"an independent online kurdish website

گالیلە 15.02.1564 لە شاری پیزا لە ناوچەی توسکانی لە باکووری ڕۆژاوای ئیتالیا لە دایک بوو و 18.01.1642 کۆچی دوایی کرد.Faramarz-Almass

ئەو لە بواری ئەستێرەناسی، فیزیک، ماتەماتیک و فەلسەفەدا دەستێکی باڵای هەبوو و یەکێک بوو لە بناغەدانەرانی تاقیکارییە زانستییەکان و کردنەوەی دەرگای زانستی نوێ. بەشیک لە ناوبانگی گالیلە دەگەڕیتەوە بۆ سەلماندنی تیوری کوپرنیک کە بریتی بوو لەوەی زەوی لە سووڕانەوەی خۆیدا ناوەند نییە و بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە. لەبەر ئەوەی سەلماندنەکەی گالیلە پێچەوانەی کتێبی پیرۆزی ئینجیل بوو و ئایینی مەسیحییەت دەسەڵاتی تەواو و ڕەهای هەبوو، ئەمەیان لێ قبووڵ نەکرد. ئەمە بوو بە هۆی مەحکەمە کردنی گالیلە لە لایەن دادگای پشکنینی بیروباوەڕ لە ژێر ڕێبەرایەتی کلیسادا لە ساڵی 1610ی زایینی. بەوجۆرەی مێژوونووسەکان دەیگێڕنەوە گالیلە لە ژێر فشاری قەشە مەسیحییەکان لە دادگادا قسەکانی خۆی وەرگرتەوە و ئەو تۆبەنامەیەی بۆیان نووسیبوو خوێندیەوە.

بە پێی ئەو ژیاننامەیە برتوولت برشتی ئاڵمانی بۆ گالیلەی نووسیوە و لە 1938دا کردوویەتی بە نمایشنامە، یەکێک لە قوتابییەکانی گالیلە بە ناوی ئاندرێ کە هیوای زۆری بە گالیلە بووە بە بیستنی تۆبەنامەکە زۆر تووڕە دەبێ و دەڵێ:

“داماوە ئەو نەتەوەیەی کە قارەمانی نییە”

(بدبخت‌ ملتي‌ كه‌ قهرمان‌ ندارد)

Andrea (Galileo’s student): “Unhappy is the land that has no heroes.”

گالیلەش لە وەڵامدا دەڵێ:

“داماوە ئەو نەتەوەیەی پێویستی بە قارەمانە”

(بدبخت‌ ملتي‌ كه‌ به‌ قهرمان‌ نياز دارد)

Galileo: “No Andrea, unhappy is the land that needs a hero.”

Bertolt Brecht, Galileo

هەرکام لە ئاندرێ و گالیلە قسەی خۆیان بە ڕاست زانیوە و لەوانەیە لێکدانەوەی جیاواز بۆ وتەکانیان بکرێ، بەڵام ئەوەی زیاتر لە ڕاستییەوە نزیکە ئەمەیە:

ئاندرێ پێی وابووە کە گالیلە قارەمانی نەتەوەکەیەتی و دەبێ بپارێزرێ و پاراستنی لە ئەستۆی هەمووانە.

گالیلەش پێی وابووە کە دەبێ نەتەوەیەک ئەوەندە وشیار بێ و مرۆڤی وشیاری تێدا بێ کە پێویستی بە قارەمان نەبێ و ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی سەرکەوتووی تێدا هەڵکەوێ. یان بە مانایەکی تر، ئەگەر ژمارەیەکی بەرچاو لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەی گالیلەی تیا ژیاوە وشیارییان لەسەر بوایە و لە تاقیکارییەکان و خزمەتەکانی گالیلە تێ بگەیشتنایە، ئەوا کلیساش نەیدەتوانی گالیلە بدا بەو دادگایەی لە گالیلە و تاقیکارییە گرنگەکەی تێ نەدەگەیشت و بە ناحەقی حوکمی کرد.

ئەگەر ئەم ڕووداوەی 400 ساڵ لەمەوبەری ژیانی گالیلە لەگەڵ دۆخی سیاسی ئیستەی کورد بەراورد بکەین، بەو ئاکامە تاڵە دەگەین و دەبێ قبووڵی بکەین کە ئێمەی کورد ناتەواوییەکی زۆر زەق و بەرچاومان هەیە و ئەویش بوونی قارەمانی زۆر و بێ ئەژمارە. کاتێک گەلێک یا نەتەوەیەک قارەمانی هەیە، هەم قارەمانەکە زۆر لە خۆی بایی دەبێ و خۆی لێ دەگۆڕێ و هەموو شتێکی کۆمەڵگە بە دەستاوردی خۆی دەزانێ و وردە وردە دەبێ بە دیکتاتۆر و تاکەکانی کۆمەڵ بە قەرزداری خۆی دەزانێ و، هەم تاکەکان تەمبەڵ دەبن و پاڵی لێ دەدەنەوە و هەموو شتێک بۆ قارەمان بە جێ دەهێڵن و فێری لاڵانەوە و پاڕانەوە و بەندایەتی (عەبدایەتی) و سەنا بێژی و چاپلووسی و بەڵێ قوربان دەبن.

