مەسەلەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆتە نەقڵی “نێرە بیدۆشە”.
ئێران کوردی قەبووڵ نییە، کوردی پێ نەتەوە نییە، زمانەکەی پێ زمان نییە، خاکەکەی بە هی خۆی دەزانی، حیزبەکانی پێ تاوانبار و گرووهەکە، هەم ئەم حکوومەتەی ئێستا و هەم حکوومەتەکانی ڕابردووی ئێران مێژوویەکی کۆن و دووروودرێژیان لە پشتە بۆ فریودان و کوشتن و تێرۆر کردنمان لەکاتی وتووێژدا، جا هەر لە کوشتنی سمایل ئاغای سمکۆ و هەمزئاغای مەنگوڕ و دەرمانداوکردنی سەید تەهای شەمزینی و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی و کوشتنی ئیحسان نووری پاشاوە بگرە هەتا تێرۆری دوکتور قاسملوو و شەڕەفکەندی و سەدان کادر و پێشمەرگەی تری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی باشووردا، جا با هەر ئەمن خۆم هەڵاوێم و بڵێم ئێرانێکی دێموکرات و ئازادم دەوێ و کۆمەڵگایەکی مەدەنی لە ئێراندا پێکدێنم و وتووێژ دەکەم و ئاوا دەکەم و ئاوا بڕوا.
کاکە، خوشکێ، ئێران نێرە و گوانی نییە و نادۆشرێ؟ تەنانەت ئەگەر ئەو حکوومەتەی ئێستاش بڕووخێ و ئەو ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەی ئێستا بێنە سەر کار هەر لەگەڵت ناکەن، هەر بە بەشەرت نازانن، هەر ئەتۆیان پێ ژێردەستە و دیل و نۆکەرە، هەر خاکەکەت بە هی خۆیان دەزانن، هەر دەتگرن، هەر دەتکووژن، هەر لە شەقامەکاندا هەڵت داوەسن جا هەر ئەتۆش بڵێ بیدۆشە، ئاخر چ بدوشم؟ نێرە، خۆ گوانی نییە کە بیدۆشم.
ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ مانگی ئاپریلی ئەمساڵ لە شاری وێسترۆسی وڵاتی سوئێد، لەسەر بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (ک.ن.ک)، کونفڕانسێک پێکهات لە ژێر ناوی “کۆنگرەی ڕاوێژیی نەتەوەیی لەسەر باروودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” کە دەوری ١٢٠ کەس لە نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و ڕووناکبیران و هەڵسووڕاوانی سیاسی کورد بەشدارییان تێیدا کردبوو. نیسبەتی بەشدار بوان لە کۆنفڕانسەکەدا ئەگەرچی بەداخەوە لە لایەن دێمۆکڕاتەکان و کۆمەڵەکانەوە تەحریم کرابوو بەڵام دیسانیش هەشتا لە سەتی کۆردی ڕۆژهەڵات و بیست لە سەتیشی کوردی پارچەکانی تری کوردستان بوون.
من بە نۆرەی خۆم سپاسی کەنەکە دەکەم بۆ ئەم هەنگاوە پیرۆزەیان کە بە خەرجێکی زۆر و ماندووبوونێکی زۆر حەولی ئەوەیان دابوو کە کوردی ڕۆژهەڵات لێک کۆبکەنەوە بۆ گۆڕینەوەی بیرووڕا و دۆزینەوەی ڕیگا چارەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کۆنفڕانسەکە ئەنجامنامەیەکی ١٣ خاڵی لێکەوتەوە کە لە مێدیاکاندا بڵاو کرایەوە. ئێمە وەک پارتی ئازادیی کوردستان، هەر لە کۆنفڕانسەکەدا دژایەتی خۆمان لەگەڵ خاڵی دوازدەی ئەم ئەنجامنامەیە راگەیاند کە باس لە دێمۆکڕاتیزەکردنی ئێران دەکا و دەڵێ: بۆ پێکهێنانى کۆمەڵگایەکى دێموکرات و ئازاد له ئێران، خەباتى هاوبەشى گەلان له ئێران و پێکهاته ئیتنیکییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان پەرەى پێبدرێت. پاش تێپەڕبوونی دەوری مانگێک و گرتنی کۆنگرەی چواری پژاک، هیندێک قسە و تێبینی دیکەشم هەیە هەم لەسەر کۆنفڕانسەکە و هەم لەسەر هەڵوێستی تازەی پژاک کە دەمەوی لەم وتارەدا باسیان بکەم.
