"an independent online kurdish website

هەر چەندە بیری لێدەکەمەوە، ئەگەر وابیت، یانی هەڵبژاردنی رۆحانی، نە دڵخوازی خەڵک بوایە و نە هەڵبژاردەی خامنەیی، ئەی دەبێ لەکوێوە هاتبیت؟mensur-feruxi

ئەوەیکە روحانی دەڵخوازی خەڵکی ئیستای ئیرانە (هەل ومەرج) بە کوردستانەوە، هیچ شکێکی تێدانیە. بەڵام ئەگەر هەڵبژاردەی خامنەیی نەبیت، ئەوا بە مانای هەبوونی ئازادی هەڵبژاردنە لە ئێراندا. شتێک کە من باوەڕم پێی نێ‌یە. بۆیە گەر خامنەیی حەزیشی نەبووبێ روحانی هەڵبژێردرێت، ئەوە بۆ مەبەستی تایبەت ئیجازەی هەڵبژێرانی داوە.

ئەوەی کە خامنەیی یەکێکە لە هەرە رێبەرە خوێنخۆرەکانی مێژوی مرۆفایەتی، جێی حاشا نییە، ئەوەی کە ناوی خامنەیی دەتوانێت لە ناو ناوی دە رێبەری جەنایتەکاری مرۆفایەتیدا بێت، جێی شک نییە، ئەوەی کە خامنەیی یەکێک لە هەرە دیکتاتۆرە ملهوڕەکانی سەردەمە جێی پرسیار نییە. کە وابوو ئازادی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی کەسێکی وەها جەنایەتکار و دێکتاتۆردا هیچ مانای نی‌یە. بۆیە دەبێ وردتر بڕوانینە هەڵبژاردن یا هەڵبژێرانی روحانی.

مێژوی کورتی جمهوری ئیسلامی ئیران، بە کردەوە سەلماندویەتی کە هەموو حوکمێک، تەنیا لە حوکمی ولایەتی فقیه دایە. هەرحوکمێک، بەبێ ئەوەی کە حوکمی ولایەتی فەقیهی لە سەر بیێت، دەبێتە حوکمی لادان، لە سەرحوکمی فەقیهی عالیقەدر (خامنەیی).

مێژوی کورت و پڕ لە تەنگ و  چەڵەمەی جمهوری ئیسلامی ئیران، بە کردەوە سەلماندویەتی، کە یەک بڕیار، بڕیارە و هیچیتر، ئێستا نیزیک و دوور ماوەی ٣٠ ساڵە کە جمهوری ئیسلامی ئیران، بەربەرەکانێکی تەنگاوتەنگی لە گەڵ وڵاتانی روژئاوایی دەستپێکردووە، کە هەتا دو ساڵێک لە مەوبەر تێی دا سەرکەوتو بوو، سەرکەوتن بەو مانایە کە توانیان کاتێکی گونجاو و دریژخاین بۆ خویان پێک بێنن بۆ سازکردن و پەروەردە کردنی چەکی کیمیاوی، بەمانایکی تر کاتیان بۆ خویان دابین کرد، کاتیان بۆ خۆیان کڕی. ئەڵبەت گنخاندن و لامە لامە کردنی ئامریکا و شەریکە ئورووپاییەکانی، مەیدانی بۆ کۆماری ئیسلامی و مانۆڕ دان و تەنانەت بڵاو کردنەوەی تۆڕە تێروریستی‌یەکانی کردەوە. بۆ نموونە لە ساڵانی پێشدا لە ناو ماڵی زل هێزەکاندا دەیان کاری تێرۆریستیی ئەنجام دا و دەوڵەتە زل هێزەکان چاویان لێ پۆشی. بۆ نموونە لە تێڕۆری دوکتور قاسملو دا قاتڵان گیران، بەڵام دەوڵەتی ئوتریش زەختی خستە سەر دەزگای دادی وڵاتەکەی و بە سەڵوات و سەلام قاتڵەکانیان بەوپەڕی رێزەوە ناردەوە بۆ ئێران.

لە وها هەلومەرجێک، کە بەراستیش بە نرخە بۆ درێژەدانی عومری جمهوری ئیسلامی ئیران، بە بێ سیاسەت و توانای مانۆڕدان دەستەبەر نەدەبوو. یەکێک لە گرینگترین سیاسەتەکان لەم بوارەدا گٶڕینی سیما سیاسیەکان بووە وەک سەرۆک کۆمار، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی و….

خومەینی، هەر چەند بە کۆتایی پێ‌هێنانی شەڕی ئێڕان و عیراق (بە قەولی خۆی)ناچار لە هەڵقۆڕینی جامی زەهر هات، بەڵام بە جەنایەتەکانی خۆی، هەموو مەلاکانی فێرکرد، لە پەنا هەڵخەڵەتاندنی خەڵک (کە مەلای شیعە بەڕاستی تێدا پسپۆڕە)، لە هیچ شتێک نەترسن. لە سی و چەندساڵی رابردودا دیومانە کە بە چە شێوەیەک و چەند زیرەکانە گەلانی ئێران بە فریو دەبەنو دیانکوژن. خومەینی ئیسلامێکی تۆخی بێ سیاسەت بوو، کە بە هاوکاری روژئاوایەکان ئێرانی داگیر کرد. خامنەیی سیاسەتمەدارێکی تۆخی ئیسلامییە، کە بە قودرەتی خۆی و دەوروبەرەکانی (واتا ناوەندە ئەمنیەتی‌یەکان و سپای پاسداران) حکومەتی توتالیتێری ئیسلامی ئێرانی بە دەستەوە گرت. توتالیتێر، بە مانای داگیرکردنی هەمەلایەنە و سەداسەد. لە ئێرانی ئیسلامیدا هەر کاریک کراوە بەبێ پرسی خامنەیی نەبووە، لە داهاتوشدا هەر کارێک بکرێت، لەسەر بڕیاری ئەو دەبێت.

هاتنە سەر حکومەتی یەکە یەکە لە رەئیس جمهورەکان، لەسەر ئەمری خامنەیی، یا لانی کەم رەزامەندیی ئەو بووە. بۆ نموونە لە هەر سەردەمێکدا و بە پێی وەزعی رۆژ و سیاسەتی جیهانی و تواناکانی کۆماری ئیسلامی سەرکۆماریان هەڵبژاردوە. بۆ داڕشتنی سیاسەتی رۆژ لە بەرامبەر بە داخوازەکانی رۆژئاوادا. رەفسەنجانی، خاتەمیی، ئەحمەدی نیژاد، سێ رەئیس‌جمهوری جیاواز، بە سێ بۆچوونی جیاوازو بە سێ کاراکتێری جیاوازەوە، کە هەر کامیان گونجاوی سیاسەتی رۆژی جمهوری ئیسلامی بوون. یانی سێ کاراکتێری پێویست بۆ درێژە پێدانی عومری جمهوری ئیسلامی، سیاسەت (زیرەکی)، نەرمی (بەهەڵەبردن)، توندوتیژی (هەرەشە).

ئێمە بە لێکدانەوەی خاوی خۆمان، بیر لەوە ناکەینەوە، کە ئێران چۆن لە دەستی چەپ و راستی خۆی (ئەفغانستان،ئیراق) شەڕی بو ئامریکا ساز کرد. ئەو هەلەشی پێکهێنا کە چەند هەزار سەربازی ئەمریکایی بە کوشتن بدات. ئامریکایەکان بە ئیعترافی خۆیان بە هەڵە چوون، بەو هیوایە کە لە دوای ئەو شەڕانە دەتوانن لەگەڵ ئێرانی گەورە پێوەندی دۆستایەتیان هەبێت (وتووێژی نهێنی نێوان ئێران و ئەمریکا). جمهوری ئیسلامی بو مانەوەی خۆی، هەموو رێبازێک دەگرێتە پێش جا ئەو رێبازە دوژمنی ئامریکا بێت، یا سازان لە گەڵ ئامریکا فەرق ناکات، مەبەست ڕاگرتنی دەسەڵاتە و هیچی دیکە. لەم بارەوە خومەینی تا ئەو رادە چووە پێش کە فتوای شەرعی دەدات و دەڵێ: بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی تەنانەت دەتوانین نوێژ و رۆژووش قوربانی بکەین.

لەچەند دەیەی رابردودا، جیدیترین وتووێژەکانی سیاسی لە کومەڵگای دونیادا، وتووێژەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و نوینەرانی وڵاتانی روژئاوایی بووە لە سەر کێشەی ئەتۆمیی ئێران. چەکی ناوەکی بو ئەوان لە هەمو شتێک گرینگترە، لە دین و ئیمانیش بە نرخترە، چوونکە چاو لە کورەی شومالی دەکەن و چەکی ئەتۆمی وەک گارانتی پاراستنی دەسەڵاتەکەیان دەزانن. کەوا بوو بۆ گەشتن بە ئەو ئامانجە سیاسەت دەکەن، بە شێوەیەکی تەواو عەیاریش دەیکەن. بەوپەڕی تێکۆشانەوە، ئەوەی لە دەستیان بێت دەیکەن، ئەوەی کە بۆ خۆشیان پێیان نەکرا بە کەسانیتری، وەک مشاور و پوسپوری خۆفرۆشی وڵاتانی تر دەیکەن. ئیستا ئەمریکا لە قەیرانەکانی، ئەفغانستان و ئیراق و بەتایبەت ئێراق خەڵاسی نەببوو، کە ئێران پیشقەدەمی دەستپێکردنی شەڕی سایبری بوو لە گەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.

بەو پێ‌یە کە باسم کرد، هەڵبژاردنی سەرکۆمار، بە بریاری خامنەییە و هەر سەرکۆمارێکیش بە مەبەستێکی تایبەت هەڵدەبژێردرێت. کە مەبەستی سەرەکی بەرێوە بردنی سیاسەتەکان و تەزمین کردنی دەسەڵاتەکەیان.

 ئێستا هەموو دەزانین کە گەمارۆ ئابوریەکان زەختێکی فراوانیان خستۆتە سەر ئیران و ئێرانیەکان، هەر وەها لە لایەکی دیکە کێشەی ئەتۆمیش لە گەڵ رۆژئاوا گەورەترین هۆکاری گەمارۆکان بوون. بۆیە کاتی خۆیەتی کە کەسیکی وەک روحانی ببیێە سەرۆک کۆماری ئێران. مەبەستی سەرەکیش ئەوەیە کە روحانی وەک مرۆڤێکی نەرم رەو بناسێنن، تا بتوانن کێشەکانیان (کێشەی ئەتۆمی) لە گەڵ دەرەوە بگەیەننە ئەنجامێك  بۆ ئەوەی گەمارۆکان لەسەر خۆیان لابەرن. چوونکە بەڕاستی گەمارۆکان ئیتر گەیشتۆتە ئەو رادە کە خەڵکی تەواو جاڕەز کردوە. بە شێوەیەک تا ئێستا چەند جار لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتەوە، مەترسیی یاخی بوونی جەماوەری کە ئەوان بە “عوسیان و شورش کور” ناوی دەبەن، هاتوەتە ئاراوە. دیارە ئەوەش تاکتێکی دیکەیە بۆ دابینکردنی کاتێکی فراوانتر، بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ناوەکی. تا وەک باسم کرد وەک گارانتیی دەسەڵاتەکەیان بە کاری بێنن. ئەگەر زۆر بە هەڵە نەچوبێتم، دەتوانم بڵێم، رۆحانی لە وانەیە لە ساڵێک لە مەوبەرەوە دیاری کرابێت بۆ حوکمی سەرکۆماری ئێران. سیاسەتی راستەقینەی خامنەیی، لە گەڵ ئەو بڕیارانەی کە بە نیسبەت کومەڵگای سیاسی بیانی هەیەتی، راستەوخٶ لە رێی هەیئەتی نێونەرایەتی بەرێوە دەچێت، کە بۆ خۆی پێشنیاری هەڵبژاردنی داون. سیاسەتەکانی خامنەیی و چەند ئایەتوڵای دەوروبەری، لە ئاستێک دان کە لە وانەیە کاندیدایەکی وەک، موحسێنی رەزایی و قالیباف، لە ژێر قورسایی بڕیارەکان دەرنەکەون. جەلیلیش، هی کاتی سیاسەتی توندوتیژی بوو.

بە نیسبەت سیاسەتەکانی ناوخۆوە وەک دەزانین، نە دەوڵەت کارەیەکە و نە وەزیر و تەنانەت سەرکۆمار. لەم بارەوە خاتەمی  زۆر بە راشکاوانە رایگەیاند، سەرکۆمار تەنیا “تەداروکات چی‌یە” . واتا هیچکارەیە. بەباوەڕی من ئەوە بۆ رۆحانی‌یش هەروایە. لە باری ناوخۆوە ناوەندە ئەمنیەتیەکان و سپای پاسداران قسەی یەکەم دەکەن. بۆیە چاوەڕوانی ئەوە کە رۆحانی بتوانێ لە باری ناوخۆوە و بە نیسبەت ئازادیەکانی خەڵکەوە گۆڕانێک بێنێ، چاوەڕوانیەکی هەڵەیە. ئەڵبەت نابێت ئەوە لەبیر بکەین بە نیسبەت لە مەیدان دا بوونی خەڵک و بەهێز بوونی بزاڤی مەدەنی، ئیمکانی ئەوە هەیە کە حکوومەت (نەک دەوڵەت)، واتا خامنەیی و دارەودەستەکەی ناچار بە هێندێک پاشەکشە بن، کە ئەوە تەوژمی خەباتی خەڵک بە سەریاندا دەسەپێنێ و هیچ پێوەندیەکی بە خواست و توانایی رۆحانی یا هەر سەرکۆمارێکی دیکەوە نی‌یە.

هەرجموجوڵێک لە سیاسەتی ئێراندا، لە ژێرچاوەدێری توندی خامنەیی دایە و ئەویش نایهەوێت وەک خومەینی جامی زەهر هەڵقورێنێت، ئەوە بیروکەیەکی ساکارە، ئەگەر بڵێین، بۆیە هەڵبژاردنی رۆحانی، نەدڵخوازی خەڵک بوو، نە هەڵبژاردەی خامنەیی. بەڵام بە رەزامەندیی خامنەیی هەڵبژێردراوە بە مەبەستی دەرباز کردنی حکوومەت لەو قەیرانە گورچووبڕەی کە تێدایە ئەویش قەیرانی سیاسەتی دەرەکی و کێشەی ناوکی‌یە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ئاخرین وتووێژیدا، ئێرانی هێنا رێزەی ئیسرائیل و وتی: ئامریکایەکان دەبێ بەخۆدا بچنەوە، بۆ ئەوەی کە ئێرانیش بتوانێت لە ناو کومەڵگای نێونەتەوەیدا، وەک ئیسرائیل جموجوڵ بکات. ئەم وتەیە دەستپێکی پلانەکانی نوێی ئێرانە لە چوارچیوی نێونەتەوەیدا، ئەم تەنازول کردنەی ئێران، شتێک نییە کە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێرانی هەروا بە سوک و هاسانی لە گیرفانی دەری هینابێت، ئەم پلانانە دەمێکە داندراون بۆ رزگاری ئێران لە دەست گەمارۆکانی پشت شکێنی ئابوری. کە دەتوانم بڵێم سازانە لە گەڵ زل هێزەکان ، بۆ زاڵ بوون بە سەر قەیرانە ناوخۆییەکان و زاڵ بوون بە سەر ئیعترازی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی. کە لەوە زیاتر توانای تەحەمولی باری قورسی گرانی قات و قڕی لە لایەک  و زەخت و زۆری دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر لە لایەکی دیکەوە نەماوە. حکوومەت ئەوەی بە باشی هەست پێکردوە و بۆ زاڵ بوون بە سەر ئەو نارەزایەتیەدا پێویستی بە هێوەر بوونەوەی پێوەندیەکانی‌یە لە گەڵ ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی. بێگومان ئەو وڵاتانەش وەک هەمیشە، بەرژەوەندیە ئابووریەکانی خۆیان لا گرینگە و قەت لە مافی مرۆڤ و سەرکوتی گەڵانی ژێر دەستی دیکتاتۆرەکان ئاوڕ نادەنەوە.


 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی