کەیهان یوسفی – و ه رگێڕان له فارسیه وه: ڕەشید زەرواوی
ئەگەرلە سەردەمی پێشوودا چه مکێک بە ناوی “رێبەر” تایبەت بە قارەمانان بوو، ئەوا لە سەردەمی ئێستا و بەهۆکاری هاتنە ئارای گۆڕانکاریەکان ،پیشان دراوە کە هێزی رێبەری بەدەر لە کولتوورەکان ، ناسنامەکانی نەتەوەیی و سنوورە دەست نیشانکراوەکان ، لە ناخی هەموو کەسێکدا بیدۆزییەوە .
کۆمەڵگای ئەمرۆ پێویستی بە رێبەرانێکە کە لە کردەوەدا( نە بە قسە و دروشم) رێگایەک بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزنەوە .
رێبەرانی ئێستای جیهان، کەسانێکن کە بەرپرسیارەتی زەمەنی ژیانی خۆیان تا ئەو جێگایەی دەرەتانیان هەبێ، قبوولی دەکەن ، بەو واتایەی کە ” خۆ لە قسە و کردەوەکانیان بە بەرپرس دەزانن “. ( کمێنس و مایز ١٩٨٧- لاپەرەی ١٨-١٧ )
کاتێک لە بارەی کەسایەتییەکان و کەسانی سیاسی دەگوترێ ، بۆ هەڵسەنگاندنی کردار و رێژەی سەرکەوتنیان ، پێویستە هەل و مەرجی شوێنگە و زەمەنییان لەبەر چاو بگیردرێ .
قسە کردن لە سەر چۆنایەتی ، شوێن و رۆڵی رێبەرانی سیاسی و بەتایبەت رێبەرانی بزووتنەوەکانی ئازادیخواز هەروەک بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد و شرۆڤەی کاریگەریان و رۆڵی ئەوان لە گۆرەپانی خەبات و بەجێ گەیاندنی ئەرک و پەیامەکانیان و کارتێکەری لەسەر کۆمەڵگا ، بێ شک گرێدراوی لەبەر چاوگرتنی دوو فاکتەری شوێن و کاتە . هەر بەو هۆکارە پیویستە کە هەرکاتێک باس لە رێبەر و هەڵسەنگاندنی کردارەکانی دەکرێ ، بۆ ئەوەی تێڕوانین و شرۆڤەکان لەسەر بنەمای عەقل و لۆژیک خۆ دابرێژن ، دەبێت هەل و مەرجی شوێنگە و کاتی هەلس وکەوتەکانی تایبەت بە خۆشی رەچاو بکرێن .
٦٨ ساڵ خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، مێژوویەکە پڕ لە هەوراز و نشێو کە بە قۆناغی جیاجیا دابەش دەبێ و لەهەر کات و شوێنێکی تایبەتی هەر رێبەرێکیش پیویستە پەیامێک بە ئەنجام بگەیێنێ کە بۆ بە ئاکام گەیشتنی ، چەندایەتی و بە پێی پێویست هەڵگری کۆمەڵێک کاراکتێری تایبەتی رێبەر و بە بەکار هێنانی شێوازێکە بۆ باشتر وڵام دانەوەی ئەو هەل و مەرجە .
خۆ ئەگەر ئهرکی ” پیشەوای نەمر” دامەزراندن و بونیاد نانی پایەکانی خەباتی حیزب بوو ، دوای لە سێدارەدان و رووخانی کۆماری کوردستان ، بزووتنەوەی مافویستی کوردستان لاواز و تووشی لێکترازانی ئەندامان و هێزەکانی دەبێ . لەو ساڵانەدا نەبوونی رێبەرێکی کاریزما و کارتێکەر کە بتوانێ هێزی لێکدابراو و پڕش و بڵاوی کورد ، جارێکیتر و لەسەر بنەمایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە ڕێک بخاتەوە ، هەستی پێدەکرا . بە شاهیدی مێژوو د. قاسملوو ئەو تاقانە رێبەرە بوو توانی ئەو بۆشاییە پڕکاتەوە و بە باشترین شێوە ئهرکی خۆی بە ئاکام بگەیێنێ ، هەر بەوجۆرەی کە لەسەرەتاوە باسمان کرد ، قۆناغەکانی مێژوو هەرکام هەڵگری تایبەتمەندی خۆیەتی بەتایبەت بۆ رێکخراوەیەک کە نایهەوێت تێپەرینی کات لاوازی بکات و ببێتە هۆی لێکترازانی .
سەردەمی دوای شەهید بوونی د. قاسملوو بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران ، سەردەمێکی تایبەت و جیاواز بوو کە پێویستی بە شرۆڤە و لێکدانەوەی ورد و هەلوێست و کارکردی تایبەت بوو . ئەرک و بهرپرسایهتیهک کە لەو سەردەمەدا دەکەوێتە سەر شانی ڕێبەرایهتی حیزب و رێبەری لێوشاوهی ئەوکات ( د.سەعید) ئەرکێکی جیاواز و تایبەت بوو .
شەری ئێران و عێراق کۆتایی پێهاتبوو ، رێژیم هێزەکانی ئامادە و کۆکردبووه وە تا پاکتاوی نەیارانی خۆی پێبکات ، حیزب و پێشمەرگەکان لە شار و گوندەکان ئیتر حزووریان نەبوو ، کارەساتی گەورەی شەهید کرانی د. قاسملوو باڵی بەسەر کەشی حیزبدا کێشا بوو ، ترس و بێ هیوایی بەتەمای خۆسپاندنی بەسەر حیزبدا بوو و دۆخێکی دژواری بۆ حیزب پێکهێنابوو .
هەرچەند کەسایەتی و زاناکان یان ئەو رێبەرانەی کە بە جۆرێک پەیوەست بە ئەفسانەکان دەبن ، شوێنیان بە تەواوەتی پڕ نابێتەوە ،بەڵام ڕێرەوان و قوتابیانی هەمان رێبەر دەتوانن درێژەپێدەرانی هەمان رێبازی ئەو بن و ئەو رێچکە و رێبازەی کە ئەو پێشەنگی بوو، بەرەو پێشی بەرن . هەر بەو هۆکارەیە کە قوتابی لێهاتووی قوتابخانەی حیزب و د. قاسملوو ، دوای شەهید بوونی رێبەر و مامۆستای خۆی ، بە دڵێکی پڕ لە خوێن و لەهەمانکاتدا پڕ لە هیوا روو بە خەڵک و پێشمەرگەکان رادەگەیەنێت :” دوکتور قاسملوو شەهید بووە ، بەڵام خەبات بەردەوامە ، رێگای مامۆستای زیندوومان درێژەی هەیە”.
ئەگەر دوکتور قاسملوو خاوەنی هزر و ئەندیشە و گوتاری نوێ بۆ حیزب بوو ، ئەوە دوکتور سەعید بوو وەک شرۆڤەکار و بەرێوەبەری روانگەکانی لە نیو حیزبدا رۆڵی ئەوی دەگێڕا .
بێ شک ئامانجی سەرەکی لە تیرۆری د.قاسملوو ، ڕاگرتنی ڕەورەوەی خەبات و لەناوبردنی پەیکەری حیزب بوو . هەر بەو هۆکارە بوو کە دوای روودانی ئەو کارەساتە ، “د. سەعید ” سکرتێری گشتی ئەوکاتی حیزب و رێبەری بزووتنەوە لە پیلانی قێزەونی رێژیم و بە باشی لە ئەرکێک کە کەوتبووە پێشی ، ئاگادار بوو .
لە لایەکەوە پێویست بوو بۆ هێرش و هەرەشەی رێژیم ، رێگە چارەیەکی گونجاو بدۆزێتەوە کە ئەمجارە جیاواز لە هێرشی راستەوخۆی سەربازی ، رێکاری جیاوازیتری گرتبووە بەر( تیرۆری رێبەری ، کادر و پێشمەرگە ، ناردنی کەسانی سیخور و جاسووس و …) هەر بەو هۆکارەش کەش و هەوای ئەو کات و ئەو دۆخە ، هەلوێست و پرچەکرداری تایبەتی دەویست ، لە کۆنگرەی نۆیەمی حیزب و سەردەمی رێبەری د. سەعید ، پیویستی دامەزراندنی ناوەندێکی وا لە حیزب بە ناوی ” کۆمیتەی ئەمنیەت” هاتە پیش کۆنگرە و پەسند کرا.
یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی بەرچاوی دوکتور سەعید ، بایەخ دانان بە هێزی لاوانی شۆرشگێر بوو . هەر بەو هۆکارەش لە کۆنگرەی نۆیەمی حیزبدا ، ناوەندێک بە ناوی کۆمیتەی ئامووزش دامەزرا کە ئامانج لەو کۆمیتەیە ڕاهێنان و پەروەردەی لاوان و کادری لێهاتوو بۆ داهاتوو بوو .
بەڵام ئەوەی کە دوکتور سەعید- ی لەنیو کۆری رێبەرانی لێهاتوو و کارتێکەری بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات بۆ هەتا هەتایە بە زیندووی دێڵێتەوە ،رەوایەتی رێبەری د. سەعید لە ڕوانگەی هاورێیان و ئەندامانی حیزب بوو و تەنانەت لەباری مەزنی کەسایەتی ئەو رێبەرەوە ،دەسەڵاتدارانی رێژیمیشی هێنابووە سەر ئەو باوەرە و هەر بەو هۆکارەش بوو کە پیلانی قێزەونی تیرۆر کردنی خۆی و هاورێکانیان دارشت و تیرۆریان کردن .
کاریزمایی و رەوا بوونی رێبەر کە دەبێتە هێزی کاریگەر لە راستای جێ بەجێ کردنی ئەرکەکان و گەیشتن بە ئامانجەکان ، گرێدراوی هێزی کەسایەتی رێبەر ( یا بەرپرس) لە رێخکراو دایە کە بریتییە لە: هێزی لێهاتوویی و ئەزموون و هێزی رەوا بوون یان شایستەگی. هێزی لێهاتوویی و بە ئەزموون بە واتای ئەوەیە کە رێبەر خاوەنی کۆمەڵێک لە زانست ، ئەزموون و بەهرە بێ کە خەڵکیتر لەو ئاستەدا لێی بێبەش بن . بەسەرنجدان بە دۆخی ئەوکاتی حیزب و کوردستان ، د. سەعید خاوەنی ئەو تایبەتمەندی و هێزە بوو ، هەروەها هێزی رەوا بوون و شایستەگی بەو مانایەیە کە ئەندامان و هاورێیان ، تایبەتمەندی هەروەک هاوتەریب بوون ، ئەمانەتداری و نەهێنی پارێزی لە رێبەرکەی خۆیان ببینن کە دەبێتە هۆی بەهێز بوون یا لێهاتووی ئەو رێبەرە .
ئەوەی کە داییم لەسەر د. سەعید دەگوترێ و تایبەتمەندی جیانەکراوەی ئەو رێبەرەیە ، راستگۆیی و ئەمانەتداری و سوور بوونیان لەسەر بە ئەنجام گەیاندنی کار و باری حیزبی بووە و هەربۆیەش دچێتە نێو دڵان و دەبێتەخۆشەویستی هەموان . د. سەعید لێواولێو لە هیوا و هومێد بۆ داهاتوو بوو و ئەوەش وایکرد کە دوای تیرۆری دڵتەزێنی دوکتور قاسملوو ، بێ هیوا نەبێ و هەنگاوەکانی بۆ درێژەپێدانی رێبازی ئەو رێبەرە مەزنە قاییمتر هەڵ بێنێتەوە، چونکوو باوەری وابوو کە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و بێ هیوا نەبوون بە واتایی سەرکەوتن دێ ، تەنانەت ئەگەر هەل و مەرج و مرۆڤ بە هۆکاری جیاواز ئاستەنگی گەیشتن بە ئامانجیش بن . هەروەک “ئێرنسێت هیمنگۆی” نووسەری ناوداری ئەمریکایی دەڵێ :” ئەو بۆ ئەوە لە دایک نەبووە تا شکست بێنێ “.
………………………………….
ئەو بابەتە لە رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکیتر بە “فارسی” بڵاو کراوەتەوە