"an independent online kurdish website

کاک خالید و کاک محەممەد کە ماوەی 2 مانگ لەمەوبەر لە لایەن کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران مافی ئەندامەتییان لێ‌ سەندرایەوە.

 

نامەیەکی سەر ئاوەڵە ىڵاو دەکەنەوە

 

دەقی نامەکە:

نامەیەکی سەرئاوەڵە بۆ ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان

نامەیەکی سەرئاوەڵە بۆ ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان

هاوڕێیانی بەڕێز و تێکۆشەر، سڵاوێکی گەرمتان پێشکەش، هەروەک هەمووتان ئاگادارن، نزیک بە دوو مانگ لەوەپێش، لە ناکاو و بەبێ هیچ قسەوباسێکی پێشەکی بە هێنانەوەی چەند بیانووی بێ‌بنەما کە ئاوا داڕێژا بوو:”به‌شداری نه‌كردنتان له‌ كۆبوونه‌وه‌ حیزبیه‌كان، به‌ڕێوه‌ نه‌بردنی ئه‌ركه‌كانی ئه‌ندام به‌گوێره‌ی پێڕه‌وی ناوخۆ، به‌ تایبه‌ت ته‌بلیغاتی مه‌نفی‌و هه‌وڵی به‌رده‌وامتان بۆ دڵسارد كردنه‌وه‌و دوور خستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی دیكه‌و تێكدانی یه‌كڕیزی كۆمه‌ڵه”‌، ئەندامەتیان لە ئێمە ئەستاندەوە. لەو ماوەیەدا لە لایەن زۆربەی ئێوەوە ئەو بڕیارەی بەڕیوەبەرانیکۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان مەحکوم کرا و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە ناڕەوا و تێکدەرانەیە خرا بەر دەم مەسئولانەوە کە تا ئێستاش هەر لەگەل بیانو هێنانەوە و نکۆڵی و تەنانەت هەڕەشە لە ئەندامانی ناڕازی بەرەوڕو بۆتەوە.  لەو نامەیەدا ئێمە نامانەوێ وەڵامی ئەو تۆمەتانە بدەینەوە کە لەو ڕەستەیەی سەرەوەدا هاتوە، ئێوە خۆتان لە نامەکانتاندا ئەو وەڵامانەتان داونەوە. ئەوان زۆریان هەوڵدا بیشارنەوە کە بڕیاری ئەستاندنەوەی ئەندامەتی لە ئێمە نەک لەبەر بیری جیاواز و ڕەخنەگرانەی ئێمە بەڵکو هۆکاری دیکەی بوە. بەڵام هەروەک لەو ماوەیەدا دیتمان ئەوان لەو هەوڵەیاندا سەرکەوتو نەبون و هیچ کەسیش بۆی نەسەلماندن کە شتێک غەیری بیروبۆچونی جیاواز و ڕەخنەگرانەی ئێمە بوبێتە هۆی ئەو بڕیارە.

جێی خۆیەتی بە کورتی سەرنجێک بدەین بزانین ئەو بڕیارە و بە گشتی سیاسەتی تەسفیە و زەبر و زەنگ کە لەو حیزبەدا و بە خەیاڵ لە پێناو دروست کردنی حیزبی پۆڵاییندا گیراوەتە پێش چ ئاکامێکی لێ کەوتۆتەوە:

  • ئەو بریارە یەکریزی دروست نەکرد، بە پێچەوانە کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی خستە موخالەفەتی بڕیاردەرانەوە.
  • ئەو بڕیارە کەسی نەترساند، بە پێچەوانە سیمای مەسئولینێکی نیگەران و بێ باوەڕ بە خۆی نیشانی کۆمەڵگا دا.
  • ئەو بڕیارە ئەندامانی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنی پێ بێ دەنگ نەکرا، بە پێچەوانە فەزای سیاسی و ڕەخنەگریی زۆرتر خۆی سەلماند.
  • ئەو بڕیارە بارودۆخی نێو تەشکیلاتی ئارام نەکردەوە، بە پێچەوانە قەیرانێکی خولقاند.
  • ئەو بڕیارە نەبوە هۆی خۆشنێوی بۆ بڕیاردەرانی، بە پێچەوانە مەشروعیەتی ئەوان و بە تایبەت دەبیرکولی زۆرتر هێنایە ژێر پرسیارەوە.
  • ئەوان کە وەک هەمو جارەکانی پێشو پێشبینی کاردانەوەی بریارەکەی خۆیان نەکردبو، مەجبور بوون لە درێژەی خۆیدا، تا ئەو جێگایە بچنە پێشێ کە پەنا بەرن بۆ هەڕەشەی  دەرکردن و کاری لەو چەشنە بەرانبەر بە ئەندامانێک کە دژایەتی بڕیارەکەیان کردبو.
  • ئەوان بۆ شاردنەوەی مەبەستی ئەسڵی خۆیان لەو کارە، پەنایان برد بۆ قسەی ناڕاست و گۆڕینی قسە لە کۆبونەوە و نامەی جواروجۆردا و تەنانەت بە دەم دۆستانی کۆمەڵەوە قسەیان هەڵبەست.
  • ئەوان بەو کارەی خۆیان و هەڵوێست گرتنەکانی دواتریان لە سەر ئەو کارە، نێوی کۆمەڵەی شۆڕشگێریان، وەک حیزبێکی ناتەبا لەگەڵ بیری کراوە و ئازاد، بۆ جارێکی کە بردەوە سەر مێدیای گشتی و بەم جۆرە پاڵیان پێوە نا بۆ دورکەوتنەوەی زۆرتر لە خەڵک.
  •  ئەوان بەو کارەی خۆیان نیشانیان دا کە توانای چارەسەری هیچ قەیرانێکیان نیە، وەک هەمو جارەکانی پێشو کاتێک لەگەڵ ڕەخنە و موخالەفەت چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە بەرەوڕو دەبنەوە، پێش هەمو شتیک پەنا دەبەن بۆ توند و تیژی و هەڕەشە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە هەمو ڕەخنە گرێک دەبێتە نەیار و هەمو نەیارێکیش دەبێتە دوژمن.

هاوڕێیان، ئەوان لە دوایین نامەیاندا لە وەڵامی نامەی پێشوی ئێوەدا، وێڕای موتەهەم کردنی ئێوە بە کەسانێک کە کەوتونە دوای قسەی هێندێک ئاژاوەچی!! کوتویانە کە خالید و محەمەد خۆیان داوایان نەکردوە بگەڕێنەوە، ئێوە بۆ بون بە وەکیلی ئەوان! با بۆخۆیان داوا بکەن.

ئێمە لە وەڵامدا دەڵێین کە ئەو قسەیە تەنیا بە مەبەستی لێڵ کردنی بابەتەکەیە و بۆیەیە کە تاوانی خۆیان لەو کارە و کاردانەوەکانی دواتریدا داپۆشن. خۆ ئێمە بە خوازیاری خۆمان نەچوینە دەرێ کە داوای هاتنەوە بکەین! ئەو بڕیارە و شێوازی بە کردەوە دەرهێنانی، تەبایی نیە لەگەڵ هیچ خاڵێكی هەر ئەو پەیرەوە ناوخۆییەی کە لە دوایین کۆنگرەدا پەسند کرا. بە هێنانە گۆڕی ئەو قسەیە، دەیانەوێ بیشارنەوە کەئەوە ئەوانن پەیرەوی ناوخۆیان ژێر پێ ناوە و ئەو ئەوانن یەکریزیان شێواندوە. بەرپرسی بەلاڕێدا چوون و دابەزین و ناخۆشەویست بوونی ئەو حیزبە لە ڕاستیدا هیچ کەس نیە، غەیری دەبیر کول و ئاڵقەیەکی بچوکی دەوری ئەو کە ساڵانێکە لەسەر ئەو هەوایە دەیبەنە پێشێ.

هەر لەو دوایین نامەیەدا نوسیویانە کە ”باس کردنی پرسە حیزبی و نێوخۆییەکان لە مێدیا گشتیەکاندا ڕیگەپێدراو نیە، هەر کەس لێی لادا سزای تەشکیلاتی دەدرێ!” ئاشکرایە کە مەبەستی ئەوان لە نوسینی ئەو ڕەستەیەبەرگری لە دەربڕینی بیروبۆچونی جیاواز وڕەخنەگرانەیە، چونکە ئەوەی تا ئێستا خەڵکیان لە سەر سزا داوە تەنیا بیروبۆچونی سیاسی جیاواز بوە.  ئەو ڕەستەیە یانی بە ئەمنیەتی کردنەوەی قسە و باس و نەزەری سیاسی، یانی کەسانێک مافی ئەوەیان ببی خەتی سیاسی داڕێژن و ئیجرای کەن و مەسئولیەتی شکستەکانیش نەگرنە ئەستۆ و کەسیس بۆی نەبێ ڕەخنەیان لێ بگرێ. مل کەچ کردن و بیدەنگ بوون لە بەرابەر ئەو جۆرە لە داسەپاندنی دەسەڵاتی حیزبی دەبێ بۆ هەمو ئینسانێکی سیاسی و سەربەخۆ و بۆ هەمو تێکۆشەرێک خەتی سوور بێ! جێگای قسە وتەحلیل و لێکدانەوەی ڕەخنەگرانە و  سیاسی ئەودیوی ژورە داخراوەکان نیە، بەڵکو ئاستی گشتی و نێو خەڵک و مێدیای ئازاد و تەلەویزیۆن و ئینتێرنێتە. هەر ئەوەیە کە حیزب و کۆمەڵگا و بزوتنەوەش بەرەو پێش دەبا.

لە کۆتاییدا هەر چەند دەزانین، هەوڵ و ماندو بونی ئێوە لەو ماوەیەدا بۆ پارێزگاری لە مافی ئازادی بەیان و دێمۆکراسی بوە، بەڵام چونکە ئەوجارەیان بە ئێمە مەربوت بۆتەوە، پڕ بە دڵ سپاستان دەکەین و هیوادارین بەردەوام بن.

محەمەد موهتەدی

خالید سیادەت

٢٠١٤/٠٢/١١

 

 بابەتی پەیوەندیدار

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی