"an independent online kurdish website

     لە لێواری ڕووباری نێوەڕاستی شارەوە داگەڕام. ڕۆیم و ڕۆیم، ڕێم کەوتە باخی گشتی, سروشت هەمە ڕەنگ خۆی دەنواندrehman-sofi

هەتاوی پایزی بە سەر ڕووبار و باخەوە پڕشنگی داویشت. تاو تاوەش هەوری گەواڵ گەواڵ بەری ڕۆژیان دەگرت. جار بە جار جریوە و جووکەی مەلی دارستان دەهاتە گوێ. دەڕۆیم و چاوم دەگێڕا. تاک و جووت خەڵک پیاسەیان دەکرد.

     بیرم کایه‌ی ده‌کرد. به‌ره‌و دوا، به‌ره‌و پێش. هۆشم لە باخ و ئێوارە دابڕا بوو. لە پڕێکدا سگێکی کوڵکنی خشپیلانه ڕایچڵەکاندم‌. سەگ هه‌ڵده‌به‌زی و دڕ دەوەڕی. هێرشی دەهێنا، کەمێک دەکشاوە و دووبارە هاشاوڵی دێنا. هەدادانی نەبوو. له‌ پێشینیانم بیستبوو«کە‌ سه‌گ بۆت هات، له‌ حاستی خۆت دانیشە» دانیشتم و خۆم مات کرد.

     ده‌نگێکی ژنانه‌ به‌ سوێدی ‌گوتی«مه‌ترسه‌ ناتگرێ» هەنگاو بە هەنگاو ده‌نگه‌که‌ نزیکتر بوه‌وه‌ و بەزمانی خۆی سەگەکەی بێدەنگ کرد. گوتی«لە سەگ دەترسی؟» هیچم نەکوت. ملی سه‌گه‌که‌ی گرت و لاواندییه‌وه‌. هاودەم دڵخۆشی منیشی دەداوە.‌ پرسی«به‌م ئێواره‌ لەم باخە چۆڵەدا چ ده‌که‌ی؟» بە لاڵە پەتە وتم «پیاسه‌م ده‌کرد». گوتی«منیش له‌گه‌ڵ سەگەکەم ئێواران له‌م باخەدا پیاسه‌ ده‌که‌ین».

     ده‌ستێکی به‌ سه‌ر سه‌گه‌که‌یدا هێنا و لاواندیەوە. گوتی«با بڕۆن» تێنەگەیم له‌گه‌ڵ منی بوو یان له‌گه‌ڵ سه‌گه‌که‌ی. کەچی بێ ئاگا لەگەڵیان بە ڕێکه‌وتم. شانبەشانی ژنە دەڕۆیشتم. سەگەکەش بەرەوپێش بەرەودا، ئەم شان و ئەو شان مڵۆمۆی دەکرد. ژنکە وەک ئەوەی لەگەڵ منداڵی خۆی بدوێ سەگەکەی بانگ کرد و گوتی«”هەرمس”! وەرە لەگەڵ ئەم پیاوە ببە ناسیاو» سەگەکە لێم نزیک بووەوە و کەوتە کلکەسوتێ. بۆنی پێوەکردم. قروسکاندی و نوزە نوزێکی کرد. گەڕاوە بۆلای ژنە. لە دڵی خۆمدا وتم«تۆ بڵێی مەبەستی چیبێ؟ بۆ لەگەڵم دەبێتە ناسیاو». بە قسەکردن لە باخەکە دەرکەوتین. شەقام و شەقام، کۆڵان بە کۆڵان گەیشتینە گەڕەکێک. چەن خانوی یەک دەست لە بەری ڕۆژهەڵاتەوە، ڕیزێکش خانوی چەن نهۆم لە لای ڕۆژئاواوە هەڵکەوت بوون. لە نێوەڕاستیشدا باخچەی منداڵان و پارکی بازی.

      چرای سەرگوزەر گەڕەکی ڕووناک کرد بوو. لە بەر ڕۆشنایەکە سیمای ژنەم دایە بەر سەرنج و بە وردی سەیرم کرد. قەیرە ژنێک بوو. کەڵەگەت و کەمەر باریک. قژی زەرد و پەخشان لە سەر شان بوو. تەوێڵ پان، چاو سەوز، بەڵام خەمێکی شاردراوە لە چاوەکانیدا بەدی دەکرا. نیگای لە ناخی مرۆڤ کاریگەر دەبوو. بزەیەکی کز کەوتە سەر لێوی. و لێم نزیک بووەوە. دەستی هێنا و گوتی«من ناوم یوهانا یە» منیش نابەدڵ دەستم لەگاڵ لێداوە ئەمجار بڕێک سەرنجی دام و گوتی«فرموو بە بچینە ماڵەوە! قاوەیەک پێکەوە بخۆینەوە» سەگەکەی لێم نزیک بوەوە و دیسان بۆنی پێوەکردم. دوو دڵ بووم بچم یان نەچم. لە شتێیەک دەترسام و نەشم دەزانی لە چی. یوهانا بە کوردی گوتی «مەترەس ناتخۆم» بە خۆم نەبوو پێکەنین گرتمی. پرسیم «کوردی لە کێوە فێر بووی؟» گوتی «با بچینە ماڵەوە پێت دەڵێم» سەرم نا بەرۆکم و بێدەنگ بووم. دوای چەن خولێک سەرم هەڵێنا، بە ماناوە سەیرێکم کرد و وتم«ببەخشە، بیر لەوە دەکەمەوە ناسیاویی من و تۆ بە کوێ دەگا» پەتی سەگەکەی ڕایکێشا و گوتی «مەترسە لە ناسیاوی لەگەڵ من زەرەر ناکەی»

       کلیلی لە کیفە دەستیکەی دەرهێنار و درگای کردەوە. سەگەکەیی وەک مناڵ لە باوش گرت و بە هەولەیەک چوارپەلی خاوێن کردەوە. ڕەشمەکەی لە ملی داماڵی و بەڕەڵای کرد سەگ بە خۆشی خۆشی بە نێو ماڵەکەدا ڕمبازێنێکی کرد. بۆنی بەهەموو شتێکەوە کرد. خۆی لە یوهانا نزیکردەوە و کەمێکی ڕوانی و دووبارە بۆنی بە منەوە کرد. ئەمجار. ڕۆیی لە جێگای تایبەتی خۆی بۆی وەرکەوت.

     یوهانا پرسی قاوە دەخۆیەوە یان چای؟ شانم هەڵتەکاند. ئەو ڕۆیی بۆ ئاشپەزخانە. منیش کونجکاو ڕوانیمە نێو ماڵەکەی. لە نێو قەفەسەی کتێبەکانیدا وێنەیەکم بینی، بە جلوبەرگی کوردیەوە. چوومە نزیکەوە و تەماشام دەکرد. یوهانا لە ئاشپەزخانە گەڕاوە. چاکەت و بلوزەکەی لە بەری داکند و لە سەر مۆبڵەکەی دانیشت. هەناسەیکی هەڵکێشا و کوتی«ئەو وێنەی کە دەیبینی لیباسی کوردی لەبەردایە، ئەوە شێرکۆ یە. سەردەمێک خۆشەویستم بوو»سەیرێکی کردم و گوتی«دەی باسی خۆتم بۆ بکە!» وتم «باسی چی بکەم. شتێکی وام نییە کە شیاوی باس کردن بێ» دوای چەن خولێک هەستا چوو قاوە بێنێ. لە ئاشپەخانەوە بە دنگێکی بڵەند بانگی کرد« قاوە بە شەکر و شیرەوە دەخۆیەوە یان تاڵ؟. وتم«بە شەکر و شیرەوە» قاوەی هێنا و لە سەر مێزەکەی پێش دەستم داینا. ئەمجارە بە جۆرێک لە سەر مۆبلەکەی دانیشت کە تێیدا نوقم بوو. قومێکی لە قاوەکەی خواردەوە. بە تاسەوە دەیڕوانییە فینجانەکەی. بە پەنجەکانی قژی بەشانە کرد. دوای چەن خولێک بێدەنگی هاتەوە قسە و ئەمجار گوتی «بۆ قسە ناکەی» تێڕامام. نەمدەزانی بڵێم چی. سەیری یەکدیمان دەکرد. ئەو چاوی داخست و دووبارە بە پەنجەکانی کایەی بە پرچی کرد. مات بوو. سەرنجی ڕۆیی بۆ لای وێنەکەی شێڕکۆ. بایداوە بۆلای سەگەکەی. سیلەی چاوێکی گرتە من. دیسان سەرنجی گەڕاوە بۆ لای وێنەکە. ئەسرین لە چاوەکانیەوە دڵۆپ دڵۆپ داچۆڕا بۆ سەر کوڵمەکانی. بە دەسرەێک وشکی کردنەوە. فینگەفینگێکی کرد و گوتی«عەزابی ویژدان پیری کردم. ساتێک ئارام و قەرارم نییە. تەنیا خۆم دەزانم دەردم چەن گرانە. من مەجبوور بووم لە نێوان دوو بونەوەردا، کە هەر دووکیانم خۆشدەویست، یەکیان هەڵبژێرم. یان خۆم بکەم بە قوربانی هەر دووکیان. بە هەر بارێکدابێ خۆم نابەخشم»

     بەدڵ گوێم دابووە قسەکانی. هەوڵم ئەدا کە دەرکی بکەم. بەڵام وەکوو پێشینیان گوتویانە “سەت تەبیب بە قەت دەردەدارێک نازانی” من چۆن بزانم دەردی ئەو چەییە. هەمیسان ڕووی کردەوە من و گوتی«نازانم چۆنت بۆ بگێڕمەوە. پێتوایە هەروا ئاسانە. چووشمەتە لای دکتۆری دەروونناس. زۆر جار تا ڕادەی خۆکوشتن دەرمانم خواردووە. بەڵام ژیان خۆشە و منیش گیان سەختم. دوای ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە ژیانی من هیچ مانای نەماوە. ئەگەر “هەرمس” نەبووایە نەمەتوانی بژیم». کە ناوی “هەرمس” ی دەێنا، سەگەکە چاوی هەڵدێنا و بە کزییەوە تێی دەیڕوانی. سەیرێکی ئێمەی دەکرد و چاوەکانی وێکدەناوە. یوهانا هەستا لە نێو کتێبەکانیدا ئاڵبۆمێکی وێنەی هێنا و نایە بەر دەستم. چاوێکەم پێداگێڕا. ئاڵبۆمی تایبەتی خۆی و شێرکۆ بوو. لاپەڕە دوای لاپەڕە هەڵم دانەوە. لە چەن وێنەیک ئیستم دەگرت. یوهانا شەرحی دەکرد کە ئەم وئەوێنە کەی و لەکوێ گیراوە. سەرم بە تەماشای وێنەوە گەرم بوو. کەچی دوای چەن سووڕ، کە سەرم هەڵێنا یوهانا دیار نەبوو. بەڵام زۆری پێنەچوو گەڕاوە. شوشەیک شەڕاب و دوو پیاڵەی لە سەر مێزەکە دانا. پیاڵەیکەی بۆ خۆی پڕکرد. قومێکی لێخواردەوە. ڕووی کرد من و گوتی «بۆ خۆت تێکە» قومێکی دیشی خوادەوە. نیگاێکی تێگرتم و کەوتەوە قسە و گوتی«ڕۆژێکی لای ئێوار هیلاک ومانوو لە کار گەڕامەوە. زۆر ماندوو بووم. هەڵبەتە وەڕزەش بووم. بێتاقەت لەماڵەکەدا دەهاتم و دەچووم. بەڵام هەر چیم دەکرد بە هیچ هەڵسوکەوتێک سوکناییم نەدەهات. لە ماڵ دەرکەوتم. بە پیاسە ڕۆیم بۆ هەمان باخی گشتی کە ئەم ئێوارەیە تۆم بینی. چاوم دەگێڕا بە باخەکەدا. ناسیاوێکم بەدی نەدەکرد. بەڵام دیم کوڕێک بە تنیا لە سەر نیمکەتێک دانیشتووە. سەرنجمی ڕاکێشا. بە حەزەوە تەماشم کرد. بێ سێودوو چووم بۆلای. پرسیم بۆم هەیە لێرە دانیشم. بزەیەکی هاتێ وگوتی فەرموو. دانیشتم. ڕوانیمە سەرتاپای. کوڕێکی کەڵەگەت و تیشکەڵانە بوو. گەردن بڵند، سمێڵ قیت. لێو بە بزە و ڕەزا سووک دەهاتە بەر چاو. کەوتمە داوی خۆشەویستی» ئەمەی گوت و هەناسەی قوڵی هەڵکێشا و چۆڕێکی دی لە شەڕابەکەی خۆاردەوە. نیگای ڕۆیی بۆ لای وێنەکەی شێرکۆ. کەمێکی تێڕوانی و بایداوە بۆ لای من و گوتی« بمبوورە سەرت دێشێنم» وتم«نا قەیناکا، بەردەوامبە» گوتی«لە بەر چاوم ئەوندە خوێن شیرین و لە دڵەوە نزیک بوو. ئارەزووم کرد هەر لەوێ لە ئامێزیگرم. وام بە دڵدا دەهات کە ئەمە هەمان شازادەی خولیای منە و بە ڕێکەوت ئەمڕۆ تووشی هاتووم. گوتم«بۆ بە تنیا دانیشتوو؟» لەوەڵامدا گوتی«غەریبەم لەم شارەدا کەس ناناسم» گوتم«پێت خۆشە ببینە دۆست؟» بە ڕۆح سووکییەوە گوتی«حەزدەکەم». بە دڵ گەرەکم بوو داوەتیکەم کە شێوێک پێکەوە بخۆێن. گوتم هەستە با بچینە ڕستۆڕانێک، شێوێک پێکەوە بخۆین. بڕێک تێڕاما. گوتم بیری لەمەکەوە هەستە وەرە لەگەڵم. چووین لە ڕەستوڕانی لێواری ئەم ڕووبارەی کە دەیبینی جێمان گرت. گوتم«چیت پێخۆشە بە مەیلی خۆت داوابکە. دیسان بزە کەوتە سەر لێوی. زۆر سەرنجڕاکێش دەیڕوانی و بزەی دەهاتێ. داوای شەڕاب و خۆشترن خواردنم کرد. شێومان خۆارد. ئاهەنگی موزیک دەرفەت و هەلێکی لەبار بوو بۆ گەڕێک بە جووتە هەڵپەڕین گوتم«هەستە با پێکەوە هەڵپەڕین».هەمیسان بزەی هاتێ. وادیار بوو کە دوودڵە. گوتی«ئاخر نازانم هەڵپەڕم» بەڵام من گوێم نەدایە. دەستیم گرت و گوتم«زانینی ناوێ تۆ وەرە فێردەبی» چووین گەڕێکی خۆش پێکەوە هەڵپەڕین. گەڕاینەوە بۆ سەر مێزەکە. من لە خۆشیدا هەر ئەوە مابوو کە باڵ بگرم و هەڵفڕم. کەمێکی دیمان خواردەوە. سەر خۆش و کەیف خۆش دەمڕوانییە سیمای ساکاری. من زۆرتر پرسیارم دەکرد. ئەو زۆرتر بە بزەی سەرلێوی وەڵامی ئەدامەوە. گوتم بۆم بگێڕەوە چۆنە هاتوویتە وڵاتی ئێمە. گوتی«لە وڵاتی خۆمان مامۆستا بووم. بەهۆی بەشداری کردنم لە خەباتی ڕزگاریخوازیدا لە کار دەرکرام. منیش بە ناچار زێد و خانەوادە و خزم و کەسم بە جێ هێشت و وەکوو زۆربەی پەنابەران بە هەر وازێک بووە خۆم گەیاندوەتە ئەم وڵاتەی ئێوە». لێم پرسی ژن و منداڵت هەیە؟ پرسیارێکی گەوجانە، بە رای تۆش گەوجانە نە بوو؟. بەڵام ئەو دیسان بزەیەک کەوتە سەر لێوی. ئاخێکی هەڵکێشا و نەرم بە دەنگێکی کزەوە گوتی« نەخەیر. دەرفەت و هەلم بۆ ڕێ نەکەوتووە. یان وەکوو دەڵێن ڕەنگە چارەنووس وای هێناوە». تەواو شادیم لە دڵگەڕا. گوتم ئەرێ دەرنەکەوین. دەست لە نێو دەستان لە کافە ڕەستووڕانکە دەرکەوتین. کە هاتینە دەرەوە گوتم بابچین بۆ لای من. ماوەیەک مات بوو. دیار بوو سڵەی دەکرد. وتی«ئاخر من و تۆ یەکدی ناناسین چۆن دەبێ» گوتم« ئاخری ناوێ حەزدەکەم زیاتر بتناسم. هەمیسان بزەکەی لێوی خۆی نواند. دوای ماوەیەک ملی پێدام و لە گەڵم کەوت»

    هاتێنەوە ماڵی. لە هەوەڵەوە هەرمس زۆری پێوەڕی. تێگەیم هەم ئەو لە هەرمس دەترسا هەم هەرمس هەستی بە نامۆیی ئەو دەکرد. گوتم« مەترسە ئەوە نامۆیی دەکا، دەنا زۆر مێهرەبانە». دوای چەن خولێک هەرمس ئەهۆن بووەوە. ڕۆیی لە جێگای خۆی وەرکەوت. ئێمەش هەر لە سەر ئەم مۆبڵە دانیشتین. گوتم خۆت بە خاوەن ماڵ بزانە. دیسان بزەی هاتێ و گوتی« ئاخر من و تۆ یەکتر ناناسین. چۆن دەبێ». گوتم«خۆشەویستی ئەوە نازانێ. بێ ئێختیار خۆم خستە ئامێزی. ئەویش شەرمی شکاو و ڕام بوو. بە هەستێکی خۆشەویستانەوە زۆر تامەزرۆیانە دەمم نا نێودەمی و لێکهاڵاین. خۆشترین لەزەتم لێوەرگرت. وەکوو بووک و زاوا شەومان گەیاندە ڕۆژ».

     ماوەیک بە شادمانی و خۆشی ڕامانبوارد. پێشنیارم پێکرد« ئەگەر پێت خۆشە دەتوانی بێەتە سەر ماڵ و پێکەوە بژین. دیارە ئەویش پێی خۆش بوو. ژیانی هاوبەشمان دامەزراند. بەڵام دوای ماوەیەک ئەو ئاڵۆشی کەوتە گیانی. چاوەکانی سووردە بوون و ئاویان دەکرد. بەردەوام دەپشمی. لیرگی دەکرد و پێستی سوور هەڵدەگەڕا. جاری واهەبوو هەناسەی دەرنەدەهات. بۆ چارەسەر چووینە لای دکتۆر. دەرمان و مەڵهەمیان بۆ نووسی بەڵام هیچ فایدەی نەکرد. لە هەوەڵەوە بۆمان دەرنەکەوت کە هۆیەکەی چییە. چەن دەرمانگە و دکتۆری جۆراوجۆرمان کرد. تا دکتۆرێکی ناسیاوی خۆم بۆی نووسین کە بچین بۆ ئازمایشگە. کە تێستی بکەن بزانن هۆێەکەی چییە. بە ئازمایش و تێست کردن دەرکەوت کە بە سەگ حەساسیەتی هەبوو. ئاڵۆشی ئەوندە زۆر بوو هەر مەپرسە. ئەوندەی خۆ هەڵ دەکڕاند تەواوو پێستی خوێنی لێدەهات. مەڵحەمیش داینەمرکاند. ئاڵۆشی تا ڕادەیەک زۆر بوو گڕی تێبەر دەبوو. ئۆقرە و ئارامی نەدەما. خەوی لێنەدەکەوت. دەچووە بەر پەنجێرەکە خۆی فێنک کاتەوە، من هاوارم لێ هەڵدەستا. جاری وا بوو مەجبوور دەبوو بچێتە دەرەوە. من زۆر نگەرانی دەبووم. باوەڕبکە، هەرمسیش خۆی کزۆڵە دەکرد و بە چاوی خەفەبارەوە تەماشای دەکرد. کە یوهانا ناوی هەرسی دێنا، سەگەکە گوێی قوت دەکردەوە و تەماشای دەکردین. یوهانا لە سەری رۆیی و گوتی« چووینە لای دکتۆری دەرووناس و ڕاوێژکار تا ڕێگا چارەیکمان نیشان بدن. وتیان چار ئەوەیە کە سەگە لە ماڵێ ڕانەگرن. خەم و پەژارە دایگرتم. وەک ئەوە بوو نەهامەتی دنیام بە سەردا باریبێ. لە سەر دووڕێیانێک داما بووم. هەرچەن بیرم لێ دەکردەوە نەمدەزانی چیبکەم. ئاخر هەرمس داوای مردنی دایکم تەنیا هاوڕێی من بووە. چۆنی بەرەڵاکەم. دیارە کە نەدەبوو شێرکۆش بەو دەرد و ئازارەوە بناڵێ. پەشێوی شێرکۆ گەییە ئەو ئاستە کە لە ژیان وەڕەز بوو. بڕیاری خۆی دابوو کە لێم جیابێتەوە. وتی« ئەگەر سەگەکەت بەڕەڵا نەکەی منیش ناتوانم بەم شێوەیە لەگەڵت بژیم». زۆر خراپ گیرم کردە بوو. گوتم« باشە شێرکۆ گیان! تۆ لە ماڵی خۆت و منیش لەماڵێ خۆم. بەڵام هەر وەکوو دوو دۆست یەکدی ببینین». کەچی شێرکۆ ئەم مەتڵەبەی بۆ هەرس نەدەکرا. بەوە ڕازی نەبوو.گوتی«ئەگەر منت خۆشدەوێ دەس لە سەگەکەت هەڵگرە». دیارە که ئەوم زۆر خۆشدەویست، بەڵام هەرمس یشم هەر خۆش دەوێ.

     بەڵێ سەرت نەئێشێنم. کار بەو جێگایە گەیی کە ئێوارەیەک دوای شێو خوردن، شێڕکۆ لە بەر ئاڵۆشی و پەشێوی بە ناڕەحەتی لە ماڵ دەرکەوت. یوهانا ئەمەی گوت و دای لە پڕمەی گریان. هەستا و چوو بۆ دەسشۆری. سەیر ئەوە بوو کە سەگەکەشی وەدوای کەوت. ماوەیەکی پێچوو هەر نەهاتە دەر. دڵنیگەران بووم. هەستام چووم بزانم چی قەوما و چی بە سەر هات. دیم دەگری و هێڵنج ئەدا. وتم« هەندێک ئاوی سارد بە سەر و چاودا بکە چا دەبی». فینگە فینگێکی کرد. بە هەنیسکەوە هاتە دەرێ. هەر دووکمان دڵپەرۆش و خەفەتبار دەمانڕاونییە یەکدی. وتم«دەی دوایە کار بە کوێ گەیی؟ کەمێ ئەهۆن بووەوە. سەگەکەشی لە نزیکیەوە خۆی کزۆڵە کرد. یوهانا هەناسەێەکی قوڵی لە ناخەوە هەڵ کێشا و گوتی«بە کوێبگا ئەو شەوە خۆرد و خەوم لێ حەرام بوو. تا بەیانی بە دڵپەرۆشی و نگرانی لەم ماڵەدا هاتم و چووم. دوودڵ بووم کە تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەم یان نە. خۆم بەوە دڵخۆشی دەداوە کە لە هەرکوێ بێ دەگەڕیتەوە.

      دیارە ئەم بەسەرهاتە تاڵەی شێرکۆ و یوهانا کە بۆی دەگێڕامەوە، لە سەر هەستی منیش کاریگەر بوو. هەناسەێکی ساردم هەڵکێشاو هاو دەردی خۆم لەگەڵ دەربڕی. گوتم «دەی باشە ئەی دوایە بوو بەچی؟» «گوتی ببێ بە چی. هیچم لە دەست نەدەهات. سەیر ئەوەیە کە بە هیچ لەونێ نەمزانی کەس و کار کێن و لە کوێن، تا بە جۆرێک خەبەریان بدەمێ. زۆرم هەوڵدا کە لێرە هاو وڵاتیەکانی پەیداکەم. بەڵام ئێستا و ئێساش هیچم بۆ ڕوون نەبووەتەوە. ئەوەیە کە دەمبنینی. من ماومەتەوە و کۆڵێک کەسەر و ناڕەحەتی ویژدان. ئەمەی گوت دایەوە لە پڕمەی گریان. سەگەکەشی تەماشاێکی منی کرد و چوو خۆی هاویشتە باوشی یوهاناوە. بۆنی بە سەر و چاوییەوە کرد و دەلستەوە. بە گوێ و چاو هاودەری خۆی نیشان دەدا. ئەوەیش وەکوو منداڵی خۆی لە باوش گرت و دەستی بە سەریدا دێنا. بەلامەوە سەیر بوو. تا ئێستا خۆشەویستی نێوان سەگ و مرۆڤم بەم شێوەیە نەدی بوو. هەندێک سەرنجی یوهانا م دا و ڕانیمە وێنەکەی شێرکۆ. تەماشام کرد شەو تەواو ڕشکا بوو. بە دڵپڕییەوە گوتم«یوهانا بمبووەر، من دەبێ بڕم. لە دڵی خۆمدا دەمگوت تا منیش وەکوو شێرکۆم بە سەر نەهاتووە با خۆم دەربازکەم. یوهانای گوتی«زۆرت سپاس دەکەم کە گوێت دا بە دەردە دڵەکەم. کەمێک سووک بووم. ئەمەی گوت شوشە شەڕابەکی نا بەسەریەوە چۆڕی لێبڕی.

     لەوێ دەرکەوتم. بیررەوەری تاڵ و شیرین وەک هەنگەژاڵە پوورەی سەرمی دا. بیرم کایەی دەکرد. زەینم ئاڵۆز بوو. ئەم پرسیارە لەمیژینە لە مێشکمدا قوت بووەوە: بە ڕاستی غایەتی ژیان چییە؟

ڕەحمان سۆفی/ سوێد

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی