"an independent online kurdish website

وتەيەکى پێويست ,    ئەو نووسينەى لاپەڕەکانى داهاتوو کە لە فارسييەوە وەرگێڕدراوە، لە بەشي شەشەم و هەشتەمى پەڕتووکى (گژشتە چراغ راە ايندە است)، واتە (رابردوو چراى رێگاى داهاتووە) وە، وەرگيراوە.bextiar_shemeyiy

ئەم پەڕتووکە لەلايەن دەستەى (جامى) يەوە نووسراوە و ناوى هيچ کەسێکى بەسەرەوە نييە. بەڵام لەو پێشەکي و ووردە سەرنجانەدا کە لەلايەن (بيژن نيک بين)ە وە تۆمارکراون، هاتووە و دەبێژێ: ((باسکاران و نووسەرانى ئەم لێکۆڵينەوەيە ناوونيشانيان ئاشکرا و زانراو نييە. تەنها لە پلاتفۆڕمێکدا کە لە کۆتايى چاپى يەکەمدا هاتووە و روونکراوەتەوە کە (جامى) کورتکراوەى (جبهەى ازادى مردم ايران)ە)). پەڕتووکى ناوبراو لە پێشەکييەک و دوانزە بەش پێکهاتووە کە بەسەريەکەوە هەمووى بلايتييە لە 736 لاپەڕەى گەورە. لە هاوينى ساڵى 1983 دا لەلايەن دەزگاى چاپەمەنيى (نيلوفر) ەوە چاپکراوەتەوە. هەرچەندە ئەو لێکۆڵينەوەيە بێ کەموکوڕى و هەڵە و ناتەواوى نييە، بەڵام لەگەلأ ئەمەشدا بە لێکۆڵينەوەيەکى گرنگى مێژوويى _ رامياريى هاوچەرخى جيهان و ئێران و پێوەندييەکانى ئێران بە جيهانى دەرەوە و کاريگەرێتى و دەست تێکەڵکردنى ووڵاتە کەپيتاليست و ئيمپرياليستەکان، بەتايبەتى ئەوروپاى رۆژئاوا و ئەمەريکا لە رووداوەکانى نێو ئێران دا، دادەنرێت.

 
نووسەران لە هەموو ئەو راپەڕين و بزووتنەوە نيشتمانى و نەتەوەيى و چينايەتييانەى کە لەو چەند ساڵانەى رابردوودا بەرپا بوون، کۆڵيويانەتەوە و ئامانج و هۆيە گرنگ و سەرەکييەکانيان دەستنيشانکردوون. بێگومان بەپێى تێگەيشتن و تێخوێندنەوەى بەرژەوەنديى تايبەتيى خۆيان هەڵوێستيان بەرامبەر وەرگرتوون و ئەنجامگيرييان لێهەڵهێنجاندوون.

 
دەبێت ئەوە بڵێين کە ئێمە لێرەدا نامانەوێ سەرلەبەر و ناوەڕۆکى ئەو نووسراوە شەنوکەو بکەين و سەرنجەکانى خۆمانى لەسەر دەربڕين، چونکە لەراستيدا نە لێرەدا ئەو دەرفەتەمان هەيە و نە وەکوو پێويستيش سەرچاوە و بەڵگەنامەى دروست و تەواو لەبەردەستدان، هەر تەنها وەکوو بەڵگەنامەيەک و کورتە سەرچاوەيەک بە پێويستمانزانى ئەو باسەى کە لەسەر کوردە، وەربگێڕين بەو هيوايەى کەڵکبەخش بێت و جێگاى رەزامەنديى هەمووان بێت. هەرچەندە پەڕتووکى ناوبراو وەک ووتمان يەکێکە لەو لێکۆڵينەوە گرنگ و پڕ زانيارييانەى کە زۆر پێويستە وەربگێڕدرێتە سەر زمانى کوردى، بەڵام جێگاى داخە کە ئەمڕۆ ئەنجامدانى ئەو کارە (لەبارى مادييەوە) لەتواناى ئێمەدا نييە. لەم پێشەکييە کورتەدا بەپێويستى دەزانين ئەوە دەربڕين کە ئێمە پێمان چاکە و بەپێويستى دەزانين کە هەر نووسينێک لەسەر کورد و کوردستان لەلايەن بێگانەوە و بە زمانى بێگانە نووسراوە و دەنووسرێت، وەربگێڕدرێنە سەر زمانى کوردى. چونکە لە دوو رووەوە گرنگ و پێويستە: يەکەم _ بۆئەوەى هەمووان ئاگاداربين و بزانين بێگانە چۆن لێمان تێگەيشتوون و چيمان لەسەر دەبێژن و چۆن تێمان دەڕوانن، تا لە رێگاى راستييەکانيانەوە خۆمان باشتر بناسين. دووەم _ بۆئەوەى گەر نادروستى و چەوتييەکيش لەو نووسراوانەدا هەبێت (کە بە دڵنيياييەوە زۆريش هەن)، لەلايەن نووسەران و شارەزا و مێژوونووسە زانا و دڵسۆزەکانى خۆمانەوە ئاشکرا بکرێن و راستييەکانيان تۆمار بکرێنەوە و هەڵە و چەوتييەکانيشيان بەدرۆ بخرێنەوە.

 
ئێمە بەم تێگەيشتن و مەبەستەوە ئەم نووسينەمان وەرگێڕاوە کە ئومێدەوارين بەکەڵک بێت و جێگاى خۆى بگرێت. ئەگەر ناتەواوى و کەموکوڕييەکيش لە هەر روويەکەوە هەبێت، ئەوا زۆر داواى لێبووردن دەکەبن.

بەختيارى شەمەيى

کوردستان و تێشکانى راپەڕينى ئازەربايجان

 

لەگەڵ تێشکانى راپەڕينى ئازەربايجاندا ، کوردستانيش دووچارى هەمان چارەنووس بووەوە. بەڵام سەرکردەکانى (هێزى کۆمەڵەى کوردستان) هەڵنەهاتن و لەسێدارە دران(1).تەنها هۆزێکى کورد کە ئامادە نەبوو خۆى بەدەستەوە بدات، هۆزى (بارزان) بوو. بارزانييەکان کە لە باکوورى کەرکووک (ئێراق) دا نيشتەجێبوو بوون، لە ساڵى 1945 دا بەپێى بانگهێشتنى (قازى محەمەد) و بە سەرکردەيەتيى (مەلا مستەفاى بارزانى) هاتنە نێو خاکى ئێرانەوە، کە نێزيکەى دووهەزار خێزان (دەهەزار کەس) ێک دەبوون. سێهەزار پياوى جەنگاوەريان تێدا بوو. بەهۆى شەڕوشۆرشەوە دژى دەوڵەتى ئێراق، هەندێ لە سەرکردەکانيان کە لەلايەن ئەو دەوڵەتەوە فەرمانى لەسێدارەدان بەسەرياندا درابوو، بانگهێشتنەکەى (قازى محەمەد) يان پەسەند کرد و هاتنە ئێرانەوە. سەرلەشکر (رەزم ئارا) سەرۆکى ئەو کاتەى سوپا، پاش هاتنەناوەوەى لەشکر بۆ نێو ئازەربايجان، ئەو رووداوانەى بەم شێوە تۆمار کردوون : ((…(قازى محەمەد) خێزانە (بارزانييەکان)ى لە دەوروبەرى (مەهاباد) لە (تيکاب) دا نيشتەجێ کردبوون.سوپا کە ئەمەى دەزانى ، فەرمانى بە هێزێکى سەربازى دا کە لە (تيکاب) و (شاهين قەڵا) تێپەڕن و خۆيان بگەيەننە مياندوئاو. ئەک رووداوە بووە هۆى ئەوەى کە (بارزاني) يە شەڕکەرەکان هەست بەوە بکەن کە خێزانەکانيان لەبەر مەترسيى سوپادان و خۆيان دوورکەوتوونەتەوە لێيان.
بەناچارى داواى ئاشتييان کرد و لەتەک ئێمەدا کەوتنە گفتوگۆکردنەوە.

 
(مەلا مستەفا)، (وەکوو ميوانى سوپا) هات بۆ تاران و لەگەلأ چەند لێپرسراوێکى جۆراوجۆردا دەستى بە گفتووگۆ کرد.

 
دەوڵەت سێ رێگاى چارەسەرکردنى بۆ پێشنياز کردن:

 
1- خۆتان بە ئێرانى بناسێنن و چەکەکانتان دابنێن. بەم شێوەيە دەوڵەت لە گوندى تايبەتيدا داتان دەنێت و خەرجيى شەش مانگتان بۆ مسۆگەر دەکات.

 
2- ئەگەر ناتانەوێت لە ئێراندا بمێننەوە، ئێمە لە ڕوانگەى ئەرکى رەوشتييەوە 111 کەس لە سەرکردە بارزانييەکان کە لە ئێراق فەرمانى خنکاندن دراوە بەسەرياندا، جێگا دەکەينەوە و ئەوانى ديکەش بۆ ئێراق دەنێرينەوە.

 
3- ئەگەر پێشنيازەکانى سەرەوە پەسەند نەکرا ن ، دەبێت خاکى ئێران بەجێبهێڵن.

 
لەو سەروبەندەدا دەوڵەت ئاگاداريکردنەوە کە لە رۆژى يەکەمى مانگى فێبريوەريى 1946 دا هێزە سەربازييەکان بەرەو ئەو ناوچانە دەکەونە رێ کە لەژێر دەسەڵاتى کوردەکاندان.
(مەلا مستەفا) دواى ئاگادار بوون لە بيروڕاى دەوڵەتى ناوەندى ، بۆ بردنەوەى هەوالأ و گفتوگۆکردن لەگەلأ سەرکردە (بارزانى) يەکانى ديکەدا بەرەو کوردستان کەوتەوەرێ. پاش چەند رۆژێک ئاگاداريان کردينەوە کە دەيانەوێت بۆ ئێراق بگەڕێنەوە.

 
يەکەم رۆژى مانگى فێبريوەرى سوپا دەستى بە جمان کرد و دەستى بەسەر ناوچەکاندا گرتەوە. بەڵام لەپڕ ئێمە هەستمان بەوە کرد کە ئەوان رووەو ناوچەکانى رۆژئاواى ئازەربايجان بۆپێشەوە دەڕۆن و مەبەستيان ئەوەيە کە لەگەلأ هۆزى (شکاک) دا پێوەندى ببەستن. بەهۆى ئەمەوە لە 3 ى مانگى مارت دا لە ناوچەى وورمێ رووبوڕووى هێزى (بارزانى) يەکان بووينەوە و شەڕ و لێکدان لە هەموو بەرەکانى جەنگدا روويدا.

 
بارزانييەکان لە هەموو روويەکەوە خەڵکى تێکۆشەرن. سروشتى تايبەتيى جەنگاوەرێتييان بەم شێوەيەيە:
1- لە کەڵک وەرگرتندا لە زەوى بۆ بەرگري لەخۆکردن، جۆرە وەستا و شارەزايەکن کە لە وێنەيان نييە.

 
2- لە تەقەمەنى بەکارهێناندا گەلێ دەست دەگێڕنەوە و ووردەکارن، هەتا ئێستا نەبينراوە کە (بارزانى) يەک لەماوەى پێنسەد مەترييەکدا گوللەباران بکات، هەموويان بە گشتى زۆر لەبەرترەوە گوللەباران دەکەن.

 
3- گەلێ زوو پەى بە خاڵە لاوازەکانى دوژمن دەبەن کە بەڕاستى ئەم سروشتەيان فرە سەرسوڕهێنەرە.
4- کەسانێکى گورجوگۆڵن و دەشت و کێو زوو بەخێرايى دەبڕن بێئەوەى هەست بە ماندووێتى بکەن.)).
(رەزم ئارا) چەک و ئامڕازە جەنگييەکانيانى بەم شێوەيە دەستنيشانکردووە:

 
((ئەوان، هەفت تۆپ و سەد رەشاشى سووک و گران و چەکى ديکەى زۆرى جۆراوجۆريان هەبوو ، ئيدى جگە لەوانەش گەلێ دەزگاى بێتەليان هەبوو کە بەهۆيانەوە ئاخاوتنەکانى ئێمەيان پێوەردەگرتن. هەروەها خاوەنى چراى يەکدى هۆشيارکردنەوەش بوون. بەکورتييەکەى رێکخستنێکى سەربازيى تەواويان هەبوو.(2).)).

 
((سوپا (بارزانييەکان) ى کە لە رۆژئاواى ئازەربايجانەوە بەرەو باکوور دەڕۆيشتن، گەمارۆ دا. بەڵام (بارزانييەکان) بە شاڵاوى رووبوڕووى توندوتيژ هێڵى رۆژئاواى گەمارۆکەى سوپايان تێکشکاند و جەنگاوەرەکان خۆيان گەياندە (بازرگان) ى کەنارى ئاراراتەوەز(3).)).

 
بەم شێوەيە (بارزانييەکان) بە درێژايى سنوورى تورکيا و ئێران لە ئازەربايجانەوە کوتايان و لەڕێگاى بازرگان و ئاراراتەوە چوونە نێو خاکى سۆڤێتەوە. بارزانييەکان لە هەموو ماوەى مانەوەى خۆياندا بەشێوەى بە کۆمەڵى لە خاکى سۆڤێتدا ژيانيان بەسەر برد و پاش چەند ساڵێک گەڕانەوە بۆ ئێراق. بەڵام ئازەربايجانييە پەنادراوەکان تا ساڵى 1948، بەشێوەى دەستە و کۆمەڵى لە ناوچەکانى: (تەفليس) – (خداد) – (خاچماز) – (گنجە) و دەوروبەرى باکۆ لەژێر دەستبەسەريدا بوون. هەروەها مەڵبەندى راميارييان لە شارۆچکەى ( مردکان ) بوو کە کوێستانێکە سەر بە باکۆيە.

 
لەو ساڵەدا (پيشەوەرى) دواى مشتومڕێکى زۆر توندوتيژ لەگەلأ (مير جەعفەر باقڕۆف) دا، داواى لێکرد کە تەنێ تفەنگەکانى ئازەربايجانييە پەنادراوەکان بداتەوە پێيان تا بۆ نيشتمانيان بگەرَێنەوە.
بەداخەوە پاش ئەو رووداوە (پيشەوەرى) بەشێوەيەکى گوماناوى کۆچى دوايى کرد و هەموو پەنادراوەکانيش دووچارى تۆڵە لێسەندنەوەيەکى ناجوامێرانە بوون. لێکيان جياکردنەوە و هەندێکيانيان لە کۆمەڵە دەرکردن و سووکايەتيشيان پێکردن و بە لاوازى هێشتياننەوە. ئيدى زۆربەيان هەر لە ئارەزووى گەڕانەوەدا بۆ نيشتمان، دواهەمين رۆژان و ساتەکانى تەمەنى پڕ لە خەم و خەفەتيان بەسەر دەبەن.

 
1- رۆژى 21.3.1947 (محەمەد سەيفى قازى) و (سەدرى قازى) لە مەهاباد لەسێدارە دران.
2- لە کفتوگۆکانى سەرلەشکر (رەزم ئارا) سەرۆکى فەرمانگەى سوپا لەتەک رۆژنامەنووسەکاندا، رۆژنامەى (ارس بەجاى ايران ما) ژمارە 77 ، 26.1.2.

 
3- لە هەواڵنێرى تايبەتيى ئاژانسى (اشوشيتد پريس) ، (ايران ما) ژمارە 754،
رۆژمێژووى 26.3.28.

 
تێبينى: لەم باسەدا پێويستە هەمووان ئاگادارى ئەوە بين کە ژمارەى رۆژ و مانگ و ساڵەکان هەموويان بەپێى رۆژمێژووى (شمسى– خۆرى) نووسرا بوون، لەبەرئەوە بە پێويستمانزانى کە رۆژمێژووى زايينى لەبرييان بنووسين. هەروەها ژمارەى پەراوێزەکان لە چاپە فارسييەکەدا بەم جۆرەن: پەراوێزى ژمارە (1)ى ئەم وەرگێڕانە لەبرى پەراوێزى ژمارە (3) ى لاپەڕە 475 ى پەڕتووکەکەيە. پەراوێزى (2)لەبرى پەراوێزى (1)ىلاپەڕە476 و پەراوێزى (3) لەبرى پەراوێزى(1)ىلاپەڕە477–ە.
ئەم بەشە لە پەڕتووکەکەدا لە لاپەڕەکانى 475 تا 477 ى بەشى هەشتەمدايە.
ئەمەى خوارەوە ناونيشانى تەواوى چاپە فارسييەکەيە :

 
گژشتە چراغ راە ايندە است

 
پژوهش گروهى ( جامى )

 
ويراستار : بيژن نيک بين

 
چاپ دوم و تابستان

1362
انتشارات نيلوفر

 

(هێزى دێمۆکراتيى کوردستان)، (کۆمەڵە) و خۆفەرمانڕەوايى کوردستان

 

(هێزى دێمۆکراتى کوردستان) کە ماوەيەک دواى (هێزى دێمۆکراتى ئازەربايجان) پێکهات، دەوروبەرى مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى 1945 يەکەم کۆنگرەى خۆى لە شارى مەهاباد گرت. لەبەرئەوەى لێکچوونێکى زۆر لەنێوان خواست و ئامانجەکانى (هێزى دێمۆکراتى ئازەربايجان) و (هێزى دێمۆکراتى کوردستان) دا هەيە، ئێمە لە روونکردنەوەى خواستەکانى ئەم هێزەدا تەنها ئەو گفتوگۆيانە دەستنيشان دەکەين کە (محەمەد هورمز) لەگەلأ (قازى محەمەد) دا ئەنجامى داوە.
((پ- ئامانجى (هێزى دێمۆکراتى کوردستان) چييە و ئايا ئێوەش هەر وەکوو (هێزى دێمۆکراتى ئازەربايجان) داواى خۆفەرمانڕوايى نێوخۆيى دەکەن يان نا؟

 
و- چوار ساڵە کە خۆفەرمانڕەوايى لێرە جێبەجێ دەکرێت و ئەم کارە ، ئێمە زۆر لەمێژە ئەنجاممان داوە. ئامانجى ئێمە هەمان شتە کە لە بەياننامەى ( حيزبى دێمۆکراتى کوردستان ) دا راگەيەندراوە و من دانەيەکى بە بەڕێزتان دەدەم. هەر وەکوو خۆتان ئاگادارن مەبەستى ئێمە بريتييە لەمانە:

 
1- ميللەتى کورد لە چوارچێوەى ئێراندا لە بەڕێوەبردنى کاروبارى ناوچەيى، خۆفەرمانڕەوا و ئازاد بێت و لەنێو سنوورى دەوڵەتى ئێراندا خۆفەرمانڕوايى ميلليى کورد بەدەست بهێنێت.
2- بە زمانى خۆى بتوانێت بخوێنێت و کاروبارى فەرمانگەکان بە هەمان زمان بەڕێوە ببرێت. 3- ئەنجوومەنى فەرمانڕەوايى کوردستان بەپێى ياساى بنچينەيى، دەستبەجێ هەڵببژێردرێت لە هەموو کاروبارە کومەڵايەتى و دەوڵەتيەکاندا سەرپەرشتيى بکات.

 
4- فەرمانبەرانى دەوڵەت دەبێت بێ چەندوچوون خەڵکى ناوچەکە بن.

 
5- بەهۆى ياسايەکى گشتييەوە لەنێوان وەرزێر و دەرەبەگدا رێککەوتن بەجێبهێنرێت و داهاتووى هەردوو لايان مسۆگەر بکرێت.

 
6- (حيزبى دێمۆکراتى کوردستان) بەتايبەتى تێدەکۆشێت کە لەنێوان جەماوەرى ئازەربايجان و نەتەوەکانى ديکە کە لە ئازەربايجاندا دەژين (ئاسوورى و ئەرمەنى و ئەوانى دى) لە خەباتياندا يەکێتى و برايەتيى تەواو جێگير بکات.

 
7- (حيزبى دێمۆکراتى کوردستان) بەهۆى کەڵکوەرگرتنەوە لە سەرچاوە سروشتييە زۆروزەبەندەکانى کوردستان و پێشخستنى کاروبارى کشتوکێڵى و بازرگانى و پەرەسەندنى کاروبارى فەرهەنگييەوە لەپێناوى خۆشبژێوى و مسۆگەرى و سەروەريى نيشتمانى خۆى خەبات دەکات. پ- (هێزى دێمۆکرات) بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى خۆى چۆن ئەنجام دەدات و خۆفەرمانڕوايى کە دەفەرموون چوار ساڵە جێبەجێکراوە بە چ شێوەيەک بووە؟.

 
و- کاتێک کە ويستمان خۆفەرمانڕەوايى لە کوردستاندا جێبەجێ بکەين، هەڵبژاردنمان ئەنجام دا، لە ناوچەکانى کوردستانەوە نوێنەرەکان هاتنە مەهاباد. نوێنەرانى ناوبراو ليژنەيەکيان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى کوردستان و پێکهێنانى پێوەنديى بە دەوڵەتى ناوەندييەوە هەڵبژارد کە ئەم ليژنەيە بەناوى (ليژنەر سەرکردايەتيى ميللى) يەوە ناودەبرێت. لەڕاستيدا ئەم ليژنەيە سەرکردايەتييەکەى لەو رووەوەيە کە کاروبارەکانى کوردستان بەڕێوە دەبات.

 
پ- فەرمووتان ئێوە خۆفەرمانڕوايى کوردستان دەخوازن ، لەم رووەوە ناردنى نوێنەر بۆ ئەنجوومەنى شووڕاى ئازەربايجان بە چ مەبەستێک بووە؟.

 
و- لەبەرئەوەى کە ئامانج و مەبەستى (هێزى دێمۆکراتى ئازەربايجان) لەگەلأ (هێزى دێمۆکراتى کوردستان) لێکنێزيکن و هەر وەکوو يەک وان ، لەم خەباتەدا يەکێتييەک هەيە لەنێوان ئەم دوو هێزەدا. ناردنى نوێنەر بۆ ئەنجوومەنى ميلليى ئازەربايجان تەنها بۆ ئەوەيە کە هاوکاريى پتر بکەين ، ئەگەرنا مەبەستى ئەم کارە پێکەوە گرێدانى ئەم دوو بەشە نييە لەتەک يەکديدا.
پ- ئەگەر يەکێتييەکى تەواو لەنێوان (هێزى دێمۆکراتى ئازەربايجان) و (هێزى دێمۆکراتى کوردستان) دا نەبێت، ئەى کەواتە چۆن (هێزى ئازەربايجان) ليژنەيەکى وەزيرێتييان پێک هێناوە، بەڵام ئێوە کارێکى لەم بابەتەتان ئەنجام نەداوە؟

 
و- ليژنەى ميلليى کوردستان لەڕاستيدا هەر هەمان ليژنەى وەزيرانى ئازەربايجانە 1)).
داخوازييەکانى (هێزى دێمۆکراتى کوردستان) لەلايەن کوردەکانى ئێراق و تورکياشەوە پشتيوانيى لێکراوە. ئەوە بوو کە لە مانگى ئۆکتۆبەرى هەمان ساڵدا (مەلا مستەفاى بارزانى) لەگەلأ نێزيکەى سێهەزار پياوى جەنگاوەردا لە ئێراقەوە هاتە ئێران و چوونە نێو (هێزى دێمۆکراتى کوردستان) ەوە.

 
رۆژى 15 ى ديسامبەرى ساڵى 1945 (قازى محەمەد) لە کۆبوونەوە و خۆپيشاندانێکى فراواندا دامەزراندنى (کۆمارى کوردستان) ى بە رەسمى راگەياند و رۆژى 22 ى ژەنيوەرى ساڵى 1946 ئەنجوومەنى ميلليى کوردستان دروستکرا و ( قازى محەمەد ) بە سەرۆکى کۆمارى ميللي هەڵبژێردرا. هەروەها (حسێن سەيفى قازى) بە وەزيرى جەنگ هەڵبژێردرا و (مەلا مستەفاى بارزانى) و (عەموخانى شکاک) و هەندێ کەسى ديکە لە سەرۆک هۆزەکانى کورد گەيشتنە پلەوپايەى ژەنەڕاڵى و بوونە سەرکردايەتيى هێزە چەگدارەکانى کوردستان.

 پێکهێنانى کۆمارى ميلليى کوردستانيش وەکوو کۆمارى ميلليى ئازەربايجان دوابەدواى يەکدى بينينى (قازى محەمەد) و (مير جەعفەر باقرۆف) لە باکۆ و بە يارمەتيى و پشتيوانيى مادى و مانايى دەوڵەتى سۆڤێت ئەنجام درا.

 
1- (مردم)، ژمارەى تايبەتى، ژمارە 7، رێکەوتى 11.10.24 ، لە (شهباز)ەوە وەرگيراوە.
2- ووشەى (خۆفەرمانڕەويى) لەبرى (خودموختارى) بەکار هێنراوە.(و).

 
تێبينى: ئەم ووتارە لە بەشى شەشەمدايە و لە لاپەڕەى، 338-339، ەوە وەرگێڕدراوە.(و).

bakhtiarshamaiy@aol.nl

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی