ئه‌زموونی کاری سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له دوو دەیه‌ی ڕابردوو و ئاڵوگۆره‌کانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که ناوچه‌ی کوردستانیشی گرته‌وه، به ئاشکرا و نهێنی حیزبه‌کان خرانه ناو ئابڵۆقه
و بازنه‌ی داخراوی و‌ڵاتانی ناوچه. هاتنه خواری ”حدکا ” له قه‌ندیل له وه‌ها پروژه‌یەکی داڕێژراو له ئاستی ”قحط الرجال دا”. ویستی حدکا و هێــزە سیاسییەکانی دیکە نەبوو، هه‌لومه‌رج به سه‌ری دا سەپاند.
ئه‌و کات که رێبه‌رانی ”حدک ـ ئێران’ له قوڵایی رۆژهەڵاتی کوردستان یان لە و‌ڵاتانی رۆژئاوا و له بێده‌نگی ئەوان دا گیانیان له رێگایی ئازادیی کوردستان دا فیدا ده‌کرد و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی ته‌نانه‌ت له ژێر چه‌تری چاوه‌دیری ئه‌مریکا و و‌ڵاتانی هاوپەیمان له باشور دا به کۆمه‌ڵ تیرۆر دەکران، فه‌رشی سوور بۆ ئه‌ندامانی “سفر کیلومتری” پ ک ک راخرا و کێشه‌ی بنه‌ڕەتیی له سه‌ر رێگای هه‌ر دوو به‌شی کوردستان نایه‌وه که بێ گۆمان له ئاستی هه‌ر دوو به‌شیان دا هه‌م تاوانباره و هه‌م بەرپرسیار!
له وه‌ها فه‌زایەک دا کە پ ک ک به ئاشکرا و به رۆژی رووناک له پێش چاوی دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی ئێران‌دا سەرقاڵی چلاکی بوو، هه‌ڵگری چ پیام و ڕاسپارده‌یەکه؟ نووسه‌ر ئه‌و کات و ئێستاش له سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌یە که کردنه‌وه‌ی ده‌رگا له سه‌ر پشت بۆ پ ک ک له ناو قوڵایی ئێران و کوردستان یەکەم مه‌رج و شه‌رتی لاواز کردن و به چۆکداهێنانی ”حدکا” بوو، چون ده‌سه‌ڵاتی ئێران هه‌موو رێگاکانی تاقی کردبۆوه و به هه‌موو شێوه‌یەک زه‌ربه‌ی له جەسته‌ی فیزیکیی ئه‌م حیزبه دا و تووشی خه‌ساری زۆر گه‌وره و قه‌ره‌بوو نەکراو‌ی کرد.
ته‌نیا شتیک که نەیتوانی و له ئاستی دا دامابوو و ئێستاش هه‌ر داماوه پێگه‌ی مه‌عنه‌وی و کۆمه‌ڵایتی ئه‌و حیزبه‌یە که نزیک بە ٧٠ ساڵه ژێرخانی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستانی له سه‌ر دامه‌زراوه. پ ک ک لێره دا بۆ به چۆکداهێنانی ”حدکا” ناڕاسته‌وخۆ یارمه‌تی ئێرانی کرد‌و به شێوه‌یەک له‌م پروژه دا بەشدار بوو. ئه‌و قۆناغه که بەرئاوەژوو پێناسه کراوه، ڕاست له‌م روانگه‌وه دەبێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ نه له به‌هێزی پ ک ک و داماویی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات.
باشه ئەگەر پ ک ک ئه‌وەنده خۆی به بیری نه‌ته‌وه‌ی و کوردستانی گرێ داوه، چۆن وا به ئاسانی له به‌شێکی کوردستان که ”رێژه‌ی خاک و خه‌ڵکی” جێگای دووه‌می هه‌یه، حیساب بۆ که‌س ناکا و به یەک شه‌وه خاوندارێتی دەکا و دەیخاته سه‌ر خەریته‌ی کوردستانی گه‌وره؟! ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای کاری سیاسی پ ک ک له کوردستاندا بیندرا، به ئاشکرا و ڕاشکاوی له پێش چاوی دڵره‌ق‌ترین دۆژمنی کورد چ له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و چ ئاینی دەستی داوەته کار و تیکۆشان، پرسیارێکی زۆری ساز کردووه که جیا کردنه‌وه و ساز کردنی پژاک له به‌دەنه‌ی حیزبی ”دایک” بۆ ئه‌م بەشه له کوردستان نەیتوانی وه‌ڵامی بیروڕای گشتی کوردستان بداته‌وه. تازه په‌یوه‌ندی پ ک ک له گه‌ڵ ئێران له ئاستی ئه‌منیەتی و ناوەندەکانی سه‌ر به سپای پاسداران دا بوو نه له ئاستی سیاسی و نێو ده‌وڵه‌تی دا. ئه‌وه‌ش بۆخۆی بێ گۆمان زۆر پرسیاری بێ وه‌ڵامی ساز کرد.
هەڵوێستەیەک لەسەر پەژەک
دوای چه‌ند ساڵ که پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات، چالاکی چه‌کدارییان له ناوچه‌دا نه‌مابوو‌و بۆشاییه‌ک پێک هاتبوو، په‌که‌که بۆ ده‌رباز بوونی خۆی له قه‌یرانی دوای رفاندنی به‌ڕێز ئۆجه‌لان و هه‌ڵپێچاندنی بنکه‌کانی له سووریه، ئه‌و بۆشاییه‌ی به قازانجی خۆی قوسته‌وه. به داخه‌وه کۆمه‌ڵێک له لاوانی به هه‌ستی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان فریوی دروشمه رواڵه‌تییه‌کانی په‌که‌که‌یان خوارد‌و روویان کرده ناو ریزه‌کانی ئه‌و پارته‌وه، به هیوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان. پێشتر کۆمه‌ڵێکی تر له لاوانی باشوور‌و رۆژئاوای کوردستان روویان لێ کردبوو. به‌ڵام به دوای دادگایی کردنی به‌ڕێز ئۆجه‌لان و پاشگه‌ز بوونه‌وه له دروشمی سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌و که‌سانه که له پارچه‌کانیتری کوردستانه‌وه روویان له په‌که‌که کردبوو تووشی دڵساردی هاتن، ئه‌مجار کونسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌که‌که، بۆ پێش‌گرتن به له به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌که‌که، له کونگره‌ی حه‌وت، که کۆنگره‌یه‌کی نائاسایی بوو و بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه گیرا، بڕیار درا که بۆ هه‌ر پارچه‌یه‌ک له کوردستان، پارتێک که له ئه‌ساسدا لقێک له په‌که‌که بێ و له ژێر فرمانده‌یی خۆدی رێبه‌رانی په‌که‌که‌دا بێ، دابمه‌زرێ.
ئه‌م بریاره چه‌ند مه‌به‌ستی له پشت بوو؛
ئا) ده‌رباز بوونی په‌که‌که له قه‌یرانه ناوخۆییه‌کان
ب) وه گه‌ڕ خستنی دیپلۆماسی و وتووێژ له گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه له رێگه‌ی ئه‌و به‌ناو پارتانه‌وه، چوون په‌که‌که، ناوی له ناو لیسته‌ی تێرۆری و‌ڵاتانی رۆژئاوا دایه‌و ناتوانێ پێوه‌ندی له گه‌ڵیاندا هه‌بێ. به تایبه‌تی له رێگه‌ی درۆس کردنی پژاک، له کاتی هاتنی ئه‌مریکا بۆ ناوچه، چون وای لێک دابۆوه ئه‌مریکاو ئێران دژ به یه‌کن و ئه‌گه‌ر ریکخراوێکی رواڵه‌تی به ناو پژاک ساز بکا، ده‌توانێ له گه‌ڵ ئه‌مریکا پێوه‌ندی بگرێ. ىه‌لام دواییش دیتمان ئه‌مریکا ده‌ستی په‌که‌که‌ی خوێنده‌وه‌و پژاکیش وه‌ک لقێک له په‌که‌که که‌وته ناو لیستی ره‌شی ئه‌مریکا.
ج) کۆ کردنه‌وه‌ی چه‌کداری زێده‌تر له پارچه‌کانی تر‌ی کوردستان له رێگه‌ی ئه‌و لق و پۆپانه‌ی خۆیه‌وه.
د) ئیمتیاز وه‌رگرتن له ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان له ریگه‌ی کونتڕۆڵ کردنی شۆڕشی کورد له‌و پارچانه واته به خزمه‌ت گرتنی شۆڕشی ئه‌و پارچانه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی.
لێره‌دایه که خشتی یه‌که‌می دامه‌زرانی لقی رۆژهه‌ڵاتی په‌که‌که یان پەژەک داده‌نرێ. په‌که‌که، له کاتی دامه‌زراندی پەژەکدا بنکه‌ی له ئێران‌دا هه‌بوو، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه که چۆن ئێران رازی به‌و کاره بوو؟
ئه‌ویش چه‌ند هۆی سه‌ره‌کی هه‌یه:
ئا) خاڵی کردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له هێزی شۆڕشگێڕ‌و به کۆشتدانیان له باکووری کوردستان.
ب) کۆماری ئیسلامی ده‌یزانی که په‌که‌که ناوی له ناو لیسته‌ی تێرۆری و‌ڵاتانی رۆژئاوا دایه، به‌و هیوایه که بتوانێ شۆڕشی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له ده‌ره‌وه وه‌ک بزووتنەوەیەکی تێرۆریستی لە قەڵەم بدات و به بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگی دنیای ده‌ره‌وه ده‌ر بێ، سه‌رکوتی بکا، مه‌یدانی بۆ په‌که‌که چۆڵ کرد. چونکه رژیم باشی ده‌یزانی ئیتر به هۆی پێشکه‌وتنی میدیا گشتییه‌کانی وه‌ک: ئینتێرنێت ناتوانێ وه‌کوو پێشوو، درێژه به سه‌رکوتی کورد له رۆژهه‌ڵات بدا‌و ده‌بێ بیانوویه‌کی جیهان په‌سه‌ندی هه‌بێ.
بۆیه ته‌نانه‌ت هه‌ر کتێبێک که هی په‌که‌که بوو له ئێران به فه‌رمی له چاپ ده‌دراو مه‌یدانی ته‌بلیغات بۆ په‌که‌که ئاوه‌ڵا کرا. ته‌نانه‌ت له نێو زانستگه‌کاندا ئازادانه کۆبوونه‌وه‌یان ده‌گرت و وێنه‌ی ئۆجه‌لان‌و ئاڵای په‌که‌که‌یان داده‌نا.
ج) چڕ کردنه‌وه‌ی گوشار بۆ سه‌ر باشووری کوردستان، ئه‌و کات که شه‌ڕی ناوخۆیی ته‌واو ببوو، هاوکاتیش ئه‌مریکا له ناوچه بوو و کوردیش له ئه‌مریکا پشتیوانی ده‌کرد، رژیم ده‌یویست درگایه‌کی تر بۆ گوشار هێنان باز بکا.
د) سڕینه‌وه‌ی پارته ره‌سه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له زه‌ینی خه‌ڵکداو پێکهێنانی پارتێکی ده‌سته‌مۆ و کونترۆڵکراو.
ر) ئه‌و کات به هۆی نه‌مانی شه‌ڕی چه‌کداری هێزه کوردییه‌کان، رژیم بیانوویه‌کی بۆ میلیتاریزه کردنی کوردستان نه‌مابوو، جیا له‌وه‌ش کۆمه‌ڵێکی زۆر ئه‌نجۆمه‌ن و رێکخراوی سینفی، ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی له شار‌و شارۆچکه‌کانی کوردستان دامه‌زرابوون، که رژیم ترسی شۆڕشی فه‌رهه‌نگی له کوردستان و داخوازی نه‌ته‌وه‌یی لێ نیشتبوو، بۆیه به دوای بیانویه‌کدا ده‌گه‌ڕا بۆ سه‌رکوت کردنی ئه‌و دۆخه نوێیه‌ی کوردستان. که په‌که‌که - پەژەک باشترین که‌یس بوو. چون په‌که‌که دۆستی خۆی بوو و ده‌یتوانی به باشی پەژەک که لقێک بوو له په‌که‌که، کۆنترۆڵی بکا، که ئێستاشی له گه‌ڵ بێ هه‌ر ئاوایه.
کاتێ په‌که‌که، پەژەکی دامه‌زراند، کۆمه‌ڵێک لاوی به هه‌ست و خوێن گه‌رمی تێدا بوون که خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی پژاک له په‌که‌که بوون، به‌ڵام ئه‌و لاوانه نه‌یانده‌زانی که پەژەک بۆ چ مه‌به‌ستێک دامه‌زراوه، دواتر که ورده ورده سیاسه‌ته‌کانی په‌که‌که‌یان بۆ ده‌رکه‌وت، دڵ‌سارد بوونه‌وه‌و کۆمه‌ڵیکیان لێ ته‌سفیه کران و کۆمه‌ڵێکیان هه‌ڵهاتن و ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌یان که ئیدیعایه‌کیان نه‌بوو، به ژیانی ده‌سته‌مۆیی رازی بوون. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستییه، وته‌ی دوو به‌ڕێز که له په‌که‌که جیابوونه‌ته‌وه به نموونه دێنمه‌وه:
به‌ڕێز عۆسمان ئۆجه‌لان برای سه‌رۆکی په‌که‌که‌و یه‌کێ له دامه‌زرێنه‌رانی په‌که‌که له وتووێژ له گه‌ڵ رێنێسانس‌دا له‌م باره‌وه ده‌ڵێ: “ئه‌وانه‌ی جیابوونه‌وه … به‌شێک ده‌ربازی هه‌ولێر بوون و به‌شێکی تر هه‌ر له سلێمانی مانه‌وه، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، ئه‌و به‌شه‌ی تر‌ی کۆردیناسیۆنی پەژەک که له شاخ مانه‌وه به ده‌ستی موحافیزه‌کاری په‌که‌که‌ی ته‌سفیه کران، به‌ڵام هه‌تا دوایی هه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه بوون ئه‌وانیش، ئاماده نه‌بوون که پەژەک به ته‌واویی بکه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی موحافیزه‌کار، هه‌ر به پلان هه‌موویان بڵاوکردنه‌وه به سه‌ر ناوچه جیاکانی خه‌باتی په‌که‌که و زۆربه‌یان شه‌هید بوون و چه‌ند که‌سیش خۆیان کوشت، بۆ ئه‌وه‌ی موحافیزه‌کاری په‌که‌که‌ی بتوانن ده‌ست به‌سه‌ر خه‌باتی پەژەک دا بگرن ئه‌و به‌شه‌ی تر‌ی کۆردیناسیۆنی پەژەک که له دوای ئێمه له شاخ مابوونه‌وه ره‌وانه‌ی نێو خه‌باتی چه‌کدارییان کردن که زۆربه‌یان شه‌هید بوون… به‌ڵام له ناو ئه‌و به‌شه‌ی که له شاخ مابوونه‌وه چه‌ند که‌سیان زۆر مرۆڤێکی لاواز بوون و هیچ توانایی بڕیاردانیان نه‌بوو، “بڕیار” هه‌بوو که هه‌ر ناوی بڕیار بوو، توانای بڕیاردانی نه‌بوو؛ “مه‌زده‌ک” هه‌بوو، ئه‌و مرۆڤێکی زۆر قارێیالیست (نه‌خۆشی ده‌سه‌ڵات) بوو، بۆ ئه‌وه‌ی بگات به ده‌سه‌ڵات هه‌موو کارێکی ده‌کرد، هه‌تا دوایی له‌گه‌ڵ موحافیزه‌کاری نێو په‌که‌که بوو، له دژی ئێمه‌و هه‌ڤاڵانی رۆژهه‌ڵات. ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر گۆران و سه‌ربه‌خۆیی پەژەک پێداگرییان ده‌کرد زۆر زوو شه‌هید بوون. به‌گشتی باڵی موحافیزه‌کار زۆر به‌توندی هه‌موویان سه‌رکووت کردن.”
به‌ڕێز عۆسمان جه‌عفه‌ری که‌له گه‌ڵ کۆمه‌ڵێکی تر له لاوانی رۆژهه‌ڵات له پەژەک جیا بۆوه‌و “یه‌کیه‌تیی دیمۆکراتی کوردستان”ی دامه‌زراند، له وتووێژ له گه‌ڵ ژماره ١٣٥ی گۆڤاری ئاسۆ ده‌ڵێ: “یه‌کێ له‌و ته‌نازۆلاته‌ی که په‌که‌که کردی به نهێنی و شاراوه‌ی ما‌مه‌ڵه له سه‌ر حیسابی پارچه‌کانیتری کوردستان، به تایبه‌ت رۆژهه‌ڵات له گه‌ڵ ئێران‌دا کردی، ئێمه‌ش کاتێ هه‌ستمان به‌وه کرد که چاوپێکه‌وتنی نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامیله گه‌ڵ سه‌رانی په‌که‌که، وا به‌رده‌وام له قه‌ندیل و ورمێ ساز ببوو، ئێمه‌ش چه‌ند جار دانیشتین و پێمان گوتن با ئه‌و شته له سه‌ر حیسابی ئێمه نه‌بێ و… به‌ڵام به داخه‌وه گوێیان نه‌داو له سه‌ر حیسابمان هێندێ شت کرا، کاتێ ئێمه‌ش ئه‌مه‌مان زانی، له په‌که‌که هاتینه ده‌ره‌وه، چونکه ئێمه نه‌مانده‌توانی به‌ری ئه‌و کاره نهێنیه‌ی نێوان په‌که‌که‌و ئێران بگرین”.
لێدونی ئه‌م دوو که‌سه هاوکات به‌ستراوه‌یی پەژەک به په‌که‌که‌وه، ده‌رده‌خه‌ن و ئه‌و ته‌بلیغاته که پژاک هێزێکی سه‌ربه‌خۆ بێ، پووچه‌ڵ ده‌که‌نه‌وه.
پرۆژه‌ی ئاڵترناتیڤ دروست کردنه‌که که له رێگه‌ی پەژەکه‌وه ده‌کرێ، له لایه‌ن کۆماری ئیسلامی و په‌که‌که‌وه به چڕی کاری بۆ ده‌کرێ. چونکه پەژەک هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م کرد، بۆ هه‌ر دوو لایه‌ن قازانجی هه‌یه. عۆسمان جه‌عفه‌ری له وتووێژ له گه‌ڵ کوردستان راپورتدا له سه‌ر دروستبوونی پەژەک، ده‌ڵێ: “… په‌که‌که بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و بۆ درێژه‌دان به‌ته‌مه‌نی خۆی و بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بۆ ئه‌و قه‌یرانانه‌ی که یه‌ک له‌دوای یه‌ک تووشی ده‌بن چ قه‌یرانی ناوخۆیی خۆی و چ قه‌یرانی ده‌ره‌وه‌یی که له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ن، به‌کوردی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی پاراستووه.
له‌لایه‌که‌وه په‌ژەک شه‌ڕ ده‌کات له‌گه‌ڵ ئێران‌دا و له‌لایه‌کی تره‌وه په‌که‌که خۆی نوێنه‌رایه‌تی له ورمێ هه‌یه و دانوساندنی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، ئێمه که کاتی خۆی له‌ناو په‌که‌که بووین باسی ئه‌وه ده‌کرا که ده‌بێت بزووتنه‌وه‌یه‌ک بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دروست بکرێت، ئێمه زۆر مه‌شکوک بووین له دروستکردنی هێزێکی ئاوا، ئه‌و چه‌ند براده‌ره‌ی که‌دامه‌زرێنه‌ری په‌ژەک بووین غه‌یری یه‌کێکیان نه‌بێت، ئێستا هیچیان نه‌ماون ته‌نها (بڕیار گابار)ماوه. ئه‌وکاته ئێمه هه‌موومان ترسمان له‌وه هه‌بوو که به‌ڕاستی په‌ژەک ده‌ستی ئێرانی له‌پشته‌وه نه‌بێت، دوایی په‌که‌که وه‌کو کارتێک دژ به‌ئێران به‌کاری بێنێ، یان ئه‌مڕۆکه ته‌ماشا ده‌که‌ین که ئه‌و کاره‌ی ئه‌مڕۆ په‌که‌که ده‌یکات به‌ڕاستی زۆر سه‌یره، له‌لایه‌که‌وه نوێنه‌رایه‌تی له ورمێ هه‌یه، له‌لایه‌که‌وه په‌ژەک له‌گه‌ڵ ئێران شه‌ڕده‌کات، په‌ژەک ده‌یه‌وێت به‌شه‌ڕی چه‌کداری چی ئیسپات بکات؟ ئه‌وه هه‌ڵه‌یه به‌شه‌ڕی چه‌کداری بیه‌وێ بڵێت شتێکی تازه‌ی له‌خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌لی کورد ساز کردووه.”
رێژیمی ئیسلامی که رۆژی وا هه‌بوو رێژه‌ی کۆژراوه‌کانی به ده‌ستی کۆمه‌ڵه‌و دێمۆکرات له سه‌رانسه‌ری کوردستاندا هەزار کەسی تێدەپەڕاند، مته‌قی لێوە نه‌ده‌هات، له به‌ر ده‌نگنه‌دانه‌وه‌ی پرسی کورد بایکوتی خه‌به‌ری خستبووه سه‌ر شه‌ڕی کوردستان، به‌ڵام ئێستا بۆ سه‌ر خستنی پرۆژه‌که، گه‌وره‌ترین به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها زۆربەی ماڵپەڕەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات رۆژانه ئاماژه به ناوی پەژەک ده‌که‌ن که ئه‌مه بۆ جێگیر کردنی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌یه که ئاماژه‌م پێداوه.
رێژیمی ئیسلامی ده‌یه‌وێ به دنیای ده‌ره‌وه رابگه‌یه‌نێ که شه‌ڕی من له کوردستان له گه‌ڵ په‌که‌که‌ی ناو لیسته‌ی تێرۆره‌که‌ی ئیوه‌یه، بۆیه ئێوه ده‌بێ نه ته‌نیا گوشار نه‌خه‌نه سه‌ر من به‌ڵکوو یارمه‌تیده‌رم بن.
له ناوخۆی کوردستانیش ده‌یه‌وێ به‌و قسانه پەژەک زه‌ق بکاته‌وه‌و بڵێ ئه‌وه پەژەک له مه‌یداندایه‌و گوشاری هێناوه، تا به‌ڵکو بتوانێ، بیکا به ئاڵترناتیڤ. چون ده‌زانێ پەژەک لقێک له په‌که‌که‌یه‌و په‌که‌که‌ش هاوپه‌یمانی خۆیه‌تی و هه‌ر کات بیه‌وێ کونترۆڵی ده‌کات.
په‌که‌که‌ش له‌م لاوه، به‌شێکیتری پڕۆژه‌که ده‌باته پێشێ که ئه‌م سیاسه‌ته به دوو شێوه ده‌ڕواته پێش:
ئا) شه‌ڕی چه‌کداری جاروبار له گه‌ڵ هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی له قاڵبی پەژەک، که ته‌نیا بۆ بردنه پێشی ئامانجه‌کانی خۆی و راکێشانی سه‌رنجی خه‌ڵک بۆ لای خۆی ده‌یکا.
بۆ وێنه کاتێک ئێعدامێک ده‌کرێ، په‌که‌که له پڕێکدا ده‌ڵێ ئه‌وه عه‌مه‌لیاتی تۆڵه ئه‌ستاندنه‌وه‌مان کرد، که ئه‌میش سیاسه‌تێکی داڕێژراو و کۆنترۆڵ کراوه. شۆڕشی کورد که له سه‌ر بنه‌مای مافخوازی و رزگاریخوازی داڕێژراوه، په‌که‌که – پەژەک به عه‌مه‌لیاتی تۆڵه ئه‌ستاندنه‌وه، خه‌و‌شداری ده‌که‌ن و سیمایه‌ک وه‌کوو حه‌ماسی فه‌له‌ستین و جوندۆڵای سیستان و به‌لوچستانی به دنیای ده‌ره‌وه، لێ پیشان ده‌ده‌ن.
ئه‌گینا پێشتر شه‌ڕ له کوردستان بووه، به‌ڵام نه له سه‌ر ئه‌ساسی تۆڵه ئه‌ستاندنه‌وه یان قازانج په‌ره‌ستی حیزبی، به‌ڵکوو له سه‌ر ئه‌ساسی مافخوازی.
ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه له کوردستان کراوه، هیچ وڵاتێک قامکی تێرۆریست بوونی بۆ رانه‌کێشاوه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زه‌نگی خه‌ته‌ره‌که له ئه‌مریکا لێ دراوه. که ئه‌مه له قازانجی کورد نیه و سیاسه‌تێکی دژی کوردیشی له پشته.
ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان بۆیە هیچ وڵاتێکی زلهێز و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش دەستێوەردانی سەربازی ناکەن، چەندین بەرەی تیرۆریستیی وەک: “حیزبوڵڵای لوبنان، جبهەتولنوسرە، بەشار ئەسەد وئێران و پەکەکە لە قاڵبی پەیەدە”دا مشتومڕی دەسەڵاتییانە.
قازانجی رژیمیشی له پشته که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ کرد. ئه‌م شه‌ڕه کاتێک زه‌ڕینگه‌رانه‌یی خۆی ده‌رده‌خا که موراد قه‌ره‌یڵان له هاوینی ٢٠١٠ له لێدوانێکدا بۆ ماڵپه‌ڕی فورات ده‌ڵێ: نابێ کورد ببنە لایەنی دژ بە ئێران و نیگەرانی خۆی لەبەرانبەر کوشتنی ئەو سەرهەنگە ئێرانیە دەربڕی که لە شەڕێکدا بەدەستی هێزەکانی پەژەک- پ ک ک کوژرا. هه‌روه‌ها جه‌میل بایک ئه‌ندامی کونسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئەو کاتی په‌که‌که له وتوێژ له گه‌ڵ گوڤاری هه‌ڵبووندا رایگەیاند: “ئێمه وه‌کو په‌که‌که دژایه‌تی ئێران ناکه‌ین.” کەوابوو ده‌بێ خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات ئه‌وه باش بزانن که ته‌قه‌ی چه‌که‌کانی په‌که‌که داوێکه که بۆ یارگیری زیاتری په‌که‌که ته‌نراوه، نه بۆ رزگاری کورد له رۆژهه‌ڵات، راستییه‌کانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن، که ده‌بێ ئێمه، ئه‌و کڵاوه گه‌وره‌ی که له سه‌ر ئه‌وان کردیان، بۆ ئێمه دووپات نه‌بێته‌وه.
ب) پرۆپاگه‌نده‌ی توند و دژ به پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات: ئه‌گه‌ر به کورتی ئاوڕێک له سه‌ر، سه‌رجه‌م لێدوان و به‌یاننامه‌و وتوێژه‌کانی رێبه‌رانی په‌که‌که -پژاکدا بده‌ینه‌وه، وشه‌و ده‌سته‌واژه‌گه‌لێکی زۆر نابه‌جێ به‌رانبه‌ر به پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات ده‌بینی، که نیشانده‌ری ئه‌وپه‌ڕی روانگه‌ی دوژمنکارانه‌ی په‌که‌که به نیسبه‌ت پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات ده‌رده‌که‌وێ، بۆ نموونه “پارتی کلاسیک”، “پارتی که‌مپنشین”، “دۆڕاوی سیاسی”، “پارته ده‌سته‌مۆ کراوه‌کان”و ته‌نانه‌ت له هێندێ شوێندا وشه‌ی “مردوو” ده‌بیندرێ.
لەلایەکی دیکەوە بەشی سیاسیی میدیای پەکەکە زۆرتر له دژایەتی و نانه‌وه‌ی دوبەره‌کی دا خۆی ده‌دیته‌وه. له‌م رێگایشەوە ڕاسته‌ۆخۆ و ناڕاسته‌ۆخۆ شه‌رێکی ڕاگەیاندنی ده‌ست پێ کردبوو له گه‌ڵ حیزبه‌کان بۆ هێنانە خواری ئاستی به‌رزی پێگه‌ی کۆمه‌ڵایەتیان له ناوخۆی کوردستان.
مێدیاکانی زنجیره‌یی پ ک ک هه‌موو بوون به سکویەکی ئازاد بۆ دژایەتی لایەنه‌کانی تر و مه‌دح و ستایشی پ ک ک و رێبه‌ری ئه‌م حیزبه بێ ئه‌وه‌ی تا ئێستاشی له گه‌ڵ بێ بۆ یەک جاریش ره‌خنه له شاشه‌ی ئەم ڕاگەیاندنانه روبەروی پ ک ک یا پەژەک کرابێته‌وه.
بۆیە ئه‌رکی رۆژنامه‌وانان و رووناکبیرانی کوردستانە که نه‌ترسانه‌و بوێرانه پێش به‌و سیاسه‌ته گڵاوانه بگرن که به‌رۆکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان گرتووه که ساڵانێکه کۆماری ئیسلامی خه‌وی پێوه ده‌بینێ.
لەم بابەتەدا لە نووسینەکانی “کاک جەمیل کولاهی، کاک بیژەن قارەمانی” و هەروەها لە راپۆرتی ماڵپەڕی “دێویچەوێلە” کەڵک وەرگیراوە.
……….
هەموو بابەتی بڵاو کراوە لە پێشمەرگەکان، نووسەر خۆی لێیان بەرپرسە.