لاورێنسی عەرەبی
ساڵ، ساڵی ١٩١٦یە و بریتانیای گەورەش چەکێکی کاریگەری دژی ئیمپراتۆری عوسمانیەکان خستە شەڕەوە.
لەشکەر و هێزی بەدەوییەکان لە ژێر فەرماندەیی ئەفەسەری بریتانیایی “تۆماس لاورێنس” (Thomas Lawrence) بەتەما بوون لە نێوەوە زەربەی کاریگەر لە پەیکەری لەشکەری گەورە و بەهێزی ئیمپراتۆری عوسمانی بدەن، گەڵاڵەکەیان سەرکەوت بەڵام بە نرخێکی گران بۆ لاورێنس و شەڕکەرە عەرەبەکان تەواو بوو. هەموو چالاکیەکە لە درۆیەکەوە سەرچاوی گرت.
لە کاتێکدا هێزە عەرەبەکان بە فەرمانی بریتانیاییەکان دەستیان بە سەرهەڵدان و راپەڕین دژی عوسمانیەکان کرد بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بێنن، بە دزی و زۆر بە نەهێنی پەیماننامەی سایکس ـ پیکۆ لە نێوان دەوڵەتی پادشایی بریتانیای گەورە و ئیرلەند و فەرانسە لەولاشەوە ئیمپراتۆری رووسیەدا ئیمزا کرا و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد. ئەم پەیمان نامەیەش بە نەهێنی مایەوە تاکوو بلشویکەکان ئارشیڤی رووسیەیان بۆ دیتن ئازاد کرد.
عودە کە بەرپرسی شەڕکەرە بەدەوییەکان بوو، لە تەپۆڵکەی “ئەبو ئەل لیسال” لە ئوردنی ئێستادا لە شەڕێکدا کە شەڕکەرە بەدەوییەکان بە چەکەکانیان تەقەیان لە بەتالۆنێکی هێزەکانی تورکیە دەکرد، رووی لە هاوڕێ چاوشینەکەی کرد و وتی: چ بۆچوونێکت لەسەر عەشیرەی بەدوییەکان هەیە. ئەویش بە جۆرێک کە ئەم تووڕە بکا، لە وەڵامدا وتی: “زۆر تەقە دەکەن و کەمی لێدەدەن.” ئەویش تووڕە دەبێ و کڵاو و مێزەرەکەی لەسەر دادەگرێ و بە ئەرزیدا دەدا و ئینجا دەڵێ: “بڕۆ وشترەکەت بێنە، ئێستا پیشانت دەدم ئەم پیرە مێردە چەندە بە توانایە.” دواتر عودە سواری ئەسپەکەی دەبێ و بە ٥٠ سوارەوە بە چوارناڵە هێرش دەکەنە سەر تورکەکان. دواتر کابرای بریتانیایی لەگەڵ ٤٠٠ بەدەویتر بە وشترەکانیانەوە لە تەپۆڵکەکە دێنە خوارەوە. ئەو پێنسەد سەربازە تورکە کە لەوێ بوون و چاوەڕوانی هێرشێکی کوتوپڕی ئەوتۆیان نەدەکرد، تێکشکان و ٣٠٠ سەربازی تورک لەوێ گیانیان لەدەستدا و ئەوەش مایەوە بە دیل گیرا. لە بەدەوییەکانیش تەنیا دوو کەس کوژران. دوای ئەم هێرەشە و سەرکەوتنی عەرەبەکان ئیتر دەروازە بە رووی شارە بەندەرییەکەی لێوار دەریای سوور، واتە ئاکابادا کرایەوە. بەدەوییەکان چوار رۆژ دواتر واتە لە رۆژی ٦ی مانگی ٧ی ساڵی ١٩١٧دا ئەو شارەشیان گرت. شەڕەکەش بە هۆی چەند عەشیرەتی بەدەویی و لەژێر فەرمانی تۆماس ئەدوارد لاورێنسدا بەڕێوە چوو، ناوێک کە لە دوای شەڕەکە لە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە. لاورێنس یان بە قەوڵی عەرەبەکان “ئەل ئاورێنس” بوو بە سەمبوڵێک بۆ سەرکەوتنی بریتانیا و عەرەبەکان دژ بە عوسمانیەکان لە بیابانەکاندا. بەڵام سێبەرێکی تاریک باڵی بەسەر ناوەکەی ئەو و ئەو سەرکەوتنەی کە لەگەڵ عەرەبەکاندا بە دەستی هێنابوو، کێشابوو ئەویش درۆیەک بوو. ساختەیی خەریک بوو ئاکامێکی دڵتەزێنی لێ بکەوێتەوە نە تەنیا بۆ لاورێنس بەڵکوو بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
تورکەکانی عوسمانی شەڕەکەیان بە شەڕێکی پیرۆز ناودێر کردبوو
هێرش و پاشان گرتنی ئاگابا(عەقەبە) لە مانگی ٧ی ساڵی ١٩١٧دا یەکێک لە سەرکەوتنە گەورەکانی بوو کە بۆ بریتانیاییەکان زۆر زۆر پێویست بوو. شەڕی یەکەمی جیهانی تێکهەڵچوونێک لە نێوان بریتانیا، رووسیە و فەرانسە و لە لاێکی دیکەشەوە ئاڵمان، ئوتریش ـ مەجارستان و تورکەکانی عوسمانی زۆر و زەحتیان خستبووە سەر بریتانیایەکان. تورکەکان دەسکەوتێکی زۆریان هەبوو و خۆیان کردبوو بە نوێنەر و سەرۆکی موسڵمانەکان لە ئیستانبوڵدا خەلیفەیان بۆ خۆیان دانابوو و پێیان دەوت نوێنەری موسڵمانەکان لە سەر زەوی.
تۆزێک دوای شەڕەکە ئیمپراتۆری عوسمانیەکان شەڕەکەیان بە شەڕێکی پیرۆز و مەقەدەس ناودێر کرد و بەو جۆرە هەموو کوژراوێکی تورکەکان کە شانازی شەهید بوونیان بە نسیب بێ ئەوا دەچێتە بەهەشت. ئاڵمانی نازیش ئەم بڕیارەی بە تام و چێژەوە دەگێڕایەوە و پێی وابوو کە ئەم بڕیارەی عوسمانیەکان دەبێتە هۆی راچڵەکانی ئیسلامیە تونڕەوەکان. شەڕێکی پیرۆز لە لایەکەوە دەیتوانی شەڕێکی پیرۆز دەیتوانی کارەساتی لێ بەکەوێتەوە بۆ بریتانیایەکان کە ئەو کات دەسەڵاتیان بەسەر نیوەی زۆری وڵاتە موسڵمانەکاندا و لەوانەش نزیک ٧٠ میلیۆنی لە هیند بوو. ئەگەر بە هۆی ئەو فتوایەی تورکە عوسمانیەکانەوە سەرهەڵدان رووی بدابایە ئەوا بریتانیا دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانەدا لەدەست دەدا.
ساڵی ١٩١٥ هێزە یەکگرتووەکان دەستیان بەسەر دوورگەی گالیپۆلیدا گرت بۆ ئەوەی بتوانن لەوێوە بڕۆنە پێتەختی ئەوکات کە ئیستانبول بوو. بەڵام بەرنگاری توندی تورکەکان بوون و بە کوژرانی ٢١ هەزار سەرباز پاشەکشەیان کرد، ئەمەش بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی تورکەکان و دابەزینی رۆحییە بریتانیەکان.
بریتانیەکان بەڵێنی درۆیان دا
لاورێنس دڵنیا بوو لەوەی کە هێرشی عوسمانیەکان جددییە. لە مانگی دیسامبری ١٩١٤ەوە خۆی گرێ دا بە هێزی ئاساییشی بریتانیاوە لە وڵاتی میسر کە لە لایەن بریتانیایەکانەوە کونترۆڵ دەکران. ئەرکی ئەو ئەوە بوو کە راپۆرتی بەرەکانی شەڕ بنووسێتەوە. ئەمەش هەواڵێکی ترسناک بوو بۆ بریتانیایەکان لەبەر ئەوە میسر رووبەڕووی سەرهەڵدانی موسڵمانەکان دەبووەوە و لەولاشەوە تورکەکان هێرشیان کردبووە سەر کاناڵی سوئیز. لەم قەیرانەدا کۆمیساریای بەرزی بریتانیایەکان لە میسر “سیر هەنری ماکماهۆن” بیرۆکەیەکی بە مێشکدا هات. ئەویش ئەوە بوو کە لەو وڵاتە موسڵمانانەدا کە ٤٠٠ ساڵ بوو لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوون، شەڕەکە بووە هۆی بیرۆکەی سەربەخۆیی ئەوان، ئەمەش پێش لە هەموو وڵاتێک حیجازی دەگرتەوە کە شارە پیرۆزەکانی موسڵمانەکانی واتە مەکە و مەدینەی لێ هەڵکەوتووە. لەوێش عوسمانیەکان سەرۆک عەشیرەتێکی عەرەبیان بە ناوی حوسێن ئبن عەلیان کردبوو بە حاکمی ناوچەکە. حوسێنی کوڕی عەلیش لە عەشیرەتی هاشیمی بوو واتە لە عەشیرەتی پێغەمبەر محەممەد. پێشتریش ئەم کابرایە داوای یارمەتی لە بریتانیایەکان کردبوو کە یارمەتی بدەن بۆ ئەوەی لە دەستی تورکەکان رزگاری ببێ، چونکە تورکەکان بە تەما بوون بیگۆڕن. زانیارییە ئایینیەکانی حوسێنیش ئەو تواناییانەی تێدا دەبینرا کە ببێ بە خەلیفەیەکی نوێی عەرەبەکان. هەر بۆیە ماکماهۆن دوای ئەم بیرۆکەیە لە مانگی ٧ی ساڵی ١٩١٥دا بە توندی دەستی کرد بە نووسین و گۆڕینەوەی نامە لەگەڵ ناوبراو. بۆ ئەم مەبەستەش کابینەی شەڕی بریتانیایەکان ئامادە بوو یارمەتی بدا و ئەمانیش قەوڵ و بەڵێنیان بە حوسێن دا کە دوای دەرکردنی عوسمانیەکان و سەرکەوتنیان ئەو بکەن بە بەرپرسی وڵاتە سەربەخۆکەیان. حوسێنیش بەڵێنی دابوو کە لەشکرێکی ١٠٠٠٠٠ کەسیان بۆ پێک بێنێ. یەکەم رۆژی مانگی ١ی ساڵی ١٩١٦ پەیماننامەکە ئیمزا کرا. بریتانیایەکان هیچ پلانێکیان بۆ بەجێ گەیاندنی بەڵێنەکەیان نەبوو. بەرپرسی یەکەمی هێزەکانی بریتانیا لە میسر واتە سیر ریگینالد وینگەیت، ئیشارەی بەوە کردبوو کە: “بریتانیا هیچ مەجبوور نین ئەو بەڵێنانە بە جێ بگەیەنێ ئەگەر سەرهەڵدانەکانی عەرەبەکان سەرنەکەوێ. ئەگەریش وڵاتێک پێک بێ، ئەوا کەرەستەی زۆرمان هەیە بۆ ئەوەی کونترۆڵی بکەین. بە کورتی دەتوانم بڵێم کە هەموو کارتەکان بە ئێمەیە بەڵام دەبێ بزانین باش یارییان پێ بکەین.”
لاورێنس بەرهاری عەرەبی دەبینێ.
لەبەر ئەوەی بەڵێنەکانیان بە جێ بگەیەنن بریتانیا لە ئوکتوبەری ١٩١٦دا نوێنەری خۆی نارد بۆ جەزیرەی عەرەبی. لاورێنسیش کە ئەو کات تەنیا ستوانێکی ٢٧ ساڵان بوو لەگەڵ نوێنەرەکە چوو. ئەو دوو برای تری لە شەڕدا لەدەست دابوو و تێدەکۆشا بە جۆرێک کارێکی گەورە و دیار ئەنجام بدا. کە گەیشتنە بەرەوە لاورینس بۆی دەرکەوت کە عەرەبەکان کێشە و کەموکۆڕیی زۆریان هەیە. حوسێنیش کە بەڵێنی لەشکرێکی زۆری دابوو، تەنیا توانیبووی چەند هەزار بەدەویی لە ژێر ئاڵای خۆیدا کۆ بکاتەوە. بە یارمەتی بریتانیەکان عەرەبەکان تەنیا توانیان مەکە و شاری بەندەریی یانبو بگرن و نەیانتوانی مەدینە بگرن. تورکەکانیش خێرا لە رێگای ئاسنی حێجازەوە کە لە ئیستانبوڵ و بەغداوە دەچوو بۆ مەکە یارمەتی نارد و ئێستا ئیتر هێزەکان لەوێدا گیریان کردبوو. لاورێنس هیچ دڵخۆشیەکی بە حوسێن و سێ کوڕەکەی واتە عەلی، عەبدوڵا و زەید نەبوو، بەڵام فەیسەڵ کە چوارمین کوڕی حوسێن بوو جۆرێکیتر بوو. بە قسەی لاورێنس، فەیسەڵ ئەو کەسە بوو کە دەیتوانی “گڕ لە بیابانەکە بەردا”. لاورێنس دوای ئەوە قسەی لەگەڵ فەیسەڵ کرد و هێزی عەرەبەکانی هەڵسەنگاند، چوو بۆ قاهیرە بۆ ئەوەی راپۆرت بدا. ئەو بریتانیەکانی دڵنیا کردەوە کە پێوسیت ناکا هێزی دیکە بنێرن بۆ ئەوەی عەرەبەکان رزگار بکەن. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ ئەوان کە ئیتر لە سەرۆکەکانی عەرەبە سەڵداوەکان ماندوو ببوون و هیوایان پێ نەمابوون. هەر بۆیە لاورێنسیان گەڕاندە دواوە بۆ لای فەیسەڵ ئەم جارە وەک ئەفسەری هاوکار، بەڵام ئەم ئەفسەرە جەوانە زیاتر لەوە جێکەوتبوو.
عەرەبەکان دەست بە شەڕی چریکی دەکەن
مانگی دیسامبەری ساڵی ١٩١٦ لاورێنس دەگاتە بنکەی فەیسەڵ کە لە شارە بەندەرییەکەی یانبودا بوو. لێرەوە لاورێنس لەگەڵ شێوەی شەڕی بەدەوییەکان ئاشنا بوو، لاورێنس هەرگیز بۆ خۆی لە شەڕدا بەشداری نەکردبوو بەڵام زگماکی تێگەیشتوویەکی باشی لەسەر هێزی چەکدار هەبوو. ئەو زوو تێگەیشت کە بەدەوییەکان ئازا بوون بەڵام لە شەڕی دەست و یەقەدا، دەنا لە شەڕی لەشکەری و جبهەییدا بێجگە لەوەی باوەڕیان بە یەکتری نەبوو، هیچیش نەبوون چوونکە دیسیپلینیان نەبوو.
لاورێنس لەوەدا سەرکەوت کە توانی فەیسەڵ واز لە تێکۆشان بۆ مەکەیەکی بەهێز بێنێ و لە جێگای ئەوە بەدەویەکان دەبێ ئەو زانستەی لەسەر بیابانەکانیان هەیە، بەکاری بێنن و ئەوان کە وشترسواری زۆر باش بوون دەیانتوانی خراوکاری لەسەر رێگائاسنینەکانی تورکەکان بکەن و زوو لەوێ دوور کەونەوە.
ئەو جۆرە ستراتژیەش دەبوو مانگی مارسی ١٩١٧ تاقی بکرایەتەوە. یەکەم شوێنیش کە دەبوو هێرشی بکرێتە سەر ئیسگەیەکی شەمەندۆفەر بوو لە ئەبو ئەلنام (Abu el-Naam) کە بەردەوام لە لایەن پێگەیەکی تورکەکانەوە چاوەدێری لێ دەکرا. لاورێنس لە تاریکایی شەودا مینێکی لەژێر رێگائاسنینەکەدا شاردەوە، رۆژی دواتر کە شەمەندۆفەرەکە بەسەر رەیلەکەدا تێپەڕی، هیچ رووی نەدا. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە مینەکە لە نەرمایی و تەڕایی دەشتەکەدا چووبووە خوارەوە و نەتەقیبوو. لاورێنس دیسان تاقی کردەوە. رۆژی دواتر بەیانی زوو لە نێو خێوەتەکەیدا هەستی کرد زەویی دەلەرزێتەوە. دواتریش پەیکەکەی بە دڵخۆشیەوە بۆی گێڕایەوە کە شەمەندۆفەری بەرەبەیان تەقیوەتەوە و تێکوپێکان دراوە.
لاورێنس پلانێکی گەورەتری بە بیردا هات، لە لێواری باکووری رۆژهەڵاتی دەریای سوورەوە شاری بەندەری عەقەبە (Aqaba) هەڵکەوتووە و زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی ئینگلیزیەکان بتوانن بە گەمییەکانیان یارمەتی بە هێزەکان بگەیەنن. بەڵام کێشە ئەوە بوو کە ئەو شارە بە دەست عوسمانیەکانەوە بوو بە هێزەکانی تورکیە تەنرابوو. بەڵام عەرەبەکان دەیانتوانی بە فڕوفێڵ ئەو شارە بگرن. لاورێنس پلانی ئەوەی داڕشت کە بەرەو باکوور بڕوا، بۆ ئەوەی تورکەکان وابزانن دەهەوێ بڕواتە سەر دیمشق و دواتر دوور لە چاوی تورکەکان لە بیابانەکاندا بە هێزەکەیەوە بگەڕێنەوە بەرەو باشوور و هێرش بکەنە سەر عەقەبە و بیگرن.
بۆ ئەوەی لەم هێرشەدا سەرکەوتوو بی، لاورێنس پێویستی بە هێزێکی شەڕکەری زۆر بوو، هەر بۆیە لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتی حویتات (Howeitat) واتە عودە ئەبو تایی (Auda Abu Tayi) دانیشت بۆ ئەوەی یارمەتی بدا بۆ ئەوەی بەدەویی زیاتر لەو شەڕەدا یارمەتی بدەن.
عودە لە سەحرای سیناوە هاتبوو و دوترا کە بەدەوییە شەڕکەرە ئازاکان بە قسەی خۆی جارێکیان بە تەنیا ٧٥ کەسی کوشتبوو، ئەو ٧٥ کەسەش ئەو باسی دەکردن عەرەب بوو، ئیتر چەندە تورکی کوشتبێ تاقەتی ژماردنیانی نەبوو. دوای ئەوەی کە عودە گوێی لە پلانەکەی لاورێنس بوو وتی: ” هەموو شتێک بە دینامیت و زێڕی ئینگلیزی دەگونجێ”.
عودە هاوپەیمانەتی خۆی بەو جۆرە پیشاندا کە تاقمی ددانەکانی لە دەمی دەربێنێ و لە درەوەی خێوەتەکە بە بەردێک وردی بکا. لەبەر ئەوە تورکەکان تاقمەکەیان بۆ دروست کردبوو. وتی: ” من نانی گەورەکەم فەیسەڵم بە ددانی تورکی خواردووە”. ئەمانەشی بە بێ ددان لە دەمابوون و بە تووڕەیەوە دەگیڕایەوە کاتێک هاتەوە بۆ نێو خێوەتەکە.
رۆژی ٩ی مانگی مای ساڵی ١٩١٧ لاورێنس، عودە و هێزێکی شەڕکەر لەو گەرما سووتێنەرەی عەرەبەستاندا کەوتنە رێ بەرەوە عەقەبە، عەرەبێکی زۆریش لە نێوان رێگادا پێیان زیاد بوون. لاورێنس ئینگلیزیەکانی لە پلانەکەی خۆی ئاگادار نەکردبووەوە. بەڵام لاورێنس پێش رۆیشتنەکەی بۆی دەرکەوت کە دیپلۆماتی بریتانیایی “Mark Aykes” و هاوتا فرانسەییەکەی “ François Georges- Picot“ بە دزیەوە یەکتریان بینیوە و پەیماننامەیەکیان لە نێوان خۆیاندا ئیمزا کردووە کە دوای شەڕەکە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. بەم جۆرەش بریتانیایەکان بەڵێنیەکەی خۆیان بۆ سەربەخۆیی عەرەبەکان لە پاش شەڕەکە پێشێل کردبوو. کەوابوو دوای شەڕەکە دەبوو گەورە پیاوانی تورک بگۆڕدرابایەن بە ئینگلیزی و فەرانسەیی.
تۆماس لاورێنس وای هەست دەکرد، ئەم تەنیا بەکار هێندراوە بۆ ئەوەی کڵاو لەسەر عەرەبەکان بنرێ، ئەو عەرەبانەی کە بەتەواوی باوەڕیان بەو کردبوو. هەر بۆیە لاورێنس وتی: ” ئێمە ئەوان هان دەدەین بۆ ئەوەی شەڕمان بۆ بکەن تەنیا لەسەر درۆیەک، منیش ئەمەم پێ قەبووڵ ناکرێ”. پاشان تەلگرافێکی نارد بۆ قاهیرە.
هەر بۆیە لاورێنس بڕیاری دا بە رێگای خۆیدا بڕوا و هێزە چەکدارەکانی عەرەب لە داوی مەرگ رزگار بکا بۆ ئەم مەبەستەش لە پێشدا دەست بەسەرعەقەبەدا دەگرێ و پاشانیش دیمشق. هیواداریش بوو کە دواتریش عەربەکان بتوانن زلهێزەکان مەجبوور بکەن کە سەربەخۆیان بۆ دابین بکا. کاتێک بەرەو عەقەبە دەگەڕایەوە بە تەنیا و بە سواری بە نێو وڵاتی داگیرکراوی دوژمنەکانیدا هەتاکوو دیمشق پای پێوە نا، رێگایەک کە نزیکەی ٦٠ مایلە. لە نێوان رێگاکەیدا تێدەکۆشا کە خەڵکێکی زۆرتر بۆ لای شەڕەکە راکێشێ. دواتر لاورێنس لەسەر بیرنەکردنەوەی خۆی لەسەر بەروپشت بۆ نەبوونی ئینگلیزیەکان نووسیبووی: ” خۆم بە خەمبار دەزانم، برینێکی فیزیکی پێشوازی لە گێژی و بێسەروبەرەیی دەروونی من دەکا.”
دوای دوو حەوتوو گەڕایەوە بۆ لای هێزە بەدەویەکان و لەگەڵ عودە ئەبو تەیب جەولەیەکیان لە نێو بیابانەکان دا و لە ٦ی مانگی ٧ی ساڵی ١٩١٧دا ئەقەبەیان گرت. کوژرا و بریندا و دیلەکانی تورکەکان بە دەستی عەرەبەکان بوو بە ١٢٠٠ کەس و بۆ خۆشیان ٢ کەسیان لەدەست دا. ئەمەش سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو.
دیمشق دەیتوانی ببێتە پاڵپشت بۆ پێکهاتنی وڵاتێکی عەرەبی
دوای گرتنی عەقەبە لاورێنس لە نێو بیابانەکانی سەحرای سیناوە چوو بۆ قاهیرە و رۆژی ١٠ی مانگی حەوت گەیشتە ئەوێ. بە گەیشتنی بەوێ و تەنانەت هێندە خێرا کە نەیتوانی جلکە عەرەبییەکانی لە بەر دەربێنێ و خۆی بگۆڕێ، بانگ کرا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسی هێزەکان لە میسر کە ژنرال ئالنبی (Allenby) بوو. دواتر لاورێنس لەسەر ئەم دیدارە نووسیبووی: “ئەو لەسەر سەندەڵییەکەی دانیشتبوو و سەیری منی دەکرد، نە راستەوخۆ سەیری خۆم بکا بەڵکوو لە کۆشەی چاوەوە بە سەرسووڕمانەوە سەیری دەکردم.”
ئالنبی بۆی دەرکەوت کە عەرەبەکان ئەوە نین کە ئەو حەسێبی بۆ دەکرد، بەڵکوو دەتوانن یارمەتیدەری باشی بن بۆ کەمینەکانیان بۆ سەر ئورشەلیم. هەربۆیە پەیمانێکی لەگەڵ لاورێنس واژۆ کرد کە دەبێ هێزەکانی عەرەب لەگەڵ هێزەکانی ئالنبی پێکەوە بڕۆنە سەر ئورشەلیم. لاورینس خێرا دەستبەکار بوو و لەگەڵ هێزە عەرەبەکانی چەندین چالاکی تەقاندنەوەی رێگا ئاسنەکانی ئەرکەکانیان لە حێجاز بەڕێوەبرد. بە بێ رێگای ئاسنینیش تورکەکان نەیاندەتوانی هێزەکانیان بگەییەنە بەرەی شەڕەکان و ١١ی دیسامبری ساڵی ١٩١٧ ئالنبی لە گرتنی ئەورشەلیمدا سەرکەوت، لاورێنسیش بە شانازییەوە بە ئۆنیفۆرمێکی ئینگلیزیەوە کە قەرزکراوی کردبوو، لە تەنیشتیەوە دەچوو. دواتر لەسەر ئەم شەڕە نووسیبووی: “بۆ من ئەم شەڕە لە گەورەترین خۆشی بوو.”
شوێنی داهاتوو دیمشق بوو کە دەبوو بیگرن، دیمشقیش لە سەد ساڵی رابردووەوە وەک پێتەختی سیاسی عەرەبەکان حەسێبی بۆ دەکرا. هاوکات کە هێزەکانی بریتانیا بەرەو باکوور دەچوون دەبوو هێزەکانی لاورێنس تاکوو بۆی دەکرێ لە خێرایی و هێزەکانی تورکیە کەم بکاتەوە و بەریان پێ بگرێ. بەڵام لاورێنس بڕیاری خۆی دابوو کە ئەوە هێزەکانی ئەون کە دەبێ لە پێشدا دیمشق بگرن نەک هێزەکانی ئالنبی.
١٩ی مانگی سپتەمبر ساڵی ١٩١٨ پێشڕەوی بۆ سەر دیمشق دەستی پێکرد و چەند رۆژ دواتر هێزەکانی لاورێنس کە خۆیان لە ١٠٠٠ کەس دەدا، دەستیان بەسەر شاری دیرا یان دارا (Deraa)دا گرت. لە نێوان رێگادا کارەساتێکیان بە چاوی خۆیان دیت ئەویش ئەوە بوو کە لە ئاوایی تافاس (Tafas) هێزێکی ٢٠٠٠ کەسی تورکەکان تووشی نەخۆشی هاتوون و هەموو خەڵکی ئەو دێیەیان کوشتووە، لە نێو کوژراوەکاندا لاورێنس چاوی بە لاشەی ژنێکی دووگیان کەوت کە پیش کوژرانەکەی لەبەر ئێش و ئازار، چنگی لە ئەرزەکە گیر کردبوو، سەرەنەیزەیەکیش بە شێوەیەکی زۆر ترسناک لە نێو پێیەوە دەستەکەی لە ئاسمانەوە وەستابوو.
رۆژی دواتر لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر هێزە عەرەبەکان هێزە تورکەکانیان بینی کە بەڕێوەن لەوێ دوور دەکەونەوە. عودە و شێخە عەرەبەکانیتر ویستیان لێرەدا تۆڵەی کوژراوەکانی دێکەیان لێ بکەنەوە. دواتر لاورێنس بەم جۆرە باسی ئەو تۆڵە سەندەوە دەکا ” لەبەر ئەو داخە شێتانەی کە لە دێی تافاس (Tafas) لەسەر دڵمان بوو، بە بێ بەزەییانە و بە جۆرێک کە خوێنی ئەوان دەبێتە ساڕێژکەرەوەی برینەکانمان بە خۆیان و ئاژەڵاکانیانەوە کوشتمانن.”
رۆژی ١ی مانگی ئوکتوبری ساڵی ١٩١٨ لاورێنس گەیشتە دیمشق، بەڵام ئەو یەکەم کەس نەبوو کەدەچێتە ئەوێ، پێش ئەو کومپانیایەکی ئینگلیزی چووبوە ئەوێ و ئەویشی بەجێ هێشتبوو. دانیشتوانی شارەکە بە دەنگی بەرزەوە پێشوازیان لە هێزی عەرەبەکانی و “ئەل ئاورێنس” دەکرد. ئێوارە درەنگ لاورێنسی شەکەت و ماندوو هەستی بە ئارامی و بێدەنگی شەقامەکان دەکرد کاتێک خەڵکی لە یەکەم رۆژی ژیانی ئازادیاندا چووبوون بۆ نوێژ کردن. چەند رۆژ دواتر لاورێنسی بریتانیایی گەڕایەوە بۆ ئینگلستان چوونکە چالاکییەکەی تەواو کردبوو.
عەرەبەکان تەنیا پاشماوەی دەوڵەمەندەکانیان بۆ مایەوە
ئەو ئازادییەی عەرەبەکان هێندەی نەخایاند، لەبەر ئەوە دەسەڵاتی تورکەکانی عوسمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەبوو دابەش بکرێ و لەوێشدا لاورێنس وەک مەشاور بانگ کرابوو، بەڵام کۆبوونەوەکە بێجگە لە قسە کردن هیچی لێ هەڵنەوەری، لاورێنسیش زۆر تووڕە و قەڵس بوو لەبەر ئەوە عەرەبەکان هیچیان دەستکەوت نەبوو، بێجگە لەو شوێنانە نەبێ کە ئینگلیزیەکان نەیاندەویست. هەر بۆیە لە بانگێشتنەکەی “جۆرج ڤی” (Georg V)دا لە مانگی نوڤەمبردا میداڵەکەی لێ وەرنەگرت کە پاشای ئینگلیز پێی بەخشیبوو.
لە نێوان دانیشتنەکانیان بۆ ئاشتی لە ١٩ی مانگی ١ی ساڵی ١٩١٨دا لاورێنس زۆر پاڕایەوە لە زلهێزەکان بۆ ئەوەی کارێک بۆ عەرەبەکان بکەن بەڵام هیچی نەبەخشی، چونکە زلهێزەکان سەرگەرم بوون بە دابەش کردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لە نیوان خۆیاندا. ساڵێ ١٩٢٠ فەیسەڵ کرا بە پاشا لە سوریە بەڵام دوای چوار مانگ پاشایەتی لە لایەن فەرانسەییەکانەوە دەرکرا.
ئەم داگیرکرانەش دەستی ئوروپاییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاکوو دوای شەڕی دووهەمی جیهانیش کورت نەکردەوە، ئەو کاتەش ئەوان رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بەجێ هێشت “ئەل لاورێنس” لە مێژ بوو گەڕابووەوە و لە ساڵی ١٩٣٥ەوە لەوێ نەمابوو، هەر بۆیە ئەم رۆژەی بە چاوی خۆی نەدی، لەبەر ئەوە ماوەیەکی کەم لەم رێکەوتە “ئەل لاورێنس” لە رووداوێکی تەسادفی موتورسیکلدا لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا گیانی خۆی لەدەست دابوو.
سەرچاوە: ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٣ی گۆڤاری “Historia“.
وەرگێڕان: حامید درودی
رێکەوتی ٢١٠ی مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٣
…