"an independent online kurdish website

کرانەوەی کوردستان بە ڕووی دونیای دەرەوەدا، پێوەندیی بەرینی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بازاری جیهانی و هاتووچۆی بەربڵاوی خەڵکی هەرێم بۆ وڵاتانی دەرەوە، گەشەکردنی تکنۆلۆژی ڕاگەیاندن  و

braym_lajani

 چوونەسەری ئاستی ژیان بونەتە هۆی خێرابوونی پێکهاتنی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و کولتوریەکان لە نێوکۆمەڵگای کوردستاندا. ئەوەش بەنۆرەی خۆی دیالۆگێکی نیشتمانی و میللی لێکەوتۆتەوە  کە زۆر لایەن و فاکتۆر  تێیدابەشدارن. بەڵام کاکڵی باسەکان لەو دیباتەدا ڕەنگدەدەنەوە کە لە نێوان بەشێک لە ڕێكخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی  لە لایەک و بەشێک لە مامۆستایان ئاینیی لە لایەکی دیکەوە لە گۆڕێدان.

قسەو و وتارەکانی بەڕیز مامۆستا مەزهەری خوراسانی پێژنوێژی مزگەوتی قادر بلە لە شاری هەولێر چڵەپۆپەی ئەو باسانەن کە لەوبارەوە لە ڕاگەینە گشتیەکان و بەتایبەتی لە یوتیوب دا بڵاودەبنەوە. ئەو دیالۆگە میللی و نیشتمانیەی کە باسمان کرد، دەرفەتێکی هێناوەتەپێش تا ئەوپرسیارە جارێکی دیکەش بێنینە گۆڕێ کە ئایا ئیسلام توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ دێموکڕاسی و مافەکانی مرۆڤ، ئازادی ولیبڕالیزم و مۆدێڕنیتە ونوێ بوونەوە خۆی بسازێنێ؟
منیش لە دوورەوە دەمەوێت لەو باسانەدا بەشداری بکەم.  پێشەکیش داوای لێبووردن لە مامۆستا مەزهەری خوراسانی و هەر مامۆستایەکی دیکە دەکەم ئەگەر بەجۆرێک لە قسەکانی من دڵ ڕەنجاو بێت.
هەندێک ڕێکخراو و کەسایەتی ئیسلامی لە کوردستان باس لەوەدەکەن کە دێموکڕاسی ڕەگی لە ئیسلامدا هەیە. ئەوان لەوەش تێدەپەڕن و باس لە دێموکراسی ئیسلامی ومافی مرۆڤی ئیسلامی دەکەن.
ڕاستە لە هەندێک وڵاتی ئیسلامیدا، بۆ نموونە لە میسر و ئێران و تورکیەدا، هەر لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە،  بەشێکی زۆر لە توانای فکری زاناکانی ئیلاهیاتی ئیسلامی بۆ ئەوە تەرخانکراوە تا نوێبوونەوە، دێموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ لە ئیسلام بێننە دەرەوە. ئەوان لەو دوو سەدەی دواییدا، بەکەیفی خۆیان هەموو دەسکاریەکی پێویستیان لە تێکست و دەقە مەزهەبیەکان و مێژووی ئیسلامدا کردوە تا بەڵکوو بتوانن  ئیسلام لە گەڵ رێنسانس و نوێبوونەوە بگونجێنن.
ئەو ڕەوتە هەر تایبەت بە وڵاتانی ئیسلامی نیە. ئورووپاییەکانیش، بۆسەدان ساڵ، هەر لە سەدەی دوازدەهەمەوە تا ئەو دوو سەدەی ڕابردووش،  بەدەست هەمان کێشەوە گیرۆدە بوون. بۆ ئەوانیش زۆر زەحمەت بوو کە هەروا ئاسان مرۆڤ وەک مەوجودێکی خودموختار و  بەرپرس و مەسئول بناسن.  بۆیان سەخت بوو کە بیر و فکر و ئەندێشە لە کۆت وزەنجیری ئیمانی مەزهەبی ئازاد بکەن.
ئەوانیش وەک هەندێک لە مامۆستا ئاینیەکانی لای خۆمان، هەویەت و ناسنامەی خۆیانیان لە کولتوور و سەقافەی ئاینی خۆیاندا بەدی دەکرد. لەوەش زیاتر ئەو فەرهەنگ و کولتوور و سەقافەیان، بە شتێکی ئەبەدی و موتڵەق و نەگۆڕ لە قەڵەمدەدا.
ئەو سێ ئەسڵەی ئورووپا بۆ نوێبوونەوەی خۆی، بۆ پێشکەوتنی خۆی، بۆ مۆدێرن بوونی خۆی پەیڕەوی لێکردن، واتە ئازادی ئینسان، عەقڵگەرایی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە کەماڵ، بۆ بەشێکی زۆری خەڵكی ئورووپاش تا ماوەیەکی زۆر دوور لە عەقڵ دەهاتنە بەرچاو.  ئاخر چۆن دەبێ ئینسانی نەزانی گوناهبار، لەبەرانبەر مەشیەتی خوداوەندی گەورەدا، کە سوکانی هەموو سانیەو دەقیقەکانی ژیانی وی بەدەستەوەیە، بە حیساب بێ؟ چۆن دەبێ ئەو ئینسانە نەزان و گوناهبارە وەک مەوجودێکی خاوەن بیرو ئیرادە و عەقڵ بناسرێ، کە نەک هەر  بیردەکاتەوە تا ڕازەکانی بوون و خلقەت دەرک بکا، بەڵکوو تێدەکۆشێ یاساو قانوونەکانی زاڵ بەسەر خلقەت و جیهانیشدا بناسێ و  بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دونیا و پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ تێیدا، دەکاریان بکا؟ ئەو ڕەوتە بۆ ئورووپاییەکان سەدان ساڵی کێشا.

ئەوان بە شێوەیەکی ئاساییبەو قۆناخەدا تێپەڕین. ئاخر ئەوان لەو نیعمەتی تکنۆلۆژیە هاوچەرخەی ڕاگەیاندن بێ بەش بوون، کە ئێستا وڵاتانی موسوڵمانی بە هەزار داوی تووندەوە بە دونیای هاوچەرخەوەگرێداوە. ئەوە کە مامۆستا مەزهەر لە مزگەوتی قادربلە  لە هەوڵیر وتاردەدا و ڕاستەوخۆ من لە قوتبی شیمال لە ، لە رێگای ئینترنێت و سەتەڵایتەوە گوێم لە قسەکانی دەبێت و دەکەوینە شیکردنەوەی قسەکانی، تەنیا نموونەیەکی بچکۆلەی ئەو  دەرفەتەیە کە تکنۆلۆژی سەردەم پێکی هێناوە.

بۆیە چاوەڕواندەکرێ ئاڵووگۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەوسەردەمەدا خێراتر رووبدەن  و ئەگەر بۆ ئورووپا سەدان ساڵی کێشا، ڕەنگە بۆ کۆمەڵگا ئیسلامیەکانی ئێستا  ئەوەندە نەکێشێ.  ئاخر وڵاتانی ئیسلامی هەرچی بکەن ناتوانن خۆیان لەو ڕایەڵکە گەورەی پێوەندی و ڕاگەیاندنە دەربازکەن کە دونیای کردۆتە گوندێکی چکۆلەی وەک قوشتەپەو لە کردەوەدا هەموو کەس و هەموو شتێکی پێکەوە گرێداوە.

کاریگەری و شوێندانانی ڕووداوەکانی دەرەوە، پێشکەوتنەکانی دەرەوە، ئاڵوگۆڕەکانی دەرەوە، داهێنان و دۆزینەوەکانی دەرەوە، تکنۆلۆژی جۆراوجۆر و کاڵا مەسرەفیەکانی دەرەوە لەسەر خەڵکی
کۆمەڵگا ئیسلامیەکان، زۆر گوێ ناداتە ئەوەی ئاخۆ ئەوان چیان بە دڵە و چیان پێخۆشە یا پێ ناخۆشە. واتە بێ گوێدانە دڵی ئەوان و پێخۆش بوون و پێ ناخۆشبوونیان، ڕووداوەکانی دونیای دەرەوە، شوێنەواری خۆیان لەسەر بیر و زەینی ئەو خەڵکە بە جێ دێلن. هیچ دیوارێک لە نێوان فەرهەنگ و کولتورەکاندا بە پێوە نامێنێ. چۆن مرۆڤەکان و بازاڕەکان و وڵاتەکان لەگەڵ یەک دەکەونە کاروکاسبی و ئاڵوویر و بازرگانی و بدەوبستان، فەرهەنگ و کولتوورە جۆراوجۆرەکانیش هەر بەوجۆرە دەگەڵ یەک دەکەونە بدەو بستان. دیارە ئەو بدەوبستانە بە قازانجی ئەو  کولتوورە، ئەو فەرهەنگە تەواودەبێ کە زیندوترە، دینامیکترە، بە هێزترە، توانای دانی زیاترە، کراوەترە، دەوڵەمەندترە.

کەواتە ئاڵوگۆڕ لە کوردستانیش دا دەستی پێکردوە و تادێ تووندترو خێراتریش دەبێ. ئەوە کە هەندێک توێژی سوننەتی کوردستان تێکۆشن پێش بەو ڕەوتەبگرن، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ، بەڵام ڕەنگە خەرجی تێچونی ئاڵوگۆڕەکان تۆزێک بەرێتە سەرتر.
ئێستا لەبەر ڕووناکایی ئەو قسانەی سەرەوەدا هەموومان دەگەینە ئەو قەناعەتە کە ئاڵوگۆڕ لە کوردستاندا گەڕانەوەی بۆ نیە و  دەبێ ڕەگەڵی کەوین و هیدایەتی کەین. بەڵام ئایا دەبێ ئەو ئاڵوگۆڕانە لە داب و نەریت و رێوشوینە سوننەتیە  کولتوری و فەرهەنگیەکانی سەردەمە کۆنەکان و چاخەکانی نێوەراستی مێژوومانەوە ئیلهام وەرگرن؟ یا دەبێ مۆدێلە سەرکەوتوەکانی دونیای سەردەم و کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان بکەینە سەرمەشق؟

لەو بارەوە سێ مۆدێلمان هەیە:

گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و چەرخی زێڕینی  حکوومەتی ئیسلامی لە مەدینە. مۆدیلی دووەم بریتیە لە جیهانگەرایی و یونیڤێرشەلیزم. مۆدێلی سێهەمیش بریتیە لە خۆجێیگەرایی، بوومیگەرایی ، بەواتایەکی  دیکە ناتیڤیزم. هەندێک حیزب و رێکخراوی ئیسلامی لەو بڕوایەدان کە چونکە مۆدێلی حکوومەتی ئیسلامی لەسەردەمی دەستەڵاتی حەزرەتی موحەمەددا سڵاوی خوای لێبێ لە قۆناخێکی مێژوویدا هەبووە، ئێستاش دەکرێ ئەو مۆدیلە پیادەبکرێتەوە.

بۆئەو مەبەستە ئەوان جیهاد و شەهادەت   وەک میتۆدی کار پێشنیاردەکەن. جیهانگەرایی و یونیڤەرسەلیزمیش، بریتیە لەوە کە ئامێر و تکنیکەکانی شارستانیەتی سەردەم بخەیتە خزمەت خۆت و بۆ پەرەسەندنی هەموو لایەنە کەڵکی لێوەرگری و بیکەیتە مۆدێل. بوومی گەراییش ئەوەیە کە دەیەوێ دێموکراسی و ئیسلام ئاوێتە بکا. هەم ئیسلامێکی بە هێزی دەوێ و هەم دێموکڕاسیەکی بە هێز.   دەیەوێت مۆدێلی حکوومەتی مەدینە وەک سەرچاوەی ئیلهام بەکاربەرێ. بەڵام ئیسلامێکی کراوەتری دەوێت. ئەوە مۆدێلی بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین باهائەدینی لەمەڕ خۆمانە. هەرسێکی ئەو ڕێگاچارانە، وەک مۆدیلی پەرەسەندن، لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتە ئیسلامیەکاندا، لێرەولەوێ، تاقی کراونەوە.

کەچی ئێستا ئەگەر تەماشا دەکەین ئاکام تەنیا ئەوەیە کە ئاستی پێشکەوتنی وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، تەنیا کەمێک لە پێش ئەفریقاوەیە کە لە خوارترین پلەکانی پلیکان یا مارپێچی تەمەدوونی هاوچەرخدا بە
کزومەلوولی ڕاوستاوە.

ئەگەر دیقەت بکەین بۆمان دەردەکەوێ پاش دووسەد ساڵ ڕووبەرووبوونەوەو هەوڵدان بۆ خۆسازگارکردن لە گەڵ شارستانیەتی ڕۆژئاوا، پێشکەوتوترینی ئەو وڵاتە ئیسلامیانە ئەوانەن کە مۆدیلی جیهانگەراییان بۆ پەرەسەندنی خۆیان هەڵبژاردوە. بەڵام ئەوانەش چوونکە نەیان توانیوە ئەو زەنجیرە سونەتیەی کە لەدەست وپێیان ئاڵاوە بپچرێنن، سەرەنجام بە نیوەچڵی کارەکەیان وێلکردوە یا تووشی شکان هاتوون.
ئەو وڵاتانە لە عەقڵگەرایی تەنیا تکنۆلۆژی غەربیان وەرگرتوە و بەس. کولتوری کار و فەرهەنگی بەرزی رێکخستن و بازار و بانکداری و کارو زەحمەت و ماندووبوون و ڕەفتاری بەرزی ئینسانی و هومانیزم و تۆڵێڕانسە  و ئازادی بەیان و دین و مەزهەب و عەقیدەشیان وەڵاناوە.  ئەوان ئازادیان دەوێ بەڵام بێ مافی مرۆڤ و مافی کەمایەتیەکان و مافی ژنان و مەفەکانی منداڵان  و ئازادیە دێموکراتیکە سیاسی و فەرهەنگی و مەدەنیەکان.  گەیشتن بە کەماڵ بۆ ئەوان تەنیا لاسایی کردنەوەی  فۆرم و ڕواڵەتەکانی تەمەدوونی ڕۆژئاوابووە نەک وەرگرتنی کاکڵ و جەوهەری شارستانیی غەرب. تورکیە، ئێران و میسر کە تا ساڵانێکی زۆر خۆیان وەک پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری ئەو مۆدێلە دەناساند، لە کردەوەدا نیشانیان دا لە جیاتی گرتنە پێشی مۆدێلی جیهانگەرایی و غەربگەرایی،  هەرهەمان رێگاچارەی بوومی گەرایی واتە نایتیڤیزمیان گرتۆتەبەر.

لەوەش خراپتر ئەوەبوو کە ئەوان لە بوومی گەراییەکەشیاندا، لە جیاتی ئەوەی تێکۆشن ئیسلام لەگەڵ شارستانیەتی رۆژئاوا بگونجێنن، کەوتنەخۆ تا تەمەدوونی رۆژئاوا لەگەڵ ئیسلام بگونجێنن.
حەمە ڕەزاشا و حوسنی موبارەک و کەمالیستەکان، لە ئاکامی گرتنەپێشی ئەو سیاسەتە سەقەتەدا، واتە جیهانگەرایی  بە نیوەچڵی، هەلومەرجێکیان پێکهینا کە  هەرچەند بە فاسیلەیەکی زەمانی تۆزێک لێکدوور، بەڵام هەرسێک وڵاتی ئیران و تورکیەو میسریان خستە ژێر سونامی شۆڕشی ئیسلامی و ئیسلامگەرایی. بەمجۆرە دیکتاتۆری لە ئێران و میسر و تورکیەدا هەلومەجی بۆ پەروەردەکردنی گورگی ئیسلامگەرایی درووست کرد کە سەرەنجام  سکی ئەو سیستەمە دیکتاتۆریانە و  ئەو کۆمەڵگایانەشی لێک هەڵدڕی.

هۆی سەرەکی بۆ ئەوسونامیە ئیسلامیە کە بەسەر ئەو وڵاتانەدا هات ئەوە بوو کە لە هەرسێکی ئەو وڵاتانەدا و لە هیچ جێیەکی دیکەی وڵاتانی ئیسلامیدا، جورئەت و ئازایەتی ئەوە نەبووە کە دین و دەوڵەتداری و حکومەتداری  لێک جیابکرێنەوە و  جەوهەری تەمەدوونی غەرب کە بریتیە لە دیموکراسی و ئازادی و لیبڕالیزم و مافی مرۆڤ و مافی کەمایەتیەکان  و نەتەوە بندەستەکان و عەدالەت بە هێند بگیردرێن.  بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی یەکەم ئەوەبوو کە تەقەدووس لە دین داڕنرێ و دین بێتە ئاستی دامەزراوێکی کۆمەڵایەتیی نێوکۆمەڵ کە بکرێ باسی بکرێ و ڕەخنەی لێبگیردرێ . ئەوە کاكلی ڕینسان و مۆدێڕنیتەو شارستانیەتی ڕۆژئاوایە. واتە هێنانە خواری دین لە سەرەوەی کۆمەڵ و لەسەر   تاقچەی تەقەدووس بۆ ئاستی دامەزراوێکی  وەک دامەزراوە
کۆمەڵایەتیەکانی دیکەی نێو کۆمەڵ.

بەڵام دیتمان تەنانەت لە تورکیەشدا تەنیا ئەوە بە زەبری سەرەنێزەی سوپا و بە قیمەتی ئەو سەرکوت و زەبروزەنگە تووندەی کە  بەسەر گەلی کورددا بەرێوەدەچێ و  بە قیمەتی بەرێوەبردنی
ئەشکەنجە و  بوون بە جەهەندەمی ڕۆژنامە نووسان و  بە باجی مەیدان دان بە ئیسلامیەکان  و  تەحویلدانی سوکانی دەستەڵات بەوان، ئەو سیستەمە توانیویەتی بەشەلەشەل خۆی ڕاگرێ . بردنەپێشی پرۆسەی ئاشتی  و هەڵدان بۆ چارەسەری کێشەی کورد و کرانەوەی زۆتر  بە ڕووی دێموکراسی و چوونە نێو ئورووپا، رێگا چارەی کەوتنە سەر مەداری مۆدێرنیتەن بۆ تورکیە.

هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران و ئەزموونی پتر لە سی ساڵ حکومەتی ئیسلامی لەو ولاتەدا، بەو ئیمکاناتە ئابووریە گەورە و بەو مەوقعیەتە ژئۆپۆلیتیکیە بەرچاوە ئەو وڵاتە سەرەنجام  شکەست و بنبەستی و هەموو لایەنەی ئەو حکومەتە، ئەوەمان پێدەڵێ کە هەوڵدان بۆ پیادەکردنەوەی مۆدێلی  بوومیگەرایی  و حکومەتی سەردەمی مەدینە، نەک هەر ئیمکانی نیە، بەڵکو کارەساتیش دەخوڵقێنێ.  ئەو بەڵایەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لەو سی سالەدا بەسەر کۆمەڵگا و خەڵکی ئێران و ئیسلامی سیاسی و تەنانەت خودی ئیسلامی دا هێناوە،  تەنانەت بەسەر شیعگەریشی دا ‌هیناوە، ئەودەرسەی بۆ هەموو کۆ مەڵگا ئیسلامیەکان تێدایە کە وەدوای سەرابی  بەهەشتی مۆدێلی حکوومەتی ئیسامی لەسەر ڕووی زەوی نەکەون.

کەواتە تەنیا رێگا بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ئیسلامیەکان پێبنێنە نێو شارستانەتی هاوجەرخ  و بکەونە سەر سکەی قەتاری پێشکەوتن و پەرەسەندن، واتە لە گەڵ میللەتانی دیکەی پێشکەوتووی دونیا پێکەوە لە دیوەخان لەسەر سفرەی شارستانیەت و بەرهەمەکانی دانیشن، نەک ورتکەخۆری پاشخانی ئەو تەمەدوونە بن وەک ئێستا، ئەوەیە کە خۆیان لە داوی قەیدو بەندی مەزهەبی قوتارکەن.

چ گرتنە پێشی رێگای تەعبیری ڕادیکال لە ئیسلام و چ هەوڵدان بۆ گرتنەپێشی تەعبیری لێبڕالتر لە ئیسلام، بە ناچاری دەمانباتەوە بۆ  ئەوەی کە مۆدیلی حکومەتی دەساڵەی مەدینە، یا مۆدیلی حکومەتی جیلەکانی یەکەم و دوەمی سەردەمی فتوحاتە  ئیسلامیەکان بگرینە بەر.
پیادە کردنەوەی مۆدێلی سەردەمی زێڕینی ئیسلام، لە ئێران و ئەفغانستان و سودان  بە جۆرێک تووشی بنبەستی کارەسات خوڵقێن بوو، کە ئیدی هیچ شک وگومانێکی تەنانەت بۆ هێزە ئیسلامیەکانیش نە هێشتۆتەوە کە ئەوە ڕێگایەکە نەک هەر کۆمەڵگا تووشی کاتەسترۆف دەکا، بەڵکو ئابروویەکیش بۆ مۆدێلی دەستەڵاتداریەتی  ئیسلامی ناهێڵێ.
هەر بۆیە تەنیا رێگایەک  کە دەمێنێتەوە ئەوەیە کە زانایانی ئایینی و ئیلاهیاتی ئیسلامی، هەوڵدەن رێگای میانەڕەوی بگرنەبەر و بە کارو تەحقیقی عیلمی لەسەر دەقە مێژووی و ئەدەبیە دینی و مەزهەبیەکان، تەعبیرێکی دێموکراتیک تر لە ئیسلام بە دەستەوە بدەن .

ئەوان  بە  چاوپۆشین لە  بەشی مەدەنی قورئان و سوننەتی پێغەمبەر و پێداگرتن لەسەر قورئانی مەکی یانی ئەودەم کە ئیسلام دەستەڵاتی بە دەستەوە نەبووە، توانیویانە تا ڕادەیەک تۆڵێرانسەو موساڵەحە لە ئیسلام و هەندێک قۆناخی دەستەڵاتداریەتی ئیمپڕاتۆڕی ئیسلامیدا  وەدەست خەن کە پایەکانی ئیستدلالی خۆیانی لەسەرداڕێژن. لەو رێگایەوە توانیویانە ئیسلام تا رادەیەک لە گەڵ زەمان بەرنە پێش، بێ ئەوەی کە  پێویست بێ دەست لە ئەسڵە بنەڕەتیەکانی ئاینیی ئیسلام وەردەن کە وەک ئەسڵی نەگۆڕ هەن و هەر دەشبن.
بەڵام دیسانیش بنبەستەکە هەر بە نەکراوەی دەمێنێتەوە. یانی لێرەدا گرێیەک هەیە کە گرێ پووچکەیەو ناکرێتەوە. ئەویش ئەوەیە کە دەبێ دین و مەزهەب و کلیساو مزگەوت لە بەرزایی تەقەدووسەوە بێنیە خوار بۆ نێو کۆمەڵ کە وەک هەر دامەزراوێکی دیەکی نێوکۆمەڵ بتوانرێ قسەوباسیان لەسەر بکرێ و ڕەخنەیان لێ بگیردرێ. تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە رێگای پێشکەوتنی کۆمەڵگائیسلامیەکان  و پێکهاتنی ئاڵووگۆڕ تێیاندا پێک دێ. پێکهاتنی ئاڵووگۆڕ وپێشکەوتن لە ئوورووپا لەو خاڵەوە دەستی پێکرد.

 ئەوە بێ ئەولاولا ڕێگای پێشکەوتنی کورستانیشە. کەس ناڵی خەڵکی کوردستان دەبێ دەست لە دین و مەزهەبی خۆیان هەڵگرن، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە ڕوانگە و بۆ چوونی خۆیان سەبارەت بە دین و مەزهەب بگۆڕن.  خەڵک لە ئەمریکاو ئورووپا زۆر مەزهەبی ترن لە خەڵکی وڵاتانی ئیسلامی. لە هەمانکاتدا، دین و مەزهەبیش نە بۆتە کۆت و بەندی بیرو ئەندێشەیان.

١٣.٠٤.٢٠١٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی