پێشەکی
لە بەشەکانی پێشووتردا بە زۆری باسی هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی کۆمەڵەم لە ئۆردووگای ڕومادی کردووە
کە لە نێوان سالەکانی ١٩٨٤ تا ١٩٩٠ بوونەتە لایەنگر و هەڵسووڕاوی کۆمەڵەوە. لە ئەم بەشەدا هەوڵ ئەدەم باسی کۆمەڵێکی تر لە هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی کۆمەڵە بکەم کە لە ساڵی ١٩٩١ زایینی بە دواوە بوون بە هەڵسووڕاو و لایەنگری کۆمەڵە.
١ – ئەنوەر سوهرابی
کاک ئەنوەر خەڵکی گوندی مەلازۆراوی سەر بە ناوچەی سەلاسی باوەجانییە کە ساڵی ١٩٧٩ لە کاتیدا کە منداڵ بووە لە گەڵ بنەماڵەکەیدا ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون. دوای نزیک بە سێ ساڵ مانەوە لە باشووری کوردستان کە ئەو کات لە ژێر دەسڵاتی دەوڵەتی بەعسدا بوو، ساڵی ١٩٨٢ زایینی بە زۆر و زەبری جێشی عێراقی دەگوێزرێنەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی. ساڵی ١٩٩٤ دەبێتە پێشمەرگەی کۆمەڵە و تا ساڵی ١٩٩٧ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا خەبات ئەکات.
دواتر ئەگەڕێتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی. لە ئۆردووگاە وەک لایەنگرێکی چالاک و هەڵسووڕاو دەست ئەکات بە خەبات و تێکۆشان.
لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٠ بۆ چەند جارێک بووە بە ئەندامی کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی. لە گەڵ کاک موحەمەد سەعیدی لە ناو گەنجەکانی ناوچەکەی خۆیان (تایفەی قوایی) دەور و کاریگەری باشیان هەبووە. لە ڕێگای ئەوانەوە کۆمەڵێک لە ئەو گەنجانە بە سیاسەتەکانی کۆمەڵە ئاشنا بوون و لە مەراسمەکاندا بەشداریان کردووە.
لە ئۆردووگای ڕومادی ماوەیەک ئەندامی کۆڕی هونەری لاوانی کۆمەڵە و ماوەیەکیش ئەندامی کۆمیتەی وەرزشوانانی ئەو ئۆردووگایە بووە.
وەک خۆی ئەڵێ زۆر جار ناحەزانی کۆمەڵە هەوڵێان داوە کە لە ڕێگای خانەوادەکەی و دەور و بەرەوە گوشار بخەنە سەری تا واز لە کۆمەڵە بهێنیت.
کاک ئەنوەر ساڵی ٢٠٠٠ ئەچێتە دەفتەری نوێنەرایەتی کۆمەڵە- سازمانی حیزبی کومونیستی ئێران لە بەغدا و ئەبێتە بەرپرسی بنکەی پزشکی و بە هۆی ئەوەی کە زمانی عەرەبی زانیوە، کار و باری وەرگێڕی و یارمەتی کردن بە برینداران و نەخۆشەکانی کۆمەڵەی لە ئەستۆ گرتووە.
ساڵی ٢٠٠٣ لە دوای هێرشی هێزەکانی ئامریکا بۆ سەر وڵاتی عێراق، چووەتەوە ئۆردووگای ڕومادی و لە گەڵ نزیک بە ٢٠٠ بنەماڵەی دیکەی کەمپی ئەلتاش بەرەو سنوورەکانی عێراق- ئۆردون ڕۆیشتوون. بۆ ماوەی ٣ ساڵ (یەک ساڵ و نیو لە کەمپی ئەلکرامە و ساڵ و نیوێک لە کەمپی ئەلوەلید) ماونەتەوە. ساڵی ٢٠٠٦ لە وڵاتی سوید پەنابەری وەرگرتووە و ئێستە نیشتەجێی ئەم وڵاتەیە.
ناوبراو ئێستەش لایەنگری کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێرانە.
٢ – موحەمەد سەعیدی
کاک موحەمەد خەڵکی گوندی کۆرەیی سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە کە ساڵی ١٩٧٩ لە کاتێکدا کە منداڵ بووە ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون. سێ ساڵی ئەوەڵی ئاوارە بوونیان لە باشووری کوردستان چووەتە سەر. دواتر لە هاوین و پائیزی ١٩٨٢ بە زۆر گوێزراونەتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی. وەک خۆی ئەڵێ ساڵی ١٩٩٢ زایینی لە ڕێگای کەسێک بە ناوی بیژەن کە پێشتر پێشمەرگەی کۆمەڵە بووە بە سیاسەتەکانی کۆمەلە ئاشنا بووە. بیژەن و موحەمەد هەر دووکیان لە ڕەستوران ئەربیل لە شاری ڕومادی پێکەوە کاریان کردووە و لە گەڵ یەکتر ئاشنایەتی و هاوڕێیەتیان پێک هێناوە و لە ئەو ڕێگەوە بیژەن سەرنجی موحەمەدی بۆ لای سیاسەتەکانی کۆمەلە ڕاکێشاوە.
ساڵی ١٩٩٤ لە ماڵی کاک عەزیز مەنسووری بەشداری یەکەم کۆبوونەوەی لایەنگرانی کۆمەڵە کردووە.
لە ئەو ڕۆژە بە دواوە تا ساڵی ١٩٩٦ کە چووە بۆ پێشمەرگایەتی بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کردووە و تراکت و نووسینەکانی کۆمەڵەی لە ناوچەکەی خۆیان لە ئۆردووگای ڕومادی بڵاو کردوەتەوە.
ساڵی ١٩٩٦ زایینی چووەتە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە و دوای تەواو کردنی دەورەیەکی دوو مانگەی سیاسی- نیزامی لە واحیدی ئامادە بۆ پارێزگاری کۆمیتەی ناوەندی ئەرکی پێ سپێردراوە. دوای تێپەڕ بوونی ساڵێک لە ئەرکی پێشمەرگانە بۆ سەردان چووەتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی. ئەو کاتە کە ئەو ئەچێتەوە، باوکی (کاک عەلی) نەخٶش ئەبێت و لە نەخۆشخانەی گشتی شاری رومادی لە ژێر چاودێری دوکتوردا ئەبێت. باوکی داوای لێ ئەکات کە بمێنێتەوە و ئاگای لە ماڵەوە بێت. ناوبراو ناچار ئەبێت کە بمێنێتەوە.
لە ئۆردووگای ڕومادی وەک هەڵسووڕاوێک دەست ئەکات بە خەباتی سیاسی. ساڵی ١٩٩٧ تا ساڵی ٢٠٠٠ لە گەڵ بەڕێزان عەسکەر مورادی، مەنسوور یاری، بەهرۆز نەزەری و عەزەم قوبادیپووڕ ئەندامی کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەڵە بووە.
لە ئاگووستی ساڵی ٢٠٠٠ لە دوای جیا بوونەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە حیزبی کومونیستی ئێران، هەڵوێستی کاک موحەمەد، کاک عەزەم، کاک عەسکەر و کاک مەنسوور بەرەو لای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ئەبێت. لە ئەو سەردەمەدا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە لایەن دەسڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە ڕێگەیان پێ نادرێت کە هاتووچۆی ئۆردووگای ڕومادی بکەن. لایەنگرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە ئۆردووگای ڕومادی تا ساڵی ٢٠٠٣ زایینی کە سوپای ئامریکا عێراقی داگیر کرد و دەسڵاتی بەعسی ڕوخاند، نەیانتوانی لە ئەو ئۆردووگایە بە شێوەی ئاشکرا و ڕێکخراو تێكۆشان بکەن.
ساڵی ٢٠٠٣ کاک موحەمەد دەگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان و وەک کەسێکی سەربەخۆ ئەمێنێتەوە. ساڵی ٢٠٠٧ لە ڕێگای یوئینەوە وەک پەنابەر دەنێردرێتە وڵاتی ئینگلیس و ئێستە لە ئەو وڵاتە ئەژی. وەک خۆی ئەڵێ ئێستە ئەندامی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵام کەسێکە کە لە مافی ژن، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی تاکەکان داکۆکی ئەکات.
٣ – جەلیل عەلیپووڕ
کاک جەلیل خەڵکی ئاوایی تەپەڕەشی سەرقڵایە کە سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە. ساڵی ١٩٨٠ بە هۆکاری شەڕی ئیران- عێراقەوە بنەمالەکەیان ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون. ساڵی ١٩٨٢ گوێزراونەتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی. ساڵی ١٩٨٧ لە ئۆردووگای ڕومادی بووەتە لایەنگری حیزبی دیموکرات. ساڵی ١٩٨٨ دەچێتەوە بۆ کوردستان و ئەبێتە پێشمەرگەی ئەو حیزبە. پاش کەمتر لە ساڵێک لە بەڕێوەبردنی ئەرکی پێشمەرگایەتی ئەگەڕێتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی. لە دوای گەڕانەوەی بۆ ئۆردووگاە وەک هەڵسووڕاوێکی حیزبی دیموکرات لە ناو ئەو کەمپە دەست ئەکات بە تێكۆشان و لە یەکێک لە کۆمیتە ناوچەکانی ئۆردووگای رومادیدا وەک ئەندام کۆمیتە ئەرکی پی ئەسپێردرێت.
ساڵی ١٩٩٢ واز لە ئەندامیەتی حیزبی دیموکرات ئەهێنێت و یەک سال دواتر، واتە ساڵی ١٩٩٣ ئەبێتە لایەنگری کۆمەڵە. کاک جەلیل برای کاک خالید عەلیپوورە کە لە ساڵی ١٩٨٧وە تا ئێستە لە گەڵ کۆمەڵەیە و ئێستەش ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحـمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە. بێجگە لە ئەم دوو بەڕێزە تا ئێستە دوو کەسی تری بنەمالەکەیان (ئەمجەد و فواد) بوونەتە پێشمەرگەی کۆمەڵە.
کاک جەلیل لە ئاخر و ئۆخری ١٩٩٣ تا ١٩٩٧ دوو جار بووەتە ئەندامی کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەلە لە ئۆردووگای ڕومادی و لە گەڵ هاوڕێیان مەنسوور یاری، عەزەم قوبادیپووڕ، عەسکەر مورادی و ئەنوەر موحەمەدی ئەرکەکانی ئەو کۆمیتەیان بەڕێوە بردووە.
ماوەیەک لە گەڵ بەڕێزان بەهروز نەزەری، بەشیر ئەمیرخانی و فەرەیدوون مورادی ئەندامی کۆمیتەی ڕەدییەکان بووە. مەبەست لە ئەو پەنابەرانەیە کە ئەو کات لە لای سەلیب (خاچی سوور) و یوئین ڕەدییان پێ درابوو.
ماوەیەکیش وەک مامۆستای نیگار کێشان (نەقاشی) دەرسی وتووەتەوە.
هەر لە ئەو دەورانەدا لە گەڵ ٣٠ کەسی تر لە کوڕان و کچانی خوێندەوار و خاوەن هەڵوێستی ئۆردوگای ڕومادی بۆ ماوەیەک دەورەیەکی کۆمەکە سەرەتاییەکانی بهداشتییان بینیوە کە لە لایەن یوئین و دەوڵەتی ئەو کاتی عێراقەوە بۆیان ڕێکخرا بوو. دواتر وەک یارمەتیدەر لە لای دوکتورەکانی ئۆردووگا خزمەتیان کردووە. ئەرکی ئەندامانی ئەو گرووپە کە لە ئەو دەورەدا بەشدار بوون و بڕوانامەشیان پێدرا بوو، بریتی بووە لە زانیاری بەخشین لە بواری تەندرووستی، دابەش کردنی دەوا و دەرمان و کاری وەرگێڕی لە لای دوکتورەکان.
سەرەتای ساڵی ١٩٩٧ چووەتەوە بۆ کوردستان بووەتە پێشمەرگەی کۆمەڵە. هەر لە هەمان ساڵدا تا ساڵی ٢٠٠٠ لە بەغدا بەرپرسی بنکەی پزشکی کۆمەڵە و وەرگێڕ بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٥ لە ڕیزی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدا بەرپرسی بەشی چاپەمەنی (انتشارات) کۆمەڵە بووە. لە کاتی جیا بوونەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێردا بۆ ماوەی دوو سال بەرپرسی بەشی پزشکی ئەو ڕێکخراوە بووە. ساڵی ٢٠٠٧ لە کۆنگرەی ١٢ وەک جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەلبژێراوە. لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ئاخر و ئۆخری ساڵی ٢٠١٠ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵات تی ڤی بووە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ تا ئەو کاتەی کە هاتووەتە وڵاتی ئاڵمان لە بەشی سکرتاریەتی (دبیرخانە) کۆمەڵە وەک جێگری بەرپرسی ئەو ئۆرگانە کاری کردووە.
ئێستەش ئەندامی کۆمەڵەی شٶڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە و لە وڵاتی ئاڵمان ئەژی.
٤ – حەمید نێرژی
کاک حەمید خەڵکی ئاوایی تەپەی نەوشیرانی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاوە کە ساڵی ١٩٨٠ زایینی بە هۆکاری شەڕی ئێران و عێراقەوە لە گەڵ بنەماڵەکەیدا ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون. ساڵی ١٩٨٢ لە گەڵ بنەماڵەکەیان و هەزاران بنەماڵەی تری ناوچەکە بە زۆر و زەبری جێشی عێراق ڕاپێچی ئۆردووگای ڕومادی کراون.
ساڵی ١٩٨٣ڕوو ئەکاتە خەباتی پێشمەرگانە و دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە هێزی داڵاهۆ و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئەو بوارەدا خەبات ئەکات.
ساڵی ١٩٨٥ ئەگەڕێتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی و تا ساڵی ١٩٩٠ وەک لایەنگر لە بەشی کۆڕی هونەری حیزب لە ئۆردووگای ڕومادی خەبات ئەکات. دواتر لە لایەنگری حیزبی دیموکرات واز دێنێ و دوای دوو ساڵ بێ لایەن بوون، ئەو جارەیان ڕوو ئەکاتە سیاسەتی کۆمەڵە و ئەبێتە لایەنگری ئەو ڕێکخراوەیە. وەک خۆی ئەڵێت خانەوادەگی بوون بە کۆمەڵە. لە گەڵ بەڕێزان یەدی چراغی، فەرزانە نیکبەخت، ڕزگار و چەند کەسی تر لە تازە لاوانی بنەماڵە کۆمەڵەییەکان کۆڕی هونەری (کۆمەلە) لە ئۆردووگای ڕومادی پێكدێنن. وەک خۆی ئەڵێت لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٢ تا ٢٠٠٠ زایینی دوو جار بووەتە ئەندامی کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەڵە لە کەمپی ئەلتاش. لە ئەو دەورەی فێر بوونەی کە یوئین و دەوڵەتی ئەو کاتی عێراق بۆ کۆمەڵێک لە خوێندەوارانی گەنجی ئۆردوگاە دایان نابوو، کاک حەمیدیش یەکێک لە بەشداربووانی ئەو دەورەیە بووە. ئەو کەسانە دواتر لە بواری لەش ساغی و کاری بواری سەخلەمی بە هاوکاری کردنی دوکتوورەکانی ئۆردووگاە خزمەتی دانیشتوانی ئەو ئۆردووگایانە کردووە.
ساڵی ٢٠٠٣ لە گەڵ نزیک بە ٢٠٠ بنەمالەی دیکەدا لە کەمپی ئەلتاشەوە بەرەو سنوورەکانی ئوردون دەڕۆن و دوای نزیک بە ساڵ و نیوێک لە ژیانی پڕ لە مەینەت سەرئەنجام لە مانگی نوامبری ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی سوید پەنابەری وەرئەگرن و لە ئەم وڵاتە نیشتەجێ ئەبن. لە وڵاتی سوید پێوەندی ڕێکخراوەیی بە کۆمەڵەوە نامێنێ و تا ئێستەش ئەندامی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە. لە ئەو شارەی (کارلستاد) کە ئەژی بۆ ماوەی یەک، دوو ساڵێک خۆبەخشانە دەرسی کوردی بە ژنانی کوردی ئەو شارە وتووەتەوە. لە ئەم ساڵانەی دواییەدا بە هاوکاری منداڵەکانی خۆی و چەند گەنجێکی تر کۆڕێکی هونەرییان داناوە و لە زۆربەی بۆنەکاندا بەشداریان کردووە. خاوەنی ماڵپەڕێکی هونەرییە بە ناوی نەوشیروان دات کام. کاک حەمید دەستی شیعر نووسین و شاعێریشی هەیە و بە ناوی نەوشیروان ١٠، ١٢ فیدیوکلیپی لە خوێندنەوەی شیعرەکانی خۆی هەیە.
لە ئێردا کۆتایی بە ئەم بەشە دێنم. لە بەشەکانی داهاتوودا باسی کۆمەڵێکی تر لە لایەنگران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کەمپی ئەلتاش (ئۆردووگای ڕومادی) ئەکەم کە لە ساڵی ١٩٩١ بە دواوە بوونەتە لایەنگر و هەڵسووڕاوی ئەو ڕێکخراوەیە. چاوەڕوان بن!
عەلی قەنبەری ٩ – ٦- ٢٠١٣ زایینی