دەوڵەتی “تدبیر و ئومید” بەر لەهەڵبژاردنەکان هێندێ بەڵێنی لەمێژینەی بە هاووڵاتیان بە تایبەت نەتەوەکانی ئێران دا
و ئەو بەڵێنیانە رۆچنەیەکی نە زۆر رووناکیشی بۆ هێندێ کەسی تایبەت کردەوە و هەر ئەو بەڵێنیانە بوو کە متمانەی خەڵکی بۆ لای روحانی راکێشا و بە جۆرێک لەجۆرەکان دەنگیان پێدا، نووسەر ئەو کات و ئێستاکەش لەو باوەڕەدابوو سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێکهاتەی ئاینییی و رووحانیی بوون دەسەڵاتداران رێگا بە گۆڕینی ستراتیژیکی ئەو نیزامە نادات؟ بەهەر حاڵ ئێستا ماوەی زیاتر لەچوار مانگە لە دەسەڵاتی روحانی تێدەپەڕێ و پێویستە ئەو بەڵێنیانەی کە داویەتی وردە وردە وەدیی بێت و یەکێک لەو بەڵێنیانە بریتی بوو لەجێبەجێ کردنی ئەسڵی 15 و 19ی یاسای بنەڕەتی ئێران کە باس لەخوێندن بە زمانی زگماکی “اقوام” لە ناوچەکانی خۆیان دەکات.
هەر چەندە پێشتریش ئەو بەڵێنییە لەلایەن کاندیداتۆڕەکانی پۆستی سەرکۆمارییەوە بە هاووڵاتیان و نەتەوەکانی ئێرانی بە تایبەت کوردەکان درابوو و هەموو کاتێکیش خەڵکی هەتا رادەیەک متمانەیان پێ کردوون، دیارە ئەو متمانەی هاووڵاتیان کورد بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەستیار بوونیان لەهەمبەر پرسی زمان و گرینگی دانیان بە ناسیونالیزمی کوردی. مەحموود ئەحمەدی نژادیش یەک لەو پاڵێوڕانە بوو کە 8 ساڵ لەمەوبەر بەڵێنێکی هاوچەشنی روحانی بە نەتەوەکانی ئێران دا و دوای یەک دەورە سەرکۆماریی و لەکۆتاییەکانی خولی یەکەمی دەسەڵاتدارییەکەیدا پرسی خوێندنی ئەدەبیات و زمانی نەتەوەکانی هێنایە بەر باس و لەشۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی پەسندیشی کرد و دواتر دەرکەوت کە تەنیا پڕوپاگەندە بووە و هیچی تر و مەنووچێهر موتەکیش لەو کەسانە بوو کە بەڵێنی جێبەجێ کردنی ئەسڵی 15ی بە نەتەوەکانی ئێران داوە.
بەو باسە دەمهەوێ بچمە ناو باسێکی هەستیارتر کە ماوەی چەند رۆژە هاتۆتە بەر باس و ئەویش ئەوەیە کە پرسی خوێندن بە زمانی زگماکی لەئێران هاتۆتە ئاراوە و بەم دوایانە فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی دژایەتی لەگەڵ پەروەردە بە زمانی زگماکی بۆ نەتەوەکانی ئیرانی دەربڕیوە و ئەندامانی فەرهەنگستانەکە پەرچەکرداریان بە قسەکانی عەلی یوونسی راوێژکاری سەرکۆماری ئێران بۆ کاروباری “اقوام” کە باسی لەپەروەردە بە زمانی زگماکی کردبوو، نیشان داوە و ئەو هەوڵەیان بە مەترسیدار و پیلانی رۆژئاوا وەسف کردووە.
بێشک دژایەتی ئەندامانی فەرهەنگستانی زمانی فارسی لەگەڵ خوێندنی زمانی غەیری فارسی دەتوانێ ببێتە سەرەتایەکی مەترسیدار و پەیامێکی روون و ئاشکرا بە مەبەستی کۆسپ خستنە زیاتری بەردەم زمانی کەمینە نەتەوەکانی ئێران کە زمانی کوردیش لەو کۆسپانە بێبەری نابێت. زمانی کوردی سەرەڕای جیاوازی و قووڵیی و بەربڵاوی زاراوەکانی، وەک کۆڵەکەیەکی بەهێز ماڵی کورد و کوردایەتیی راگرتووە و پردێکی پێوەندیی بەهێزیشە لەنێو فەرهەنگە ناوچەییەکاندایە و قورس و قایم لە بەرامبەر رەشەباکان و هێرشەکاندا ماوەتەوە، ئەو رەشەبایانەی کە خاکی کوردستانی دابەش و پارچەپارچە کرد.
هەتا ئێستا لەهیچ وڵاتێک ( بێجگە لەدیکتاتۆڕ)دا نەبووە کە منداڵ بەزمانی ئەسڵی خۆی بیچم بگرێ و لەبنەماڵەدا لەگەڵی بدوین و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن و هەر ئەو منداڵە کاتێک کە چووە قوتابخانە بەزمانێکی دیکە بخوێنێ و بنووسێ، هەر بۆیە زمان یەکێک لە نیشانە کولتوورییەکان و بەشێک لە شوناسی نەتەوەیەکە و لەروانگەیەکی فراوانتردا بە حوکمی ئەوەی کە زمان لەلایەک ئامرازی دەربڕین، فێربوون و گەشەی کولتوورە، لەلایەکی دیکەشەوە کەژاوەی گواستنەوەی کولتوور و فەرهەنگ لە وەچەیەک بۆ وەچەیەکی دیکەیە و بۆیە دەبێ لە گشت توخمە کولتوورییەکانی دیکە بە تەواوەتی جیا بکرێتەوە و بەو دەرئەنجامە دەگەین کە لەژیانی مرۆڤدا هێندێک مافی بنەڕەتی هەن کە بەشێکی جیانەکراوە لەسروشتی مرۆڤن و زمانی زگماکی یەکێک لەو مافە بنەڕەتییانەیە.
هەر بەپێی ئەو مافە سروشتییە دەسەڵاتدارانی ئێران دەبێ بەو قەناعەتە بگەن کە ئێران یەک نەتەوە نیە بەڵکوو یەک خاکە و هەروەها زمانیش تەنیا فارسیی نیە چونکە مافی سروشتی ئینسانەکان شتێکی جیاوازترمان پێ دەڵێ و لەکۆتاییدا دەتوانم بڵێم کە با چیدیکە رێفورمخواز و نوێنەرانی خەڵک لەمەجلیس بە داوی دروستکردنی پارێزگایەکی نوێیەوە نەبن، بەڵکوو لەهەمبەر بۆچوونەکانی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسیدا هەڵویستی بە کردەوەیان هەبێت و واز لە بۆچوزنە “نەرم”انەیان بێنێن کە لەباشترین حاڵەتدا دەڵێن:” فارسی زمانی فەرمیی و پێوەندیکردنە و هەروەها گرووپی “قەوم”یش لە ئێران هەن و خاوەنی “وردە کولتوور”ن.