"an independent online kurdish website

ئەوەندەی من چاوم بە مێژووە ئایینییەکاندا خشاندبێ، یان لەم و لەو بیستبێتم، مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی و ئاینییەکان بە تایبەتی، لێواو لێوە لە تەقەو لێکدان و کوشتن و بڕین و ماڵوێران کردنی داماوان و هەژاران.mejid_palani_001

بەداخەوە مێژووی ئیسلامیش لەم ڕاستییە تاڵە جیا نییە و بگرە بەزیادەشەوە. مێژووی نزیک بە ١٥٠٠ ساڵەی ئیسلام لە سەردەمی دامەزرانییەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ، بە سەدان هەزار کەس بە ناوی پارێزگاری لە دینی ئیسلام بەدەستی دەسەڵاتدارانی بەناو پارێزگاری ئایینی ئیسلام کوژراون، دەربەدەر کراون، لانەو ماڵیان لێشێواوە. لە نزیک بە ١٨٨ گروپ و دەستەی ڕیبازە ئاینییەکانی ئیسلام، زۆربەیان ئاویان بەجۆگەیەکدا ناچێ و ئەمیان ئەویان بە لادەر، بێدین، کافر و … لەقەڵەم دەدا، بێگومان بەشی هەرەزۆری ئەو کاولکارییانە بۆ پاراستنی دەسەڵات و سامان بووە، نەک پارێزگاری لە دین، یان ڕێبازی ئایینی. ئەمە لە دۆخێکدایە کە قورئان دەفەرموێ (هەمووتان دەس بگرن بە پەیمانی خواوە و هەرکێ هەرکێ مەبن)

بەداخەوە جێگەی دوودڵی نییە کە ئەو بەشە لە پێڕەوانی ئایینی ئیسلام بە کەڵک وەرگرتن لە ئایەتەکانی دابەزیو لە مەدینە ڕەوایی بەو کوشتن و خۆتەقاندنەوە و سەربڕین و … تاد، دەدەن. وەک ڕوونە، قورئانی پیرۆز، جگە لەو بەشانەی کە باسی مێژوو، باری کۆمەڵایەتی، ڕێنوێنی کۆمەڵایەتی و… هتد، دەکا، دەبینین لە کۆی ١١٤ سورەی قورئان،  ٦٢٣٦ ئایەت، ٧٧٦٣٩ وشە، ٣٢٣١٥ پیت لە قورئان، بە دوو شێوە ئاخافتنی جیاواز قسە دەکا، دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو دۆخی جیاوازی ژیانی پەیامبەری ئیسلام، موحەممەد (دخ) و یاوەرانی لە مەککە و مەدینەدا دەگەڕێتەوە. وەک دەبینین، لە ماوەی ٢٣ ساڵ پەیامبەری پەیامبەردا، لە کۆی ئەو ١١٤ سوورە، ٨٨ سوورە لە مەککە و ٢٦ سوورەی لە مەدینەدا دابەزیوە (لەسەر بڕوای پێڕەوانی ئایینی ئیسلام) بە واژەی سیاسی ئەمڕۆیی ئەو ئایەتانەی لە مەککە دابەزیون، پڕن لە ئازادی و سەربەستی و دیموکراسی، بەڵام کە دۆخەکە لە مەدینە بە بارێکیتردا، دەکەوێ، شێوەی دابەزینی ئایەتەکانی دەگۆڕدرێ بۆ، بکوژن، ببڕن، سەرببڕن و … هتد. بێگومان دەبێ ئەوەش لە پێشچاو بگرین کە لە قورئاندا ئایەتەکانی کارپێکراوو کارلەسەرکراو و پێچەوانەکەی (ناسخ و منسوخ) هەیە، هەروەک ئایەتەکانی پتەو ماک، وڕوون، ئایەتەکانی ناڕوون (محکمات و متشابهات) هەیە. با ئەوەشی لێزیاد بکەین کە ژمارەی ٢٩ سوورە لە قورئان بە پیت یان وشەی ڕەمزییەوە (کود) دەست پێدەکا، کە خوا و زۆر زانەکان (راسخون فی العلم)  و پەیامبەرەکەی نەبێ، کەس لێیان تێناگا. لە کۆی نزیک بە ٦٠٠٠ ئایەتی قورئان، ٤٣ ئایەتی سەبارەت بە کوشتن و بڕین دەدوێ.

دەبێ بڵێین “وەی ئەملامان و وەی ئەولامان” بەواتایەکی ڕوونتر، ئەوانەی کە جینایەتی مرۆڤ کوشتن بە هەرناوێک و بە هەرزمانێک کە ئەنجامی دەدەن، لە کاتی سەربڕینەکەشدا، ئایەتی قورئان دەخوێننەوە، واتا، بۆ ڕەوایی دا ن بە مرۆڤ کوشتنەکانیان، پشت بە ئایەتی قورئان دەبەستن. ئەمە لە دۆخێکدایە کە زۆر ئایەتی دیکە کە کوشتنی مرۆڤەکان بە تاوانێکی گەورە دادەنێ لەپێشچاو ناگرن، بەڵکوو زۆرتر لە ئایەتە مەدینەییەکان کەڵک وەردەگرن.

لەهەردۆخدا، لە هەگبەی ئەم کورتە نووسراوەیەدا جێی نابێتەوە کە زۆر وردەکاری و شیکردنەوە باس بکرێ، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆڵەی کوردی ئێمە گرنگە ئەوەیە کە، ڕۆڵەی خۆمان نەکەین بە قوربانی بۆ بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێک کە بە سەرنوشتی ئێمە یاری دەکەن. ڕۆڵەی ئێمە هیچی لە کوڕی گەلانی دیکە کەمتر نییە. ڕۆڵەکانی ئێمە سەرمایەی نەتەوەیی دواڕژی ئێمەن. با باب و دایکانی ئێمە زۆر لەوە وشیارتر و ژیرتر بن کە دوژمنانی دڵڕەشی کورد ڕۆڵەکانیان بنێرن بەملاوئەولادا و بەکوشتیان بدەن.  فێر ببین ئا ئێستەشی لەگەڵ بێ، دوژمنانی داگیرکەری خاکی کوردستان،  زۆرجار بە ناوی پارێزگاری لە ئایین، یان ڕێبازە ئایینییەکان، کەڵکیان لە دڵپاکی و هەژاری ئێمە بە قازانجی نەتەوایەتی خۆیان وەرگرتووە. چیدی نابێ گۆڵی هیچ زمان لوسییەک بخۆین لەژێر هەر ناو و نیشانێکدا بێ. بە چاوی ڕێزەوە تماشای پێڕەوانی هەموو ئایینەکان بکەین و گەورەیی هیچیان نەدەین بەسەر ئەویتریاندا. هەموو ژنانی کورد خوشکی ئێمەن و هەموو پیاوانیش برامانن. وەک دەڵێن “مرۆڤ نابێ دووجار لە کونێکەوە مارێک بیگەزێ” مێژوو نیشانیدەدا کە ئێمەی کورد بە هەزارانجار گەزراوین، بەڵام هێشتا وەهۆش ناتوینەتەوە و دوژمنانمان ناناسین.

بۆ زانیاری زۆرتر لەسەر وردەکارییەکانی ئەم بابەتە، تماشای “بەرگی چوارەم ١٢-١٨ ساڵ، دایک و باب و ڕۆڵەکانم” لە نووسراوەکانم بکەن.

هیوادارم خوێنەرانی ئەم کورتە بابەتە بە دەمارگرژییەوە تماشای نەکەن و بە دڵێکی فراوان و چاوێکی کراوەوە بیخوێننەوە، ئەوەش دەزانم کە کورد وتەنی “چەم چەقەڵی لێنابڕێ” واتا، لە کۆمەڵگەیەکی لە دواکەوتوویی ڕاگیراودا، ئەو چاوەڕوانییەم نییە کە بێ سێ و دوو لێکردن بڵێن، وایە، هەر ئەوەش باشترە کە لێی ورد ببنەوە، پاشان بڕیاری لەسەر بدەن.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی