گیرۆده‌یی:
گیرۆده‌یی نه‌خۆشییه‌کی باوه له دنیای ئه‌مڕۆکه‌ی ئێمه‌دا. گیرۆده‌یی وه‌ک گرفتێکی ئاڵۆز
له ڕوانگه‌ی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی، سایکۆلۆژی، پزیشکی، ده‌رمانی و کریمینێلۆژی شیده‌کرێته‌وه. گیرۆده‌یی وه‌ک نه‌خۆشییه‌کی درێژخایان به‌ڵام چاره‌سه‌روه‌رگر چاوی لێده‌کرێ.
ئینسان ده‌توانێی به خواردن و خواردنه‌وه‌ی ماده‌یه‌ک یان ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌یه‌ک وه‌ها خوو بگرێ و ئالوده‌ی ده‌بێ که له‌م سوێنگه‌یه‌دا تووشی گرفتێکی به‌رفراوانی ده‌روونی و بیرونی ببیته‌وه. ئینسان ده‌توانێ گیرۆده ئه‌م ماده یان کرده‌وانه بێ بۆ وێنه؛
خواردن خۆراک و شه‌کر و خواردنه‌وه‌ی چا، قاوه، ئاڵکهۆڵ، تووتن، سیگار، ماده‌ی هۆشبه‌ر، حه‌ب، قومار، پێوه‌ندی، سێکس، ته‌لویزیون، کامپیوتێر، کار کرین، مالڕازانه‌وه، توندوتیژیی و هتد
ئه‌و که‌سه‌ی گیرۆده‌یه و یان به‌دبه‌کارهێنه‌ره له‌م سوێنگه‌یه‌دا تووشی گرفتی جه‌سته‌یی، ڕووحی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌خلاقی و سڵامه‌تی ده‌بێ. ئه‌م نه‌خۆشییه پرۆسه‌ییه‌کی چه‌ند قۆناخی هه‌یه که له پیوه‌ندی په‌یداکردن، به تاقیکردنه‌وه، به‌رده‌وام به‌کارهێنان، زۆر به‌کارهێنان، به‌دبه‌کارهێنان ڕا ده‌ستپێده‌کا تاکوو ده‌گا به گرفتی گیرۆده‌یی. گیرۆده دوو ڕێگای له‌به‌ره، ته‌سلیم بوون واتا مردن یان خۆکووشتن و یان وه‌رچه‌ران و خۆی ڕزگارکردن.
Ann- Gerd Melin و Christina Näsholm له کتێبی ” Behandlingsplanering vid missbruk” دا باسی که جیاوازێکی زۆر له نێوان گیرۆداندا ده‌که‌ن و به “پروفیلی گیرۆده” ناوی ده‌به‌ن. مۆدێلێکه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی گرفتی به‌دبه‌کارهێنان و گیرۆده‌یی لای تاکه‌که‌س فاکته‌ره‌کانی پزیشکی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، جنسییه‌تی، تێگه‌یشتن و به‌ره‌نگاری، ئاره‌زومه‌ندی، ئاماده‌گی بۆ گۆڕانکاری و چاره‌سه‌رییه‌کانی پێشوو، ده‌خاته به‌رچاو.
پێشتر ڕاده‌ی تولیرانس و ئه‌بیستینێنس مه‌رجی گیرۆده‌بوون بوو، به‌ڵام ئێستاکه بوونی گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌خلاقی و ته‌ندرووستی جه‌سته‌یی و ده‌روونیشی به مه‌رجه‌کانی گیرۆده‌بوون داده‌ندرێ.
کاتێک تاک پێوندی له‌ته‌ک که‌ره‌سه یان ڕووداوێک پێدا ده‌کا و، مه‌زاجی گۆڕانکارییه‌کی ته‌واوی به‌سه‌ر دادێ و نه‌شئه‌ی ده‌بێ و، هه‌ست به‌م خۆشی و ئارامیشه ده‌کا که هه‌میشه به ئاواتییه‌وه بووه، دیسان بۆ لای ده‌چێته‌وه. هه‌رچه‌ند ئه‌و چێژه‌ی که یه‌که‌م جار چێشتوویه‌تی، قه‌ت هه‌ستی پێناکاته‌وه، به‌ڵام دیسان و دیسان بۆ لای ده‌چێته‌وه و که‌یفی پێده‌کا. حه‌ز و ویستی ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام هه‌ست به‌م که‌یفه بکا و تێدا به‌رده‌وام بێ، زیاده‌ڕۆیی ده‌کا و ده‌که‌وێته قۆناخی به‌دبه‌کارهێنان. به‌رده‌وامبوون له به‌دبکارهێناندا تووشی گیرۆده‌یی ده‌کا. هێندێک ڕه‌فتای نوێ تێدا سه‌ر هه‌ڵده‌دا؛ درۆکردن، دووره‌په‌رێزی، به ناحه‌ق تاوانبارکردنی که‌سانی ده‌ورووبه‌ری به کرده‌وه یان گووته‌یه‌ک، بیر‌و لێکدانه‌وه‌ی تازه سه‌باره‌ت به مانای ژیان و ڕۆژگار، داکۆکی بێ ئه‌ملاوئه‌ولا له به‌د به‌کارهێنانه‌که‌ی خۆی ده‌کا، هاندانی که‌سانی دیکه بۆ ئه‌م کاره،… مانه‌وه له به‌دبکارهێناندا گیرۆده‌یی به‌دواوه‌یه. ورده‌ورده خولقوخووی گیرۆده‌یی وه‌ک ترس، شه‌رمه‌زاری، ته‌نیایی، زیزیی و توره‌یی و، بیری خۆکووشتن لای ده‌خوولقێی، ترس و نیگه‌رانی لای خۆی و بنه‌ماڵه‌وه و که‌س و کاری سازده‌کا.
چ که‌سێک گیرۆده‌ده‌بێ؟
D.J Lettieri (1985) مودێلێکی شیکردنه‌وه‌ی گشتی هه‌یه که بۆ ئینسان ماده‌ی هۆشبه‌ر بکار ده‌هێنێ. لێتیێری ئاماژه به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ده‌کا:
– که‌سایه‌تی تاک
– پێوه‌ندی تاک له‌ته‌ک ئه‌وانی دیکه
– پێوه‌ندی تاک له‌ته‌ک کۆمه‌ڵگا
و ده‌ڵێی ئینسان به‌رده‌وام له ژێر کاریگه‌ری فاکته‌ره‌کانی ده‌ره‌کی و ناوه‌کیدا‌یه و، له‌م هاوگه‌مه‌ییه‌که به‌ده‌وام له نێوان پرۆسه‌ی فیزیوڵۆگی، بیرلێکردنه‌وه و پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێده‌په‌ڕێ.
هه‌روه‌ها شیکردنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ش ده‌ڵێی؛ ئینسان خۆی (که‌سایه‌تی، باری ده‌روونی، ژنێتێکی، فیزیکی)، که‌ره‌سه ( له به‌ر ده‌ستبوونی، کارتێکه‌ری)، و ژینگه (هۆی بنه‌ماڵه‌یی و کوڵتوری) ده‌توانن ببن به هۆی ودیهێنانی گیرۆده‌یی لای ئێمه. واتا ده‌کرێ بڵێن هاوکات که هه‌ر ئینسانێک خۆی له باری سایکۆلۆژی بایلۆژییه‌وه نایابه و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا فاکته‌ره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوری کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر نیشان ده‌دا. به گشتی ئه‌م فاکته‌رانه ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می به‌دبه‌کارهێنان، گیرۆده‌یی و هه‌روه‌ها له سه‌رده‌می پاکبوونه‌وه‌شدا نه‌خشێکی گرینگ‌یان هه‌یه. له کۆتاییدا ده‌کرێ بڵێن به هۆی ئه‌وه‌ێکه گیرۆده‌یی و به‌دبه‌کارهێنان دۆخێکی چه‌ند لایه‌نه‌ی ئاڵوزه، هه‌ر بۆیه تاکوو ئێستا نه‌کراوه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بدرێته‌وه چ که‌سێک ئالوده ده‌بێ یان نابێ.
ناته‌ندرووستی گیرۆده‌یی به‌دیاری بۆ ژنان هێنا
ژن له کۆمه‌ڵگا به سه‌نعه‌تیکراو دوو قات چه‌وسایه‌وه. ئه‌م کۆمه‌ڵگا نۆیه وێڕای ئه‌وه‌یکه ژنی زیاتر له پێشوو خسته نێو دنیا به‌رهه‌مهێنانی فه‌رمی- بێ ئه‌وه‌یکه نرخ به به‌رهه‌مه فه‌رمییه‌کانی بدا- توانی زیاتر له پێشوو بیخاته ناوه‌ندی ئه‌رکی ژیانی بنه‌ماڵه‌یی و له په‌راوێزی کۆمه‌ڵگا نۆیدا ڕایگرێ.
کۆمه‌ڵگای به سه‌نعه‌تیکراو و شارنشینی کۆتایی سه‌ده‌ی 18 و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 19، به هه‌ر دووک ئایدۆلۆژییه‌کانییه‌وه، ئایدۆلۆژی بورژوازی و ئایدۆلۆژی کومنیسستییه‌وه، زۆر زیره‌کانه به یارمه‌تی سیاسه‌تی “به ئه‌خلاق و به که‌ڵک بوون” توانی هه‌ست و بیر و کردار‌ی ژنان له جاران ته‌نگتر بکاته‌وه. ئه‌وه‌ش له کاتێکدا بوو که ته‌واوی دونیا هه‌وڵی بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌دا و ئازادی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌کان باوبوو و، تاک خۆی به “خۆوه‌دیهێنان”وه ماندووده‌کرد. ئه‌م دوو ئایدۆلۆژییه هه‌وڵیان ده‌دا به قازانجی خۆیان که‌ڵک له ژنان وه‌رگرن. ئه‌و پێناسه‌یه‌ی ئه‌م دوو ئایدۆلۆژییه سه‌باره‌ت به ژنیان هه‌بوو بناخه هه‌ر ده‌گه‌ڕایه‌وه سه‌ر هه‌مان چاوه‌ڕوانییه که سیسته‌می پیاوسالاری له ژنانی هه‌بوو. ئه‌وان ته‌نانه‌ت توانیان به قازانجی خۆیان دژایه‌تی له نێوان ژنانی چینی کرێکار و ژنانی چینی مامناوه‌ندی سازبکه‌ن. ئێنگێلس ژنانی بۆرژوازی به “ماکه‌ر”، ناو ده‌برد.
له‌م کۆمه‌ڵگا نۆیه‌دا ژنانی چینی سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا، زیاتر و زیاتر بسترانه‌وه به کابانێتی، مێرد و منداڵداری و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکه‌کانی نێو ماڵ و ده‌رگای دیاربوونیان له‌سه‌ر داخرا. ژنانی چێنی هه‌ژار و خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌رگای کارخانه و کارگه‌یان بۆ کرایه‌وه، هاوکات به‌ڕێوه‌بردنی ته‌واوی ئه‌رکه‌کانی جنسییه‌تیشیان هه‌ر له‌سه‌ر شانی مایه‌وه. هه‌ر دووک ئایدولۆژی ژنانی وه‌ک هێزێکی گرینگ و پێویست ته‌ماشاده‌کرد، بۆ ڕاگرتنی بوونی نه‌ته‌وه‌یی و ڕاگرتنی ئابووری نه‌ته‌وه‌یی. ژنان ده‌بوایه هه‌م ئه‌رکی به‌رهه‌مهێنانه‌وه به‌جێی بگه‌ێنن واتا “به‌که‌ڵک بن” به‌بێی ئه‌وه‌یکه ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌دا هه‌بێ و هه‌م ” به‌ئه‌خلاق”بن، ئاگاداری له ماڵ و منداڵ بکه‌ن و نه‌ریت و نه‌ته‌وه بپارێزن، به‌بێی ئه‌وه‌ێکه له ناوه‌ندی بڕیارداندابن.
ژنان له‌م کۆمه‌ڵگا نوێه و له‌م ساختاره تازه ئابوورییه‌دا هه‌رچه‌ند ئوڵگوویه‌کی تازه‌ی هه‌ڵسووکه‌وتیان دارشت، ده‌رنگتر مێردیان کرد و منداڵی که‌متریان بوو. ته‌نانه‌ت تاقمێک ڕه‌واڵه‌تی خۆیان گۆڕی قژیان کوورت کرده‌وه و جلوبه‌رگی پیاوانیان له‌به‌ر ده‌کرد و به جنسی سێهه‌م ناوزه‌ڕکران. خۆگونجاندنێکی پڕ زه‌حمه‌ت که‌وته‌ئاراوه، به گشتی ژنان له‌م کۆمه‌ڵگا نۆیه‌دا ئاسۆیه‌کی ڕوونیان به‌دی نه‌ده‌کرد، و زیاتر تووشی ناسازی سایکۆسومات ده‌بوون.
زانستی پزیشکی یه‌کگرتنه‌وه‌ی باری ده‌روونی و جه‌سته‌یی تاک به نیشانه باشبوونی باری ته‌ندرووستی تاک داده‌نێ. به پێی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌م زانسته کاتێک لای که‌سێک نائارامی و گرژی ده‌روونی ده‌گوێسترێته‌وه بۆ سه‌ر جه‌سته، ئه‌و کاته که‌سه‌که تووشی نه‌خۆشی سایکۆسۆمات ده‌بێ و، ئازاره‌کانی ڕوحی خۆی له جه‌سته‌یدا نیشانده‌دا.
گوشاری کۆمه‌ڵگای به‌ره‌وه سه‌نعه‌تیکردن به ژێربنایه‌کی به‌هێزی ژێنده‌ر ته‌نیا دوو ڕێگای چاره و ستراتێژی له به‌ر ده‌م ژنان دانا، ئه‌ویش خۆگونجاندن یان سه‌رهه‌ڵدان. نووسه‌ری ژن سه‌ری هه‌ڵدا که باسیان له‌هه‌ست و نه‌هامه‌تتیه‌کانی ژنان ده‌کرد، جوڵانه‌وه‌ی ژنان به ڕێگاوه‌بوو.
ئایدۆلۆژی بۆرژوازی کۆتایی سه‌ده‌ی 18به هه‌موو شێوه‌یه‌ک جه‌ختی خسته سه‌ر جیاوازی جنسییه‌تی ڕۆڵی ژن و هوشداریدا که له‌به‌ر چاونه‌گرتنی ئه‌م جیاوازییانه‌ی مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ڕیساکانی جێگرتووی کۆمه‌ڵگا.
ئه‌م سیسته‌می بۆ پاراستنی خۆی له مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی ژنان هه‌وڵیکی به‌ربڵاوی له هه‌موو باریکه‌وه وه‌گڕخست. توانی له ڕێگای ده‌سه‌ڵاتی حکوومدان به سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، کلتوری، زانستی چه‌واشه‌کراو و جیاوازی بایلۆژی به به‌شێکی زۆر له ئامانجه‌کانی بگا. بۆ یه‌که‌م جار له ساڵی 1870 دا بار و دۆخی ژن وه‌ک “پرسیار و گرفت” که‌وته مه‌یدانی سرنجراکێشان و شیکردنه‌وه. “ئازادی و ناته‌ندروستی” ژن بوو به بابه‌تی هه‌ره سه‌ره‌کی و گرینگی ئه‌م شیکردنه‌وه و، چوارچێوه‌ی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی پزیشکی به خۆیه‌وه‌گرت.
Karin Johannisson له کتێبی Den mörka kontinenten, kvinnan, medicinen och fin-de-siècle دا ده‌ڵێی؛ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ژن به دوو هۆیان بوو به که‌ره‌سه‌یه‌کی باش بۆ زانستی پزیشکی یه‌ک به هۆی تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازی سیسته‌می بایۆلۆژی نێوان ژن و پیاو وه‌ک؛ عاده‌تی مانگانه، دووگیانی و له عوزروه‌ستان. دووهه‌م به هۆی زاڵبوونی بیر و ستروکتوری پاتریارکاڵی به‌سه‌ر زانستی پزیشکیدا. سیسته‌می پیاوسالاری له‌م ڕێگایه‌وه زۆر باشتر ده‌ێتوانی کونتڕۆڵ و چاوه‌دێری جسم و ڕوحی ژن بکا.
یوهانیسۆن ده‌ڵێی؛ – زۆربوونی نه‌خۆشی “سایکۆسومات”، له نێو ژناندا بوو به هۆی هینانه ئارای هیندێک تیۆری بریارده‌ری کولتوری له‌سه‌ر پیناسه‌کردنی ژن، وه‌ک زه‌عیفه، بێ هێز، لاواز هتد. ئه‌م تیروانینه کلتورییه وایکرد که ژن بۆخۆشی خۆی له‌م تاریفانه‌دا ببینێته‌وه و به ڕوح و جه‌سته‌یه‌کی بێ هێز وه‌ڵامده‌ری ژیان بێ و، شێوه ڕه‌فتارێکی لاواز له خۆی نیشانبدا و، هه‌ستی لاوازیی تێدا بخولقێی. ها وکات که ده‌بوایه به باشترین شێوه ڕۆڵ و نه‌خشه‌کانی دیکه که کۆمه‌ڵگا چاوه‌ڕوانی لێده‌کرد واتا ماڵداری، مێردداری، دایکێکێتی، کرێکاری وه‌ک که‌سێکی به هێز به جێی بگه‌ینێ. ژن له هه‌مان ساتدا که زه‌عیفه و بێ توانایه، ده‌بوایه- ده‌بێ زۆر به‌هێز و به توانابێ.یوهانیسۆن ده‌ڵیی؛ سه‌ره‌گێژه‌ی نێوان ڕۆڵی بێ هێزی و به‌هێزی، نه‌توانین و توانین، خۆی له خۆیدا گرژی و ناکۆکی لای تاک سازده‌کا.
ژن نه‌یده‌توانی به هیچ شێوه‌یه‌ک له ڕاپه‌ڕینی ئه‌رکه‌کانیدا لاوازی له خۆی نیشانبدا، یان ناره‌زایه‌تییه‌ک له‌سه‌ر بارودۆخی ژیانی ده‌ڕببڕێ و ده‌نگ به‌رزبکاته‌وه. کۆمه‌ڵگا ژنی ناساز واتا نه‌خۆش و ژنی نه‌ساز واتا لاده‌ری په‌سه‌ند نه‌ده‌کرد. پزیشکیان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌کرد که ته‌نیا ناته‌ندرووستی ڕووحی ئیزن به ڕه‌فتاری لادان له ئه‌رکه‌کان و که‌له‌یی، قه‌ڵس و تووره‌ییده‌دا. به‌ڵام له ڕاستیدا هیچکام له‌م ژنانه، له ئه‌و ژیانه‌ی که کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ریانیدا سه‌پاندبوو ڕازی نه‌بوون، هه‌ر بۆیه‌ش چاوه‌ڕوانییه‌کانی کۆمه‌ڵگایان به جیی نه‌ده‌گایاند.
کارین یوهانیسۆن له شێکردنه‌وه‌که‌ی زانستی پزیشکیدا باس له‌وه ده‌کا که بۆ ژنان زیاتر له پیاوان نه‌خۆش ده‌که‌وتن ئه‌و ده‌ڵێی؛ ژن به هۆی زگکردنی یه‌ک به دوای یه‌کدا، ئیستراحه‌ت نه‌کردنی به پێی پێویست له کاتی زه‌یستانی و منداڵ به‌خێوکردن، زۆر ئاساییه که له به‌راورد له‌ته‌ک پیاودا زیاتر مه‌ترسی نه‌خۆشبوونی له‌سه‌ر بووه، به تایبه‌ت نه‌خۆشی ئازاره‌باریکه و نه‌خۆشییه‌کانی عفوونی دیکه. کارین یوهانیسۆن هه‌روه‌ها ئاماژه به‌مه ده‌کا که لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئیمۆنولۆژی مودێرن ده‌ریانخستووه که چۆن نائومێدی، هه‌ستی ده‌ستنه‌ڕۆیی و ده‌ستبه‌سه‌ری، نیگه‌رانی و دڵه‌له‌رزه و خه‌مۆکی به‌دوادا دێ، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌وه لاوازی هێزی به‌رگری له به‌رامبه‌ر نه‌خۆشییدا.
زانستی سڵامه‌تی گشتی، ڕه‌وتی پێوه‌ندی نێوان جه‌سته، ده‌ررون و کو‌لتوور له لای تاک وه‌ک بابه‌تێکی حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ر ناوده‌با و له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه، ئینسانێک که هه‌ست بکا ده‌رفه‌تی نییه تاکوو بتوانێ کاریگه‌ری له سه‌ر بارودۆخی ژیانی خۆی هه‌بێ، بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا تووشی ناسازی ده‌روونی ده‌بێ. سه‌رکه‌وتوونه‌بوون، هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری نه‌کردن، مانه‌وه‌ی حه‌سره‌تی ژیانێکی خۆش له دلدا ده‌بێته خولقاندنی بۆشایی و گرێمانی ده‌روونی و هه‌روه‌ها ده‌بێته کانگای سازکردنی پێوه‌ندییه‌کی نادرووست له نێوان که‌سه‌که‌ی خۆێدا و ده‌ورووبه‌ری.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا تاقمێک نه‌خۆشی وه‌ک، که‌مخوێنی، کزی ده‌مار، ماندوویی و ئازاری به‌رده‌وام له جه‌سته‌دا، فایبرومیێولژی، ئانارۆکسی و هیستێری له نێو ژناندا سه‌ریان هه‌ڵدا.
یوهانیسۆن ده‌ڵێی؛ “هیستێرا”، وشه‌یه‌کی یونانیه ” و به مانای “ره‌حه‌م”ه، و هیچ دیاگنووسێک نییه که هیستێری تایبه‌ت به ژنان کردبێ. ئه‌و ده‌ڵێی؛ هیستێری ته‌نیا نه‌خۆشی نه‌بوو به‌ڵکوو شێوه ڕه‌فتارێکی تایبه‌ت بوو که له ڕاستیدا ژن ده‌یویست به‌م ڕه‌فتاره گرژه و “ناژنانه‌ی” خۆی (چوونکو ژن ده‌بی بێده‌نگ و نه‌رم و نیاین و ئه‌هوه‌ن بێ)، ناره‌زایه‌تی له به‌رامبه‌ر دۆخی به‌سه‌ردا سه‌پاوی ژیانی ده‌رده‌بڕێ. واتا هیستێری بۆ ژن هێل تێپه‌ڕاندن و لادان له ڕه‌فتاره‌ی چاوه‌ڕوان لێکراو بوو. یوهانیسۆن له لێکدانه‌وکه‌یدا ده‌ڵێی؛ ئه‌م خۆ له نه‌خۆشیدانه ده‌توانێ هه‌ڵبژاردنیکی چالاکانه بێ، چوونکو ژن بۆ ده‌ربرینی هه‌ستی خۆی ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ربازبوون له ده‌ست ژیانی هاوسه‌ری، دووگیانبون و به‌رپرسیارێتی پێویستی به تاکتیکێک هه‌بووه.
ستراتێژی یاخیبوون یان خۆگونجاندن
وتاری به ناوبانگی Victoria Benedictsson، که ده‌ڵێی؛ “هه‌مووشتێک بۆ ژن شه‌رمه‌زاییه، چوونکو ئه‌و خۆی له خۆێدا هیچ نییه، ئه‌و ته‌نیا به‌شێکه له زایه‌نده‌ی خۆی.”، باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌کا که چۆن ژنان ناچارده‌کران ستراتێژی خۆ گونجاندن هه‌ڵبژێرن. ژیانی پر له بکه و مه‌که‌ی ماڵی باب و هه‌ناسه‌ساردی و چاوله‌ده‌ستی ماڵی مێرد وه‌های له زۆربه‌ی زۆری ژنان کرد، که خۆ ڕزگارکردنیان لێیان ببێ به ئووتۆپی و خه‌ون وخه‌یاڵ.
ژنانێکی زۆر که ده‌یانویست خۆ ڕزگاربکه‌ن زیاتر تووشی تووندوتیژی بوونه‌وه، کۆت و زنجیریان لێی تووندتر کرا و تووشی خه‌مۆکی هاتن. له‌م هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌دا تاقمێک سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناسازییه‌ک توانیان خۆیان جسمه‌ن و ڕوحه‌ن ڕزگار بکه‌ن و تاقمێک نه‌یان توانی. *که‌سێکی وه‌ک “فلورانس نایتینگل”، سه‌رکه‌وت به‌ڵام که‌سێکی وه‌ک “ویرجینیا وولڤ”، به خۆکوشتن کۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.
ژنانێکی زۆر به نوسخه‌ی پزیشکان، مورفین و ئوپیومیان پیێدرا و، زۆر له ژنان خۆیان په‌نابرد بۆ ماده‌ی ته‌سکینده‌ر. به تایبه‌ت له نێو ژنانی ئه‌شرافدا به‌کارهێنانی تریاک و ئاڵکۆل ڕوخسارێکی ئاسایی به خۆوه‌گرت.
در‌ێژه‌ی هه‌یه
مه‌رزه جه‌وانمه‌رد
2013-12-17
1. Den mörka kontinenten, kvinnan, medicinen och fin-de-siècle, Karin Johannisson, 2004. Norssteds
*ژنانی به ناوبانگانی وه‌ک Emily Dickinson, Victoria Benedictsson, Virginia Woolf و که‌متر به ناوبانگ وه‌ک Thekla Knös, Elsa Eschelsson, Greta Beckius و هی دیکه‌ش که ستراتیژی یاخیبوونیان هه‌ڵبژارد و، ویستیان هه‌نگاو بنێنه له‌وبه‌ری سنوور تووشی ناسازی ده‌روونی یان خۆکوشتن هاتن.
2. Elisabeth Browning, Florence Nightingale, Edith Wharton نموونه‌ی ئه‌و ژنانه‌ن که سه‌رکه‌وتوویانه ڕێگای ڕزگاریان بڕی و توانیان هه‌م خۆیان له په‌ت و زنجیری کۆمه‌ڵگا و هه‌م له نه‌خۆشی و خه‌مۆکیش رزگاربکه‌ن.
3. Emmeline Pankhurst (Suffragett) ڕێبه‌ری جوڵانه‌وه سوفراگێت – مافی ده‌نگدان بۆ ژن – ستراتێژی یاخیبوونی گرته‌به‌ر تاکوو خۆگونجاندنیان.