"an independent online kurdish website

پێشەکی:  ئەم بەشە ئەبێتە بەشی ئاخر لە سەر ئۆردووگای ڕومادی و لە بەشی ٢١ بە دواوە باسی کار و چالاکی و پێوەندییەکانم لە گەڵ کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات درێژە پێ ئەدەم. هەر وەها لە سەر ئەو کارانەی کە لە دەرەوەی وڵات ڕوو بە ئۆردووگای ڕومادی کردوومانە کورتەیەک باس ئەکەم.ali_qenberi1

کێشە کۆمەلایەتییەکانی ناو ئۆردووگای ڕومادی
یەکێک لە ئەو کێشانەی کە لە ئۆردووگای ڕومادی سەریان هەڵدا، کێشە و شەڕی عەشیرەتەکان بوو کە چەن جارێکیش قوربانی لێ کەوتەوە. بەشێک لە ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەی کە قوربانی لێ کەوتەوە لە باشووری کوردستان ڕوویان دا و مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە ئەوخەڵکە چەکداری عێراق بوون. بۆ نموونە لە شەڕی نێوان دوو عەشیرەت (تایفە) لە ناو جافەکان (سۆرانییەکان) نزیک بە ١٠ کەس بوونە قوربانی. هەر وەها لە شەڕی نێوان دوو عەشێرەتی تر لە نێوان هۆزی قەڵخانی چەندین قوربانی لێ کەوتەوە.
زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان و یەک لە ئەوان وڵاتی عێراق خاوەن کولتووری هۆز و عەشیرەتین. هەر بۆیە کاتێک کە ئەو خەڵکەی لای ئێمە ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون بە ناوی چەندها عەشیرەت و تایفەی جیاوازەوە پێناسە کران.
لە ڕاستیدا باوی عەشیرەتی لە ناوچەکەی ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر بایخی خۆی لە دەست دا بوو، بەڵام لە عێراق ئەو کولتوورە کۆنەیەمان بۆ زیندوو کرایەوە.
لە ڕێگای زیندوو کردنەوەی ئەو کولتوورە کۆنەوە دەوڵەتی ئەو کاتی عێراق دەیەویست کونتروڵی باشتر و ئاسانتری بە سەر ئەو خەڵکەوە هەبێت. دەوڵەتی بەعسی عێراق سیاسەتی “تفرقە بینداز و حکومت بکنی” پەیڕەو ئەکرد. واتە سیاسەتی ناکۆکی نانەوە و حکوومەت کردنی پەیڕەو کرد.
پەنابەرانی ئۆردووگای ڕومادی بە ناوی دەیان عەشیرەتی گەورە و بچووکدا ناوزەد و پێناسە کران. ئەوەی کە جێگای داخ و کەسەر بوو، ئەوە بوو کە ئەگەر کێشەیەک لە نێوان دوو کەسی سەر بە دوو عەشیرەتی جیاوازدا ڕووی بدایەت، ئەو کێشەیە دەبوو بە کێشەی نێوان دوو عەشیرەت و دەیان و سەدان کەسی پیوە تێ ئەگلا. کاتی وەها دەبوو کە عەشیرەتێکی ٥٠٠ یان ٦٠٠ ماڵی پەلاماری عەشیرەتێکی ٥٠، ٦٠ ماڵییان ئەدا و کارەساتی لێ ئەکەوتەوە.
لە ئەو نێوەدا دەوری نێگەتیڤ و خراپی خەڵکانی ئاژاوەگێڕ، بەرژەوەندیخوازان و خۆفرۆشانی دەور و بەری دام و دەزگاکانی ڕژیمی بەعس کە بە پیاوانی سەیتەرەکە دەناسران، چەند ئەوەندە کێشەکانیان ئاڵۆزتر ئەکرد. تەنانەت هندێک لە مەلا و موختارەکانیش لە ئەو کێشە و تێكهەڵچوونانەدا بەرژەوەندییان هەبوو و لە ئەو ڕێگایەوە نانیان ئەخوارد.
تەنانەت لە ناو تیرەیەک یان عەشیرەتێکیشدا دابەش بوونی بنەماڵەیی کرا. لە سەر دەسڵات و بەشە ئازووقەی ئەو خەڵکە دەیان جار پەلاماردان و هەڕەشە و تێکهەڵچوون ڕوویدا. دەوری موختارەکان (کوێخاکان) کە هەر کامەیان ئازووقەی چەن بنەماڵەیەک و یان تیرەیەکەیان لە ئەستۆ گرت بوو، دەورێکی زۆر باش نەبوو. لە بەشێکی زۆری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناو ئۆردووگای ڕومادیدا ژمارەیەک لە ئەو موختارانە دەستیان هەبووە و دەوری خراپیان گێڕاوە.

دەوری خۆفرۆشانی ناو ئەو خەڵکە
دوای ئەوەی کە دەوڵەتی عێراق ئەو خەڵکەی چەک کرد و ڕاپێچی ئۆردووگای ڕومادی کردن، هێشتا هەبوون کەسانێک کە خزمەت کردنی بێگانە و خەیانەت و خۆفرۆشی و سیخوڕی کردن تێکەڵ بە خوێنیان ببوو.
لە ماوەی ٢٣ ساڵ مێژووی ئۆردووگای ڕومادی، بە داخەوە دەیان کەس لە ناو ئەو خەڵکەدا بوون بە خزمەتکار و سیخوڕی دام و دەزگاکانی ڕژیمی بەعسی عێراق.
لە ماوەی ٨ ساڵ ژیانی پەنابەریم لە ئەو ئۆردووگایە، ژمارەیەکی ٣٠ تا ٤٠ کەسی لە ئەو خۆفرۆشانەم لە بیردێت کە دەستیان لە ئازار و ئەزیەتی ئەو خەڵکەدا هەبووە. بە دەیان بیانووی جیاوازەوە خەڵکیان بە لێدان و بە گرتن داوە. خراپترین کات ئەو وەختەی بوو کە مخابرات و ئیستخبارات بە شوێن چەکی حەشار دراو لە نێو ئەو خەڵکەدا ئەگەڕان. هەر ئەو خۆفرۆشانە بوون کە ڕاپۆرتیان لە خەڵک ئەدا و تووشی ئەشکەنجە و لێدانیان ئەکردن.
لە کاتێکدا کە ڕۆژانە شورتە (پۆلیس) و ئەمن (ئاسایش) بە دار و بە سۆندەوە (شڵنگ) ئەکەوتنە گیانی ئەو خەڵکە داماوە، ئەو گرووپە خۆفرۆش و خیانەتکارانە لە بەردەم ئەربابەکانیاندا خزمەتیان ئەکرد و دەڵاڵی فرۆشتنی بەڵگەی هاتووچۆ (عدم تعرض) بوون.
هەبوون کەسانێک کە لە قسەی زل کردندا کەم وێنە، بەڵام لە خۆفرۆشیدا بێ وێنە بوون. هەبوون کەسانێکی بەرژەوەندیخواز و خۆفرۆش کە خەڵکی هەژار و نەزانیان هەلئەخەڵەتاند و ئەیان هەناردن بۆ کاری تەقینەوە لە شارەکانی ئێران.
ئۆردووگای ڕومادی (بۆ خۆفرۆشان نەبوایە)، بەندیخانەیەکی گەورە بوو بۆ هەمووان. بە تایبەت بۆ خەڵکی بێ کەس و بێ دەسلات و بێ دەرەتان.
ئۆردووگای ڕومادی شوێن و جێگەیەک بوو بۆ تاقیکردنەوەی مرۆڤی شۆڕشگێڕ و نێشتمان پەروەر لە مرۆڤی خۆفرۆش و بێگانەپەرەست، مرۆڤی دڵ پاک لە مرۆڤی دڵ پیس، مرۆڤی خزمەتکار لە مرۆڤی خایەن، مرۆڤی پێشکەوتنخواز لە مرۆڤی کۆنەپەرەست، ڕاستگۆ لە درۆزن و هەلپەرەست و بە گشتی مرۆڤی خەمخۆری خەڵک لە مرۆڤی دڕندە و خوێنمژ.
ئۆردووگای ڕومادی لە لایەک شوێنی ڕەنج و ئازاری ٤٠ هەزار مرۆڤی ئاوارە و بێ دەرەتان و لە لایەکی تریشەوە مەیدانی خۆپەرەستی سەد کەسێکی خوێنمژ، هەلپەرەست، بەرژەوەندیخواز و خایەن و خۆفرۆش بوو!

سەرهەڵدانی بیری سەلەفی لە کەمپی ئەلتاش
بێجگە لە ئەو نەهامەتی و ئازارانەی کە لە ئۆردووگای ڕومادی هەر یەک بە جۆرێک لە سەر ژیانی پڕ لە مەینەتی ئەو خەڵکە قورساییان ئەکرد، بیری توندڕەوی ئیسلامیش خۆی بە سەر باقی کێشەکانەوە زیاد کرد.
لە ئاخر و ئۆخری دەیەی هەشتای زایینیدا بیری توندڕەوی سەلەفی خۆی خزاندە نێو ئۆردووگای ڕومادی و دواتر پەرەی سەند.
ئەم بیرە سەرەتا لە ڕێگای یەک، دوو مەلاوە کە پێوەندییان لە گەڵ مەلا سەلەفییە عەرەبەکانی شارەکانی فەلووجە و ڕومادییەوە هەبوو هێنرایە نێو ئەو ئۆردووگایەوە. دواتر ئەو مەلایانە لە ڕێگای فەقیەکانیانەوە (قوتابییەکانیان) ئەو بیرۆکەیانە پەرە پێدا. بیری توندڕەوی لە دوای داگیرکاری عێراق لە لایەن ئامریکاوە زیاتر تەشنەی سەند.
لە دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعس، دەسڵاتی شارەکانی ڕومادی و فەلوجە بۆ ماوەیەک کەوتە ژێر دەسڵاتی ئیسلامییە توندڕەوەکانی سەر بە ڕێکخراوی ئەلقاعیدەوە. لە ئەو دوو، سێ هەزار بنەماڵەیە کە تا ئەو کات لە ئۆردووگای ڕومادی ما بوونەوە دەیان کەسیان پیوەندییان بە گرووپە توندڕەوکانەوە کرد. لە ئەو نێوەدا پازده تا بیست گەنجی ئەو ئۆردووگایە لە شەڕی دژی ئامریکا و لە کردەوەی خۆکوژی و خۆتەقاندنەوەدا لە نێو چوون. پەرە ئەستاندنی بیری توندڕەوی ئیسلامی لە چەشنی سەلەفی- جیهادی هەر بە کوژرانی ئەو دەیان گەنجەوە نەوەستایەوە، بەڵکوو هەر لە ڕێگای ئەو چەن مەلا و فەقیەوە پەلی هاویشتەوە بۆ ناوچەکەمان (دەشتی زەهاو تا سەلاسی باوەجانی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەو بیرۆکە تەنانەت لە ناو بەشێک لە ئەو خەڵکەشدا کە لە ئەو ئۆردووگایەوە هاتنە دەرەوەی وڵات بێ کاریگەری نەبوو.
بیرۆکەیەک کە ڕۆژێ لە ڕۆژان لە لایەن یەک، دوو مەلای سەلەفییەوە هێنرایە ناو ئۆردووگای ڕومادی، تا ئێستە بووتە هۆکاری بە کوشتن دانی دەیان منداڵی خەڵکی هەژاری کۆمەڵگاکەمان. تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دەرەوەش تا ئێستە دەیانی دیکە چوونەتە ڕیزی ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی سەر بە ئەلقاعیدەوە و چەن کەسی تریشیان لێ کوژراوە و یان خۆیان تەقاندووەتەوە. هەر ئێستەش چەن ها گەنجی دەڤەرەکەمان لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان لە پێناوی ئەو بیرە تووندڕەوەدا دەجەنگن و ئامادەی خۆ بە کوشت دانن.
ئەو بیرە تووندڕەوی کە نە تەنیا لە قازانج و بەرژەوەندی نەتەوەی کورددا نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە مەترسییەکی گەورشە بۆ دواڕۆژی پێکەوە ژیانی پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییە جیاوازەکانی ناو گەلی کورد لە ناوچەکە.

ئەگەر لە جیاتی ناتەبایی لە نێوان کۆمەڵە و دیموکراتدا، تەبایی بوایە چی دەبوو؟
هەموو کاتێک ناکۆکی و شەڕی نێوخۆیی لە نێو گەلاندا و بە تایبەتی لە نێو گەلی کورددا یەکێک لە ئەو ئامرازە کوشندانەیە بووە کە زیاتر لە هێرش و پیڵانی ڕژیمەکان خەساریان بە خەڵک و بە شۆڕش گەیاندووە.
شەڕی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، یەکێک لە ئەو شەڕە نامەسئوولانەیە لە ئەو دەورانەدا بوو کە گەورەترین خەسارەتی بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاند!

پرشی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە کە تا ساڵی ١٣٦٧ هەتاوی درێژەی هەبوو، هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. کاریگەرییە نێگاتیڤەکانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە ئۆردووگای ڕومادیشی گرتەوە.
ئێمە لە ئۆردووگای ڕومادی لە کاتێکدا کە سەدان کیلومتر لە خاکی کوردستانەوە دوور بووین و ڕۆژانە ڕوو بە ڕووی دەیان کەند و کۆسپ و ئازاری ژیان ئەبووینەوە ناچار بووین بکەوینە ژێر کاریگەری شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەوە.
ئەگەر چی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنگرانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی ( بە خۆشییەوە) کارەساتی ناخۆشی لێ نەکەوتەوە، بەڵام زۆر دەرفەتی لێ زەوت کردین!
ئەگەر ئەو دوو هێزە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جیاتی دەست بردن بۆ چەک و دوژمنایەتی کردنی یەکتر، ڕێزیان لە دیموکراسی و بیرجیاوازی بگرتایەت و یەکتریان تەحەمووڵ و قەبووڵ بکردایەت و هاوکاری یەکتریان بکردایەت، بێ شک بێجگە لە دوژمن هەموو لایەکمان قازانجمان لێ ئەکرد. ئەگەر ئێمەی کۆمەڵە و جەماوەرەکەی حیزبی دیموکرات لە ئۆردووگای ڕومادی لە جیاتی ناتەبایی و مۆڕ لە یەکتر بردنەوە، ڕۆحی هاوکاری و دۆستایەتی لە نێوانماندا بوایە نە تەنیا لە قازانج و بەرژەوەندی خۆماندا ئەبوو، بەڵکوو بە قازانجی ئەو خەڵکەش تەواو ئەبوو کە لە ئەو ئۆردووگایەدا وەک پەنابەر ئەژیان.
ئەگەر ئێمە یەکترمان قەبووڵ بکردایەت و پێکەوە بۆ وشیار کردنەوەی ئەو خەڵکە کارمان بکردایەت، بە دڵنیاییەوە ئاستی ڕۆشنبیری لە ئەو ئۆردووگایەدا چەن بەرانبەر زیاتر پێشڕەفتی ئەکرد!
ئەگەر ئێمە لە نێوان خۆماندا کەش و هەوای دیموکراتیمان بپاراستایەت، تەبا بوایەن و کاری هاوبەشمان بکردایەت، ئەمانتوانی دەستی ئاژاوەگێڕان، بەرژەوەندیخوازان و خۆفرۆشانمان لە سەر ژیانی ڕۆژانەی ئەو خەڵکە هەژارەدا کورتتر بکردایەتەوە!
ئەگەر پێکەوە لە کەش و هەوای دۆستانە و هاوکاری کردنی یەکتردا کۆڕ و کۆبوونەوەمان بۆ ئەو خەڵکە بە گشتی و لاوەکان بە تایبەتی بگرتایەت، ئا بە ئەو سووک و ئاسانییە و بە قسەی یەک، دوو مەلا و چەن فەقیەیەک ئەو هەموو گەنجەمان نەئەکەوتنە شوێنی بیری توندڕەوی ئیسلامی و لە کیسی خانەوادەکانیان و کۆمەڵگاکەمان نەئەچوون!
ئەگەر ئێمە پێکەوە کارمان بکردایەت بۆ دانانی شۆرای گەڕەکەکان لە خەڵکانی دەست پاک و دڵسۆز، دڵنیام کە لە سەر ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە داماوە کاریگەری زۆر باشی دەبوو!
ئەگەر هەر دوو کۆمیتەکەمان پێکەوە هاوکار بووایەین دەمانتوانی زیاتر پێش بە شەڕی عەشیرەتی و بە خەڵکی ئاژاوەگێڕ لە ئەو ئۆردووگایەدا بگرین!
ئێمە ئەمانتوانی لە ڕێگای وشیار کردنەوەی زیاتری ئەو خەڵکەوە پێشمان بە کولتووری خۆفرۆشی و خەیانەتی بەشێک لە ئەو کۆمەڵە ٤٠، ٥٠ کەسیەش بگرتایەت!

بێ شک ئێمە ئەمانتوانی پێکەوە زۆر کاری باشتر و بە نرخترمان بکردایەت! بەڵام یان نەیان هێشت و یان خۆمان کەم ئەزموون بووین وکەم کاریمان کرد!
هیوادارم کە هەر هەموومان لە ڕابردوو ئەزموون وەربگرین و لە ئیمڕۆ بە دواوە ئەوەندە کاری باش بکەین کە قەرەبووی نەزانین کارییەکانی ڕابردوومان بکەینەوە!
من هەر لە ئێرەدا نووسینەکەم کە تا ئێرە گەیشتووەتە ٢٠ بەش و بە زۆری لە سەر ئۆردووگای ڕومادی بووە کۆتایی
پێ ئەهێنم. لە ئێرەدا بە کۆمەڵێک قسەی نەوتراو لە ئازار و بیرەوەرییە تاڵەکانم، لە ڕەنج و ئازارە فەرامۆش نەکراوەکانی ئۆردووگای ڕومادی ماڵئاوایی ئەکەم.
لە بەشی بیست و یەکەمدا باسی چوونم بۆ وڵاتی سوید و دواتریش لە سەر درێژەی پێوەندی و خەباتی خۆم لە گەڵ کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات درێژە بە ئەم نووسینە ئەدەم.
عەلی قەنبەری ٢٢ – ٧ – ٢٠١٣ زایینی


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی