لە ماڵی خوشکم میوان بووم. لەپڕ زەنگی تەلەفۆنی کاک ئەسکەر کوردستانی وەهاوار کەوت. هەواڵیکی ناخۆشی پێ بوو. هەواڵێکی ناخۆش بۆ هەموو ئێمە تێکۆشەرانی حیزب و بزووتنەوە،
بەڵام لەهەمووان ناخۆشتر بۆ کاک ئەسکەری کوردستانی، کادر و ئۆپەراتۆری ڕادیۆدەنگی کوردستانی ئێران لە ساڵە سەخت و دژوارەکانی خەبات و بەربەرەکانیدا. هەواڵی کۆچی دوایی کاک موهەندیس خەیاتی. بەو خەبەرە بێدەنگی باڵی بەسەر میوانیەکەدا کێشا و چاوی هەمووی ئێمە پڕ بوو لە ئاو.
چوومەوە ناو هەنبانە بۆرینەی زەینم .گەڕام تا لێکسیکۆنی بیرم وێنەیەکم لە موهەندیس خەیاتی بداتێ.
موهەندیس دونیاو مەوقعیەتی دەووروبەری خۆی ناسی بوو، هاتبوو وەزعەکە بگۆڕێ. هێواش و لەسەرەخۆ بەڵام شێلگیرو لێبراوانە خەریکی گۆرینی دونیا بوو.بە قوڵی دەیڕاونیە ڕووداوەکان. هەستی بە بەرپرسایەتیەکی گەورەدەکرد. دەیزانی ڕادوێ دەنگی کوردستانی ئیران چ ڕۆڵێک لە خەباتی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێراندا دەگێرێ، هەربۆیە وەک پەروانە بەدوری ڕادێۆدا دەخوڵایەوە وسەرەنجام هەر لە ڕیبازی ئەو عشقەش دا سوتاو سەری نایەوە. کارو بەرپرسایەتیەکانی خۆی لە ڕادوێ و موخابەراتی شۆڕشدا خۆشدەویستن و بە هەموو وجودیەوە بۆ برنەپێشێ ئەو ئەرکانەی تێدەکۆشا، هەر بۆیە سەرمەشقێکی گەورەی بۆ ئەوانە بەجێ هێشت کە کارو ئەرکەکانی ئەو لەدوارٶژدا دەبەنەپێش.
موهەنیس خاباتگێرێک بوو کە دەیتوانی لە بەرانبەر هەمواندا ڕاوەستێ. لەسەر بردنەپێسی ئوسوڵ لەکارو خەباتدا لە هیچ کەسی قبووڵ نەدەکرد. ئەو بەوە ڕازی نەبوو وەرگیرێ و مەقبووڵبێت، سەرکەوتنی دیدگاکانی خۆی لە ئاسۆ دوورەکان دا دەدیت. لەبیرمە جارێک لەسەر نوسینی وتارێک لەسەر بەشەجیاجیاکانی حیزب وکارو بەرپرسایەتیەکانیان کە لە تێکۆشەردا بڵاوکرابووەوە چۆن هاتە سیاسی نیزامی و لە گەڵمان کەوتە باس و موناقەشە. ڕاستیشی دەکرد. من ئەودەم بایەخ و گرنگی سیستەمی موخابەراتی نێو بزووتنەوەوەم دەرک نەکربوو، هەربۆیەش لە وتارەکەدا حەقی خۆیم نەدابۆیە.
بڕوای زۆری بە تواناو لێوەشاوەیەکانی خۆی هەبوو. ناخۆشترین حاڵەتەکانیشی بە ئارامی تێپەردەکردن.
لەو حیزبەدا، لەو خەبات و بەربەرەکانیەدا، لەگەڵ زۆر تێکۆشەر و قارەمان و کەسایەتی ئاشنابوومە و شوێنەواریان لەسەرمن داناوە و مانایان بە ژیانم بەخشیوە. لە دیوەخانی زهنی خۆمدا وێنەی هەموو ئەو کەسانەم هەڵواسیوە کە کاریگەریان لەسەر ژیانم هەبووە. ئێستا دەبێ وینەی موهەنیس خەیاتیش بەسەرجەمی ئەو وێنانەوە زیادکەم و هەڵیواسم. ئەوکەسانەی نەک هەر بۆم فەرامۆش ناکرێن، بەڵکوو بەوە کە ڕۆژێک لە پەناو لە خزمەتیاندا بوومە، ژیانم
دەڵەمەند و پر نێوەرۆک بووە. ئاخر لە پشتی هەرکام لەو عەکسانەی ئەوان، داستان و رۆمانی ژیان و خەباتێ کەسانێک هەیە کە نەک تەنیا هەر ڕابردوومانیان درووست کردوە، بەڵکوو ئەوەتا چاومان لێ یە لە نەخشاندنی داهاتووشمان دا یارمەتیمان دەدەن.
