"an independent online kurdish website

لە درێژایی مێژوودا، مرۆڤەکان لەهەرکوێی ئەم سەرگۆی زەوییە ژیابن، بارودۆخی ژیانیان هەرچۆنێک بووبێ، خاوەنی هەر داب و نەریت و زمان وکولتوور و ئایینێک بووبن،mejid_palani_001

پێویستیان بەیەکتر بووە. لە نێو هەموو گیانلەبەرانی دونیادا، تەنیا مرۆڤەکانن، زۆرتر پێویستییان بەژیانی بەکۆمەل و پێکەوە ژیان هەیە. تەنیا مرۆڤەکانن دەبێ پلان و بەرنامەی گونجا و لەبار بۆ داهاتووی ژیانیان دابنێن. تەنیا مرۆڤەکانن چاو بە ڕابردووی ژیانی بەرەکانی پێش خۆیان دەخشێننەوە و ئەزموون لە سەرکەوتن و داکەوتنەکانی ڕابردووان وەردەگرن ودەیکەنە هەوێنی ژیانێکی باشتر و بەختەوەرانە بۆ داهاتووی ژیانیان.

شایانی باسە، لە تەواوی جیهاندا مرڤەکان لەهەر وڵات و شوێن و ناوچە و دەڤەرێکدا دەژین، شەوێنکەوتە و پێڕەوی ئەم یان ئەو کولتوور و ئایینن. تاک و کۆکانی ئەو کۆمەڵانە، بیروباوەڕەکانی خۆیانیان لا پیرۆزە و ڕێزی لێدەگرن. هەروەها هەوڵی بێدرێغ دەدەن لە لاواز بوون و فەوتان بیپارێزن. زۆرجار پێکهاتەکانی ناوچەکان  تووشی ململانێ و ناکۆکی  لەسەر پەلاماردران و هێرشکران بۆسەر بیروباوەڕەکانی یەکتر بوونەتەوە. بۆیە هێندێکجار ناچار بوون بۆ پاراستنی باوەڕەکانیان ، نرخی ماڵی و گیانیشیان لەپێناودا ببەخشن.

وڵاتی ئێمەش – کوردستان – لەو ڕاستییە بەدەر نییە و خاوەنی چەندین پێکهاتەی ئایینی، کۆمەڵایەتی، زاراوەیی و … هتد. لای ئێمەش زۆرجار پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری، تووشی ناکۆکی نێوخۆیی لەگەل یەکتر بوونەتەوە. خەڵکەکەمان بەهۆی لەدواکەوتووی ڕاگیرانی، نەیزانیوە چۆن و بە چە شێوەیەک خۆی لەو نەهامەتییە ڕزگار بکا. بەهۆی بیری کۆنەپەرەستی دواکەوتووانەی، هێندێکجار بەشێک لەڕۆڵەکانی گەلەکەیان بە چەپەڵ و سڵپۆت زانیوە. هۆزی خۆیان لە هۆزێکیتر، بیروباوەڕی ئایینی یان ڕێبازی ئایینی خۆی لە هی لایەنێکیتر، پێ باشتر بووە.  ئەم بیری لاوازی زیان گەێنە، کە لە مێشکی بەشێکی زۆر لە ڕۆڵەکانی گەلەکەماندا هێلانەی بەستبوو، دوژمنانی داگیرکەری خاک و نیشتمانە دابەشکراوەکەشمان، زۆرجار دەیانتوانی لەو ئاوە لێڵە ماسی خۆیان بگرن. خەڵکەکەمان بەگژ یەکتردا بکەن. بەداخەوە زۆرجاریش توانیویانە، هەر لە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە، بەکرێگیراو درووست بکەن و بیانکەنە داردەستی خۆیان بەدژی برا و خوشکە کوردەکانی خۆیان.

ئەمە لە دۆخێکدایە، کە هەموو گەلی کورد لە هەر چوار- پێنج – بەشەکەی کوردستان خاوەنی یەک زمانن. بەڵام بە هۆی دەوڵەمەندی زمانەکەیانەوە، خاوەنی زاراوەی جۆراوجۆرن. هەروەها، گەلی کورد باوەڕی بە ئایین و ڕێبازی ئایینی جیاواز هەیە.

لێرەدا هەوڵ دەدەم لە چەند خاڵێکدا ئاماژە بە هێندێک شت بکەم، کە ئەگەر ڕۆڵەکانی گەلی کورد بە هەموو بیروباوەڕێکی ئایینی، ڕێبازەئایینییەکان، زاراوەی جۆراوجۆر و … تاد، پێڕەوی لێبکەن، دەتوانین کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و بێ کێشە پێک بێنین و پێکەوە لەسەر خاکی باب و باپیرانمان بە تەبایی بژین. هەرچەند ئەو خاڵانەی کە باسی دەکەم هەموو شتێک نین لەو پێوەندییەدا، بەڵکوو دەتوانێ کلیلێک بێ بۆ کردنەوەی دەرگای چوونەژوورەوە و شوێندۆزیکردن و دۆزینەوەی گرێ کوێرەکانی سەر ڕێگەی ژیانمان. ئەم خاڵانە دەتوانن مشتێک بن لە خەرمانێک.

هیوادارم کاریان لەسەر بکرێ و بەکردەوە ئەنجام بدرێن. پێشنهادەکان بریتین لەمانەی خوارەوە.

ـ پێویستە پێش لەهەموو شتێک، دانیشتوانی هەموو ناوچە و هەرێم و دەڤەرەکانی کوردستان، کە خاوەنی یەک زمان و یەک نیشتمانن، سەرەڕای جیاوازی بیر و بۆچوونی ئایینی یان ڕێبازی ئایینی، جیاوازی زاراوە، کولتوور و … هتد، بەهەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ، گرنگی بە پاراستنی خاک و نیشتمانەکەیان، کوردستان بدەن و چاوی تەماح نەبڕنە خاکی هیچ گەل و نەتەوەیەکی دیکە. هیچ شتێک نەبێتە هۆی لەیەک دابڕانیان. سەرەڕای هەموو جیاوازییە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی و ڕیبازە ئاینییەکانیان، ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ستەم لێکراوە لەبەرامبەری داگیرکەرانی خاک و نیشتمانی کوردستاندا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن.

ـ پێویستە گشت چین وتوێژەکانی گەلی کورد، بەچاوی ڕێزەوە بڕواننە خاوەنانی هەموو بیرو باوەڕە جیاوازەکانی دیکە. پارێزگاری لە ڕا و بۆچوونەکانی خۆیان بکەن و سووکایەتیش بە بیروباوەڕی هیچ کەسیتر نەکەن.

ـ هەموو تاک و کۆیەکی کۆمەڵی کوردەواری، پێویستە ڕێزی بەرامبەر، مافی بەرامبەر و  بیروباوەڕی بەرامبەرەکەی لا پیرۆز بێ و گەورەیی هیچکام لەوانەی خۆی نەدا بەسەر بەرامبەرەکەیدا. وەک دەڵێن “ئەوەی بۆخۆت پێت خۆشە، بۆ بەرامبەرەکەشت پێت خۆش بێ. هەروەها، پێچەوانەکەشی، بە پێچەوانەوە” واتا، چۆن ئەگەر سووکایەتی بە بیر وبۆچوونت بکەن پێت ناخۆشە، بزانە بەرامبەرەکەشت وایە. هەموو کەسێک بیروباوەڕەکەی لای خۆی پیرۆزە.

ـ هەموو کەسێک لە هەڵبژاردنی هەر بیروباوەڕێکی ئایینی یان ڕێبازی ئایینی، یان ڕەدکردنەوە و مل نەدان بە هیچ بیروباوەڕێکی ئایینی و ڕێبازی ئایینی، دەبێ سەربەست بێ و لە هیچ لایەنێکەوە نابێ بخرێتە ژێر تەوژم وگوشارەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردەکەی خۆی پاشگەزی بکەنەوە، یان شتێکی دیکەی بەسەردا بسەپێنن.

ـ نابێ کەم وزۆری پێڕەوانی هیچ ئایین و ڕێبازێکی ئایینی و هەروەها لەمێژینەیی و نوێی هیچکام لەوانە بکرێتە پێوانە بۆ ڕاستی و ناڕاستی، یان چاکی و خراپی هیچکام لەوانەی کە باسکران.

ـ دەبێ هەموو کەسێک لە ڕادەربڕیندا ئازاد و سەربەست بێ. نابێ هیچ کەس و لایەنێک پێشیان پێ بگرن و دەنگیان کپ بکەنەوە.

ـ ئازادییە مرۆییەکان تا کاتێک ئازاد و ڕەوان، مافی کەسانی دیکە پێشێل نەکا. دەنا دەبێ لەلایەن تاک و کۆمەڵ و یاساوە پێشی پێ بگیرێ.

ـ دانیشتوانی هەموو کوردستان – بەوانەشەوە، کە کورد نین و لە کوردستان دەژین ـ بۆ زۆرتر لەیەکتر تێگەشتن و دۆزینەوەی گرفت و کێشەکانی نێوان هەموو تاک و کۆمەڵ و پێکهاتەکان، دەبێ ڕێگەی بیروڕا گۆڕینەوە و دیالۆگ بگرنە پێش. چاو لە ئاستی شتە بچووکەکان بنوقێنن و بەرنامەی گونجا و لەبار بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکان بدۆزنەوە. بەچاوی وردبینی و ڕێزگرتنی ڕای بەرامبەر و بەدڵەوە گوێ گرتن بۆ یەکتر، کێشەکانیان چارەسەر بکەن. بۆ ئەوەی زووتر بە ئاکامی دڵخواز وچارەسەری سوود گەێن بگەن، دەبی بەچاوی لێبووردنەوە بڕواننە یەکتر و بیری تۆڵە سەندنەوە لە مێشکیان دەر بکەن.

ـ زۆر پێویستە بەچاوی ڕخنەگرانەوە بڕواننە چۆنییەتی ژیانی بەرەکانی پێشوو و لەهەڵە و کەم وکۆڕییەکانی ئەوان شت فێر بن و بیکەنە هەوێنی پێکەوە ژیانێکی پێشکەوتووانە و بەختەوەرانە بۆخۆیان و کۆمەڵگەکەیان.

ـ کوردانی هەموو بەشەکانی کورستان، دەبێ کوردی هەموو بەشەکان بە برا و خوشکی خۆی بزانێ. لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانیاندا خۆی بە بەشدار بە ئەژمار بێنی و بەهانایانەوە بڕوا.  و خۆیشی بە خاوەنی هەموو خاکی کوردستان. واتا، لە بست بە بستی خاکی کوردستاندا خۆی بە بەشدار بزانێ و هەر بەو پێیەش بۆ پارێزگاری لێکردنی بە ئەرکی سەرشانی خۆی بزانێ.

ـ ئەرکی سەرشانی هەموو کوردێکە بۆ ڕێکخستن و لەیەک نزیکردنەوەی هەموو ڕۆڵەکانی کورد، بە هەر جۆرێک بۆی دەکرێ، هەوڵی بێدرێغ بدا.

ـ ئەرکی گشت دایک و بابە کوردەکانە، کە زمان و خاک و نیشتمانی خۆیان لای منداڵەکانیان شیرێن بکەن. خۆیان لە هیچ نەتەوەیەکی دیکە پێ کەمتر نەبێ و ڕێز لە ڕۆڵەی هەموو گەل و نەتەوەکانی دیکە بگرن.

ـ با ئێمەی کورد بە خۆماندا بێینەوە و هەرچۆنێک خاوەنی یەک نیشتمان و یەک زمانین، تا لە ژیانداین بەدەم هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکترەوە دەچین، لەبەرامبەر دوژمنەکانماندا یەک دەست و یەک دەنگین، با گۆڕستانەکانیشمان یەک بن. مردووەکانمان لەیەک جیا نەکەینەوە. مەگەر لەسەر بڕوای بڕواداران، ئەگەر لەدوای مردن زیندوو ببینەوە و تووشی نامەی کردەوەی خۆمان بکرێینەوە، هەرکەسە و بەپێی کردەوەی خۆی لە دونیادا تووشی پاداش یان سزا نابێتەوە؟ – بەڵێ – مەگەر کورد وتەنی – بزن بە قاچی خۆی و مێ بە قاچی خۆی بەداریا ناکەن؟ مەگەر لەزۆر جێگەی “قورئان”دا، ناڵێ ” هیچ کەس تاوانی کەسێکیتر بە ئەستۆ ناگرێ”؟ مەگەر هەموو کەسێک لە بەرامبەر ئاکار و کرداری خۆیدا چە لەم دونیا و چە لەو دونیاش بەرپرسیار نییە؟ – بەڵێ – ئیتر چی بێ  مردووەکانی ئێمەی کورد لەیەک جیا دەکاتەوە؟! سەرەڕای هەموو بیرو بۆچوونە جیاوازە ئایینی و ڕێبازە ئایینییەکان  لە دونیادا، خۆ لەدوای مردن هیچ کەس خاوەنی هیچ بیرێک نییە. ئیتر بۆ زیندووەکانمان لە مردووەکانمان ناگەڕێن بە ئاسودەیی بۆخۆیان بنون؟ بۆ لەیەکیان جیا دەکەنەوە؟ ئەمەش خۆ تاوانی دوژمنەکانمان نییە. ئۆباڵی بە ئەستۆی خۆمانە. مەگەر ئێمە لەدونیادا بانگەشەی یەک بوونمان ناکەین، کۆنگرە و کۆبوونەوە و سیمیناری لەسەر ڕێک ناخەین؟ – بەڵێ – ئیتر بۆ دوای مردن گۆڕەکانمان لە یەک جیا بێ؟ هیوادارم بیرێ ژیرانەی لێ بکەینەوە. کورد وتەنی “ئێستەش نەچووە بچێ” ماسی هەرکاتێک لەئاو دەری بێنی، هێشتا هەر تەڕە.

ـ سەردان و بەشداریکردنی کۆمەڵانی گەلی کورد لە بۆنە وجەژن و ڕۆژە خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتر، دەتوانێ یەکێک لە باشترین ڕێگەی گرێدان و لەیەک نزیک کردنەوەی هەموو خەڵکەکەمان بێ، بە هەموو پێکهاتە ئایینی و ڕێبازە ئایینی و بە گشتی کۆمەڵایەتییەکان.

ـ ژن وژنخوازی کردن و پێوەندی خزمایەتی گشت پێکهاتە کۆماڵایەتییەکانمان لە یەکتری، کاریگەری باشی دەبێ بۆ کەمڕەنگ کردن و زاڵ نەبوونی هەستی ئایینی و ڕێبازە ئایینییەکان بەسەر هەستی نەتەوایەتیماندا، کە زۆر گرنگتر و پڕ بایەخترە. وەک دەزانین لە درێژایی مێژوودا دوژمنەکانمان کاریگەرترین چەکێک، کە بەکاریان بردبێ بۆ بەگژی یەکتردا کردنی خەڵکەکەمان، چەکی ژەنگاوی گەورەکردن و پەرەپێدانی هەستی ئایینی و ڕێبازە ئاینییەکان لە مێشکی بەشێکی زۆر لە گەلەکەماندا بووە. زۆر بەداخەوە، تێیشیدا سەرکەوتوو بوون. ئیتر دەبێ ئەو بۆچوونەیان بکەینە بڵقی سەر ئاو.

ـ با ئەو هەموو مافانەی مرۆڤ، کە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا هاتوون، ئێمەش کاریان پێ بکەین و بیانکەینە کولتوور لە نیو خۆماندا.

ـ سەرەڕای ئەوەی هەرکام لەئێمەی تاکی کورد خاوەنی بنەماڵە و هۆز و خزمی خۆمانین و خۆشیانمان دەوێ، بایەخی زۆر بە بنەماڵە گەورەکەمان کە کورد بوونمانە بدەین.

لەکۆتایی ڕووکردنی ئەم خاڵانەدا، هیوادارم  ئەم پێشنهادانە بکرێنە یاسا و پێڕەوپرۆگرام بۆ خۆمان و نەوەکانمان.

 

       تێبینی:

ئەم بابەتە بێدەسکاریکردن، لە کۆتایی پەرتووکی تازە لەژێر چاپ دەرچووم بەناوی “مرۆڤ، کولتوور و ئایین”دا، هاتووە، هیوادارم خوێنەرانی کورد زمانمان بیخوێننەوە و کەڵکی بەسوودی لێ وەرگرن.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

 کۆتایی

  

بابەتەکانی تری نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی