"an independent online kurdish website

کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە سلێمانی کورتە نووسراەیەکی بڵاو کردۆتەوە کە پڕە لە بێ حورمەتی کردن بە ماف و کەرامەتی نەتەوەی کورد.abdullah_hicab
پاش ئاشکرابوونی ئەو نووسراوەیە بەشێک لە هێزە کوردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و چەند تاکێکی خاوەن هەڵوێست لە باشووری کوردستان کاردانەوەی توندیان لە دژی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی نیشان دا، و ئەوە چەند ڕۆژە ئەو بابەتە بووە بە مژاری باسی هێندێک لە مێدیاکانی کوردی و مێدیا کۆمەڵایەتیەکان. بەڵام هەڵوێست گرتن لە دژی ئەو دوژمنکارییە تا ئێستا تەنیا لە چوارچێوەی هەڵوێستی ئەو کەس و لایەنانەدا کۆ بۆتەوە کە بە شێوەی فەرمی لایەنی بەرامبەری ئەو بێحورمەتی پێکردنەی کۆماری ئیسلامی نین. وتەبێژی حکوومەتی هەرێم واوێ دەچێ کە جارێ ئەو هەڵوێستەی کۆماری ئیسلامیی گوێ لێ نەبووبێ، بۆیە لە بەرامبەری دا بێدەنگ ماوە.

هێزە سیاسیەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسەتی باشووری کوردستان، لە بەر ڕکابەرایەتیی نێوخۆیی، خەونی دروستکردنی هێژێمۆنیی حیزبی لەم لاو لەو لا، خەندەق و بەر پیی یەکتر هەڵقەندن ویڕا نەگەیشتوون، یا بۆیان گرینگ نەبووە یا پێیان خۆش نەبووە کە هەڵوێستێک لە سەر ئەو زماندرێژییەی نوێنەرایەتیی فەرمیی ئێران لە سلێمانی دەرببڕن. هێزەکانی کورد لە ڕۆژئاوا، بەدواداچوونیان بە نیسبەت سیاسەتی دژبە کورد لە بەشەکانی دیکەدا نیە و لەو بوارەوە بی هەڵوێستن. کۆلێکسیۆنی هاوبیرانی KCK کە بۆ هەر چی بوونەوەر و سروشتە لە جەمسەری باکوورەوە بگرە تا جەمسەری باشوور ڕەچەتەی چارەسەرییان پێیە، تا ئێستاش ئەو زەحمەتەی بە خۆی نەداوە کە لێدوانێک لە سەر ئەم هەڵوێستە بڵاو بکەنەوە. بەو حاڵەش گلەیی لەوە دەکرێ کە چۆنە نوێنەرایەتیی فەرمیی وەڵاتێک ڕێ و شوێن و ڕێبازی سیاسی بۆ وەڵات یا هەرێمێکی جیران دیاری دەکا، بە بێ ئەوەی بیر لە کاریگەریی ئەو هەڵویستەی خۆی لە سەر پیوەندیی دوو لایەنە بکاتەوە.

 لە پێوەنیی دیپلۆماتیک دا زۆر ئاساییە کە نوێنەرانی فەرمیی وەڵاتێک لە وەڵاتانی دیکەدا، ڕاپۆرت و هەڵسەنگاندنی تایبەتیان لە سەر وەزعی وەڵاتی خانەخوێ هەبێ و ئەو ڕاپۆرتانە بۆ وەڵاتی خۆیان بنێرن. زۆریش ئاساییە کە لەو ڕاپۆرتانەدا هێڵە هاوبەشەکان، هێڵە نزیک‌ کەرەوەکان، هێڵە دوورخەرەوەکان و هێڵە ناکۆکەکان ڕوون بکرێنەوە و لێکدانەوەیان لە سەر بکرێ. ئەو بەشە لە ئەرکی کۆرپسی دیپلۆماتیکی وەڵاتان ئەوەندە ناسراوە کە پێویست ناکا لەو بەڵگانەدا کە لە ڕێگای ویکی لیکسەوە ئاشکرا دەکرێن وەدوای ئاسەواری ئەو شێوە کارە بکەوین.

 هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیش لە سەر پرسی کورد، مافی نەتەوەیی گەلی کورد، ناسنامە، مێژوو، زمان و بە گشتی هەبوونی نەتەوەی کورد ئەوەندە شاراوە نیە کە ئێمەی کورد لێی تێ نەگەین و بە هەڵوێستی ئێستای نوێنەرایەتیی ئێران لە سلێمانی شۆک ببین. بە پێچەوانەوە، ئەوەی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێستا بە ڕاشکاوی باسی کردوە، تەنیا دڵۆپێک لە دەریایەکە کە 34 ساڵە کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە نێو گێژاوەکانی دا بەم‌لاوبەولا دا دەدرێن و ژانی ژەهرەکەی دەچێژن. بۆیە بۆ من زۆر نائاساییە کە چاوەڕوانی هەڵوێستێکی جیاوازتر لە نوێنەرایەتیی ئێران بم، و لە بەرامبەر هەڵوێست و لێکدانەوەی ئەوان دا ناسنامە، زمان یا هەبوونی نەتەوەیی کورد بپارێزم. بۆ ئەو، کورد، ناسنامە، نرخە نەتەوەیی و مافی سیاسیەکانی هێڵی سوورن و ئەو هەڵوێستەش بە ڕاگەیاندنی جیهادی خومەینی لە دژی گەلی کورد پتر لە ٣٠ ساڵە کەوتۆتە بواری جێ بە جێ کردنەوە و تەنانەت بۆتە یەکێک لە ئەرکە ئاینیەکانی خێڵی دەسەڵاتدار لە ئێران دا.

 هەڵوێستی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە دایە و هیچ شتێکی نوێی تێدا نیە کە ئێستا زیاتر لە جاران عاجزمان بکا. بەڵام ئەوەی کە کاری نوێنەرایەتیی ئێران لە سلێمانی لە شێوەکاری ئاسایی دیپلۆماتیک جیا دەکاتەوە، کاناڵ و شێوەی دەربڕینی ئەو هەڵوێستەیە. ئەوان لە جیاتی ئەوەی کە شرۆڤەیان لە سەر پێشکەوتنەکانی باشووری کوردستان لە ڕێگای کاناڵە دیپلۆماتیکەکانەوە بۆ وزارەتی دەرەوەی خۆیان بنێرن، ڕاست هاتوون و ئەو تێڕوانینە فەرمیەیان لە ماڵپەری نوێنەرایەتیان لە سلێمانی بڵاو کردۆتەوە تا باڵادەستیی خۆیان لە هەرێمی کوردستان و کاریگەرییان لە سەر هێزەکانی بەشدار لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان دا نیشان بدەن.

 بێدەنگیی لایەنە فەرمیەکانی باشوور لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەدا، کە لە لاوازیی سیستەمی بەڕێوەبەری خۆماڵی، نەبوونی خوێندنەوەی سیاسی لە هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئێران و زاڵ نەبوونی ڕووحی هاوبەندیی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێ بە داخەوە پارسەنگی هێز بە لای کۆماری ئیسلامی و نوێنەرایەتیەکەی دا دەشکێنێتەوە. مەخابن ئەو شێوە لاوازی نواندنە ڕێگا بە ئێران و باقی دوژمنانی کورد دەدا تا لە لایەکەوە سیاسەتی خۆیان لە دژی گەلی کورد بە بێ لەمپەر بەرێوە ببەن، لە لای دیکەشەوە ڕۆژەڤی سیاسی کوردستان بە باس و ئجێندایەکەوە پڕ بکەنەوە کە هی گەلی کورد نیە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی چالاکی کوردستان بە تایبەت دەسەڵاتی باشوور، بە ئۆپۆزیسیۆنی خاوەن هێزیشەوە تا ئێستا نیشانی نەداوە کە بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکانی ئەوەندە بە لاوە گرینگە کە دەتوانێ بەرژەوەندییە حیزبیەکانی بخاتە ژێر کۆنترۆلی میکانیزمێکی سیاسیی هاوبەشەوە کە خاوەنی ئیرادەی بڕیاردان و هەڵوێست گرتن لە بەرامبەر دوژمنە ستراتێژیکەکانی گەلی کورد دا بێ. ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوە کە ئێران زۆر بە ئاسانی کایە بە شعوور و کەسایەتیی نەتەوەییمان بکا، بە بێ ئەوەی کە ڕێبەرانمان بە تایبەت لە باشوور ڕێگا بە خۆیان بدەن یا بیری لێ بکەنەوە تا سنوورێک بۆ ئەو بێ حورمەتیە دابنێن. نموونەی هەرە بەرچاو و تەنانەت خراپتر لە دوایین نیشانەی بێ حورمەتی کردنی کۆماری ئیسلامی بە نرخە نەتەوەییەکانمان، پێشوازیی کاربەدەستانی هەرێم لە سەحراڕوودی، بکوژی ڕێبەری شەهیدی کورد د.عەبدولڕەحمان قاسملوویە کە لەو 20 ساڵەی دوایی دا وەک یەکێک لە ئاڵقە سەرەکیەکانی پێوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی باشووری کوردستان کاری کردوە.

 نامەوێ بچمە نێو باسێکەوە کە هیچ یارمەتیمان ناکا تا لەمەوە بە دواوە بە شێوەیەکی دیکە بجووڵێینەوە و لە بازنەی هەڵەکانی ڕابردوو بێینە دەرەوە. ئەوەی ئێستا دەبینین و بۆ هەموو کورد گرینگە ئەوەیە کە لە ڕەوشی سیاسیی ئێستای کوردستان دا ئەجێندای سیاسی بە کێشە نێوخۆییەکان، دووبەرەکی، شەڕی ڕاگەیاندن، شەڕ لە سەر زاڵ کردنی هێژێمۆنیی حیزبی لە نێو خۆی کوردستان بە سەر لایەنەکانی دیکەی کوردی دا و هەوڵدان بۆ لاوازکردن یا لە نێوبردنی لایەنەکانی دیکە ئەوەندە زۆرە کە بەشی زۆری پوتانسیەلی خەباتی هێزەکوردیەکانی بە خۆیەوە خەریک کردوە. بۆیەش بۆ چاوەدێرێک کە لە دەرەوە ڕا بڕوانێتە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان، هەڵوێست و تێڕوانینی دوژمنانی کورد تەنیا وەک یەکێک لە لەمپەرەکانی سەر ڕێگای گەلەکەمان دەبیندرێ. باقی تاوانە دەکەوێتە سەر شانی خۆمان و نەبوونی ڕوانگە، پرۆژە، ستراتێژی، هاوبەندی و یەکیەتی نەتەوەییمان.

 هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی نوێنەرایەتیی ئێران لە سلێمانی چ لە سەر ماڵپەڕەکەیان بمێنێ، چ لا بچێ، یا تەنانەت ئەگەر بە ئاشکرایی باسیش نەکرابا، هیچ شتێک لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە کۆماری ئیسلامی چەندە دوژمنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەر ئەوەندەش دوژمنی گەلی کورد و مافەکانی لە باشوور، باکوور و ڕۆژئاوایە. بۆیە ئەگەر ئێستا لە دژی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا شەڕ ناکا، بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان ناخاتە ژێر گوشارەوە، یا ڕەوشی باشوور لەوەی کە هەیە زیاتر تێک نادا، تەنیا لە بەر ئەوەیە کە پلانە تاکتیکیەکانی بۆ خزمەت بە پرۆژەی ستراتێژیکی لە ناوچە دا بە کار دێنێ. لەو چوارچێوەیەشدا ئێستا بزووتنەوەی کورد لە باشوور، باکوور و ڕۆژئاوا بۆ پلانە درێژخایەنەکانی بە مەترسی نازانێ، تەنانەت ئەگەر هێندێک وردە قوربانیشی لە پێناودا بدا. بەڵام ئەگەر هات و بزووتنەوەی کوردستان لە هەر کام لەو بەشانەدا بە ڕادەیەک بە هێز بوو کە بە هێز و ئیرادەی خۆی بکەوێتە نێو کایەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، بێگومان کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەری دا ڕادەوەستێ. هەڵوێستی کۆنسوولخانەی ئێران لە سلێمانی دەبێ لەو چوارچێوەدا لێک بدرێتەوە.

 بە بێ ئەوەی بمەوێ ڕۆڵی دوژمنکارانەی باقی نەیارانی کورد لە دژایەتی کردنی ماف و داخوازییەکانی نەتەوەکەماندا کەمڕەنگ بکەمەوە، پێم وایە هەڵوێست گرتن لە بەرامبەر پلانەکانی کۆماری ئیسلامیدا گەورەترین پێوانەیە بۆ ئەوەی نیشان بدا کە هەر تاک و لایەنێکی بەشدار لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا چەندە بڕوای بە هاوچارەنووسبوونی کورد، یەکیەتی نەتەوەیی، گٶڕانکاریی بنچینەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، دامەزراندنی سیستەمی دێمۆکراتیک و سەردەست کردنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ هەیە. هەر کام لەو تێگەهانە نرخێکن کە لە گەل سیاسەت و هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی لە ناوچە دا ناگونجن.

 بۆیە ئێمەی کورد لە جیاتی ئەوەی لە بەرامبەر ئەو چەشنە هەڵوێستانەی کۆماری ئیسلامی دا دژکردەوەی کاتی و خۆڕسکی نیشان بدەین، دەبێ بیر لە ستراتێژییەکی هاوبەشی نەتەوەیی بکەینەوە. دەبێ بە ناکۆکیی نێوخۆیی، بە دووبەرەکی، جیابوونەوەکان، پەراوێزخستنەکان و ڕکابەرایەتیی بێ بنەما بڵێین نا ئیدی بەسە و سەد جار نا و ئیدی بەسە. دەبێ لە جیاتی دروشمی دوورخەرەوە، داتاشینی مۆدێلی ئوتۆپیک، بایکۆت و ڕوو لە یەکتر هەڵگەڕاندن، تێکەڵاو کردنی سنووری دۆست و دوژمن، شەڕە دندووکەی نێوخۆیی، بە فیرۆدانی پوتانسیەلی خەباتی نەتەوەیی، سەفەربەرکردنی هێز و تواناییەکانمان لە دژی یەکتر و … پێکەوە بکەوینە دیالۆگێکی ئەرێنیەوە و دەستی یەکتر بگرین تا هەموومان لە دەوری ئیرادەیەکی هاوبەش کۆ دەبینەوە. بزووتنەوەی کوردستان بە هەموو ڕەنگ و تواناییەکانیەوە دەتوانێ ببێ بە هێز و پێش بە هەڕەشە و سیاسەتەکانی دوژمنان بگرێ. لە غەیری ئەو حاڵە دا دووبەندی، دووجەمسەری، ناکۆکی و لە کۆتایی دا شکستێکی دیکەمان لە پێشە کە ئەو جار ئەگەر بە سەرمان بێ، تەنیا خۆمان لێی بە بەرپرسین و تاوانبارەکەشی هەر خۆمانین، بە هەموو تاک و لایەن و هێز و دەسەڵاتدارەکانمانەوە.

١٤ی گوڵانی ٢٠١٤

بابەتی پەیوەندی دار



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی