"an independent online kurdish website

لەدوای کێشمەکێشمێکی زۆر‌و چەند مانگە رۆژی ٣٠ی مارسی ٢٠١٤ هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا بەرێوەچووagiri_baleki
،

هەڵبژاردنی ئەمجاره‌ جیاواز لە جارانی‌تر بەرێوە چوو، هەڵبژاردنێک کە لەو نێوەدا تورکیەی بەسەر چوار بەرە‌دا دابەش کردبوو، تورکەکان بە سەر سێ بەرەی دژ بەیەک‌و کوردەکانیش. بەرەی یەکەمی تورکەکان کە پارتی داد‌و گەشە پێدان رێبەرایەتی دەکات بە رێبەرایەتی ئەردۆغان‌و هەروەها بەرەیەک کە تورکە توندەرەوەکانن‌و بەرەیەکیش کە جەماعەتی گولەن رێبەرایەتی دەکەن‌و رەقیبی سەر سەختی ئەردۆغانن. لەو هەڵبژرادنەدا دەتوانین چەندین پرسی گرینگ ببینین کە دەتوانین بلێین ریفراندۆمیان لەسەر کرا، سەرەتا ریفراندۆمێک دادەنرێت بۆ ئەردۆغان‌و حیزبەکەی کە پێش هەڵبژرادن فشارێکی زۆری لەسەر بوو لەسەر ئەو کەیسە گەندەڵیانەی کە لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە ئاشکرا کرابوون. لە لایەکی ترەوە بەریفراندۆمێک دادەنرێ بۆ بەرەوپێش بردنی پرسی ئاشتی کورد‌و تورک لە تورکیە.

لەرۆژی هەڵبژاردنەکان‌دا، بەرەی پارتی داد‌و گەشە پێدان سەرکەوتنێکی گه‌وره‌ی بۆ خۆی تۆمار کرد، ئەو بەتەنیا ٤٥%ی دەنگەکانیان واتە ٢٠ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار دەنگی بەدەست هێنا کە بەبەراورد له‌گه‌ڵ ساڵی ٢٠٠٩ له‌ هەڵبژاردنی شارەوانیەکان‌دا ٣٨% دەنگەکانی واتە ١٥ میلیۆن دەنگی بەدەست هێنابوو، به‌ڕاده‌یه‌کی باش چۆته‌ سه‌رێ.

بۆ خەڵکی تورکیە (کورد‌و تورک‌) دەنگیان دا بە ئەردۆغان؟

تا چەند رۆژ پێش هەڵبژاردن کەم کەس باوەری دەکرد کە ئەردۆغان براوەی هەڵبژاردنەکان بێت، بەڵام بەچەند هۆکاری سادە دەتوانین بڵێین کە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پارتی داوگەشەپێدان ئەمانەبوون:

یەکەم: دوای ناڕەزایەتیەکانی ٩مانگی رابردوو لە شاری ئێستانبول‌و چەند شاری دیکە‌، ئابووری تورکیە کە ئیستقرارێکی نیسبی چەند ساڵەی هەبوو، به‌خێرایی دابه‌زی، هەتا وای لێ‌هات کە کەسب‌و کار لەو وڵاتە خەریک بوو دەگەڕایەوە بۆ چەند ساڵ پێش ئێستا کە وەزعیەتی ئابووری تورکیە لەوپەری خەراپی‌ دا بوو، خەڵکی کاسب‌و دەوڵەمەندی تورکیە لەسیاسەتەکانی ئەردۆگان بۆ ئابووری رازیبوون، چونکە بەهۆی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەردۆغان‌و پارتەکەی، تورکیە لە وەزعیەتێکی باشی ئابووری دابوو، بەلام نارەزایەتییەکانی ئەو دوایە وای کردبوو کە کەسب‌و کار لە تورکیە دابەزێت، دەنگ دان بە ئەردۆغان دەنگ دان بوو بە گەرانەوەی ئابووری باش بۆ ئەو وڵاتە.

دووەم: کاتێک دژبەرانی پارتی دادو گەشە پێدان‌و ئەدۆغان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا خەریکی ئاشکرا کردنی گەندەڵییەکانی ئەوان بوون، ئەردۆغان بەسەر تاسەری تورکیە‌دا دەگەڕاو پرۆژه‌ی ئابووری بنیات دەنا‌و لە هەر شوێنێک جێ‌پەنجەی خۆی بەجێ دەهێشت. ئەردۆغان بە بەکارهێنانی سیاسەتی زیرەکانە و خوێندوەی باش بۆ کۆمەڵگای کورد‌و تورک لە تورکیە کارەکانی خۆی دەبردە پێش. ئەو دەیزانی کە هۆکاری دینی یەکێکە لە گرینگترین هۆکارەکان بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ پارتەکەی.

سێ‌یەم: دژبەرانی ئەرۆغان لە ماوەیەکی کەم دا بە هەزارن فایل‌و دۆکومێنتیان لەسەر ئەردۆغان‌و بنەماڵەکه‌ی‌و پارتەکەی بڵاوکردنەوە،کە ئەو شێوە بلاوکردنەوەیە بێ باوەڕییەکی لای خەڵک دروست کردبوو‌ که‌ بەشێکی زۆری ئه‌و به‌ڵگانه‌ بە ساختە دابنێن.

چوارەم: کوردەکان لایەکی‌تری هاوکێشەکە بوون بۆ ئەردۆغان‌. بە سیاسەتێک کە ماوەی ٨٠ ساڵە لە تورکیە پەیرەو دەکرێ، ئه‌و هات کوردەکانی وەک نەتەوەیەک بە نەتەوەکانی تورکیە ناساند. تا پێش ئەو رێکەوتە حکوومەتە ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی سەر تورکیە کوردەکانیان بە تورکی شاخی دەناساند، ئەردۆغان بە سیاسەتی زیرەکانەی خۆی ئەو تابۆیه‌ی شکاند‌و دەیزانی دەنگی کوردەکان لە تورکیە بۆ ئەو و پارتەکەی چارەنووس سازە. هەروەک دیتیشمان لە ناوچەی کورد‌نیشن لە ٧ میلیۆن دەنگی دراو‌، ئەو نزیک بە ٤ میلیۆن دەنگی بەدەست هێنا.

کوردەکان‌و هەڵبژاردنی تورکیە

کوردەکان دوای نەبوونی ئازادییەکی دەیان ساڵە، دوای گۆرانکاری لەناوچەکەو تورکیە هەروەها خەباتێکی دژواری چه‌کداری‌و مەدەنی‌و کورده‌کان که‌ راسته‌وخۆ کاریگه‌ری هه‌بووه‌ کە مافی بەشداریی سیاسی لە پرۆسەی بەرێوەبردنی وڵات بەدەست بێنن ، بەڵام کوردەکان بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بەشداریه‌کی ئەوتۆیان لە هەڵبژاردن‌دا نه‌کرد که‌ کاریگه‌ری زیاتری خۆیان ده‌ربخه‌ن، ئەگەر بەشداریش بن ئەو لایەنه‌ی زۆرترین دەنگی پێ دەدەن کورد نیە، لێرەدایە ئاخۆ دەبێ ئه‌و هۆکارانە چ بن کە کوردەکان نەتوانن کەڵکی باش لەو هەلە زێرینانە وەربگرن کە هاتۆتە پێشیان؟ لە حالێکدا هاوکێشەکان بە قازانجی وان لە گۆران دان، تورکەکان لە نێوخۆیان‌دا بوونە چەند بەرە، هەستی ناسیۆنالیستی کورد لە باکوور به‌ چ ئاقارێک‌دا رۆیشتوه‌؟ ئایا هەژمونی دینی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای کوردی باکور بریاردەرە؟ ئایا هێزە کوردییەکانی ئەو دەڤەرە نەیانتوانیوە بچنە نێو ناخی کۆمەڵگای کوردی؟ ئایا هێزێکی وەک ئاکەپە باشتر بەدەنگ کوردەکانەوە چووە یان هێزە کوردەکان؟ ئایا دیسان بەرەی کۆمۆنیزم‌و دین سەریان لە کوردەکان شێواندوە؟ ئایا لە نێوان هژموونی دینی‌و کۆمۆنیزم‌و ناسیۆنالیزم کوردەکان گیریان کردوە؟ ئەمانه‌‌و دەیان پرسیاری تر لەدوای ٣٠‌ی ئازار دەبێ کوردی باکور و هێزە سیاسییەکانیان لە خۆیان بکەن.

بەراوردێک لە نێوان دوو هەڵبژاردن دا..

هەرچەندە کوردەکان لە باکووری کوردستان لە هەڵبژرادنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠٠٩‌دا بەشداریان بەو شێوە نەبوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی سالی ٢٠١١ ی پەرلەمان بەشدارییان کرد‌و بە گەرم و گوڕییەکی زۆرەوە هاتنە مەیدان، بەڵام لە بەرامبەردا لە نزیک بە ٩ میلیۆن دەنگدەری کورد(سەرچاوە نارەسمیەکان) کوردەکان تەنها ٢ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگیان بەدەست هێنا‌و توانیان ٣٦ نوێنەر بۆ پەرلەمان بەرێ بکەن. لە بەرامبەردا پارتی داد‌وگەشە پێدان لە ناوچە کوردنشینەکان توانی زیاتر لە ٦٠ نوێنەری کورد بۆ پەرلەمان بەرێ بکەن‌و بە پێچەوانەی پێشبینیەکان کوردەکان نه‌یانتوانی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ به‌ ده‌ست بێنن که‌ چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد. لەو سەردەمەدا، ٣ ساڵ دواتر واته‌ لە بەهاری ئەمساڵ‌دا ، دوای گۆرانکارییەکی زۆر لە پرسی کورد‌، ئاواڵە‌بوونی زیاتری کەش‌و هەوای هەڵبژاردن، کوردەکان بۆ جارێکی دیکە چوونەوە سەر سندووقەکان بۆ ئەوەی بتوانن له‌ ناوچەکانی خۆیان ده‌سه‌ڵاتی شاره‌وانییه‌کان به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن. بەڵام لەو پەری سەرسورمان‌دا کوردەکان هەمان ژمارەی ٣ ساڵی رابردوو یانی ٢ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگیان تۆمار کردەوە، واتە بە پێی ئەو ئامارانە دەنگدەری کورد لە باکوور نە زیادی کردوە‌و نە کەمی کردوە‌و ئەو بەشە کوردییەی کە دەنگی دەدا بە حیزبە تورکەکان هیچ گۆرانیان بەسەر دانەهاتووە ئەوە لە حالێک دایە لە هەڵبژاردنی ئەو جارەدا کوردەکان دەیانتوانی سەرکەوتنێکی چاوەروان نەکراو تۆمار بکەن.

بە پێ ئامارەکان لە باکوری کوردستان ٧ میلیۆن و ١٨٧ هەزار دەنگ دراوە بە کاندیدەکانی هەڵبژاردن لە بەرامبەردا کوردەکان لەو ناوچەکانی خۆیان لەو ٧ میلیۆن و ١٨٧ هەزار دەنگەی ناو سندوق تەنها ١ میلیۆن و ٩٠٠ هەزار دەنگیان هێناوە، لە بەرامبەردا پارتی دادو گەشە پێدانی ئەردۆغان ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگ هێناوە، هەروەها دەنگەکانی‌تر دراوە بە ‌هێزە تورکەکانی‌تر، ئامارەکان پێمان دەلێن کە BDP پارتی ئاشتی‌و دێمۆکراسی کوردەکان کە شکستی هێناوە لە پارێزگا کوردییەکان بە پێی دەنگی دراو، بە پێچەوانەی پروپاگەندەکان کە دەلێن کوردەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، ئەوان دەلێن کە ئێمە سەرۆک شارەوانیەکانمان لەدەست تورکەکان هەستاندوە. لە چاولێکردنێکی واقعی‌و دور لە ئیحساس نیشان دەدات کە کوردەکان راستە سەرۆک شارەوانیەکانیان لە دەست تورکان ستاندوە، بەڵام دەنگەکانیان لە چاو ٣ ساڵی رابردوو هیچ زیادی نەکردوە، ئەوان لە ٢٠٠٩ بەشدار نەبوون هەربۆیە دەلێن ئێمە سەر کەوتووین. ئه‌گه‌ر ئەوان لە ٢٠٠٩ بەشدار ببان ره‌نگه‌ هەر ئەو رێژەیان بەدەست هێنابا.

بەڵام ئایا هۆکار چیە کە BDP پارتی ئاشتی‌و دێمۆکراسی ناتوانێ دەنگەکانی زیاد بکات، ئایا هەژموونی پارتیکرێکارانی کوردستان وای کردوە کە خەڵک هەر بەو ئەندازەیە لەوێ کۆببنەوە، ئایا پێشگیری کردنی ئەوان لە دروست بوونی پارتی‌تر بۆتە هۆی ئەوەی کە دەنگەدەری کورد پەنا بۆ تورکەکان بەرن، ئەو هۆکارانە هەمووی لە جێگای خۆی‌دا ده‌کرێ راست بن.

بە براوی من هیچ جێگای پاساو نیە لە شارە گەروەکانی باکووری کوردستان پارتێکی تورک لە پێش کوردەکانەوە بێت. یان لەناو جەرگەی باکوری کوردستان‌دا‌، حیزبێکی وەک جەهەپە کە حیزبێکی ناسیۆنالیستی کوردە دەنگێکی زۆر بەدەست بێنێت، ئەمانە پرسیارێکن کە پێویست ناکات خۆی لێ‌بدزرێتەوە و پێویستە کە BDP پارتی ئاشتی‌و دێمۆکراسی‌ وڵام بداته‌وه‌.

بە بڕوای من پارتی کرێکارانی کوردستان و BDP پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی ئەوەندە لە بیری پارچەکانی دیکەی کوردستانن با بیرێک لە پارچەی و ژینگەی خۆیان بکەنەوە، ئەوان لە باتی ئەوەی سەرکردەو حیزب بۆ پارچەکانی دیکە ساز بکەن وا باشترە کە چاوێک بەو ئامارانە دا بخشێنن کە لەو دوو هەڵبژاردنەی داویدا هاتۆتە دەستیان بە پێ ئامارەکا کوردەکان زیاتر لە ١٠ میلیۆن دەنگدەریان هەیە کە بەپێ رێژەی سەدی هێزی کوردی دوای ٣٠ ساڵ خەباتی چەکداری و دەیان ساڵ خەباتی مەدەنی تەنها ٣ میلیۆن دەنگی بەدەست هێناوە یانی ٣٠ % کۆمەڵگای کوردی، ئەو رێژە و رەقەمانە شتیک نین هەر وا لە گۆترە بنوسرێن، بۆیە دەبێ راوەستانکی جیدی لەسەر بکرێ، لە سیاسەت دا دەلێن گەورەترین رۆژی هەر حیزبێکی سیاسی رۆژی هەڵبژاردنە، بەڵام دەبێ هێزە کوردیەکان باکور چاوێک بە سیاسەت و کلتوری بەرێوە بردنی خۆیاندا بخشێن، ئەوان دوای ٣٠ ساڵ تاکو ئێستاش لە کۆمەڵگای خۆیان بە تەواوی نەگەیشتوون، تا کو ئێستاش ئەوان لەسەر فکری من راست و تۆ غەلەتی وئەوەی لەگەڵ من نەبێت دوژمنی منە کار دەکەی بۆیە وا باشە کە چاوێک بە سیاسەتەکانیان دا بخشێن و چونکە ٢ ساڵی دیکە دیسان ئەو دەنگدان دوبارە دەبێتەوە، تۆ ئەگەر توانیت دەنگی دەنگدەری کورد بۆ لای خۆت راکێشی ئەوا دەتوانی بیرۆکەی خۆشت بسەپێنێ.

کورد له‌ باکووری کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا سەلماندی کە نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ له‌ پێگه‌یشتوویی سیاسی که‌ وه‌ک له‌ باشووری سوودان له‌ رێگای ریفراندۆمه‌وه‌ چاره‌نووسی خۆی دیاری بکا. کاتێک ‌ باشووری سوودان بە رێفراندۆمێک جیا بووە، کوردستانیان به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر هه‌لوێستی خۆیان ده‌ربڕی کە دەبێ کوردیش داوای رێفراندۆم بکاو واز لە دروشمه‌ کۆنه‌کانی بێنێ. بەڵام ئێستا، دوای ئەم هەڵبژاردنە، کاتی ئەوە هاتووە کە لە خۆمان بپرسین داخۆ کورد ئەوەندە لە باری سیاسی، فەرهەنگی‌و کۆمەڵایەتییەوە گەشەی کردووە کە داوای ریفراندۆمی بۆ بکرێ.

سەرچاوە:

ماڵپەری کوردستان و کورد

ماڵپەری BBC

ماڵپەری CNN تورک

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی