بەرگی دووهەمی کتێبی “احزاب سیاسی و انجمنهای سری در کرمانشاە” لە نووسینی کاک محەممەد عەلی سوڵتانی دەرچوو.
لە دووتوێی ئەم کتێبەدا مێژووییەکی زۆری رێکخراوە و حیزبە کوردیەکان دەبینرێتەوە کە وەک خۆی دەڵێ “لە بیرکراوخانە”کانەوە دەرکەوتوون و ئەویش ساغی کردوونەتەوە و کراون بەو کتێبانە. ئەوەی کە زۆرتر سەرنجی منی بۆ لای خۆی راکێشا، ئەو بەشەی بوو کە باسی کۆمەڵەی ژ.ک. دەکا. پێشتر لەوە دەچوو زۆر نەگونجاو باهاتبایەتە بەر گوێ کە کۆمەڵەی ژـک تەنانەت تاکوو لورستانیش ئەندام و شاخە و بنکەی هەبووە. زیاتر لەمەش ئەندامێکی کۆمەڵەی ژ.ک. دواتر لە کرماشانەوە دێت و دەگاتە مەهاباد و لەوێ لە کۆمارە ساواکەی کوردستاندا دەبێ بە وەزیری فەرهەنگ.
ئەمەش هۆکاری وەرگێڕانی بەشێک بوو لەو کتێبە کە لە خوارەوە سەرنجتان بۆ خوێندەوەی رادەکێشم.
پێشینەی حیزبی ژ.ک.
پێش لە سەرهەڵدانی رێکخراوە خودموختاری خوازەکان، خانەکانی کورد و پاشانیش شۆڕشە عەشیرەتییەکانی کورد و سەرەڕای گەردەنکەشی خانەکان، بنەمایەک بوو بۆ هەستی نەتەوایەتی کوردەکانیش بووە. بەڵام جۆڵانەوە پێشکەوتووخوازەکان لەگەڵ شۆڕشە میللیەکانی کوردەکانی عێراق و پێکهاتنی فیرقەی دیموکراتێکی کوردستان لە عێراقدا دەستی پێ کرد. لەبەر ئەوە کوردەکانی ئێران لە وڵاتی باب و باپیرانیاندا هەستیان بە کێشەیەک نەدەکرد و بە یەکێک لە چوار ئەیاڵەتی گرینگی ئێران دەژمێردران. شانەکانی حیزبی هیوا لە عێراق لە دەورانی رەزاخاندا لە ئێرانیشدا بە دزییەوە پێک هاتبوون. دوای شهریوەری ساڵی ١٣٢٠ بەرە بەرە ئەو شانە نەهێنیانە لێک نزیکتر بوونەوە و لە ١٣٢١دا بوو بە “کۆمەڵە”. پێش لە کۆمەڵە، حیزبی ژ.ک. (کۆمەڵەی ژیانەوە کورد) پێک هاتبوو و بە بە جۆرێکیتر “کۆمەڵە” هەمان ژ.ک. ە.
کۆمەڵە کە رێکخراوێکی نەتەوەیی پێشکەوتوو بوو. لە ساڵی ١٣٢٣دا بوو بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و تێکۆشانی ئاشکرای خۆی دەست پێکرد. ئورگانی ئەو حیزبە رۆژنامە کوردستان و چەند گۆڤار و بڵاوکراوەی دیکە بوو کە لە لایەن حیزبەوە چاپ و بڵاو دەکرایەوە، لەوانە گۆڤارەکانی ئاوات و نیشتمان کە ئەندامانی کارای ئەوان داهێنەرانی حیزبی “ئارەزوی وەتەن”، دیموکرات، قازی محەممەد و زەبێحی و بلۆریان، ئەیوبی، سوڵتانیان و هیتر بوون.
براکەی قازی محەممەد، بە ناوی سەدر قازی لە دەورەی ١٤دا نوێنەری مەهاباد بوو لە مەجلسی شۆرای میللی دا. هێندێک دەڵێن لە ساڵی ٢٨ ـ ١٣٢٨ حێزبی ئازادی کە عەزیز زەندی پێکی هێنابوو، دواتر بووە بە کۆمەڵە و دوور نیە کە کۆمەڵە لە کۆی حیزبی ئازادی و ژ ـ ک پێکهاتبێ.
حیزبی ژ ـ ک لە کرماشان
لە بارودۆخی سیاسی دوای شەهریوەری ساڵی ١٣٢٠ و گۆڕانکاری بیریی و کۆمەڵایەتی و بەربڵاو بوونەوەی تێکۆشانەکانی حیزبی، و هەروەها هاوکاری بێ ئەملا و ئەولای حیزبە سیاسیەکانی چەپ لەگەڵ دەوڵەتی ئەوکات و بەشداری وەزیرەکان لە کابینەدا، بنکەکانی حیزبی ژـک لە کوردستانەوە گەیشتە کرماشان، کەڵهوڕ و پشتکۆ و تەنانەت تا لوڕستانیشی گرتەوە و تێکۆشانەکانی پەرە پێ دەدا، میرزا عەبدوڵا مودبر ناسراو بە ئاغا گەورە کە یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی لنین و مائۆ تسەتنگ بوو لەگەڵ ئەوان زۆرجار کۆبوونەوەی هەبوو. هەروەها لەگەڵ ئەبولقاسم لاهوتی دۆستایەتی هەبووە، ئەو بوو بە بەرپرسی شاخەکانی سنە، کرماشان و کەڵهوڕ و لوڕستان. شاخەی کرماشان لە لایەن چەند کەسی خاوەن پێنووس و سیاسیەوە بەڕێوە دەچوو، نەمر میرزا ئیبراهیم خانی نادری، لە رووخسارە ناسراو و زاناکان لە زانست و سیاسەتدا بوو، بەرپرسی کۆمەڵەی ژـک (لکی) “لورستان و کرماشان و پشتکۆ و کلهوڕ” لە ئەستۆ بوو تێکۆشانی هەبوو و ئوستانی نەمر سەید محەممەد تاهیر هاشمی بەرپرسی حەوزەی کرماشان و نیابەت بەرپرسی کۆمەڵەی ژـک (لکی) بوو کە یەکێک لە قازییەکانی دادگوستەری بەشی کرماشانیشی لە ئەستۆ بوو. رەشید باجەلان لە وەکیلە پایە یەکەکانی دادگوستەری بوو.
ئیبراهیم نادری یان بە قسەی پلەبەرزانی کوردستان، مەهاباد ناوی میرزا ئیبراهیم خانە کوڕی نەمر فەیزوڵا نادرییە کە لە ساڵی ١٢٩٠ی هەتاویدا لەدایک بووە، باوک، دایک و هەموو خزمەکانی هەموو خەڵکی کرماشانن و لە کوردە فەیلیەکانن. ئەوەی کە لە بیرەوەری و بەسەرهاتەکانی هاوڕێیانی میرزا ئیبراهیم خاندا دەردەکەوێ، ئەگەر چاوپۆشی لە هۆنراوە و بواری ئەدەبی ئەبولقاسم لاهوتی بەکەین، لە تێکۆشان و پێشگەیشتن و خوێندن و دانبەخۆگرتندا دەبێ هاوتەریبی ئەوی بزانین.
ئیبراهیم نادری خوێندنی خۆی لە کرماشان و بەغداد و بەشێکیشی لە ئوروپادا تێپەڕاندبوو، لە بواری مافدا خوێندنەکەی تەواو کردبوو، ئەندامی لژیونی زانکۆی فەرانسە و ماوەیەکی کورتیش لە زانکۆی ئەفسەریی ئەو کاتی تاراندا وانەی وتنەوەی کۆرسی مێژوودا وتبووەوە. لە گەڕانەوەیدا بۆ کرماشان بە داوای دایک و باوکی چونکە یەکەم کوڕیان بوو، مەجبوور بە مانەوە بوو. دواتر بوو بە خاوەنی کچێک. لەبەر ئەوەی کە لە بواری فەننیدا زانیاری هەبوو لە کرماشانیشدا شوێنێکی وەها کە ئەو کاری لێ بکا دەست نەدەکەوت، بۆ دەرباز کردنی رۆژەکانی تەعمیرگەیەکی فەنی و ئەلەکترونیکی کردەوە، زۆری نەخایاند شەڕی دووهەمی جیهانی دەستی پێ کرد و باردۆخەکە بۆ هەموو کەس گۆڕا و رێکخراوە سیاسیەکان دەستیان بە تێکۆشانی خۆیان کرد. نادریش ژیان و ماڵ و دایک و باوک و خزمەکانی بەجێ هێشت. دوای ساڵەکانی ٢٢ ـ ٢١ی هەتاوی لە سەفەرەکانی بۆ دەرەوە و ناوخۆ، وای لێ کردبوو کە بێجگە لە زمانی دایکی خۆی کە کوردی بوو، بە هەموو زاراوەکانیەوە فێر ببوو. بەڵگە و پێناسەی زۆری کوردی و ناسنامە و بەرگەی هاتووچۆی زۆری هەبوو. لە قسەکردندا دەستێکی باڵای هەبوو، زمانی عەرەبی و فەرانسەیی و ئینگلیزی بە باشی دەزانی و نەمر ئوستاد سەید تاهیر هاشمی بەسەرهاتی زۆری لەسەر زانابوون و تێگەیشتووی ئیبراهیم نادری هەبوو.
کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد راگەیەندرا قازی محەممەد لەگەڵ میرزا عەبدوڵا مدبر، چوون بۆ مەهاباد، دوای گەیشتنەکەیان لەبەر ئەوەی هەموو پایەبەرزانی حکومەتی کۆماری کوردستان بێجگە لە پلە و پایەی ئیداری و کیشوەری خۆیان، پەلەی نیزامی و لەشکەریشیان هەبوو. ئیبراهیم نادرییش کە لە هەردووک لایەنەوە بۆ ئەوەی دەبوو پلەوپایەی هەبێ، هەم زانیاری نیزامی تەواوی هەبوو هەم لە باری سیاسی و کیشوەرییەوە خاوەن بیروڕا بوو، هەر بۆیە لە لایەن قازی محەممەدەوە بە دەرەجەی سەرهەنگییەوە کرا بە بەرپرسی گشتی فەرهەنگی کوردستانی خودموختار و لە کاروبارەکانیدا بوو بە مەشارێکی نزیک بۆ پێشەوا. بیجگە لەمەش وتاری بۆ رۆژنامەی کوردستان ئورگانی حکومەتی ناوبراو، گەلاوێژ بە زمانی کوردی و کوهستان کە لە تاران بە زمانی فارسی دەردەچوو، دەنووسی: زەنجیرە وتاری سەلاحەدین ئەیوبی کە بە فارسی لە کوهستاندا و لە تاراندا چاپ کراوە، نووسینی ئەوە. لە تەرحی “لاوانی پیشڕەو”دا لە ریزی ئیسلاح تەڵەبەکاندا بوو لەگەڵ ئەنوەر دڵسۆز، مامۆستا ئەیوبیان، سدیق هەنجیری دەبیرەکان، ئەرنیشتمان، مەحموود مەحدود، عەزیز عەبدلعزیز و میرحاج و … هاوبیریی و هاوکاریی نزیکیان هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ مەحموود مەحدود و ساڵەح ئەقلیدس هاوڕێیەتیەکی نزیکیان هەبوو. لە سەرتاوە ئەو پێشنیاری دەرکردنی گۆڤاری ژیان یان “ژیانەوە”ی دابوو بە دەسەڵاتدارەکان کە تێدا سەرنەکەوت و دوای ماوەیەک بوو بە خاوەن ئیمتیزازی “دەنگ کوردی” کە دوایین ژمارەکەی ڕۆخانی کۆماری کوردستانی تێدا چاپ کراوە.
بە ڕۆخانی کۆماری کوردستان و پێشەوا ئەویش لەگەڵ سەید محەممەد ئەیوبیان وەزیری لەشساغی و نوێنەری قازی محەممەد و چەند کەسیتر لە کاربەدەستانی کۆمار گیران و خرانە بەندیخانە. دوای دادگایی کردن کە خۆی بەرگری لە خۆی دەکرد، بە دوو ساڵی بەندیخانە حوکم درا، دوای تەواو بوونی ماوەی بەندیخانەکەی و ئازاد بوونی، لەبەر ئەوە بەردەوام لە ژێر چاوەدێری مامورەکانی ئیتڵاعاتی ریژیمی شادا بوو، ژیانی نەهێنی گرتە بەر و لە تەورێزدا بۆ ماوەی لە ماڵی سکرتێرەکەی کاری کارەکەیدا کە ژنێکی یەهودی بوو هاوسەرەکەشی یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی ئەو بوو، ژیا تاکوو لە دەرفەتێکدا لە ساڵی ١٣٢٩ هەتاوی یان تۆزێک پیش لەوە لە وڵات دەرچوو بۆ سوریە. لە سوریە حەسەن زەعیم برازلی لە کەسایەتییەکانی پلەی یەکەمی سیاسیەکان و مەشاوری سەرۆک کۆماری سوریە بوو کە گوایە دواتریش بوو بە سەرۆک کۆماری، بە گەرمی وەریگرت و کردی بە ئەفسەری پلە باڵا لە هێزی ئاسمانی سوریەدا و ژیانێکی باشی بۆ پێک هێنابوو. دوای ماوەیەک کار کردن لە سوریە ژنی خواست و لە هاوسەرە سورییەکەی چەند منداڵی هەبوو کە دواتریش دەرجەی سەرلەشکری بەدەست هێنابوو، لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاویدا لە کارەساتێکی ئاسمانیدا گیانی لەدەست دا و لە دیمشق بە خاک سپێردرا. (لەسەر بەربوونەوەی فرۆکەکەی دەنگۆی ئەوە بوو کە گوایە لەگەڵ هابیرەکانی لە سوریەدا بە تەما بووە کۆدتای نیزامی بکا کە بە هۆی گەڵاڵەی مامۆرە ئیتڵاعاتییەکان، دەستکاری فڕۆکەکە دەکەن و بەردەبنەوە. هێندیكیش ئەم رووداوە بە رووداوێکی سروشتی و کۆسپی فەنی دادەنێن؟!)
حامید درودی
٢٤ی ٦ی ٢٠١٣