حیزبەکەمان چەند مانگ لەمەوبەر کۆنگرەی پازدەهەمی خۆی بەست.
لەو کۆنگرەیەدا ساخ بوینەوە کە حیزب لە گەڵ پێداویستیەکانی قۆناخی ئێستای خەبات هاوئاهەنگ بکەین. ئەودەم وێنەیەکی ڕوونمان لەو وەزعە نەبوو کە بەرەوڕوومان دەهات. بەڵام دەمانزانی ئاڵوگۆڕی گەورە بەڕێوەن و حیزبی دێموکڕات دەبێ خۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوە دەگەڵیان ئامادەبکا.
ئێستا ئەگەر خۆمان بەجدی بگرین و ئەو مەئموریەتەش بەجدی بگرین کە خستومانەتە سەر شانی خۆمان، بۆمان دەردەکەوێ کە جەوهەری ئەو بڕیارەی کە لەکۆنگرەدا دامان بریتیە لە بەرینکردنەوەی گۆشەنیگای روانینی حیزب بۆ دونیای دەوروبەر و ئەو وەزعە نوێ یە کە خەریکە شكڵ دەگرێ.
ئەمڕۆ باشتر تێگەیوین کە بەڕاستی خەریکە هەلومەرجێکی تەواو تازە دێتە پێش. هەلومەرجێک کە لێمان دەخوازێ ئێمەش خۆمان بۆ سواربوونی ئەو شەپۆلانە تەییارکەین کە ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەیان بینین کە بەرەوڕوومان دێن. پێشبینی و قۆزتنەوەی شەپۆلان و سواربونیان بۆ چونەپێش بۆ حیزبێکی سیاسی وەک حیزبی ئێمە هەلپەرستی نیە. بەڵکو دووربینی و هەل ناسیە.
ئاخر تا پتر تەماشای خۆمان دەکەین، باشتر لە پێگەو ریسالەتی حیزبی خۆمان لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا حاڵی دەبین. دەبینین کە میللەتەکەمان لە هەموو بارێکەوە لە دوایەیە. هەندێک میللەت موشکیلەی رێگاوبانیان هەیە. هەندێ میللەت گیروگرفتی ژینگە یان هەیە، هەندێک گیروگرفتی ئینیرژیان هەیە، هەندێکیان مەسەلەی کورت خایەنیان هەن و هیواش هەن موشکیلەی درێژخایەنیان هەن.
ئێمە هەموویمان پێکەوە هەن. ژێر چەپۆکەین، حاکمیەتی میللی مان پێشێل دەکرێ، حکومەتی خۆمان نیەو چارەنوسی سیاسی خۆمانمان بەدەستەوە نیە، لە باری ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەوە لە هەژاری و مەینەتبەشی دا دەژین.
حیزبی دێموکڕات بۆ وەڵام دانەوە بەو وەزعە درووستبووە. تێکۆشان لە وەزعێکی ئاواشدایە کەنەخشی حیزبی ئێمە بەرجەستەدەکا.
کورد و کوردستان دەبێ لەو وەزعە بێنە دەر. ئێمە نزیکەی حەو دەیەیە لەو رێگایەدا خەبات دەکەین و بە ڕابردووی پڕ لە شانازی خاشمانەوە دەنازین. بەڵام لەو باروودۆخە نوێ یەدا کە ئێستا هاتۆتەگۆڕ، ئەگەر دەمانەوێ کاریگەربین و ئەو مەئموریەتە بەرینەسەر کە خستومانەتە سەرشانی خۆمان پێویستیمان بە وەیە خۆمان و تەشکیلات هەڵکێشینە ئاستێکی چەند قات سەرەوەتر لەوەی ئێستا و پێشوومان.
حیزبی ئێمە دەبێ بتوانێ وەڵامدەری مەسەلەکانی ئێستا و داهاتووی کوردستان بێت. لەوەش زیاتر دەبێ لە بردنەپێشی سیاسەتی ئێرانیشدا ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێ. ئەوەش وامان لێدەخوازێ هونەرەڕەزمیەکانی مەیدانداریی سیاسی فێربین.
خەباتی ئەمڕۆ لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر لەسەرترە. هەربۆیەشە پێویستیی بە لێوەشاوەیی و زەرفیەتی فکری و سیاسی و ئەخلاقی زۆرتر هەیە. ئێمە نامانەوێ لە سیاسەتی کوردستان و ئێران و ناوچەدا بکەوینە پەڕاوێزەوە. هەربۆیەش تێدەکۆشین وەک ڕابردوو لە سەنگەری هەرەپێشەوەی خەباتی میللەتەکەمان دابین.
دیسکۆڕس واتە گوفتمانی سیاسی لە کوردستان بریتیە لە ڕزگاری و ئازادی و دێموکڕاسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی. پایەکانی بەرنامەی ساسی و جیهانبینی سیاسیی حیزبی ئێمەش لە لەسەر ئەو چوار کۆڵەکە دامەزراون.
هەموو خەڵکی کوردستان داخوازە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان لەبەرنامەی سیاسی حیزبی ئێمەدا دەبیننەوە. بە ملێون کەس لە کوردستان ئامادەن گوێ لە پەیامی سیاسی حیزبی ئێمە بگرن و سەروماڵی خۆشیان بۆ بردنەپێشی ئەو پەیامە فیدابکەن. ئەوە سەرمایەیەکی سیاسیی گەورەیە کە کەم هێزی سیاسی لە مێژودا توانیویانە وەدەستی بێنن. بۆیە دەبێ خۆشمان لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیانەدا بین کە خەڵک لێمانیان هەیە.
کۆمەڵگای کوردستان تەواو بۆتە کۆمەڵگایەکی سیاسی. جامعەی مەدەنی لە کوردستان خەریکە سەرهەڵدەدا. پێشکەوتنخوازی و نوێبوونەوە و چاوکرانەوەی سیاسی و فەرهەنگی بۆتە بەشێک لە کاراکتەری کەسایەتی کچان و کوڕانی کوردستان. قرچەقرچی شکانی مۆرەکانی بڕبڕەی پشتیی کۆمەڵگای سوننەتیی لە کوردستان، دێتە گوێی هەموو گوێیەک کە توانای بیستینی هەبێت. خەڵک نەک هەر خوازیاری ئەوەن دەستی ئاخوند لە سیاسەت و حکومەت و یاسادانان دوورخەنەوە، بەڵكو خەریکە زەینی خۆشیان لە بیرکردنەوەی مەزهەبی ئازاد دەکەن و دەیانەوێ دینیش لە دەستی حکومەت ڕزگاری بێت.
ئێمە ئەمڕۆ لە گەڵ کۆمەڵگایەک بەرەوڕووین کە زۆری فەرق هەیە لە گەڵ کۆمەڵگای سێ دەیەی ڕابردوو. خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی نەسلی تازەی کوردستان دەستیان کردوە بە موتاڵاو چاوخشاندنەوە بە سەرتاسەری مەوقعیەتی خۆیان و هۆیەکانی ئەو وەزعەی تێیدان. بۆیە درووشمی سیاسی ڕۆژانە و هەندێک وشەو دەستەواژە و فۆڕمۆڵی ئاسانی سیاسی ناتوانن بۆ ئەوان بەس بن. دەورانی بمرێ فڵانەکەس و بژێ فیسارەکەس لە سیاسەتی کوردیدا تێپەڕیوە.
بۆیە حیزبێک کە دەیەوێ پێشڕەوی ئەو میللەتەبکا دەبێ بڵند بڕوانێ و توانای ئەوە لەخۆیدا درووستبکا کە بە بڵنداندا بفرێ. جائەوە با ریسکیش بێ . مەگەر حیزبی ئێمە هەموو ژیانی هەر خەتەرکردن نەبووە.
خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی و ڕووخانی ئەو رێژیمە، کە بۆ ئێمە زۆرگرنگە و لەو مەیدانەشدا کەس ناتوانێ موزایەدەمان بە سەردابکا، تەنیا قۆناخێکە لە خەباتی ئێمە لەسەر رێگای ڕزگاری میللەتەکەماندا. ئێمە دەمانەوێت میللەتەکەمان بەرینە ئاستی میللەتانی ئازاد و بەختەوەری دونیا. بۆیە ئەرکی ئێمە زۆر قورسە.
ڕۆڵی ئێمە هەر لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامیدا کورتنابێتەوە. ئێمە تەکانی ئاخر و تووند لە کۆمەڵگای کوردستان دەدەین . مەئموریەتی حیزبی دێموکرات ئەوەیە کۆمەڵگای کوردستان بخاتە سەر ڕەوڕەوەی پەرەسەندی خۆی. واتە تەیک ئوف بە کۆمەڵگای کوردستان بکات . کاتێک فڕۆکە دەکەوێتە حەڕەکەت لە سەرەتادا لەسەر تەگەرەکانی دەڕوا. بەڵام پاش ماوەیەک تەیک ئۆف دەکا یانی ئیدی دەکەوێتە سەر قودرەتی ماتۆڕەکانی خۆی و لە ئاسماناندا دەکەوێتە مەلە و دەڕواتە پێش. لە کۆمەڵناسی سیاسیدا تەیک ئۆف بەو قۆناخە لە پەرەسەندنی کۆمەڵگایەک دەلێن کە ئیدی ئەو کۆمەڵگایە دەکەوێتە سەر چەرخەکانی پێشکەوتنی خۆی و دەتوانێ بۆخۆی گیروگرفتەکانی خۆی چارەسەرکاو برواتە پێش.
ئەمڕۆژانە لەکاتی گەڕانەوە لە مەئموریەتێکی حیزبیدا، لە خزمەت برای گەورەم کاک دوکتۆر خوسرەو عەبدولاهی و هاوڕێانی تێکۆشەر خوشکە پەروانەی حەیدەری و کاک سولەیمانی كەڵەشی دابووم. پاش چەند شەو ڕۆژ کاری بەردەوام کۆبوونەوەکردن لە کوێستانەکانی ئۆپلاندەوە بەرە و ئوسلۆ دەگەڕاینەوە. من ماشێنم لێدەخوڕی و لەو بەفرو سەهۆلبەندانەدا دەبوایە زۆرتر وریابوایەم. کاک دوکتۆر خوسرەو و کاک سولەیمان لەبەر هیلاکی و بێخەوی چاویان دەخەو ڕاچوو. منیش کە بەو رێگایەدا نابەڵەدبووم و لە پڕ دەگەیشتمە دووربینەکانی تڕافیکی سەرڕێ، لە ترسی جەریمەکران و رێگنین بۆ هاتن تووند تورمزم دەگرت. لە ئاکامدا هاوڕیان بەو تەکانە تووند و لە پڕانە وەخەبەر دەهاتن.
کاری حیزبی ئێمە ئەوەیە ئەو تەکانە تووندە لە میللەتی خۆمانبدا و بیخاتە سەرمەداری تەیک ئۆفکردن. واتە کۆمەڵگای کوردستان بخاتە سەر مەداری مۆدێڕنیتە.
کۆمەڵگای کوردستان دەبێ لە ستەمی میللی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ڕزگاری بێت.
پێش هەرشتێک پێویستە میللەتی کورد وەک هەر میللەتێکی دیکە حاکمیەت و مافی دیاریکردنی چارەنووسیی سیاسی خۆی بەدەستەوە بگرێ. پاشانیش دەبێ مافە مەدەنی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوریەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا دابینبن. لە وەش زیاتر پێویستە مافەکانی منداڵان، ژنان، کەم ئەندامان، کەمایەتیە مەزهەبی و ئیتنیکی و… لە کوردستاندا دابین بکرێن.
لە زانستە سروشتیەکاندا دەگوترێ ئامانجی تەکامول تەکامولی زۆرترە. ئامانجی دێموکڕاسیش بۆ حیزبی ئێمە دێموکڕاسی زۆرترو زۆرتر و هەر زۆرترە. ئەزموونە مێژوویەکان ئەوە دەردەخەن هەر بەو ئەندازە کە پیادەکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە سەر حیسابی قوربانی کردنی ئازادی ئاکامەکەی کارەسات خوڵقێنە، هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئازادیش لەسەر حیسابی نادیدەگرتنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی کارەساتی بەدوادادێ. بۆیەیە کە حیزبی ئێمە چ لەبەرنامەی سیاسیەکەی و چ لە سیاسەتی ڕۆژانەیدا هیچ کاتێک لەو مەسەلەیە غافڵ نیە. ئەوەشە ئەو مەوقعیەتە بێ وێنەیەی بە حیزبی دێموکرات لە نێو لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەخشیوە.
بەڵێ کاری حیزبی ئێمە ئەوەیە تەکانی تووند و ئاخر بە کۆمەڵگای کوردستان بداو بیخاتە سەر ڕەوڕەوەی چوون پێش و پەرەسەندن. ئەوەش مەئموریەتێکی گەورەو قورسە کە هاویشتومانەتە سەرشانی خۆمان.
با هێزی بیر و چاوەکانی حیزب، هێزی بازوو و ئەژنۆکانی حیزب، بۆ ئەنجامدانی ئەو مەئموریەتە و ئەو تەکانە گەورەیە بخەینە ژێر تەوانی دە.
٢٢.٣.٢٠١٣