کۆنفڕانسەکە ئاڵای کوردستانی لێ نەبوو و من لە یەکەم پشوودانی کۆنفڕانسەکەدا ئاڵایەکی کوردستانم پێشکەشی بەڕێز پیرمووسا یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەکە کرد و داواشم لێکرد کە ئەگەر بکرێ لە شوێنێک هەڵیباوەسن. ئەم بەڕێزە ئاڵاکەی لەسەر سەری دانا و گوتی: ئەوە دیارییەکی گەورەیە و لەسەر سەرمی دادەنێم بەڵام کەنەکە ئەو ئاڵایەی قەبووڵ نییە و ئەگەر ئەو ئاڵایە دابنێین دەبێ چەند ئاڵای تریش دابنێین و باش وایە هەر لێیبگەڕێین و بەداخەوە کۆنفڕانسەکە بە بێ ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو.
دوو حەوتوو دوای کۆنفڕانسەکە، کۆنگرەی چواری پژاک ڕێکخڕاوێکی سیاسی تازەی کوردی لێکەوتەوە بەناوی “کۆدار” و کۆدار یەکسەر دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی رەتکردەوە و ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێران کە دەستبەجێ ئێرانیش وەڵامی دانەوە و گوتی ئێوە تاوانبارن و دەبێ بدرێن بە دادگا و لەگەڵتان دانانیشم. کۆدار بە نادروستی مۆدێلی قەیراناویی دەوڵەت-نەتەوەی رەزاشایی لەگەڵ دەوڵەت ــ نەتەوەی کوردی کە لە ڕاستییدا نەتەوەخوازێکی پێشکەوتوانەیە بە چاوێک ڕوانیوە و دەڵێ: “مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوه و رێگەچارەگەلی نەتەوەگەرایانه نەک تەنیا تێکۆشانی گەلان و بەتایبەت گەلی کوردیان به ئەنجام نەگەیاندووه، بەڵکوو داوێنی قەیران و کێشەکانیشیان بەرفراوانتر و قووڵتر کردۆتەوه.”
پژاکیش پشتیوانیی خۆی لە پلاتفۆرمی «کۆدار» راگەیاند و گوتی: ناکارامەیى مودێلى دەوڵەت- نەتەوه بۆ هەمووان ئاشکرا بووه و ئەم مۆدێله جگه له قڕکردنى جەستەیى و کولتوورى، هیچ ئەنجامێکیترى بۆ گەلان پێ نەبووه و هەروەها کاولکارییەکى زۆرى هەم بۆ جیهان و هەم بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەگەڵ خۆیدا هێناوه».
بە بڕوای من ئەو بۆچوونانەی پژاک و کۆدار بەڕاستی بێ ئینسافییە کە مۆدێلی دەوڵەت ــ نەتەوەی بزووتنەوەی نەتەوەخوازیی کورد گەڵ مۆدێلی دەوڵەت ــ نەتەوەی ئێرانی تێکەڵ بکا و یەک حوکمیان بەسەردا بسەپێنێ. ئاخر جگە لە پێشەوا قازی محەمەد، کامە حیزب و ڕێکخراوی کلاسیکی کوردی لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوودا حەولی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردییان داوە کە بە بۆچوونی پژاک و کۆدار، ئێستا ئاوا بۆتە قەیران و کێشە لەبەر دەم مەسەلەی کورد. ئەوەی ئێستا کۆدار و پژاک دەیلێن و پێیگەیشتوون خۆ چل پەنجا ساڵە کۆمەڵە و دێمۆکڕاتیش هەر ئەوەیان گوتووە و هەر ئەوەیان کردووە کە لەڕاستییدا سەرچاوەکەی هەمان بیری حیزبی توودەی ئێران بووە.
ئەوانیش ویستوویانە ئێران دێمۆکڕاتیزە بکەن، ئەوانیش ویستوویانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران وتووێژ بکەن، ئەوانیش دەوڵەتی نەتەوەیی کوردیان نەویستووە ئەدی بۆ سەرنەکەوتوون؟ ئەوەنێ ئاکامەکەی تێکشکان و سەرنەکەوتن بووە و مەسەلەی کوردیان به ئەنجام نەگەیاندووه، ئەوەنێ داوێنی قەیران و کێشەکانیشیان بەرفراوانتر و قووڵتر کردۆتەوه. ئەزقەزا ئەگەر بەپێی ئیستدلالی پژاک و کۆدار، تاقی کردنەوە سەنگی مەحەک بێت، حەول بۆ دێمۆکڕاتیزەکردنی ئێرانە کە تاقی کراوەتەوە و نەبۆتێ، سەرنەکەوتووە، بۆتە قەیران، هیچی لێ هەڵنەوەریوە و ئاشکرا بووە کە مۆدێلێکی هەڵەیە و جێبەجێ نابێ و دەبێ کورد وازی لێ بێنێت نەک لە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوایەتی و ئامانجی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کورد. دەوڵەتی نەتەوایەتی وەختی خۆی پێشەوا قازی محەمەد و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئەو کاتە تاقییان کردۆتەوە و لە ٢٣ ساڵ لەمەوبەریشەوە پارتی ئازادیی کوردستان ئاڵاهەڵگری ئەم بیرەیە.
بە بڕوای من ڕێگا چارەی ئێران دێمۆکراتیزە کردنی ئێران نییە. ئێران وڵاتێکی داگیرکەری، غەدداری، ستەمکاری، دەستدرێژی، زاڵمی، کۆنەپەرەست و دواکەوتوویە کە تەنیا بە پارچە پارچە بوون چارەی دێت. نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران کاتێک لە دیلیی و ژێردەستەیی و چەوسانەوە ڕزگاریان دەبێ کە هەر کامەیان ئاڵای سەربەخۆیی نەتەوەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە و ئێران دابەش و تەجزییە بکەن. کورد و ئازەری و تورکمەن و بەلووچ و عەرەب هەرکامەی وڵاتی ئازاد و سەربەخۆ و موستەقیللی خۆیان دابمەزرێنن و ئەم ئیمپڕاتوورییە ئیسلامییەی ئێران کە ئێستا بۆتە هەڕەشەیەکیش لەسەر هێمنی و ئارامی جیهان لەت لەت و پارچە پارچە بکەن. خۆ لە دنیادا چەند نەتەوەیەکی بەدبەختی تری وەکوو کورد نەبێ کەس نەماوە دەوڵەتی خۆی نەبێ.
بۆ بۆ هەموو نەتەوەکانی جیهان ڕەوایە دەوڵەت و کیان و ئاڵای خۆیان هەبێت بۆ بۆ کورد ڕەوا نییە و باس لە دەوڵەتی نەتەوەیی بۆتە قەیران و ئاستەنگ و کێشەکانی فراوانتر و قووڵتر کردوونەوە؟ بە بڕوای من ئەوە قسەی ئەو پێشمەرگە فیداکارە کوردانەی پژاک نییە کە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردیان پێ ئاستەنگی ئێستای مەسەلەی کورد بێت و نەیانهەوێت. ئەوە ویست و ئاواتی داگیرکەرانی کوردستانە کە کورد باسی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی نەکات. ئەوە ئاواتی ئەو دەوڵەتانەیە کە ٥٠٠ ساڵە کوردیان لە ژێر چۆکی خۆیان ناوە و خاکەکەیان داگیر کرووە و میللەتەکەیان دابەش کردووە. بە پێچەوانەی بۆچوونی پژاک و کۆدار کاتی ئەوە هاتووە کە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کورد و هەموو ڕێکخراوەکانی مەدەنی و ڕووناکبیران و هەڵسووڕاوانی سیاسی کورد هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە پارچەکانی تری کوردستان ئاڵای سەربەخۆیی و ئیستقلالی میللەتەکەمان بەرز بکەنەوەوە و داوای دەوڵەتی نەتەوەی کورد بکەن. ئەمە تاقە ڕێگای ڕزگاری نەتەوەکەمانە بۆ نەجاتی یەکجاری لە ژێردەستیی و دیلی و کۆیلەتی.
ئێران داگیرکەرە، دواکەوتوویە، نائینسان و بێڕەحمە نە بە کورد و نە بە خودی ئێرانییەکانیش نە دێمۆکڕاتیزە دەکرێ و نە چاک دەبێ. تەنیا عیلاجی لەت لەت بوونە ئەویش نەلەڕیگای شەڕ و کوشتار و خوێنڕێژییەوە، بەڵکوو لە ڕێگای هاودەنگی نەتەوەژێردەستەکانەوە بۆ سەربەخۆیی خۆیان و هاودەنگییان لە بەرامبەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان دا کە لە ژێر چاوەدێری نێو نەتەوەییدا ڕێفڕاندۆمێکی ئازاد بۆ هەموو نەتەوە بندەستەکان لە ئێران پێک بێ و خەڵک لەسەر چارەنووسی سیاسی خۆیان بڕیار بدەن. ئەوکاتەیە کە دیاری دەکات ئەو ئێرانی باستانەی ڕەگەزپەرەستە چەپ و ڕاستەکانی ئێرانی باسی دەکەن و پێی هەڵدەڵێن، تەنیا پارێزگایەکە بە ناوی ئوستانی فارس و دەشتێکی بەڕەهووت بە ناوی کەویری لووت و چاڵی جەمکەران و قوم و مەشهەد و کاشان و هیچی تریش؟
ستۆکهۆڵم ٢٠١٤،٥،١٩
سەرچاوە: دیواری فەسیبۆکی کاک پۆلا