دەکرێ بوومەلەرزەی ئۆکراین وەکوو هوشدارێکی زۆر جیدی بۆ سەر رووسیە بێت و بە جۆرێک لەجۆرەکانیش رووسیە بۆ خۆی هەستی بەوە کردووە و هەر لەسەرەتای لابردنی ” ویکتور یانکوویج” سەرکۆماری ئەو وڵاتە،
حکوومەتی پوتین رایگەیاند کە بە هیچ شێوازێک حکوومەتی نوێ بە فەرمی ناناسێت. مۆسکۆ شۆڕشی ئۆکراینییەکانی بە هەوڵێکی چەکدارانە و مەترسیدار وەسف کردووە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی زمانی رووسی وەکوو زمانی دووەمی ئۆکراین و هەوڵی دروست کردنی پێوەندیی سیاسیی ـ ئابووری دەوڵەتی نوێی ئۆکراین لەگەڵ رۆژئاوا و پشتیوانی ئەمریکا لە شۆڕشی جەماوەری ئەو وڵاتە، پەرچەکرداری دەوڵەتی تازەی ئۆکراین بە هەڵویستی رووسیە بوو.
ئێستا پرسیارەکە لێرەدایە رۆڵی مۆسکۆ لەئۆکراین و دژایەتیی لەگەڵ ویستی خەڵکی ئەو وڵاتە چ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر حکوومەتی ئێران دەبێت و پێوەندییەکانی رووسیە لەگەڵ ئێران و سووریە بەرەو کوێ دەروات؟
بێ گومان رێبەریی رووسیە بە بوونی شۆڕشی دراوسییەکەی کە بە هاوپەیمانی گیانی گیانی دەهاتە ئەژمار، تووشی قەیران بووە و دەبێت، قەیرانی ئۆکراین ولەدەست دانی ئەو وڵاتە، بەشێکی گەورە و زۆر لەکاتی رووسەکان بە خۆیەوە تەرخان دەکات و ئێستا ئەو قەیرانە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە و بە هۆی رق و کینەی خەڵکی ئۆکراین لەرووسیە ئەو قەیرانە بەربڵاوتر و پەرە دەستێنێت و ئەو بێزاریەش سەرەتا خۆی لە هەڵوەشاندنی زمانی رووسی لەو وڵاتەدا بینیوەتەوە.
بەڵام هەڵویست و لێداونەکانی لێپرسراوانی حکوومەتی ئێران لەمەڕ کێشەکانی ئۆکراین دەرخەری نیگەرانی ئەوانە و تێکەڵ بوونی رووسیە لەکێشە ناوخۆییەکان، جێگە و پێگەی حکوومەتی ئێران لە وتووێژە ناوکییەکاندا بەرەو لاوازی دەبات، چونکە ئێران گرینگترین هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خۆی کە لە پرسە ناوکییەکەیدا یارمەتیی دەکات، لەدەست دەدات. لەحاڵی حازردا خولی سێهەمی وتووێژە ناوکییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی تۆکمە و دیار کە تێیدا حکوومەتی ئێران بتوانێت ” ئاشتیخواز” بوونی چالاکییە ناوکییەکانی بە دونیای دەرەوە بسەلمێنێ، کۆتایی پێهات، وتووێژێک کە یەک دەیە لە دەسپێکی تێدەپەڕێ و هەتا ئێستاش هیچ ئەنجامێکی بەرچاوی لێنەکەوتۆتەوە و لەم دوایانەش رێبەری حکوومەتی ئێران عەلی خامنەیی لەلێدوانێکدا رایگەیاند کە بەو وتووێژانە خۆشبین نیە و بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لەلایەکەوە بەڵێنی خۆشبژێوی و رفاهی زیاتر بە خەڵکی ئێران دەدەن و لەلایەکی دیکەشەوە هەڵویستی ” ئیقتسادی موقاومێتی” دەگرنە بەر.
بێ شک ئەو یارییەی ئێران کە هەتا ئێستاش هیچ ئەنجامێکی بێجگە لە داڕمانی ئابووری بۆ خەڵکی ئێران پێ نەبووە، بێ پشتیوانەی رووسیە ئیمکانی نەبووە و نیە. رووسیە بە مەبەستی رکابەریی لەگەڵ جیهانی ئازاد لە هێندێ وڵاتی وەکوو ئێران و سووریە وەکوو کارتێکی فشار لە هەمبەر رۆژئاوادا کەڵک وەردەگرێت و نەتەوەکانی ئێرانیش بوونەتە قوربانیی دەستی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران و رووسیە و حکوومەتی مۆسکۆ بەوەش رانەوەستاوە و بەهاوکاری ئێران و گرووپە توندرەوەکان دەستیان لە ئاڵۆزییەکانی یەمەنیشدا هەیە. رووسیە بە پشتیوانی کردن لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو دەرفەتەی بەو حکوومەتە داوە کە بەدڵی خۆی ئەسبەکەی لە گۆڕەپانی توندوتیژییەکاندا تاو بدات و لە هەمبەریشدا بە شێوەیەکی فەرمیی ئێرانی کردۆتە دیلی بەدەستی خۆی وبەکەڵک وەرگرتن لە دۆخی نالەباری کۆماری ئیسلامیی و سەرەڕۆییەکانی لەناوچەدا، دەستی داوەتە پاوانکردنی داهاتی خەڵکی ئێران. کەم بوونەوەی پشکی ئێران لە زەریای خەزر لە 50%وە بۆ 13%، نەدانی مووشەکی “اس 300” بە ئێران کە ساڵی 2007، حکوومەتی ئێران بە بڕی 800 میلیۆن دولار کڕیبووی نموونەی پێگەی لاوازی حکوومەتی ئێران لە هەمبەر رووسیە دایە و لەهەمبەردا ئەگەر چاوێک بە رۆڵی رووسیە لە بەرنامەی ناوەکیی ئێراندا بخشێنین، قووڵی کارەساتەکمان زیاتر بۆ دەردەکەوێ، بەدەستەوە گرتن و دروست کردنی نیرووگای بووشێهر بە تەکنیک و تێکنۆڵۆژی دواکەوتوو و کەلوپەلی بەجێی ماوی بنکەی “چرنوبیل” کە دەتوانی کارەساتی مرۆیی ـ ژینگەیی لێبکەوێتەوە نموونەی دیل بوونی ئێران لەژێر دەستی رووسیە دایە.
بەهەر حاڵ با لەکاکڵی باسەکە دوور نەکەوینەوە، دیارە کێشەکانی رووسیە لە ئۆکراین و سەرقاڵ بوونی بەو قەیرانە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری لەسەر سووریەش دادەنێ بەڵام بە رادەیەکی کەمتر لەئێران، چۆن چالاکیی و رۆڵی دەوڵەتی پوتین لە سووریە تەنیا خۆی لەهەناردە کردنی چەکوچۆڵ بۆ چەکدارانی بەشار ئەسەددا بینیوەتەوە و سەرقاڵ بوونی رووسیە بەکێشە ناوخۆییەکان لەبەرژەوەندی دژبەرانی بەشار ئەسەدیش دایە.
قەیرانەکانی ئۆکراین لەوەش کە هەیە زیاتر پەرە دەستێنێ بەتایبەت ئەگەر رووسیە بیهەوێ هیندێ ناوچە لە ئۆکراین جیا بکاتەوە و لەلایەکی دیکەوە ئۆکراینی نوێ دەیهەوێ لە رۆژئاوا و ئەمریکا خۆی نزیک بکاتەوە و ئەوەش بە دڵی مۆسکۆ نیە. ئەو روسیەیەی کە بە بەردەوامی باسی لە رۆڵی خۆی لەئێران، دەریای مەدیترانە، ناوچەی کەنداو و میسر دەکرد، لەناکاو سنوورەکانی وەکوو دووڕگەیەکی شڵەژاو و نائارامی لێهات و پریشکی ئاورەکە لێی نزیک بۆتەوە.