێناسەکردنی ئەو کۆمارە دژ بە خەباتی دڵسۆزانەی هۆگرانی رزگاری نەتەوەیی و سەربەستی کوردستان رانەوەستێ. ئەم جۆرە بیرۆکانە ئەگەر لە لایەک خزمەت بە ناساندنی زیاتری کۆمارە، لە لایەکی ترەوە وادەگەێنێ کە نوسەرانی ئەو جۆرە نووسینانە هەر لە بەر سەرکوتکردن ودژایەتیکردن لە گەڵ خەباتکارانی پاش کۆمار بۆ کۆماردەنووسن. ئەوەش شتێکی شایستەو باش نییە.
وەک یەکچون، هەست و خواستی بە کۆمەڵ، تێکەڵاوی دیاردە مێژووییەکانی خاکەوایی. زمانەوانی و، هەروەها یەک بیرو ڕابوون لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان دەبنە هەوێنی پێکهاتنی نەتەوەیەک. ئەم کۆمەلە پرسە وچەند نەریتێکی تری پێکەوە ژیان ولە گەڵ یەک هەڵکردن بیری خۆ ئیدارەکردن وسەربەخۆیی دەستەبەر دەکا. ئەگەر لەم روانگەیەوە پرسی بە نەتەوەبوون وسەربەخۆیی لێکبدەینەوە دیسانەوە دەگەینە ئەو ئاکامە کە لاواندنەوەی کۆمەڵی کوردەواری لە رێگای؛ گەلۆو حەیران، لاوک و هۆرەی جافی، لۆرانەوەی شماشاڵی شوانان و لایەلایەی دایکانی کورد و دەیان لاوژە و بێژراوی تری سۆز دەربڕ و بیر هەژێنی دڵداریی و خەباتکارانە دەست پێکی بیری نەتەوەیی کوردبوون.
دوابەدوای ئەو بیرانەش زمانی هاوبەشی عیشق بە سروشت وجێئۆگرافیای کوردستان، خەبات وبەربەرەکانیی بۆ خۆپاراستن لە هێرشی دوژمنان، شێعرو هۆزان وداڕشتن وپەروەردەکردنی کلتووری جیا لە نەتەوەکانی جیران، کە خۆی لە تواندنەوە رزگارکردووە، بووەتە کۆڵەکەی هەرە بەهێزی دەوامی کوردایەتی ئێمەی کورد. کەوایەهەم بەپێی لاوازیی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان وهەم بە پێی هەڵقوڵاویی دەروونهەژێنی ئەم سۆزوبیروئارەزووانەش کە خۆماڵین، ناکرێ دەستپێکی بووژانەوەی بیری نەتەوەیی کورد بە پاش روودانی شۆڕشی فەرانساوە گرێ بدەین. بۆیە باوەڕم ئەوەیە کە دیرۆکی نەتەوەخوازی ئێمە خۆ ڕسکبووەولە دێرزەمانەوە دەستی پێکردووە.
لە سەر ئەو بنەمایە دەتوانین بڵێین کە مێژووی هاوبەش، زمانی وەک یەک، بە هەموو دیالێکتێکێوە، کلتووری گشتی وەک یەک، شوێنی نیشتەجێبوونی لە بێگانەو داگیرکەر پارێزراو، بەسە بۆ ئەوەی دانیشتوانی شوێنێک خۆیان بە جیا لە خەڵکی تر بزانن و داوای هەمان ماف بکەن کە کۆمەڵی تر هەیانە. هەر چەشنە نکۆڵیکردنێکیش لەم نەتەوەیی بیرکردنەوەیە؛ ناحاڵی بوون، زوڵمخوڵقێنی وتەنانەت نائینسانیشە.
هێزی داگیرکارانەی ئیمپریالیستی، نیزامی ئیمڕاتۆری و پاشایەتی، داسپاندنی دەسەڵات لە رێگای دین و ئایین وبە ناوی دین وئاینەوە، خۆسپاندن بە ملهوڕیی وهتد، هیچکامیان لە رەوابوونی سروشتی خواستی نەتەوەیەک بۆ رزگاری خۆی کەم ناکەنەوە. هەرکات نەتەوەیەکیش بە زۆر، خواستەکانی خرابێتە بن پێ، دیسانەوە لە یەکەمین دەرفەت دا سەربەخۆیی خۆی وەدەست هێناوەتەوە؛ ئاماژە بە خەباتی ڕزگاریی خوازانەی گەلی لیتاوێن کە وڵاتێکی تازە ڕزگار بووی ناوچەی باڵتیکومی ئوروپا یە راستیی ئەو بۆچونە دەردەخا:
لیتاوێن لە ساڵی ١٧٩٥ بە زۆریی قەیسەری رووس لکێندرا بەو روسییەوە. لە ساڵی ١٩١٨ لە دەرفەتی پێکهاتوو کەڵکی وەرگرت و خۆی رزگار کردەوە.دواتر دیسان لە لایەن ستالینی رووسەوە خرایە سەر دەسەڵاتی یەکیەتی سۆڤیەت. بەڵام سەر ئەنجام لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی خۆی وەدەست هێنایەوە. ئەم وڵاتە ژمارەی حەشیمەتی ئێستای دەگاتە ٣،٥ میلیۆن کەس و، روبەری خاکەکەی ٦٥هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە یە. سەربەخۆیی نیهایی لیتاوێن لە کاتێک دا بەم رووبەروحەشیمەتە کەمەوە دێتە ئاراوە کە لە سەدەی چاردەیەم گەورەترین وڵاتی ئوروپایی بووەو، بەشێک لە رووسیە و ، لێهیستان و هەموئۆکڕاینا، و رووسیەی سپی لە ژێر ناوی لیتاوێن دابوون. واتە دەیان قۆرتی بە سەر هات وچەند جار لە بەر یەک دابڕا، بەڵام لە گەڵ ئەو هەمووئەو قۆرتانە ش بە درێژایی مێژوو بۆی پێشهات، سەر ئەنجام توانی رزگار ببێ.
پوختەیەک سەبارەت بە بیرکردنەوەی نەتەوەخوازانە
دەتواندرێ بیری نەتەوەخوازانە لە سێ،٣، خاڵی بناخەدانەر دا کۆبکرێتەوە:
١- بەشەرییەت بە شێوەیەکی سروشتی وئاسایی لە یەک نەتەوە پێکنەهاتووە، بەڵکە جیهانی بەشەرییەت بە سەر چەند نەتەوەیەکدا دابەش بووە.
٢- هێزی نەتەوەیی سەرچاوە لە زمان، کلتوور ونەریت، جوگرافیای هاوبەش ومێژووی هاوبەش دەگرێ.
٣- نەتەوەخوازیی نەتەوەیەک ئەو کاتە بە تەواوی بەهێزە کە بتوانێ خۆی لە ژێرباری چەوسانەوەی سەردەست وداگیرکەر دەربێنێ ومافی وەک یەکی ژیان بە خۆی بدا.
ئەوسێ خاڵەی سەرەوە دەرەتان بۆ رێبەرێکی ئاینیی؛ کریستیان، موسوڵمان، هیندو، بۆدایی و جولەکە وهتد نایەڵێتەوە کە بڵێ لە بەر ئاینەکەت دەست لە ناسنامە و شوناسی نەتەوەییت هەڵبگرە. یان فاشیستی نەتەوەی سەردەست وداگیرکەر لە ژێرناوی پاراستنی سنووروبەبیانووی کەمایەتیی بوونی گەلێک مافت پێشێل بکا.
نەتەوەخوازیی وناسیۆنالیسم پێناسەی شانازی وئیفتیخار، قارەمانپەروەریی و دروشم و ئاڵا و گێڕانەوەی نەهامەتی وسەرکەوتنەکانی گەلێکە کە زۆر جار ترس ونەفرەت لە داگیرکەرانیی لە پرۆسەی خەباتی رزگاریی خۆیدا ئەوی زیاتر یەکگرتووکردووە. ناسیۆنالیسمی گەلێک هاواری ئەو گەلەیە کە لەبیر وکردەوەوزار وهونەری جۆراوجۆری رووناکبیر؛ مێژوو نوس، شانۆ ساز، موزیکژەن وهۆزان بیژان سەرچاوە دەگرێ. نکۆڵی ناکرێ کەهەر کات کۆمەڵێک لە خەڵک، ئازار ونەهامەتییەکانیی پرۆسەی ژیانیی، بە مێژوونووسییەوە و، داستان سەرایی خاک وزێدەکەی زیندوو بکاتەوە، ئەوە ئەو کۆمەڵەنەتەوەیە. گەلۆ داخوا کۆمەلێ کوردەواری لەم بوارەدا چەند جار بە نەتەوە دەژمێردرێ؟
دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوولە کتێبی کوردستان وکوردداهێناویەتی: ” … چونکە سێ هۆی گرنگ و بنەڕەتیی بوونی نەتەوە کە بریتین لە زمانی هاوبەش، خاکی هاوبەش و خوو و ڕەوشتی هاوبەش بە تەواوی لە کورددا هەن وژیانی ئابووریی هاوبەشیش زۆر وەخت بە شەرتێکی گرنگی نەتەوە دانانرێ” کەوابو کورد نەتەوەیە.
لە سەر یەک دوو جۆرە ناسیۆنالیسم بوونی هەیە: ناسیۆنالیسمێک کە لایەنگرانیی پێکەوە ژیاون، پێکەوە خەباتیان کردووە وبە درێژایی مێژوو زەوزوویان کەوتۆتە بەینی وبوونەتە هاوخوێنی یەکتر. وێنەی هەرە بەهێزی ئەو شێوە ناسیۆنالیسمە لە کوردستان دەبیندرێ کە خەڵکەکەی هەزاران ساڵە لە یەک شوێن نیشتەجێن و پێکەوە دەژین. ناسیۆنالیسمێکیش لە چەند کۆمەڵ یان باشترە بڵێین وڵاتێکیش دا هەیە کە لە رەوەندی لاوەکی وپەنابەر پێکهاتوون.
بەڵام ئێستا نەتەوەی بەهێز ودەوڵەت و نەتەوەگەریی بەتوانایان لێپێکهاتووە. وەک: ئەمریکا، کانادا، ئوسترالیا وئاڕژانتین. رووتێکردوانی ئەو وڵاتانە پاش ماوەیەک ژیان، خوویان بە وڵاتەکەوە ( شوێنی تازەی نیشتەجێبوونیان) گرتووەو، وەچە دوای وەچە بیری پێشویان بە قازانجی کلتوری تازە تواوەتەوەوبوونەتە شارۆمەندی ئەو وڵاتە تازەیە.
لەم بارەوە سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا پرێزیدێنت تێئۆدۆر ڕۆزوێڵت لە چوارچێوەی یاسایەکی گشتیدا گوتی: پرسی ئەمریکایی بوونی دانیشتوانی ئەمریکا بەستراوەتەوە بە ئامانج وئارەزووەکانمان بۆ ئەمریکا وئەو هیزرەی بۆ ئەمریکای بەکاردێنین. ئەمریکایی بوون بە مانای یەک نژادی، لە یەک جێ لە دایکبوون وشەجەرەی تایفی و هۆزەوایی نییە. جێئۆرج ئۆڕوێل نوسەری بریتانیایی لە زمانی سەرۆکێکی فەرانساییەوە دەنووسێ کە:
” ئارەزووی یەکیەتیخوازانەی من عیشق بە شوێنێکی تایبەت، شێوەژیانێکی تایبەتە کە مرۆڤ بیردەکاتەوە ئەوە باشترین شوێنی جیهان وباشترین شێوەژیانی جیهانە. بەڵام سەر چاوەی سەرەکی ناسیۆنالیسم بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات وسەروەریە نەک بۆ تاک وبۆ خۆی، بەڵکە بۆ نەتەوەکەی”
چاوخشاندنێک بە سەر ناسیۆنالیسم ورزگاریی گەلان دا
زیاتر لە ٢٠ ساڵ نیە دەیان وڵات یان یەکیان گرتۆتەوە یان رزگاربوون. وەک سەرەتایەک بۆ درێژەی باسەکە باشە ناوی کۆمەڵێک لەو وڵاتانە کە زۆر لە مێژ نییە ئازاد بوون بهێندرێ:
ساڵی ١٩٩٠: نامیبیا و یەمەن
ساڵی ١٩٩١: ئەرمەنیا، ئازەربایجان، ئیستۆنیا، جۆرجیا، رووسیەی سپی، قەزاقاستان، قیرقیزستان، کرۆئاتیا، لاتڤیا، لیتاوێن، ماقەدونیە، مۆڵداویا، سلۆڤێنیا، تاجیکستان، تورکمەنیستان، ئۆکڕاین و ئوزبەکستان.
ساڵی ١٩٩٢: بۆسنییا- هەرزەگۆینا
ساڵی ١٩٩٣: سلۆڤاکیا، چێک، ئێریتێریا
ساڵی ١٩٩٤: پالاۆ ی میانمار
ساڵی ٢٠٠٢: تیموری رۆژهەڵات
لە سەر رزگاری ئەم وڵاتانە پێویستە ئاماژە بە دوو شت بکرێ: یەکەم ئەوە کە بەشێکیان لە ژێر دەستی سۆڤیەت رزگاریان بوو.
دوویەم هەر چەند ئەو وڵاتانە رزگار بوون بەڵام لە بەشێکیان دا پرسی ئازادی ودێمۆکراسی هەر وا بێ وەڵام ماوەتەوە وەک رووسیەی سپی کە ئێستاش بە شێوەی دیکتاتۆریی بەڕێوە دەچێ.
گەشەی ناسیۆنالیسمی نوێ و یەکگرتنەوەو سەربەخۆیی یەک یەکی وڵاتانی ئوروپایی، وڵاتانی عەڕەبیی وجولەکە و ئەمریکا
سەرچاوەکانی مێژووی خەباتی گەلان بۆمان رووندەکەنەوە کە نەتەوە خوازیی و نەتەوەیی بیرکردنەوە و، پێکهاتنی نەتەوەکان هەر وا بە سانایی و بێ گرفت نەهاتۆتە ئاراوە. زۆربەی نەتەوەکانیی تا ئێستا رزگار بوو، پێش ئەوە ببنە نەتەوەیەکی سەر بەخۆ، کۆڵێک گرفتی ناوخۆیی و دەرەکییان هەبووە؛ دیارە ناسیۆنالیسمی نوێ یانی ئەو ناسیۆنالیسمەی دەستپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی ١٧٩٨ ی فەرانسا، یارمەتی داوە ئەو نەتەوانە کەسایەتی وپێناسەی خۆیان دەوام وقەوام پێبدەن.
جولەکەکان خۆیان بە نەتەوەیەک دەزانن کە خوا ڕێزی تایبەتیی لێگرتوون و، هەمووکات لە ژێر ئەو پەڕی چەوسانەوەی دینی ونەتەوەیی دا حەولیان داوە دین وزمانی خۆیان بپارێزن. ئەم ماوە لە ژیانی جولەکەکان زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵی کێشا، تا توانیان لە ساڵی ١٩٤٨ واتە کەمێک بە رلە ٦٠ ساڵ پێش ئێستا بە سەر بڵاوی خۆیان دا زاڵ ببن ولە هەموو جیهانەوە بەرەو شوێنی ئێستایان، ئیسڕائیل، بگەڕێنەوە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنن.(ئەم دەوڵەتە بە یارمەتی وبڕیاری کۆمەڵی تازەدامەزراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێک هات).
ئیستۆنییەکان ( دانیشتوانی ئیستۆنیای ئێستا لە باڵتیک) تا سەرەتاکانی سەدەی ١٩ یەم، نەیان توانی ناوێک بۆ خۆیان دیاری بکەن وهەروەک تاقمێکی تایبەت مانەوە. بەڵام پاش ئەو سەردەمە بە خێرایی کەوتنە گەشەی بیری نەتەوەیی و توانیان کلتوورێکی زیندووی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن وپەرەی پێبدەن. ئەوان بە دروستکردنی مۆزەیەکی ئیتۆگرافیایی توانیان نزیک بە میلیۆنێک کەل وپەلی کلتووری کۆبکەنەوەو بە نەتەوەبوونی خۆیان بسەلمێنن.( ئێرنەست گێڵنێرفەیلەسوفی بریتانیایی).
هەروەها دانیشتوانی نزیک بە ٣٠٠ ناوچەی ورد ودرشتی یۆنانی هەموویان بە دین، وەرزش، سیاسەت و باسی فەلسەفی خۆیانەوە شاد بوون وشانازیان پێوە دەکرد. یۆنانیەکان لە بەر لێکبڵاوی نەیاندەتوانی ببنە، نەتەوەیەکی یەکگرتووی مەزن. ئەوان تەنیا جارێک خۆیان وەک نەتەوەیەکی مەزن یەکخست؛ ئەو جارەش راوەستان و، بەربەرەکانیان بوو لە بەرانبەر دژمنانی ئێرانیدا. یۆنانییەکان لە بەر یەکنەگرتوویی و پرژوبڵاوی سیاسیی خۆیان؛ لە لایەن مەقدونیا، رۆما ودواتریش لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیرکران. ئەوەی ئەورۆ بەناوی یۆنانی یەکگرتوو دەیبینین، ئاکامی هەموو ئەو نەهامەتی وتاڵ وسوێریانەیە بەسەر ئەو گەلەداهاتووە.
دوورنەرۆین، لە رۆمی قەدیمیش تەنیا دانیشتوانی رۆم وەک گروپێکی خاوەن دەسەڵات مافی شارۆمەندیان هەبوو، باقی دانیشتوانی شارەکانی دیکەی نزیکی رۆم دەبوو، گوێڕایەڵ وبەڕێوەبەری ئەرکی رۆمییەکان بن. پاشتر لە ئاکامی نیاز بەبوونی نەتەوەیەکی گەورەتر، نەک تەنیا دانیشتووی شارەکانی دەرەوەی رۆم، بەڵکە ئەو کەسانەش کە خزمەتی سەربازیان کردبوو، بەشدار دەبوون لە بریاری چارەنووس ساز دا.
لە لایەکیترەوە باکووری وڵاتی چەند ناوچەیی و بەش بەشی ئەمریکا بۆ ماوی ١٠٠ ساڵ لە ژێر دەستی بریتانیایەکان دابوو. بریتانیا توانی لە وێدا ١٣ ناوچەی موستەعمەرە بکاتەوە. هەر چەند ئەو ناوچانە شێوە ئۆتۆنۆمییەکیان هەبوو؛ بەڵام دەبوو باج و خەراج بدەن بە لەندەن و بۆ کاری گەورەی تیجاڕەت و شەڕکردنیش هەر دەبوو بە گوێی لەندەن بکەن. خەڵکی باکووری ئەمریکا لە خەبات دژی بریتانیایەکان دا بوون بە دوو بەشەوە؛ بەشێکی کەمیان شەری رزگاریان دەست پێکرد و زۆرینەش وەک چاولێکەر مانەوە تا شەڕەکە گەیشتە سنووری خۆشیان.
ئەم جارعەزابی ویژدان ئەوانیشی هەژاند و، بە پشتیوانی پاپۆڕی جەنگیی فەرانسایەکان کە دوژمنی لە مێژینەی بریتانیایەکان بوون دەستیان دایە شەڕو توانیان لە ساڵی ١٧٨٣ چۆک بە لەندەن دابدەن و سەربەخۆیی رابگەیەنن. تازە رزگاربووەکان، دەستبەجێ پاش سەر بەخۆیی، ناوی ئەمریکایان بۆ خۆیان هەڵبژارد. بەڵام لە گەڵ ئەوەش دا کۆمەڵێک ناوچە بەشێوەی ناوخۆیی داوای خەرج و باجیان لە وانی تر دەکرد. ئەوەبوو کە بە پێکهێنانی پارلیمان و دەوڵەت، یاسایان بۆ خۆیان دەستەبەر کرد.
سناتۆر و جێگری سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، جۆن ک. کالهۆن لە ساڵی ١٨٤٩دا کوتی:” ئێمە یەک نەتەوە نین، بەڵام یەکیەتییەکی سەربەخۆوین و هاوبەش وهاو پلەین” دواتر لە جێژنی ساڵانەی سەربەخۆیی ئەمریکادا، سەناتۆڕ کاڕڵ شۆرزلە ١٨٥٩ دا ڕایگەیاند: ” نەتەوەی ئەمریکا نەتەوەیەکە کە لە یەک بنەماڵە، یەک عەشیرە یان لە یەک وڵاتەوە نەهاتووە، بەڵام هەڵگری چەندین بنەمای گرینگ و بەهێزی ژیانە لە هەموو نەتەوەکانی جیهانەوە”. جۆرج واشینگتۆن کە سەرۆکی سپای رزگاریی ئەمریکا بووبوو بە یەکەم سەرۆککۆماری ئەمریکا. جێی سەرنجە، بگوترێ سروودی نیشتیمانی ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣١ واتە ٨٠ ساڵ بەر لە ئێستا پەسەند کرا.
بەمجۆرە سەدەی نۆزدەیەم بوو بە سەدەیەکی زۆر گرینگ بۆ سەرخستنی بیری ناسیۆنالیستی لە ئوروپاوئەمریکا. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمە وە، شۆڕشی ناسیۆنالیستی خۆی بە ئوروپاوە سنووردار نەکرد و وڵاتانی تریشی گرتەوە. لە ئوروپادا بیری ناسیۆنالیستی بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار ناوچەی باڵکانی گرتەوە؛ رۆمانیا، بوڵغاریا، سەربیا و مۆتێنێگرۆش بە چاولێکەری لە یۆنان لە ژێر دەستی ئیمپڕاتۆری عوسمانی هاتنە دەر. یەکیەتی ئوتریش- مەجارستان ترسی سەربەکانیان لە دڵ نیشت و کەوتنە خۆ. لە مانگی ٦ ساڵی ١٩١٤ دا سەرۆکی یەکیەتی ئوتریش- مەجارستان بە دەستی خوێندکارێکی سەربی کوژرا.
هەر چەند سەربەکان بێ ئاگایی خۆیان لەم کردەوەیە ڕاگەیاند بەڵام ئەوە بوو بە هۆی بیری داگیرکردنی سەربیای تازەڕزگاربوو لە دەستی ئیمپڕاتۆری عوسمانی. بۆیە لە لایەک رووسەکان یارمەتی سەربەکانیان دا و، لە لایەکی تریشەوە، بریتانیا و فەڕانەسە کە پێشتر لە بەرەیەک دابوون، دژی رووسەکان وەستانەوە، ئەوەش وای کرد کە ئیتالیاوئاڵمان کە دۆستایەتییان لە گەڵ یەکیەتی مەجار ئوتریش هەبوو نازناوی دەسەڵاتی ناوەندییان پێ ببڕێ، ئەوان حەولیان دا خۆیان بێلایەن نیشان بدەن. بەڵام عەوسمانیە بریندارەکان و بلژیک کەوتنە بەرەی ئیتالیاو ئاڵمان و بەو جۆرە شەڕی جیهانی یەکەم دەستی پێکرد.
بەدەست پێکردنی شەر، سۆسیالیستەکانی بریتانیا، فەرانسا و ئاڵمان دەستیانکرد بەدژایەتی و رایانگەیاند کە” کرێکارانی وڵاتانی لە حاڵی شەردا، خاڵی چینایەتی هاوبەشی زیاتریان لە گەڵ یەکتر هەیە، لەوە کە هەرکام لە وڵاتی خۆیانەوە و لە ژێر فەرمانی رێبەری وڵاتەکەیاندا بکەونە شەرکردن لە دژی یەکترەوە.”Gellner Ernest nasionalisme 1998 ) )
بەڵام شەڕی جیهانی یەکەم بە هەموانی نیشاندا کە ناسیۆنالیسمی ناوخۆیی هەر کام لە وڵاتەکان زۆر بە هێزترە لە پشتیوانی کرێکارانی وڵاتانی لە حاڵی شەر لە یەکتر. وەک بەڵگەیەک بۆ ئەم بۆچونە کە مێژوویەکی بە سەر دا ڕابردووە دەتوانین داوای حکومەتی بریتانیا لە هاووڵاتیانی بە وێنە بێنینەوە:
کاتێک کە حکومەت داوای لە خەڵک کرد بۆ شەر خۆیان ناونووسی بکەن، ٧٥٠٠٠٠ ، حەوتسەدو پەنجا هەزار کەس ئامادەبوونی خۆیان راگەیاند، ئەم ژمارەیە هێندە زۆر بوو کە حکومەت نە دەرەتانی بارهێنانی سەربازییان هەبوو و نە لیباس و کەرەسەی شەریان دەتواندرا بۆ دابین بکرێ. ئیتالیا لە بەرەی شەردا ٣٠٠٠٠٠ ،سێسەد هەزار، سەربازی لە دەست دا. وڵاتی ئەمریکاش لە بەر ئەوە کە ژێردەریایی ئاڵمان لە پەستا هێرشی دەکردە سەر پاپۆڕە تیجاڕییەکانی، بەدەستووری ویڵسۆن لە ساڵی ١٩١٧ شەری راگەیاند و کەوتە بەرەی بریتانیا وفەرانساوە. ئەمریکا بە زوویی دەسەڵاتی تەواوی بە سەر شەڕەکەدا پەیدا کرد و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوە کە لە کۆنفرانسی سوڵحی پاریس ببێتە بڕیاردەری ئەسڵی شەڕی جیهانی یەکەم.
شکستی بەرەی لایەنگرانی سەربیا و پرسی شۆڕشی سۆسیالیستی رووسیە، بوو بە هۆی شکستی تەواوی یەکیەتی مەجار- ئوتریش و هەروەها عوسمانیەکان. مەجار و ئوتریش لە بەر یەکترازان. وڵاتەکانی لێهیستان، ئیستۆنیا، فینلاند، لیتاوێن و لاتڤیا سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند. هاوکات چێک و سلۆڤاکیا یەکیان گرت. بەشی باڵکانی ژێر دەستی عوسمانیەکان یەکیان گرت و وڵاتی یۆگۆسڵاڤیا پێک هات. مستەفا کەماڵیش تورکیەی لە سەر وێرانەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی دامەزراند. کردەوەیەک کە پڕبوو لە نەهامەتی و سەرکوت بۆ گەلی کورد.
لەولاشەوە بریتانیا مەجبور بوو، جگە لە ٦ پارێزگای کاتۆلیک کە ئێستاش لەژێردەستی داماوە، مل راکێشێ بۆ سەربەخۆیی ئیڕلاند.
دیارە کۆنفرانسی سوڵحی پاریس نەیتوانی بەتەواوی سنوورەکان بە پێی ناسنامەی نەتەوەیی نەتەوەکان دیاری بکا و کۆمەڵێک تێک و پێکهەڵکێشان هەر مایەوە، بۆ وێنە هەموو مەجاریەکان نەیان توانی بکەونە سەر وڵاتی تازە دامەزراوی مەجار، بەشێک لە ئاڵمانیەکان لە چێکوسڵۆڤاکیا، لێهیستان و لیتاوێن دا دەژیان. هەوەها کوردستان کە تا ئەو کات دوو بەش بوو دوو بەشی تری لێپێکهات ولە سەر دەستی داگیرکەرانی جیهانی هەموو مافێکی نەتەوەیی کورد خرا بن پێ.
ناسیۆنالیسمی ئوروپایی لە بەرەی دژی ئازادی بە شکستی ئەمجارەی رانەوەستاو ئیتالیای موسولینی پشتی هیتلێری لەدایکبووی ئوتریشی ، لە ئاڵمان گرت. موسولینی خەیاڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەفریقای لە مێشک دابوو، بۆیە لە ساڵی ١٩٣٦ وڵاتی ئیتۆپیای داگیر کرد. لە رووسیەش لەژێرناوی خەباتی سۆسیالیستی و کرێکاریدا، یەکەیەتی سۆڤیەت( USSR) دامەزرا. هەر چەند بیرو ئایدیای ئەم یەکیەتییە لە تێئۆریدا سەرخستنی چینی کرێکاری وڵاتەکانی ژێر چەتری یەکیەتی یەکە بوو.
بەڵام هەر وەک مێژوو سەلماندی، بیری نەتەوەخوازی رووسەکان بەسەر ئایدیای لێنینی داسەرکەوت و دەسەڵاتی گشتی لە دەستی نەتەوەی رووسیدا کۆبۆوە. دیارە وڵاتەکانی ژێر چەتری سۆڤییەت کەمە ئازادییەکیان هەبوو؛ وەک ئازادی کلتووریی. بەڵام چ لە بواری ئاینیدا وچ لە لەهەربوارێکی دیکەدا بیانویستبایە، دژی دەسەڵاتی رووسەکان بوەستێنەوە سەزای مەرگیان بە سەر دادەسەپا. هەر وەک دیتمان ئەم یەکیتی سۆسیالیستیش کەوتەبەرهێرشی هێزی بیری ناسیۆنالیستی و سەرئەنجام هەڵوەشایەوە.
لە راستیدا روودانی شەری دوویەمی جیهانیش درێژەی شەری یەکەمە و هەر دوو شەڕەکەش بنەماکەی لە سەر رزگاری نەتەوەیی دامەزرا کە دواتر هەر وەک هەموان ئاگادارین سەری کێشایە نازیسم و فاشیزم. لە دڕێژەی بە قودرەتبوونی ئاڵمانیەکان و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لە لایەن هیتلێرەوە، ناوبراو حەزی لەوە بوو یەکەم جار بگەڕێتەوە شوێنی لە دایکبوونی خۆی ، وڵاتی ئوتریش، بەڵام ئەم جارەیان وەک سەرۆکی ئاڵمان و وەک داگیرکەر! بەداوی رێژەی نیزامی ئاڵمان لە ئوتریش، هیتلێر داوای کرد کە ئەو سێ میلیۆن ئاڵمانییەی لە چێکوسڵۆڤاکیا دەژین، دەبێ بکەونە ژێردەسەڵاتی ئاڵمانەوە.
بریتانیاو فەڕانسا کە پێشتر لە کۆنفرانسی ئاشتی پاریس بەشداربوون لە پێشدا سەبارەت بەم هەڕەشە بێلایەنییان هەڵبژارد. بۆیە چێکوسڵۆڤاکیایەکان رێگاچارەیەکیان لەبەر نەما و خۆیان دا بەدەستەوە. ئاڵمانییەکان بەوەشەوە رانەوەستان و نەک هەر چەکیای ئاڵمانی نشین بەڵەکە شارێکی لیتاوێن شیان داگیر کرد. بۆیە بریتانیا و فەرانسا بەڵێنیان دا بە لێهیستانییەکان کە مەترسی هێرشی نازییان لە سەر بوو کە ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر پشتیان دەگرن.
بەمجۆرە شەڕی جیهانی دوویەمیش دەستی پێکرد. ئاڵمانییەکان لە کارتی دژایەتی ناسیۆنالیستی سلۆڤاک دژ بە چێک، کڕۆئات دژ بە سەرب و ئۆکڕائینی دژ بە رووس کەڵکیان وەرگرت. هەر چەند نازییەکان بەڵێنی ئازادیی سیاسیان دابوو بەم نەتەوانە بەڵام دواتر دەرکەوت کە لە رووسەکان درۆزنتر هەر ئەوانن.
ژاپۆنییەکانیش کە ئاگاداری شەری بەرەی فەرانسا، بریتانیا دژ بە هیتلێر بوون، لە دەرفەت کەڵکیان وەرگرت و هەر بەو جۆرە کە هیتڵیر دروشمی دەدا؛ ژاپۆنیەکانیش گوتیان : ئاسیا بۆ ئاسیایی. ژاپۆن حەولی دا هەموو وڵاتە ژێردەستەکانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیاو هۆلەند لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا بخاتە ژێر دەسەڵاتیی خۆیەوە.
ئاڵمان هێرشی کردە سەر سۆڤیەت بەڵام سەرئەنجام تێکشکا وکەوتە بەر تەوژمی هێرەشە یەک لە دوای یەکەکانی وڵاتانی دژبەر. نیوەی ئاڵمان داگیر کراو لە ژێرناوی ئاڵمانی رۆژهەلات و لەژێر ئۆتۆریتەی سۆڤیەت دا بوو بەوڵاتێکی کۆمونیستی. ئەمجارەیان سۆڤیەت هێرشی زیاتری کردە سەر پاشماوەی دەسەڵاتی هیتلێر و دەسەڵاتی کۆمونیستی لە وڵاتەکانیی لێهیستان، مەجارستان، چێکوسلۆڤاکیا و رۆمانی لە لایەن سۆڤیەتەوە دامەزراند. بەڵام پرسی سەربەخۆیی نەتەوەیی هەر بێ وەڵام مایەوە!
ئەم وڵاتانە ئەم جارەیان ناچارکران بۆ پشتیوانی لە بیری کرێکاریی، خەونی سەربەخۆیی خۆیان لە بیربەرنەوە. ئاڵبانی و یۆگوسڵاڤیا، بەبێ ئەوەی یارمەتی سۆڤیەت وەربگرن پاشماوەکانی ئیتالیای فاشیست و ئاڵمانی نازی یان راونا. دوابەدوای ئەم شەڕە فەرانساو بریتانیە کانیش کە دەسەڵاتیان لە شەر لە دژی بەرەی فاشیست لاواز ببو، ناچار بوون، بەسیاسەتی ئیستیعماری خۆیان دابچنەوەو ئەوەش بو بە هۆی ئازاد بوونی کۆمەڵە وڵاتێکی تر!
لە ئاسیا ئیستیعماری بریتانی بەتەواوی کز بووناچار بوو دەست لە شێوەدوڕگەی هیندوستان هەڵبگرێ. بۆیە وڵاتەکانی هیندوستان، پاکستان و بورمە، یان میانماری ئێستا، ئازاد بوون. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا جولەکەکان سەربەخۆییان درایە(هەوەک گوترا بەیارمەتیی وپشتیوانی کۆمەڵی تازەدامەزراوی نەتەوەیەکگرتووەکان). ئەمەش بوو بە هۆی نەهامەتی فەلەستینییەکان و ئاگری شەری لێ هەڵگیرسا کە تائێستاش نەکوژاوەتەوە.
فەرانساییەکان شەریان درێژە دا بۆ هێشتنەوەی ویەتنام لە ژێر دەسڵاتی خۆیان دا. بەڵام سەرئەنجام شکستی هێنا. فەرانسا لە ئەلجەزایریش شکستی هێنا. پارتیزانە رزگاریدەرەکانی ئیندونێزیاش دژی دەسەڵاتی ئیستیعماری هۆلەند شەریان کرد تا لە ساڵی ١٩٤٩ سەربەخۆبوون. ئیستیعماری ئوروپا لە ئەفریقاش شکستێکی گەورەیان بەنسیب بوو. وڵاتەکانی ئەفریقایی بەپێی بەرژەوەندی ناوچەیی و خزمایەتی هۆزەوایی و مێژووی تایبەت بەخۆیان، وڵاتەکانیی ئەفریقایان پێکهێنا. بەڵام لە هێندێک شوێنی وەک؛ کۆنگۆ، ئانگۆلا، مۆزامبیک، سودان و نێجیریا شەری توندی ناوخۆیی پەرەی ستاند. لە سەریەک بەداخەوە دەتوانین بڵێین کە وڵاتە رەهابووەکانی ئاسیایی و ئەفریقایی پاش ئیستیعمار نەیان توانی سیستمی خوێندن، ئازادی و ئاسایش دابین بکەن و بەشێکیان تا ئێستاش هەر وابە فەقیری ماونەتەوە!
لە ئازادیی هیندوستان دا ناکرێ رۆڵ و کاریگەری ڕێبەری بەتوانای هیندییەکان، گاندی نەمر، کە بووەتە سەمبولی ئازادی نەتەوەکانی تریش لە سەرانسەری جیهاندا لەبەر چاونەگرین. گاندی کە لەلایەن هیندیەکانەوە ناوی مهاتما ی لەسەر داندرا، پاش تەواوکردنی خوێندنی قەزاوەت لە بریتانیا چووە وڵاتی ئەفریقای باشور بۆ پشتیوانی کردنی ئەو هیندییانەی ئاوارەی ئەم وڵاتە ببون. بەڵام دواتر گەڕایەوە بۆ هیندوستان و بە شێوەیەکی ئاشتی خوازانە و جەماوەریی، دژی دەسەڵاتی بریتانییەکان لە شێوەدوڕگەی هیندوستان خەباتی کرد.
مهاتما گاندی ئارەزووی ئەوەی بوو کە هەموو هیندوستانیی گەورە پێکەوە ببنە وڵاتێک و موسوڵمان و هیندووهتد پێکەوە بژین. بەڵام ئەو بیرۆکەیەی گاندی سەری نەگرت و، وڵاتی پاکستان لە هیندوستان دابرا.( مهاتما گاندی بە دەستی لاوێکی هیندی کە پێی وابوو گاندی زیاد لە ئەندازە لایەنگری لەموسوڵمانەکان دەکا، تێرۆر کرا).
چاوێک بە سەر ناسیۆنالیسم و کۆمونیسم، لە ژێر کاریگەری کردەوەکانیان دا
بەشێکی زۆر باوەڕیان وابووکە، کۆمونیسم وەک بیرێکی تازەتر لە ناسیۆنالسم، دەتوانێ دنیایەکی باشتر لە رزگاریی نەتەوەیی پێشکێش بکا. یاساکانی کۆمونیسم بەڵێنی بە هەموان دەدا کە لە ڕێی تێئۆری هاوکاری کرێکاریی و هاوبەشی ئابووریدا، دەتواندرێ هەموو جیهان لە ژێر چەترێک دا کۆبکرێتەوەو کۆتایی بە نەهامەتیەکانی بەشەرییەت بهێندرێ. بەڵام بە کردەوە دەرکەوت کە کۆمونیسم هەر گیز نەیتوانی لە ژێر بیری ناسیۆنالیستی بێتە دەر و خۆی رزگار بکا.
بیری کۆمونیستی بە ئاشکرا لە ناسیۆ نالیستێکەوە گوێزرایەوە بۆ ناسیۆنالیستێکی دیکە. بەو جیاوازییە کە ناسیۆنالیستی دوویەم ناسیۆنالیستی گەلی حاکمە و ئازادی ڕەچاوناکا. دوووێنەی بەرچاوی ئەم بۆچونە دەسەڵاتی رووسەکانی رووسیە بەسەر حیزبە کۆمونیستەکەیان دا و دەسەڵاتی شۆڤیەنیستی چەپی نەتەوەی حاکمی ئێرانە دژی ئازادی بەکردەوەی گەلانیی دانیشتووی شوێنێک بەناوی ئێران.
کۆمونیستە دەسەڵاتدارەکان کە بەڵێنییان دەدا، بەقازانجی بەرژەوەندی، کرێکارانی دانیشتووی وڵاتە جیاوازەکان سنووری وڵاتەکان نەیڵن و بەرابەری و دەسەڵاتی کرێکاری لە هەموو جیهان دا دابین بکەن؛ لە بەرهەڵاتنی هاوڵاتیانی خۆیان لە زوڵم و زۆری و دیکتاتۆری ئەوان، ناچار بوون سنووری ئەو وڵاتانەش دابخەن کە لەژێر دەستیاندابوو. دەسەڵاتی سۆڤیەت بە سەر وڵاتەکانی ئاڵمانی رۆژهەڵات، چێکوسلۆڤاکیا، مەجارستان، چەندین جار هێرشی ناڕەواو ناجوامێرانەیان کردە سەرهێزە نەتەوە ییەکانی ئەو وڵاتانە. بەهاری ١٩٦٨ پراگ ی پێتەختی ئێستای چێک لەبیر کەس نەچۆتەوە.
کاتێک لە ساڵی ١٩٤٩ دا رێژیمی کۆمونیستی لە چین دامەزرا، روسیە بەڵێنی هاوکاریی پێدان و. یارمەتیکردن بۆ دروستکردنی سەنعەتی نوێ و زۆر زانیارو پسپۆری بواری بیناسازی نارد بۆ چین. بەڵام زۆری پێنەچوو لەبەر جیاوازی لە بیردا کە سەرچاوەی ناسیۆنالیستی هەبوو، روسیە دەستی لە هاوکاری چین کێشایەوەو دواتریش بوون بە دژمنی یەکترین. روسەکان دەستیان دایە یارمەتی هیندوستان، لە حاڵێکدا چینییەکان، یارمەتی پاکستانیان دەکرد. هەروەها ئەو دووڵاتە کۆمونیستی یە، لە پرسی ڤیەتنام و کامبۆجیش دا بە پێی عەلاقەی ناسیۆنالیستی خۆیان دژمنایەتییان لە گەڵ یەکترکرد. کەوایە هەڵە نەبووین کە دەڵێین کە بیری کۆمونیستی هەرگیز نەیتوانی خۆی لە بن قورسایی ناسیۆنالیزم خلاس بکا!
وەک ئەنجامی لەبەریەک بڵاو بوونی یەکیەتی سۆڤیەت لە مەودای ساڵەکانی ١٩٨٩ تا ١٩٩١ زۆربەی کۆماری یۆگوسڵاڤیا لە بەریەک هەڵوەشایەوە. دوو نەتەوەی چێک و سڵۆڤاکیا کە پێشتر یەک وڵات بوون، لێکجیابوونەوە. دووئاڵمانی رۆژئاوورۆژهەڵات یەکیان گرتەوە. هەروەها کۆمەڵێک وڵاتی ئاسیای ناوەراست ئازادبوون. وڵاتی تێبێت کە لە ساڵی ١٧٢٠ بە دەستووری قەیسەری چین خرایە سەر ئەو وڵاتە، چەندین جار سەرهەڵدانی کرد.
پاشان لە ساڵی ١٩٥٩ پەنجا هەزار تێبێتی و رێبەرەکەیان دالای لاما ناچاربوون لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری چینییەکان رابکەن و روو بکەنە وڵاتی هیند. ئەم کۆمەڵە خەڵکە زەوزووی زۆریان تێکەوتووەولە ١٩٥٩ وە تا ئێستاش هەر لە شوێنی پەنابەریی لە شاری نیۆدێلهی پێتەختی هیدوستان ژیان بە سەر دەبەن.
تەوژمی ناسیۆنالیسمی ئوروپایی پەلی راکێشا بۆ ئەفریقا وپاش ماوەیەکی کورت وڵاتەکانی کۆنگۆ، تونێس، نامیبیا، کامێرۆن، تۆگۆ، زامبیا و تەنانەت میسر لە لایەن وڵاتەکانی بیلژیک، فەڕانسا وئاڵمانەوە داگیرکران. بەو شێوەیە ناسیۆنالیزمی ئوروپایی بوو بەهێزێکی ئیستیعماری وئەمپڕیالیستی. هەرچەند بیری ئیستیعماری لە مێژ بوو ریشەی داکوتابوو، بەڵام پێناسەکردنی هێزە ئیستیعماریەکان، پاش داگیر کردنی ئەفریقا، وەک ئەمپریالیزم روونتر هاتەئاراوە. بۆیە ئەمپریالیزمی ئوروپایی لە جێدا ئانتی ئەمپریالیزمیشی لێکەوتەوە.
لە لایەکی دیکەوە بریتانیای گەورە، لە ساڵی ١٨٥٧بە دواوە کۆنترۆڵی شێوەدوڕگەی هیندوستانی بەدەستەوەگرت. هیندوستان تا ئەوکاتە لە بن دەستی پاشماوەکانی مەغول دابوو. بەڵام لە مێژوو شاردراوەنیە، کە داگیرکرانی هیندوستان بە دەستی بریتانیا بوو بە مایەی بەختەوەری ئەو ناوچەیە، چونکە بریتانیاییەکان بە پێچەوانەی مەغولە، دواکەوتووەکان، حەولیان دا، رێگای ئاسن، قوتابخانە، رۆژنامە وسیاسەتی تەندرووستی تارادەیەک باش لە هیندوستان دا بنیات بنێن.
کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، هیندیەکان لە رێگای کۆنگرەی نەتەوەیی تازە پێکهاتووی خۆیان،١٨٨٥، ، داوایان لە بریتانیانیەکان کرد کە دەسەڵاتی ئیدارەی وەڵاتەکەی خۆیان لە گەڵ دابەش بکاو، بۆ سەرخستنی ئەو مەبەستە، کۆمەڵێکیش لە بریتانیاییەکان بە هاوکاریکردن بۆ پێکهێنانی ئۆرگانی ناوچەیی خوازیاری دەسەڵاتی زیاتر بۆ هیندیەکان بوون. دیارە هەموو ئوڕگانەناوچەییەکان بە شێوەی ئاشتیخوازانە تێدەکۆشان.
سەرئەنجام هیندوستان دوا بەدوای کۆتایی شەڕی جیهانی دوویەم، لە ساڵی ١٩٤٧ لە بن دەستی ئیستیعماری ئینگلیس هاتە دەر. پاشان بۆ خۆشی بو بە دووبەشەوە. واتە وڵاتی پاکستانی لێجیابۆوە. وڵاتێکی دیکەش لە ساڵی ١٩٧١ بە ناوی پاکستانی رۆژئاوا یان بەنگلادیش ی ئەمرۆ لە پاکستان جیابۆوە.
هاوکات لە گەڵ رووداوی سەرەوە بریتانیایەکان، لە ناوەندی دەسەڵاتدارییەتیان دا دوژمنی بندەستیان لێپەیدابوو. بەشێکی زۆری ئیرلاندیەکان کە پێشتر مەجبوورکرابوون ببنە پەنابەری ئەمریکا، بەناردنەوەی پارە وپووڵێکی زۆر لە ئەمریکاوە ، هێزی نهێنی تەقێنەر وتیرهاوێژیان رێکخست ودژی داگیرکەرانی بریتانیا کەوتنە کار.
ئوروپاییەکان لە مێژ بووخۆیان گەیاندبۆ ژاپۆنی پچڕ، پچڕ وماندوو لە کێشەی ناوخۆیی. بەڵام سەرئەنجام ژاپۆنیەکان توانیان لە بەرانبەر مەسیحییەت و دەسەڵاتی سیاسی ئوروپاییەکان بەربەرەکانی بکەن و هەموو دەسەڵاتێکی ئوروپاییەکان بە نایاسایی وقەدەغە لە قەڵەم بدەن. بەڵام پاش ماوەیەک و پاش ئەوە کە چینیەکان خۆیان تەیار کرد بە زانستی ئوروپاییەکانیشەوە، ژاپۆن بۆ ئەوە لە چین بەجێ نەمێنێ، سنوورەکانی بەرووی تێکنۆلۆژی رۆژئاواداکردەوە وپسپۆڕی زۆری لە رۆژئاواوە بانگهێشتی وڵاتەکەی کرد.
ئەم وێنەهەڵگرتن ونوێسازییەی ژاپۆنیەکان، ئەوانی تارادەیەک بە تواناکرد کە بتوانن تایوان وکورە داگیر بکەن. هەروەها شەر دژی روسیە وچین دەست پێبکەن. ژاپۆنیەکان توانیان بە بەستنی پەیمانی دۆستی لە گەڵ بریتانیایەکان لە ساڵەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، لە ماوەی کەمتر لە نیوسەدە خۆیان بگەیننە ئەو ئاستە کە هەموومان دەیبینین.
لە لایەکی دیکەشەوە وڵاتەکانی کانادا، ئوسترالیا ونیوزلاند توانیان بە پێکهێنانی رێکخستنی ناسیۆنالیستی ئاشتیخواز، کلتور ونەریتی ناتەوەیی خۆیان پەروەردە بکەن وبە پشتیوانی کردنی کردەوەی قارەمانانەی نەتەوەخوازەکانیان، جیاوازی لە نێوان خۆیان ودەسەڵاتی داگیکەردا پێکبێنن.
وڵاتی نۆڕوێژ کە تاساڵی ١٨١٤ لە ژێر دەسەڵاتی پاشایەتی دانمارک دابوو، بە پێی پێکهاتنی وڵاتەگەورەئوروپاییەکانی دیکە، لە دانمارک دابڕاوو، خرا سەر وڵاتی سوئێد. هەر چەند ئەم پێوەلکاندنە بە یەکگرتن لە قەڵەم دەدرا، بەڵام نۆروێژییەکان هەر گیز بە تەواوی ملیان بۆ ئەم زۆرە ملی یە رانەکێشا وڵاتی نۆڕوێژ سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٠٥ سەربەخۆیی وەدەست هێنا. ئەم وڵاتە بۆ ئەوە وەک وڵاتەکانی قەدیم داگیرکەریی خۆی وەک دانمارک وسوئێد ببێتە نیزامێکی پادشایی، شازادەیەکیان لە دانمارکەوە هێنا وکردیانە پادشای خۆیان. نۆڕوێژ ئێستاش بە شێوەی پادشایی بەڕێوە دەچێ.
بەو جۆرە کەدیتمان، ناسیۆنالیزم کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا، زیاتر لە ئوروپادا بەهێز بوو ، بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە بوبە ناسیۆنالیزمی گەلانیی وڵات داگیرکراو، دژ بە ئیستیعمار وئیمپریالیزم لە سەرانسەری جیهان دا. دیارە ئەوەش لە بەرچاو ون نابێ کە هەر دووشەڕی جیهانیی لە ئوروپا سەرچاوەیان گرت و لە سەدەی بیستەم دا روویان دا.
وەک بیری ناسیۆنالیستی دیکە، دەتوانین پان عەڕەبیسمی عەرەبەکان وەک وێنە بێنینەوە؛ ناسیۆنالیسمی عەڕەب بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم راستییە کە زۆر خاک ونەتەوەی جیاواز بەبێ رەزامەندی خۆیان لە درێژەی ئەوکارەساتانەی بە درێژایی مێژوو بەسەریان هاتووە، کەوتۆنەتە سەر ناوچە عەڕەبییەکان، بۆ وێنە کوردستان، حەولیان دا کە بەرەیەکی یەکگرتوولە نەتەوەی عەڕەبی ناوچە عەڕەبنشینەکان پێک بێنن و بەرە بەرە ببنە هێزێکی جیهانی گەورە یان وەک باوە سوپێڕماکت.
تەنانەت میسر وسوریە کە جارێک لە جاران هاوسنوورنەبوون، لە ١٩٥٨حکومەتێکی یەکگرتوویان پێک هێنا! ئەم حوکمەتە بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەو دووخاکە لێکجیایەی، لەژێر یەک دەسەڵات داهێشتەوە. پاشان قەزافی لیبی چەند جارێک داوای یەکگرتنەوەی وڵاتانی عەڕەبی کرد، ئەم ئیدەیەش قەت لە لایەن وڵاتە عەڕەبییەکانەوە بەهێند نەگیرا. بۆیە هەر بەو جۆرە ئێستاش دەیبینین ئەم بیرە هەر وەک ئارەزوو ماوەتەوە.
وڵاتە عەڕەبیەکان لە ساڵی ١٩٤٥، سێ ساڵ پێش دامەزرانی دەوڵەتی ئیسڕائیل، بەرەیەکی عەرەبییان دانا کە لەهێندێک بواری وەک پۆست وگەیاندن، پێوەندییە تەلەفونیەکان و هاوکاری بانکی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. بەڵام هەرگیز نەیتوانی بریارێکی سیاسی کاریگەر لە سەر کێشە ئابووری- سیاسیەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بدا.
لە سەر یەک ناسیۆنالیزمی عەڕەبەکان لە نێوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، بە سەر دوو بۆچووندا دابەش کرا، زۆرینەی عەڕەب یان بەعسی بوون،( بەعسیبوون بیرێکە کە لە سوریە بە دەستی میشێل ئەفڵەق خرایە سەر یەک وحیزبی بۆدامەزرا. ئاماژە بەوە بکرێ باشە کە بەعسی واتە عەفلەقییەکان زۆرترین نەهامەتیان لە عێراق و سوریە بەسەرکورد دا هێنا.) یان ناسری واتە لایەنگرانی جەماڵ عەبدولناسری میسربوون. ئەم دوو گروپەش جارێک لە جاران لە گەڵ یەکتر نەگەیشتنە دۆستایەتیەک بەقازانجی ناسیۆنالیزمەکەیان واتە ناسیۆنالیسمی عەرەبی.
پێویستە ئاماژە بەوە ش بکرێ کە زۆر جار ناوی عەڕەب لە گەڵ ناوی رۆژەهەڵاتی ناوەراست دێت. ئەوەش رەنگە بە هەڵەتێگەیشتنی بۆ کۆمەڵێک گەنجی خۆمان هەبێ. عەرەبەکان زیاتر لە ٢٠ وڵاتن و بەشێکی زۆریان کەوتوونەتە کیشوەری ئەفریقاوە. لە راستیدا شوێنێکی دیار و سنووردار بە ناوی رۆژهەڵاتی ناوەراست تا ئێستاش نە هاتۆتە سەر نەخشەی جیهان و تاریفێکی روونیشی هەیە: کۆمەڵێک سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەیەننە، وڵاتی مەراکیش لە رۆژئاوا و ئەفغانستان لە رۆژهەڵات.
کۆمەڵێکیش وڵاتی سودان، تورکیە و تا کۆمارە تازە رزگاربووەکانی سۆڤیەتی بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەقەبڵێنن. بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە ناوجەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە وڵاتەکانی؛ میسر، ئیسرائیل، ئۆردۆن، سوریە، لوبنان، ئێران و ئەمیرنشینەکانی دوبەی و دەوروبەری پێکهاتووە ووەک دەزانین کوردستانیش کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هەڵکەوتووە کەوتۆتە بن دەست چوار وڵاتەوە.
لە ئەفریقا وڵاتەکانی تازە رزگارەبووی ژێر دەستی ئیستیعمار وئەوانەش کە لە حاڵی خەبات بۆ رزگاری دابوون هەوڵیان دا، بەرەیەکی یەکگتوو پێکبێنن. بەڵام دوو وڵاتی دیاری ئەفریقایی؛ نێجیریا کە لە باری نەوتەوە دەوڵەمەندە و غانا کە لە سەریەک دەوڵەمەندتربوو لە ٥١ وڵاتەکەی دیکەی ئەفریقا، هیچکامیان نەیان توانی ئەم ئارەزوویە بە ئەنجام بگەیەنن. ئەوەندە نەبێ کە بە هیمەتی کەسێک بە ناوی؛ کوامە نکروما، توایان لە غانا بە مەبەستی یەکگرتن کۆببنەوە.
سەرئەنجام لە ئەفریقاش بەرە بەرە، بەرەیەکی گرینگ لە هەموو وڵاتەکان پێک بێ، ئەم بەرەیە توانیی زۆر کێشەی ناوخۆیی وتایفی بەینی وڵاتەکان چارەسەر بکا. کۆڕی وڵاتانی ٥٣ ئەندامی ئەفریقا، لە ساڵی ٢٠٠٢ دا کۆبوونەوەیەکی گرینگیان پێک هێناو بەڵێنیان دا یەکیەتییەک وەک یەکیەتی ئەروپا رێکبخەن. ئەو بڕیارە تا چەندە دەتوانێ سەرکەوتن بە دەست بێنێ دەبێ قەزاوەتەکەی بسپێرین بە داهاتوو.
لە نووسینێکی جیاواز دا کە بەر لە٥ ساڵ لە زۆربەی سایتەکاندا بڵاو کرایەوەو قەراربوو لەلایەن جیناحی بەرێز ع. حەسەنزادەوە پێش کۆنگرەی ١٤ دەیان چاپ و بڵاوبکرێتەوە. بەڵام بە دەستووری ناوبراو پێش بەچاپکردنی گیرا؛ بە وردی باسی یەکیەتی ئوروپاوچۆنیەتی پێکهاتەی تازەی ئەوکیشوەرم کردووە. بۆیە لەوە زیاتر کە لەسەرەوە هاتووەناچمە سەر باسی ئوروپا. کتێبی ئێلێکترۆنی باسکراو لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شێوەی کتێبی چاپی بڵاو دەکرێتەوە.
لە درێژەی باسی تا ئێستاماندا، باشترە ئەوەش بڵێین کە کۆمەڵێک لە خەڵکی جیهان خۆیان بە خۆجێی و رەسەنتر لەوای دیکە دەزانن و پێیان وایە کە نەتەوە پەنابەر، هێرشکەر و کوچکردووکۆچپێکراوەکان، وڵاتیی ئەوانیان داگیرکردوە و، نەریت و کلتوریان لە بەین بردوون. لەم نەتەوەخۆجێیانە دەتوانین؛ ئیندیانەر لە ئەمریکا، سامی لە سکاندیناویا و روسسیە، ابوریجینەکان لە ئوسترالیا و ماوۆرنەکان لە نیوزلاند نابەرین. ساڵی ١٩٩٢ خەڵکە خۆجێیەکانی ئەمریکا بە بۆنەی ٥٠٠ ساڵەی هاتنی کۆلۆمبوس خۆپیشاندانی گەورەیان سازداو داوای مافی زیاتریان کرد.
سەرهەڵدانیی ناسیۆنالیستی لە کۆمارییەکانی سۆڤیەتی پێشوو بەتایبەت لە چیاکانی قەفقاز، لە باشووری رۆژهەڵاتی ئوروپا، بەرەبەرە خەریکە دەبێتە سەرئێشەیەکی تەواو بۆ وڵاتانی ناوچەکە. لەوانە دەتوانین؛ ئەبخاز و ئۆسێتای باشووری لکاو بە جێئۆرجیا، ناگۆڕنۆقەرەباخی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنیا و چێچێ نەکان لە دژی رووسیە ناوبەرین.
کۆتایی
نووسینی: جەعفەری حامیدی
١٠-٠١-٢٠١٣
سەرچاوەکان:
١- David Downing : midtøsten fra oldtid til nå tid
٢-Hodne, Bjarne: “Norsk nasjonalkultur”, 2002. I kap.2 …
٣- Peter Normann Waage:
Jeg, vi og de andre.
Om nasjonalisme og nasjonalisme i Europa
Cappelen 1993.
٤- Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism by Benedict R.O’G. Anderson, Nations And National
٥- Nasjonalisme og nasjonal identitet (9788245600063) Norbert Elias:
٦- Hva er nasjonalisme :Øyvind Østerud
٨- midtøsten Imperiefall, Statsutvikling, kriger IBSN: 9788215006871
٩- A modern history of the Kurds David McDOWALL
١٠- ڕێگوزەری بیری سیاسی وەرگێڕانی: ئاسۆس کەماڵ نوسینی:Sven- Eric Liedman
١١- کوردستان وکورد نووسینی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو
١٢- OXFORD ADVANCED LEARNINER`S DICTIONARY, OXFORT UNIVERSITY PRESS 1989
١٣- ئێران و تورکیە وەرگێڕانی لە عەرەبی یەوە: بەهادین جەلال مستەفا
١٤- کورتە باسێک لە سەر یەکیەتی ئوروپا، نووسەری ئەم وتارە
١٥- مێژووی ئەدەبی کوردی نووسینی پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا رەسووڵ
١٦- Den usynlige verden , HENRIK DAHL
١٧- بە عەیب نەبێ من ناسوۆنالیستم! نووسەری ئەم وتارە.{jcomments off}