"an independent online kurdish website

پێشەکی : لە سێ بەشی ئاخری ئەم زەنجیرە نووسینەدا باسێکی کورتم لە سەر هاوڕێیانی هەڵسووڕاو و لایەنگری کۆمەڵە لە ناو تیرە و تایفەکانی گۆران و قەلخانی لە ئۆردووگای ڕومادی کرد.ali_qenberi1

لە کۆتایی بەشی پێشوودا (بەشی نۆهەم) باسی ٢٠ کەس لە ئەو گەنجە شۆڕشگێڕانەی ئەو ناوچەیەم کرد کە چووبوونە ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەوە و هەر کام بۆ ماوەیەک  چەکی پێشمەرگایەتییان لە شان کرد بوو.

 هەر وەها ناوی بەڕێزان نەسیم مورادی و ئەکبەر میرزاییشم  لە بیر چوو بوو کە چەند ساڵێک لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا خەباتیان کردووە و ئیستەش لە دەرەوەی وڵات ئەژین و ئەندام و لایەنگری ئەو حیزبەن.
کاک میرزا موحەمەدیش بۆ ماوەیەکی کورت لە یەکێک لە ساڵەکانی نەوەکانی زایینییەوە  پێشمەرگایەتی کردووە.
 بەم جۆرە تا ئێستە کە بە بیری من هاتبێتەوە و یان هاوڕێیان وە بیری منیان خست بێتەوە ژمارەی ئەو کەسانەی کە سەر بە ناوچەی گۆران و قەڵخانین و بە زۆری لە ئۆردووگای ڕومادییەوە  ڕۆیشتوونەتەوە بۆ کوردستان و چوونەتە ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەوە، گەیشتووەتە ٢٣ کەس. 

لە دەست پێکی ئەم بەشەدا باسی کۆمەڵێکی تر لە گەنجانی شۆڕشگێڕێ  پەنابەر لە ئۆردووگای ڕومادی ئەکەم کە لە دەرفەتە جیاوازەکاندا چوونەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە و هەر کامەیان بۆ ماوەیەک چەکی پێشمەرگایەتییان لە شان کردووە. دوای ناساندنی ئەو بەڕێزانەش هەوڵ ئەدەم یادێک بکەم لە کۆمەڵێکی تر لە لایەنگران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ناو باقی پەنابەرانی نیشتەجێ لە ئۆردووگای ڕومادی کە هەر کامەیان لە شوێنی خۆیاندا کاریگەری باشیان هەبووە.

 لە ناو ئەو پەنابەرانەی کە خەڵکی سەرقڵا و سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانی بوون و بە زۆری لە ئۆردووگای ڕومادی لایەنگر و چالاکی کۆمەڵە بوون و گەڕابوونەوە بۆ کوردستان، ئەم هاوڕێیانەیان بوونەتە پێشمەرگەی کۆمەڵە: .
١ –  ئەنوەر موحەمەدی  ٢ – جەلیل عەلیپووڕ ٣ – ئەکبەر قەنبەری ٤ – خالید عەلیپووڕ ٥ – ئەمجەد عەلیپووڕ ٦ – ئیسمائیل موحەمەدی (لە ناوخۆوە هاتووە) ٧ – هۆشیار وەیسی  ٨ – فواد عەلیپووڕ ٩ – فەرهاد حەدادی ١٠ سۆران پ ١١ – موحەمەد موحەمەدی.
 هەر وەها ئەم هاوڕێیانەش کە لە ئەسڵدا خەڵکی شوێنەکانی تری سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانین و زۆربەیان لە ئۆردووگای ڕومادییەوە گەڕا بوونەوە بۆ کوردستان، چەکی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەیان لە شان کردووە کە برتین لە:
١٢ – م. س. عەبدوڵڵهی ١٣ – مەحسین قوبادیپووڕ ١٤ – عەزەم قوبادیپووڕ ١٥ – موحەمەد سەعیدی ١٦ – ئەنوەر سوهرابی  ١٤ – خ. پ خەڵکی ناوچەی سەرپێڵی  زەهاو ١٥ –  کشتمند عەباسی خەڵکی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو (ساڵی ١٩٩١ لە سەر ڕێگای سلێمای-  زڕگوێز لە کردەوەیەکی تروریستیدا شەهید کرا) ١٦ – جەلیل ڕەزایی خەڵکی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو ١٧ – عوسمان ئەسپەری، خەڵکی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو. ١٨-ج. س. خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانی ١٩ – حەبیب قادری خەڵکی ناوچەی باوەجانی ( لە ناوخۆوە هاتووە) ٢٠ – ج. م. خەڵکی سەرقڵا   

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە لە ئەو ٢٠ کەسەی ناو مەردمی گوران و قەڵخانی کە لە بەشی نۆهەمدا باسم کردوون کە بوونەتە پێشمەرگەی کۆمەڵە، بێجگە لە یەک، دوو کەسێکیان نەبێت کە سەر بە شارستانی داڵاهۆن، هەموویان سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاون کە بە زۆری لە ئۆردووگای ڕومادی بە سیاسەتەکانی کۆمەڵە ئاشنایەتییان پەیدا کردووە.
هەر وەها کاک میرزا و کاک نەسیم و کاک ئەکبەریش کە لە ئەم بەشەدا ناویانم هێناوە.

 لە کۆی ئەم ٤١ کەسە کە لە ئەم دوو بەشەدا (بەشی ٩ و ١٠) ناویانم هێناوە، نزیک بە ٢٠ کەسیان پێش لە جیا بوونەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە حیزبی کومونیستی ئێران و سازمانی کوردستانی ئەو حیزبە (کۆمەڵە) لە کات و دەرفەتە جیاوازەکاندا بوونەتە پێشمەرگە و یان وازیان لە پێشمەرگایەتی هێناوە و چوونەتەوە ماڵی خۆیان.
(ئەو جیا بوونەوەیە ئاگوستی ساڵی ٢٠٠٠ ڕویداوە).
باقی ئەو ٢٠ کەسەکەی دیکە یان لە کاتی جیا بوونەوەکەدا لە گەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ڕۆیشتوون و یان دواتر هاتوونەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی ئەو لایەنەوە.
 ئەوەی کە جێگای باسە کە لە  ساڵی ٢٠٠٠زایینی بە دواوە چی لە ناو ئەوانەی کە لە ئۆردووگای ڕومادییەوە گەڕانەوە بۆ کوردستان (کە پێشتر ناویانم هێناوە) و چی  ئەوانەی کە لە ناوخۆی کوردستانەوە هاتبوون بۆ پێشمەرگایەتی و خەڵکی ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی، جوانڕٶ، سەرپێڵی زەهاو و داڵاهۆ، کرماشان، ئیلام و لوڕستان بوون بە زۆری ڕوویان لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کردووە. بۆ نموونە:
موحەمەد لەک و حەمید لە لوڕستان، ئەمیر لە ئیلام، فازڵ، حەمزە، کیاڕەش، زەردەشت، موراد، شاهۆ و شەیدا لە شاری کرماشان، بارام لە ڕەوانسەر، حەبیب و ن (تریفە) لە سەلاسی باوەجانی.
 هەر ئێستەش چەند گەنجی تری ئەو ناوچانە لە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕن کە بریتین لە: ١-  داود خەڵکی کرماشان ٢ – ئایەت خەڵکی ڕەوانسەر ٣– یوسف خەڵکی نورئاوای لوڕستان و ٤ – بەهزاد خەڵکی کۆهدەشتی لوڕستان.
دڵنیاشم کە ئێستە لە لای لایەنەکانی دیکەش (بە تایبەت ئەو لایەنانەی کە بە ناوی کۆمەڵەوە دەناسرێن) خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان هەن کە چی وەک پێشمەرگە و چی وەک ئەندام و لایەنگر چالاکی دەنوێنن.
من لە داهاتوودا هەوڵ ئەدەم کە پێوەندی بە ئەو لایەنانەشەوە بکەم و ئەم زانیارییانەم تەکمیل تر و ڕێک و پێک تر بکەم. ئەوەی کە زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچانە ڕوویان لە کۆمەڵە کردووە بەشێکی هەڵبژارەی سیاسی ئەو کەسانەیە و بەشیكی گرنگتری (بە بڕوای من) بوونی چەندها کادری ناسراوی ئەو ناوچەیە کە لە ڕیزی ئەو لایەنەدان. بۆ نموونە بوونی کەسانی وەک کاک ئەنوەر موحەمەدی، کاک خالید عەلیپوڕ، کاک مەنسووری یاری، کاک عەزەم قوبادیپوور و کاک جەلیل عەلیپوور و کەسانی دیکەشە کە بۆ خەڵکی ناوچەکە ناسراون.
 دیارە لە ئەم دوو،سێ ساڵی دواییەشدا کەسانی ناسراو و جێگە و پێگەداری دیکەی ناوچەکەمان هاتوونەتە ڕیزی ئەم هاوڕێیانەوە کە جێگەی هیوان بۆ دواڕۆژی کۆمەڵگاکەمان.

دیسان جێگای ئاماژە پێ کردنە کە لە ناو ئەو کەسانەی کە لە ئۆردووگای ڕومادییەوە بە سیاسەتی کۆمەڵە ئاشنا بوون و دواتر چوونە ڕیزی پێشمەرگایەتییەوە  تا ئێستە چەند کادری پلە بەرزیان لێ هەڵکەوتووە کە بریتین لە هاوڕێ ئەنوەر موحەمەدی، تا پلەی کۆمیتەی ناوەندی لە ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، هاوڕێ خالید عەلیپوور تا پلەی کۆمیتەی ناوەندی لە ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و هاوڕێ جەلیل عەلیپووڕ تا پلەی کۆمیتەی ناوەندی لە ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا ڕۆیشتوون. هەر وەها هاوڕێیان عەسکەر مورادی لە ناو کۆمەڵەی سەر بە حیزبی کومونیست (پێش لە ساڵی ٢٠٠٠) و مەنسووری یاریش لە ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ تا پلەی کادری پلە بەرز ڕویشتوون کە هەر کامەیان لە کات و دەرفەتی جیاوازدا  لە ناو ئورگانە جیاوازەکانی کۆمەڵەدا ئەرکیان پێ سپێردراوە و بەرپرسایەتییان هەبووە. هەر وەها لە حاڵی حازردا هاوڕی جەلیل ڕەزایی وەک کادرێکی چالاک لە بەشی پەزیرشی پێشمەرگایەتی بەرپرسیاریەتی هەیە.
چەند کەسیتری ناوچەکەمان لە ڕۆژهەڵات تی ڤی وەک کادر کار ئەکەن.

بێجگە لە ئەم ٥٠، ٦٠ کەسە کە خەڵکی ناوچەکەی ئێمەن و زۆربەیان لە ڕومادییەوە لە گەڵ کۆمەڵە ئاشنا بوون، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٥ بە دواوە دەیان کەسی تری ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە وەک پەنابەر سەریان لە ئۆردووگای رومادییەوە هەڵ ئەهێنا، لە لایەن ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە نێردرا بوونەوە  بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە کە بە داخەوە ناوی زۆربەیانم لە بیر نەماوە. بەشیک لە ئەو کەسانە ڕاستەو خۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئەهاتن بۆ نێو کۆمەڵە، بەڵام لە سەر سنوورەکان ئەکەوتنە دەستی هێزە چەکدارەکانی عێراق و وەک پەنابەر خۆیانیان ئەناساند. دوای ماوەیەک لە زیندانی تەسفیرات (زیندانی کاتی بۆ لێپرسینەوە) مانەوە، ئەو کەسانە ئەهێنرانە ئۆردووگای ڕومادی.
 بەشێکی تر لە ئەو کەسانە، گەنجانێک بوون کە لە بەر بەشداری نەکردن لە شەڕی ئێران – عێراق هەڵئەهاتن و خۆیان ئەگەیاندە ئەو ئۆردوگایە کە لە ئەوێنەوە بتوانن لە ڕێگەی سەلیبی سوور (خاچی سوور) یان یوئینەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتی سێیەم. بەشیکی تر کەسانێک بوون کە لە حیزبەکان (حیزبە کانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و یان ئێران) دادەنیشتن و ئەهاتنە ئۆردوگای ڕومادی بۆ دەرباز بوون بەرەو وڵاتی سێیەم.
لە ناو ئەو خەڵکانەدا هەر وەک پێشووتر باسم کرد، کۆمەڵێکیان ئەگەڕانەوە بۆ ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و لایەنەکانی دیکەش.
 لە  ساڵی ١٩٨٨ بە دواوە لە بەر هۆکاری ئەمنیەتی کە لە ئاکامی چەند ڕووداوی نەخوازراو لە ناو ڕێکخراوی کۆمەڵەدا هاتنە ئاراوە، وەرگرتنی پێشمەرگایەتی یەکجار سەخت و دژوار کرا بوو. ئەو ڕووداوانە کە بریتی بوون لە شەهید بوونی ٧٢ پێشمەرگەی گوردانی شوان لە نزیک ڕووباری سیروان، شەهید بوونی هاوڕێ دوکتور جەعفەری شەفیعی لە ڕووداوێکی گوماناوی لە گەڵ زیلێکی ئەرتەشی عێراق لە ناو خاکی عێراق، بومبارانی شیمیایی ئۆردووگای بۆتێ (لە نزیک شاری ڕانیە) لە لایەن فڕۆکەکانی ڕژیمی بەعسی عێراقەوە کە بووە هۆی شەهید بوونی زیاتر لە ٢٠ کادر و پێشمەرگەی کۆمەڵە و بریندار کردنی دەیانی تر  و هەر وەها شەهید بوونی هاوڕێ سدیقی کەمانگەر لە لایەن کەسێکی خایەنەوە.
 هەمووی ئەمانە و دواتریش کۆتایی هاتنی شەڕی ٨ ساڵەی عێران- ئێران و ئاستەنگ درووست کردنی دەوڵەتی عێراق لە بەر دەم خەباتی چەکداری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەر وەهاش سەرهەڵدانی کێشە نێوخۆییەکانی ناو تەشکیلاتی کۆمەلە و حیزبی کومونیست (سەرهەڵدانی بیر و بۆچوونی کومونیزمی کرێکاری)، هۆکار بوون بۆ ئەوەی کە بەشێک لە ئەو گەنجانەی کە بە هەزار زەحمەت ئامادەمان ئەکردن بۆ پەیوەست بوونیان بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، پێش لە گەیشتنیان بە فێرگە وەر نەگیرین و هەر کامە و بە لایەکدا بڕۆن.
 لە بیرمە لە نێوان پاییز  یان زستانی ١٩٨٨ بوو، بۆ سەردانی ئەکبەر قەنبەری کە لە فێرگەی سیاسی- نیزامی کۆمەڵە لە گوندی چنارە بوو، سەردانێکی ئەو ئۆردووگایەم کرد. ئەو کات کاک هاشم ڕەزایی بەرپرسی ئامووزشگاە (فێرگە) بوو.
 یەک، دوو ڕۆژێک لە ئۆردووگا مامەوە. هەر لە ئەو یەک، دوو ڕۆژەی کە لە چنارە بووم، چاوم بە کەسێک کەوت کە مانگی پێشووتر لە ڕومادییەوە نارد بوومانەوە بۆ پێشمەرگایەتی.
 ئەو کەسەی کە باسی ئەکەم کوڕێکی کەڵەگەتی باڵابەرز و خەڵکی ناوچەی ورمێ بوو. ناوبراو پێش لە ئەوەی بێتە ئۆردووگای ڕومادی پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بوو. لە ئۆردووگای ڕومادی لە ئەو پەڕی نهێنی کاریدا و زۆر بە خۆپارێزییەوە پێوەندی بە ئێمەوە  کرد. تا ئەو ڕۆژەی ناردمانەوە بۆ پێشمەرگایەتی نەمان هێشت کەس شکی پێ بخات وکێشەی بۆ درووست بکەن. لە ئۆردووگای چنارە  کە بینیمەوە زۆر خۆشحاڵ  بووم. دوای چاک و چۆنی وتی هەر چی ئەکەم نامکەن بە پێشمەرگە و هەر چی هاوار و داد ئەکەم فایدەی نییە. “حازرم لە تەنیشت ئەم ئۆردووگایەدا چادرێکم بدەنێ و بۆ خۆم لە ئێرە بژیم”.
لە بیرمە کوڕێکی سەقزی لە ئۆردووگای ڕومادی بوو بە ناوی عەتا. ئەم کوڕە هەر لە بەیانی تا ئێوارە سیاسەتەکانی کۆمەڵەی تەبلیغ ئەکرد. لە لایەن دژبەرانی کۆمەڵەوە دەیان جار بەرۆکی پێ ئەگیرا، بەڵام کۆڵی نەئەدا. کاتێک کە چووە بۆ کوردستان کۆمەڵە وەری نەگرت و بە ناچار ڕووی لە سازمانی خەبات کرد. تەنانەت بێستبوومەوە لە ناو خەباتیش هەر لە سیاسەتی کۆمەڵە داکۆکی کرد بوو. نازانم ئاخری ئەو گەنجانە چییان بە سەر هات؟

هەر لە پێوەندی لە گەڵ ئەو کەسانەدا کە دەمان ناردنەوە بۆ پێشمەرگایەتی، ئەمەوێت بیرەوەرییەک بگێڕمەوە. هاوینی ساڵی پار، واتە هاوینی ساڵی ٢٠١٢ زایینی چوومەوە بۆ سەردانی خزمان و هاوڕێیان لە باشووری کوردستان.
 
لە ئەو سەفەرەدا بڕیارم دا کە سەردانی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵە بکەم. لە پێوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێر بووم و بە کاک ئەنوەری موحەمەدیم وت، ئەگەر ئەوان بتوانن تەلیفونێک بکەن بۆ پێوەندییەکانی کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران، بەڵکوو کاک سەید ئیبرایم ئاگادار بکەنەوە کە من دەمەوێت بڕۆم بۆ سەردانی و چاوم پێی بکەوێت. کاک ئەنوەریش زەنگی دا بۆ  بەرپرسی پێوەندییەکانی ئەو لایەنەی تری کۆمەڵە.
کاک ئەحمەد ساڵحی بەرپرسی پێوەندییەکان بوو. کاک ئەنوەر دوای چاک و چۆنی وتی کاک ئەحمەد هاوڕێیەکی هاوبەشی من و کاک سەید ئیبرایم لە دەرەوە هاتووتەوە و دەیەوێ سەردانی ناوبراو بکات. کاک ئەحمەد پرسیاری کرد و وتی کاک عەلی…… نییە؟ کاک ئەنوەریش وتی بەڵی ئەوە. ئەی جەنابت چۆن زانیت؟ کاک ئەحمەد وتی کە وتت هاوڕێی هەم خۆت و کاک سەید ئیبرایمە، زانیم ئەوە.
 دواتر کە گەیشتمە خزمەتی کاک ئەحمەد، ئەو منی ناسیوە و وتی  کاتی خۆی من هاتوومە ئۆردووگای ڕومادی و ئێوە منتان ناردووەتەوە بۆ پێشمەرگایەتی. زۆر خۆشحاڵ بووم کە بینیم گەنجێک کە نزیک بە ٢٤، ٢٥ ساڵ پێش ناردوومانەتەوە بۆ پێشمەرگایەتی، ئێستە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییە لە ڕیزی ئەو بەشەی کۆمەڵەدا.

لە کۆتایی ئەم بەشەدا ئەمەوێ بڵێم، سەرە ڕای بوونی ئەو هەموو ئەو کەند و کۆسپانەی کە لە بەردەم خەباتی چەکداری کۆمەڵەدا بوونیان هەبووە، بەڵام لە سیاسەتی پێشمەرگە وەرگرتنی کۆمەڵە لە ئەو سەردەمەدا زۆر ڕازی نەبووم و
هەر ئەو کاتەش  ڕخنەی خۆمم ئاراستەی  ئەو تەشکیلاتە کردووە. بە تایبەت لە سەر بەشێک لە ئەوانەی کە لە ئۆردووگای ڕومادییەوە  دەگەڕانەوە بۆ پێشمەرگایەتی.
 دڵنیام لە ئەم ٣٣ ساڵی ڕابردوەودا دەیان و بگرە سەدان کەس لە کوڕان و کچانی کوردستان ڕوویان لە ئێرە و ئەوێ کردووە کە ئەگەرسەخت گیری مەرجەکانی بە پێشمەرگە بوون لە لای کۆمەڵە پاڵی بە ئەوانەوە نەنایەت، لە وانەیە ئەو کەسانە  ئیستە هێزی ئەم فیکرە و ئەم ڕێکخراوە بوایەن.
هەر لە ئەم پێوەندییەدا دەبێ ئەوەش بڵێم کە هەر لە سەرەتای کار و چالاکی ئاشکرای کۆمەڵە لە ساڵی ١٣٥٧ هەتاوییەوە لە بەشێک لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان ئەم ڕێکخراوە  دەوری کاریگەری هەبووە.
 دەیان و بگرە سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی و ڕۆناکبیرانی ناوچەکانی سەر بە کرماشان، هەورامان، ڕەوانسەر، باینگان، جوانڕۆ و تەنانەت لوڕستانیش هەر لە سەرەتاکانەوە تا ئێسەشی لە گەڵ بێت ژیانی سیاسی خۆیان لە گەڵ ئەم ڕێکخراوە پەیوەند داوە.
 من لە بەشی داهاتووی ئەم زەنجیرە نووسینەدا بە پێی توانام هەوڵ ئەدەم کە یادێک لە ئەو بەشەیتریش لە تێکۆشەرانی ناوچەکەمان بکەم. چاوەڕوان بن!
لە ئێرەدا کۆتایی بە ئەم بەشە ئەهێنم و ئێوەش بە سەرفرازی ئەسپێرم.
عەلی قەنبەری ٦- ٥ -٢٠١٣ زایینی
 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی