ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکێک لەو ناوچە گرینگانەی دونیایە کە لە مێژووی چەند سەد ساڵەی دا هەمیشە مەیدانی ململانێی بەشێک لە ڕووداوە جیهانیەکان بووە.
لەلایەک وڵاتانی زل هێزی دەرەوەی ڕۆژهەڵات کە بە دوای بەرژەوەندیەکانیان بوون لەم ناوچەیە ، و لە لایەکی تر وڵاتانی ناوخۆی ڕۆژهەڵات. وڵاتانی زل هێز کە لە دونیادا کاریگەری و نفووزی بەرینیان هەیە و بەرژەوەندییە کانیان لە سەر ئەساسی پلانی ستراتیژیک جێ بە جێ دەکەن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە هەمان شێواز ستراتیژیەکانیان جێ بە جێ کردووەو دە یکەن.
ناکۆکی وئاڵۆزی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان دەسەڵات و حکوومەتەکان کار ئاسانی زۆری بۆ دەست تێوەردانە دەرەکیەکان کردووە تا بەرژەوەندییەکانیان لەم ناوچەیە بەدەست بێنن. کوردیش کە بە سەر سەرەکی ترین دەسەڵاتەکانی ئەم هەرێمە دا دابەش کراوە،هەمیشە قوربانیی سات و سەودای ڕووداوەکان بووە لە بەینی وڵاتانی ناوچەکە.
دەبێ بڵێین کورد بۆخۆی زیاتر خەتابار بووە تا دوژمنان وداگیر کەرانی. چوونکی لە درێژەی چەند سەدە خەبات دا زۆرجار توانیویەتی سەربەخۆ بێ وحکوومەتی هەبێ، دەی توانی وەک وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە گەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان خۆ بگونجێنێت و سەربەخۆیی کوردستان وەک وڵاتانی دیکە بپارێزێ. تەنانەت ئەو کاتەی کە وەک دابەش کردنی کوردستان لە مێژوودا ناسراوە وهەمیشە ناوی لێ دەبەین کەڵک وەربگرن و سەربەخۆیی کوردستان وەک وڵاتێک گەشە پێ بدەن وبە ئاکامی بگەیەنن. هەر چۆن دوای سەر کەوتنی تورکەکان بە سەر ئێرانیەکان، لەلایەن دەسەڵاتی تورکەکانەوە ناوچەیەکی بەرین لە کوردستان بە سەر شازدە هەرێمی میرنشینی کوردی دا دابەش کرا ، دراوی خۆیان هەبوو تەنانەت ماڵیاتیشیان بە حکوومەتی تورکەکان نەدەدا. هەر چەند ئەمە پیلان بوو بۆ تیکە پارچە کردنی کوردستانی گەورە، بەڵام لە راستی دا ١٦ شازدە حکوومەتی بچووکی کوردی بوو. ئەگەر بە باشی کەڵکیان لەم دەرفەتە وەرگرتبا ڕەنگە ئێستا لە ناوچەکە کوردیش وەک وڵاتانی تر وڵاتی سەربەخۆی هەبوایە.
مەبەست لەم نووسینە باس لەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوو مێژووی کوردستان نییە، تەنیا ئاورێک لە ڕەوشی سیاسیی ئیستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە کورد چۆن بتوانێ کەڵکی لێ وەر بگرێ و ڕۆڵی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا بگێڕێ.
ئێستا کورد بە گشتی لە هەموو پارچەکانی کوردستان هوشیارترو وریاترە لە هەمووکات. هەموو بەشەکان حیزب و ڕیکخراوی سیاسیان هەیە کە ئەتوانن نۆێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکەن. بیری نەتەوایەتی زیاتر لە جاران لە بیری تەسکی حیزبایەتی هەست پێ دەکرێ لە نێو حیزب و ڕێکخراوەکان. ئەگەر پێشتر ڕاستەوخۆ ، یان ناڕاستەوخۆ لە بەر هەلومەرجی ناوچەکە و بەرژەوەندی حیزبی زۆر جار ڕێگاخۆشکەر و خزمەتکار بوون بۆ سەرکەوتنەکانی وڵاتانی داگیر کەر، بەسەر ئەزموون و سەر کەوتنەکانی کوردستان بە گشتی، ئێستا ئەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە تەجروبەکانی ڕابردوو و دەرس وەرگرتن لە لایەنە پۆزتیڤ و نیگەتیڤەکانی، مەسەلەی نەتەوایەتی بکەنە ستراتیژیی سیاسی خۆیان بۆ وەدەست هێنانی دەسکەوتی زیاتر لەو ئاڵوگۆڕو ڕەوتی دیمۆکراسیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشکەوتن دایە.