به بیانووی رووداوه‌كه‌ی مه‌ریوان تا دره‌نگ نه‌بووه!
رووداوه‌كه‌ی مه‌ریوان بۆ رووید ا؟ رێژیم جارێكی دیكه ده‌یویست به كۆمه‌لگای كوردی چ بڵێ؟ داخۆ ئه‌و بێحورمەتییه به كه‌سایه‌تیی كورد كرا، یان ئامانج ورد و خاش كردنی پله و پایه و كه‌سایه‌تیی ئینسانی ژن بوو، یان هەردوکیان؟ له لایه‌كی تره‌وه هەڵوێستی كۆمەڵگای كوردی له ده‌روه‌وه و ژووره باش بوو یان خراپ؟ ئه‌رێ توانرا وڵامی ئه‌و ڕوودارییه‌ی ڕێژیم، وەک پێویست بوو بدرێته‌وه یان نه؟ چالاكان و حیزبه كوردییه‌كان دەوریان لەو رووداوەدا چۆن بوو؟ زۆر پرسیاری دیكه‌ش كه هه‌ق وایه به وردی باسیان لێوە بكرێ و، هەڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بكردرێ و شاره‌زایان به‌وردی شەنوكەویان بكه‌ن.
لێرەدا من بەكورتی و پووختی ده‌مه‌وێ سه‌رنج بۆ لایه‌كی دیكه‌ی مه‌سه‌له‌كه راكێشم كه پێم وایه له هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌گرینگتر و بنچینەییتره کە ئەویش ئه‌وه‌یه، ئه‌رێ به‌راستی ئه‌و ڕووداوه و، ڕوداوه‌كانی تری له‌و چه‌شنه و هه‌ڵوێستی ئازایانه و وشیارانه و ئه‌رك وەخۆگرانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، به بانگی به‌رز داوامان لێ ناكه‌ن كه هەڵوێسته‌یه‌ك بكەین و به‌خۆدا بچینه‌وه؟ به‌راست ئه‌و هه‌ڵوێست و بوێری و فیداكارییه خۆڕسكانه جەماورییانەی كوردستان پێمان ناڵێن زه‌مین و زه‌مان خه‌ڵكی كوردستان گۆڕاون و، ئێمەش ده‌بێ چاوه‌كانمان بشۆین و جۆرێكی دی له خه‌بات و بەربەرەکانی ره‌وا و هەقویستانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له رۆژهەڵاتی كوردستان بڕوانین؟
رووداوه‌كه‌ی شوانه‌ی سه‌ید قادر و ناڕه‌زایه‌تی به‌ربڵاوی خه‌ڵكی كوردستان به‌و بۆنه‌وه، داخستنی بازار و دوكانه‌كان له ساڵیادی شەهیدبوونی دكتور قاسملوو، یان یەكدەنگی و یه‌كگرتوویی كوردی له بۆنه‌ی شه‌هیدكرانی مامۆستا فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوڕێیانی، پێمان ناڵێن خه‌ڵكی كوردستان ئیدی خۆیان به بێ‌دیفاع نازانن و باوه‌ڕیان به توانایییهكانی خۆیان په‌یدا كردوه و، له ریزی یه‌كگرتوودا ده‌توانن له به‌رانبه‌ر ماف پێشێلكهرانیاندا راوه‌ستن. پێمان ناڵێن ئێستا ئیدی ئاستی خۆێندن، شاری بوون، وشیاری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی كوردستان گۆڕاوه؟
كورد سه‌ره‌ڕای هەموو هه‌وڵ و پیلانه‌كانی كۆماری ئیسلامی له جیهانێكی گولوبالیزهكراودا ده‌ژی و دەستی ده‌گاته ئه‌نترنێت و ماسمیدیا و له‌گه‌ڵ ژیانی مودێرن و كێشه و چاوەڕوانییهكانی ئاشنایه؟ نهورۆزهكانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی كه له‌نێو ئاپۆرای هه‌زاران كه‌سی به جلی ئاڵوواڵای شیرینی كوردی و، دامه‌زرانی ئه‌نجوومه‌نه ئه‌ده‌بییه‌كانی شاره‌كانی كوردستان، سەرەرای هەڕهشه و گوشاره‌كانی داموده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی رێژیم نامان هێننه سه‌ر ئه‌و باوەڕە كه، كۆمه‌ڵگای كوردی به‌تاك و بهكۆمه‌ڵ له خه‌م رەخساون و ئاماده‌ی مه‌یدانداری و ئه‌رك وهخۆگرین؟ خه‌ڵكی كوردستان رۆژانه له ده‌وروبه‌ری خۆیاندا شاهیدی داڕووخانی كۆشكه‌كانی سته‌من به دەستی خه‌ڵكی بێچهك و به‌باوه‌ڕ و مافخواز، دواتر ده‌بینن كه هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه به‌ئیراده و ماندوویی نه‌ناسانه ره‌نگڕێژی بۆ ده‌سه‌ڵاتی نوێتر و دیموكراتیكتر ده‌كه‌ن و ئیراده‌ی خۆیان ده‌سه‌پێنن. نه‌ته‌وه‌ی كورد دوای سه‌دان ساڵ بێبه‌شی و خۆێن و خەبات و کوشت‌وبڕ، وا ده‌بینن شوكر بەشێك له وڵاتی پارچه پارچه كراویان ئه‌وه بۆ چاره‌كه سەدەیەک ده‌چێ كه ڕزگاری بووه. به‌شێكی دیكه‌یش به میلیونان له ریزی یەكگرتوودا دێنه سەر خه‌یابان و دڵی ره‌شی دوژمنی سویندخواردوو ده‌له‌رزێنن و ناچاری ده‌كه‌ن دان به بوونیاندا بنێ. یان له رۆژئاوای كوردستاندا ،له مه‌حشه‌ری سورییه‌دا، هه‌ر نه‌بێ بوونه‌ته پارسەنگێکی سه‌نگین و له‌بوون و نه‌بوونی ئه‌سه‌د دا ئیدی ناكرێ باریان بگەڕێننهوه بۆ هه‌واری جاران.
هه‌موو ئه‌و فاكتورانه پێمان ده‌ڵێن حاڵ له چ باسه! دوكتۆر قاسملووی شەهید پێمان دەڵێ،” فاكتوری بنچینه‌یی و یهكلاكهره‌وه له خه‌باتدا، جه‌ماوه‌ری خەڵکە و فاكتورهكانی دیكه له باشترین حاڵه‌تدا ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن. “ واته تا بۆ خۆمان نه‌بین کەس ناتوانێ به هاوارمانه‌وه بێت و، باری لارمان بۆ راست كاته‌وه. بۆ ته‌كانێكی گه‌وره‌تر و بهههیبهتتر له‌م جووڵانه‌وه ئینسانی و دیموكراتیكهی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ،كه خاوه‌نی دەریایهك خۆێن و خه‌رمانێك شانازی و ده‌سكه‌وته، هه‌م ئه‌زموونه‌كانی ساڵانی خەباتی رابردوومان و هه‌م پێ گهیشتوویی و تێ گهیشتوویی ئێستای خه‌ڵكی كوردستان بەڕوونی پێمان ده‌ڵێن پێویسته چاوەڕوانی و ئیستراتیژی و تاكتیكه‌كانی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانی بگۆڕین.
نابێ كاری خه‌بات وبەربەرەکانی به ته‌نیا به بڕیاری سیاسی و ته‌شكیلاتی حیزبەکانمان بسپێرین و ئه‌وان بكه‌ین به چڵاكی تاوانی كه‌م توانایی و كه‌مته‌رخه‌میی خۆمان. لەبەر ئەوەی هه‌م ئه‌زموونی خۆمان و هه‌م ئه‌زموونی گه‌لانی دیش پێمان دەڵێن كه گه‌ڵانی وریا بۆ ویست و ئامانج و مافه‌كانیان حیزب و رێكخراوی جۆراوجۆری گەورە و چووكه ساز ده‌كه‌ن وزۆر جار پشتیان ده‌گرن و جار جاره‌ش لێیان تووڕه ده‌بن به‌ڵام، له هه‌ر حاڵ‌دا ئه‌وه ئه‌وانن كه ئه‌جیندا و رێڕه‌وی پراكتیك بۆ رێكخراوهكەیان دیاری ده‌كه‌ن و نومره‌ی باش و خراپیان ده‌ده‌نێ نه‌ك حیزبەکانیان.
به وته‌یه‌كی دی حیزب و رێكخراوه‌كان ئامرازی گهڵاڵهكردن و ده‌ربڕینی داوا و ویسته‌كانی خه‌ڵكن و خه‌ڵك پێكیان دێنن. بێ خۆنواندن و له مه‌یداندا بوونی خه‌ڵك حیزب و رێكخراوه‌كان هه‌م فه‌لسه‌فه‌ی بوونیان له‌ژێر پرسیاردایه و هه‌م ئامانجیان لێڵه. میژووی دوور و نزیكیش پێمان ده‌ڵێ بێ بوونی پشتگیری خه‌ڵك، حیزبەکان ناگه‌نه هیچ كوێ و بێ چاوه‌دێری وانیش حیزبه‌كان ده‌توانن ببنه مایه‌ی رۆژڕەشی و كاره‌سات بۆ گهڵانیان.
نموونەش له‌و باره‌وه ئه‌ونده زۆرن ره‌نگه دانه دانه باس كردنیان هه‌ر پێویست نه‌بێ. گه‌ر باوەڕ ناكه‌ی برۆ له ئاڵمان، ئیتالیا، بلۆكی سوسیالیستیی پێشوو وڵاتانی عه‌ره‌بیی دوێنێ و ئه‌مڕۆ و كۆنه عێراقی دهراوسێمان و هتد بپرسه. كه‌وایه بوونی خه‌ڵك له مه‌یداندا به بڕیاری مه‌نتق: هه‌م شه‌رتی لازمه و هەم كافی! بێ له مه‌یداندا بوونی خه‌ڵك خه‌بات ناتوانێ ته‌كانی گه‌وره بدات و گوڕ بگرێته‌وه، گه‌ر ئاڵوگۆڕێكیش بێته پێش هیچ زه‌مانه‌تێك نییه كه دەسهڵات و سیسته‌می داهاتوو لاق له‌به‌ر داواكانی كورد هەڵكێشێ. یان تەنانەت كێ دەتوانێ دڵنیا بێ کە، بێ خه‌ڵكێكی وریا و له سه‌ر هه‌ست و باوه‌ڕمه‌ند و به ئیراده‌ی خۆی، دەسه‌ڵاتی كوردیش ئه‌وه بێ كه كورد ده‌یان دەیەیە خه‌ونی ره‌نگاڵه‌ی پێوه ده‌بینێ.
ئه‌دی چ بكه‌ین خاسه؟ له فازی یەکەمدا، بژارده و رێكخراوه سیاسی و مەدەنییەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان له‌سه‌ریانه راستی ئه‌م گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و نەتەوەیییە بنهرهتییه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان به فه‌رمی بناسن. خوێندنهوه‌ی ورد و هه‌مه لایەنەی خۆیان به تێر و ته‌سه‌لی له‌و باره‌وه بڵاو بكه‌نه‌وه تا كۆمه‌ڵگای سیاسی -مەدەنی كوردستانیش بزانێ گوتاری زاڵی بزووتنه‌وه‌ی كورد چییه و، به‌پێی ئه‌زموونی خەباتی كورد و گه‌لانی خه‌باتكاری جیهان به‌گشتی و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌تایبه‌ت، نیاز و پێداویستییەکانی ئه‌م خه‌باته دابین بكه‌ن. له فازی دووه‌مدا، دوای به فه‌رمی ناسینی راستەقینەی گۆرانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان هه‌وڵ بدرێت به ستراتیژی و تاكتیكی خەباتكارانه، ئه‌م سه‌رمایه مرۆیی و پوتانسییەله مەزن و تاقی نه‌كراوه له گۆرەپانی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانیی رۆژانه‌ی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی كوردستاندا وهكار بخرێ. به تاقیكاری په‌یتا په‌یتا له مه‌یدانه جۆراوجۆره كۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كاندا، ماسۆڵكه كز و ساواكانی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان رابهێنرێن و په‌روه‌رده بكرێن بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی گەورەتر و، هه‌ڵگرتنی باری گرانتری داهاتووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتیكی كورد له بەرانبه‌ر دوژمنانی‌دا.
یانی چی، چۆن؟ كه‌متر كه‌سێك له كوردستاندا ده‌ژی و نه‌زانێ بارودۆخی كوردستان چەندە له بێبەشی و دواكهوتووییدا راگیراوه. چۆن رێژیم هه‌ر له دوای شۆڕشیئیسلامییهوه به پیلانی جۆراوجۆر بۆ پاكتاو كردنی كورد و به جەههنم كردنی كوردستان كاری كردوه. دوژمنیش باش ده‌زانێ كه كوردستان هه‌ر ماوه و كوردیش هه‌ر به پێوه‌یه و چۆكی دانه‌داوه. به‌و حاڵه‌ش كوردستانیش وه‌ك هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی زیندوو خاوه‌نی پێداویستییه‌كانی ژیانه و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه خاوه‌نی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردییه و خه‌بات بۆ به فه‌رمی ناسرانی ئه‌م ناسنامه‌یه له فۆرمه سیاسی حقوقییهكهیدا دەکات و، ساڵانێكی دوور و درێژیشه فیداكاری و گیانبازی له‌پێناویدا کردووەتە پیشه.
به‌لام ئه‌وه هیچ له‌و راستییه ناگۆڕێ كه كۆمه‌ڵگای كوردی وه‌ك هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی تری مرۆیی له گرووپ و ناسنامه‌ی دیكه‌ی کۆمەڵایەتی، ئابووری، پیشه‌یی، كلتوری و جینسیش پێك هاتووه. ئه‌م گرووپ و ههویهتانه هه‌م نیاز و داوای كاتی و رۆژانه‌یان هه‌یه، هه‌میش ویست و ئامانجی درێژخایه‌ن. ئه‌م پێداویستیانه ماییه‌ی دانووستانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكن له‌گه‌ڵ حاكمیه‌تی زاڵ به‌سه‌ر كوردستاندا. له‌به‌ر دژی گه‌لی بوون و دژی كورد بوونی نێوه‌رۆكی رێژیمی حاكم، زۆربه‌ی داوا ره‌واكانی ئه‌م توێژ و گرووپانه به كه‌م یان هه‌ر به هیچ ده‌گیرێن. لێردایە كه كاری حیزب و رێكخراوه مه‌ده‌نی و بژادهی كۆمه‌ڵ ده‌ست پێ ده‌كات. لێره‌دایه كه دەبێ هەموو وهزهكان بخه‌ینه سه‌ر وشیاری دانی ناسنامه‌یی به‌و گرووپانه و، ئاشنا كردنیان له‌گه‌ڵ مافه‌كانیان و سازماندانیان له‌چوارچێوه‌ی پێكهاته چووكه، چووكهكاندا.
له قۆناغی سه‌ره‌تادا هان بدرێن بۆ گهڵالهكردنی داوا رۆژانهكانیان با له چوارچێوه‌ی یاسا ته‌سك و دژهگهلییهكانی رێژیمشدا بن. ئه‌م جموجوڵانه هه‌ر پێشكهوتنێكیان ده‌بێته ده‌سكه‌وت، هه‌ر هه‌نگاوێك رێژیم ناچار به پاشەکشە بكا خه‌ڵك ده‌سكه‌وتی ده‌بێ و، خه‌ڵك ورەیان به‌رزتر ده‌بێته‌وه و، ده‌زانن كه بیروكەی ئه‌م بزووتنه‌وه له هه‌رحاڵدا له بەرژەندی ئه‌واندایه و، به‌م شێوه ئاستی باوەڕ په‌یدا كردن بهتوانایییهكانیان پتر و پتر گه‌شه ده‌كات. گه‌ر وڵامی ناش به داواكانیان بدرێته‌وه، ئه‌وه له‌لایه‌كه‌وه هه‌نگاوی بهكردهوهیان ناوه‌ته مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌كانی و، له لای دیكه‌شه‌وه ئەزموونی چالاكی تیمییان په‌یدا كردوه و له كۆتاییدا ده‌بنه خاوه‌نی ئاگاهی و وشیاری کۆمەڵایەتی_سیاسی و خەباتکارانەی پتر بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه لەگەڵ رێژیم‌دا. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م شێوازه‌ی سازمان دان و بهربهرهكانییه له درێژخایه‌ندا باری بزووتنه‌وه‌ی كورد ده‌باته هەوارێكی تر و، دەیکاتە خاوەنی پوتانسییەلێكی فره و ریشهدارتری كۆمەڵایەتی و سیاسی. ئه‌م هێز و ئەزموونه و ده‌سكه‌وتانه؛ ده‌بنه بنماییهی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری به‌هێز كه چارەنووسی جووڵانه‌وه‌ی میللی دیموكراتیكی كورد بۆ هه‌میشه ده‌گۆڕن.
ره‌نگه هه‌بن كه‌سانێك بڵێن ئه‌مه هه‌ر قسه‌ی جوان و خه‌یاڵه و، كه‌سیش به خه‌یاڵ نەبووه به ماڵ. به‌ڵام ئه‌زموونی گه‌لانی دی، ده‌سكه‌وته مه‌زنه‌كانی مرۆڤایه‌تی، گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگای خۆمان و جیهان پێمان ده‌ڵێن ئه‌مه ته‌نیا رێگای گه‌یشتن به ئامانجهكانمانه، له ئێستای خه‌باتی كورد له رۆژهەڵاتی كوردستاندا.
شۆرشی خه‌ڵكی هیندوستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی له دژی بریتانیا، بزووتنهوهیمەدهنی ره‌شه‌كانی ئا‌مریكا، خه‌باتی جه‌ماوه‌ری دژی ئاپارتاید، بزووتنه‌وه‌ی هاوپەپوهندی پۆڵه‌ند، تێك قرماندنی كۆشكه‌كانی سته‌می بلۆكی به‌ناو سوسیالیست، ده‌رپه‌ڕاندنی پینوشه له شیلی و ئێستای خهباته‌جەماورییەكانی جیهانی عەرەبی هه‌موو پێمان ده‌ڵێن. خه‌بات بۆ ئامانج و داواكانی خه‌ڵك به ته‌نیا كاری بژاردە و حیزبه‌كان نییه. به‌ڵكو وه‌ك چۆن ئامانج و داواكان هی هه‌موو خه‌ڵكن ده‌بێ خه‌بات بۆ به دەست هێنانیشیان هه‌ر به به‌شداری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بێت. ئه‌م شێوه له خه‌بات به زۆر هۆی دیكه هه‌م ده‌توانێ له درێژخایه‌ندا سه‌ركه‌وتن ده‌سته‌به‌ر بكات و ههمدەتوانێ ببێته هه‌وێن و زه‌مانه‌تی دیموكراتیك بوون و ئینسانی‌تر بوونی سیستمی سیاسی_مه‌ده‌نی داهاتووی كوردستان.
زۆر به‌كورتی ئه‌م خۆێندنه‌وه پێ وایه، كۆمه‌ڵگای كوردستان گۆڕاوه و ئێستا خاوه‌نی پوتانسییەلێكی جه‌ماوه‌ری وریا و ناڕهازییه. جیهان و ناوچه و كوردستانیش ئاماده‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌رییه. ئه‌م شێوه خه‌باته به حوكمی مێژوو و مه‌نتقی خه‌بات، هه‌م كه‌م تێچووتره و هه‌م شانسی سه‌ركه‌وتنی زۆرتره، بۆیه له‌سه‌ر تێكۆشه‌رانی سیاسی_مه‌ده‌نی و ئیلیتی چالاكی كورده كه بیر له‌م گۆرانكارییه بكه‌نه‌وه و به‌وردی خوێندنه‌وەی بۆ بكه‌ن. من دەزانم ئه‌م بابه‌ته زۆر هه‌ڵده‌گرێ و هیچ ئیدعاییهكم له شارەزابوون تێدا نییه به‌ڵام، به ورووژاندنی ئه‌م باسه داوای دڵسۆزانه‌م له تێكۆشه‌ران و چالاكانی سیاسی_مه‌ده‌نی كوردستانه کە ئه‌م باسه به هێند بگرن و ده‌رگای دیالۆگی ژیرانه و دڵسۆزانه‌ی له‌سه‌ر بكه‌نه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داهاتووی نەتەوهكهمان له‌و به‌شه‌ی كوردستان به‌م باسانه‌وه گرێدراوه. بەو هیوایه.