بە داخەوە ئەم دۆخە لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی و سیاسی ئێمەی کورددا ڕەنگی داوەتەوە و تەمبەڵ بوونی تاکەکانی کۆمەڵی کوردەواریمان لەم بوارانەدا زۆر قارەمان، سەرکردە، ڕێبەر، مامۆستا، مەلا و شێخی خاوەن بەرەکەت و کویخا و دەرەبەگ و دەمڕاستی بەرهەم هێناوە. نموونەیەکی بچووکی تەمەبەڵی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی ئەوەیە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵگە زەحمەتی تێگەیشتنی بەرنامەی پارتە سیاسییەکان و هەڵبژاردنیان بە پێی بەرنامەکەیان نادەنە بەر خۆیان و لە باتی ئەوە خۆیان هەڵدەواسن بە کەسانی دەوروبەر وەک ڕێبەر، هاوڕێی بە ناو تێگەیشتووتر و زانا و … دا. دواییش ئەگەر ئاکامەکە دڵخواز نەبوو دەڵێ بە هەڵدێریاندا بردم و نێوانیان تێکدەچێ.

ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵێک بە باشی هەست بە بەرپرسایەتی بکەن و لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کاروباری ژیانی خۆیان و کۆمەلگەدا خۆیاین تێ بگەیەنن و خۆیان بە خاوەن بڕیار بزانن، ئەوا وشیاری ئەوەندە دەچێتە سەرەوە کە ژمارەی قارەمانەکان کەم و کەم تر دەبنەوە و کۆمەڵگە زووتر سەقامگیر دەبێ. لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا ئەگەر سەرجەم سەرۆک کۆمار و وەزیر و کاربەدستانیان لە ڕووداوێک دا تێدا بچن، هەمان ڕۆژ جێگەیان پڕ دەبێتەوە. بەڵام لە کۆمەڵگە هەژار و دواکەوتووەکاندا نەخۆشی و تەنانەت مردنی سەرۆکەکانیان بە نهێنی دەهێڵنەوە تا ئەو کاتەی بە موعجیزەیەک جێگەی پڕ دەکەنەوە، یان بە جۆرەها فڕوفێڵ یاسای وڵات دەگۆڕن تا ئەوەی هەمان سەرۆک و سەرکردە خۆی یان کوڕ و کەسوکارەکەی بتوانن جڵەوی کار بە دەستەوە بگرن. هەر وەک ئەوەی بڵێ لەو وڵاتەدا کەس نەماوە و تەنیا ئەو کەسە و بنەماڵەکەی مۆری گەورەیی، نەجابەت، پیرۆزی و خواپەسەندی نراوە بە نێوچاوانیانەوە.

هیوادارم ئێمە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی بتوانین بە خۆماندا بچێنەوە و وەک تاکەکانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان ئەرکی خۆمان لە ئەستۆ بگرین و چیدی چەپڵە بۆ کەس لێ نەدەین و کەس نەکەین بە قارەمان لە خۆمان و گەلەکەمان. مێژووی گەلان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانی داوە کە زۆر قارەمانی گەورە دوای گەیشتن بە دەسەڵات خۆیان لێ گۆڕاوە و دوایی بوون بە دیکتاتۆر و داهاتووی گەل و ولاتیان بە قوڕدا بردووە. با ئێمەی کورد نەختێک وشیار و وریا بین و ئەو مێژووانە دوبارە نەکەینەوە. ئێمە بە سەدان و هەزاران ساڵ دوای گەل و نەتەوەکانی تر خەریکین تازە کیانێک پێکەوە بنێین و شایانی ئەوە نییە دوای ئەو هەموو خەبات و خوێنانە قارەمانەکان خۆیان یان کەسوکار و جێگرەوەکانیان لە کوردی تێک بدەن. جارێکی تر ئەو وتەیە گالیلە دەڵێمە: “داماوە ئەو نەتەوەیەی پێویستی بە قارەمانە”.

فەرامەرز ئەڵماسی ـ ئوسلۆ 31.05.2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی