"an independent online kurdish website

کاتێ لەگەڵ دەستەخوشکەکانی دا لە کۆڵان، لە ژێر دارتووەکەدا، لە پەنای حەسارە داڕووخاوەکەی کۆڵان، یەکیان دەگرت، بە قاقا بەرز و خەندە پچڕ پچڕەکانی ئەتناسییەوە.shehla_yarhuseni_2012

کچانی گەڕەک هەموو گوێیان هەڵخستبوو بۆ بەسەرهات و قسە خۆشەکانی، تەنانەت کچە وردیلە تازە پێگەیشتوەکانیش کە حەزیان لە گوێگرتنی بوو، دەوریان ئەدا و، لە ناو خۆڵەکەدا بەردێکی پانیان ئەهێنا و لەبەردەمیا دادەنیشتن. هەر حەکایەتێکی ئەگێرایەوە، وات دەزانی خۆی بەسەری هاتوە، کە پێکەینین بوایە دەتریقایەوە، زۆرجاریش بەدەم گێرانەوەوە، خەمێکی قووڵ دایدەگرت. هەمیشە ئەم خەمەم لە چاوەکانی، لە نیگای، تەنانەت لە پێکەنینەکانیدا دەبینی. زۆرجار هەر لە خۆیم گوێ لێ بوە کە دەیگوت:”بوە تا ئێستا لەوپەڕی خەم و دڵتەنگیدا پێبکەنی و قاقا بتریقێیتەوە”.  قسەی خۆش و گاڵتەئامێزی زۆر پێ بوو، کەس نەیدەزانی ئەم هەموو قسانە لە کوێ دێنێت، نە خوێندەواری هەبوو، نەوەک ئێستا تەلەفزیۆن و شتی وا هەبوو، دەیان حەکایەتی ساختەو درووستکراوی خۆیی هەبوو. کە حەکایەتێ تەواو دەبوو، دیسانەکە هاواریان لێ بەرزدەبووەوە…

هەموو بە یەک دەنگ”وەی تۆخوا دادە کەژاڵ گیان، بەسەرهاتێکی خۆشی ترمان بۆ بگێڕەوە…”

کەژاڵ، ئەو کچە رۆح سووک و پەپوولەییە، کە چاوە کاڵەکان و مامزی نیگای سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی ئەسیر دەکرد، بە هێمنی، بێ ئەوەی فەخر بکات بەسەر هیچ کامیانا، حەکایەتێکی تر، بە کەمێ دەسکارییەوە ئەگێڕایەوە. حەزی لە گێرانەوەی بەسەرهاتی برای باش و جوامێر هەبوو. هەموو هەستیان بەوە کردبوو کە زۆر دڵتەنگی ئەوەیە کە برایەکی نیە. پشت بەستن بە برا، وەک پشت بەستن بە چیا و شاخ وایە. برات هەبێ، کەس ناتوانێ سەر بکاتە سەرت و هەموو رۆژێ وەک گورگی هار دەمت بۆ داچەقێنێت.  ئەو  برای نەبوو چونکە لە کۆمەڵگایی ئێمەدا ئەگەر برایەکت نەبێت ئیتر زۆر کەس خۆی بە خاوەنت دەزانێت، تەماح دەخەنە سەرتو خۆیان بە حەقدار دەزانن! کەژاڵ کاتێک لە تەمەنێکی ناسکدا بوو، خزمێکی کەلە ڕەقی هەبوو،  خاوەنی ژن و منداڵ بوو تەمەنی زۆر لە تەمەنی کەژاڵ گەورەتر، هیچ کات لە گەڵ عەقڵدا نەدەگونجا ئەم کچە بەستەزمانە ببێتە هاوسەری. وەک گورگێکی چڵێس، تەماحی بڕیبوە کەژاڵ.  زۆر گێچەڵێ پێدەگێراو  هەر کەس دەچووە داوای، هەڕەشەی دەناردە سەری و نەیدەهێشت بە مەرامی خۆی بگات. ساڵ هات و چوو،  هەرگیز ملکچی قسەکانی ئەو نەبوو.

 دەیگووت: “مەگەر لە خەودا تۆ من بیبینی وەک هاوسەری خۆت”.

 کاتێ ژیان بەردەوامە، زۆر بە سەختی کاتەکان بە ڕێدەکات و هەنسکە ساردەکانی ژیان کۆسپەکان گەورەتر دەکەنەوە. هەندێ جار، ئەستەمی رێگای ژیان وا دەکات بارگرانی سەدان ساڵە لە ناخدا کۆببنەوە. لە هەمووی گەورەتر، خەمی هەرە گەورەی هەژاری و دەسکورتی بوو. رۆژ لە دوای رۆژ  ژیانی هەژاری وای کرد، هەنگاوێک هەڵگرێت لە گەڵ باوکی و شان بە شانی ئەو کار بکات. کارکردنی ژنان، ئەویش لە دەشت و دەر، هەزار قسەی بە شوێنەوە بوو. کار ؟ بەڵی کار!! چ کارێک ؟ نازانم!! کاتێک دەستی دایە کار کردن، بە بێ وچان کاری دەکردو بە کەمی پشوی دەدا، ئەو دەیگوت من ئەگەر دابنیشم، لە کارەکەم دوا دەکەوم و بۆ خزمەت کردنی بنەماڵەکەم دەبێت زیاتر خۆم ماندوو بکەم. بەهار و هاوین، لەگەڵ وەرزی سەوزەگیا، شان بە شانی باوکی پیری، دەچوو بۆ چیاکان بۆ هێنانی گژوگیا، وەک، کنگر، گنۆر، بەڕەزا، رێواس. هاوینان کاتێک کاتی پەموو بهاتایە، دەکەوتە رێ لە گەڵ باوکی و ژنانی گەڕەک. ئەوەندە خۆی لە گەڵ کار کردندا ڕاهێنا بوو هەرگیز نەیدازانی ماندوو بوون هەیە یان نا! چەندە پەمووی بهێنایە بەشی خۆی لێدا دەناو هەڵی دەگرت. بۆ دۆشەک هەر جارەو بە ئەندازەی کیلۆیەکی دەهێڵایەوە بۆ خۆی. زۆر حەزی دەکرد شت بە دەستی خۆی دروست بکات بۆ ژیانی داهاتووی، چوونکە ئەو خولیای ماڵی جوان بوو، هەمیشەش خەریک بوو،  لەو پارەیە کە دەستی دەکەوت پۆشاکی جوان بۆ خۆی و خوشکەکانی دەکڕی.. تەنانەت حەسار و سەربان و بەر پەنجەرەکەشی بە گوڵ دەرازاندەوە، دەسرەنگین بوو، بە گوڵەگەنم و پووش و پەڵاش، دەیان شتی ورد و تابللۆی سەرنجڕاکێشی بە ماڵدا هەڵدەواسی. ئەو ساڵە، یانی ئەو بەهارەی کە ئیتر کەژاڵی وەک جاران نەدیتەوە، وەک جاران لە ژێر دارتووەکەدا کەس گوێی بۆ قسە خۆشەکانی نەدەگرت، خۆی ئامادە دەکرد بۆ کەژ و کێوو بۆ وەدستهێنانی بژێوی ژیان. رۆژێکی بەرە بەیان کە هێشتا خۆر هەڵنەهات بوو! هەموو تراکتورەکان ئەوندە دەنگی موتورەکەنیان بەرز بوو، ئەوەی لە شیرین خەو بوایە بە دەم دەنگی تراکتورەکان دائەچڵەکان و هەر چی کچ و ژنی گەڕەک بوو دەهاتنە دەرەوەو بە پریاسکەی خواردنی کە ژیانەوە خۆیان ئامادە دەکرد.

کەژاڵیش لە گەڵ باوکی بەو بەرە بەیانیە هاتنە دەرەوەو بە ئامادەیەکی باشەوە نزیک بونەوەو چاویان لە جێگاکان دەکرد بۆ ئەوەی شوێنی باشتریان هەبێت بۆ دانیشتنینان، خۆیان هاوێشتە ناو گەڵابەی تراکتۆرەکەو شوێنی خۆیانیان کردەوەو بە روویەکی زۆر خۆش هەردووکیان پێکەو دانیشتن. لەگەڵ ئەم بارو ئەوبار کردنی گەڵابەکە، جار جارێک سۆزەیەک گۆرانیشی بۆ دەکرد. باوکی بە دەم زەردەخەنەوە دەیگوت “:کە ژێ گیان، مەگەر ئەم گەڵابە شانەو شانت بکات و بەزمێ گۆرانیمان بۆ بڵێیت”.

گەڵابە لە دۆڵێکی دوور لە ئاوەدانی وەستا، هەموو دابەزین، بەرچاکیان هەڵدا و هەرکەس  و بەلایەکا پەردەوازە بوون. کەژاڵ و باوکی روویان لە بەرزایی کرد، دوور کەوتنەوە.  کەژاڵ پێی وا بوو هەتا بەرزتر بێتەوە لە چیاکان کۆڵی باشتری دەست دەکەوێت. دەکەوتن بەسەر خەرمانەی گژ و گیادا. باوکی شانی دابوە سەر تاشەبەردێک و جگەرەکەی دائەگیرساند. کەژاڵ بێ ئاگا لە گورگە خەوتوەکان، لە گورگانەی کە نە قسە دەکەن، نە کەس پێیان دەزانێ، ئەوان نیشتمانی ئێمەیان پڕ کردوە لەو گورگە خەوتووانە. بست بە بستی ئەو وڵاتەی ئێمە مین و مینڕێژ بوە. کەژاڵ کە خەریکی گیا کەندن بوو کە لە ناکاو لە تەپوو تۆزێکی خەس دا تلایەوە. کاس ببوو، خوێن هەموو لاشەی داگرتبوو، باوکی هێشتا جگەرەکەی دانەگیرسابوو، دڵی وەک پیاڵەیەک بەر بێتەوە، داچڵەکا. کەژاڵ لە پڕدا هاوارێ هات و دەستی کرد بە گریان و  بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە  گوتی فریام کەوە باوکەگیان، من بە سەر مینا کەوتووم. خێرا بە پەلە گەیشتە لای. وەک مەلێکی زامار، وەک کۆترێکی باڵشکاو کەوتبوو. باوکی لە ناو ترس و دڵەراوکێدا گرتی بە باوشەوە و بە دۆڵ و شیودا بەرەوخوار بوویەوە. بە دەم رێگاوە، “دەستی کرد بە هاوارو گوتی کەژێ گیان باوکەکەی باوکم بۆ پشتت شکاندم؟ بۆ لە من دوور کەوتیتەوە کچە نازادارەکەم ؟ ئای تۆخوا رۆڵەگیان، پشت و وەجاخم تۆ بووی کچم..”

کەژاڵ کە لە  تاو ئازارا هۆشی بە خۆیەوە نەمابوو، سۆزی باوکی بە دڵ گوێ لێ بوو، دەستی ئاڵاندبوە ملی باوکی، خوێن بە ریشی چەرموویا ئەهاتە خوارەوە، حەزی ئەکرد گوێی لە دەنگی بێت، تاسا بوو. دەنگی بەرزی تەقینەوەکەی لە مێشکدا تاسابوو. تەنانەت ئاگای لە هات و هاواری دەستەخوشکەکانی و ژنانی گەڕەک نەمابوو.  خەڵکی هەموو بە هاوار و باوکەڕۆ بەربوونەوە. گەڵابەکەیان هێنایە خوارەوە و بەرەو ئاوایی گەڕانەوە. هەر کەسەوە بانگی یەکتری دەکرد، بەرە بەرە هەموویان لە دەوری یەک کۆبونەوە. ساڵ هات و چوو. کەژاڵ لە کەژ کەوت، لاقێکی لە دەست دا. لە دوایی چەند ساڵێک بە سەر ئەو رووداوەکە بە سەری هات بوو قەت بیری لەوە نەکردەوە ژیانی هاوسەری پێک بێنێت. چارەنووس کوڕێکی گەنج باوەشی بە خەم و ئازارەکانیدا کرد و ژیانی هاوسەرییان پێک هێنا.  سۆرانیش چارەنووسی وەک کەژاڵ بەو ئازارەوە تلایەوە. ئەم چیرۆکە بیست ساڵە لە ناخمدا هەموو رۆژێ سەوز ئەبێت، حەز ئەکات ببێت بە گوڵێکی کێوی، یان بە سوورە هەڵاڵەیەک، پاش وەرزی ئازار و خەم، لە بەرپێی کەژێ دا سەوز بێتەوە. وەک کەژێ دەیگوت: “باوکەگیان، حەز ئەکەم ببم بە پەلکە رێواسێک، نا نا حەز ئەکەم ببم بە بارانێک ببارێم بەسەر ئەم شاخ و دۆڵا، بۆ ئەوەی ژیان لێرە نەوەستێ، هەژارەکان شوێنێکیان هەبێت بۆ مانەوە”. باوکیشی بە زەردەخەنەیەک، دەیگوت” کەژێ، تۆ کەژاڵی ئەم کەژەی، کەژ بێ کەژاڵ نابێ کچم”.

شەهلا یارحوسێنی

05.06.2013

نۆروێژ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی