"an independent online kurdish website

شێرکۆ بێکەس بە گێڕانەوەیەکی دڵتەزێن باس لە مردنی فایەق بێکەسی باوکی و هەتیو بوونی خۆیی و بێوەژن بوونی دایکی دەکات.xolemesh-

 

نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش    ٢٠١٣

لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس

بەرگی یەکەم ٤٥٥ لاپەڕە 

 بەرگی دووەم ٤٣٩ لاپەڕە

پێشەکییەکی کورتی ناوەندی غەزەلنووس

   شانۆی ژیانی کورد، هەر پەردەیەکی پڕ لە رووداوی کارەساتاوی و شادیی هەمەجۆرە. بەسەرهاتەکانی تاڵ و شیرینن، ئازارەکانی بەسفتوسۆن، چیرۆکەکانی خەمناک و هەست بزوێنن، جوڵەکانی سەیر و ماندووکەرن، ئەکتەرەکان هەگبەیان پڕ لە رازونیازە. لەم دوو بەرگەدا ژیانی زیاتر لە نیوسەدەی تژی لە هەوراز  ونشێوی خەبات و ژینگەی ئەدەبی و مەملەکەتی شیعر و هەسارەی پەخشان و نووسین و بەهەشتی جوانی و خۆشەویستی ژیان و بەرهەمی شاعیری گەورەی کورد مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە چاپێکی رازاوەدا بەرچاو دەکەوێ. لەم بیرەوەرییانەدا شاعیرلە تەمەنێکی درەنگدا بڕیاری نووسینەوەی ژییانامەی خۆی داوە، زیاتر پشتی بە روناکی زەینی خۆی و بیرتیژی بردووە. دەنا هیچ کەلێندەر و دەفتەری تۆماری رۆژانەی نەبووە، بۆ یاداشتکردنی رووداوەکان. ئەم دیاردەیە وای کردووە،هەندێ باس و خواست کە خوێنەر چاوەڕێیەتی و شێرکۆ دەبێ لێیان بدوێ، بەر تیشکی رووناکی زەینەکەی نەکەون. هەر لێرەدایە ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێ لەهاوڕێ نزیکەکانی رەنگە باشتر هەندێ لە بیرەوەرییەکانیان لەبیر مابێ. لەتەک ئەوەدا کە دەڵێ:” بیرەوەرییەکانی بە سنگفراوانی و لێبووردووانە دوور لە رک و کینە و کای کۆن بە با کردن نووسیوە”. من پێم وایە ئەمە پەیڕەوکردنی رێبازێکی باشە و بە هیوام ببێتە سەرمەشق بۆ ئاییندە. هەمان کات، داوای لێبووردن لە خوێنەرانیش دەکات گەر شتێکی لە بیرچووبێت. لێ وەک دەڵێ: “مەرج نییە هەموو شتی بەراستی و تەواوی ووتبێ” و لێرەدا هۆکارەکە دەبەستێتەوە بە هەژموونی ئایینەوە. “بیرەوەرییەکان  ئەدەبی و هونەرین تا سیاسی و کۆمەڵایەتی”،بێ درۆکردن لەگەڵ قەناعەتەکانیدا لەم بوارەدا…لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا تەوا بەدڵی نین، یان وەک خواستی ئەو دەرنەچوون. شاعیر بە گشتی حەزی گەورەی لە خوێندنەوەی بیرەوەی کەسەکان و رۆمان و چیرۆک زیاتر بووە،لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب.

 بەگێڕانەوەیەکی دڵتەزێن باس لە مردنی فایەق بێکەسی باوکی و هەتیوبوونی خۆیی و بێوەژبوونی دایکی دەکات. ئەم رووداوە لە ١٨/١٢/١٩٤٨ دا بووە  لە شاری هەڵەبجە و ئەم تازەپێدەنێتە بەهاری تەمەنی ٨ ساڵییەوە. لەسەر  داخوازی خۆی تەرمی باوکی بۆ سلێمانی دێننەوە و لە کاتی ناشتنەکەیدا هەردوو شاعیری گەورە کامەران موکری و حەمە ساڵح دیلان وتار دەخوێننەوە. کۆمەڵێ بیرەوەریی سەرنجڕاکێش لە باوکی دەگێڕێتەوە/ یەکی لەوانە ئەوەیە ساتێ باوکی لەماڵەوە بووە،دایناوە و شیعری

تۆ چیت، من کوردم ….خۆ ترسنۆک نیت؟! … نەخێر نەبەردم… چی تۆی زەبوون کرد؟! دوودڵی و نیفاق.چۆن رزگار ئەبی؟! هەر بە ئیتیفاق..

پاشان باسێکی کورتی ٦.ئەیلوولی ١٩٣٠ و رۆڵی بێکەسی باوک دەکات. ئەوجا دێتە سەر سەرەتاکانی دەست بەخوێندنەوەکردنی خۆی. لەو سەردەم و تەمەنەدا دوو کتێب بە تایبەت سەرنجیان راکێشاوە. کەمانچەژەنی وەرگێردراوی پیرەمێرد و شیعرو ئەدەبیاتی رەفیق حیلمی. شێرکۆ باس لەوە دەکات لە ١٩٤٥ دا بە خێزانەوە چوون بۆ سینەما. بیرەوەری خۆش لەم رووەوە دەخاتە بەرچاو. دواتر لە کێشانی سکێچێکی جوانی شاری سلێمانی، ماڵ و شەقام و گەڕەک و دوکان و مزگەوت و کەسایەتییەکانی سلێمانی لە هەموو توێژەکاندا بەسەر دەکاتەوە و مافی شایستەیی خۆیان لە بەرهەمەیدا بۆ دادەنێ. شێرکۆ هەر زوو لەگەڵ (کامەران موکری و دیلان و عەبدوڵا جەوهەر و فەرەیدون عەلی ئەمین و موحەڕەم محەمەد ئەمین و ئەحمەد هەردی و گۆران و برایم ئەحمەد و جەلالی میرزا کەریم و حسین عارف و کاکەی فەلاح و ووردی و هەژارو رەفیق حیلمی و بەشیر موشیر و، جەمال شارباژێری و پەشێو) و زۆری تردا دەبێتە ئاشنا. لە ژیانیدا دەچێتە دوو رێکخراوەوە. جارێ دەبێتە ئەندامی( بزوتنەوەی قوتابیانی کوردستان) و جارێکی دیکە دەچێتە ریزەکانی ( کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کوردـ کاژیک).

بەداخەوە لەم وێستگەیەدا ووردەکارییەکان ـ بوونە ئەندام لە کاژیک داـ باس ناکات، لێ لە ئاکامدا ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی نابەکام و نابەدڵ نمایش دەکات، بە تایبەت بە رووی سەرکردە و بەرپرسانی ئەو کۆمەڵەیەدا،دەنا مامۆستا شێرکۆ تا دوا لێدانی ترپەی دڵی نەتەوەیی و کوردستانی ماوەتەوە . دواجار تێمان دەگەێنێ کە ئەو شاعیرەو کەڵکی کاری حیزبایەتی پێوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەر وەک ئاماژەی پێداوە  لە کارکردنی لە رێکخستنەکانی کاژیکدا پەشێمان نەبووە.   ئەو رۆژگارەی ئەو تێیدا چالاکی سیاسی نواندووە، ململانێیەکی توند لە نێو بەرەی کوردایەتی و چەپ و کۆمۆنیستەکان دا هەبووە. لەم رووەوە، چەردەیەک بیرەوەری ناخۆش و تاڵ و هەڵوێستی نەرێنی لەسەر کۆمۆنیستەکان تۆمار و بڵاو دەکاتەوە. لەوانە:

ـ   ١٩٥٨ لە بەشی ناوخۆیی بووە، کۆمۆنیستەکان هەراسانی دەکەن و ژیانی لێ تاڵ دەکەن، بە ژاوە ژاوی عێراقچێتییەوە.” ئێوارەیەکیان  من و شارباژێری چووبووینە دەرەوە،وەختێ گەڕاینەوە لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە شڕوشیتاڵ و کتێب و دەفتەرمان فڕێدرابووە دەرەوە”.

ـ کاتێ بارزانی سەردانی سلێمانی دەکات، ئەمیش لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا، بەدروشمی کوردستانی دەچنە پێشوازی بارزانی، کۆمۆنیستەکان دەرفەتیان نادەن و دەبێتە شەڕ و هەرا. ” قوتابیە عێراقییەکان بە ئاڕاستەی عێڕاقچێتی و ئێمەش بە ئاراستەی کوردستانییانە بەیەکدا ئەهاتین”. ئەو رۆژگارانەی کە عێراقچییەکان سووکایەتییان بە کوردایەتی ئەکرد و(مەعاریفی کوردستان)کە ئامانجی ئێمە بوو ئەیانکرد بە (مەعاریفی قلیاسان).

ـ  لە دیدارێکیدا لەگەڵ مامۆستا گۆرانی شاعیردا، لە زمانی گۆرانەوە بۆمان دەگێڕێتەوە کەوا قوتابییە عێراقییەکان کە بۆ خوێندن لە سۆڤێت بوون  کراون بە جاسووس بەسەر گۆرانەوە. دیارە دەبێ گۆران قسەی کردبێ و هەڵویستی نواندبێت، بە واتایەکی دیکە پەشێمان بووبێتەوە لە رێبازەکەی.

ـ لە لاپەڕەکانی تری ئەم بیرەوەرییانەدا، کۆمەڵێ خراپە و هەڵوێستی نادروستی کۆمۆنیستەکان دەخاتە بەرچاو. بەتایبەتی سیخوریکردنی کۆمۆنیستەکان بەسەر حەمە ساڵح هیتلەر و مامۆستا عیزەت(عیزەتە خڕە) لەسێدارەدانی ئەمانە لە لایەن رژێمەوە بە راپۆرتی کۆمۆنیستەکان بووە.

ـ جەلالی میرزا کەریم کە کۆمۆنیستێکی کورد بووە، داوای لێ دەکات ببێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی عێراق و ئەمیش بە توندی وەرامی دەداتەوە.  

ـ لەنەورۆزی ١٩٥٩ دا لە تووی مەلیکی سلێمانی یادی جەژنی نەورۆز دەکرێتەوە، وتاری حیزبی شیوعی سەعید ناکام دەیخوێنێتەوە لە شوێنێدا هاوار دەکات: ( ئەوەی ناوی کوردستان ئەهێنێ، سەریدا لەبەرد). بەمەش بەزم و هەرا دروست دەکات، لایەنگرانی کوردایەتی بەگژیدا دەچنەوە.

ـ رۆڵی نەرێنی کۆمۆنیستەکان لە نێو یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانیدا و چەندن ووردە گلەیی و رەخنەی رەپوراست لە رەفتار و گوفتاریان بەوپەڕی ئازایەتییەوە ئاماژە پێدەکات.

دیارە، نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ، لەسەر بیروباوەڕی کوردایەتی، شێرکۆ بێکەس وەک چەندانی دیکە زۆر بە توندی بەربەرەکانی کراوە و بە خراپە لەسەری نووسراوە. لێ شێرکۆ نە دەستبەرداری پرنسیپە بەرزەکانی باوەڕی بووە، نە کەوتە داوی چەلەحانێی بێ فەڕی ناحەزەکانی. لەم بیرەوەرییانەشدا، جگە لە ئەرکی گێڕانەوەی راستییەکان، هەر بە زمانی گوڵ و دەروونی ساغڵەمەوە باس لە شتەکان و کەسەکان دەکات.

راستە، لە هەندێ قۆناغدا شاعیر لەپاڵ دەسەڵاتدا بووە، یان باشتر بڵێم شاعیر لێیان نزیکبووە، لێ  شێرکۆ بێکەس زۆر پێش ئەوەی گەلەک هێز و لایەن بێنە مەیدانەوە و دروست ببن، ئەو سەنگەریی پێشمەرگایەتی هەڵبژاردووە و کەمو زۆر لەگەڵ ئازار و ژانە راستەقینەکانی رۆژانەی میللەتەکەیدا بووە. هەموو ئەم هەنگاوانەشی بەرهەمی ئەو قەناعەتە هزرییەیە، کە باوەڕی تەواوی بە پرسی رەوای میللەتەکەیی و ئەرکەکانی سەرشانی وەک  رۆشنبیرێ، سەرچاوەیان گرتووە.

 یەکەم بەرهەمی لە گۆڤاری “رۆژی نوێ”دا کە لەلایەم کامەران موکرییەوە دەردەچوو، بڵاوکراوەتەوە، لەساڵی ١٩٦٦ دا دەچێتە ریزی شۆرشی ئەیلوولەوە، لێ بەرپرسان و دەزگای پاراستن، دەیناسن و دەزانن کاژیک بووە، بە سارد و سڕی دەچن بە پیرییەوە و مامەڵەی لەتەکدا دەکەن.   لەو شۆرشەدا لەدەزگای راگەیاندن کار دەکات و کۆمەڵێ بەرهەم بە ناوی “کاوە”وە بڵاو دەکاتەوە و دەبێتە ئاشنای زۆر لە کەسانی وەک ( شەهید عەبدولخالق مەعرووف،هەژار موکریانی،دڵشاد مەسرەف، سەیدا ساڵح یوسفی، عوسمان سەعید و سەعید ناکام) . دواتریش لە بەغدا دەبێتە هاوکار و دۆستی (رەفیق چالاک و رەمزی قەزاز و حەمەی مەلا کەریم و عیزەدینی مستەفا رەسول). لێرەدا بە تێروتەسەلی باس لە لێوەشاوەیی رەفیق چالاک دەکات و خۆی وەک قوتابییەک گەلەک بەهرەمەند بووە لە خزمەتیدا و زۆر شتی لێوە فێر بووە. هەر لەو میانەدا، گەواهییەک بۆ هونەرمەند چالاک دەدات، گوایە دوای گرتنەکەی” بەتەواوی لە رووی باوەڕەوە گۆڕاوە لە کۆمۆنیستی وازی هێناو بەرەو کوردایەتی هات و بەتەواوی باوەڕی بەسەربەخۆیی کوردستان لا بەرجەستە بوو”.   لە کۆتایی شەستەکاندا دوو کتێب وەردەگێڕێ {چۆنییەتی یەکگرتنەوەی ئیتالیا، شەڕی چەتەگەری}

دیارە دواتریش پیرەمێرد و زەریای هەمەنگواینیشی وەرگێڕا. کاک شێرکۆ ئەم بەرهەمانەی لە زمانی عەرەبییەوە، کە تاکە زمانی بێگانە بوو بیزانێ،  کردووە بە کوردی. ئەو بەرهەمانەی لە بەغدا لەگەڵ دەستەی دوومدا بڵاوی دەکردنەوە بە ناوی “پەیکان”ەوە بوون،وەک ناوی نهێنی دووەمی. لە سەر شیعری شارەکەم لە شەستەکاندا ١٠ رۆژ لە زیندانی بەکرەجۆی جەلالییەکاندا زیندانی دەکرێت. شێرکۆ دۆستی نزیکی هونەرمەندانی وەک (ئەحمەد سالار، عوسمان چێوار و کەمال سابیر و ئازاد جەلال و مامۆستای گەورەش رەفیق چالاک) بووە.   لەگەڵ( جەلالی میرزا کەریمی کۆمەنیست و حسێن عارفی) قیادە مەرکەزی و خۆی وەک کۆنە کاژیکێک ساڵی ١٩٧٠ بەیاننامەی روانگە دەردەکەن. بەیاننامەکە لە ئامادەکردنی خۆی بووە. دواتر کەمێک دەستکاری کراوە. لە بەیاننامەی دووەمەوە کاک شێرکۆ دەکەوێتە بەرشاڵاوی بە کافرکردن و رەجمکردنی،  لە لاپەڕە ٢٢٥ باس لەوە دەکات ماڵەکەی بەردباران کراوە و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنیشی دراوە. ساڵی ٩٧٤ لەگەڵ کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەری وەک،ئەمینی میرزا کەریم،مستەفا سالح کەریم،رەئوف بێگەرد،تایەر ساڵح سەعید و سەلام مەنمی دەچنە ناو شۆڕش و کاک فەتاح ئاغا، بەپرسی هێزی خەبات، پێشوازی گەرمیان لێدەکات .   لەم پەرەگرافەی ژیانیدا باس لەوە دەکات لە ناوپردان بە دیداری برایم ئەحمەد گەیشتووە. برایم ئەحمەد ئەم دەستەیە ئێوارەیەک داوەت دەکات و لە دوتوێی باسوخواستەکانیاندا “کە باسیش هاتە سەر باسی هەڵوێستی سیاسی مەکتەبی سیاسی و قیادەی بارزانی،مامۆستا برایم ئەحمەد زۆر بە ئاشکرا و لەبەرچاوی هەمووان وتی (ئێمە هەڵەبووین و ئەو پیاوە راست بوو!). دەگێڕیتەوە  مامۆستا شێرکۆ، وچانێکی باش بۆ قسەکردن و ستایشی شەهید فەتاح ئاغا دادەنێ، لەسەر جوامێری و دڵسۆزیی و ئازایەتی و کوردایەتی ئەو کەڵەجوامێرە قسان دەکات و بە باوەڕی ئەو” لەناو فەرماندەکانی شۆڕشی ئەیلولدا،کەم کەسیان وەک شەهید فەتاح سادە و ساکار و لێزان و رووخۆش و بەوێڵ و رووناکبیر بوون”. سەروەختێکیش لە سەرەتای هەشتاکاندا، لە  رادیۆی ی. ن .ک گوێی لە وتارێکی ناشیرین دەبێ لەسەر شەهید فەتاح، نامەیەکی زۆر توند دەنووسێ بۆیان و لە رووەوە گلەیی و رەخنەیان لێ دەگرێ.

شاعیر لە شاکارێکدا بەناوی “پڵنگە کەڵەگەتەکەی ئەیلوول “دەنووسێ:

زۆرجار “سورکێو”ی خەم پۆش     

بۆ مەرگی کوت و پڕی ئەستێرەیەکی جوانەمەرگی خۆی

داربەروویەکی سووتاوی خۆی،

کانییەکی خنکاوی خۆی، گریاوە و هەڵقرچاوە و بووە بە قەقنەس!

بەڵام قەت ئەوەندەی ئەو رۆژە سەر بە تەم و تارومارەی،

 کە “فەتاح”ی کوڕی “فەتاح “ی رەوەزی

“فەتاح” ی زریان و کەڵەمێردی تیا شەڵاڵی خوێن بوو،

 قەت ئەوەندەی ئەو رۆژە

نەگریاوە و هەڵنەقرچاوە و نەبووە بە قەقنەس

دواتر

شەهید کە مامۆستا بوو… گوڵدان بوو بۆ زانین…

 رێگا بوو بۆ حەرف و…

 چـــرا بوو بۆ پۆل و ئاوات بوو بۆ دوارۆژ

شەهید کە پێشمەرگە بوو…

ئاگر بوو بۆ چەک و…خوێن بوو بۆ سەنگەر و…

 ئاوەزێکی هەمیشە رۆشنیش بوو،

 بۆ رێبەری کردن **

لە ١٩٧٥ دا سەرودەمی دروستبوونی پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک ـ دێتە پێشەوە، هاوبیران بۆ کارکردن، دەچن پەیوەندی پێوە دەکەن، رەزامەندی خۆی نیشان نادات. لێ گفتی هاوکاریی و هیوای سەرکەوتنیان دەداتێ و دوای ئەوەی شۆڕش هەرەس دێنێ، شاعیر چیرۆکی سەیر و سەمەرەی پڕ لە مەرگەساتی رۆژانی هەرەسمان بۆ دەگێڕێتەوە. دەرئەنجام بە نووسینی قەسیدەی “کۆچ” کڵوکۆی دەرونی خۆی دادەمرکێنێتەوە.  شاعیر دەڵێ:

” قەسیدەی کۆچ، وەرچەرخانێکی نەوعی بوو لە ژیانی هونەری مندا. قەسیدەیەکی درامی فرە دەنگ بوو.گێڕانەوەی تراژیدیای هەرەسێکی گەورە بوو.لێوان لێو لە قوڵپی گەرمی دەروون.لە ئەزموونی خۆمدا،بازدانێک بوو کە لەوەوبەر نموونەی وام نەبوو. زمان رەنگین ببوو هەر رەش و سپییەکەی جارانم نەبوو.ئاوێنەکان یەک جۆر ئاوێنە نەبوون.داڕشتن و وێنە و ئیستیئارەکان ناباو و نەبیستراو بوون”.  

دواتر باس لە خۆ دۆزینەوەی هزری و ئایدۆلۆژی و ئەدەبی خۆی دەکات، وەک کەسایەتییەکی نەتەوەیی. لەم رووەوە بە دوورودرێژی باس لە کاریگەریی (عەبدوڵڵا جەوهەر و فەرەیدون عەلی ئەمین و ئەحمەد هەردی) لەسەر دروستبوونی دەکات.

عەبدوڵڵا جەوهەر،سەرتاپا گزنگ.. سەرتاپا گەوهەر

ئەمە ناونیشانی پەخشانەشیعرێکی مامۆستا شێرکۆیە و دەڵێ:

چەندین وەرزە…تەمەنێکە..عومرێ لە شەو

 قەسیدەیەک بووە بە مۆم لە دڵمایە و داگیرساوە و

ناوی عەبدوڵڵا جەوهەرە. لە هەرکوێ بم من ئەو مۆمەم لە گەڵدایە و

 لەسەر چیا ئەو وەختەی بەردمان کردبوو بە کتێب و

گەواڵە هەور بە کاغەز و قەڵەم بە گیا.     

 ئەو رۆحەم هەر لەگەڵدا بو…لە کەناری ئۆقیانووسدا

لەگەڵ خۆمدا ئەو پیاوەم برد بۆ ئەوروپا…

زەردەخەنەی ئەو عیشقەم برد بۆ لای لۆرکا.

هێمنییەکەی ئەو حیکایەتە تەنیایەم لەگەڵ خۆمدا برد بۆ چیخۆف        

 ئەویان کردی بە زەردەپەڕی شیعرێک و ئەمیان کردی

بە چیرۆکی شمشاڵێکی باریکەلە و لە سیبریا کۆیلەیەکی

 سۆڤیەت بۆ خۆی لێیدا. لەگەڵ خۆمدا خۆشەویستیی

ئەو پیاوەم برد دامە دەست هەتاوێکی پێست رەشی       

 خوارووی ئەفریقا و ئەویش کردی بە یەک مەدالییای

کەسکی رۆژی ئەوینی ئازادی و کردییە گەردەنی ماندێلا *

ئەمانە بە مامۆستا و دروستکەریی خۆی دادەنێت. دواتر لە بلاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کوردستان دا، کە لە شاخ دەردەچوو، بەناوی نهێنی “جوامێر”ەوە شت بڵاو دەکاتەوە. لێرەشدا دەیەوێت تیشکێ بخاتە سەر هەڵویستی، کە بۆچی لە ی.ن.ک ەوە نزیک بووە. بەرانبەر بە زوڵم و ستەمی بەعس ئەو هەر بەقەڵەمەکەی توانیویەتی بەرەنگاری بکات. دەنووسێ کەوا بە شیعر بەشداریی لە موقاوەمەتدا کردووە… تا لە لاپەرە ٣١٦ دەنووسێ:

” ئەگینا من و کۆمەڵەی مارکسی لینینی رەنجدەرانی کوردستان، وەک رێکخراوێکی سیاسی کوجا مەرحەبا! چونکە من بڕوام بە مارکسییەت نەبووە و رۆژێ لە رۆژانیش لە هیچ حیزبێکی م. ل دا کارم نەکردووە”.   

” شاعیری هونەرمەند: ئەو شاعیرەیە هەژینی دڵ و وردبونەوەی فیکر و سادەیی دەربڕین و قووڵی ناوەڕۆک لەیەک تەنی یەکگرتوودا قاڵ بکات. خۆ شیعری شۆڕشگێڕی هەر بە هاوار و نەڕەنەڕ نابێ بە شیعر”. ئەمە پێناسی لاعیرە لای شێرکۆ. دواتر شاعیر لە وێستگە گرنگەکانی دامەزراندن و چالاکی یەکێتی نووسەرانی کورد دەدوێ و کێشە و گرفتەکانی دەخاتە بەرچاو. ئاماژە بە چۆنێتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرینەی نووسەران و هونەرمەندانی کورد دا دەکات.دەنووسێ : من هەر لە زووەوە شەیدای خوێندنەوەی رۆمان بووم، یان ئەو توێژینەوانەی کە ئەمزانی سوودیان لێوەرئەگرم. چونکە کە خوێندنەوە نەبوو نووسینیش نابێ!. خوێندنەوەی چیرۆک،کاریگەریەکی زۆری لەسەر رەوت و ئەزموونی شیعریم هەبووە”. لەم رووەوە زۆر بە تێروتەسەلی لەسەر ئەم باسە لە لاپەرەکانی ٣٨٥ ـ ٣٨٨ دا دەروات.” من بۆ یەک هەڵبژاردە نانووسم، بەڵکوو بۆ هەموو هەلبژاردەکان ئەنووسم. چونکە تەنانەت لەناو خەڵکی سادەشدا هەڵبژاردە هەر هەیە”. دواتر دەڵێ: “شیعر بە کورت و درێژی نییە بە ئەفراندنە”.  لەسەر زمانی جەستەش قسە دەکات و باس لە شێوازی خوێندنەوە دەکات لای خۆی. دەنووسێ:” شیعر بە خوێندنەوەی باشەوە زیندووترە وەک لەوەی بێدەنگ و لەسەر کاغەز یان بە چاپکراوی بیخوێنیتەوە. با شیعری جوانیش بێت، بەڵام ئەگەر جوانیش ئیلقا نەکرێ لە (تارێ)ک یان (کەمانچە)یەکی هەڵواسراو ئەچێت بە دیوارەکەوە بێدەنگ و بێجووڵە! بەڵام کە جوانیش خوێندرایەوە باڵندەیەکە لە هەڵفڕیندا و یان شەپۆلێکە بە زیندوویی گوێت لێیە و ئەیبینی نەک لە وێنەیەکدا. خوێندنەوە، هەر بریتی نییە لە تۆنەکانی دەنگ، بەڵکوو پەیوەندییەکی دینامیکیشی بە لەش و سەمای لەش و جووڵەی سەر و دەستیشەوە هەیە”. شاعیر لە رووپەرەکانی ٤٢٠،٤٢١،٤٢٢ و ٤٢٣ دا باس لە گەلێ لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی خۆی دەکات و دیوە شاراوەکەی خۆیمان پێ نیشان دەدات. دەنووسێ:

 ” هیچ پاساو بۆ هەڵەکانی خۆم و هەندێجاریش لاوازی و ترسنۆکی خۆم ناهێنمەوە.. هەندێ شیعرم هەیە نەمنووسینایە، بەتایبەتی لەهەندێ سەردەمی ئاڵۆزداوە شەڕی ناوخۆ . من پیاوێکم کەم کەس دەتوانێ بۆماوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵما بژی و بێزار نەبێ،چونکە { بۆڵەبۆڵم زۆرە و بەئەرکم، زوو زوو دڵم ئەرەنجێ، کەم توڕە دەبم،بەڵام کە بووم، دۆودۆشاو تێکەڵ دەکەم،جگەرە زۆر دەکێشم و دەوروبەرم هەراسان دەکەم، هەندێ جاریش قسەم رەقە. شوێنی پارچە کاغەزێ لەسەر مێزەکەم بگۆڕن،دەهری دەبم. بەڵام بەوەش چاکە سروشتێکم هەیە،هەر ئەو ساتەیە و هیچ لە دڵما نامێنێ، من رق ئەستوور نیم. تۆڵەکردنەوەم نییە}.بەراستی من پیاوێکی منداڵم ! میزاجم شێوەی هەلسوکەوتم دیاری دەکات .

کەس بەقەدەر من ئاشقی ژن نییە، لەبەرانبەر جوانەکانیاندا دەبمە تەیرێکی بەشەوارە کەوتوو. ئەم سیفەتەم زیانی زۆری پێگەیاندووم .گەلێ جار کردوویانم بەتەڵەوە و دایاندۆشیوم و شوڵکێکیانداوە لەسەری لووتم. من وەک شاعیرێکی منداڵ باوەشم بۆ گرتوونەتەوە بەڵام هەیانبووە وەک جانەوەر گەمارۆی داوم و تەفرەی داوم و کردوومی بە چەشەنی قولاپەکەی، بە بیرم نایە لە هیچ مەوعیدێ دواکەوتبم. لە منداڵییەوە حەز بە رەنگی رەش دەکەم. دەنگم ناخۆش نییە بەجۆرەی گوێی لێنەگیرێ،بەڵام ئەدام باشە. لە کاروباری ناوماڵ دا دەست و پێ سپیم. لە ماتماتیکدا خراپم. جاری وا هەیە چوار پێنج مانگ هیچ نانووسم و خەریکە شێت ئەبم و وەختی وایش هەیە لە یەککاتدا دووکارم لەبەردەستدایە. چوومە سەر هەر پرۆژەیەک، شیعر یان نووسین، وازیلێناهێنم تا تەواوی نەکەم. ئەگەر ژیانم رۆمانێک بێ، دایکم پاڵەوانە سەرەکییەکەیەتی. جگە لە شیعر حەزم لە هونەری شێوەکاری و گوێگرتنە لە موزیک. من بە توندی سەرزەنشتی خۆم دەکەم،رقم لەخۆم دەبێتەوە، کە ئەو ئیرادەیەم نییە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو بەرهەمانەی لە ئەوروپا و سوید نوسیومن لە چایخانەکاندا نوسیومن!. سەرجەمی بەرهەمی شیعری هیچ شاعیرێکی عەرەبم بە تەواوی نەخوێندۆتەوە و بەرهەمی شاعیرانی دنیاشم لە رێی زمانی عەرەبییەوە بووە. ئەگەر ئەوروپی بوومایە هاورێکانم هەر هەموویان ژن ئەبوون. لەدوای شیعر ئەگەر مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی هەبێ من کاری بۆ بکەم داکۆکیکردن بووە لە مافی ژن و پەیامی یەکسانی و بەرامبەری. بە لای منەوە کولتوری ئیسلامی، کە گوتاری عەرەبچێتی،کولتوری زاڵێتی،گەورەترین هۆکاری ئەم داڕزانەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. من لەگەڵ جیاکردنەوەی ئایینم لە دەوڵەت،تا ئەمەش نەبێ ئازادی تاک مەحاڵە. من لەگەڵ ئازادی مرۆڤ و ئازادی بیرورادام.لەگەل ئەوەدام مزگەوت و کلیسە و کەنیسە و مەیخانە و کۆری مولحیدەکان و ئایینی ئێزیدی و سائیبە و هەرهەموویان هەبن و رێگەیان لێنەگیرێ.، من هەر لەسەرەتاوە بایەخێکی زۆرم بە خوێندنەوە داوە. ئەو بەهرەی خوێندنەوەیەشم تێدا بووە. ئەوەتەی لە بیرمە شیعرم بە دانیشتنەوە نەخوێندۆتەوە،چونکە هەستمکردووە بەشێک لە لەشم ئەمرێنم و ئەمەیش بە گشتی کار ئەکاتە سەر ئیلقاکردنم. جووڵانەوەی دەست و سەرم.، ئیلقا پێویستی بە هەموو ئەندامەکانی لەشە،لە قوڕگەوە بۆ پەنجە،لە سەرەوە بۆ جووڵەی هەردوو لاق.رەنگینکردنی رەنگ لەوەختی خوێندنەوەدا،ئاگا لێبوون لە بەرزی و نزمی و چرپە و هەموو هێمایەک کاریگەری خۆیان هەیە لەسەر هەستی گوێگر”.

بەرگی ٢

شاعیر نائاسوودەبووە بەوەی زمانە زیندووەکانی دنیای نەزانیوە، ئەم گرفتە بە درێژایی ژیانی بۆتە گرێ کوێرەی سەر دڵی و بۆی نەکراوەتەوە.. ساڵانێک کە لە سویدیش نیشتەجێ دەبێ، لە عۆدەی فێربوونی زمانەکەیان نایەت و پەرێشان بووە بەدەستیەوە.

 ئەم کێماسییە هێندە خەم و ئازاری پێ دەبەخشێ، تا لە شوێنێکدا دەڵێ: خۆزیا چاوێکم نەبوایە و پێرفێکت زمانی ئینگلیزیم بزانیبایە…. دەبێ ئەم حەزەی چەند گەورە و بەهادار بووبێ، وەختێ،شاعیر ئەم ئاواتەی تەمەنی دەخوازێ، بەلایەوە سانایە،ئەندامێکی فرە گرنگی لەش و ژیانی لەدەست بدات،بەرانبەر شارەزایی و لەزەت بینین لە رۆشنبیریی جیهان و خزمەتی زیاتری ئەدەبیاتی کوردی.

 لە رێ و رەسمیکی شکۆداردا،خەڵاتی تۆخۆلسکی ساڵی ١٩٨٧/١٩٨٨ بەدەست دێنێ و کۆمەڵێ کەسایەتی دیار پیرۆزبایی لیدەکەن. شاعیر باس لە نامەیەکی نووسەری گەورەی عەرەب، هادی عەلەوی دەکات ،کە بۆی ناردووە.بەداخەوە ئەم نامەیە یان چەند بڕگەیەکی بڵاونەکراوەتەوە.

بە باوەڕی من ئەمانە خاڵگەلێکن، لەتەک چەندانی دیکەی وەک ” وێنە،نامە، لیستی بەرهەمەکان، ئەو بەرهەمانەشی کە کراون بە زمانی بێگانە” کە دەبنە کێماسی ئەم بەرهەمەی مامۆستا شێرکۆ، یاخود ئەو کۆمەڵە وێنەیەی لە ئەلبوومەکەیدا ـ وەک خۆی باسی دەکات ـ پارێزراوە بڵاونەکراوەتەوە.

هەڵبەت هەموو ئەو بەڵگە و نامە و وێنانە بیرەوەرییەکان بە پێزتر و دەوڵەمەنتر دەکەن و نرخی باسەکان هەڵکشاوتر دەکەن.

ساڵی ١٩٨٨ تووشی موعانات و دڵتەنگی دەبێ لە تەنیایی و نامۆیی غوربەتی سویددا، ئەم ئازارە وێرانی دەکات..ناچار پەنا دەباتە بەرگوێ گرتن لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەورە حەمەی ماملێ و وەک خۆی بۆمان دەگێڕێتەوە جاری واش هەبوو لەگەڵیدا گریاوە… شەپۆلی قورسی غوربەت بەجۆرێ داغانی دەکات،باری دەروونی دەشڵەژێنێ ومەترسی دەخاتە سەر تەندروستی.بەکورتی رۆژگارێکی دژوار بەسەر دەبات. ئەوەتا لە چرکەساتی گەشتە خۆشەکانی لە فرۆکەدا، لە دانیشتنە رازاوەکانیدا، لە دیمەنی دڵفڕێنی وڵاتانی جیهانیداـ ئیتالیا،ئەڵمانیا،ئینگلتەرا،هۆڵەندە،دانیمارک، سویسرا،هەنگاریا، ئامریکا و کەنەدا…هتدـ لەوپەڕی خۆشی کۆڕی یاراندا، شەپۆلی خەیاڵ دەیکاتەوە میوانی چایخانەکەی سەعەی گەوهەر و مام ساڵح و مام عەلی و وەستا شەریف و لە شەقام و کۆڵانەکانی سلێمانی و لەوێوە لەزەت لەو ساتەوەختانە دەبینێتەوە کە لەوێ لەگەڵ عەبدوڵڵا جەوهەر و ئەحمەد هەردی و فەرەیدون عەلی ئەمین و رەئوف بێگەرد و ئەوانی دیکەدا بەسەری بردووە.

لە پەخشانە شیعرێکدا بەناوی”رۆڵەی دۆزەخ و رەنج و کوردایەتی” بۆ سەعید گەوهەر دەڵێ:

لەداوێنی سپیی شاری مامەیارە،شاری ئاگر و خۆڵەمێشەوە    

لە داوێنی پاکی گڵەزەردەی ئاوێنەی زیوینی شەهیدان و

لە داوێنی”گۆیژە”ی دایک و مێژووی روو سورمانەوە             

چەندین مانگ و ئەستێرەی کاکۆڵ سەوز

چەندین رووباری چاو ئەرخەوانی.. چەندین برووسکەی تیژی داستان و

چەندین کوڕی سەرەمێر کەوتوونەتە خوارەوە، یەکێک لەو کوڕە گیان رووناکانە

یەکێک لەو گوڵە هەژارانە ، یەکێک لەوئازارە ئازایانە

سەعید گەوهەر بوو، ئەو،گەوهەری شەوچراغی کوردایەتی و

کەڵێکی بناری پیرەمەگرون و  دڵۆپە فرمێسکێکی چاوی کوردستان بوو

ئەو،لە ئاوی بەیانیانی کانیی پاکتر و  هەستی نەتەوەیی لە پشکۆ گەرمتر و

بۆنی تەمەنی لە نێرگز بۆن خۆشتر ورەنگی ژیانیشی لە گوڵاڵە سوورتر بوو

دواتر

لە دەفتەری بیرەوەریمدا و  لە ئاسۆی خەیاڵ و گوڵجاری شیعرمدا..

“گەوهەر” واتە هەوێنی دڵسۆزی و  بڵێسەی کوردایەتی

گەوهەر هەژارێکی زاڵ بوو،ئەسپی تەنگانە و دەستی وەفا و

گوڵەگەنمێکی برسی و ،گۆمێکی تینوو بوو***

باڵی خەیاڵ و پەروانەی رۆحی هەمیشە بەسەر سلێمانییەوە، فڕیوە و نەیتوانیوە بەسەرهاتەکانی لە بیر بکات. لە لاپەڕە ١٣٠ ١٣١ دا سەرزەنشتی خۆی،لە هەمبەر هەندێ بەرهەم و هەڵوێستی،  لە ٣ خاڵدا دەکات:

١ـ دەربارەی ئەو پەخشانەی لەسەردەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە ناونیشانی ‘”دەنگبدە بە سەوزدەنگبدە بە هەق”.٢ـ لەسەردەمی شەڕی ی.ن.ک لە دژی بزوتنەوەی ئیسلامی شیعرێ بۆ جەبار فەرمان دەنووسێ.٣ـ وەک شاعیرێکی ناسراو شیعری زۆری بۆ بۆنەکان نووسیوە،لەوانە بۆ کوڕی کۆسرەت رەسول.

لە ئەوروپا گەشتی دوورودرێژی بۆ کۆڕگێڕان دەکات و زۆربەی وڵاتان میوانداری دەکەن. ئەو گرفتانەی وەک هەمیشە هاتتونەتە رێی نەزانینی زمان بە تایبەتی ئینگلیزی بووە.کاتێ دەیەوێ باسێ،دامەزرێنێ  و بە دنیای خۆشەویستی و جوانی ژناندا هەڵزنێ، دەستەپاچە خۆی دێتە بەرچاو…. لەکاتێکدا تەمەنی بەرەو هەوراز چووە دەیەوێ خۆی وەک هەرزەکارێکی عاشق بداتە قەلەـ دەڵێ: کوا دڵی شاعیر لە تەسکەرەی نفوسدایە؟ دڵی شاعیر هەمیشە بیست ساڵانە ،دڵی شاعیر هەر ژێێ کەمان و دەمی تازە خونچە و دڵۆپێ بارانە. ل ١٦٦.  دیارە بەدرێژایی ژیانی شاعیر ژن توخمێکی زیندوو و ئامادەی بەرهەمەکانی بووە،هەر ئەمەشە وای لێکردووە لە ل ٢١٢ بنووسێ : من خۆم بە مۆمێکی پشت سەری ژنانی وڵاتەکەم ئەزانم …. تکایە ئەمڕۆ پێم مەڵێن “شێرکۆ بێکەش” و بڵێن “شێرکۆ شەفیقە”.، شاعیر لە ل ٢٢٧ دا کۆمەڵێ تایبەتمەندی کەسایەتی و شاعیر و ناودارانی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە، باس لە تایبەتمەندی هەر یەکەیان دەکات. ئەمەش بۆ بەرچاوروونی خوێنەرە کە تێبگات هیچ کام لە کەسایەتییەکان پێرفێکت نەبوون و هەور یەک بە تایبەتمەندی خۆی ناسراوە…

لە ل ٢٦٥ دا جارێکی دیکە مامۆستا شێرکۆ بێکەس ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە عێراقی نەبووە و دەڵێ : بەهەرحاڵ من خۆم رۆژێ لە رۆژان هەستمنەکردووە شتێک هەیە لەناو مندا پێی بووترێ عێراقی،شەراکەتی راستەقینە. دواتر دەڵێ: نەخشەی عێراق بۆ من هەر سێدارە و دارەمەیت بووە! ئەوەتەی سیستەمی خوێندن و پەروەردەیان داڕشتووە بەرنامەی فاشیزمی عەرەبییان بەسەرمندا سەپاندووە. من هەرگیز خۆم بە هاووڵاتی عێراقی نەزانیوە،چونکە بەردەوام لەسەر کوردبوونم چەوسێنراومەتەوە. مامۆستا لە درێژەی ئەم، باسەیدا بەرەو دنیای سیاسەت و رێگا چارەیەکی شارستانیمان دەبات و  داوا دەکات : پێویستە لە راپرسییەکی گشتی سەرتاسەریدا و لە کوردستاندا و بە سەرپەرشتی چاودێرانی نێودەوڵەتی،چارەنووسی کورد بدرێتە دەست گەلی کوردستان خۆی،بۆ ئەوەی پاشەڕۆژی سیاسی خۆی دیاریبکات!. ل ٢٦٦

رەنگە بتوانین ئەمە بە پوختەی پەیامی هزریی و ئەدەبی و مرۆیی شاعیرێتی کاک شێرکۆ وەک بیر و رێباز دابنرێت.

شاعیر لە ل ٢٩٢ دا،دوای نووسینی شاکاری دەربەندی پەپوولە لە تاراوگە، باس لە خاڵ و وەرچەرخانێکی گرنگی ژیانی خۆیدا دەکات و دەنووسێ : دەربەندی پەپوولە< هەڵگەڕانەوە و یاخیی بوونێ بوو لە منی رابووردوو. لە زمان و بینینم.کودەتایەک بوو، هەر خۆم دژی خۆم بەرپامکرد. شیعر هەڵکەندنی بەردەوامە لەناو زماندا.یان هەندێجار هەڵزنانی سیزیفانەیە.شیعرنووسین کارکردنە لەناو جوگرافیا نەبینراوەکانی وێنە و تێڕامانە لەناو دڵی گێژەنەکاندا . من بە ئەزموونی خۆم لەوە گەیشتووم ئەو شیعرەی مەراقی گەورەی لە پشتەوەیە، هەمیشە داهێنانی گەورەیشی لە پشتەوەیە.وەک لەسەرەوە باسمان لە دنیای نامۆیی و غوربەتی مامۆستا کرد،دەرئەنجام ئەو رۆژگارە سەختانە بوونە مایەی لە دایکبوونی دەربەندی پەپوولە. شاعیر بەرانبەر بە تروسکە کەمەی هێشتا لەشەوەزەنگی  کوردستان دا بەدی کراوە ،هیوا بڕاو نەبووە ، ویستوویەتی لای خۆیەوە بەشداری لەو رۆژانە پڕ لە نائومێدییەدا بکات. شیعر تاکە چەکی بووە و وڵاتیش تاکە هیوای چاوتێبڕاوی. لەم رووەوە لە ل ٣٢٨ و ٣٢٩ دا دەنووسێ : رۆژی وا هەبوو لە بەیانی سەعات هەشتەوە لەماڵ ئەچوومە دەرەوە بۆناو ستۆکهۆڵم و رەشنووسەکانم لەگەڵ خۆمدا ئەبردوو  چایخانەیەکم ئەدۆزییەوە و دائەنیشتم و ئەمنووسی،ئەگەر چایخانەیەک لێم وەڕس بوایە،هەڵئەسام و چایخانە و کافیتریایەکی ترم ئەدۆزییەوە و بەو جۆرە تا ئێوارە نەئەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە.

بەڵێ، شاعیر، لەو سەردەمەدا،لە بارودۆخێکی هیجگار تایبەت و پڕ لە ناجۆریدا پەنای بۆ شیعر نووسین بردووە و کۆڵی لە داهێنان نەداوە. بەلای شاعیرەوە گرنگ بووە، چاو و قاوە و جگەرەی لێ نەبڕێ. ئەم ٣ کەرەسەیە بە درێژایی تەمەنی هاودەمی بوون. کەواتە ئێمە بەگشتی قەرزاری “ئاو و خۆڵەمێش” ین،دەنا مامۆستا شێرکۆ نەیدەتوانی لە نەخشاندنی تابلۆی ژیانی هونەریدا وەک پێویست ئەفراندن بکات و نەخش بگێڕێ… یەکێ لە خەسڵەتەکانی دیکەشی لەکاتێکدا بەپێوە وەستاوە و لە دنیای خەیاڵی شیعردا دەفڕێ،بوونی مووکێشێکە بۆ دەرهێنانی مووە زیادەکانی روومەتی .

لە ل ٣٢١دا، دەربارەی چۆنییەتی  پرۆسەی لەدایکبوونی شیعر، دەنووسێ: من هەندێجار یەک لاپەڕەی فۆلسکاب بە چوار پێنج سەحات ئەنووسم. بەڵام چۆن؟ یەکەم رەشنووس ئەو لووزەوەیە،کە دێت و خۆیشم بەریم بۆ ناگیرێ. لە دووەمدا سەرنج لە ئیقاع و ئاهەنگی رستەکان ئەدەم. لە سێهەمدا هەوئەدەم شەن و کەوی وشەکان بکەم.لە چوارەم و پێنجەمدا بە شوێن کەلەبەرەکاندا ئەگەڕێم،لە کوێدان و بۆچی. ئەو رەشنووسانە ئەدڕێنم.تا دوا رەشنووسی لاپەڕەکە و ئەیخەمەلاوە. بەڵام دیسان دوای تەواوبوونی هەموو کارەکە یەک نووسینەوەی سەرتاسەرم ئەمێنێ،کە ئینجا ئیتر ئەمەیان ئەبێتە دوا رەشنووس  و ئامادە ئەبێ بۆ چاپکردن.

دواتر باس لەو پێداویستی و خەسڵەتە تایبەتانە دەکات کە بۆ شیعر نووسین و لەدەمی شیعر نووسیندا پێویستی پێیانە و دەنووسێ:  من لەسەر کاغەزی سپی بێ خەت ئەنووسم .ناتوانم لەسەر کاغەزێ بنووسم خەتداربێ. چونکە وائەزانم ئەو خەتانە رێم لێئەگرن!،ئاخر دەنێ  هێڵێکی کێشراوی سەر پەڕەیەک چی بێت،وا هێندە ئازاری رۆحی شاحیری داوە و دەبێتە بەربەست لەبەردەم تاڤگەی شیعر و نووسیندا؟!. بنۆڕە!،پێویستە شێرکۆی شاعیر، بەسەر چەند ئاستەنگ و گرفتدا زاڵ بێت و لەچەند بەڵا و وەیشوومە گەرە خۆ لا بدات،تا بەرهەمێکی دەخاتە سەر کاغەز؟! لەسەر پارچە کاغەزی بچووکیش نانووسم.ئەگەر چەند دێڕێکیش بنووسم هەر ئەبێ لەسەر یەک لاپەڕە بێت. رەنگە زانینی ئەم تایبەتمەندییانە و ئەو کەش و هەوایەی شیعر لای شێرکۆ بێکەس ،هەر ئەوە نەبێ من و تۆ پێمان خۆش بێت لێی ئاگادار بین،بەڵکو ببێتە ئەزموونێکی سوودلێوەرگرتن بۆ شاعیرانی ئاییندەش. هەمان کات دەرک کردنە بە جیهانی تایبەتی تاکە کەس و شاعیران لە نێوانیاندا. دیسان ئەمەش ئەو راستییەیە بەڵگەنەویستەیە، کە هەر کەس و لایەن و نەتەوەیەک لە رەهەندی خۆیدا خاوەن تایبەتمەندی و ناسنامەی خۆیەتی و کەس لە کەس ناچێت و مەڕ بە پێێ خۆیی و بزن بە رێێ خۆی. مامۆستا شیرکۆ لە ل ٣٣٥ دا بەکورتی ئاماژە بە شانازی بە دوو قۆناغی ژیانی شاعیرێتی خۆی دەبات و وەک بۆمان دەگێڕێتەوە و دەنووسێ: من ،بۆ خۆم یەکێکم لەو شاعیرانەی،کە بەراستی شانازی بە دوو قۆناغی ژیان و ئەدەبی خۆمەوە ئەکەم. چ لەناو شۆڕشی ئەیلولدا و چ لە شٶڕشی نوێدا. چونکە نەدەستم بە کڵاوەکەی خۆمەوە گرت و نە بێدەنگ بووم و نە بە جەستەیش لە شیعرەکانم دوورکەوتمەوە. من ئەم هاوبەشیکردنەی خۆم لەچاو ئەو فیداکاریانەی لە نەبەردەکانی موقاوەمەتی بەعسدا ئەکران، زۆر بچووک ئەزانم. بەڵام هەر ئەوەندە لەدەست ئێمە ئەهات.

خاڵێکی باڵکێشی ئەم بیرتەوەرییانە ئەوەیە،مامۆستا شێرکۆ خۆی لە باسی بە پاڵەوانکردنی (من) و( من) دا بەدوور گرتووە.سەرباری پێگە و رۆڵ و سەنگی خۆی، شان و باڵی لە خۆی نەڕواندووە و خوێنەر بە ستایشی پوچگەراییەوە سەرقاڵ ناکات.

ئەم بیرەوەرییە، بەشێوازێکی ئەدەبی و بە زمانێکی ئەدەبی بەرز دارێژراوە.بۆ هەر پەردەیەکی ژیانی،ناونیشانێکی داناوە. بەهەق گەلێ بەسەرهات و رووداوی ووردی تۆمار کردووە.

لێ مەخابن نەیتوانیوە، درێژە بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی ،تا سەردەمی پێش ماڵئاوایی بدات.دیارە رۆڵی ئەم چەند ساڵەی دوایی،پڕن لە باس و خواستی سەیر و  بۆ خوێنەر باڵکێش دەبوون.

ماوەتەوە بڵێێن، بائەو دۆست و برادەرانەی، مامۆستا شێرکۆ، کە ئاگایان لە شتگەلێکی دیکە مامۆستا شێرکۆ  هەیە، چاکی خزمەتی لێ بکەن بەلادا و هەوڵ بدەن، بە چەپک و مەڵۆی خۆیان شارای بیرەوەرییەکانی شاعیر دەوڵەمەتر بکەن. ئەمەش چەند ئەمەکە بەرانبەر بە شاعیر، هێندەش  ئەرکێکی رۆشنبیرییە….

سەرنج: ئەو کۆپلە شیعرانەم بۆ بەپێزکردنی بابەتەکە هێناوەتەوە.دیارە لە بیرەوەرییەکانیدا بەرچاوناکەون….لە کاتێکدا شیعرەکەی بۆ فەتاح ئاغا و سەعەی گەوهەر لە دیوانەکانیشیدا چاپنەکراون.

سەرچاوەکان :  *خوێندکاری کورد، گۆڤاری رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا ـ سۆکسە  ژمارە ٢٤/٢٥ ی ١٩٩٧

** رۆڤار ژمارە ٧٤

*** خوێندکاری کورد، ژمارە ١٩ ی ١٩٩٤

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەم بابەتە لە ژمارە ٩٧ ی گۆڤاری هەنار/ فێبرایەری ٢٠١٤ دا بڵاوکراوەتەوە.

 

هەڵۆ بەرزنجەیی/ بەرلین 

٢٢/١٢/٢٠١٣

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی