کتێبی “سوئدی ها در ایران (سوێدییه‌کان له ئێران) باسی سه‌فه‌ری یه‌که‌م سوێدی به ناوی “ئاکسێل ئۆکسن ستێرناس Axel Oxenstiernas” له ساڵی ١٦١٧ تاکوو سه‌فه‌ری “داگ هامهرشۆێڵد Dag Hammarskjöld” سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ساڵی 1955 ده‌کا.
ئه‌م کتێبه له لایه‌ن محمد مددی که نزیکه‌ی چوار ساڵ له‌و بواره‌دا لێکۆڵینه‌وه‌ی کردووه، نووسراوه. هه‌رچه‌ند بێ که‌م و کۆڕیش نیه، بەڵام ئه‌وه‌ش لێرەدا بۆ باس کردن نابێ. باسی سه‌ره‌کی ئه‌م کتێبه سه‌ره‌ڕای پێوه‌ندی سیاسی و ئابوری و نیزامی، سه‌فه‌ری ئه‌و ئه‌فسه‌ره سوێدییانه ده‌کا که نێردراون بۆ ئێران و ژاندارمری و پاسگا و شارهبانیهکانی ئێرانیان له شار‌و شارۆچکه و گونده‌کان له ته‌واوی ئێران‌دا دامه‌زراند و سپای ئێرانیان له بواری نیزامی‌دا دژ بە ئازادیخوازان له ئێران و به‌تایبه‌ت له کوردستاندا، به‌هێز کرد. بۆیه ده‌ڵێم کوردستان چونکه له‌م کتێبه‌دا باسی دوو له‌و ئه‌فسه‌رانه ده‌کا که به‌رپرسایه‌تی هێزی ژاندارمیان کردووه و هێرشیان کردووه‌ته سه‌ر سمایل ئاغای سمکۆ. با بزانین کاری ئه‌م ئه‌فسه‌ره سوێدییانه چی بووه و چی‌یان کردووه و چه‌نده بوون که له‌و سه‌رده‌مه‌دا سوێدێکی چکۆله به سێ یان چوار ملیۆن که‌سه‌وه یارمه‌تی ئێرانێکی گه‌وره و به قه‌وڵی ئێرانیه‌کان به تهمهدونێکی ٢٥٠٠ ساڵه‌وه داوه.
ئایا به‌ڕاستی ئه‌و ئێرانه که ده‌ڵێن کورش جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی داناوه و لانکی مرۆڤایه‌تی و تهمهدونه چۆنه که ده‌سته‌ودامێنی سوێدی چکۆله ده‌بێ له سه‌ره‌وه‌ی ئۆرووپاو لێره‌وه و ئه‌فسه‌ری سوێدی ده‌چن سپایان بۆ پێک دێنن و خۆیان به‌هێز ده‌که‌ن. ئه‌ی ئه‌گه‌ر خاوه‌نی تهمهدونێکی دوورودرێژن هێز و سپایان بؤچییه، کەوابێ پێش ئەوە نەیبووە! ئه‌وه‌ی که له مێژوودا هه‌یه هه‌ر ئه‌وه بووه که ئێران خاوه‌نی ته‌مه‌دون و هیچ جاڕنامه‌یه‌کی کورشیش نه‌بووه و گشتی درووشمی پڕوپووچی ئێرانیه‌کان بووه و ئەم لەخۆبایی بوونە هێشتاش به‌رده‌وامه. ئه‌وه‌ی که له لای ئێرانیه‌کان باوه درۆ و فرت‌و فێڵ، خۆفرۆشتن، به‌رتیل وه‌رگرتن و کوشتن و ڕه‌شه‌کوژی و ئه‌و کارانه‌ی که قیزوونه ده‌ستیان بۆ بردووه و به شانازیان زانیوه. زۆر له سه‌ری ناچین و ده‌ڕۆینه سه‌ر باسی کتێبه‌که:
هه‌رچه‌ند له پێکهێنانی داموده‌زگای ژاندارمری و شاره‌بانی و هه‌موو پێکهاته‌کانی سه‌رکوت و کوشتن و تۆقاندنی خه‌ڵک له لایه‌ن ئه‌م ده‌زگایه‌وه، وڵاتانی فه‌رانسه، ئینگلیز، ڕووسیه، هۆڵه‌ند و بلژیک، پۆلن و هه‌تا دوایی به‌شداری ئه‌و ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره بوون، به‌ڵام ئه‌و ده‌وڵه‌تانه به بیانووی سیاسی و به‌رژوه‌ندی خۆیان کاره‌کانیان نیوه‌چڵ به‌جێی هێشتووه و ئه‌فسه‌ره سوێدییه‌کان کاره‌که‌یان گه‌یاندووه‌ته ئاکام و ته‌نانه‌ت له شهڕەکانیشدا به‌شداریان له‌گه‌ڵ هێزی ئیرانیدا کردووه. بۆ ده‌ڵه‌تی ئه‌و کاتی ئێران (قاجارەکان) ئه‌فسه‌ری سوێدی هه‌ڵبژاردووه، هۆکاره‌کانی له‌م کتێبه‌دا وه‌ها ده‌ست نیشان کردووه:
١ـ بێ لایه‌نی ده‌وڵه‌تی سوێد له شه‌ڕه‌کانی جیهانیدا. ٢ ـ هه‌بوونی ژاندارمرییهکی کارامه و خۆگرتوو و به دیسیپلین. ٣ـ نه‌بوونی پێشینه‌ی ئیستعماری له ئێران‌دا. ٤ـ هه‌بوونی کارخانه‌ی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ. ٥ـ ڕق و کینه‌ی سوێدییه‌کان دژی ڕووسه‌کان. ٦ـ پێشکه‌وتنی سوێد له بواری ئابوری و ڕامیاری و نیزامی… ٧ـ پشتیوانی وڵاتی سوێد له کێشه‌ی ئیتالیا له‌گه‌ل ئێران له‌سه‌ر داوای نابه‌جێی بازرگانێکی ئیتالیای له سه‌رده‌می ناصرالدین شای قاجاردا.
سه‌رهه‌نگ یهلمارشۆن له‌گه‌ڵ ٤٦ ئه‌فسه‌ری سوێدیدا له ساڵی ١٩١١ ده‌گه‌نه ئێران و کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی سه‌رهه‌نگ یهڵمارشۆن هه‌ڵده‌بژێرن به به‌رپرسی گشتی ژاندارمری له ئێران‌دا. یه‌که‌م کاری یهڵمارشۆن له ژاندارمری پێکهێنانی کابینه (ده‌فته‌ری گشتی)، ته‌دارکات و پێوه‌ندییه‌کان، ژمێریاری، ماڵی وه‌رگێڕان، محاکمه، سزادان، ڕاهێنان و بارهێنانی نیزامی، ته‌ندروستی و به‌یته‌ره، دامپزشکی. (ل. ٧٨)
له ل. ٧٩ی کتێبه‌که نووسراوه که ژاندارمری ده‌وڵه‌تی ئێران که ئه‌فسه‌ره سوێدییه‌کان بنیاتیان ناوه له شه‌ش هه‌نگ پێکهاتووه که له‌م جێگایانه جێگیریان کردوون وه‌ک ولایه‌ته‌کانی فارس، ئه‌راک، ئیسفه‌هان و استرئاباد و هه‌تا دوایی… هه‌ر هه‌نگ یان رژیمانێک پێکهاتووه له یه‌که‌کانی سواره، پیاده، تۆپخانه‌ی سه‌حرایی، تۆپخانه‌ی کوێستانی، گرووپه‌کانی “مسلسل”ی قورس و گرووپی موزیک و ته‌ندروستی. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش یهڵمارشۆن زانکۆی ئه‌فسه‌ری دانا بۆ پێکهێنانی ئه‌فسه‌ر له ئێران‌دا و له‌و کاره‌شی سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا. هه‌ر له‌و بواره‌شدا ده‌وره‌یه‌کی دامپزشکی له نێو ژاندارمریدا پێک هێنا و له‌و بواره‌شدا کادری ده‌رمانی زۆری په‌روه‌رده کرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دامپزشکانه له‌کاتی نه‌خۆشی و گیروگرفت‌دا، فریای ئه‌سپه‌کانی سپا که‌ون.
له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا مددی ده‌نووسێ که ته‌مه‌نی ژاندارمری که یهڵمارشۆن به‌رپرسی بووه یازده ساڵی خایاند و پاشان به کۆدێتای ڕه‌زاخان ته‌مه‌نی ژاندارمریش کۆتایی هات. به‌ڵام پاش ڕه‌زاخانیش سوێدییه‌کان ده‌ستیان هه‌ڵنه‌گرت و جارێکی تر ژاندارمریان زیندوو کرده‌وه. یهڵمارشۆن تاکو ساڵی ١٩١٧ له ئێران کاری کردووه و له ساڵی ١٩١٧ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سوێد و له ساڵی ١٩١٩ له ستۆکهۆڵم خۆی ده‌کوژێ. گوایه ناوبراو زۆر دژی ڕووس و ئینگلیزه‌کان و لایه‌نگری سه‌رسه‌ختی ده‌وڵه‌تی ئێران بووە، که ڕووسه‌کان و به‌ریتانیه‌کان په‌یماننامه‌یه‌ک له ساڵی ١٩١٩ دژی ئیران ده‌به‌ستن، ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌ش له ستۆکهۆڵم خۆی دهکۆژی. (ل.٨٨)
ئه‌م ئه‌فسه‌ره سوێدیانه هه‌ندێکیان لایه‌نگری ئینگلیز و ڕووس و فه‌رانسه بوون و هه‌ندێکیشیان دژی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه و لایه‌نگری ئاڵمان و نازییه‌کان بوون. بۆ نموونه سه‌رهه‌نگ ئیدواڵ یه‌کێک له‌و ئه‌فسه‌رانه بووه که زۆر تووندڕه‌و و دژی ڕووس و ئینگلیزه‌کان و لایه‌نگری نازی ئاڵمان بووه. هه‌رجۆرێک بێ ڕووسه‌کان و ئینگلیزه‌کان ده‌وڵه‌تی ئێرانیان ناچار کرد که سه‌رهه‌نگ ئێدواڵ که به‌رپرسی گشتی ژاندارمری ئێران بوو، ده‌ست له‌کار بکێشیته‌وه و ئێران به‌جێ بهێڵێ و ئه‌و کاره‌شیان پێی کرد. کۆلۆنل ئێدوارد له ٢٩ی ژانویه‌ی ساڵی ١٩١٦دا له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌ی له تاران به‌ره‌و سوێد که‌وته ڕێ. سه‌فه‌ره‌که‌شی وه‌ها بووه که به ئه‌سپ بێته ڕووسیه و ئینجا له‌وێشه‌وه بۆ سوێد. که ده‌گاته شاری قه‌زوێن که ئه‌و کاته به‌ده‌ستی هێزی ڕووسیه‌کان بووه، سه‌رهه‌نگ ئێدوارد و ژنه‌که‌ی ده‌گرن و له به‌ندیخانه‌ی ده‌که‌ن. ده‌وڵه‌تی ئێران به‌م ماجرایه ده‌زانێ و له مانگی ٣ی فیوریه‌ی ساڵی ١٩١٦دا سه‌رهه‌نگ و ژنه‌که‌ی ئازاد ده‌که‌ن و به‌ره و سوێد ڕه‌وانه ده‌کرێنه‌وه. ئه‌م ئه‌فسه‌ره سوێدییانه زۆر جار کاری سیخوریان کردووه و زانیاری زۆریان له‌سه‌ر داموده‌زگای ژاندارمری و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تیش به وڵاتانی ئاڵمان، ئینگلیز، ڕووسیه و ئامریکا داوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش زۆر جار بازرگانیان کردووه و زۆر فه‌رش و شتومه‌کی کۆن و عهتیقهیان له ئێران ده‌رباز کردووه بۆ سوێد و لێره‌ش به نرخێکی زۆر بە وڵاتانی تریان فرۆشتووە. جگه له‌مانه‌ش چه‌ند ئه‌فسه‌رێکیان له شه‌ڕه‌کانی نێوخۆی ئێران‌دا که به‌شداریان کردووه کوژراون و گۆڕەکانیشیان هه‌ر له ئێراندان. یان بۆ نموونه مهیجور یان سه‌رگورد شیلاندر تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی و سه‌رئه‌نجام شێت بووه و دواتر له ڕێگای قه‌سری شیرنه‌وه ده‌ینێرن بۆ به‌غدا به‌شکم باش بێته‌وه که چی ئاکامی نابێ و هه‌ر به‌و ده‌رده‌وه ده‌چێ. ته‌نانه‌ت شازادەی سوێد به ناوی “کێنت لوون هۆپت” له ناوچه‌ی “کوره” له ده‌وروبه‌ری ساوه و زهرهنددا له شه‌ڕا له‌گه‌ڵ “عباس دا‌غ دا‌غ آبادی و شجاع لشکری” کوژراوه و جنازهکهیان بۆ سوێد به‌ڕێ کردووه‌ته‌وه. (ل. ١٦١ و ١٦٢)
یه‌کێکی تر له‌و ئه‌فسه‌ره سوێدییانه که زۆر جنایه‌تکار و مرۆڤ کوژ بووه ناوی نیلس دۆماره بووه و پله‌ی مهیجور یان سه‌رگوردی هه‌بووه. ئه‌م دۆماره به خۆی و هیزەکەیەوە ده‌نیردرێن بۆ بروجرد که له‌وێ خه‌ڵک دژی زڵم و زۆری ژاندارمری ڕاپه‌ڕی بوون. ئه‌م دۆمارهیه ده‌گاته ئه‌وێ ده‌ست ده‌کا به کوشتنی به کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی گوندی و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌ڕوا بۆ لوڕستان. خه‌ڵکی له لوڕستان دژی هیزی حکومه‌ت وه‌زاڵه دێن و ڕاده‌په‌ڕن. خه‌ڵکی گوندی حاجی ئاوای لوڕستان پاسگای گونده‌که ده‌گرن و حه‌وت ژاندارم که ته‌سلیمی خه‌ڵکی نابن، ده‌کوژرێن. له‌و کاته‌شدا ئه‌فسه‌ری سوێدی مهیجور دۆماره به ژاندارمه‌کانی ده‌ڕوا بۆ ئه‌و گونده و هێرش ده‌کاته سه‌ر گونده‌که، له‌و گونده ٣٤ که‌س ژن و منداڵ و پیر ده‌ستگیر ده‌کا و له ده‌ره‌وی گونده‌که هه‌موویان گولله باران ده‌کا و ئینجا دۆماره ده‌ست ده‌کا به قسه کردن بۆ هیزه‌که‌ی و ده‌ڵێ ده‌زانم ئه‌مه جنایه‌ته و قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه به‌ڵام له باتی ئه‌و حه‌وت ژاندارمه که کوژراون ئه‌م جینایه‌ته ده‌خوڵقێنم. پاش ئه‌وه دۆماره به‌ره‌و شاری نه‌هاوند ده‌ڕوا که ئه‌و شاره به‌ده‌ستی هێزی ڕووسیه‌وه بووه و ژاندارمری هێزی ڕووسیه ده‌ست ده‌که‌ن به‌شه‌ڕ و دۆماره تێکده‌شکێ و به‌ره‌و شاری کرماشان هه‌ڵدێ، هه‌رچه‌ند ئه‌م دۆمارهیه لایه‌نگری سه‌رسه‌ختی نازی ئاڵمانی بووه. پاس تێکشکانی له شاری نه‌هاوه‌ند، ده‌وڵه‌تی ئێران حه‌وت ئه‌فسه‌ری سوێدی له ئێران له مانگی ١٠ ئاوریلی ساڵی ١٩١٦دا ده‌رده‌کا که یه‌کێکیان ئه‌م دۆمارهیه بووه و له ڕێگای به‌غداوه ده‌چێته به‌رلین و له نێو سپای نازیدا خه‌ریکی خزمه‌ت ده‌بێ و خوێنی ئه‌و ٣٤ که‌سه‌ش هه‌روا ناحه‌ق رژاو که‌سیش ئاوڕی لیی نهدانەوە.
له لاپه‌ڕه‌ی ١٣٨ی ئه‌م کتێبه‌دا جاریکی تر باسی شه‌ڕی لوڕستان ده‌کا. له دریژه‌ی باسه‌که‌ی محمد مددی ده‌نووسێ: “ستوان یه‌که‌م کارڵسون (که یه‌کێک له ئه‌فسه‌ره سوێدیهکانه) له هه‌نگی ژاندارمری لوڕستاندا خزمه‌تی ده‌کرد له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له ژاندارم و هاوکاره‌کانی، له ڕێکه‌وتی یه‌کشه‌ممه ٢٢ی ئوتی ساڵی ١٩١٥ هێرشکه‌رانی تایفه شۆڕشگیڕه‌کانی لوڕستان (بیرانوند، دیکوند، پاپی، سگوند، شێخه و مه‌ردان) هه‌نگی ژاندارمریان غافلگیر کرد و هێرشیان کرده سه‌ریان. له‌م هێرشه‌دا ستوان یه‌که‌م کارڵسون له‌گه‌ڵ ژاندارمه‌کانی هاوکاری کوژران که کۆی ئه‌و کوژراوانه ده‌گاته ٢٧ که‌س و هه‌موو هه‌نگ و پاسگا و داموده‌زگای ژاندارمریان تیک شکان و لە نێویان بردووە”.
له لاپه‌ڕی ١٥٥ی کتێبی “سوێدییه‌کان له ئێران” باسی دوو ئه‌فسه‌ری سوێدی ده‌کا که چوونه‌ته شاری مهاباد و له‌گه‌ڵ سمایل ئاغای سمکۆ شه‌ڕیان کردووه و له کوردستان ده‌ستیان له هیچ کرده‌وه‌یه‌کی نامرۆڤانە نه‌پاراستووه و خه‌ڵکی کوردیان به کۆمه‌ڵ کوشتووه. له ل.١٥٦ ی کتێبه‌که نووسراوه:” سه‌رهه‌نگ لۆمبێری له‌گه‌ڵ جێگره‌که‌ی سه‌رگورد لارشۆن ده‌گه‌نه ئازه‌ربایجان و پاش ماوه‌یه‌ک پشوودان و ڕێک و پێک کردنی سپاکه‌ی به شه‌مه‌نه‌فه‌ر به‌ره‌و شه‌ره‌فخانه ده‌ڕوا و له‌وێ له‌گه‌ڵ هێزی سه‌رداری عه‌شایری قه‌ره‌داغی که پیاوی ده‌وڵه‌ت بوون به‌ره‌و خۆی ده‌ڕۆن و له‌وێ له‌گه‌ڵ هێزی قه‌ره‌داغی چه‌ند زه‌ربه‌ی کاریگه‌ر له هێزی سمکۆ ده‌ده‌ن و ده‌بێته جێگای شانازی بۆ ده‌وڵه‌ت و ئازه‌ربایجانیه‌کانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت”.
مددی له درێژه‌ی باسه‌که‌ی ده‌نووسێ که “سمکۆ له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا هێزه‌که‌ی سه‌ریه‌ک خسته‌وه و ده‌ستی کرد به هێرش کردن. هێزی ژاندارمری به به‌رپرسایه‌تی سه‌رهه‌نگ لۆمبێری له‌گه‌ڵ هێزی سه‌رداری عه‌شایری قه‌ره‌داغی له‌گه‌ڵ هێزی سمکۆ که‌وتنه‌وه شه‌ڕ و له‌م شه‌ڕه‌دا سه‌رداری عه‌شایری قه‌ره‌داغی کوژراو و هێزی ژاندارمری به سه‌رپه‌ره‌ستی سه‌رهه‌نگ لۆمبێری و جیگره‌که‌ی سه‌رگورد لاشون تێکشکان و هه‌ڵهاتن به‌ره‌و شه‌ره‌فخانه و ته‌رمی قه‌ره‌داغیش ڕۆژێک به ده‌ستی هێزی سمکۆوه بوو. ئینجا هێزی سمکۆ دوای ژاندارمری که‌وتن و هه‌موو هێزی ژاندارمریان تێکشکان. پاش ئه‌م شکسته پارێزگای ئازه‌ربایجان (مخبر السلطنه هدایت) سه‌رهه‌نگ لۆمبێری و لاشونی بۆ ته‌ورێز بانگهێشت کرد”. نووسه‌ر ده‌نووسێ له‌و کاته‌ی که لۆمبێری و لاشون له ته‌ورێز سه‌رگه‌ردان بوون، گرووپێک له ئه‌فسه‌رانی ژاندارمری جیگیر له شه‌ره‌فخانه به سه‌رکردایه‌تی ابوالقاسم لاهوتی کۆدێتایان کردووه و لۆمبێری و لاشون ده‌گرن و له به‌ندیخانه‌یان ده‌که‌ن. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌کی کورت ئازاد ده‌کرێن و به‌ره‌و تاران ده‌ڕۆنه‌وه و پاش ماوه‌یه‌کی کورت به هۆی ئه‌و تێکشکانه‌ی له لایه‌ن سمکۆوه له ئێران ده‌ر ده‌کرێن و به‌ره‌و سوێد ده‌ڕۆنه‌وه.
که‌سێکی سوێدی تر که جێگای سه‌رنجه له‌م کتێبه‌دا ناوی “فۆکل کلۆ”یه. پیشه‌ی ناوبراو له سوێددا شۆفیری ئاگرکوژێنه‌وه، آتشفشانی یان فراکەوتن بووه، که ده‌گاته ئێران پله‌ی سه‌رگوردی وه‌رده‌گرێ و ده‌بیته به‌رپرسی شاره‌وانی قه‌زوێن. فۆکل کلۆ به نه‌زانینی خۆی تووشی زۆر کاری ناشایست ده‌بێ و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ تاران و ئینجا له‌وێشه‌وه ده‌ینێرن بۆ ته‌ورێز. له ته‌ورێزیش ده‌ست ده‌کاته گرتنی خه‌ڵک و ئه‌شکه‌نجه‌ی ئازادیخوازان ده‌دا. پاشان له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه ده‌رده‌کرێ و به‌ره‌و تاران ده‌ڕۆنه‌وه و ئه‌وه بوو له ساڵی ١٣٠٢ی هه‌تاوی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئه‌فسه‌رانی سوێدی ئیران به‌جێ دێڵن و به‌ره‌و سوێد دەگەڕێنهوه.
شتێکی تر که له‌م کتێبه‌دا به وردی باسی لێوهکراوە و منیش به کورتی ده‌یگێڕمه‌وه، سه‌فه‌ری شازاده‌ی سوێد (گۆستاڤ ئادۆلفGustav Adolf ) که له‌و کاته‌دا ته‌مه‌نی ٥٢ ساڵ بووه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی پرینس (لوویزLouise) و کچه‌که‌یان (ئینگریدIngrid) و کوڕه‌که‌یان (به‌رتیلBertil) له ١٣ی سێپتامبری ساڵی ١٩٣٤ له ستۆکهۆڵمه‌وه به که‌شتی ڤاسالاندVasaland) به‌ره و یونان ده‌که‌ونه ڕێ و له‌وێشه‌وه به ڕێگای سالونیک به شه‌مه‌نه‌فه‌ر به‌ره‌و تورکیه ده‌ڕۆن و له تورکیه‌شه‌وه به کوردستانی سوریه‌دا به‌ره‌و شاری “حه‌له‌ب” و ئینجا به‌ره‌و به‌غدا ده‌که‌ونه ڕێ و پاش چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ مه‌له‌ک غازی له به‌غدا به‌ره‌و کوردستان له شاری خانه‌قین و له شارۆچکه‌ی خه‌سره‌وی ئێرانیه‌کان پێشوازییان لێده‌که‌ن و پاشان به ماشینی ڤۆڵڤۆی سوێدی به‌ره‌و قه‌سری شیرین و سه‌رپێڵی زه‌هاو و کرن، کرند و له شاری شاه‌آباد ڕاده‌وه‌ستن بۆ نان خواردن، ئینجا له‌وێشه‌وه به‌ره‌و شاری کرماشان. له کرماشان پێشوازییان لێده‌کرێ و بنه‌ماڵه‌ی شازاده گۆستاڤ ده‌ڕۆن بۆ سه‌یری ئاسه‌واری تاقۆسان، لەوێشەوە به‌ره‌و کرماشان ده‌ڕۆن له فه‌رمانداری کرماشان پێشوازییان لێده‌کرێ. سه‌رئه‌نجام ده‌که‌ونه ڕێ به‌ره‌و شاری هه‌مه‌دان و قه‌زوێن له ڕێکه‌وتی ١١ی مانگی آبانی ساڵی ١٣١٣ی هه‌تاوی ده‌گه‌نه شاری تاران. بنه‌ماڵه‌ی شازاده گۆستاڤ نزیکه‌ی ١٩ ڕۆژ له ئێران ده‌مێننه‌وه و ئینجا له ڕێگای خه‌سره‌وی و خانه‌قینەوە ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌غدا و له‌وێشه‌وه دەچنەوە به‌ره ئورووپا. هه‌رچه‌ند بنه‌ماڵه‌ی پاشای سوێد به کوردستانادا ئه‌و هه‌موو گهشتهیانه کردووه به‌ڵام به‌داخه‌وه تاکوو ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ هیچ وشه‌یه‌کیان له‌سه‌ر کورد نه‌درکاندووه و ده‌بێ ئه‌و وێنه مێژوویانه له ئاڵبومی شاهانه‌دا پاراستراو بێ. هیوادارین که‌سانێک بتوانن ئه‌و وێنه مێژوویانه به‌ده‌ست بینن یان بنه‌ماڵه‌ی گۆستاڤ ئه‌و وێنانه بخه‌نه به‌رده‌ستی کوردان که له ساڵانی ١٩٣٤دا ئه‌م بنه‌ماڵه‌ی پاشای سوێده، کوردستانیان چۆن بینیوه.
ئایا به‌ڕاستی ئێرانی خاوه‌ن شارستانی و مێژینه‌ی ٢٥٠٠ ساڵه و خاوه‌نی پاشای وه‌کو کورش که گوایا دانه‌ری جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ بووه، که هه‌مووشی درۆ فشقیاتی ئێرانیه‌کانه بۆ خۆیان دایان تاشیوه ئه‌وه بووه که شۆفێری ئاگرکوژێنه‌وه‌ی سوێدی بیت و وڵاتیان بۆ به‌ڕێوە به‌رێ و قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تدارییان فێر کا؟ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێز به‌جێ دێڵم. ئه‌مه پۆخته‌یه‌ک له‌و کتێبه بوو که خستمه به‌رده‌ستی خوێنه‌رانی به‌ڕێز.
سوێد ـ ستۆکهۆڵم
21 ـ 7 ـ 2013
حه‌مید ته‌یموری