"an independent online kurdish website

پێشوتار: خۆێنەری هێژا، ئەم وتارە تایبەت بەمەسەلەی سەربەخۆیی بۆ باشوری کوردستان و بۆ گۆڤاری پێشمەرگەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە.aref_bawecani

لەبەر ئەوە ئاماژەم بە بەشەکانی دیکەی کوردستانی گەورە نەکردوە. بابەتەکە تەنیا تایبەتە بە دۆزی دەوڵەتی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان. هیوادارم لەو بوارەوە لێم تێگەیشتبن، من زۆربەی وتارەکان و لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی پێشووم لە سەر سەربەخۆیی کوردستان بە گشتی بووە.

بۆ سەربەخۆیی: نەتەوەیی کورد یەکێکە لەو نەتەوە پر حەشیمەت و دێرینانەی سەرگۆی زەویە کە لە مێژ ساڵە بەبێ بوونی کیانێکی سەربەخۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری خۆی لە ژێر ستەمی داگیرکەران تێپەردەکات. لە پاش مێژووی شەرەکانی یەکەم ودووەمی جیهانی و دروستبوونی دووجەمسەری دەسەڵات لەو کاتانەدا، بە هۆی هاتنە ئارای چەند پەیماننامە و ڕێکەوتننامەیەکی زلهێزانی ئەو سەردەمانە، ڕێگە خۆشکرا بۆ بە دەوڵەتبوونی زۆر نەتەوە، هەمانکات ئاستەنگیش دروستبوو بۆ سەربەخۆیی زۆرنەتەوەی بندەست، کە لە نێوانیاندا نەتەوەی بەرچاوی گەلی کورد بێجگە لە کۆمارە کەمتەمەنەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبێت. ئیدی لە هەموو مافێكی نەتەوەیی خۆی بێبەشکراوە. سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و چه‌مکه‌ ڕامیاریەیه‌‌ که‌ ماف بە هەموو نەتەوەیەک دەدات دەسەڵاتی (خۆبریاردەری) بەو نەتەوە دەدات کە چۆن کیان وژیانی سیاسی و ئابوری و مرۆڤایەتی خۆیان بەڕێوە ببەن. بۆ ئەم چەمکەش گەلی کوردی تینوی سەربەخۆیی له‌ مێژ ساڵه‌ به‌ شێوه‌ی جۆراو جۆر شرۆڤه‌ی له‌ سه‌ر ده‌کەن، هیندێک به‌ پرۆژەیەکی بڤه‌و مەترسیدار پێناسەی دەکەن و هیندێکیش به‌ مافێکی ره‌وا له‌ سه‌ری دەد‌وێن.
کاتێک کەباس له‌ سه‌ربه‌خۆیی بۆ گەلەکەمان ده‌که‌ین، باس له‌ شتێکی ناحه‌ق و ناڕاست ناکه‌ین، باس له‌وه‌ ناکه‌ین که‌ بۆ خۆشبه‌ختی و سه‌ربه‌ستی خۆمان خاكی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ داگیربکه‌ین، یا ناحه‌قی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکانێکی دیکه‌ی بێجگە لە خۆمان بکه‌ین. ئێمه‌ باس له‌ مافێک ده‌که‌ین که‌ هه‌م له‌ بواری یاسای نێۆنه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ئه‌و مافه‌مان پێ ره‌وایه‌ و هه‌م له‌ بواری مرۆڤایه‌تی و ئاشتی وته‌بایی و هەم به پێی یاسای گشت ئاین و په‌رتووکه‌ ئاسمانه‌کانیش مافی ئەوەمان هەیە، سەربەخۆ بین.
ئه‌و مافه‌ی که‌ ئێمه‌ به‌ ناوی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ باسی لێوه‌ده‌که‌ین به‌ زه‌قی له‌ نێو جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانی جیهاندا دیاره‌ و به‌رچاوه.
له‌ جارنامه‌ی مافی مرۆڤ له‌ به‌ندی٢  له‌ ماده‌ی یه‌که‌مدا هاتووه‌: هه‌موو مرۆڤێک به‌بێ هیچ جیاوازییه‌ک به‌ هۆی ره‌گه‌ز، ڕه‌نگ، جنس، زمان، ئایین، بیرورای سیاسی، یان هه‌ر رایه‌کی دیکه‌و بنه‌چه‌ و بنه‌مای نیشتیمانی، کۆمه‌ڵایه‌تی و دارایی و له‌ دایکبوون یان هه‌ر شتێکی دیکه‌، شایسته‌ی سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و ماف و ئازادییانه‌ی که‌ له‌م بانگه‌وازه‌دا هاتوون.
هه‌ر له‌ ماده‌ی ٢ له‌ به‌ندی دووهەمدا هاتووه‌: “هه‌موو که‌سێک مافی ژیان و ئازادی وئاسایشی خۆی هه‌یه‌.
یا له‌ به‌ندی (٥) دا هاتووه‌: “نابێت هیچ مرۆڤێک ئه‌شکه‌نجه‌و سزا بدرێت و ڕه‌فتاری تووند و تیژ و دڕندانه‌ی که‌رامه‌ت ڕووشێنی له‌گه‌ڵدا بکرێت.
له‌ به‌ندی ٢١ دا هاتووه‌ که‌: هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک مافی ئەوەی هه‌یه‌ له‌ ژێر چاوه‌دێری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ڕێگه‌ی دیموکراسی و هه‌ڵبژاردنی ئازادو ڕیفراندۆمەوە چاره‌نووسی خۆی دیاری بکات.
له‌ ماده‌ی ٢٨ دا هاتووه که‌ هه‌موو که‌سێک شایسته‌ی سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و نێونه‌ته‌وه‌یییه‌، که‌له‌ سایه‌یدا هه‌موو ماف و ئازادییه‌کانی که‌ له‌م بانگه‌وازه‌دا نووسراون به‌ ته‌واوی وه‌‌دی ‌بێنێت.
زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌ له‌ کۆی ٣٠ ماده‌دا که‌ هه‌ر ماده‌یه‌کیش چه‌ند به‌ندی لێده‌بێته‌وه‌ کورد زیاتر لە ٩٠% له‌و مافانه‌ی لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا نووسروان بێبه‌شه‌.
هه‌روه‌ها له‌ په‌یمانی سیڤه‌ری نێوده‌وڵه‌تی كه‌له‌ ٢٠ / ٨ / ١٩٢٠ی زاینی وه‌ک یه‌که‌م په‌یماننامه‌ی گرنگی جیهانی واژۆی له‌سه‌رکرا. به‌ پێێ ماده‌كانی ٦٢ و٦٣ و٦٤ مافی ته‌واوی به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردی داوه‌، هه‌ر له‌و په‌یمانه‌دا کورد وه‌ک یه‌کێک له نه‌ته‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسراوە. به‌ڵام به‌ دوای ئه‌و پەیمانەدا له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌وکاتی تورکیا په‌یمانی شوومی لۆزان لە   
‌٢٣ /٧ / ١٩٢١واژۆ کراو ئه‌و ماددانه‌ی که‌ شمولی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان ده‌كرد، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌.
بەڵام ئەم گەلە بەردەوام لە شۆرش و بەرخۆدان بوون بۆ دەستهێنانی مافەکانیان، لە درێژایی مێژوو چەند جار دەوڵەت و نیمچەو دەوڵەت و نیمچە دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووەو دیسانەوە لێی سەندرێواوەتەوە. لە ئاکامی ئەو بەرخۆدانە بێوچانانەی کوردستانیان، توانراوە لە لە ساڵی ١٩٩١وە، بە دارشتنی بەرنامەیەکی تووکمەی بەرەی کوردستانی لە کاتی لاوازبوونی حکومەتی بەعسی ڕووخاو، بە ڕاپەرینی زۆربەی شارو ناوچەکانی باشوری کوردستان(هەرێمی کوردستان) دەسەڵات کەوتەوە دەستی کوردستانیان. مێژووی ئەو دەسەڵاتە کە نە بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناسرابوو، نەبە دەسەڵاتی ژێر دەستی بەغداد ناسرابوو. لە ئاست دەسەڵاتەکانی جیهانی بە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان ناسرابوو. کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکاو هاوپەیمانانیشی بۆ پاراستنی ئەو هەرێمە بە ناوچە دژە فرین ناسرابوو، کە ئەو پێناسە مەبەستی پاراستنی بواری ئەمنی ئەو هەرێمە بوو، کە نەوەک لە لایەن حکومەتی بەعسەوە هێرش بکرێتە سەری. ئەو نیمچە سەربەخۆیی تاساڵی ٢٠٠٣بە هیندێک قۆناغی خۆش وناخۆش دەسەڵاتدارێتی کوردی بەڕێوە چوو. لە نیسانی ٢٠٠٣ کە حکومەتی کوردکوژی سەدامی بەعسی کۆتایی بە تەمەنی هات. لە ڕوانگەی چاودێرانی سیاسییەوە وا چاوەرواندەکرا کە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیەنن، هەرچەند ئەو هەلەشمان لەبەر هیندێک هۆکاری دەرەکی و یەکنەبوونی کوردیش لەو کاتەدا، لە مێژوودا لە دەستدا. بەڵام دەسەڵاتی ئەزموونی کوردستانیان بۆ دامەزراندەوەی حکومەتێکی نۆیی ئێراق و بە هێزکردنەوەی دەسەڵاتی باشوری کوردستان زۆر گەشەسەندنی بە خۆیەوە بینی و لە ئاست جیهاندا کورد بەرچاو و دیار بوو لە بواری دیپلوماتی و ئاشتیخوازی.
لە دروستکردنەوەی حکومەتی نۆیی ئێراق بەشێک لە دەسەڵاتە گرنگەکان بە کورد دران. وەک هەڵبژاردنی مامجەلال لە کۆی سەرۆککۆماری ئێراقوەزارەتی دەرەوەی ئێراق،هەروەها لە سەروەت و سامانی ئێراقی هاوبەش بوجەی گەلی کورد دیاریکرا. کە ئەمەش وایکرد بووژانەوەی ئابوری لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە بسێنێت. ئاکامی ئەو ئەزموونەی نێوان سالی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٣ لە ئاستێکی زۆرباش و گرنگدا کوردستان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی وئابوری و دیپلوماتی پێشکەوتنی زۆر بەخۆیەوە ببینێت.

ئایا پاش راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كورد ده‌توانێت لە بواری سیاسی ناوخۆ و بنه‌ماكانی ئابووری له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت؟
من لە وڵامی ئەوجۆرە مەترسیانەی کە هەمیشە بۆ کوردیان دروستکردوە کە گوایا کورد ئەگەر سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیانێت لە بواری داراییەوە هیچی نییەو لەبرسا تووشی قەیران دەبێت، دەڵێم هەرگیز وانییە، ئەگەر داگیرکەرانی کوردستان بیانزانیبایە گەلی کورد و ناوچەکانی کوردستان توانایی ئابووری نییە لە مێژبوو بۆ خۆیان پاڵنیان بە کوردەوە دەنا کە سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیانن. بەڵام ئابوری زۆری ئەو وڵاتاداگیرکەرانی کوردستان لە ئیستا لە پشتی دەنازن و خۆیان بە خاوەنی دەزانن کەتووەتە ناوچەکانی کوردستان و موڵکی گەلی کوردە. کە نموونەترینیان نەوتی کەرکوکە کە بە پێنجەمین کانگەی گەورەی نەوتی جیهان ناودەبرێت.
کەوابێت دەتوانین بڵێن گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان خاوەنی ئابوری و زێرزەمینێکی باشی سەروەرتی دارایی نیشتیمانییە، بێجگە لەوەی کە نەوت لە ناوچەکانی کەرکوک وکۆیەو زاخۆ ئاشکراکراوە. لە چەندین شارو ناوچەی دیکەش هەر لەم هەرێمە باس لە بوونی نەوتی زۆر گرنگ دەکرێت. بێجگە لە نەوتیش کوردستان لە زۆر بوارەکانی میوە و کشتوکاڵ، سەروەتەکانی سەرچیاکان، بەردی بە ناوبانگ. زێر، گوگرد و زۆر سەرچاوەی دیکەی بووژانەوەی ئابوری هەیە. بەڵام مخابن شارەزایانە لە سەر هیندێک لەو بوارە ئابوورییە کار نەکراوە. بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵ و باخ و بێستانەوە. کە ئسیتا دەبینین هەموو جۆرە میوەجات و بەرهەمەکانی شیریش لە وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران هاوردەی کوردستان دەکرێن. لە حالێکدا کە بەس دەشتەکانی کۆیەو شارەزوور و هەولێر کە دەشتی کشتوکاڵ و میوەجات و ئاژەڵ بەخێوکردنە، نەک هەر لە کوردستانیش زیاترە بگرە دەتوانرێت بنێردرێتە چەندین وڵاتی دەرەوە. بەڵام لەو بوارەوە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کاری پیویستی بۆ نەکردوە، پێویستە هەنگاوی گرنگ و بەپەلە بۆ بۆژانەوەی کشت وکاڵ و ژینگەی کوردستان هەڵگیرێت.
بێگومان هیچ وڵاتێک خۆی ناکات بە خاوەنی کێشەی کورد لە بەرامبەر هەر ئاکام لە داگیرکەرانی کوردستان و ئێمە نابێت لە بواری سیاسییەوە چاوەرێێ بکەین چەند وڵاتێک کوردستانەکەمان بۆ دروستبکات و ئەمجا کلیلەکەمان پێبدەن وبڵێن فەرموون بچنە ناوییەوە. ئێمە دەبێت بۆخۆمان لە هەرێمی کوردستان بە پێێ ئەو ئامادەییە باشەی بواری سیاسی و ئابوری و جیوپۆلیتیکیە کە دروستبووە، ئەو هەلە بقۆزینەوە.
ئێراقی ئیستا لە چی وەزعێکدایە.
لە ساڵی ١٩١٩ کە دەوڵەتی ئێراق لە لایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکراو کوردیان بە زۆرلکاند بە ئێراقەوە تا ئێراقی پاش ٢٠٠٣ هەرگیز ئەم وڵاتە ئەوەندە کێشەی شیعەو سونی و تایفی لەو ئاستەدا نەبوو، کە ئیستا ئێراق کەوتووە ئەو قەیرانە قووڵەوە. ئەوەی لە سیاسەت تێبگات وتەماشای ئەم وەزعەی ئیستای ئێراق دەکات بۆی ڕووندەبێتەوە کە هەرگیز ئێراقی یەکگرتووی فیدراڵی کە مافی هەموو نەتەوەکان و ئاینەکان لە بەرچاو بگریت دروستنابێتەوە. هەر ئیستا بە ئاشکرا چەند وڵاتێکی دراوسێ دەستیان لە کاروباری ئێراقدا هەیەو بە ڕەزامەندی ئەوان پۆستەکانی دەسەڵات دابەشدەکرێن. جاران کە کورد باسی لەجیابوونەوەی ئێراق دەکرد ویژدانەکانی جیهان بەتاوانێکی گەورەییان دەزانی، کەچی ئیستا چاودێرانی سیاسی کاروباری ئێراقیش هاتوونەتە سەر ئەو قەناعەتەی کە هیچ چارەسەرێک نییە تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەم وڵاتە بە سەر ٣بەشدا دابەشبکرێت، جا بە سەربەخۆیی یەکجاری بێت یا فیدراڵی یا کۆنفیدراڵی. ئەویش ناوچەی سوونەکان، ناوچەی  شیعەکان، و کوردستان. ئیتر پێویستە کورد چاوەرێی ئێراقی عەیار ٢٤ نەکاتەوە، پێویستە هەنگاوی بەپەلە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی بنێت، خۆی بۆ تەداروک بکات.

دەبێت چۆن خۆمان بۆ سەربەخۆیی ئامادە بکەین.
١
/  بە دروستکردنی هێزێکی گشتی پێشمەرگە یا سوپای سەرتاسەری کوردستان کە هێزێکی سەرتاسەری کوردستانی بێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی کوردستان. سیستەمی پێشمەرگایەتی هەروەک پرینسیپەکانی سەربازی جیهانی بکرێتە ئیجباری و ساڵ و کاتی هەر گەنجێک دیاری بکرێت کە لە ساڵێک یا ٢ساڵ لە ڕیزی سوپای کوردستان خزمەت بکات. بۆ هەنگاوی یەکەمی بە دەوڵەتبوونمان پیویستە  داوا  لە هەموو تاکێکی کوردستانی لە نێوان١٨ تا ٣٥ بکرێت خۆیان لە ڕیزی سوپای کوردستان تۆمار بکەن، بۆ قۆناخە سەرەتاییەکان دەسەڵاتدارێتی حکومەتی سەربەخۆ پشتیوان بن.
٢ /  دروستکردنی لێژنەیەکی هاوبەشی سیاسی و دیپلوماتی بۆ گەشتێکی جیهانی و ڕاکێشانی پشتیوانی وڵاتان و ڕێکخراوانی نێۆنەتەوەیی لەمەر دروستبوونی ئەو دەوڵەتە.
٣ /  وەگەرخستنی پرۆژەیەکی سەرتاسەری کشتوکاڵی و ژینگە، هەموو ئاسانکارییەک بۆ گوندنشینان و خاوەن کێڵگەکان بکرێت. بەرهەمەکانیان بە تایبەت گەنم وجۆ، پێویستە بە پارەیەکی باش لە لایەن حکومەتەوە لێیان بکرێتەوە و لە خەزێنەی تایبەت کۆکرێتەوە.

بۆ سه‌ربه‌خۆی کوردستان پێویستمان بە ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانە.
دەوڵەتی کوردی بە بێ بە دەستهێنانەوەی ناوچە دابراوەکانی وەک کەرکوک وبەشێک لە موسڵ و ناوچەکانی لای گەرمیان بۆشاییەکی زۆری تێدا دەبێت. بە تایبەت کەرکوک کە فاکتەری سەرەکییە بۆ دەوڵەتداری لە کوردستاندا. من پێموایە هەرێمی کوردستان بە ئاسانی دەتوانێ کۆنترۆڵی کەرکوک بخاتەوە ژێر دەستی خۆی، بەڵام من پێموایە لەبەرژەوەندی کوردا دەبێت کە ناوچەکانی دیکەی وەک ڕیاز و حەویجە لێگەرێت بۆ عەرەبەکان و لە سەر سنووی پارێزگای کەرکوک دایبرێت. چوون بوونی ئەوانە لە درێژایی مێژووی پێشوومان ونۆێمان تەنیا کێشە دروستکەربوون و بۆ داهاتووش هەر وا دەبێت.

ئایا بۆ سەربەخۆیی کوردستان وڵاتانی زلهێزو دەورەوبەرو  قبووڵ ده‌كه‌ن.
بێگومان هیچ وڵاتێک خۆی ناکات بە خاوەنی کێشەی کورد لەبەرامبەر هیچکام لە داگیرکەرانی کوردستان،  ئێمە نابێت لە بواری سیاسییەوە چاوەرێێ بکەین چەند وڵاتێک کوردستانەکەمان بۆ دروستبکات و ئەمجا کلیلەکەمان پێبدەن و بڵێن فەرموون بچنە ناوییەوە. ئێمە دەبێت بۆخۆمان لە هەرێمی کوردستان بە پێێ ئەو ئامادەییە باشەی بواری سیاسی و ئابوری و جیوپۆلیتیکیە کە دروستبووە، ئەو هەلە بقۆزینەوە. لە سەرەتای دروستبوونی هەردەوڵەتێکدا بڕێک چاوسورکردنەوەو هەرەشەی نەیاران هەبووە، بەڵام بە پێێ تێپەربوونی کات، و دروستکردنی بەرژەوەندی بۆ لایەنی بەرامبەریش ئەو هەرەشە کەمبووەتەوە، هەر بۆ نموونە لە هەموو وڵاتێک مەترسیدارتر بۆ دەوڵەتی کوردی لە هەرێمی کوردستان وڵاتی تورکیایە، کەچی ئیستا تورکیا بە چەندین ملیارد دۆلار گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ هەرێمدا هەیە. دڵنیاشین بە بوونی دەوڵەت ئەو وڵاتە هەرچەند زۆر دژە کورد بووە و هەیە. بەڵام وەک وڵاتێکی دراوسێ ئەو بەرژەوەندەییە ئابورییەی گەلەکەی خۆی لەبەرچاوە. هەروەها هیندێك فاکتەری دیکەش هەن کە پێویستە لە ڕێگەی دیپلوماتییەوە بۆی بچێن و چارەسەری ڕازیکردنیان بۆ بدۆزینەوە.
لە نێوان ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٣چوار نەتەوەی دیکە دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و ئەوانیش تا رادەیەکی زۆر کۆسپ و تەگەرە لە ڕێگایاندا بوو بۆ سەربەخۆیی، بەڵام زۆربەی کۆسپەکانیان چارەسەر کرد. هەروەها دەتوانم بڵێ کە هیچکام لەو٤ دەوڵەتە نۆیە بەقەت کورد لە بواری ئابورییەوە بە هێزنین.

بۆ سەربەخۆیی کوردستان پێویستە پارێزگاکانی کوردستان زیاد بکرێن.
ڕێژیمی بەعس لە ماوەی زیاد لە ٣٥ ساڵ دەسەڵاتدارێتیدا هەوڵی زۆریداوە دیمۆگرافیای کوردستان بشێوێت و پارێزگاکانی بچووککاتەوە. لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی بەعسدا هیچ پارێزگایەکی نۆێ لە کوردستان دروستنەکراوە. لە حالێکدا زۆر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە پەنجاکاندا ئەمری بە پارێزگا بوونی بۆ دەرچووە، هەروەها لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠١٣ زۆر جار لە پەرلەمان وشۆێنە گشتییەکانی کوردستان باس لە بە پارێزگا بوونی زۆر شۆێنی پێویستکراوەو بەڵام نەچووەتە حاڵەتی جێبەجێکردنەوە، تەنیا ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەرین وەک ئیدارەی سەربەخۆ لەم چەند ساڵەی ئاخر رەسمییەتیان پێدراوە. بۆ ئەوەی کوردستان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، فرە شاری و فرە پارێزگایی و فرە کولتوری هەبێت. زۆر پێویستە کە ژمارەی پارێزگاکان زیاد بکرێت. بۆ ٨ پارێزگا وەک: هەولیر، سڵیمانی، دهۆک، کەرکوک، سۆران،  گەرمیان، شارەزوور، ڕاپەرین.

زۆر لە بۆچوونەکانی کەسانی شارەزایی جیهانی لەو بروادان کە سەربەخۆیی کوردستان نزیکبووەتەوە.
لەم ساڵانەی ئاخردا بە تایبەت لە ٢٠١٣ مەسەلەی بە دەوڵەتبوونی گەلی کورد لە باشوری کوردستان زۆر بەرچاوە، لە زۆر لە پەرلەمانی وڵاتانی ئوروپایی مەسەلەی جینوسایدی گەلی کورد خرایە باس و شرۆڤەوە. هەروەها چەندین نووسەرو  ڕۆژنامەو گۆڤاری بە ناوبانگ باس لە نزیکبوونەوەی دەوڵەتی کوردی دەکەن لە هەرێمی کوردستان. کە یەکێک لەوان گۆڤاری ئیکونۆمیستە، کە چەندین بابەتی لەسەر ئامادەیی کورد بۆسەربەخۆیی بڵاوکردوەتەوە.
هەروەها گۆڤارو رۆژنامەکانی وەک : ف ت، ئەمریکیان، بی بی سی، گواردن، ناشیونال، جۆ فڕانسین جیبینس، سەرۆکی لقی پارتی کرێکاران لە شاری هەڵی بەریتانیا و زۆر کەسایەتی دیکەی ئوروپایی.

سەرچاوەکان
١ /  جاڕنامەی مافی مرۆڤ
٢ / وتارێکی نووسەر کە لە کۆری بەرەو سەربەخۆیی کوردستان لە ١٨/٦/٢٠١١ لە ئۆسڵۆی پایتەختی نۆرویژ پێشکەش کراوە.
٣ / وتووێژی نووسەر لەگەڵ گۆڤاری شەقام

٤ /  http://www.economist.com
٥ /  http://www.ft.com/home/middleeast
٦ /  http://american.com/
٧ /  http://www.bbc.co.uk
٨http://www.guardian.co.uk
٩ / http://www.thenational.ae
 ١٠/  مایك ئامیتای، پسپۆڕی سیاسی ئەمریكی، شارەزایە لە پرسی كورد

      /   pskhewall@gmail.com    

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی