ئاندرۆ بامفۆرد
بەشی فارسی بی بی سی، ئیکاریا- یۆنان
دانیشتوانی دوورگەیەکی بچووک لە وڵاتی یۆنان بە پێی پێوەری ناوەراست( میانگین ) ١٠ ساڵ زێدەتر لە دانیشتوانی رۆژاوای ئەرووپا ژیان بەسەر دەبەن
گەڵۆ ھۆکاری راستەقینەی درێژ بوونەوەی تەمەنی مرۆڤەکان لە دوورگەی ئیکاریای یۆنان بۆ چی دەگەرێتەوە ؟
لەوانەیە ھۆکارەکەی ھەڵمژینی ھەوای پاقز و یان ژیان کردن لە سەر بنەمای ئاشتی و پێکەوە ژیان بێ . دەشکرێ سەربەستی و خۆش ڕابواردن بێ ، یاخود خواردنی سەوزەی نوێ و شیری بزن و لەوانەشە سروشتی کوێستانی ناوچەش لەو پەیوەندیەدا بێ کاریگەر نەبووبێ .
ئیکاریا پڕە لە ھەوراز و نشێو و بە پێ رۆیشتن لەو ھەرواز و نشێوانەدا بۆ سڵامتی ئێوە بە سوودە .
تەنانەت لەوانەیە ھۆکارەکەی بڵاوبوونەوەی تیشکە سرووشتیەکان بێ کە لە بەردە گرانیتەکانڕا بڵاو دەبنەوە .
ھەڵبەت ستاماتیس مورایەتیس ڕوانگەیەکیتری ھەیە و دەڵێ کە تەنیا یەک ھۆکارە و ئەویش شەرابە .
ئەو کە دوانیوەرۆ بە گلاسێک شەرابەوە و لەسەر کورسی نانخواردن لە چێشتخانەکە دانیشتبوو ، پەی گوتین :” شەرابەکەمان خاوێنە و شتی زیادیمان تێکەڵاو نەکردووە . شەرابە بازرگانیەکان مادەی پارێزگاریان پێ زیاد کراوە کە شتێکی باش نییە ، بەڵام شەرابێک کە ئێمە بۆ خۆمانی دروست دەکەین ، ھیچی زیادی تێدا نییە و خالسە .”
ستاماتیس لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی زایینیدا ، جێژنی ٩٨مین ساڵی لەدایک بوونی خۆیی گرت. بەڵام ئەو دەڵێ کە تەمەنە راستییەکەی زۆر پتر لەوەیە و لە ناسنامەکەیدا یەکی ژوییەی ١٩١٥ی زایینی لێدراوە .
بەرانبەر بە دیوارە سپییەکانی ماڵەکەی ، دار زەیتوونە خۆشەویستەکانی ، دارەکانی میوە و دار مێوە ترێکان بەر چاو دەکەون . ئەو دەڵێ کە ساڵانە ٧٠٠ لیتر شەراب بەرھەم دێنێ .
دەپرسم کە ئاخۆ بە تەنێ ئەو ھەموو شەرابە دەخواتەوە ؟ بە سەر سوورمانەوە دەڵێ : ” نا، لەگەڵ ھاورێکانم دەیخۆمەوە.”
خواردنەوەی شەراب و بەسەر بردنی رۆژە خۆشەکانی لە گەڵ ھاورێیان و ئەندامانی بنەماڵەکەی ، ستاماتیسیان کردۆتە نموونەی کارتێکرە شفابەخشەکانی دوورگەی ئیکاریا .
٤٥ ساڵ پێش و کاتێک لە ئەمریکا ژیانی بەسەر دەبرد ، بەپێی زانیاری دوکتورەکانی تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکانی دەبێ وئاگاداری دەکەنەوە کە ٩ مانگ زێدەتر ناژی .
ئەو دەڵێ :” ئەو کات ، رێ و رەسمی کفن و دفن کردن لە ئەمریکا زۆری تێدەچوو ، ھەر لەبەر ئەوە بە ھاوسەرەکەم گوت دەگەرێمەوە بۆ ئیکاریا تا لە تەنیشت باوک و دایکم کفنم کەن .
کە دەگاتە ئەم شوێنە لە بیرەوەریەکەی ، چاوەکانی شەوق ئەدەنەوە و بزەی خۆشی دەیگرێ . ئەمە داستانێکە کە زۆر جار لەسەر سفرەی خوان باسی لێوە دەکا و دیارە کە ھێشتاش لەی ماندوو نەبووە.
ئەو دەڵێ :” ھاورێکانم دۆزییەوە لەو گوندەی کە لەی لە دایک بووم و پێکەوە دەستمان کرد بە خواردنەوە . بیرم لەوە دەکردەوە کە با بە لانی کەمەوە بە خۆشحاڵیەوە بمرم . ھەموو رۆژێک لە دەوری یەک کۆ دەبووین ، شرابمان دەنۆشی و من چاوەرێ دەمامەوە . بەڵام کات تێپەری و منیش ھەستم بەھێزتر بوونم دەکرد . ٩ مانگ دوای. ھەستم کرد کە باشم ، ١١ مانگ دواتر ھەستم کرد باشترم و ئێستاش دوای ٤٥ ساڵ وا لێرەم .”
ستاماتیس درێژەی بە قسەکانی ئەدا :” چەند ساڵ بەر لە ئێستا گەرامەوە ئەمریکا و ھەوڵی دۆزینەوەی دوکتۆرەکانمدا ، بەڵام نەمتوانی . ھەموویان مرد بوون .”
لە دوورگەی ئیکاریا ، رووداوەکانی وەک بەسەرھاتی ستاماتیس گەلێکن . ھێندێکیان لەوانەیە تەنیا حیکایەتێک بن ، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا دەستە دەستە لە لێکۆڵەران و پزیشکان بەرەو ئەو دوورگەیە لە نزیک توورکیا چوون تا لە نزیکەوە لە راستییەکان تێبگەن و بیان بینن .
ناوی ئیکاریا لە ناوی پاڵەوانی یۆنانی ئیکارۆسەوە ھاتووە . بە پێی ئەفسانەکان، ئیکارۆس کە خەونی بە ھەڵفرینەوە دەبینی ، بۆ ھێنانەدی خەونەکەی باڵی لە جۆری پەر و مۆم دروست کرد و کاتێکیش ویستی ھەڵفرین بە باڵەکانی تاقی کاتەوە ، مۆمی باڵەکانی لە ژێر تیشکی خۆردا تەوانەوە و ئەویش لە نزیک ئەم دوورگەیە کەوتەخوار و بۆ قووڵایی دەریا رۆشت .
ئەو دوورگەیە بە سەدان ساڵ بەھۆیی کانیەکانی ئاوی گەرمەوە ، وەک شوێنی شیفا بەخش دەناسرا .
دێن بۆتنێر( نووسەر ) و بڵاوکراوەی ناستیۆنال ژێئۆگرافیک ، لەم دوایەدا دوورگەی ئیکارایان وەک شوێنی ناوچە ئاویە دەگمەنەکان دیاری کردووە : ناوچەیەک کە دانیشتوانی تەمەنی درێژ دەکەن . لە ناوچە ئاوییە دەگمەنەکانی ھاوشێوە دەکرێ ناوی ئۆکیناڤا لە ژاپۆن ، ساردینیا لە ئیتالیا و لۆمالیندا لە کالیفۆرنیا بێنینەوە .
تێل و تەسەلترین لێکۆڵینەوە لە بارەی دوورگەی ئیکاریاوە لە زانکۆی ئەسینا کراوە . لێکۆڵەرانی ئەو زانکۆیە بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە ، سەردانی دانیشتوانی سەرووی ٦٥ ساڵی ئیکارایان کرد، سەردانی ئەو ٨ ھەزار کەسەی کە بە پێی پێوەری نێونجی ١٠ ساڵ زێدەتر لە دانیشتوانی ئەرووپای رۆژاوا تەمەنیان کردووە و لە سەردەمی پیریشیدا لە تەندروستی تەواودا ژیان بەسەر دەبەن .
ھۆکارەگەلێکی جۆراوجۆر لە شێوەی ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئەم دوورگەیەدا بەدی دەکرێ کە دەتوانێ لە درێژە کێشانی تەمەنی ژیاندا کاریگەر بن . دانیشتوانی ئیکارایا تەنانەت بە بەراوەرد لەگەڵ باقی دانیشتوانی ناوچەی مەدیتەرانەدا ، بەرنامەی ئاسایی خواردنیان ، ماسی و سەوزەی زۆرە و کەڵک وەرگرتنی لە گۆشتیش بە رێژەیەکی کەم . لێرە لەھەر ١٠ نکەس کە تەمەنیان لە سەروو ٩٠ ساڵەوەیە ، شەش کەس لە باری جەستەییەوە چالاکە لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە لە ناوچەکانیتر دوو لە سەر دەیە ، واتە ٢ کەس لە ١٠ کەس .
دانیشتوانی دوورگەی ئیکاریا بۆ لێنانی چێشت ، پتر کەڵک لە رۆنی زەیتوون وەر دەگرن ، سەوزە و گیای کوێستانەکان بۆ خواردن و بەکارھێنانی پزیشکی لە داوێنی کێوەکان کۆدەکەنەوە و بەکاریان دێنن . زۆر لە بەساڵا چووەکان رۆژانە جۆرە چاییەکی کێوەی لەگەڵ سەوزەی وشکی وەک نەعنا ، گولە مریەم و بابۆنە لێ دەنێین و لەگەڵ ھەنگوێنی خۆماڵی دەیخۆنەوە . ستاماتیس پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ئەم جۆرە چایە ھەموو ئازارەکان لەناو دەما و دەرمانیان دەکا .
زۆر لەم سەوزە کێویانە لە ناوچە جیاجیاکانی جیھاندا وەک دەوا و دەرمانی گیایی بەکار دەبردرێن . ئەوان پڕن لە مادەی ( ئانتی ئاکسیدان) و ھەروەھا مادەیەکی تیایە کە یارمەتی دابەزینی پەستانی خوێن دەکا .
ھەر لەم کاتەدا لێکۆڵەران باوەریان وایە ھۆکار گەلیتریش ھەن کە یارمەتی درێژبوونەوەی تەمەنی دانیشتوانی ئەم دوورگەیە دەکا وەک رێژەی کەمی کێشانی جگەرە بە بەراوەرد لەگەڵ ناوچەکانیتر . زۆر لە خەڵک ئاگاداری خەوی دوانیوەرۆیی خۆیان دەبن کە خێرایی ژیانیان کەم دەکاتەوە .لەکاتێکیشدا کە ھەر کام لەوان بەرۆژانە لەگەڵ ھەڤاڵان و کەس و کاری خۆیان کۆ دەبنەوە و شەراب دەنۆشن و ژیان بەسەر دەبەن .
مانەوە لە کەنار کەس و کارو بنەماڵەی گەورەدا ، رۆڵی گرینگ لە ژیانی بەساڵا چووانا دەگێرێ و رێژەی خەمۆکی و دابەزینی ژیری لە نێوانیاندا کەم دەکاتەوە .
د. کریستینا کریسۆھۆ، پسپۆری دڵ لە زانکۆی ئەسینا لە لێکۆڵینەوەی تایبەت بە باسی تەمەندرێژی خەڵکی دوورگەکە دەڵێ :” ئەوانیش وەک ھەموو خەڵکی جیھان دوچاری نەخۆشییەکانی وەک ژێرپەنجە و گیر و گرفتی دڵ دەبەن ، بەڵام لەکاتێکی درێنگتردا.”
ئەو دەڵێ :” ئیکاریا دەرفەت ئەداتە دەستمان تا بەدواداچوونی بۆ بکەین و بزانین ھۆکاری ئەم بەھرانە چین کە لە ژیانی خەڵکی ئێردا بەدی دەکرێن . ناکرێ لە دەست ھێندێک نەخۆشی قوتار بین ، بەڵام ئەمان توانیویانە دۆخی باشی ژیانیان بۆ ساڵانێکی درێژ بپارێزن ، بۆ نموونە تەمەنی گونجاو بۆ نەخۆشیەکانی دڵ و ماسوولکەکان ٥٥ بۆ ٦٠ساڵە . کەچی لە ئیکاریادا ١٠ ساڵ زیاترە .”
بەرنامەی خوێندنەوەی داھاتووی زانکۆی ئەسینا بۆ ئەو باسە ، لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا دەکرێ ھۆکارگەلی زەوی ناسی وەک تیشکی سروشتی مادە کانزاییەکان بۆ نموونە ڕادیۆم کاریگەری لەسەر تووشبوونی مرۆڤ بە ژێرپەنجەوە ھەبێ ؟
ھەروەھا لێکۆڵینەوەیەکیتری ژنەتیکی ئێستا لەبەر دەست زانایانی ئەو بوارەدایە و کار لەسەر بەیەک گرتنی ژنەکانی لەدایک بووانی دانیشتوانی دوورگەکە لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە کۆچیان بۆ دوورگەکە کردووە ، دەکەن .
لە ھەمان کاتیشدا چاوپێکەوتن لەگەڵ بە بەساڵاداچووترینی دانیشتوانی دوورگەکە ، سەرنجی ئێوە بە لای تەمەنی درێژی ئەواندا ڕادەکێشێ . سەر سفرەی خواردنی ئێوارە پڕە لە خواردنی تایبەتی ئیکاریایی . ڤێلا ھاوسەری یۆرغۆس دەلێ کە ئەمە تەنیا بەرکۆڵێکی دەمەو عەسرانەی ساکارە و ھاوسەرە ١٠٢ ساڵەکەشی یۆرغۆس کاسیۆتیس ، کارتی پێناسەکەی دەر ئێنێ و ساڵی لە دایک بوونی کە ١٩١٠ی زایینییە ، پیشان ئەدات و باس لە بیرەوەریەکانی دەورانی گەنجییەتی دەکا .
بە دیواری ماڵەکەیانەوە ، وێنە گەلێکی ئەو لە ساڵی ١٩٣١ی زایینی و سەردەمێک کە ئەندامی سوارکارانی ئەرتەشی یۆنان بووە ، دەبیندرێ. لە سەردەمی شەری دووھەمی جیھانیدا لە وڵاتی ئالبانی لەگەڵ ئیتالیایەکان جەنگاوە و بەر لە خانەنشینی لە ساڵی ١٩٧٠ی زایینیش لە درووستکردنی یەکەم جادەی شوستەی دوورگەکەیاندا بەشداری کردووە .
یۆرغۆس کاسیۆتیس دەڵێ :” خواردنە ھەڵگیراوە ساردخانەییکان ناخۆم ، جگەرە ناکێشم و دووری لە دڵە راوکێی دەکەم . لە ھاتنی مردن نیگەران نیم. ھەموو دەزانین کە رۆژێک نۆبەمان دێ .”
وادیارە کە نەوەی نوێش نەریتەکانیان بە زیندوویی ڕاگرتووە . ئێمە ئێوارەیەکیتریش لە ماڵی نیکۆس کاراتسۆسی خاوەن ھوتێل کە نزیک بە ٥٠ ساڵ تەمەنی دەبێ، میوان بووین و زۆر لە دۆستان و ھاورێیانی سەردانیان دەکرد تا شتێک بخۆن و بخۆنەوە .
خەڵک پەیکی شەرابەکانیان پڕ دەکرد و پیاڵەکانیان لێک ئەدا. ئەو دەڵێ :” لێرە دیسکۆ و کلاپی شەوانەمان نییە ، بەڵام درگای ھوتێل داییم کراوەیە ، تەنانەت پێویست ناکا تەلەفوون بکەی بۆ ئەوەی ھەواڵی ھاتنت بدەی .”
گەنجەکان لە نێوان میزی خواردن و کۆمیۆتەرەکەیان داییم لە ھات و چۆ دان سەرقاڵی چات کردن لە فەیسبۆکن .
کاتێکی لە ستاماتیس مورایتیسی ٩٨ ساڵ ماڵاواییم دەکەین ، ئەو بەسەر پەیجەیەکەوە بوو لە کاتی چنینی زەیتوونەکان و بە پێکەنینەوە دەڵێ :” شادمانم کە ئێستاش دەتوانم ئەم کارە بکەم . بەم سەرەوە زیاتر ھەست بە سڵامەتی دەکەم .”
——————————————————————————————————
ئۆدیلۆس لە دایکبووی ١٩١٥ی زایینی لە ئیکاریایە
– دوای بریندار بوونی قۆڵی ، ڕادەکا بۆ تورکیا ، دواتر تا کاتی چاکبونەوەی دەچێتە بریتانیا و لە ساڵی ١٩٤٣دا دەرواتە وڵایتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا
– لەگەڵ ھاوسەرە یۆنانی- ئەمریکاییەکەی ئالیس ناسیاوی پەیا دەکا و دواتر لەگەڵ سێ منداڵیدا ، نیشتەجێی نیۆجێرسی و دواییش فڵۆریدا دەبێ .
– لە نیۆیۆرک نووسینگەیەکی دکۆراسیۆن دەکاتەوە و ئێستاش لە لایەن کورەکەیەوە سەرپەرشتی دەکرێ .
– لە دەیەی ١٩٦٠ی زایینی تووشی نەخۆشی ژێرپەنجەی سییەکان دەبێ و دوایی ئەوەی کە مانگ دەرفەتی ژیانیان پێدا، گەرایەوە ئیکاریای یۆنان .
– دەڵێ باوکی لە تەمەنی ١١٧ ساڵیدا مردووە
– ئاگاداری ٢٠٠ داری زەیتوون دەکا، رۆنی زەیتوون بەرھەم دێنێ و ساڵانەش ٧٠٠ لیتر شەرابی سوور دروست دەکا
ھاوسەرەکەی لە ژانویەی ٢٠١٢ی زایینی دوای ٦٨ساڵ ژیانی ھاوبەش لە تەمەنی ٨٤ساڵیدا کۆچی دوایی کرد .
– لە ئێستادا کریستۆفر کاتێکی زۆری لەگەڵدا بەسەردەبا و لە پێڕاگەیشتن بە زەیتوونەکان ، ھاوکاری دەکا .
ئاندرۆ بامفۆرد
بەشی فارسی بی بی سی، ئیکاریا- یۆنان
وەرگێرانی – رەشید ز