له وانه‌کانی مێژوو.
مێژوو و شه‌ڕ
– شه‌ڕ یه‌کێک له توخمه‌کانی پێکهاتووی مێژووه، و شارستانی دیمۆکراسی هیچی لێ که‌م نه‌کردووه‌ته‌وه.
له ٣٤٢١ ساڵی مێژووی تۆمار کراودا ته‌نیا ٢٦٨ ساڵ شه‌ڕی به خۆوه نه‌دیوه. ده‌بێ ئه‌وه بزانین که له درێژایی ئه‌و زه‌مه‌نه‌دا، وه‌ک ئه‌مڕۆ، شه‌ڕ دوایین شێوه‌ی ململانێ و هه‌ڵبژاردنی سروشتیی نێوان جۆری مرۆڤه‌کان بووه. به قه‌وڵی ” هێراکلیتۆس” (( شه‌ڕ یان ململانێ، باوکی هه‌موو شته‌کانه)). وه‌ک: سه‌رچاوه‌ی به‌هێزی بیرۆکه‌کان، دۆزینه‌وه‌کان، دامه‌زراوه‌کان، و ده‌وڵه‌تان...
ئاشتی جۆرێک پێکهاته‌ی که‌م خایه‌نه که ته‌نیا به گره‌و پێدان یان یه‌کسانی هێز ده‌پارێزرێ.
– دیارده‌کانی شه‌ڕ هه‌ر وه‌ک دیارده‌کانی ململانێی نێوان کۆمه‌ڵێکه، وه‌ك: وه‌چنگ هێنان، کڕوکاش و لوتبه‌رزی، تێکۆشان بۆ خۆراک، زه‌وی، شت و مه‌ک، سوته‌مه‌نی، ده‌سه‌ڵات….. ده‌وڵه‌تیش به هه‌مان شێوه به‌ڵام به پێوانه‌یه‌کی به‌رفراوانترو بێ سنوور. تاک ملکه‌چی ئه‌و پێوه‌رانه ده‌بێ که یاسا‌و ڕه‌سم و رسوم و ئاکاره‌کان به سه‌ریدا سه‌پاندوونی. زۆر جار له باتی شه‌ڕ په‌نا ده‌باته به‌ر وت‌و وێژ، چون ده‌وڵه‌ت له ئاستیدا به‌رامبه‌ر به ماف و داواکانی به‌رپرسیاره.
– ده‌وڵه‌ت بۆ خۆی هه‌م بکوژه‌و هه‌م بووڕ، هیچ به‌ربه‌ست و ڕاده‌و سنورێک ناناسێت، بۆیه؛ یان ئه‌وه‌نده هێزی هه‌یه که هه‌ر گرفتێک له سه‌ر ڕێی خۆی بڕه‌وێنێته‌وه، یان هه‌ورێک به سه‌ر خۆوه نابینێت که بارانی به خوڕی لێ ببارێنێت و ترسی ببێت، و هەروەها لەو لاشەوە یاسا‌و ڕێسای کرداری نێو ده‌وڵه‌تیش له کرده‌وه‌دا نییه تا هێزی کاریگه‌ر بخاته کاره‌وه.
سه‌رکێشی تاک وزه‌ی زیاتر له ململانێ بۆ ژیان ده‌خوڵقێنێ، وه هه‌روه‌ها ویستی مللی و نه‌ته‌وه‌خوازی له کار‌و سیاسه‌ت و شه‌ڕدا توانای زۆرتر به ده‌وڵه‌ت ئه‌به‌خشێت.
– کاتێک که ده‌وڵه‌تانی ئۆروپا خۆیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پاپه‌کان ڕزگار کرد هه‌ریه‌ک به ته‌واوی نه‌ته‌وه‌خوازی و هه‌ستی میللی بوونیان تا نێو سوپا‌و هێزه‌کانی سه‌ربازی قوڵ کرده‌وه. هه‌رکام له‌و ده‌وڵه‌تانه بۆ بردنه پێشی ئامانجه‌کانیان و خۆ هێنانه سه‌ره‌وه، دژ به ده‌وڵه‌تێکیتر، پڕوپاگه‌نده‌یان ده‌کرد و به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر هه‌ستی دانیشتوانی خۆیان ده‌بزواند، ئه‌مه له کاتێکدا که خۆیشیان ده‌میان له ئاشتیخوازی و دۆستایەتی ده‌دا، له هه‌مان کات به به‌رز کردنه‌وه‌ی دروشمگه‌لێکی دژبه‌رانه رق و قین و توڕه‌ییان ده‌گه‌یانده چڵه پۆپه‌ی خۆی.
ئه‌و ترس و تۆقانه له نێوان شه‌ڕ و ململانێی ئاینی بۆ هه‌راساندنی میلله‌تان ته‌نیا له شه‌ڕه گه‌وره‌کاندا باو بوو.
– له ئوروپا له سه‌ده‌ی شانزده‌یه‌م و شه‌ڕه‌کانی شۆڕشی فرانسه ئه‌و زدو نه‌قیزه که‌متر بوو. له‌و نێوانه‌دا دانیشتوانی وڵاتانی له حاڵی شه‌ڕدا ئازاد بوون که ڕێز له گه‌شه کردن و شارستانیه‌تی یه‌کتری بگرن؛ هه‌ر له کاتی شه‌ڕی فرانسه له گه‌ڵ ئینگلیس، خه‌ڵکی ئینگلستان واته ” بریتانیا” به دڵنیاییه‌وه ده‌چون بۆ گه‌شت بۆ وڵاتی فرانسه؛ سه‌رانی ده‌وڵه‌تی فرانسه و فریدریکی گه‌وره، له حاڵێکدا سه‌رگه‌رمی شه‌ڕی حه‌فت ساڵه بوو، له هه‌مان کات ڕێزیان له پێوه‌ندی یه‌کتری ده‌گرت.
– له سه‌ده‌کانی ١٧- ١٨دا زۆرترین شه‌ڕ و کێشە، ململانێی نێوان گه‌وره‌کان و توێژی باڵاده‌ست بوو، نه‌ک خه‌باتی میلله‌تان.
– له سه‌ده‌ی بیسته‌م شه‌ڕ به هۆی پێشڕه‌وتیی پێوه‌ندییه‌کان، گۆڕان و گواستنه‌وه، هۆکارگه‌لی پڕوپاگه‌نده و ته‌ڵقینی، بوون به کێشه‌و کێشمه کێشم له نێوان میلله‌تانداو پێیه‌وه سه‌رقاڵ بوون، خه‌ڵکانی سڤیلیش له‌و نێوانه‌دا وه‌ک یه‌که‌ی سه‌ربازی توشی شه‌ڕ بوون؛ به جۆرێک که سه‌رکه‌وتن له ڕێگای کاولکاری و ماڵوێرانی و له بار بردنی ژیانی خه‌ڵکه‌وه وه چنگ ده‌که‌وت. به‌م جۆره ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕێک ده‌بووه هۆی له نێو بردنی هه‌وڵ و تێکۆشانی سه‌دانساڵه‌ی پێکهێنانی شاره‌کان، و سست کردنی خۆڵقاندنی هونه‌رو گه‌شه پێدانی شارستانیه‌ت؛!
– له چه‌رخی ئێمه‌دا شه‌ڕ و ململانێ، گه‌شه ده‌دا به مانه‌وه و ده‌سه‌ڵات، زانست و هونه‌ر. ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزو توانایانه بۆ کاولکاری و کاره‌سات خۆڵقێن نه‌خرێنه خزمه‌ت ناشارستانی و نه‌زانی، ده‌کرێ بڵێین؛ دواتر ئه‌توانن ببنه هۆکاری گه‌شه و به‌ره‌و پێشبردنی ده‌سکه‌وته مادییه‌کانی سه‌رده‌می ئاشتی. له هه‌ر سه‌ده‌یه‌کدا زاناکان بێجگه له ( ئاگوستوس و ئاشوکا) گاڵته‌یان به شه‌ڕ هاتووه و بێزارییان ده‌ربڕیوه.
– له شیکردنه‌وه و شیکاریی مێژووی سه‌ربازیدا، شه‌ڕ دوایین ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ره، و سروشتی و زه‌روره‌ت بوونی بێجگه له گه‌مژه‌و نه‌زان، سه‌رجه‌م ده‌زانن. چ شتێک بێجگه له سه‌رکه‌وتنی ( شارڵ مارتیل) له تور لە ( ٧٣٢ ) نه‌یهێشت ئیسلام دزه بکاته نێو فرانسه و ئیسپانیا؟ ئه‌گه‌ر له به‌رامبه‌ر هێرشی مه‌غول و تاتاردا به چه‌ک له میراتی فه‌رهه‌نگی و کلاسیکی ئێمه پارێزگاری نه‌کردایه چی لێ ده‌هات؟
ئێمه پێکه‌نینمان دێت به‌و سه‌ردارانه‌ی که له ناو جێگه‌دا به نه‌خۆشی ده‌مرن، له بیریان ده‌که‌ین که زیندووییان له مردنیان پڕ به‌هاتره؛ به‌ڵام کاتێک که هیتلێر له شه‌ڕی چه‌نگیزخان دا سه‌رده‌که‌وێ په‌یکه‌ری بۆ داده‌نێن!.
– به وته‌ی (( ژنڕاڵ)) : جێگای داخه که زۆر له گه‌نجان و لاوان له پێکدادانی شه‌ڕدا ده‌کوژرێن، به‌ڵام له‌وه زیاتر له ڕووداوگه‌لی ترومبیلی و کاره‌ساتیدا له نێو ده‌چن و ده‌کوژرێن نه‌ک له گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا، وه کۆمه‌ڵێکی زۆریش به هۆکارگه‌لی نادروست و نا شه‌رعی خۆیان توش ده‌که‌ن و له نێو ده‌چن و ژیانیان له پێناوی چڵێسی و کاری خۆ کرد و ماندوو بوون و هه‌ڵاتن له ژیان و خۆ ون کردن به هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر قراره دێر یان زوو بمرن بۆ کارێک نه‌که‌ین که بۆ سه‌روه‌ری وڵاتی خۆیان له گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا به سه‌ربڵندی بمرن؟
– ته‌نانه‌ت فیلسوف ئه‌گه‌ر شوناسی له مێژوو هه‌بێت، ئه‌و بۆچونه‌ی لا ڕاسته، که؛ ئاشتی درێژخایه‌ن ئه‌بێته هۆی له نێوچونی ماسولکه‌کانی هێزی به‌رگری وڵاتێک، و میلله‌ته‌که‌ی تا سنووری مه‌رگ ده‌بات.
له په‌یام وپەیمان و جاڕنامەکانی ئه‌مڕۆیی یاسای نێو نه‌ته‌وه‌یی‌دا بۆ هه‌ر میلله‌تێکه که له هه‌ر کات و ئانێکدا ئاماده‌ی پارێزگاری له خۆی بێت؛ و بۆ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیە نەتەوەییەکانی ده‌بێ ئازاد بێت به که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌ر وه‌سیله‌و ئامرازێک بۆ مانه‌وه‌ی.
– ڕوونه، دیسان ” ژنڕال” ده‌ڵێ: ئه‌مڕۆ وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌بێ ئه‌و ئه‌رکه ئه‌نجام بدات که بریتانیا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا به شێوه‌یه‌کی زۆر جوان ڕای په‌ڕاند- ئه‌میش پاراستنی شارستانیه‌تی ڕۆژئاوا ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی به‌رامبه‌ر به ترسی ده‌ره‌کی که بکرێته سه‌ری.
– ده‌وڵه‌تانی کۆمونیستی خاوه‌ن چه‌کی نوێ؛ به پێوانه‌ی کۆنه قین و به‌رفراوانی هیزی شه‌رکه‌ریان، چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ی له نێو بردنی ئابووری و سه‌ربه‌خۆیی وڵاتانی ناکۆمونیستی کردووه.
میلله‌تانی نوێ، ئاره‌زووی شۆڕشێکی پیشه‌سازیی‌یان لێ به‌دی ئه‌کرێت که ببنه خاوه‌ن هێزی ئابووری و سه‌ربازی خۆیان، بۆیه که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌ری خێرایی به پیشه‌سازیبوونی ڕوسیه، له ژێر چاوه‌دێری ده‌وڵه‌تیدا.
– له‌وانه‌یه له کۆتایی کاردا سه‌رمایه‌دارانی ڕۆئاوا به‌رهه‌مهێنه‌رتر بن، به‌ڵام گه‌شه کردنیان هێواش ده‌بێت؛ حوکمڕانانی وڵاتانی نوێ، له زه‌وقی ده‌سه‌ڵات به سه‌ر داهات و دانیشتوانی وڵاتانی خۆیاندا، ده‌که‌ونه ڕاوی پڕوپاگه‌نده و ده‌ستێوه‌ردان له ژێر ڕکێفی کۆمونیسته‌کان. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕه‌وته پێشگیری لێ نه‌کرێت، داهاتی نزیک به هه‌موو ‘ ئاسیا و ئه‌مریکای باشووری’ بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆمونیستی، ته‌نیا پێویستی به کات هه‌یه؛ ( ئوسترالیا، زلاندنۆ، ئه‌مریکای باکوری و ئوروپای ڕۆئاوا) له هه‌موو لایه‌که‌وه ده‌که‌ونه گه‌مارۆی دوژمن. کاریگه‌ری ئه‌و ڕه‌وته له سه‌ر ژاپون، فیلیپین، و هند ده‌بێ، پارتی به هیزی کۆمونیستی ئیتالیا بێننه پێش چاو؛ کاریگه‌ر بوونی سه‌رکه‌وتنی پارتی کۆمونیستی ئیتالیا بکه‌نه پێوانه بۆ ڕێخستنی ئه‌و حه‌ره‌که‌ته کۆمونیستیه‌ی فرانسه. ( بریتانیا، سکاندیناڤی، هوڵه‌ند، و ئاڵمانی ڕۆژئاوا)، ئه‌که‌ونه ژێر چنگی ئوروپای سه‌راسه‌ر کۆمونیستی.
– ئایا ئه‌مریکای باکوری که ئیستا له چڵه‌پۆپه‌ی هێزو توانای خۆیدایه ئه‌بێ چاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌کی له‌و چه‌شنه بێت و بخرێته‌وه ناو سنوره‌کانی خۆی و ئیزن بدات که ده‌وڵه‌تانی دوژمن ده‌ستی ببڕن و ناچاری بکه‌ن وه‌ک گه‌مارۆدراوان په‌نا به‌رێته به‌ر دیکتاتۆریه‌ت و له نێو خۆدا بۆ سیمای ژیانی ئازاد و مانه‌وه‌ی خۆی، سه‌رکوت و داپڵۆسینی ده‌وڵه‌تی بێنێته کایه‌وه؟؟
– ئایا ڕێبه‌رانی ئه‌مریکا ته‌نیا ده‌یانه‌وێ ڕێ له مه‌یل و خواسته‌کانی ئه‌م نه‌وه ( ئیپیکۆرخوازه) بگرن، یان ئه‌وه که نه‌وه‌کانی ئه‌مریکا له داهاتوودا ئاره‌زوو ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: خۆزگه ڕێبه‌رانی ئه‌مریکا ئه‌رکی خۆیان به باشی به جێ گه‌یاندبا؟؟!
– ئایا هۆشمه‌ندانه‌تر نیه که به زووترین کات به‌ربه‌ره‌کانی بکرێ و شه‌ڕ به‌رنه نێو ماڵی دوژمن، له حاڵه‌تی زه‌روریدا ژیانی سه‌دان هه‌زار ئه‌مریکایی و له‌وانه‌یه ملیونان خه‌ڵکی سیڤیل فیدا بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا بتوانێت ده‌ست و پێی ئازاد بێت ڕه‌وتی ژیانی خۆی له نێو ئارامی و ئازادی‌دا درێژه بدات؟؟
– ئاخۆ، ئه‌م سیاسه‌ته دووربینانه له ته‌ک وانه‌کانی میژوو سازگار نین؟
– فیلسوف جواب ده‌داته‌وه: به‌ڵێ ڕاسته، ده‌رئه‌نجامی خراپیشی به مێژووه‌وه ده‌نوسێت؛ به‌م جیاوازییه، له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ڕاده و جم و جۆڵ و به‌ربه‌ره‌کانی هێزه‌کان و هێزی وێرانکه‌ری بێ هاوتای چه‌کی به کار براو ئه‌و ده‌رئه‌نجامه چه‌ند به‌رابه‌ر ده‌بێته‌وه.
به‌ڵام دیارده‌یه‌کی له مێژوو گه‌ره‌تر له ئارادایه؛ ده‌بێ به ناوی مرۆڤایه‌تیه‌وه له دژی هه‌زاران کار‌و کرده‌وه‌ی شه‌یتانی له یه‌ک ئاندا ڕاپه‌ڕین و بتوانین جارێکی‌تر (( ده‌ستوری تڵایی)) له هه‌قی میلله‌تان بخه‌ینه کاره‌وه، وه‌ک چۆن ” ئاشوکاشای بودایی پێڕه‌وی لێکرد. ( ٢٦٢ پ. ز. یان لانی که‌م وا بکه‌ین که ” ئاگۆستوس کردی و هێرشی تیبریوسی بۆ سه‌ر ئاڵمان ڕاگرت ( ٩. ز.). بێین با به هه‌ر نرخێک بێت ڕاپه‌ڕین به دژی هه‌زاران هێرۆشیما له وڵاتی چین.
– (( ئیدمۆن برک)) ده‌ڵێ: ” له سیاسه‌ت‌دا وره‌و گه‌وره‌یی نواندن، واقعی‌ترین ژیرییه، مێشکه بچوکه‌کان شایسته‌ی ڕێبه‌ری ئیمپراتۆریه‌تی به‌ربڵاویان نیه.” وا دابنێین که ڕۆژێک سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ئاوای وت به ڕێبه‌رانی روسیه و چین: ” ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت به پێی ڕه‌وتی مێژوو بڕۆین، ده‌بێ له ترسی ئه‌و شه‌ڕه‌ی که نه‌سڵێک دواتر قه‌راره بیکه‌ن و زه‌ره‌رو زیانی قه‌ره‌بوو کراو نا‌بێت، با ئێمه هه‌ر له ئیستاوه ڕێگایه‌ک بگرینه به‌ر؛: یان ده‌بێ له (( گۆلدن رۆته)) ١٨١٥، واته به پێی ده‌ستوری یه‌کێتی پیرۆز، دارایی و به هێزترین لاوانمان له ڕێی سه‌رکوتکردنی ئه‌و شۆڕشانه‌ی که له هه‌ر گۆشه‌و قۆژبنێکی جیهان به دژی ئه‌م ڕه‌وت و نه‌زمه‌یه، بخه‌ینه کار. نابێ ئیزن بده‌ین له ترسی یه‌کتری به دژی یه‌کتر بجه‌نگین؛ چون هێزی وێرانکه‌ری چه‌کی ڕووخێنه‌ر و کۆمه‌ڵکوژی هه‌ردوو لامان وه‌زعێک پێکدێنێ که مێژوو به خۆیه‌وه نه‌ی‌دیوه. با بێین ده‌رگاکان به ڕووی یه‌کترا بکه‌ینه‌وه، و بۆ یه‌کتر ناسین و ڕێکه‌وتن له نێوانمان ئاڵ و وێری فه‌رهه‌نگی پێک بهێنین.
ئێمه ترسمان نیه له‌وه‌ی که ڕه‌وتی ئابووری ئێوه جێگای ڕه‌وتی ئابووری ئێمه بگرێته‌وه، و ئێوه‌ش ده‌بێ به هه‌مان شێوه ترستان نه‌بێ؛ باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه که هه‌ر ڕه‌وت و یاسایه‌ک ئه‌توانێ شت له ڕه‌وت و یاسای‌تر وه‌رگرێت، یاساکان ده‌توانن له ئاشتی و هاوکاریدا پێکه‌وه بن. ئێمه له ئێوه داواکارین تا له‌م ڕه‌وته ده‌گمه‌نه له میژوودا له گه‌ڵمان بن، وه له بڕیاری شارستانیه‌ت و پێکهێنانی پێوه‌ندی له نێوان وڵاتاندا هاوڕێمان بن. قه‌وڵتان پێ ده‌ده‌ین له به‌رامبه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تیدا سه‌ربه‌رزانه به دروستی و ڕاستی ته‌واو له‌م ڕێگایه‌دا هه‌نگاو هه‌لبگرین.
ئه‌گه‌ر له‌م قوماره مێژوویی‌دا دۆڕاین، ئه‌وه سودی له‌وه‌ی که له دێژه‌ی سیاسه‌ته سونه‌تییه‌کاندا په‌یڕه‌و ده‌کرێت خرابتر نا‌بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه‌و ئێوه سه‌رکه‌وتین، یادو بیره‌وه‌ری مرۆڤایه‌تی سه‌دان ساڵ هه‌قناسانه له بیرمان ناکه‌ن.
– (( ژنڕاڵ)) بزه‌یه‌ک ده‌کات و ده‌ڵێ: ئێوه هه‌موو ئه‌و وانه مێژوویی و سروشته مرۆڤیانه‌ی که وه‌سفتان کرد له بیر بردووه‌ته‌وه؛ به‌شێک له جیاوازی و کێشه‌کان ئه‌وه‌نده ڕیشه‌دارن و قایم کراون که به وتووێژ چاره‌سه‌ر ناکرێن. له ماوه‌ی وت‌و وێژی درێژخایه‌ندا ئه‌گه‌ر ” مێژوو ڕێنوێنمان بێت” وێرانکارییه‌کان درێژه‌یان ده‌بێت. نه‌زمی جیهانی ته‌نیا به ڕێکه‌وتنی چه‌ند که‌سایه‌تی‌یه‌ک پێک نایه‌ت، به‌ڵکو له ڕیگای سه‌رکه‌وتنی زۆر توند‌و تۆڵی یه‌کێک له هێزه گه‌وره‌کان و به قه‌بزه کردنی یاسای نێو نه‌ته‌وه‌یی و جێ به جێ کردنیان مسۆگه‌ر ده‌بێت؛ هه‌روه‌ک چۆن ڕۆم له سه‌رده‌می ئاگۆستوس تا سه‌رده‌می ئورلیۆس به ئه‌نجامی گه‌یاند. ئه‌و ڕووکه‌شه ئاشتیه به‌ربڵاوه تایبه‌ته، جێناگرێت و ناسروشتییه و له گۆڕانکاری و هێرشێکی سه‌ربازیدا خێرا کۆتایی پێدێت.
– ئێوه پێتان وتین: که مرۆڤ گیانله‌به‌رێکی ململانێ خوازه، وتووتانه: که ده‌وڵه‌ته‌کانیش وه‌ک مرۆڤه‌کان بن، وتووتانه: ئیستا هه‌ڵبژاردنی یاسایی و نێو نه‌ته‌وه‌یی له ئارادایه؛ وڵاتانی سه‌رگۆی زه‌وی کاتێک که‌وتنه به‌ر هێرشی ده‌ره‌کی ئه‌و کات له سه‌ر هاوکارییه بنه‌ڕه‌تیه‌کان یه‌کده‌گرن.
بۆیه ئێمه ماندووی نه‌ناسانه به‌ره‌و ململانێی ئه‌و پانتایی‌یه گه‌وره‌یه‌ی به ڕێوه‌ین؛ له‌وانه‌یه ڕۆژێک بێت له گه‌ڵ بوونه‌وه‌رانی به‌رزه‌فڕی نێو ئاسمانه‌کان و هه‌ساره‌کانیتر به‌ره‌و ڕوو بین؛ به‌م شێوه‌یه به زوویی شه‌ڕی نێوان ئاسمانه‌کان ڕوو ده‌دات.
ئه‌و کاته‌و ته‌نیا ئه‌و کاته، ئێمه دانیشتوانی گۆی زه‌وی یه‌ک ده‌گرین.”
٢٠٠٧ز. بڵاوم کردووەتە
و. مــــــه‌جید کاکه‌وه‌یسی.
8/9/2007ز.
له په‌راوێزه‌کاندا:
1. poelmos pater panto
2. Religious wars ئه‌و شه‌ڕانه‌ی که له فرانسه له ساڵه‌کانی 1562 – 1598 له نێوان کاتۆلیکه‌کان
پرۆتستانه‌کان دا ڕووی‌دا.
3. شه‌ڕه‌کانی 7 ساڵه‌ی 1756-1763: له وێدا پروس و بریتانیا وڵاتانی فرانسه، ئوتریش، ڕوسیه، سوئد و ساکسۆنیان شکاند.
4.Ashoka له شاکانی هندوستان، که باوه‌ڕی به ئاینی بوودایی بوو وه هه‌وڵی دا بۆ گه‌شه پێدان و ڕێکخستنی.
5. Charles Martel
6.
7. Epicurean
8. Golden Rule : چوار چێوه‌یه‌کی ئه‌خلاقی به واتای: ” ئه‌وه‌ی بۆ خۆتی به ڕه‌وا نازانی بۆ خه‌ڵکانیتریشی به ڕه‌وا مه‌زانه”
9. Tibrius (( 42 پ. ز.- 37. ز. )): سه‌رداری ڕۆمی و جێنشینی ئاگوستوس.
10. Holy Aliance : یه‌کێتی هێزه گه‌وره‌کان له ساڵی 1815 به ڕه‌واڵه‌ت بۆ ئامانجی به‌ربڵاوی برایه‌تی مه‌سیحییه‌ت، به‌ڵام له نێوه‌ڕۆک‌دا مه‌به‌ستی سه‌رکوتکردنی شۆڕشه‌کان و ڕێکخراوه دیمۆکراتییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو، که بریتانیا، عوسمانیه‌کان، پاپ به‌شداری‌یان نه‌کرد.