"an independent online kurdish website

پێشەکی : لە بەشی حەوتەم و هەشتەمدا باسی کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوان و تێکۆشەرانی کۆمەڵەم کرد لە ئۆردوگای ڕومادی کە سەر بە تیرە و تایفەکانی گۆران و قەڵخانی بوون.ali_qenberi1

لە درێژەی ئەو دوو بەشەدا باسی کۆمەڵێکی تر لە لایەنگرانی هەڵسووراو و تێکۆشەری ناوچەی قەڵخانی و گۆران لە هەمان ئۆردووگاه ئەکەم کە خۆم وەک نووسەری ئەم زەنجیرە باسانە کەم یان زۆر لە نزیکەوە شانازی هاوڕێیەتیم لە گەڵیاندا هەبووە. لە بەشەکانی داهاتووشدا یادێک لە هەڵسووراوان ولایەنگرانی کۆمەڵە لە ناو باقی تیرە و تایفەکانی دیکەی نیشتەجێی ئەو ئۆردووگایە ئەکەم.
لە بەشەکانی پێشووتردا کە لە ئارشیڤی ماڵپەڕەکانی پێشمەرگەکان، بروسکە و یارساندا هەڵگیراون باسی تیکۆشەران و لایەنگرانی کۆمەڵەم لە ناو تایفەی وەڵەوەیی و لە ناو مجەڕەدەکانیش  (زگورەدکان) بە وردی کردووە.

هاوڕێ مەنسووری یاری
کاک مەنسوورساڵی ١٩٨٨ کاتێک کە ماڵیان لە کوردستانە دەگوازرێتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی پێوەندی ئەکات بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە و وەک کەسێکی هەڵسووراو لە پێناوی ئامانجەکانی کۆمەلەدا خەبات ئەکات. ناوبراو کە  پێشتر لە باشووری کوردستان و لە کەمپی دەورە ژیا بوو پێوەندی لە گەڵ کۆمەڵە گرتبوو و هەر لە ئەو جێگەش بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی کۆمەڵە هەوڵی خۆی دابوو.
هاوڕێ مەنسوور لە ئەو ساڵانە  بە دواوە بوو بە کەسێکی دیار و خۆشەویستی ناو هاوڕێیانی کۆمەڵە و جێگە متمانەی خەڵکی ئەو ئۆردووگایە. لە ئیدارە کردنی کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەڵە دەوری کاریگەری هەبووە. لە چەندها مەراسم و کۆڕدا وەک بەڕێوەبەر و وتارخوێن ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە. لە گەڵ هاوڕێ عەزەمی قوبادیپووڕدا ماوەیەک ئەندامی کۆمیتەی وەرزشوانانی ئەو ئۆردووگایە بوون.
لە دوای ڕوخانی ڕژیمی بەعسی عێراق لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە، خانەوادەی کاک مەنسوور لە گەڵ سەدان بنەماڵەی پەنابەری دیکەی ئەو ئۆردووگایەدا دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان و لە کەمپی باریکە لە نزیک شارۆچکەی عەرەبەت نیشتەچی ئەبن. هاوڕێ مەنسوور بۆ ماوەیەک  لە کەمپی باریکە کە لە ٤٠٠ ماڵێک پێک هاتبوو وەک بەرپرسی ئەنجوومەن هەڵدەبژێرێت و لە ئەو بوارەشدا خزمەتی ئەو خەڵکە ئەکات. بە ئیبتکار و دڵسۆزی ناوبراو و کاک خالیدی عەلیپووڕ و کاک سۆرانی پاڵانی و چەند دڵسۆزێکی تری ئەو کەمپە، کتێبخانەیەک دەکرێتەوە و گەنجانی کەمپی باریکە ئیستەش لە ئەو کتیىخانە بە یەک ئەگەن و سوودی لێ وەەر ئەگرن.

کاک مەنسوور و کاک خالێدی عەلیپووڕ  تا ساڵی ٢٠٠٥ وەک دوو هەڵسووراوی کۆمەڵە لە کەمپی باریکە ئەمێننەوە و دواتر دەچنە ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و تا ساڵی٢٠١٢ درێژە بە ئەرکی پێشمەرگانەی خۆی ئەدات و وەک کادرێکی بە توانا و دڵسۆز ماندوو نەناسانە بە ئامانجەکانی کۆمەڵە خزمەت ئەکات. دوو سال پێش ئیستە خۆی دەگەیەنەتە وڵاتی فینلاند و پاش ماوەیەکی دور و درێژ کە لە چاوەڕوانی مانەوەدا،  لە ئەو وڵاتە پەنابەری وەر ئەگرێت. کاک مەنسوور توانی لە ناو ئاشنایان و دۆستان و کەس و کاری خۆیدا دەور و کاریگەری باش دابنێت. بۆ نموونە لە ژێر تەئسیر و کاریگەری ئەودا بووە کە کاک ئیرەج موحەمەدی و کاک ماهری یاری (کوڕی کاک مەنسوور) بە سیاسەتەکانی کۆمەڵە ئاشنا بن و ببنە پێشمەرگەی کۆمەڵە.
هاوڕێ مەنسوور ئیستەش وەک کادرێکی چالاک لە ڕیزی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستاندا خەبات ئەکات.
کاک مەنسوور لە ئەسڵدا خەڵکی ناوچەی قڵاواڕی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاوە کە لە ساڵەکانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ لە گەڵ خانەوادەکەیاندا ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون.
کاک مەنسوور یەکێک لە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەیە کە دەبی هەم کۆمەڵە و هەم دۆستان و هاوڕێیانی شانازی پێ بکەن. زەحمەت و ماندوو بوونی ناوبراو و خانەوادە بەڕێزەکەی بۆ هەتا هەتایە لە بیر ناکرێت و جێگای ڕێزن!

کاک بەرزو ئەحمەدی
کاک بەرزوو ئەحمەدی ساڵی ١٩٨٦ لە ئۆردووگای ڕۆمادی پێوەندی بە کۆمەڵەوە کرد و یەکێک لە لایەنگرە چالاک و بە توناکانی کۆمەلە لە ئەو ئۆردووگایە بوو. کاک بەرزو وەک مامۆستاش (معلم) بۆ ماوەی چەند ساڵ وانەی (دەرس) بە منداڵانی ناوچەکەی خۆیان لە ئۆردووگای ڕومادی ئەوتەوە. پاش ئەوەی کە هەر لە ئۆردووگاه بە باشی فێری زمانی ئینگلیزی بوو، ماوەیەکیش وەک وەرگێڕ (مترجم) لە لای کۆمیتەی سەلیب (کۆمیتەی خاچی سوور) کاری وەرگێڕی ئەکرد و دەورەیەکیش ئەندامی کۆمیتەی پەنابەرانی کەمپی ئەلتاش بووە.
ماڵی کاک بەرزوش هەر وەک ماڵی زۆر کەسی تری هاوڕێیان شوێنی  بە یەک گەیشتنی زۆربەی هاوڕێیان بوو. لە پێناوی ئامانجەکانی کۆمەڵەدا ئەم خانەوادە بەڕێزەش زۆر زەحمەتیان کێشاوە کە جێگای ڕێز و پێزانینە.
ماڵی هاوڕێ بەرزو ساڵی ١٩٩١ لە ڕیگای یوئینەوە دەنێردرێنە وڵاتی سوید و لە ئەم ولاتە پەنابەرییان پی ئەدرێت.
لە دوای جیابوونەوەی کومونیزمی کرێکاری لە کۆمەڵە و حکاوە کە دڵساردییەک رووی کردە زۆر کەس لە دۆستان و لایەنگرانی کۆمەلە، کاک بەرزوش کەم کەم لە کار و تێکۆشانی سیاسی خۆی بۆ کۆمەلە وازی هێنا.
لە ئەو ساڵانەی دواییەدا بە دانانی سایتی یارسان  و چالاکی لە ڕیزی ئەو بزاڤەیدا کە لێکۆڵینەوە لە سەر مێژوو و هویەتی کوردی یارسان ئەکەن، کاک بەرزو وەک کەسێکی دیار و بەرچاوی ناو ئەو کۆمەڵگایە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
کاک بەزو لە ئەسڵدا خەڵکی ناوچەی سەرپێڵی زەهاوە کە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون.

کاک حوسەین خەلیفە
کا حوسەین خەلیفە کە لە ئەسڵدا خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاوە، ساڵی ١٩٨٦ لە ئۆردووگای ڕومادی پێوەندی کرد بە لایەنگرانی کۆمەڵەوە و تا ساڵی ١٩٨٧ یان ١٩٨٨ کە چووە ولاتی نورویژ وەک لایەنگری کۆمەڵە تێدەکۆشا. ماوەیەکیش ئەندامی کۆمیتەی شۆرای پەنابەرانی کەمپی ئەلتاش بووە.
 بۆ ماوەی چەند ساڵێکیش لە وڵاتی نورویژ لە ئەو بۆنە و خۆپیشاندانانەدا کە کۆمەڵە ڕێکخەریان بوو، بەشدارییان کرد بوو.
کاک حوسەین لە ئەم ساڵانەی دواییەدا کە پێوەندی لە گەڵ کۆمەڵە کاڵ بووە، لە ناو بزاڤی کوردی یارسان لە دەرەوەی وڵاتدا یەکێک لە کەسە دیارەکانی ناو ئەو ڕەوتە بووە.
من تا ساڵی پاریش هەر لە گەڵ کاک حوسەین لە پێوەندیدا بووم و زۆر جار لە ئۆسلۆش گەیشتوومە خزمەتیان و زۆر باسی ڕابردوو و داهاتووشمان پێکەوە کردووە. خزمەتەکانی ئەم خانەوادە بەڕێزەش بۆ کۆمەڵە نابێت لە بیر بکرێت!

کاک موحەمەد علیمورادی

کاک موحەمەد علیمورادی کە لە ئەسڵدا خەڵکی شارستانی سەرپێڵی زەهاوە  بە پێی قسەی خۆی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لە دژی ڕژیمی پاشایەتی لە گەڵ سیاسەتەکانی سازمانی چریکە فیداییەکان ئاشنا ئەبێت. خانەوادەکەیان لە گەڵ هەزاران بنەماڵەی دیکەی ناوچەکە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئاوارەی ولاتی عێراق ئەبێت. کاک موحەمەد لە نێوان سالەکانی ١٣٦١، ١٣٦٢ ماوەیەک لە گەڵ جونبشی ئەهلی هەق ئەبێت و بۆ ماویەکیش پیوەندی بە حیزبی دیموکراتەوە ئەکات و دواتر لە گەڵ گوردانی داڵاهۆی کۆمەلە پێوەندی ئەگرێت و ئەبێتە پێشمەرگەی کۆمەڵە. پاش ئەوەی کە کۆمەڵە ناوچەی بەمۆ جێ ئەهێڵن، کاک موحەمەد ئەگەڕێتەوە بۆ ئۆردووگای دەورە  لە نزیک شاری کەلار و خانەقین. من و کاک موحەمەد لە ئۆردووگای ڕومادی خەباتی هابەشمان نەبووە. تەنیا یەک، دوو جار ناوبراوم لە ڕومادی بینیوە. هەر لە ئەو ناسینە کورتەدا بۆم دەرکەوت کە ناوبراو کەسیکی خوێندەوار و سیاسی و زانایە. وەها بزانم کاک موحەمەد دواتر لە ڕێگای تورکیەوە لە یەکێک لە سالەکانی ٩٠کانی زایینیەوە هاتووەتە وڵاتی نورویژ و تا ئەم ساڵانەی ئاخر لە ڕیزی کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێراندا مابووە. ئاخرین جار کە ناوبراوم بینی سالی ٢٠١٢ لە ئۆسلۆ لە ماڵی کاک قادر ئەلیاسی بوو. تا ئەو جێگەی لە بیرم بێت کاک موحەمەد ئەو کات لە بواری فیکرییەوە لایەنگری ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە بوو. هاوڕێ موحەمەد یەکێک لە ئەو کەسانەیە کەهەم توانای نووسینی باشی هەیە و هەم موبەلیغێکی بە توانایە!
کاک شاپووڕی یوسفی
هاوڕێ شاپووڕ یەکیک لە لایەنگرە دڵسۆزەکانی کۆمەڵەیە کە ساڵی ١٩٨٧ لە ئۆردووگای ڕومادی پێوەندی بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەلەوە گرت. ناوبراو تا ئەو کاتەی کە ئۆردووگای ڕومادی بە جێ هێشت چالاکانە لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەدا بەشداری ئەکرد. ئیستە پێموایە لە وڵاتی کانادایە و تا ئەو جێگەی من بزانم پێوەندی لە گەڵ هیچ کام لە لایەنەکانی کۆمەڵەدا نییە. زەحمەت و ماندوو بوونی ئەم هاوڕێ بەڕێزە و خانەوادە بەڕێزەکەیان دەبێ فەرامۆش نەکرێت!

کاک سیامەک یوسفی
هاوڕێ یوسف یەکێکی ترە لە ئەو لایەنگرە دڵسۆز و هەڵسوڕاوانەی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی کە ساڵی ١٩٨٧ پێوەندی بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە کرد. کاک سیامەک کە لە گەل کاک شاپووردا خزمی نزیکی یەکیش بوون توانییان لە ناوچەکەی خۆیان کاریگەری باش دابنێن و لاوان بەرەو سیاسەتەکانی کۆمەلە هان بدەن. لە دوای ڕوخاندنی ڕژیمی بەعسی عێراقەوە، ماڵی کاک سیامەک لە گەڵ سەدان بنەماڵەی دیکەی کەمپی ئەلتاش ئەگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان و ئیستە لە نزیک شاری کەلار ئەژین. تا ئەو جیگەی من بزانم کاک سیامەک ئیستە لە گەل کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدایە. لە ژێر کاریگەری ئەم دوو بەڕێزەدا (کاک سیامەک و کاک شاپووڕ) بوو کە بەشێک لە گەنجەکانی ئەو بنەماڵانە ڕوویان لە سیاسەتەکانی کۆمەڵە کرد. خزمەت و ماندوو بوونی ئەم هاوڕێ بەڕێزە و بنەماڵەکەیان جێگای ڕێز و پێزانینە و نابێت لە بیر بکرێت.

جێگەی خۆیەتی کە لە کۆتایی ئەم بەشەدا بە کورتیش بووە، ڕێز بگرم لە ئەرک و ماندوو بوون، دڵسۆزی و تێکۆشانی کۆمەڵێکی تر لە ئەو هاوڕێیانەی لایەنگری کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی، لە ناو مەردمی گۆران و قەڵخانی، کە پێکەوە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی کۆمەڵە هاو خەباتیمان کرد. هەر وەها ئەو کەسانەش کە لە دوای ئێمەمانانیش ئەو ڕێگەیەیان ئیدامە پێدا کە بە بە کورتی ئەم بەڕێزانە بوون:
١- هاوڕێ ئەحمەد مورادی، ئیستە دانیشتووی وڵاتی نورویژ و بێ لایەن. ٢- هاوڕێ جەلالی یاری، ئیستە لە وڵاتی سویدە و لایەنگری کۆمەڵە- سازمانی حیزبی کومونیستی ئێرانە ٣- هاوڕێ سەعدی جوانمیری، نیشتەجێی وڵاتی سویدە و بێ لایەن. ٤- مامۆستا عەزیز یوسفی، ئیستە لە کانادا، لایەنگری کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حکایە. ٥- تورج یاری، سوید، لە گەڵ کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حکایە.٦- مامۆستا برا عەزیز ئەسپەری،ئیستە لە کانادا، بێ لایەن. ٧- سەمین حاتەمی، ئیستە لە کانادا، بێ لایەن ٨- مامۆستا ئەمین حاتەمی، ئیستە لە سوید، بێ لایەن. ٩- غوڵام شەکەری، ئیستە لە بلژیک، بێ لایەن١٠- قوباد لە دانمارک، ١١- ج……. ١٢- ر. م ١٣- ع. م ١٤- ع. ئە ١٥- گولمورادی عەزیزی، پێشوتر پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات و ئیستە  دانیشتوی وڵاتی سوید کە لایەنگری کۆمەڵە- سازمانی حیزبی کومونیستی ئێرانە ١٦ – پ ١٧ برومەند  و……..
هەر وەها بە پێویستی ئەزانم ناوی ئەو کەسانەش بهێنم کە تا ئەو جێگەی کە من بزانم لە ناو مەردمی گۆران و قەڵخانی لە ئۆردووگای ڕۆمادی و لە ناوچەکەوە چوونەتە ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەوە. دڵنیام کە ئیستە کەسانێکم لە بیر ئەچێت کە ناویان بهێنم. هەر بۆیە داوا ئەکەم پێش لە چاپ دانی ئەم زەنجیرە وتارانە هەر کەس بۆچوونێکی لە سەر کەم و کورتی ئەم بابەتانەم هەیە ئاگادارم بکاتەوە کە بتوانێ یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ خزمەت کردن بە ئەم پرۆژەیە.
١- میرزا موراد مورادی ٢- حەیدەر ڕەزایی٣- ڕەزا موحەمەدی ٤ – بەشیر ئەمیرخانی ٥- موحەمەد عەلیمورادی ٦- یدی چراغی ٧- حەیدەر مورادی ٨ – قوباد موحەمەدی ٩- هوشمەت مورادی ١٠ – ر. م ١١- مەنسوور یاری ١٢- عەسکەر مورادی ١٣ – ب. م ١٤- گروهبان غوڵام ١٥ – سیامەک حاتەمی ١٦ – هەژار (عادل)  ١٧- هوشەنگ نیکبەخت ١٨- ماهر یاری ١٩ – موراد ٢٠ – ئیرجی موحەمەدی.
بێجگە لە ئەم کەسانەی کە لە سەرەوە باسم کردون، زۆر کەسی تر لە ناو تیرە و تایفەکانی تری ئۆردووگای ڕومادی و ناوچەکە هەبوون کە چوونەتە ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەوە کە لە بەشەکانی داهاتوودا یادیان لی ئەکەم.
بەم شێوەیە کۆتایی بە ئەم بەشەی ئەم زەنجیرە وتارە ئەهێنم. دڵنیام کە لە ئاستی فیداکاری و دڵسۆزی ئەو ئازیزانەدا کە ناویانم هێناوە زۆر لە ئەوە کەمترم باس کردووە کە شیاوی ئەوان بێت. هەر وەها ئەزانم کە خەڵکی تریشم لە بیر چووە کە هەر لە ئێرەوە داوای لێبوردنیان لی ئەکەم. هیوادارم کە هاوڕێیان لە تەکمیل کردنی کەم و کورتییەکانی ئەم نووسینانەمدا یارمەتیدەرم بن!
لە بەشی دەیەمدا باسی کۆمەڵێکی تر لە لایەنگران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی ئەکەم.

لە گەڵ ڕێزی دووبارەم

عەلی قەنبەری ٢٣ – ٤- ٢٠١٣ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی