ئەوە بۆ ماوەی چەند ساڵە کە خوێنەری پەیامی حیزب و کەسایەتییە سێکولارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانین کە لە بۆنە جیاوازە ئیسلامییەکان بڵاوی دەکەنەوە و هەر جارە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مشت و مڕێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.
بە داخەوە تا ئێستا ئەو مشت و مڕانە بەو پرسیارانە نەگەیشتوون کە بۆچی حیزبێک کە بەرنامە و ئەساسنامەی لە سەر ئەساسی سوسیالیزم، نەتەوەگەرایی و دیمۆکراسی دامەزراوە، بۆ نموونە بۆ یادی لە دایک بوونی بنیات نەری ئیسلام، محەممەد، یان لە عاشوورا خەست و خۆڵتر لە حیزبە ئیسلامییەکان پەیامی پیرۆزبایی یان هاوخەمی رادەگەیەنێ.
لەوانەیە بە لای هێندێ کەسەوە ئەوە تەنیا پیرۆزبایەکی سادە یان هاوخەمییەک بێ، بەڵام کاتێ ئەم پیرۆزباییانە لە لای هێندێ کردەوەی دیکە دادەنین بەو ئاکامە دەگەین کە گۆڕانێکی زۆر هێمن بەڵام جیدی لە ئارادایە. بۆ نموونە دامەزراندنی ناوەندی ئایینی لە لایەن حیزبە کوردییەکانەوە لە کوردستان و یان هێندێ کردەوەی هاوچەشن لە وڵاتانی ئۆرووپایی بۆ وەرگرتنی پارە لەو وڵاتانە، بڵاو نەکردنەوەی هۆنراوە و موسیقای کوردی لە تەلەفزیون بە بۆنی یادی عاشووراوە، بانگهێشتی مەلا ئایینییەکان لە بۆنە ئیسلامییەکاندا بۆ وێنە لە مانگی رەمەزان بۆ پرۆپاگانادای ئیسلامی، سەردانی ئەندامانی کومیتەکانی سەر بەو حیزبانە لە مزگەوتەکان لە ئۆرووپا بۆ بەرز راگرتنی بۆنە ئایینییەکان و هتد.
ئەمانە و هێندێ کردەوەی دیکەی لەم چەشنە (کە زۆربەی جار تێکەڵبوونی نەخوازراو بە شەڕی شێعە و سونیشی بەدواوەیە وەک نموونەی عاشوورا و پیرۆزبایی لە دایک بوونی موحەمەد کە لە لای شێعە و سونی جیاوازە) وادەکەن هەموویان وەکۆ کۆی بیرێکی تازە لە لای یەک دابنین ونەتوانین تەنیا وەکوو پیرۆزبایەکی سادە چاوی لێبکەین.
بەڵام ئەم بیرە تازەیە چییە؟
ئایا ئەمە بادانەوە بەرەو ئیسلام و پشت هەڵکردن لە بەرنامە و دروشمەکانی رابردوویە؟ یان تەسلیم بوون لە بەرانبەر دۆخی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناڤین کە بیری ئیسلام تێدا زاڵە؟ یان نە هیچکام لەوانە نیە و هەر وەک خۆیان باسی دەکەن تەنیا ریز و خۆشەویستییە بە نیسبەت کوردانی باوەڕمەند بە ئیسلام؟
بۆ تێگەیشتنی باشتر لە باسەکە سەرەتا بە دوو نموونەی سوسیالیزمی مەسیحی و دیمۆکراسی مەسیحی دەست پێدەکەم کە چۆن چێ بوون و پاشان دەپەرژێمە سەر دۆخی کوردستان چونکە بە داخەوە ئەو دیاردەیە لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەبیندرێ، بەڵام لەم وتارەدا زیاتر مەبەست رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە بندەستی رژیمێکی ئیسلامییە.
دینی مەسیح پاش ئەوەی کە لە لایەن ئیمپراتوری روومەوە بە فەرمی ناسرا، بوو بە دینی حکومەت، دەسەڵاتی دەزگای روحانییەتی مەسیحی رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو زیاد بوون رۆشت. بە شێوەیەک کە دوای روخانی ئیمپراتوری رووم، دەزگای روحانییەتی مەسیحی لە ئۆرووپادا بە درێژایی سەدەکانی ناوەراست بوەتە خاون دەسەڵات و لە هەموو بوارەکاندا هەر وەک ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران دەس تێوەردانی کردووە. بەڵام دوا بە دوای شۆڕشی زانستی و پاشان سەردەمی رۆشنگەری، دین کەوتە بە رەخنەیەکی جێددی، لەو دەمەدا ئاڵۆزییەکی زۆر لە نێوان کلیسا لە لایەک و فەیلەسووف و زاناکان لە لایەکی دیکە هاتە ئاڕاوە. “هاوکات لە گەڵ چێ بوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان دەسەڵاتی کلیسا بەرە بەرە بەرەو کزی رۆشت، جووڵانەوەی پرۆتستان و شۆڕشی فەرانسە زەبرێکی گەورەیان لە دەسەڵاتی کلیسا وەشاند، بە شێوەیەک کە دین لە ئۆرووپا لە بەرانبەر دیمۆکراسی راوەستا و دوای شۆڕشی فەرانسە کە سەردەمی تێپەر بوون بەرەو دیمۆکراسی بوو، کلیسای کاتۆلیک، دیمۆکراسی وەک دژمنی سەرەکی دین پێناسە کرد.” (١)
زۆرێک لەو روحانییانە کە پارێزەری مافی شارۆمەندی و ئازادی سیاسی و جیایی دین لە سیاسەت بوون، لە لایەن کلیساوە سزا دران و زۆرێک لەو رێکخراوانەی کە بۆ چەسپاندنی دیمۆکراسی خەباتیان دەکرد لە لایەن کلیساوە هەڵوەشاوە راگەیەندران. بەڵام لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا کاتێ کە لیبراڵەکان، سوسیالیستەکان و… کلیسای کاتولیکیان بە کۆسپی سەر رێگای پەرە پێدانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەروەها یەکیەتیی نەتەوەیی دەدایە قەڵەم، کلیسای کاتولیک بە سیاسەتەکانی خۆیدا پێداچوونەوەی کرد و دیمۆکراسی بە فەرمی ناسی. لە راستیدا ئەم بڕیارە دژکردەوەیەک بوو لە بەرانبەر گەشە سەندنی جووڵانەوەی سوسیالیستی و رێکخراوە کرێکارییەکان. (٢) بۆیە دەتوانین بڵین ریشەی سوسیالیزمی مەسیحی و دیمۆکراسی مەسیحی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە و دژکردەوەی کلیسا لە بەرانبەر پرسە پێوەندیدارەکان بە دنیای نوێ و کەوتنە ژێر زەختی لیبرالیستەکان، سوسیالیستەکان و ناسیونالیستەکان. بۆیە لە سەدەی نۆزدەوە دەبینین حیزبگەلێک لە ژێر ناوی دمۆکرات مەسیحی و سوسیال مەسیحی دامەزران و لە هێندێک وڵاتیشدا بوون بە دەسەڵاتدا.
ئەم حیزبانە بە شێوەیەکی دیکە و بە مێتۆدێکی نوێ دەسەڵاتی کلیسایان پاراستووە، خاوەنی روانگەیەکی رێفۆرمیستی و کۆنەپارێزانەن و لە گەڵ هەر چەشنە توندئاژۆییەکی چەپ و راست دژایەتییان هەیە، بۆیە دەتوانین بڵین دژی کردەوەی شۆڕشگێڕین، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانین ئەوە لە بەرچاو نەگرین کە پاشەکەشەی کلیسا و ساز کردنی ئاوەها حیزبگەلێک پرۆسەی دیمۆکراتیزە بوونی ئۆرووپای توندتر کرد. بەڵام ئەگەر کەسایەتی، حیزب و رێکخراوە سێکولارەکان بە توندی لە سەر بۆچونی خۆیان رانەوەستابان، ئەم کرانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بە دڵنیاییەوە بەو شێوەیەی ئیستا نەبوو.
بەم پێشەکییە دێمە سەر باسی سەرەکی وتارەکە کە باس لە سەر حیزبە کوردییەکانە.
مزگەوت لە کوردستانی بن دەستی ئێراندا بە هۆی لە سەر کاربوونی رژیمێکی ئیسلامی، خاونی دەسەڵاتە، خۆ ئەگەریش کۆماری ئیسلامی نەبوایا دیسان بە هۆی باوەڕی خەڵکەکە مزگەوت تا رادەیەکی زۆر هەر دەسەڵاتی هەبوو، هەر وەک بەشەکانی دیکەی کوردستان دەسەڵات دەسەڵاتی ئیسلامی نیە، بەڵام بە هۆی باوەڕی خەڵکەکە و هەڵەی حیزبە نەتەوەییەکان مزگەوت هەر دەسەڵاتی هەیە، چونکە باوەڕی ئیسلامی بە سەر تاکی کورددا زاڵە.
لێرەدا پێویستە شتێک روون بکرێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە کاتێک لەم وتارەدا باسی باوەڕی ئیسلامی دەکەم مەبەست چاک بوون یان خراپ بوونی ئەو باوەڕە نیە و باوەڕی دینی مەسەلەیەکی تاکە کەسییە. بەڵکو مەبەست لە ورووژاندنی، باس کردن لە کەڵکی خراپ وەرگرتن لە باوەڕی خەڵک لە لایەن دەزگای رۆحانییەت و حیزبەکانەوەیە، واتە باس کردن لەو لایەنانەیە کە لە باوەڕی خەڵک بۆ زاڵ بوون بە سەر کۆمەڵگەدا کەڵک وەردەگرن.
لەم نێوەدا شتێکی سەیر کە دەبیندرێ، ئەوەیە کە ئەو رەوتەی کە لە کوردستان هەیە، بە تەواوی و ١٨٠ دەرەجە بە پێچەوانەی ئەو رەوتەیە کە لە ئۆرووپادا رووی دا. لە ئۆرووپا ئەگەر فەیلەسووف، زانا، رووناکبیر، حیزب و رێکخراوە سوسیالیستی و دیمۆکراسیخوازەکان زەختێکی ئەوتۆیان خستە سەر کلیسا و کلیسایان ناچار کرد بە گۆڕین تا ئەو رادەیە کە بۆ مانەوەی خۆی ناچار بوو حیزبی سوسیال مەسیحی و دیمۆکرات مەسیحی دابمەزرێنێ، لە کوردستان بە پێچەوانە، حیزبە شۆڕشگێڕ و چەپەکان خەریکن تەسلیمی دەسەڵاتی مزگەوت و خانەقا دەبن و بە خشکە بەرە و ئیسلام دەڕۆن و ئیدئۆلۆژی ئیسلامی رۆژبەرۆژ لە بڵاو کراوە و میدیاکانیاندا زیاتر لە پێشو خۆی دەنوێنی.
وەڵامی ئەم حیزبانە و پاساوی ئەوان ئەوەیە کە دەڵێن خەڵکی ئێمە مۆسڵمانن و دەبێ رێز لە ئایین بگرین. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئایا خەڵکی ئۆرووپا لە کاتی سەردەمی رۆشنگەری و دواتر سەرهەڵدانی حیزب و رێکخراوە دیمۆکرات وسوسیالیستەکان مەسیحی نەبوون؟ ئایا ئەو فەیلەسوف و رووناکبیر و حیزبانە دەبوا تەسلیمی باوەڕمەندانی مەسیحی کۆمەڵگاکەیان ببوایان و دژی مەسیحییەت روونکردنەوەیان نەدابایا؟ ئایا ئەگەر ئەو حیزب و رێکخراوە مەدەنییە سێکولارانەی ئۆرووپاش وەک حیزبەکانی ئەمڕۆی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لە گەڵ دین جووڵابانەوە، کلیسا پاشەکشەی دەکرد؟
لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە جیاتی ئەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی ناچار بە پاشە کشە بکرێ و حیزبگەڵیک وەک دیمۆکرات ئیسلامی و سوسیال ئیسلامی لە لایەن ئیسلامییەکانەوە و بە مەبەستی رکەبەرایەتی لە گەڵ حیزبە نەتەوەیی و سیکولارەکان دابمەزرێنێ، حیزبە سکولار و نەتەوەییەکان خەریکە تەسلیم دەبن و رێبازی خۆیان دەگۆڕن و دەبن بە دیمۆکرات ئیسلامی و سوسیال ئیسلامی!
لەوانەیە حیزبێکی دیموکرات ئیسلامی لە خۆیدا شتێکی خراپ نەبێ و بتوانێ خەڵکی باوەڕمەند لە گەڵ بەها و چەمکە مرۆییەکان ئاشنا بکات، هەروەک لە ئۆرووپا دیمۆکرات مەسیحی و سوسیال مەسێحی کردیان. بەڵام جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان دیموکرات ئیسلامییەک کە بەرهەمی بادانەوەی ئیسلامیەکان بەرەو دیموکراسی بێ ، لە گەڵ دیموکرات ئیسلامییەک کە بەرهەمی بادانەوەی دیموکراتە سێکولارەکان بەرەو ئیسلام بێ. واتە ئەگەرچی ناوەکە یەکێکە بەڵام حاڵەتی یەکەم نیشانەی کراوە بوون و بەرەو دیموکراسی رۆشتنە و حاڵەتی دووهەم نیشانەی گەڕانەوە و بەرەودوا چوون و پاشەکشە و لاواز بوونی تێئۆریک و دابەزینی رادەی شۆڕشگێڕ بوونی حیزبە سێکولارەکانە، کە ئەم دیاردەیە کۆمەڵگە بەرەو رووی ئاسۆیەکی نادیار و ناڕوون دەبا.
بە کورتی دەتوانین بڵێین دابەزین لە حیزبێکی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی کە رادەیەک لە رادیکاڵ بوون لە سرووشتی دایە بۆ حیزبێکی رێفۆرمیست و کۆنەپارێز و باوەڕمەند بە ئیسلام. ئەمە لە نیگای یەکەمدا بە مانای ئەوەیە کە حیزبە کوردییەکان دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانی دانە رەنگە بە بێ ئەوەی ئاگایان لێ بێ خەریکن لە گەڵ دروشمی رێفۆرمخوازانی نێو دەسەڵاتی ئێران واتە “مردم سالاری دینی” خۆ رێک دەخەن. واتە خۆ رێک خستن لە گەڵ دژمنی سەرەکی خۆیان کە ئەمە بە روونی بە بن بەس گەیشتنی سیاسی و تێئۆریکی ئەو حیزبانە دەردەخات.
لە درێژەی ئەم شێوە روانینەدا و سەپاندنی مانای ئیسلامی بە سەر حیزبێکی سێکولاردا، ئەگەری دژایەتی کردن ئەم حیزبانە لە گەڵ هەر چەشنە شۆڕش یان جووڵانەوەیەکی رادیکاڵ (بە تایبەت ئەگەر بۆنی دژە دینی لێوە بێ) زۆرتر دەبێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی ناوین و ئێران بە روونی دەری خستوە کە بادانەوە بەرەو ئیدئۆلۆژی دینی و باج دان بە لایەنی ئایینی نە تەنیا هیچ بەرهەمێکی بۆ لایەنی سێکولار نیە بەڵکوو دەبێتە هۆی پەرت و بڵاوی هێز و توانای سێکولارەکان.
مەترسی جیدی دیکەی ئەو روانینە ئیسلامیزە بوونی شۆڕشی نەتەوەیی کوردە کە ئاکامێکی جگە لە لاوازی بەها نەتەوەییەکان بەدواوە نیە، پێویست بە شرۆڤە ناکات کە دوو چەمکی ئومەت و نەتەوە ناتوانن لە یەک قاڵب دا بگونجن و هەمیشە یەکیان جێگە بە ئەوی تر لێژ دەکات. لە بە ئیسلامی کردنی شۆڕشی کورددا بێ گومان ئەوەی جێگەی پێ لێژ دەکرێ چەمکی نەتەوە و شۆڕشی هەرگیز بە ئاکام نەگەیشتووی نەتەوەی کوردە. واتە ئەم هەڵسوکەوتە زاڵ بوونی گوتاری ئیسلامی بە سەر گوتاری نەتەوەیی لێ دەکەوێتەوە.
ئاکامیکیتری رواڵەتی ئیسلامی بەخشین بە حیزبێکی سێکولار، رەوایی دان بە پێگەی گرووپە ئیسلامییەکان لە کوردستانە، چونکە خەڵک بە چاوی خۆی دەبینێ حیزبگەلی سێکولار و خاون رابردوو بەرەو ئیسلام هاتوون، کەوابوو وا بیر دەکرێتەوە کە ئیسلام ئەوەندە دینێکی تەواوە کە تەنانەت سێکولارەکانیشی بەزاندووە، بۆ وێنە کاتێک رێبەریی حیزبێک دروودی خوای گەورە دەنێرێ بۆ محەممەد! یان ئیسلام وەک ئایینی پیرۆز ناو دەبا و دەڵێ پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی پێیە! ئەمە یانی چۆک دادانی سێکولاریزم لە بەرانبەر ئاییندا. ئەمە وا دەکا کە خەڵکی زیاتر روو لە مەلا و مزگەوت بکات و را و بۆچوونی تاقمە ئیسلامییەکان باشتر وەر بگرێ و لە ئاکامدا ئەندامگیری تاقمە ئیسلامییەکان ئاسانتر بکاتەوە. کە ئاکامی ئەوە دەبێتە خۆ تەقاندنەوەی لاوانی رۆژهەڵات لە عێراق و ئەفغانستان و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە وڵاتی خۆمان، کوردستان.
ئەوەی کە لە باشووری کوردستاندا دەبیندرێ و بە روونی بەرهەمی سیاسەتی هەڵەی حیزبە نەتەوەیی و چەپ و سێکولارەکانە لەو بەشەی کوردستان، بەداخەوە لە لایەن حیزبە رۆژهەڵاتییەکانەوە، نەک وەکوو هەڵەیەکی گرینگ بۆ دووپات نەبوونەوە چاوی لێناکرێ بەڵکوو بە پێچەوانە وەکوو مۆدێلێکی سەرکەوتوو وەردەگیرێ و ئەوە هیچ ئاکامی نابێ مەگەر بەرەو هەڵدێر رۆشتن.
لە کۆتاییدا یەک پرسیاری هەرە گرینگی بێ وەڵاممان لە بەردەمدایە: ئەگەر ئاکامی خەباتی کەسایەتی و حیزب و رێکخراوە سێکولارەکانی ئۆرووپا بوو بە هۆی پاشەکشەی کلیسا و دیمۆکراتیزە بوونی کۆمەڵگە، ئاکامی پاشەکشە کەسایەتی و حیزب و رێکخراوە کوردییەکان لە بەرانبەر مزگەوتدا چی دەبێ؟
١/ توکویل، آلکسی دو؛ تحليل دموکراسی در امریکا، ترجمهي رحمتالله مراغهاي، تهران، زوار، 1364، ص 220
2/ Sturzo, L. (1947) ‘The Philosophic Background of Christian Democracy’, The Review of Politics, 9(1), pp. 3–15, p. 5