ڕووحی مەهەندیس خەیاتی لەگەڵ دەستی هەموو ئەو هەزاران هەزار گوێگرەی ڕادوێ دەنگی کوردستانی ئێراندا کە ڕۆژانە چەندجار، لەسەرتاسەری ئەو کوردستانەدا، دوگمەکانی ڕادوێکانیان بادەدەن دەگەرێ و بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
پەیامی موهەندیس ، یانی پەیامی گۆرێنی وەزعی مەوجود لە ئێران و کوردستاندا، هەموو ڕۆژێ لە گەڵ شەپۆلەکانی دەنگی ڕادوێ کوردستانی ئێراندا بە ئاسمانی کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە و ئەوەش ڕووحی موهەندیس شاد دەکات.
ئەو هەر لە رۆژەکانی هەوەڵی دەستپێکردنی خەباتەوە هاتە نێو بزووتنەوە و بە خێرایی باوبرق بوو بە مۆرەیەکی کاریگەرو بنەرەتی لەو خەبات و بەربەرەکانیە سەخت و خوێناویەدا.
موهەندیس خەباتی کردە ژیانی خۆی، دەستی لە هەموو ژیان و سەروەت و سامان و ماڵ و منداڵ و پلەو مەزایاکانی دیکەی کار لە ڕیزەکانی ژاندارمەریدا هەڵگرت و بوو بە پێشمەرگە و ڕیزەکانی خەباتی هەڵبژارد، ئەو ڕازی نەبوو لە نەویاندا بفرێ و بە بڵنداندا لە شەقەی باڵانی دا، دیارە فرێنیش بە بڵنداندا هەمیشە بەڵاو مەترسی پێوەیە. بەڵام ئەگەر ئەو مەترسیانەی قبووڵ نەکردبان ، ئێستا موهەندیس نەدەبوو بەو موهەندیسەی کە ئەوەتا ئەمڕۆ شەرمەشقێکی لەخۆی بە جێهێشتوە.
قەناعەتێک کە لە وجودیدا هەبوو، ئەوی لە بەرانبەر هەر وەس وەسەیەکدا دەپاراست. سەری بە کاری ڕۆژانەی ڕادوێ و شەڕ دەگەڵ دەزگای پارازێتی قەوی دەوڵەتەوە مەشغوڵ بوو، بەڵام چاوی لە سەرتاسەری مەنزەرەکە واتە وێنەکە بوو. لە جێگاو مەوقعیەتی خۆیەوە، هەموو شۆڕش و خەباتی دەدیت. خۆشی لەنێو ئەوخەباتەدا دەدیت. نەک وەک هەندێک کەسی وەک ئێمە بە پێچەوانەوە کە خەبات و شۆڕش لە خۆماندا دەبینین.
کاتێک تەختەی دەکرد و دەیدۆڕاند، زۆر تووڕە دەبوو. کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی دەیگووت ئەوە یەکێک لە نیشانەکانی جدی بوونی موهەندیسە. ئاخر خۆ موهەندیس یارئەڵماسی نیە، بێ دەماربێت و چ بیباتەوە و چ بدۆرینێ بۆی فەرق نەکات. شور و شەوقی کار و هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی کەیفیەتی دەنگی رادیۆ کوردستان، لەودا جێی هەر شوور و شەوقێکی دیکەی گرتبوو. لەو کەسانە بوو کە مرۆڤ پێیخۆش بوو لەگەڵی دانیشێ و گوێی بۆ ڕابگری. کۆنە کتێب بوو. جارجار کە دادەنیشتین و پێکەوە قسەمان دەکرد، بۆم دەردەکەوت کە ئەو چۆن دەیڕوانیە ڕیسالەتی خۆی. ئەو ماتۆری رادیۆ دەنگی کوردستانی وەک ماتۆڕی پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ لە ئێران و کوردستاندا لە قەڵەم دەدا.
بەڵی ئەویش بۆخۆی لە جێێ خۆیدا قوللەیەک بوو. ئێستا لەو دەشتە کاکی بەکاکیەدا چۆن دەتوانین جێگای ئەو هەموو قووللانە پر کەینەوە کە هەرکامیان بە جۆرێک مانایان بەو خەباتە بەخشیوە. دەبێ هوونەر بکەین. بەڵام ئەزموونی من ئەوە دەڵێ کە کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران قەت وشک نابێت. حیزبی دێموکرات وەک گەردوونی لایەتەناهی وایە، ئەگەر لە جێیەک ئەستێرەیەکیشی بکوژیتەوە، لە جێیەکی دیکە ئەستێرەیەکی دیکە درووست دەکات.
موهەندیس بەو سادەیی و دڵفروانیەی کە نشانی دەدا، قەدری بڵندیی خۆی دەگرت. بەو حاڵەش جار جار دەبوو بە بوڕکانی عاتیفە و سۆز. بەتایبەتی کە هەستی بە بێ لوتفی دەکرد. دیارە هەمیشە ڕێبەرایەتی حیزب رێزوحورمەتی تایبەتی بۆ کاک موهەندیس هەبوو، کەچی جارجار دڵی گەورە بەڵام ناسکی موهەندیس پڕ دەبوو و لە لای کوڕەکانی رادوێ هەڵی دەڕشت. بەڵام قەت لەخەبات نائومێد نەدەبوو. جار جاربانگی دەکردم چای پێکەوە بخوینەوە . جار جار پیکێک ویسکیش. هەر بەو ئەندازە کە پێی خۆش بوو ویسکی وەک دیاری وەرگرێ، هەر بەو ئەندازەش پێی خۆش بوو ویسکی بکاتە دیاری. مەجلیس خۆش و سەری حاڵ بوو، قاوەی خۆش دەویست. ئەگەر زۆری لا ئازیز بای بۆ خۆی بۆی درووست دەکردی.
لە قەندیل شوێنی ژیانی کاک موهەندیس و برای گەرە و تێکۆشەرم کاک عەبدوڵای عیزەت پوور لە نزیک ساڵۆنی کۆبوونەوەکانی کۆمیتە مەرکەزی بوو و پێکەوە جیران بوون. لە فاسیلەی جەلەسەکانی کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندیدا کە پشوومان دەبوو کاک موهەندیس دەهاتە سەرەوە و هەم ئەندامانی رێبەری و بەرپرسانی کۆمیتەکان و فەرماندە هێزەکانی دەدیتن و هەم شۆخیشی لە گەڵ کاک دوکتۆر قاسملوو دەکرد. کاک دوکتۆر بۆ ئەوەی کاک موهەندیس و کاک عەبووڵا بە شەڕ بدا، دەیگووت کاک موهەندیس کۆمیتەی ناوەندی رازیە موزاکەرە بکەین و بڕۆینەوە و لەو شاخ و داخە ڕزگارمان بێت، بەڵام کاک عەبدوڵا عیزەت پووری جیرانت و هەندێکی دیکە لە برادەرەکانی بەوە رازی نین و هەموو جارێ کۆسپمان بۆ درووست دەکەن و نایەڵن ئەو کارە سەر بگرێ. بەو قسەیە کاک موهەندیسی بە گژ کاک عەبدوڵا دا دەکرد.
ناتوانین باس لە موهەندیس خەیاتی بکەین و باس لە سەهمی وی لە وەڕێ خستن و پێشخستنی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دا نەکەین. ئایا موهەندیس خەیاتی جێی پڕ دەبێتەوە؟ ئارەزووی هەموو ئێمە ئەوەیە کە وابێت.
سەرەخۆشی کۆچی دوایی موهەندیس خەیاتی لە دەفتەری سیاسی حیزب و هەموو تێکۆشەرانی حیزبەکەمان و بنەماڵەی سەربەرزی کاک موهەندیس و بەتایبەتی کاک ئەمیری خەیاتی و خوشکە ئیلهامی چایچی دەکەم و شەریکی خەمیانم.
ئیبڕاهیم لاجانی
٢٢.١١.٢٠١٣