"an independent online kurdish website

پێشەکی , لە بەشی چواردەیەم و پانزدەیەمدا باسی کۆمەڵێکی تر لە هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی کۆمەڵەم کرد کە لە ساڵی ١٩٩١ بە داوە لە ئۆردووگای ڕومادی و ناوچەکە پێوەندییان بە ئەم ڕێکخراوەوە کرد.ali_qenberi1

لە درێژەی ئەو دوو بەشەدا باسی کۆمەڵێکی تر لە لایەنگران و هەڵسووراوانی کۆمەلە ئەکەم کە هەر لە ئەو دەورانەدا  لە ئۆردووگای ڕومادی بوون بە هەڵسووڕاو و لایەنگری کۆمەڵە.

١ – فەرزانە نیکبەخت (کچی هاوڕێ کاخانی نیکبەخت) کە لە ئەسڵدا خەڵکی قورچیواشی سەر بە شارستانی داڵاهۆن. بنەماڵەکەیان ساڵی ١٩٧٩لە گەڵ هەموو دانیشتوانی گوندەکەیان ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون و دوای چەند ساڵ مانەوە لە باشووری کوردستان دواتر گوێزراونەتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی.
فەرزانە لە دەورانی ئاوارەگی و دوور لە زێدی خۆی لە دایک بووە. باوکی (کاک کاخان) و مامۆی (کاک سەمین) لە ساڵەکانی ١٩٨٦ بە دواوە بوون بە لایەنگر و هەڵسووڕاوی کۆمەڵە و بەو جۆرە فەرزانە لە بنەماڵەیەکی هەڵسووڕاوی کۆمەڵە گەورە ئەبێت و هەر ئەوە ئەبێتە هۆکار کە لە تەمەنی ١٤، ١٥ ساڵانەوە  لە گەڵ سیاسەتەکانی کۆمەڵە ئاشنا بێت. سەرەڕای ژیانی پڕ لە ڕەنج و ئازاری ئۆردووگای ڕومادی ئەوەندە دەرسی خوێندووە کە دواتر توانیویەتی ببێتە مامۆستا و بۆ ماوەی چوار ساڵ دەرسی بە گەورە ساڵان و منداڵان لە ئاستی سەرەتاییدا وتووەتەوە.
لە گەڵ بەشێکی تر لە لاوانی تازە پێگەیشتووی بنەماڵە کۆمەڵەییەکانی ئۆردووگای ڕومادی کۆڕی هونەری لاوانی کۆمەلەیان دامەزراندووە و لە زۆربەی مەراسم و بۆنەکاندا گۆرانی و سرودی شۆڕشگێڕانەیان خوێندووە. ئەو گەنجانەی کە هاوڕێ فەرزانە لە گەڵیان کاری کردووە بریتین لە یەدی چراغی کە ئێستە هاوسەری ژیانیەتی، مەندانە نیکبەخت، گوڵزار نیکبەخت، حەمید نێرژی و منداڵەکانی، ڕزگار فەتاحی (هونەرمەند ڕزگار هەورامی کە ئێستە دانیشتووی وڵاتی فینلاندە)، پەیمان، زەمان، بروومەند نەزەری ( برای زیندوو یاد خانعەزیز نەزەری)، قوباد چراغی، بەیات و منداڵەکانی زیندوو یاد بەهمەن جوانمیری و چەندین کەسی تر لە ئەو کۆڕەدا ئەندام بوون.
 فەرزانە دوو دەورە ئەندامی کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەڵە بووە و بۆ ماوەیەکیش کار و باری کتێبخانەی کۆمەڵەی لە ئۆردووگای ڕومادی بە ڕیوە بردووە. ساڵی ٢٠٠٠ لە گەڵ کاک یەدی چراغێ سەردانی ئۆردووگای کۆمەڵەیان لە کوردستان کردووە. ساڵی ٢٠٠٣ لە گەڵ بنەماڵەکەی دێنە وڵاتی ئوردون و دواتر لە وڵاتی ئینگیس پەنابەری وەر ئەگرن. پاش هاتنیان بۆ ئینگلیس لە گەڵ هاوڕێ یەدی چراغی ژیانی هاوسەری پێک دێنن ودێتە وڵاتی دانمارک و ئێستە لە ئەو وڵاتە ئەژین. هاوڕێ فەرزانە ئێستەش هەر خۆی بە کۆمەڵە ئەزانێت. کاک یەدیش بێجگە لە ئەوەی لایەنگرێکی هەڵسووڕاو بووە، چەن ساڵێکیش پێشمەمەرگە بووە.

٢ – مەرزیە نەزەری
هاوڕێ مەرزیە لە ئەسڵدا خەڵکی ئاوایی قڵاواڕی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاوە کە بنەماڵەکەیان ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون. چەند ساڵێک لە باشووری کوردستان ماونەتەوە و دواتر ڕاپێچی ئۆردووگای ڕومادی کراون. مەرزیە لە بنەماڵەیەکی لایەنگر و هەڵسووڕاوی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی گەورە بووە. خوێشکی هاوڕێیان بەهرۆز و نەوزەری نەزەرییە کە لە بەشەکانی هەشت بۆ نۆدا باسیانم کردووە. هاوڕێ بەهرۆزی برای لە ئۆردووگای ڕومادی لە کەسە دیارەکانی کۆمەڵە بووە. بێجگە لە ئەوانەش مامۆستا (موعەلیم) بووە و زمانی ئینگلیزیشی بە باشی زانیوە. هاوڕێ نەوزەری برایشی لە دەرەوەی وڵات، لە وڵاتی فینلاند یەکێک لە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە- سازمانی حکایە.

هاوڕێ مەرزیە کچێکی وشیار و بە توانا بووە. لە دوای ساڵی ١٩٩٢ بە دواوە بووە بە لایەنگری کۆمەڵە و تا ئەو کاتەی (ساڵی ٢٠٠١) کە هاتوونەتە وڵاتی فینلاند لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بەشداری کردووە. لە چەند مەراسمێکدا وەک پێشکەش کار دەوری بەرچاوی هەبووە. لە ناو ژنان و کیژانی ناوچەکەی خۆیاندا کاری سیاسی کردووە. هەر لە ئۆردووگای ڕومادی لە ئەو پەڕی بێ ئیمکاناتی و بێ دەرەتانیدا دەرسی خوێندووە و بێجگە لە زمانی کوردی فێری زمانەکانی فارسی و ئینگلیزیش بووە. بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی دەرسی وتووەتەوە.
بۆ پەرەپێدانی ئاستی وشیاری سیاسی خۆی کەسێک بووە کە بە شوێن خوێندنەوەدا چووە.ساڵی ٢٠٠١ لە گەڵ بنەماڵەکەی هاتوونەتە وڵاتی فینلاند و وەک چالاکێکی سیاسی چەپ و سۆسیالیست لە ڕێزی کۆمەڵە- سازمانی حکادا خەبات ئەکات و تا ئێستە چەند جار لە کۆمیتەی ئەو ڕێکخراوە لە فینلاند ئەندام بووە و دەوری بەرچاوی هەبووە.

٣ – هەڵالە (ناوی خوازراو)
هاوڕێ هەڵاڵە لە ئەسڵدا خەڵکی ناوچەی سەرپێڵی زەهاوە. بنەماڵەکەیان ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی (١٩٧٩) ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون. دوای چەند ساڵ مانەوە لە باشووری کوردستان لە لایەن دەسڵاتی بەعسی عێراقەوە بە زۆر ڕاپێچی ئۆردووگای ڕومادی کراون. هەڵالە لە بنەماڵەیەکی لایەنگر و دڵسۆزی کۆمەڵە گەورە  بووە.
 لە ساڵی ١٩٩٢ بە دواوە وەک لایەنگرێکی دڵسۆز و هەڵسووڕاو لە مەراسمەکاندا بەشداری کردووە.
 ماوەیەک ئەندامی کۆمیتەی لایەنگران و چەندجارێکیشپێشکەشکاریبەرنامەی مەراسمەکانبووە. بۆ ماوەی دوو ساڵیش مەدرەسەی هەبووە و لە ئاستی خوێندنی سەرەتاییدا دەرسی وتووەتەوە.
خانەوادەکەیان یەکێک لە ئەو خانەوادە دڵسۆز و هەڵسووڕاوەکانی کۆمەڵە بوون. بە تایبەت لە ساڵی ١٩٩٢ بە دواوە دەوری بەرچاویان لە کار و تێکۆشان لە پێناوی پەرەپێدانی ئامانجەکانی کۆمەڵەدا هەبووە.
ساڵی ٢٠٠٣ لە گەڵ سەدان بنەماڵەی دیکە لە کەمپی ئەلتاشەوە دەڕۆن بۆ وڵاتی ئوردون و دوای نزیک بە دوو ساڵ ژیانی ژێر چادر (خێمە) و ئازار چەشتن و چاوەڕوان بوون، سەر ئەنجام لە ئاخر و ئۆخری ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی سوید پەنابەری وەر ئەگرن و ئێستە لە ئەم وڵاتە ئەژین.

٤ – جەلال یاری
بنەماڵەی کاک جەلال کە لە ئەسڵدا خەڵکی ئاوایی قڵاواڕی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاون. ساڵی ١٩٧٩ ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون و تا ساڵی ١٩٨٨ لە شوێنێک بە ناوی دەورە لە نزیک شاری کەلار ماونەتەوە و دواتر (هەر هەمان ساڵ) گوێزراونەتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی. لە ئاخر و ئۆخری هەمان ساڵ، واتە ساڵی ١٩٨٨ پێوەندی کردووە بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە و بووەتە لایەنگری ئەم ڕێکخراوەیە و لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکان بەشداری کردووە. لە ناو هاوڕێکانیدا بیر و باوەڕی کۆمەڵەی بڵاو کردوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٠ لە گەڵ تورەج و کورشی برای و کۆمەڵێکی تر لە لاوانی لایەنگری کۆمەڵە لە ڕیزی کۆمیتەی لاوانی کۆمەڵە  لە کەمپی ئەلتاش دەوری بەرچاویان هەبووە و بۆ ماوەی دوو دەورە لە ئەو کۆمیتەدا ئەندام بووە.
ساڵی ٢٠٠٣ چوونەتە وڵاتی ئوردون و لە کەمپی ئەلکەرامە نیشتەجێ بوون. لە کەمپی ئەلکەرامەش بووەتە ئەندامی کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران و لە گەڵ بەڕێزان سەمین نیکبەخت، ئەنوەر سوهرابی و کەسانی تر لە ئەو کۆمیتەیەدا کاریان کردووە. سەر ئەنجام لە ئاخر و ئۆخری ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی سوید پەنابەرییان وەرگرتووە و ئێستە نیشتەجێێ ئەم وڵاتەن. کاک جەلال ئێستەش لایەنگری کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حکایە.
بێجگە لە ئەم کەسانەی کە تا ئێستە ناویانم هێناوە زۆر کەسی ترهەیە کە لە  ساڵی ١٩٩١ بە دواوە لە ئۆردووگای ڕومادی پێوەندییان بە کۆمەڵەوە کردووە کە بە داخەوە لە بەر چەند هۆکارێک ناکرێت ناوی یەک بە یەکیان بێتە بەر باس و نووسین.
لە ئاخری ئەم بەشەدا بە کورتی ناوی چەند کەسێکی تر ئەهێنم کە دواتر بوونە لایەنگری کۆمەڵە و لە مەراسم و کۆڕ و کوبوونەوەکاندا بەشداری بەر چاویان هەبووە. بۆ نموونە وریا و چیا عەلیپووڕ کە لە بنەماڵەیەکی دڵسۆز و لایەنگری کۆمەڵە گەورە بوون. باوکیان کاک ڕەحمان کە لە ساڵی ١٩٨٤وە لە گەڵ کۆمەلە بووە. سیروان و سەیران لە خانەوادەی کاک عەزیز، تورج و کورش یاری کە برای کاک جەلال یاری و ئامۆزای کاک مەنسووری یارین. ماهر یاری کوڕی کاک مەنسوور  کە بووە بە پێشمەرگەی کۆمەڵە شۆڕشگێڕ. برومەند نەزەری برای زیندوو یاد خانعەزیز نەزەری کە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕە و هەر وەها عەبدولعەزیزی برایان کە لە وڵاتی ئینگلیس ئەژین.، هوشەنگ نیکبەخت (کوڕی کاک کاخان نیبەخت) کە چەن ساڵێک پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بووە و ئێستەش ئەندام و چالاکی ئەو حیزبەیە و لە وڵاتی ئینگلیس ئەژی. کاک عەزیز یوسفی کە ئێستە لە گەڵ کۆمەڵە- سازمانی حکایە و لە وڵاتی کانادا ئەژی. ئەفسانە، مەردان و زەمان منداڵانی خاڵۆ سەڵمان کە ئێستە لە وڵاتی سوید ئەژین. عەلی پاشا لە دانمارک. فواد و ئەمجەد لە ئینگلیس و سوئیس. موحەمەد موحەمەدی لە ئاڵمان، خالید قەیتوولی، عوسمان، نوری، وسەین، عوبەید، و موحەمەد لە باشووری کوردستان، نەوزەر شەکەری لە نورویژ. وەلی پاڵانی لە سوید و…………….هتد.

لە ئێرەدا کۆتایی بە ئەم بەشە ئەهێنم و لە بەشی  ١٧دا باسی پێوەندییەکان و دەور و کاریگەرییەکانیتەشکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە لە کوردستان لە گەڵ ئێمە وەک لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوەیە و باقی پەنابەرانی ئۆردووگای ڕومادی ئەکەم. چاوەڕوان بن!
عەلی قەنبەری ٢٣ – ٦ – ٢٠١٣ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی