کۆماری کوردستان لە رۆژی ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد بە بەشداریی نوێنەرانی هەرچوار پارچەی کوردستان لەسەر دەستی “جەنابی قازی محەممەد” پێشەوای مەزنی کورد دامەزڕا .
بەداخەوە کۆمارە خۆشەویستەکە کە هیوا و هۆمێدی لە مێژینەی گەلی کورد بوو زۆری تەمەن نەکرد و لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاویدا کۆتایی پێ هێنرا .
لە ماوەی کەمتر لە یازدە مانگ تەمەنی کۆمار دا بە رێبەرایەتی پێشەوایەکی لێهاتوو و زانا دەستکەوت گەلێکی مەزن بۆ گەلی کورد بونیاد نران ، لەوانە قوتابخانەی کچان ، رێکخستنی هێزی پارێزگاری ، دامەزراندنی یەکیەتی لاوان ، یەکیەتی ژنان ،کردنەوەی ناوەندی رەوشنبیری ، دەرکردنی رۆژنامە و گۆڤاری کوردی، ڕاپەڕاندنی کار و باری ئیداری ، دابین کردنی ئەمنیەت و ئاسایشی هاووڵاتیان ، پەرەپێدان بە کولتوور و کەلەپووری کوردی ، بووژانەوەی بازرگانی ، پێدانی مافی یەکسان لە نێوان هاووڵاتیانی کورد و کەمایەتییەکانیتری ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان و بە تایبەتی لە نێوان هاووڵاتیانی کورد ، ئاشووری ، جوولەکە و مەسیحییەکان دا .
دانیشتووانی کۆماری کوردستان بە پێی هەموو بەڵگەنامەکانی سەردەمی کۆمار و دواتر نووسراوە و کتێبی مێژوونووسانی کورد و بیانی وەک ” ئارچی رووزوێلت” لە ژێر دەسەڵاتی کوردیدا هەستیان بە ئەمنییەت و ئاسایش و ئارامی کردووە و خۆشیان ویستووە ، بە دڵ و گیان خزمەتیان بە کۆمار کردووە و بە حکوومەتی خۆیان زانییوە ، لەوێدا لە دەربرینی ڕای ئازاد سەربەست بوون و بە گشتی مافەکانیان پارێزراو بووە . بەدەر لە کار و باری نیوخۆیی کۆماری کوردستان ، لە رووی ژیریی کاربەدەستانی کۆمار و لەسەرووی هەموانەوە جەنابی پێشەوا قازی محەممەد ، بە جۆرێک هەوڵی لێک گرێدانی کۆمار بەسەرجەم پانتایی کوردستانەوە دڕاوە و ئامانجی دوار رۆژی بۆ دیاری کراوە ، بە کۆماری سەرجەم گەلی کورد بە ئەژمار هاتووە ، هەرچەند پانتایی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان تەنیا لە چەند شارێکی کوردستانیشدا بوو .
لە رۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان دا نوێنەرانی هەرچوار پارچەی کوردستان بانگهێشت کراون و بەشێکی بەرچاویش لە کوردانی پارچەکانیتر و بە تایبەت باشووری کوردستان بە کردەوە کار و باری حکوومەتی کوردستان و بە تایبەت لە بەشی پارێزگاری و ڕاگەیاندن دا ئەرک و کاریان پێ سپێردراوە . هێزەکانی بارزانی نەمر بە کردەوە بوونە بەشێک لە هێزی پارێزگاری کوردستان . بە دامەزرانی کۆماری کوردستان کەسانی لێهاتوو لە بەشەکانیتری کوردستانەوە بە هانای یارمەتیدان و خزمەت کردنی کۆماری کوردستانەوە هاتوون کە بەر چاوترینیان پەیوەست بوونی چوار ئەفسەری کارامە و لێهاتووی کوردی ئەو کاتی نێو سوپای عێراق بە ناوەکانی ” محەممەد مەحموود قودسی” ، ” مستەفا خۆشناو”،”خەیروڵلا عەبدولکەریم” و ” عێزەت عەبدولعەزیز” بوون( لە ١٩ ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە لایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە لە سیدارە دراون .ڕووحیان شاد ) .
ئەو کورتە نووسینەی سەرەوە بەسە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کۆماری کوردستان ، کۆماری سەرجەم گەلی کورد بووە و یەکەم بناغەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە کۆماری کوردستان دا چەغماقەی لێداوە . بەڵام پاش تێپەڕ بوونی حەوت دەیە بەسەر تەمەنی پڕ لە شانازی و دەست کەوتی کۆمار دا ، تا چەند نەوەی داهاتووی کۆمار و حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی پاش کۆماری کوردستان درێژەدەری ئەو رێبازە بوون و تا چەند پابەند بە خەبات و تێکۆشان لە پێناو بەدەستەوە گرتنی مافی چارەنووسی کورد و ڕەچاو کردن و کار پێکردنی وەسیەتەکانی حەزرەتی پێشەوا و پاراستنی ماڵی کورد و خۆ بە دوور گرتن لە ڕژانی خوێنی کورد بە دەستی کورد و خیانەت نەکردن لە یەکتر و باوەر نەکردن بە دوژمنانی گەلی کورد بوون؟
بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە هەرچەند لە باری زانستی سیاسییەوە پێویستی بە خوێندنەوە و شرۆڤەی زۆری مێژوو و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان و گۆرانی دۆخی خەبات لە کوردستان لە پاش کۆمارەوە تا ئێستا هەیە ، بەو حاڵەش بە خوێندنەوەیەکی سەرپێی رەنگە زۆر زوو بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرا بێ کە نەتەنیا بە هیچ جۆرێک پابەندی ئەو بەڵێنی و سوێندانەمان کە بە کۆماری کوردستانماندا ، نەبووین ، بگرە وەسیەت نامەکەی حەزڕەتی پێشەواشمان لە یاد کرد .
تەنیا دوو ساڵ پاش کوژانەوەی چڕای رووناکی هیوا و هومێدی کوردان ( کۆماری کوردستان) دیسانەوە ئەویندارانی کۆمار دەستیان بە جموجۆڵ و خۆسازدانەوە کردەوە و” حیزبی دێموکراتی کوردستان ” دامەزرێنەری کۆماریان سەر لە نوێ زیندوو کردۆتەوە، شانە و ئورگانەکانیان رێکخستەوە و لە پێناو وەدی هاتنەوەی ئامانجەکانی کۆماردا دەستیان دایەوە بە تێکۆشان و خەباتێکی سەخت و دژوار و پڕ لە فیداکاری و بە هیوای وەدی هاتنەوەی کۆماری کوردستان و دامەزڕانەوەی درێژە پێ دا .
لە ڕاستی دا دەستکەوتەکانی کۆمار و سەرکەوتنی لە چۆنیەتی بەرێوەبردنی حکوومەتی کوردستان لە ماوەیەکی کورت دا و هەڵمژینی شنەبای ئازادی و دەرباز بوون لە کۆیلەتی و داگیر کراوی ، بووە هیوایەکی پیرۆزی هەتاهەتایی گەلی کورد و چووە ناخی مرۆڤی کوردەوە .
هیوا و هومێدەکان بە کۆمارێکی چەشنی کۆماری کوردستان و خۆشەویستی ئەو کۆمارە لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، کارێکی وای کرد کە تەنانەت حیزبەکانیش بە حیزبە توندرەو و ئیسلامی و ئیدئۆلۆژیکەکانیشەوە نەتوانن خۆ لە کۆمار بێ بەڕی یان حاشا لە گشتگیر بوونی بکەن و لەسەرجەم ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەکانیان دا خۆیان بە درێژە پێدەری ئەو ڕێبازە پیرۆزە ناساند .
بەدەر لە تاکی ئاسایی نیشتمان پەروەر و لە هەمانکاتدا زوڵم لێکراوی کورد ، پرسیار ئەوەیە گەڵۆ تا چەند سەرجەم حیزبەکانی کوردستان پابەند بە دەڕبڕینی هەستی خۆشەویستی و درێژەدەری رێبازی کۆمارن و تا چەند لە نێوان قسە و کردەوەدا ڕاستگۆن ؟
ئەگەر لەسەردەمی جوانەمەرگ بوونی کۆمارەوە تا هەنووکە لەو مێژووە بڕوانین ، بە باشی بۆمان روون دەبێتەوە کە جگە لە دانیشتن لەسەر خوانی کۆمار و خۆ گرێدان بەو کۆمارە خۆشەویستەوە ، بەداخەوە لە کردەوەدا نەتەنیا هیچ جۆرە لێک چوونێک لە ڕیبازەکانیان بە نیسبەت رێبازی کۆماری کوردستان دا نابیندرێ ، بگرە لەگەڵ یەکتری دا زۆر لە دژایەتی دان .
هەر پاش سەرهەڵدانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دامەزڕێنەری راستەقینەی کۆماری کوردستان بوو و خەبات و تێکۆشانی لەسەر بنەما پیرۆزەکانی کۆمار دارشتبووە ، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر نانەتەوەیی پیلانی لە دژ گێڕدرا ، زۆربەی ئەندامانی کە بەشێکی زۆریان هەمان ئەندامانی کۆمەڵەی ” ژ ک”بوون ، بەدەستی هاوپەیمانی سەردەمی کۆمار قەتڵ و عام کران و یان ڕادەستی حکوومەتی پاشایەتی کرانەوە و یان رێگای چیاکانی کوردستانی رۆژهەڵاتیان لە جێی خۆ بەدەستەوەدان هەڵبژارد و هەر لەوێش شەهید بوون، ئەوە بێجگە لەوەی کە هەوڵی دەست بەسەردا گرتنی ئەو حیزبە بە تەواوەتی ئەدرا ، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی رێبەرێکی لێزان و ژیری وەک دوکتور قاسملوو نەتەنیا چەخماخەی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات کپ نەبوو ، بەڵکوو سەرلەنوێ ئورگانەکانی رێکخرانەوە و دەستی بە تێکۆشان کردەوە.
لە دوایی رێژیمی پاشایەتیش دیسانەوە بە ناوی ئیدئۆڵۆژی چەپی کمونیستی و ئایینی ئیسلامەوە زۆربەی لایەنە کوردییەکان بۆ جارێکیتریش بە کردەوە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی کۆماری کوردستان و ناسیۆنالیزمی کورد و درێژەدەرانی ئەو ئامانجە پیرۆزە دژایەتییان دەستی پێکردەوە و بەناوی دژایەتی لەگەڵ کۆنەپەرستان خەسارێکی گەورەتر لە ئامانجە پیرۆزەکانی کۆمار و درێژەپێدەرانی درا .
پاش ڕاپەرینە مەزنەکەی سالی ١٩٩١ی باشووری کوردستان و وەدی هاتنی ئازادی بۆ بەشێک لە نیشتمانی زامداری کورد ، هێندەی نەکێشا کە بۆ جارێکیتر رۆڵەکانی کۆماری کوردستان بوونەوە قوربانی ساز و سەودای حیزبی و ڕاگرتنی باڵانسی هێز لە شەڕی براکوژی دا و بەسەدان کەسیان لە نێو وڵاتی ئازاد کراو و حکوومەتی کوردیدا لێ شەهید کران و هەربەوەشەوە نەوەستان و لەشکری داگیرکەریان بردە سەر بارەگا و مەقەرەکانیان و خەسارێکی قەرەبوو نەکراویان لە پەیکەری کۆماری کوردستان و بزووتنەوەکەی وەشاندەوە.
خاڵێ جێگای سرنجی ئەو باسە ئەوەیە کە هەرچەند لە ئێستادا سەرجەم حیزب و رێکخراوە کوردییەکان خۆیان بە ئاڵا هەڵگری کۆماری کوردستان دەزانن ، بەڵام بێجگە لە رۆژی دووی رێبەندان وەک رۆژی دامەزڕێنەری کۆماری کوردستان ، هیچ دەستکەوتێکی کۆماریان بە فەڕمی نەناسیوە . تەنانەت بۆ ئەو رۆژەش بێجگە لە خۆ دەرخستن و نانخواردنی سیاسی لەسەر ئەو رۆژە ،تەنانەت باس لە چۆنیەتی لە دایک بوونی رۆژێکی ئاوا گرینگ و خۆڵقێنەرانی ئەو رۆژە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو ، ناکەن. هەڵدانی ئاڵای کوردستان کە لە پیرۆزترین دەستکەوتەکانی کۆمارە تا ئێستاش شەڕ و هەرای لەسەرە و هەرلاینەی پەڕٶیەکی کردۆتە هێمای بەرخودان و ئاڵای دوا رۆژی کوردستان لە کاتێکدا بانگەشەی بە نەتەویی بونی کۆماری کوردستانیش دەکەن .
ناوی پیرۆزی پێشمەرگە کە لە ڕاستیدا هیچ دەست کەوتێکی کۆن و نوێ بە بێ رشتنی خوێنی هەزاران هەزار پێشمەرگە نەهاتۆدی و ئەو ناوە پیرۆزەش بەرهەمی کۆماری کوردستانە ، بەڵام دیسانەوە هاوڕاییەک لە سەر رۆژێک بۆ رێز لێنان لە پێشمەرگە نەتەنیا نییە بگرە رۆژێکیان دیاری کردووە کە بە دەیان ساڵ پاش کۆماری کوردستان حیزبەکەیان تێدا دامەزراوە .
هەرچەند زۆربەی ئەو لایەنانە تاقە یەک بست خۆیان لە کۆماری کوردستان بە دوور نازانن ، بەڵام لە جێی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە کە ناوێکی کوردیشە ،لایەنی وا هەیە کە ناوی بیانی لە سەر هیزی شۆڕشگێری خۆی داناوە و زۆر جاریش بینڕاوە کە تەنانەت سووکایەتی بە ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کراوە. لە خوێندنەوەی مێژووی کۆمار و بۆنەکانی تایبەت بە کۆمار دا هەوڵی بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی و شێواندنی مێژوو ئەدەن و وای پیشان ئەدەن کە کۆماری کوردستان هەروا لە خۆڕا لە دایک بووە و دەستکەوتەکانی هەر بە خەیال هاتوونەتە دی لە کاتێکدا راستی ئەو مێژووە ئەوەیە کە هەموو ئەوانە لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕیبەریی پێشەوا قازی محەممەد بەرهەم هاتوون .
لە هەموو ئەوانە گرینگتر رۆژی دەی خاکەلێوە یە ، رۆژێک کە پێشەوای کوردان گیانی پاکی کردە سەرفرازی و بەختەوەری گەلەکەی . هەرچەند لە دیرۆکی کوردان دا نەتەنیا رۆژێکی تایبەت بگرە تاقە چرکەساتێکیش نییە کە باشترین رۆڵەی کورد گیانی خۆی پیشکەشی بارەگای ئازادی نەتەوەکەی نەکردبێ و بە پێیەش بە دڵنیاییەوە هەموو چرکەسات و رۆژێک دەتوانێ رۆژی شەهیدانی کوردستان بێ ، بەڵام ناکرێ حیزبێک ، لایەنێک یان تاکێکی ئاسایی سەرکەوتنی کۆماری کوردستان و دامەزرانی بە هی خۆی بزانێ ، شایی و گۆڤەندی تێدا بگێڕێ و خۆی بە ئاڵا هەڵگر و میرات گری کۆماری کوردستان بزانێ بەڵام خۆ لە رۆژی شەهید بوونی سەرۆک کۆمارەکەی وەدزێ . لە هەموو جیهاندا رۆژ و شوێنی سەربازی ون دیاری کراوە و رێزی دەگرن و بۆنە و رێ و رەسمی تایبەت لە رۆژەدا بەرێوە دەچێ و لە ئاستی نێونەتەوەیی و دیپلۆماسی وڵاتانیشدا وەڤدی میوان چەپکە گوڵی رێز لەسەر ئەو گڵکۆیە دا ئەنێ، ئاخۆ بۆ گەلی کورد و بەتایبەت حیزبە کوردییەکان کە خۆیان بە درێژەدەری کۆماری کوردستان و پێشەوا مەزنەکەی دەزانن ، چ رۆژێک لە رۆژی شەهید بوونی جەنابی قازی محەممەد و هاورێکانیان پەسند تر بێ تا چەپکە گوڵی رێز و وەفای لەسەر دابنێنن و بیکەنە مەکۆی رێز لێنانی نەتەوەیی بۆ شەهیدانی ؟
گەلی کورد کە لە پێناو ئازادی دا قورباییەکی زۆری داوە ، پتر ڕەوایە و پێویستە رۆژێکمان هەبێ کە تێیدا رێز لە نەمرانمان بگرین .بەڵام پرسیار ئەوەیە کە چ رۆژێک وەک رۆژی شەهیدان بۆ گەلی کورد گونجاوە؟ لە لایەکەوە ئێمەی کورد کە مەزنترین خەونی لە مێژینەمان گەیشتن بە سەربەخۆیی و دروست کردنی دەوڵەتی کوردییە و لە مێژووی کوردیش دا تەنیاکۆماری کوردستانە کە بۆ یەکەم جار لەسەر بنەما دێموکراتی و ستانداردەکانی جیهانی حکوومەتداری چ وەک دەوڵەت و چ وەک هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئیدارەی وڵاتیان کرد و لەودا مافە تاکەکەسی و گشتی و چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان پارێزران و لەلایەکی دیکەشەوە و لە داهاتوودا شتێکی زیاتر لەوەمان ناوێ و تەنیا هیوا و هومێدمان پێکهێنانی حکوومەتێکی خەڵکی چەشنی کۆماری کوردستانە و بۆ یەکەم جارێش ئەو کۆمارە بووە کە بناغەی هیوایەکی لەو جۆرەی بۆ داڕشتین و دیسانەوە کە خۆمان بە درێژەدەری ئەو رێبازە دەزانین ، کەواتە چ لەوە باشتر کە رۆژی شەهیدانی دەی خاکەلێوە ، رۆژی سونبولی رێز لێنان لە شەهیدانمان بێ ؟
بەو حاڵەش دەبینین کە بەداخەوە هەر لایەنەی لە رۆژێکی تایبەتی خۆیدا رێز لە رۆژی شەهیدان دەگرێ و هەربەوەندەشەوە نەوەستاون و تەنانەت یادی کورد کوژ و دیکتاتۆرێکی وەک خومەینیش لە هۆڵی پێشوای مەزن بە بەشداری کاربەدەستان و مرۆڤکوژانی کۆماری ئیسلامی دەکرێتەوە و بەکردەوە بێرێزی بە پێگەی ئەو زاتە مەزنەی کورد و هەست و شعووری نیشتمان پەروەران و کوردستان خۆشەویستان دەکەن .
خاڵێکیتری ئەو باسە کە جێگای تێڕامانە ، لاینە ئیسلامییەکانی کوردستانن . ئەوان کە بە بیانووی پێگەی مەلایەتی جەنابی پێشەوا قازی محەممەد لە ڕەواڵەتدا رێزی دەگرن و خۆشیان بە گرێدراوی ئەو کۆمارە دەزانن ، بەڵام بە کردەوە بێرێزی بە هێمای ئەو کۆمارە وەک” ئاڵا “و سەروودی نەتەوایەتی” ئەی رەقیب” دەکەن . لە بۆنەکاندا لەبەری هەڵناستن و تەنانەت بە کوفری دادەنێن ، ئەوە لە کاتێکدایە کە وێنەی دیکتاتۆر و کورد کوژی وەک خومەینی کە جیهادی دژ بە گەلی کورد ڕاگەیاند و ئەوانیش بەشێکن لە قوربانیانی ئەو جیهادە ، لە پشتی سەری خۆیان، لە نێو ماڵ و شوێنی کار دایانناوە و لەبەرانبەر سەروودی ئەو حکوومەتە کوردکوژەش بە پێوە ڕادەوەستن و رێزی دەگرن .
ئەوان هەر بەوەندەوە نەوەستاون و لە شەهید کردن و ڕادەست کردنەوەی رۆڵەکانی کوردی درێژەدەری کۆماری کوردستان بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ بەشداریان کرد و خیانەتیان لە نەتەوەکەیان کرد . کوشتاری لاوانی کورد و داگیرکاری کوردستان و شەڕی جیهاد دژ بە کوردان نە لە ئێران و نە لە کوردستانی رۆژائاوا و نە لە بەشەکانیتر بە ناشەرعی نازانن ، تەنانەت ماوەیەک لەوە پێش یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبێکی ئیسلامی کوردستانی باشوور لەسەر لە سێدارەدانی لاوانی شۆڕشگێری کوردستانی رۆژهەڵات ، بانگەشەی ئەوەی کرد کە کۆماری ئیسلامی کارێکی دژ بە بنەما ئیسلامییەکان ئەنجام نەداوە .
هەرچەند لە راستیدا بێجگە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێج حیزب و لایەنێکی کوردی بە کردەوە رێزی لە دەستکەوت و بەها پیرۆزەکانی کۆماری کوردستان نەگرتووە ، بەو حاڵەش دڵنیام کە رۆژێک لە رۆژان خەون و هیوا وهومیدی کوردان دێتە دی و سەرئەنجام کۆماری کوردستان دادەمەزرێتەوە و باڵی ئازادی و سەربەخۆیی بەسەر نیشتمان دا دەکێشێ و کۆتایی بە داگیرکاری و کۆیەلەتی مرۆڤی کورد و وڵاتەکەی دێنێ.
لە کۆتاییدا و بە بۆنەی کردنەوەی دەلاقەیەکی نوێیتری رۆژنامەگەری و پەرەپێدان بە بواری رەوشنگەری و نووسین و بڵاو کراوەی زیاتر ، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە گۆڤاری ئەلکتڕۆنی” وڵات ” کە رۆژی دووی رێبەندان ساڵوەگەری دامەزرانی کۆماری خۆشەویستی کوردستانی کردۆتە دەستپێکی کار و تێکۆشان دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ بەرێوەبەرانی بە ئاوات دەخوازم .
جەژنی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە هەموو لایەک پیرۆز بێ.
کڕنۆش بۆ رۆحی مەزنی پێشەوا قازی محەممەد و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان .
بە هیوای ئازادی کوردستان و لە دایک بوونەوەی کۆماری کوردستان.
رەشید زەرواوی
ئاڵمان / ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاویی
سەرچاوەی وتار : گۆڤاری ئەلکتڕۆنی وڵات