پێشەکی: لە بەشی حەفەدەیەمدا لە سەر دەور و کاریگەری کادیرەکانی کۆمەڵە لە سەر ئۆردووگای ڕومادی کورتەیەکم باس کرد. لە ئەم بەشەدا هەوڵ ئەدەم بە کورتی باسی ئەو خاڵانە بکەم کە ئێمەی کۆمەڵە پێی هەستاین.
١ –لە سەر پرسی ژنان
لە ناو ئۆردووگایەکی نزیک بە ٤٠ هەزار کەسیکدا کۆمەڵە یەکەم ڕێکخراوی سیاسی بوو کە بە ئاشکرا و بە بێ هیچ پێچ و پەنایەک باسی یەکسانی ژن و پیاوی هێنایە ناو پرۆژەی کار و خەباتی خۆیەوە.
هەر وەک چۆنلە ئاستی هەموو کوردستاندا یەکەم هێزی سیاسی بوو کە بە گژ کولتووری کۆنەپەرەستانەی پیاوسالاریدا چووەوە و ژنانی هێنایە ناو خەباتی پێشمەرگانەوە، لە ئۆردووگای ڕومادیش بە بێ گوێگرتن لە بیری کۆنەپەرەستی و هەلپەرەستی ئەم یان ئەو کەس و لایەن، بانگی یەکسانی ژن و پیاوی بە گوێی هەموواندا گەیاند!
لە کۆبوونەوە و مەراسمەکاندا ئەم بەشە لە خەباتمان زۆر بە زەقی و بە جیدی دیار و بەرچاو بوو. ئێمە یەکەم حیزبی سیاسی بووین کە لە ئۆردووگای ڕومادی لە ساڵی ١٩٨٧ بە دواوە هەموو ساڵێک ٨ مارس، ڕۆژی جیهانی ژنمان جێژن ئەگرت و لە خەباتی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی ڕێزمان ئەگرت! لە سەر گرتنی ئەو مەراسمانە زۆر هەڕەشە و گوڕەشە هاتە سەرمان، فتوای جیهادیان لە سەرمان دەرکرد. بەڵام بە هەوڵ و فیداکاری و بە لە خۆبردوویی و بڕوا بە خۆبوون بە سەر هەموو ئەو کەند و کۆسپانەدا زاڵ بووین. ساڵانێک دواتر کە کەش و هەواکە بەرەو باشی ڕۆیشت و بەرەی کۆنەپەرەستی تا ڕادەیەک پاشەکشەی پێکرا، لایەنی تریش دەستیان کرد بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی ژن.
بەڵام دیسان لە دوو ڕوانگە و سیاسەتی جیاوازەوە بۆ چارەسەری ئازارەکانی ژنان قسەمان ئەکرد. ئێمە خوازیاری مافی یەکسانی ژن و پیاو بووین لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. لە ناو خێزان و لە ناو کۆمەڵگادا. لە سەرکردایەتی کردنی وڵاتەوە بگرە تا خێزان و بە خێو کردنی منداڵ. ئێمە بە گژ باوی کۆنی چەن هاسەری و کچ بە زۆر بە مێرد دان، شیربایی و مارەیی و……هتد دەچووینەوە و لە ئەو بوارەدا کۆمەڵگا و دەور و بەرمان وشیار ئەکردەوە.
هەر بۆیە کۆنەپەرەستان لێمان وە دەنگ هاتن و کەوتنە هەڕەشە و گوڕەشە کردن لێمان.
لە بیرمە کە مەراسمی ٨ مارسی ١٩٨٩ بوو، یان ١٩٩٠ زایینی زۆر شکۆدار بەڕێوەمانبرد. لە ئەو مەراسمەدا کە زیاتر لە٧٠٠ کەس تێیدا بەشدار بوون، کۆڕی هونەری کۆمەڵەش (کۆڕی بانگەواز) بەشدار بوون. جەماعەتێکی ناسراو هەر وەک پێشەی هەمیشەییان لە هەوڵی تێکدانی مەراسمەکەمان بوون کە بە هیمەتی هاوڕێیانی پارێزەر پیلانەکەیان پووچەڵ کرایەوە. لە دوای ئەوەی کە ئارامی گەڕایەوە بۆ ناو بەشدار بووانی مەراسمەکە، کاک ناسری حسامی کە لە ئەندامانی کۆڕی بانگەوازی کۆمەڵە و ئەو ڕۆژە بۆ بەشداری کردن لە ئەو مەراسمەدا لە ئەوێ بوون، چووە سەر سەکۆی مەراسمەکە و لە گەڵ پارچە موزیکێکی ئارامی کاک فەریبۆرزی فەخاری پارچە شیعرێکی زیندوو یاد ئەحمەدی شاملووی ( شاعیری بە ناوبانگی ئێرانی) خوێندەوە بە ناوی “تا شکۆفەی سووری کراسێک” کە خۆی وەری گێڕابووە سەر زمانی کوردی. من ئێستەش کاریگەری خوێندنەوەی ئەو پارچە شیعرە هەستبزوێنەی کە کاک ناسر بە دەنگە بە سۆزەکەی خۆی خوێندییەوە لە بیرم ماوە. خوێندنەوەی ئەو پەخشانە شیعرە دوور و درێژ و پڕ مانایە لە ئەو کاتەدا هەر وەک چۆن باران بۆ زەوی تینوو پێویست بوو، ئاوەها بوو.
چەند ڕۆژ دوای گرتنی ئەو مەراسمە بوو کە لە لایەن دەسڵاتدارترین مەلای ئۆردووگای رومادییەوە نامەی هەڕەشە ئامێز کرایە سەرمان. بە تایبەت ئەو هەڕەشەیە ئاراستەی من کرا بوو. تەنانەت باوکمیان بانگ کرد بوو و پێیان وتبوو کە ئێمە کوڕەکەت ئەکوژین و دواتر پارەی خوێنەکەیت ئەدەینێ.
بە ئەوەشەوە نەوەستا بوون و کۆمیتەی خاچی سووریان ئاگادار کرد بووە کەگوایە ئێمە دژ بە ئایینی ئیسلام و کولتووری ئەو خەڵکە پڕوپاگاندە ئەکەین.
یەکێک لە کار بەدەستانی ئەو کاتەی خاچی سوور (سەلیبی سوور) کەسێک بوو بە ناوی سیمۆن. کار بە دەستانی سەلیب مانگێک جارێ ئەهاتن بۆ ئۆردووگای ڕومادی. ڕۆژێکیان زیندوو یاد ئەحمەدی وەیسی کە لە لای کۆمیتەی سەلیب وەک وەرگێڕ کاری ئەکرد و دۆستی ئێمەش بوو هات بە شوینمدا و لە نزیک کۆمیتەکەی سەلیب چاومان بە سیمۆن کەوت. بۆ ماوەی ٢٠خولەکێک بە دەم پیاسە کردن و قەدەم لێدانەوە کەوتینە قسە کردن. سیمۆن وتی مەلاکان سکاڵایان لە دەستی ئێوە کردووە و ئێمە کە بەرپرسین لە ژیان و داهاتووی ئێوە، پێمان ناخۆش ئەبێت کە ڕووداوێکی ناخۆش لە ئێرە ڕوو بدات. بە کورتی پێی وتم کە ئێوە کۆمەڵەییەکانی ئەم ئۆردووگایە هەڕەشەتان لە سەرە و لە وانەیە شتێکی ناخۆش ڕوو بدات. داوایەکی دیکەی سیمۆن ئەوە بوو کە ئێمە کولتووری مەزهەبی و پیاوسالاری کۆمەڵگاکە لە بەرچاو بگرین و زۆر توندڕەو نەبین. لە ڕوانگەی ئەو کاتی ئەو بەڕێزەوە داکۆکی کردن لە مافی ژن و بە گژدا چوونەوەی کولتووری کۆن لە ئەو ژینگە بە توندڕەویئەهاتنە ئەژماردن.
٢ – لە سەر پەروەردە و خوێندن
ڕێنوێنی کردن و هاندانی دۆستان و لایەنگرانمان کە چۆن بتوانن لە سەر دەور و بەریان کاریگەری زیاتر دابنێن بۆ ئەوەی منداڵانی خەڵکی هەژاری ئەو کەمپە لانی کەم لە خوێندنی سەرەتایی بێ بەش نەبن و ڕوو لە خوێندن بکەن.
کۆمەڵە بۆ ئەو مەبەستە چەن کارتۆن کتێبی خوێندنی کوردی بۆ پۆلی یەک تا سێی سەرەتایی هێنا کە ئەگەر باش لە بیرم مابێت درایە دەستی چەن مامۆستایەکی دۆستی کۆمەڵە بۆ ئەوەی لە مەدرەسەکاندا کەڵکی لێ وەربگیرێت. ئەو کتێبانە هەم زۆر کەم بوون و هەم بەرچاو تەنگی بیرجیاوازی ئیزنی ئەوەی نەئەدا کە ئەو کتیبانە لە هەموو مەدرەسەکاندا کەڵکیان لێ وەربگیریایەت. لە بیرمە کە لە لایەن مامۆستایەکەوە کتێبێک لە ئەو کتێبانەی کۆمەڵە درا بوو بە قوتابییەک. لە ماڵەوە کتێبەکەیان سووتاند بوو و بنەماڵەی قوتابیەکەش بەرۆکی مامۆستاکەیان گرت بوو. هەر وەها بنەماڵەی منداڵێکی تر کە نازانم کام لە هاوڕێکان کتێبێکیان پێ دابوو، دایکی منداڵەکە کە ماڵەکەیان دووسەد مترێک لە ماڵی ئێمەوە دوور بوو، کتێبەکەی هێنایەوە و خۆی تووڕە کرد بە سەرمدا و وتی ئەو کتێبە هەر مبارەکی خۆتان بێت!
٣ – تیمی پزیشکی کۆمەڵە
ئۆردووگای ڕومادی بە ٤٠ هەزار پەنابەرەوە تەنیا دەرمانگایەکی دەوڵەتی هەبوو کە زۆر جار تەنیا یەک دوکتور و یەک، دوو پەرەستار لە ئەوێدا دەوامیان ئەکرد. نەخۆشین و بێ دەرەتانی یەکێک لە ئازارە گەورەکانی دانیشتووانی ئەو کەمپە بوو. کادیرەکانی کۆمەڵە لە هاتووچۆ کردنەکانیان لە گەڵ ئازارەکانی ئەو خەڵکە لە نزیکەوە ئاشنا بوون و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ئۆردووگاکانی کۆمەڵە لە کوردستان، ڕێبەرایەتی کۆمەڵەیان لێ ئاگادار کرد بووە.
تا من لە ئۆردووگای ڕومادی بووم لانی کەم کۆمەڵە دوو جار تیمی پزیشکی نارد بۆ ئەو ئۆردووگایە. جارێکیان کاک نەجمەی شەریفی و پەروین خانم (شۆرەتی نازانم) کە پزشکیاری کۆمەڵە بوون هاتن بۆ ڕومادی لە گەڵ چەن کارتۆن دەوا و دەرمان بۆ نەخۆشینە سەرەتاییەکان.
ئەوان بۆ ماوەی یەک، دوو هەفتە لە ئۆردووگاە مانەوە و تائەو جێگەی بۆیان بکریایەت ئەچوونە ناو تیرە و تایفەکانی ئەو ئۆردووگایە و بە ئەو ئیمکاناتە کەمەوە دەرمانی چارەسەرییان بۆ خەڵکی لەش بیمار ئەنووسی. تا ئەو جێگەی کە لە بیرم بێت لە ناو مەردمی گۆران و قەڵخانی، وەڵەوەیی، قادرمروەیسی و باوەجانی چاویان بە سەدان خەڵکی لەش بیمار کەوتبوو. جاری دووەمیش دیسان کاک نەجمە هاتەوە و هەر بە هەمان شێوەی پێشووتر خەڵکی نەخۆشی بینی و بە ئیمکاناتی کەمی دەرمانی کۆمەڵەوە دەوای چارەسەری بۆ نەخۆشەکاندەنووسی.
٤ – هێنان و دابەش کردنی جل و بەرگ
تا ئەو جێگای کە کادیرەکانی کۆمەڵە بۆ ئێمەیان باس کرد بوو، خاچی سووری وڵاتی سوید بڕێکی زۆر جل و بەرگی بە کار هێنراویان بۆ کۆمەڵە نارد بوو کە لە نێوان پەنابەرانی شارە سنوورییەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان دابەشیان بکەن. بڕێکی زۆر لە ئەو کەلووپەلانە مابوونە وە. کۆمەڵە لە یەک، دوو سەفەردا ناردنی بۆ ئۆردووگای ڕومادی. ئەو کەلووپەلانە لە ژێر چاودێری کادیرەکانی کۆمەڵە بە سەر دەیان بنەماڵەی هەژاری ئەو ئۆردووگایەدا دابەش کران. دیارە ئەو جلانە ئەوەندە نەبوون کە بەشی هەموو خەڵکی نیازمەندی ئەو ئۆردووگایە بکات. بەڵام هەر ئەوەندەش کە نزیک بە سەد ماڵێ وەبەریان کەوت، کارێکی بە جێ بوو. ئەو جل و بەرگانە لە پێڵاو، کۆت و کراس و شەرواڵ و فانیلە و جاکەت و …..پێک هاتبوون کە پێشتر کەم یان زۆر بە کار هێنرا بوون.
لە ئورووپادا ئەو جل و بەرگانەی کە لە ماڵەوە زیادین و یان بۆ ماوەیەک بە کار هێنراون و خاوەنەکی بە هەر هۆیەکەوە دواتر بە کاریان ناهێنێت لە جیاتی فڕی دان دەیبەخشن بە خاچی سوور یان شوێنەکانی تر تا بیهەنێرن بۆ وڵاتان و خەڵکانی لێقەوماو. تەنانەت ئەو جلانەش کە لە دووکانەکاندا نافرۆشرێن، هەر بە هەمان شێوە دەبەخشرێن.
٥ – کردنەوەی کتێبخانە
کۆمەڵە یەکێک لە ئەو ڕێکخراوەسیاسییانە بووە کە هەر لە ساڵی ١٩٨٦وە لە بیری لە دامەزراندنی کتێبخانەیەک بوو بۆ پەرەپێدانی ئاستی ڕۆشنبیری دانیشتوانی ئۆردووگای ڕومادی. هەر لە سەرەتاوە ئەم ڕێکخراوە بێجگە لە کتێب و نووسراوە حیزبییەکانی تایبەت بە خۆی، لە هەوڵی هێنانی کۆمەڵێک کتێبی زانستی، فەلسفی، مێژووی و سیاسیش بوو بۆ ئۆردووگای ڕومادی. قسەی هاوڕێیانی کادیری کۆمەڵە ئەوە بوو کە لاوان و خوێندەوارانی ئەو ئۆردووگایە پێویستیان بە خوێندنەوە هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیان بە کتێبخانەیەک هەیە. ساڵەکەیم لە بیر نەماوە، بەڵام ئەوەندە ئەزانم کە لە ساڵی ١٩٨٩ یان ١٩٩٠ بە دواوە کتێبخانەمان هەبووە و بە دڵنیاییەوە ئەتوانم بڵێم کە کتیبخانەی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی لە چاو کتێبخانەی لایەنەکانی دیکەدا زۆر دەوڵەمەندتر بووە. لە ئەو کتێبخانەیەدا سەدان کتێب و کۆمەڵێکی بەرچاو لە نووسراوە و گۆڤار لە بەردەستی خوێنەراندا بووە. پێشتریش هەر خاوەنی ژمارەیەکی بەرچاو کتێب و نووسراوە بووین کە دەگەیشتنە دەستی خوێنەران.
٦ – پەروەردەی سیاسی
لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٩ و ١٩٩٠ جیاواز لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانمان، بڕیارمان دا کە کلاسی سیاسیش دابنێین. لە مەدرەسەی یەکێک لە هاوڕێیان، (مەدرەسەکەی کاک براعەزیز) هەر هەفتە دوو جار و هەر جارێک، دوو بۆ سێ کاتژمێر بە بەشداری دەیان کەس لە لایەنگران و دۆستانی کۆمەڵە ئەو کلاسانە بەڕێوە دەچوون و وانەی سیاسی تێدا دەوترایەوە. بێجگە لە کادیرەکان، بەشێک لە هاوڕێیانیش کە توانای وتنەوەی وانەکانیان هەبوو دەرسیان ئەوتەوە. لە وانە کاک بەرزوو ئەحمەدی، کاک بەهرۆز نەزەری، من و کەسانێکی تریش کە ئێستە بە باشی ناویانم لە بیر نایەتەوە. پێڕۆ و پرۆگرامی حیزبی کومونیستی ئێران، بەرنامەی کۆمەڵە بۆ خودموختاری، ئەدبیاتی چەپ، کتێبی مێژوویی و فەلسفی و سەر ئەنجام قسە و باسەکانی فراکسیونی کومونیزمی کرێکاری کە لە کتێبێک بە ناوی “جیاوازییەکانی ئێمە” دا لە لایەن مەنسوور حکمەتەوە نووسرا بوو، لە ئەو دەرسانە بوون کەدەوترانەوە.
٧– ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵە
ئێمە لە ساڵی ١٩٨٧ بە دواوە کار و چالاکی خۆمان لە ئۆردووگای ڕومادی لە ژیر ناوی ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەدا ڕێک خستبوو. ساڵێ جارێک لە کونفرانسێکدا کومیتەی بەڕێوەبەری کارەکانمان دیاری ئەکرد. هەموو هەفتەیەک و زۆر جاریش دوو هەفتە جارێک کۆبوونەوەمان ئەگرت و لە سەر کار و چالاکییەکانمان قسە و باس و ڕاوێژمان ئەکرد. ڕێنوێنی پێویستمان بە هاورێیانمان ئەدا و گوێمان لە ڕخنە و پێشنیارەکانی یەک بە یەکی لایەنگران و هەڵسووڕاوانمان ئەگرت. هەر هەڵە و کەم کاری و شێوازی تەبلیغ کردنێکی مەنفی و ناگونجاویشمان دەخستەوە پێش چاوی ئەو هاوڕێیەی کە تووشی ئەو هەڵە و کەم کاری و شێوە تەبلیغ کردنانە بهاتایەت.
زۆر هەستیار بووین بە ئەوەی کە نەکات کەسی سەر بە دام و دزگاکانی حکوومەتی عێراق ڕخنە بکەنە ناو ڕیزەکانمانەوە. زۆر هەستیار بووین بە ئەوەی کە نەکات کەسانێک کە لە ناو خەڵکدا ناویان بە خراپ دەبرێت خۆیان بخزێننە ناومانەوە.
لە بیرمە ساڵی ١٩٨٨ بوو یان ١٩٨٩ کۆبوونەوەیەکی گەورەمان لە حەوشەی ماڵی برایانی شەکەری (حاجیموراد، حەقموراد و سولتانموراد) لە ناوچەی قەلخانی هەبوو کە نزیکی ٧٠ کەسی تێدا بەشدار بوو. دوو کەس بە ناوی م. و س. لە ئەو کۆبوونەوەدا بەشدار بوون کە خۆیان بە دۆستی کۆمەڵە ئەزانی. دوو کەسیش لە کادیرانی کۆمەڵە ئەو ڕۆژە لە ئەو کۆبوونەوەدا بەشدار بوون کە ئەگەر هەڵە نەبم، کاک ئەسەدی نودینیان و کاک حوسەین ئەحمەدی نیا بوون. م. و س. قسەیان لە سەر بوو کە پێوەندییان بە دام و دەزگاکانی حکوومەتەوە هەیە. پێش لە دەست پێ کردنی کۆبوونەوەکە من و کاک ئەسەد و کاک حوسەین پێکەوە لە سەر ئەو دوو کەسە قسەمان کرد و هاتینە ئەو ئەنجامەی کە دەبێ پێش لە دەست پێ کردنی کۆبوونەوەکە جواویان بکەین و دەبێ ئەو شوێنە بە جێ بهێڵن. ڕاستیتان ئەوێت حیسابی ئەوەشمان کرد بوو کە دواتر کێشەمان بۆ درووست بکەن. بە هەر حاڵ گوێمان نەدایە و ئەو دوو کەسەمان بانگ کرد و لە گۆشەیەک پێمان وتن کە ئەو کۆبوونەوەیە بۆ هەموو کەس نییە و زۆریش سوپاسمان کردن کە زەحمەتیان کێشاوە و تا ئەوێ هاتوون. ئەوانیش بە بێ ئەوەی زۆر خۆیان تێک بدەن ڕۆیشتن و ئێمەیان بە جێ هێشت و دواتریش هیچ نەقەوما.
هەرلە کاتی دامەزراندنی ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی تا چەن مانگ پێش لە هاتنم بۆ وڵاتی سوید، واتە لە نێوان ساڵی ١٩٨٧ تا مانگی ژوئینی ١٩٩٠ زایینی، شانازی بەرپرسایەتی ئەو ئەنجوومەنەم پێ بڕا بوو.
٨– بەڕێوەبردنی مەراسمەکان
سەرەڕای هەر کەند و کۆسپێک کە دەهاتنە سەر ڕێگای کار و تێکۆشانمان، هەر لە ساڵی ١٩٨٦ بە دواوە لە ئەو ئۆردووگایە دەستمان کرد بە گرتن و بەڕێوەبردنی مەراسمەکان. هەموو ساڵێک ٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی کۆمەڵە، ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن، یەکی مەی، ڕۆژی کرێکار و ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەمان بە شکۆەوە بەڕێوە ئەبرد. لە سەرەتاوە لە کۆڕی بچووکی سەد کەسی و چەند سەد کەسی و دواتر ژمارەی بەشدار بووان خۆیان لە هەزار کەس نزیک ئەکردەوە. لە بیرمە بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبین یەک، دوو مەراسممان لە حەوش و حەساری ماڵی هاوڕێیاندا گرت. زۆر جار هەڵئەکەوت کە چەن ڕۆژ پێش لە بەڕێوەبردنی مەراسمەکان چەن کەس لە کادیرەکانی کۆمەڵە ئەهاتن بۆ ئۆردووگاە و یارمەتی پێویستیان بە ئێمە ئەکرد و بۆ خۆیشیان بەشداری مەراسمەکان ئەبوون.
تا ئەو کاتەی کە من ئۆردووگام بە جی هێشت (سپتامبری ١٩٩٠) لە زۆربەی مەراسمەکاندا من، کاک ئەنوەر موحەمەدی و کاک مەڵک چراغی پێشکەشکار، بەڕێوەبەر و سوخەنڕانی (قسەکەر) مەراسمەکان بووین. زەحمەت و ماندوو بوونی هاوڕێیانی هەڵسووڕاو و لایەنگران لە ڕۆژەکانی پێش لە مەراسمەکان تا کاتی بەڕێوەبردنیان قەد لە بیر ناچن. لە بڵاو کردنەوەی تراکت و پۆستەرەکان، بە تایبەت کە بە شەوان لە دەر و دیوار و تیر بەرقەکانیان ئەدا، هەتا ئاگادار کردنەوەی خزم و هاوڕێ و دۆست و ئاشنایانیان بۆ بەشداری کردن لە ئەو بۆنانەدا.
جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە نەیارانمان بێجگە لە ئەوەی کە هەوڵیان ئەدا مەراسمەکانمان بشێوێنن، لە دوور و نزیکی شوێنی مەراسمەکان کەمینیان ئەکرد و ڕێگەیان بە ئەو خەڵکە ئەگرت کە بە ڕێوە بوون بۆ بەشداری کردن.
جا بە هەڕەشە و گوڕەشە و تانە و توانج بوایە، یان بە پاڕانەوە و پەشیمان کردنەوە یان.
ناخۆشترین بیرەوەی ئەو کاتە کە لە بیر کردنی زۆر ئاستەمە، ئەوەیە کە لە کاتی مەراسمەکاندا خانەوادەکانی ئێمە (واتە ژن و منداڵەکانمان) کە لە ناو تایفەی وەڵەوەییدەژیاین ئەبوایە لە ناو چەن تیرە و تایفەوە تێبپەڕ بوایەن تا دەگەیشتنە شوێنی مەراسمەکە. هەر جارێک کەکۆمەڵێک ژن و منداڵ و گەنجی لای ئێمە ئەکەوتنە ڕی بەرەو شوێنی مەراسمەکان،
لە لایەن ناحەز و نەیارانمانەوە منداڵیان لێ هان ئەدرا بە درووشم دان و قسەی ناشیرین کردن!؟
ئێمە خۆمان پێش لە ئەوان دەبوایە لە شوێنی مەراسمەکان ئامادە بوایەین و شوێنەکەمان بڕازاندایەتەوە و ئامادەکاریمان بکردایەت.
هەموو جارێک دوای مەراسمەکان کە دەهاتینەوە بۆ ماڵ و ئەو قسانەمان ئەبیستەوە زۆر ئازارمان ئەچەشت.
ئازارمان ئەچەشت کە ژنەکان دڵیان گیرا بوو، فرمێسک لە چاویاندا ئەڕژایە خوارەوە و منداڵەکان هەزار پرسیاریان لە لا درووست ئەبوو. ئەوانەی کە ئێمەیان ئازار ئەدا، جاش و پاسداری کۆماری ئیسلامی نەبوون (مەگەر بە نهێنی) بەڵکوو کەسانێکی هاو چارەنووسی خۆمان بوون. و هاو زمان و تەنانەت خەڵکی ناوچەیەکیش بووین. بەڵام کەسانێکی نەزان و فاناتیک (تووندڕەو) بوون کە بیر و باوەڕی کەسی تریان پی قەبووڵ نەئەکرا. لە ئەو زەحمەتکێشانە بوون کە کۆمەڵە بۆ ڕزگار بوونیان لە ژیانی بندەستی و ژێردەستی خەباتی ئەکرد و ڕۆژانە لە باشترین ڕۆڵەکانی گەڵی کورد و فیداکارترین پێشمەرگە و ئەندامەکانی خۆی بۆ فیدا ئەکردن.
ناحەزترین مێتوودی ئازاردان کە ئەو کەسانە لە دژی ئێمە بە کاریان ئەهێنا تەحریک کردنی (هەڵنان) منداڵ بوو.
بۆ نموونە کاتێک کەسێکی کۆمەڵە لە گەڕەکێکەوە تێپەڕیایەت لە لایەن نەیارانمانەوە چەن منداڵێکی کەم تەمەنیان هەڵ ئەنا و ئەوانیش ئەهاتنە سەر ڕێگامان بە درووشم دان لە دژی کۆمەڵە. ڕۆژێکیان باوکم (یادی بە خێر) هات بۆ لام و زۆر ناڕاحەت بوو. لێم پرسی چی بووە؟ وتی ئێمڕۆ لە فڵانە گەڕەکی فڵانە عەشرەت تێپەڕ ئەبووم ٤، ٥ منداڵ هاتن بە شوێنمدا بە درووشم دان لە دژی کۆمەڵە!؟
٩ – کار و باری کۆمەڵایەتی
یەکێکی تر لە ئەرکەکانی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ئەو ژینگەیە کاری کۆمەڵایەتی بوو. ئێمە دەبوایە هەوڵمان بدایەت کە دەمارگرژی ئایینی و عەشیرەتی کەم بکەینەوە. لە ژێر کاریگەری لایەنە سیاسییەکان بە گشتی و کۆمەڵە بە تایبەتی پێوەندییەکی (تا ڕادەیەکی بەرچاو) دۆستانە و هاوچارەنووس بوون لە ناو ئەو خەڵکەدا پەیدا ببوو.
ئەگەر لە نێوان دوو هاوڕی، دوو کەس یا تەنانەت دوو تایفە کێشەیەک بوایەت، بە پێی توانا هەوڵمان ئەدا چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. زۆر هەڵمان ئەدا کە لە ڕێگای کاری ڕۆشنگەرییەوە ئەوخەڵکە بە گشتی و لاوەکان بە تایبەتی وشیار بکەینەوە. ناساندنی خۆفرۆشان، بەرژەوەندیخوازان و ئاژاوەگێڕانی ناو ئەو ئۆردووگایە بە خەڵک، یەکێکی تر لە ئەرکەکانی ئێمە بوو.
لە ئێرەدا کۆتایی ئەم بەشە دێنم و لە بەشی داهاتوودا، بەشی ١٩ کە دەبێتە بەشی کۆتایی لە سەر ئۆردووگای ڕومادی، هەوڵ ئەدەم باسی چەند ڕووداوی لە ئێرە ولە ئەوێی پێوەندیدار بە ئەو ئۆردووگایەوە بکەم. هەر وەها باسی ئەوەش دەکەم کە ئەگەر لە نێوان لایەنگرانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات لە جیاتی دژایەتی کردنی یەکتر، دۆستایەتی و هاوکاری بوایە چەندە لە بەرژەوەندی ئەو خەڵکە و لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا ئەبوو!
لە بەشی بیستەم بە داوە باسی پێوەندی و هەوڵسووڕانی خۆم لە گەڵ کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات درێژە پێ ئەدەم.
عەلی قەنبەری ٥ – ٧ – ٢٠١٣ زایینی