دەوترێ گۆی زەوی ئەگەر لەسەر ئەومەدارەی ئێستای نەبوایە، وەک هەسارەکانی دیکە خاڵی لە ژیان دەبوو.
ئەودەم نە ئاو , نە ئۆکسجینی لێ نەدەبوو تا نەفەس بەبەر حەیات دا بکەن. ئەگەر ئەوە لەباری فیزیکی و بیۆلۆژیشەوە ڕاست بێ، بە بڕوای من باقیەکەی ئەوەیە کە ئەوە ئێوە ژنانن ماناتان بە ژیان بەخشیوە
ئێمە لە کوردستان شاعیرێکی گەورەمان هەیە بە ناوی گۆران. ئەو لە شعرێکیدا ئەو واقعیەتە فەلسەفیەی بە باشترین شێوە کێشاوەتەوە. ناوبراو دەڵێ بەڵام تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز ، بێ ڕووناکیە بێ بزەی ئازیز.
بەڕاستی ئەو دونیایە ئەگەر ئێوەی تێدا نەبوایە، ئەوەی نە دەهێنا پیاو ئەسڵەن حەسرەتی بۆ بخوازێ و دلێ پێخۆشبێ. لە خۆڕا نیە حاجی قادری کۆیی شاعێرێکی دیکەی ئێمە دەڵێ ژن زینەتی خودایە ، حەبیبی موستەفایە، قەڵاتن لە بۆ مێردان. موستەفا لێرەدا مەبەست موحەممەد پغەمبەری موسوڵمانانە. ئاخر ئەو زۆری ژن خۆشویستووە. هەر ئەویش بوو کاتی خۆی زیندەبەچاڵکردنی منداڵانی کچی قەدەغەکرد. ئەوە لە کاتی خۆی دا کارێکی گەرەبوو. بەشەریەت ئێستاش لە چین و هیند، ئەو دیاردەیەی وەک پەڵەی شەرم بە نێو چاوانەوەیە.
باسی شەریعەتی ئیسلام و مەوقعیەتی ژن کاری تیۆلۆگەکانە و من لێرەدا خۆی لێ لادەدەم. چونکە ئێرە جێی باسێکی ئەکادیمک نیە. ئەوەش کەدەوترێ زینەتی خوایە، یانی لوتکەی دەست رەنگینی و شاکاری هەرەگەورەی خالقی بە توانا بریتیە لەو وەستایەتیەی کە لە خولقاندنی ژندا لە خۆی نیشانداوە. جائەوە با ژنی لەئاوی کەلەکەی پیاویش خەڵق کردبێت، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. لەو بارەوە ئەحمەد هەردی شاعیرێکی دیکەی ئێمە دەڵی پەچەت لادە ببینم ڕووت خۆ ئەمن سەیری تۆناکەم، لە ڕووی تۆ تێدەگەم یەزدان چلۆن نەخشی دەنەخشێنێ.
نازانم بۆ ئەوەتان بە من سپارد کە ئەم ئێوارەیە من لەدەوری مێزی نانخواردنی یول قسان لە سەر ژنان بکەم. ڕەنگە لەبەر ئەوەبێ کە موسوڵمانم و پێتان خۆشە بزانن پیاوێکی موسوڵمان لەوبارەوە چۆن فکر دەکاتەوە. ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێ کە ئەو ڕۆژانە تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەکان زۆر سەبارەت بەوە دەدەوێن کە لەنێو شار شەوانە ژنان لە خیابانەکانی ئۆسلۆدا لە دەست پیاوان ئەمنیەتیان بۆ نەماوە. دەتانەوێ من سۆنداژ بکەن تا بزانن ئێمە پیاوان بۆ وا رەفتار دەکەین. رەنگە لە بەر ئەوەش بێ کە وەک خۆتان دەڵێن وەک جەنتڵمان دەگەڵ ژنان ڕەفتاردەکەم.
دڵم ئەلبوومێکی هێندە گەورەیە جێگای وێنەی هەموو ژنە جوانەکانی دونیای تێدا دەبێتەوە. ئەوە قسەی لەتیف هەڵمەت شاعیرێکی گەورەی کوردە و لێرەدا لێم قەرزکردوە. کە دەشڵێم ژنی جوان. بۆمن هەموو ژنەکان جوانن. وەک دایک، خوشک، هاوسەر،، دەزگیران، هاوکار،پوور، دایەگەورە، جیران هتد….نوسەرێکی فەرانسەوی هەیە دەڵێ هیچ ژنێک ناحەز نیە. بەڵام هێندێکیان زیرەکترن باشتر جوانیەکانیان و لایەنی ئینسانی و سۆز و هەستی ژنانەیان دەردەخەن. هەندێکیشیان ئەو زیرەکیەیان نیە، دەنا لە ئەساسدا هەموویان جوانن و سەرچاوەی خێروبەرەکەتن..
بەڕاستی هەرواشە. گۆران شاعیری گەورەی کورد کە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا ئیبسنی ئێوەیە ئەو مەبەستە بە جۆرێکیتر فۆڕمۆلەدەکات و دەڵێ. ئەو ئافرەتە زۆر دڵگیرە، دڵگیرترکات کوێی دڵگیرە. مارکسیش دەڵێ سروشتی ترین پێوەندیی نێوان ئینسانەکان لە پێوەندیی نێوان ژن و پیاودا دەردەکەوێ.
ئاخر نازانم لە ٤ دەقیقەدا چۆن بتوانم سەبارەت بە ژنان قسان بکەم. وشە و مەبەست وەک شارە ژەنگەسورەی ئاڵۆزبوو دەنێو زەینمدا دێن و دەڕۆن وبۆم سەروبەرنابن تا سیستەمیان پێبدەم و مانایان لێ سازکەم.
مێنتالیتەی نۆروێژی دەڵێ ماڵێک ژن و پشیلەو پەیس واتە شومینە یا ئاگردانی گەورەی تێدا نەبێت، ماڵ نیە. کوردیش دەڵێ ژن و ماڵ. یانی ماڵ وەختێک ماڵە کە ژنی تێدا بێت. لێرەدا پەرانتێزێک دەکەمەوە. لای ئێمە جارێ وای لێ نەهاتوە ژن بتوانێ ماڵیشی هەبێ و مندالیشی هەبن و کەسیش لێی نەپرسێ ئەرێ بابی منداڵانت کێ یە یا لە کوێ یە؟ لێرە کەس ئەو موشکیلەی نیە. لای ئێمە ژن هەمیشە گوناهبارە، تەنانەت ئەگەر پیاوەکەشی بەدجنس بێ، ئەوە کۆمەڵ هەر ژنەکە بە تاوانبار دەزانێ.
لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بزووتنەوەی ژنان بۆ ڕزگاری لە دەست پیاوسالاری و هەژاری و تەبعیز و بی عەداڵەتی و ستەمی میللی و سیاسی کاردەکا. ئاخر ژن و کۆمەڵ لە یەک کاتدا هەموو ئەو ستەمانەی لەسەرن. لێرە بەرانبەریی ژن و پیاو بۆتە واقعیەت و چ لە قانوون و چ لە فەرهەنگ جێی گرتووە و لە کۆمەڵدا ڕەنگی داوەتەوە. لە کوردستان ژنان بەدەست عەقڵیەتی خێڵەکیەوە گیرۆدەن و بە هەزار هەراز دەکوژرێن و دەسوتێنرێن. لیرەش ژنان ئێستا داوادەکەن دوو سەنگەری دیکە لە کۆمەڵگای نۆروێژدا فەتح بکەن. یەکیان فەتح کردنی ناوەندەکانی دەستەڵاتی سیاسی و ئیداریە. ئەوی تریشیان ئەوەیە دەڵێن ئەملاک واتە خانوبەرە، زەوی و زار، جەنگەڵەکان، هۆتێل و کارخانەکان، دووکان رێستۆران و باڕ و دیسکۆکان زۆرتر لە سەر ناوی پیاوان سەبتن و دەبێ لەو دووبوارەشدا پیاوان ناچار بە پاشەکشەو تەسلیم بوونی عەداڵەت بکەین.
لەو وڵاتەدا ئەوە ژنانن کاروباری رۆژانە بەرێوە دەبەن. دەچیە هەرکوێ هەر ژنن کارەکان هەڵدەسوڕێنن. قوتابخانە، زانکۆکان، بازاڕەکان، نەخۆشخانەکان، کارگەو کارخانەو کەشتی و قەتار و بوس و فڕۆکەخانە و ساڵۆنەکانی وەرزشی و هتد…
من لە هەموو ئەو شوێنانەی سەروکارم دەگەڵیان هەیە، رەئیسەکانم ژنن، لە قوتابخانە مودیرەکەم ژنە. لێرە کە ئێواران کاردەکەم هەروایە. دەچمەوە ماڵی هەر خانم رەئیسە. لە زانکۆ پرۆفیسۆرەکەم ژنە. لە تەشکیلاتێکی سیاسیدا، واتە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا کاردەکەم، لەوێشدا ئێستا لە کۆمیتەی حیزبی نۆروێژدا رەئیسەکەم بۆتە ژن. هیوادارم ئەوە سەرتاسەری تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕات بگرێتەوە. باڕووتیش لە هینددۆزرایەوە و بڵاو بۆوە. تەگەر لە دۆڵی ڕافدین را بە هەموو دونیادا بڵاو بۆوە. هەروایە هەموو شتێک لە جێگایەک و لە نوختەیەکەوە دەست پێدەکات.
دەگوترێ ئەو وەزعە نالە بارەی ئەمڕۆ دونیای تێدایە، ئاکامی مودیریەت و سیاسەتگوزاریی پیاوانەیە. ژنان دەڵێن ئەگەر دەمانەوێ ئەو دونیایە بگۆڕێن، دەبێ مودیریەتەکەی لە دەست پیاوان دەربێنین. گوتۆرم فلۆی ستاد، فەیلەسوفی گەورەی نۆروێژی لەوبارەوە دەڵێ. دووشت دەتوانن ئەو وەزعە نالەبارە بگۆڕن کە ئەمڕۆ دونیای تێدایە. ژن و پووڵ. بەڵام عەیبی ژنان ئەوەیە کە ئەگەر دەستەڵاتیان بە دەستەوە گرت، ئیدی دەبنە پیاو و وەک پیاوان ڕەفتاردەکەن. پوولێش بەرەکەتە و ڕووی دەهەرجێ یەک کرد، ڕەفاه ئاوەدانی دەگەڵ خۆی دێنێ. بەڵام عەیبی پووڵیش ئەوەیە ئەگەر ڕووی دەجێ یەک کرد ،هەر بەوجێە دەزانێ.
بۆیە دەبێ پووڵ هیدایەت بکرێ و ژنانیش لەهیچ بارودۆخێکدا تەنانەت ئەگەر بوونە وەزیر و مودیریش هەویەتی ژنانەی خۆیان ون نەکەن.
ئێوارێ کە هاتمە ئێرە، کاترینە گوتی چ هەستێکت هەیە لە نێو ئەو هەموو ژنانە دای کە ئەمشەو لەو ساڵۆنە بۆ یولەبوور لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە.
لەو بارەوە دەبێ بڵێم کە لە کولتوری ئێمەدا پیاوی موسوڵمان دەبێ سەرتاسەری عومری نوێژ و تاعەت بکات، بچیتە حەج و سەر فیترەو زەکات بدات و زکروتەلیلان بکات و بەسەر پردی سیراتێدا تێپەرێ تا خوا ڕووحمی پێبکاو بچێتە بەهەشت. بە هەشتیش بە گوێرەی ئەو وەسفەی قورئان لێی دەکا. دەبێ جێەک بێ وەک ئێرە. مێزی ڕازاوە، خواردنی خۆش و شەڕابی پاک و ژنی جوان و گوڵ و گوڵزار. ئەو ئێوارەیە بۆمن وەک خوێچێژکردن لە بە هەشتێ یە.
هیوادارم خەو وام لێنەکا لە نیوەرۆی ئاهەنگدا ، ئەو بە هەشتەم لە کیس بدا. ئەمشەو هەموو هەستەکانم دەخەمە ژێر توانی ١٠ تا دەرکی ئەو بە هەشتە بکەم کە خوا موژدەی دەدا. دیارە ئەو ژنانەی لێرە لە دەوری مێز دانیشتوون، فەرقێکیان هەیە . ئەویش ئەوەیە کە لە جوانی و خانومانیەدا هیچیان لەو ژنانە کەمترنیە کە خوای ئێمە موسوڵمانان لە قورئاندا وەسفی لوتف و موحیبەت و برۆ و موژگان و لەش ولاری جوان و نازونوزیان دەکات. بەڵام ئەو ژنانە کاریان تەنیا هەر ئەوەنیە ڕەفاه بۆ پیاوان بخوڵقێنن، ئەوانە لێرە بە ماندووبوونی بێ وچانیان کۆمەڵگا دەبەنەپێش و لەسەر رووی ئەو دونیایە خەریکن بە هەشت درووست دەکەن. بە هەشتێک کە ژیان تێیدا زۆر پڕ ماناترە لەو بەهەشتەی قورئانی پیرۆز باسی دەکات.
کاتی خۆی ئێوە بوون کە ئێمەتان هاندا قەپاڵە لە سێوی زانیاری و عیلم بدەین. بەو هۆیەوە وەبەر غەزەبی خوای گەورەکەوتین. لە ئاکامدا خوا لە گەڵ ئێوە لە فیردەوسی بەرینی خۆی فرێی داینە دەرەوە. چ باک؟ چونکە ئێوەمان دەگەڵ بوون و بە تەشویقی ئێوە و بە هاندانی ئێوە تامی سێوی زانستیشمان کردبوو، ئەوەتا بە شەر بەقووەتی شان و پیل و بیری خۆی ئەو شارستانیەتە پێشکەوتوەی درووست کردوە کە دەی بینین.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئێمە پیاوان بەختەوەرین کە لەو سەفەری ژیانەدا ئێوە ژنانمان لە گەڵن و هاوسەفەرمانن. ئێوە نەبوایەن، ئێمە مۆتیڤۆشۆنمان بۆ ژیان و کار و چوونە پێش نەدەبوو. بەڵام ئێوە لە مەعجونێکی پڕ رەمزو رموز دروستکراون. بە ڕاستی تێگەیشتن لە ئێوە و دەرک کردنی ئێوە و هەڵسوکەوت دەگەڵ ئێوە و ژیان دەگەڵ ئێوە، پێویستی بە لێوەشاوەیەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی گەورەهەیە ، کە ئێمە پیاوان جارێ نەمانتوانیوە وەدەستی بێنین. جا ئەوە چ کونگ هەڕاڵد، شای نۆروێژبێ، چ یەنستۆلتن بێرگ، سەرەک وەزیرانی نۆروێژبێ یا مەسعودبارزانی سەرۆکی کوردستان یا هەر پیاوێکی دیکە بێت، فەرق ناکا.
بێ ئێوە ناژین. هێندەشمان خۆشدەوێن، نازانین چۆن خۆشەویستی و سوپاسگوزاری خۆمانتان بۆ دەربرین. ناشزانین چۆن نیازی خۆشمان بە موحیبەتی ئێوە بە شێوەیەکی درووست بە ئێوە بگەیەنین. هەر بۆیەشە ئاوا خراپ لێک حاڵی دەبین و بیلکلینتۆن گوتەنی رەفتاری هەڵنەسەنگێنراو بەرانبەر ئێوە لە خۆمان نیشان دەدەین. ئێمە لە ئاستی گەورەیی و دڵفرەوانی و موحیبەت و بەزەیی و میهرەبانی و جوانی و عیشق و گەرمی ئێوەدانین. پیاو پێویستی بە گەشەکردنی فەرهەنگی زۆرە تا بتوانێ لێوەشاوەیی ئەوە پەیدا کا شایانی ئەوەبێ دەگەڵ ئێوەبێ.
هیوادارم ئێوە ژنان دەستی ئێمە پیاوەکان بگرن و هەڵمانکێشنە ئاستی خۆتان.
بۆ ئەوەش دەبێ دەگەڵمان لەسەرەخۆبن و لێمان وەرەس نەبن و سەبرو حەوسەلەتان دەگەڵ ئێمە بەسەر نەچێ. مامۆستا دەبێ دەگەڵ قوتابیەکەی زۆر لە سەرەخۆبێ تا بتوانێ بیباتە پێش و فێری بکا و گەشەی پێبدا. ئاخر بە راستی ئێوە ژنان بۆ ئێمە پیاوان مامۆستان.
سکۆڵ بەسڵامەتی هەموو ژنان و بەتایبەتی ئەو خاتوونانەی لێرە حزووریان هەیە و لەو جلە جوانانەدا ، لە دەوری ئەو میزە ڕازاوەدا وەک چرا دەدەروشێنەوە. سوپاس بۆ حەسەلەتان و بۆ گوێگ
ئیبراهیم لاجانی
ئەوە نێوەرۆکی وتارێکی کورتە لەکاتی نانخواردنی جەژنی یولدا، کەدواوام لێکرابوو من لەسەر ژنان قسەبکەم، پێشکەش بە هاوکارەکانمم کردوە. چونکە ڕووی قسەکان لە گوێگری نۆروێژیە، ڕەنگە زۆرشتی بۆ خوێنەر یا بیسەری کورد زیادە یا درێژدادڕێ بێت. داوای لێبووردن دەکەم.
لە پێوەندی دەگەڵ ئەو قسانە کە سەرۆکی پاڕلەمانی کوردستان سەبارەت بە وەزعی ژنانی کوردستان ئەمڕۆ کردنی بە بیرم دا هات کە دیسانیش بڵاوی کەمەوە .