"an independent online kurdish website

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتیی یەکیەتی نشتیمانی کوردستان لە هەڵوێستێک دا کە لە کوردستانی نوێ ڕۆژنامەی ئەو حیزبەدا بڵاوی کردووە،capk_capk

هێڕشێکی توندی کردۆتە سەر یەکێک لە نرخە نەتەوەییەکانی کورد، سمکۆی شکاک. فەرید دۆسیای سمکۆ بە “فایلێک خاوێن” بۆ کوردەکانی ئێران نازانێ، و بە تۆمەتێکی دوور لە پیوان و پڕەنسیپی نەتەوەیی سمکۆی مەزن بە جەللادانی بکەری تاوانی حەڵەبجە دەشوبهێنێ. بە پێی هەڵسەنگاندنی ئەسەسەرد، سمکۆ بە کوشتنی مار شیمۆن تاوانێکی گەورەی دژ بە گەلی ئاشووری ئەنجام داوە، مهابادی تاڵان کردوە، لە گەڵ کەمالیستەکان پێوەندیی گەرمی بووە و خاوەنی هەستی کوردایەتی نەبووە و هتد.

بۆ ئێمە لە جڤاکی ئاشتی و پێشکەوتنی کوردستان (جڤاک)دا جێگای داخە کە کەسێک لە سۆنگەی کوردایەتییەوە و لە سەر کورسیی ڕێکخراوێکی کوردستانی، بە بێ ئەوەی گەل، وەڵات و مێژووی خۆی بناسێ، بە شێوەیەکی دەمارگرژانە و بە زمانی دوژمنی نەتەوەکەیەوە هێڕش دەکاتە سەر مێژوو و نرخەکانی گەلی کورد. بەڵام لێرەدا مەبەستمان قەت ئەوە نیە کە وەڵامی ئەو کەسە بدەینەوە. تەنیا لە ڕووی ئەرکی نەتەوەییەوە وەبیرهێنانەوەی چەند خاڵێک بە پێویست دەزانین:smkoy_shikak

1) هەر دوو نووسەری تورکی ئێرانی، ئەحمەد کەسرەوی و حەسەن ئەنزەلی کە لە هەموو کتێب و نووسراوەکانیان دا دژایەتیان لە گەل گەلانی کورد و ئاشووری دیارە، سمکۆ بەوە تاوانبار دەکەن کە بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی گەورە ڕاپەڕیوە و سوپایەکی بە هێزی کوردی دامەزراندوە کە جار بە هاوپەیمانی لە گەڵ ڕووسەکان و جار بە دۆستایەتی کردن لە گەڵ سوپای عوسمانی ویستوویەتی کورد لە ئێران جیا بکاتەوە.

٢) مارشیمۆن هەم سەرۆکی ڕووحانی و هەم ڕێبەری سیاسی ئاشووریەکانی جێلۆ لە پارێزگای هەکاری باکووری کوردستان بوو کە دەبوو بە بەشێک لە ئیمپەراتۆریی عوسمانی. لە گەرمەی شەری عوسمانی و ڕووس دا، مارشیمۆن بە هیوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئاشووری، وێڕای ئەرمەنیەکان پشتیوانیی لە ڕووسیا کرد و هەر ئەو هەڵوێستەش هەستی دژی ئاشووری و دژی ئەرمەنیی عوسمانیەکانی بزواند و بوو بە هۆی ئەو کۆمەڵکوژییە مێژووییەی کە لە مێژوو دا قەید کراوە.

پاش ئەو کۆمەڵکوژییەی گەلی ئاشووری لە لایەن سوپای عوسمانیەوە مارشیمۆن وێڕای کۆمەڵێکی پەنجا هەزار کەسی کە بەشی زۆری پیاوەکانی چەکدار بوون و لەشکری ئەویان پێک دەهێنا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی ورمێ و سەلماس گوێستیانەوە. لەو ناوچانەدا پاشماوەکانی ئاشوورییەکانی هەکاری لە گەڵ ئاشوورییە خۆجێیەکانی بوون بە یەک، سوپایەکی بە هێزیان پێک هێنا و بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئاشووری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا هەکاری و مووسڵ کەوتنە خۆڕێکخستنەوە. کوشتنی مارشیمۆن بە دەستی سمکۆ تەنیا وەک ڕووداوێکی تاڵی مێژوویی دەکرێ بنرخێندرێ و بەس، چونکە بە رلە کوشتنی مارشیمۆن، بە دەیان هەزار کورد و ئازەربایجانیی ئەو دەڤەرە بە دەست جێلۆکانی سەر بە مارشیمۆن کوژرا بوون و بۆ خەڵکی ئەو هەرێمە مارشیمۆن و جێلۆکان بەر لەوەی جیران بن وەکوو مەترسیەکی گەورە چاو لێ دەکران. لە ڕاستی دا قوربانیانی دەستی زۆرداریی عوسمانیەکان لەو ناوچەیەدا بۆ خۆیان ببوون بە زۆردار و بە بەڵایەکی گەورە. بەڵگەکانی مێژووش پڕن لە بەڵگەی لەو چەشنە کە قارەمانانی نەتەوەیەک بۆ نەتەوەی جیران وەکوو ئەهریمەن و دژمن دەناسرێن.
٣) ئەسەسەرد لە ئیدیعای ئەوەشدا کە سمکۆ دۆستی کەمالیستەکان بووە و بۆیەش مارشیمۆنی کوشتوە تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە چونکە مارشیمۆن لە ڕۆژی ٣ی ئادار یا مارسی ١٩١٨ دا کوژراوە، مستەفا کەماڵ ساڵی ١٩٢٣ کۆماری تورکیای دامەزراندوە و بیرۆکەی کەمالیزم لە سەردەمی عیسمەت ئینۆنۆدا و پاش مردنی مستەفا کەماڵ سەری هەڵداوە. بێجگە لەوەش، هەر ئەو سمکۆیەی کە بە وتەی نووسەرە لە مێژوو بێ خەبەرەکەمان دۆستی عۆسمانیەکان و کەمالیستەکان بووە، مەمەدئاغای برای، برازایەکی و جەواهر خانمی خێزانی لە شەری لە دژی عوسمانیەکان دا لە دەست داوە.

٤) چیرۆکی قیزەونی تاڵانی مهاباد، چیرۆکێکی دروستکراوی ئەو کەس و لایەنانەیە کە دەیانەوێ هەڵەی گەورەی هێندێک بنەماڵەی ناسراوی مهاباد و بۆکان لە دژایەتی کردنی سمکۆ و سوپای کورددا و حەشاردانی سەربازەکانی سوپای ئێران بشارنەوە. ئەسەسەرد ڕەنگە لە ڕوانگەی خۆی و سەردەمی شەری ماڵوێرانکەری نێوخۆییەوە و بە پیی ئەو تاڵانانەی کە لە لایەنی دژبەر کردیان ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی کوردستان لێک بداتەوە و سمکۆ و سوپای کوردی ئەو سەردەمە بە تاڵانچی ناو ببا. لە کاتێک دا لە هەموو ئەو سەردەمەی دا کە ورمێ لە دەست سوپای سمکۆوە بوو، بەڕێوەبەریی شار بە دەست ئەنجومەنێکی پێکهاتوو لە جوولەکە، ئەرمەنی، ئاسووری، تورکی ئازەری و کوردەوە بوو. لە شار دارالمساکین دامەزرابوو کە یارمەتیی نەدار و دەستکورتەکانی دەکرد و لە هەموو سەردەمی دەسەڵاتداریی سمکۆ دا لە دژبەران و دژمنانی سوپای کورد بە دەر، دەستدریژی نەکرایە سەر کەس. لە مهاباد و هەرێمی موکریانیش هاوپەیمانانی سمکۆ، عەشیرەتەکانی مەنگوڕ، مامەش و زەرزا خاوەن دەسەڵات بوون و دەسەڵاتی شار درابوو بەعەشیرەتی مەنگور.

لە گەرمەی شەری دژ بە سوپای ئێراندا، والیی تەورێز موخبرالسڵتەنە هەشتسەد سەربازی بە فەرماندەیی مەلیکزادە و بە هاوکاریی هێندێک لە ئاغاکانی بۆکان و بنەماڵە ناودارەکانی مهاباد لە مهابادەوە بۆ شەڕ لە گەڵ سمکۆ بەرەو ورمێ بەڕێ کرد. ١٤ کەس لە ژاندارمەکانیش لە لای یەکێک لە بنەماڵە ناسراوەکانی مهاباد مانەوە. کاتێک سوارکارانی سمکۆ بۆ گرتنی ئەو ژاندارمانە بەرەو حەساری ئەو بنەماڵەیە دەچوون درانە بەر دەستدریژی و هەموویان کوژران. پاش ئەو ڕووداوە بوو کە سمکۆ سوپای ناردە سەر ئەو شوێنە، ژاندارمەکانی ئێرانیان یا کوشت و یا ڕاونا و دەستیان بە سەر ماڵ و موڵک و دارایی چەند بنەماڵەدا گرت.
لە کۆتایی دا زۆر لە سلێمانی دوور ناکەوینەوە و بە کاکە فەرید دەڵێێن بڕۆ لە ئارشیوی گۆڕان کۆکراوەی ڕۆژنامەکانی سەردەمی حوکمی شێخ مەحموود کە کاک ڕەفیق ساڵح ئامادەی کردوە بۆ دوو سەعاتان بە قەرز وەربگرێ، لاپەڕەی ٥ی بانگ کوردستان ساڵی ١ ژمارە ٦ کە رۆژی ٢ی ئاگۆستی سالی ١٩٢٢ لە سلێمانی دەرچووەچاو لێ بکا و بە کەسێک بڵێی کە بۆی بخوێنێتەوە. ئەو زاتە پاکانەت کە ئەو کات کوردایەتیان دەکرد، سمکۆی شکاک بە “سەرداری نوسرەت” ناو دەبەن و باسی شەرێکی گەورە لە نێوان هێزەکانی سمکۆ و سوپای ڕەزاشا لە ناوچەی بانەدا دەکەن و پاش وتارێک سەبارەت بەو شەڕە، لەم شێعرەدا باسی دەوری سمکۆ لە بزووتنەوەی کوردایەتیدا دەکەن:
بەشارەت بێ دەڵێن سمکۆ هجوومی کردە سەر ئێران
بڵاوەی کرد عەجەم تێکچوون وەکوو ڕێوی لە بەر شێران
شەبیخوونێکی مەردانە شکاک و هەرکیان کردی
بڵیندی کرد بحمداللە کڵاو و تەپڵەی کوردان
دەسا کوردان فیداتان بم هەموو هەڵسن بە یەکجارە
نەتیجەی ئەم شەڕە خێرە کە ئستیقلالە بۆ کوردان

کۆمه‌ڵگای ئاشتی و گه‌شه‌پێدانی کوردستان
استکهلم – سوئد 2013-10-31

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی