وەک دەزانین سبەینێ ٨ی مارسە، ئەو ڕۆژەی کە ناودێر کراوە وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان. ڕۆژێکە لە ساڵدا کە هەموو چالاکوانانی ژنان و خوازیارانی مافی یەکسانی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ،
لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەک بە بارودۆخی ژناندا بکەن و پلان و بەرنامەی نوێ بۆ باشتر کردنی هەلومەرجی ئەوان دیاری بکەن. لەو جێگایانەش کە ژنان بە بەشێکی بەرچاو بە مافەکانیان گەیشتوون، بە شێوازی جۆراوجۆر یادی ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن، وەک دروست کردنی جێژن و ڕۆژێکی خۆش و پیرۆزبایی بە یەکتر گوتن.
من کە دەبینم بەشێکی هەرە زۆری ژنانی کۆمەڵگاکەم لە سەرەتاییترین مافی مرۆیی خۆیان واتە، مافی ژیان بە ئازادی و دوور لە توندوتیژی دەژین، بیرم کردەوە داخوا ٨ی مارس دەتوانێ چ دەردێکی ژنە مافخوارەوەکانی کورد دەرمان بکات؟
دیسانیش پرسیارێکم لە خۆم کرد و گوتم تۆ بۆ خۆت چیت لە دەست دێت بۆ ژنان؟ لەوێش تۆزێک ڕاوەستام و بیرم کردەوەو بە خۆمم گووت مادام بەشی هەرەزۆری توندووتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگای کوردەواری دایە، زۆر پێویستە بۆ خۆت لەو مەیدانە دابیت بۆ ئەوەی شتێکت لە دەست بێت بۆ ژنان.
بەڵام دیسان بە خۆمم گووت ئاخر خۆ نابێت هەر لێرەشەوە ئاوا بێ دەنگ بیت و متەقت لێوە نەیەت و ئەگەر بە وتنیش بێت شتێک نەڵییت ە دەنگێک هەڵنەبڕی لە جیاتی ئەو ژنانەی کۆمەڵگاکەت کە دەرفەتی دەنگ بەرز کردنەوەیان نییە. ماوەیەک هەروا بیرم کردەوەو لە گەڵ خۆم هەر لە گفتوگۆدا بووم بۆ ئەوەی شتێک ببینمەوە کە لانی کەم ویژدانی خۆمی پێ ئازاد بکەم لە بەرانبەر بزووتنەوەی ژناندا. لە پێشدا ئەوە بڵێم زۆر جار کاتێک کە دەبینم ژنێک دەکوژرێت یان تووندوتیژی دەرهەق دەکرێت، لە هەمانکاتدا کە هەست بە ئازارێکی بە ژان دەکەم خۆشم بە قەرزاری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەزانم کە بە پێی پێویست کاتی بۆ دانانێم.
جا هەربۆیە لە ئاکامدا بڕیارمدا کورتە چیرۆکێک لە سەر بەسەرهاتی ژنێک بنووسم کە بۆ خۆم شاهیدی بە سەرهاتەکەم بۆ ئەوەی یادێکمان لەو ژنانە کردبێتەوە کە جەستەی نازداری خۆیان قوربانی بیروبۆچوونی دواکەوتوانەی پیاوسالاری کردووە.
بە سەرهاتەکە بەو شێوەیە دەست پێ دەکات:
چارەنووسی کچێکی خوێن شیرین بە ئاگر لە خۆ بەردان بۆ تاهەتایە کۆتایی پێهات!
نازەنین کچێکی تا بڵییت خوێن شیرین و ڕۆح سوک و هەمیشە دەم بە پێکەنین بوو. ئەوەش وای کردبوو کە نازەنین زۆر زوو بچێتە نێو دڵی دەستەخوشکانیەوە. جوانی و خوێنشیرینی نازەنین ئەوەندە زۆر بوو وای کردبوو کە کوڕیکی دراوسێی خۆیان بە ناوی ئارام شێت و شەیدای نازەنین ببێت و ئارەزوو بکات کە ڕۆژێک لە گەڵ نازەنینی خوێنشیریندا ژیانی هاوبەش پێک بهێنن. خۆشەویستی نازەنین و ئارام بۆ یەک بێ هاوتا بوو، هەردووکیان ساتەکانی ژیانیان بە یادی یەکترەوە بە سەر دەبرد.
نازەنین باوکێکی زۆر بەدفەری، هەبوو کە بیرێکی زۆر دواکەوتوانەی ئاینیی هەبوو، کە هەمیشە لە بیری ئەوەدا بوو کە خۆی گووتەنی لە خوا ترسێک یان کەسێک پەیدا بکات بۆ نازەنین کە وەک خۆی ئاینیی بێت و ڕۆژانە زیاتری کاتەکانی خۆی بۆ بیر کردنەوە لە خواو خواپەرەستی تەرخان بکات. ئەمە لە کاتێکدا کە ئارام کوڕێکی باش و و گەنجێکی تێگەیشتوو بوو، کە دەیتوانی ژیانێکی زۆر خۆش و بەختەوەر بۆ خۆی و نازەنین دروست بکات. بەڵام ئارام ئاینیی نەبوو، ئەمەش وای کردبوو کە زۆر مەحاڵ بێت باوکی نازەنین بە هاوسەرگیری نازەنینی کچی لە گەڵ ئارام ڕازی بێت.
نازەنین و ئارام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هۆگری یەکتر دەبوون، ئارام چەندین بار خوازبێنی ناردە لای باوکی نازەنین، بەڵام بەداخەوە باوکی نازەنین لە سەر قسەی خۆی سوور بوو هەر دەیگووت من کچی خۆم نادەم بە کافر و کەسێک کە ئایینی نەبێت و نوێژ و ڕۆژوو نەکات. ئارام هەتا ئەوەشی قەبووڵ کرد کە ئەم ئامادەیە نوێژوو ڕۆژوو بکات، بەڵام باوکی نازەنین ئەوەشی قەبوڵ نەکرد، چوون دەیگووت ئەوە تۆ ئەو کارە لە بەر کچەکەی من دەکەیت نەک لە بەر ترست لە خوای گەورە. بە هەرحاڵ نازەنینی خوێن شیرین شەو و ڕۆژی لە تاریکیدا بە سەر دەبرد. لە بێدەنگیدبۆ خۆی دەگریا وا فرمێسکی بۆ چارەی ڕەشی خۆی بە دەست ئەو باوکە دڵڕەقەیەوە دەڕژاند.
پاش ماوەیەک باوکی نازەنین بۆ خۆی مامۆستایەکی ئاینیی بۆ نازەنین پەیدا کردو نازەنینی لێ مارە کردو پێدا. دوای ماوەیەک مامۆستای لە خوا ترس نازەنینی ڕۆح سوکی گوێزایەوە. نازەنین لە گەڵ مامۆستاکەدا ماوەیەک ژیانیان پێکەوە بە سەر برد، بەڵام هەروەک نازەنین خۆی دەیگێڕایەوە ئەو مامۆستایە ڕۆژانە ئازاری نازەنینی دەدا و هەموو دەرگاکانی ژیانی خۆشی لێ داخستبوو. نازەنین چەندین بار هانای هێنایەوە ماڵی باوکە بێڕەحمەکەی و داوای دەکرد با لەو مێردەی جیا بێتەوە، بەڵام هەموو جارێک باوکی بە زۆر دەیناردەوە بۆ ماڵی مێردەکەی و پێی دەگووت من تا ئەو مامۆستا ئایینیەم بۆ تۆ پەیدا کرد قیر بوو بە شیر، ئێستا تۆش داوای جیابوونەوە دەکەیت؟ ئا بەو شێوەیە، نازەنینی ئازیزیش هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆ ژیانی خۆی نەبینییەوە بێجگە لەوەی کە ئاگر لە جەستەی ناسک و جوانی خۆی بەربدات.
پاش ماوەیەک بیستم کە نازەنینی نازدار و خێر وخۆشی لە دونیا نەدیو خۆی سوتاندووە پاش ئەوەی کە زانیویەتی چارەی ئەو قەبووڵ کردنی ئەو ژیانە پڕ لە ژان و ئازارەیە لە گەڵ مامۆستای مێردیدا. نازەنین پاش چەند ڕۆژ بەربەرەکانی لە گەڵ مەرگ چاوە جوانەکانی لە سەر یەک ناو بۆ تا هەتایە ماڵئاوایی لە ئارام و هەموو دەستەخوشکانی کرد.
چارەنووسی نازەنین و هەزاران نازەنینی دیکەی کۆمەڵگای کوردەواری دەردێکی بەژانە کە ڕۆژانە دڵی ئێمە ئازار دەدات. جا هەربۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگای کوردەواری و لە سەرووی هەموویانەوە ژنان خۆیانە کە بێ ماندوو بوون هەوڵ بدەن بۆ بەرەوپێش بردنی ڕەوتی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا. لە پێشدا خۆیان پێ بگەیەنن بە بیری پێشکەوتوو، هەروەها شارەزابوون لە سەر مافەکانی خۆیان، پاشان کار بکەن بۆ ئەوەی کاریگەریان لە سەر کۆمەڵگای کوردەواری هەبێت. لە هەرێمی کوردستانیش پێویستە ژنان فشار بێنن بۆ حوکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە جدی داکۆکی بکات لە مافەکانی ژنان و هەروەها زەمانەتی بەڕێوەبردن و جێبەجی کردنی یاسایی لە مەڕ مەسەلەکانی ژاندا هەبێت لە کوردستان. بەو هیوایە بۆ ٨ی مارسی داهاتوو لانیکەم شاهیدی ئەوە بین کە کوشتن و لە ناوبردنی ژنان لە کوردستان و جیهان گەیشتبێتە ئاستی نەبوون.
نۆرویژ. ٠٧.٠٣.٢٠١٤