جیاوازی بۆچوون و لێکدانەوەی ئیدۆلۆژییە سیاسییەکان شتێکی تازە نیە لە نێو پارتە سیاسییەکانی دونیادا.
لە دوای شۆرشی گەورەی فەرانسە ئەو جیاوازیانە چڕتر و بەهێزتر هاتوەتە نێو دونیای سیاسەت و جیهان بینی و ليکدانەوەی جیاواز و بەرداشتی جۆراوجۆر لە لایەن پارتە سیاسیەکانەوە لە ئیدۆلۆژیەکان هەتاکو ئێستاش بەردەوامە.
جوودابونی بۆچوون و لێکدانەوەی حیزب و رەهبەرە سیاسییەکان لە ئێدەکان، دونییای بە زۆر قۆناغی ترسناک و جۆراوجۆردا تێپەڕاندووە.لە شەرەی ناوخۆیی ئۆروپاوە بگرە هەتا شەرە جیهانیەکانی ئەوەڵ و دووهەم و شەڕی سارد و لە یەکتەرازانی زۆرێک لە دەسەڵاتە سیاسییەکان چەند نمونەی زۆر بەرچاوی قۆناغ و ئاڵ و گۆرە سیاسییەکانن
ئەو گێرە و کێشە و ئاڵ و گۆرە سیاسییانە کە هاتونەتە پێش،کوردیشی تێوەگلاندووە و خاکی کوردوستانی شی چەندین جار تووشی دابەشکردن کردووە لە نێوان ووڵاتانی ناوچەکەدا. (ێران،ێراق،تورکیە و سوریە)
بەدیژایی مێژووی ئەم گەلە،دوژمنان و داگیرکەرانی کورد و کوردوستان لە هیچ ئامرازێک بۆ کوشتن و لەناوبردنی کورد درێخیان نەکردوە و ناشی کەن. ئەوەی کە جێگای داخ و کەسەری گەلی کوردە،ئەوەیە کە شانبەشانی داگیرکەرانی کوردوستان ،پارتە “ڕزگاریخوازەکانی” کوردیش گورزی کوشەندەی وەهایان لە جووڵانەوەی ڕزگاری خوازانەی کورد و گەلی مەزڵومی کورد وەشاندووە.کە زۆر ئاستەم بوو بۆ دوژمنانی کورد کە بتوانن گورزی وەها لە کورد و جووڵانەوەکەی بووە شێنن. جووڵانەوەکانی کورد لە سەدەکانی نۆزدە و بیست شاهیدن بۆ ئەو دوژمنکارییەی کە کورد لە گەل خۆی کردوویەتی.
ئەگەر مێژووی نزیکی کورد و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی ئەم گەلە تماشا بکەین لە شەستەکانەوە هەتاوەکو ئێستا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە پارتە سیاسییە کوردیەکان بە چ ڕێگەیەکدا چوون. پارتە کوردیەکان بەجۆریک هێز و توانای خۆیان لە دژایەتی کردنی یەک بەکار بردوە و هەوڵی کزکردن و لە بەین بردنی یەکتریان داوە کە هیچ کاتێک بە دژمنانی کورد نەدەکرا،لەحاڵێکدا دەبووا هێزو توواناکانیان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری یەکجاری کورد و کوردوستان وەسەر یەک خستبا.
شەڕە دەنووکی ناو بەناو و شەڕی براکوژی بەینی ئەوحیزبانە و لەیەک ترازانەکانیان نمونەی هەرە بەرچاوی ئەو گورزە کوشەندەیەن کە لە جەستەی کورد و جووڵانەوەکەی کەوتووە.
بەشبەش بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردوستان بەسەر بچووکترین سلولی تەشکیلاتدا، کارێکی وەهای کردووە کە هەموو هێز و توانای پارتەکانی بە خۆوە خەریک کردوە و لە دژایەتیکردنی یەکتر نایانپەرژێتە سەر دوژمنانی راستەقینەی کورد و کوردوستان.
هەر حیزبێکی پارچەیەکی کوردستان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەڵگرتبێت لە لایەن حیزبێکیتری کوردیەوە لە بەر چۆکی دراوە و هەنگاوەکەی پێ کورت کراوەتەوە، لێدوانەکانی حیزب و ڕێبەرانی سیاسی کورد لە دژی یەک هەر بەردەوامە، ڕاستی یان ناڕاستی نێوەرۆکی لێدوانەکانیشیان لە لا زۆر گرینگ نیە، لە حاڵێکدا ئەو جۆرە هەڵس و کەوت کردنە ڕاست لە خزمەت دوژمنانی کورد و کوردستاندایە.
ماوەیەک پێش لە ووتارێکدا (نەوشیروان موستەفا) حیزبی دێموکڕاتی بەوە تاوانبار کرد کە بە قەولی ئەو ” حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، چارەنووسی خۆی بەستووەتەوە بە چارەنووسی حیزبی بەعسی عێراقەوە” لەحاڵێکدا بەڕێز نەوشیروان لە هەرکەس باشتر دەزانێ کە حیزبی دێموکرات سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانی خۆی لە سەرەتای دامەزرانیەوە هەتاکو ئێستاش پاراستووە و بە قۆناغی جۆر بە جۆردا تێ پەریوە، بەڵام حازر نەبووە لە دژی هیچ کوردێکی پارچەیەکی تری کوردستان بجوڵێتەوە. لە لێدووانێکی تردا ( د.محمود عسمان) 180 دەرەجە بە پێچەوانەی نەوشیروان لە سەر حیزبی دێموکڕات باس دەکات.
تاوانبار کردنی یەک بۆ یەکی حیزبەکانی باشووری کوردستان سەرەڕای دەیان کۆبوونەوە و ڕێککەوتننامەی ئەو حزبانە هەر بەردەوامە و بیرۆکەی دژایەتی کردنی یەکیان لە هاوکاری کردن لە نێوانیاندا زیاترە و ئەگەریش هەتا ئێستا توانیویانە هاوکاری و هاوپەیمانی یەک بکەن لە هەندێ بوواردا،لەسەر بەرژەوەندی حیزبی بووە و هەر ئەو بەرژەوەندییەش ئەوانی لە دەوری یەک کۆکردوەتەوە و قۆاناخ دوای قۆناخ بەرژەوەندییە نیشتمانی و گشتیەکان کەم ڕەنگتر بوونەتەوە و تەنانەت لە هەندێ بوواریشدا لە بیر چوونەتەوە. نموونەی مادەی 140 کە هیچکام لە حیزبەکان تەنانەت باسیشی لێوە ناکەن. بەڵام لە هەر کاتێک دا بەرژەوەندی حیزبییان لە مەترسی کەوتبێت هەڵوێستی دەستبەجێیان هەبووە هەرچەند هەڵوێستەکانیش زۆر بە زەرەری پرسە گشتی و نیشتمانیەکان بووبێت، نمونەی هەڵوێستی پارتی و یەکێتی لە سەر د (نەجمەدین کەریم) لە کەرکوک و کێشمەکێشی پارتەکان لە سەر پۆست و دەسەڵات کە هێشتا نەیانتوانیوە لە پاش نزیک بە 4 مانگ دووای هەڵبژاردن، حکومەت پێک بێنن نمونەی هەرە تازە و بەرچاووی ئەو ناتەباییانەن..
( رۆستەم جەهانگیری) ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ماوەیەک لەمەوپێش لە وتووێژێک لەگەڵ دەنگی ئاگریدا لە سەر پرسی کورد لە تورکیە دەڵێ
” ئاکەپە تەنیا حیزبێکە کە هەتا ئێستا لە تورکیا دانی بە پرسی کورد داناوە، لە سەر ئەو بڕوایەم کە ئەردۆغان دەتوانێت، پرسی کورد چارەسەر بکات، تەنانەت ئەگەر کوردەکان لە قەیرانی نێوان جەماعەت-حکومەتدا بێ لایەن بمێننەوە، دیسان پێویستە لە ئەردۆغان نزیکتر بن”
ئەم لێدوانەی بەڕێز جەهانگیری لەلایەن ئەندامان و ڕێبەری پەکەکە وە وەرنەگیراوە و تەنانەت هەندێک نیشانەی پرسیاریشی هرووژاندووە و دژە لێدووانیشی لێ کەوتووەتەوە.
بە بڕوای من ئەگەر بەڕێز جەهانگیری هەندێک زیاترو ووردتر لە سەر سیستەمی سیاسی ووڵاتی تورکیە موتالیعەی کردبا، ئەوەندە دڵخۆش نەدەبوو بە جەنابی ئەردۆغان و حیزبەکەی وئەردۆغانیشی لێی نەدەبوو بە قارەمانی ئاڵ و گۆڕەکانی تورکیە.
ئەو ئاڵ و گۆڕانەی کە لە تورکیەدا هاتونەتە پيش یەک لەوان پرسی کورد، نەک هەر قارەمانەتی ئەردۆغان نەبووە بەڵکو بەرهەمی بەرخۆدانی کورد خۆی بووە و ئەردۆغان هەوڵیداوە خۆی تەتبیق بکات لەگەڵ رووداوەکان ولەژێر فشارە دەرەکییەکان و شپرزەیی وەزعی ناوخۆیی ووڵاتەکەی وخۆلادان لە گەردەلوولی ئەو ئاڵ و گۆڕانەی کە لە ناوچەکەدا روویانداوە و بەخێرایی بەرەو پيشەوە دەڕۆن، و بۆ مانەوەی خۆی و حیزبەکەی لە دەسەڵاتدا تەسلیمی ئەمری واقیع بووە و هەوڵی نیزیک بونەوەی لەگەڵ کورد داوە.
لە ئەم هەل و مەرجەی ئێستادا کە ئەردۆغان لە تەنگانەیەکی پەرلەمانی ودەسەڵات دایە و پشتیوانی لایەنەکانی پێویستە بۆ ئەوەی کە بتوانێ سەبارەت بە پرسەکانی رۆژ زاڵ بێت بەسەر موخالیفەکانیدا، بێجگە لە کوردەکان هیچ لایەنیتر شک نابات ئەوپشتگیریەی لێبکەن.
بۆ هەموو لایەکیش روونە کە لە ئیدۆلۆژی ئەردۆغان و حیزبەکەشیدا هیچ جۆرە باوەڕ و قەناعەتێک بە ماف و ئازادیەکانی کورد بەدی ناکرێت. لە ووڵاتی تورکیەش دا لەسەر پرسە گرنگەکانی ئەو ووڵاتە، قسەی ئاخیر جنڕاڵەکان دەیکەن و لە “دێمۆکڕاسی نیزامی” تورکیەش دا ئەردۆغان ناتوانێت ئەوقارەمانە بێت کە بەڕێز جەهانگیری باسی دەکات.
لەلایەکی ترەوە بەڕێز (موراد قهرهیڵان) فهرماندهی ناوهندی پاراستنی گهل، باڵی سهربازی پەکەکە بەبۆنەی 68ەمین ساڵۆگەڕی کۆماری کوردستان لە ووتارێکدا دەڵێ “به داخهوه حزبی دیموكرات وانهی پێویستی لهو كۆماره وهرنهگرت و سوودی لێنهبینی چونكه پاش كۆماری كوردستان جارێكیتر رێكخستنهكانی خۆیان به پشت بهستن به دهرهوه رێكخستهوه، پشتی به گهل و خهڵكی خۆی و هێزی خۆی نهبهست بۆیه سهركهوتنی درێژ ماوهی بهدهست نههێناوه”
بەداخەوە ئەمجۆرە لێدوانە یان دیکتە کراوە یان لە بێ ئاگاهییەوە سەرچاوە دەگرێ و بێجگە لە تۆوی دووبەرەکی و لەیەک ترازانی کورد زیاتر هیچ سوودێکیتری نیە.
ئەگەر ڕێزدار قەرەیڵان ئاگاهیەکی باشتر و روونتری لە سەر مێژووی ئێران و رووداوەکانی ئەوکاتی ناوچەکە هەبایە، پێ نەدەچوو لێدووانی لەوبابەتەی بدایە.گێڕانەوەی هەر رووداوێکی مێژوویی دەبێ مونسیفانە بێت و شیکاریەکی ووردتری بۆ بکرێت . لێدووانەکەی بەڕێز قەرەیڵان خۆی لە خۆیدا یەک ناگريتەوە، ئەو باسی دوو قۆناغی جیاوازی مێژوویی دەکات کە لەگەڵ یەکدا ناتەبان
.بێگومان ئەگەر بەڕێز قەرەیڵان باسی حیزبی دێمۆکڕاتی 68 ساڵ پێش لە ئێستای کردبا وشیکاری کردبا بۆ بارو دۆخی ئەوکاتی ئێران و پێکهاتەی کۆمەڵی کوردەواری و هەلومەرجی پێکهاتن و ڕوخانی کۆماری کوردستان، توشی ئەم جۆرە لێدووانە نەدەبو.
ئەگەر بەڕێز قەرەیڵان پێوەندی کۆماری کوردستانی لەگەڵ زل هێزەکان و پشت بەستن یان نەبەستنی کۆمار بە دەرەوەی باس کردبا،مەسەلەیەکی تر دەبوو.چوونکە هاتنی ئەرتەشی سووری شووڕەوییی پێشوو و هێزی هاوپەیمانەکان بۆ ئێران و بێدەسەڵاتی پادشای ئێران، هەل و مەرجێکی تایبەتی هێنابووە گۆڕێ کە کۆماری کوردستان هەر دەبوو لەگەڵ زلهێزەکانی دەور و بەر پيوەندی هەبێ.
بەڵام بەڕێزیان پشت بە بێگانە بەستنی حیزبی دێمٶکڕات دەخاتە دووای روخانی کۆمار و کاتی ڕێکخستنەوەی لەسەرنوێی تەشکیلاتی ئەو حیزبە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە سەرەتای بووژاندنەوە و ڕێکخستنەوەی تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە دوای رووخانی کۆماری کوردستان،هەتاکو ئێستاشی لەگەڵ بێت تەنانەت لە لایەن دوژمنەکانی ئەو حیزبەشەوە لەسەر پشت بە بێگانە بوونی حیزبی دێموکڕات بەڵگەیەک بڵاو نەکراوەتەوە.
زۆر دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە کە پارتە سیاسییەکانی کوردستان و رێبەرانی کورد بیرێک لە نیشتمانە دابەشکراوەکەمان و گەلە مەزڵومەکەمان بکەنەوە وئەم شەڕە دەنووکە لە دژی یەک کۆتایی پێ بهێنن و چیدی بە سازی دوژمنانی گەل و نیشتمان نەڕەقسن. گەلی کورد بەگشتی لە هەرسەردەمێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و یەکدەنگی هەیە، گەلی کورد چاوەڕووانی هەیە لە پارتە سیاسییەکانی کوردستان کە لە یەک نزیک ببنەوە و هيزو توانای خۆیان بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمان بەکار بهێنن،نەک بۆ دژایەتی کردنی یەکتر.
سوید ٤/٢/٢٠١٤