"an independent online kurdish website

چەمکی ئەنانیەت، Egoism، یەکێکە لەچەمکە گرنگ‌و سەرەکییەکانی”کۆمەڵناسی خۆکوشتن “لای کۆمەڵناسی فەرەنسی ئیمیلی دۆرکھایمmeriwan-werya-qaneh.

ئەم چەمکە کەمتر چەمکێکی دەرونیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و زیاتر چەمکێکی کۆمەڵایەتی‌و فەرھەنگییە. ئەنانیەت لێرەدا ئەوەندەی ھێمایە بۆ دروستبونی ھەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیی کە تاکەکەسەکان تیایدا لەیەکتری دادەبڕێن‌و ھاوبەشێکی ڕاستەقینە نییە کۆیانبکاتەوە، ئەوەندە ھێما بۆ دروستبونی جۆرێک لەکاراکتەرو ئاکاری تایبەت ناکات. بۆ ڕونکردنەوەی ئەم خاڵە با سەرنجێک لەو پەیوەندییە بدەین کە دۆرکھایم لەنێوان خۆکوشتن‌و خۆویستیی، یان ئەنانیەتدا، پێشنیاریدەکات.

ئەنانیەت‌و خۆکوشتن

بەبۆچونی دۆرکھایم یەکەمین پرۆسەی سەرەکیی کە ڕۆڵێکی گەورە لەدیاردەی خۆکوشتندا دەبینێت دروستبونی ئەنانیەت، خۆویستییە. لای دۆرکھایم مرۆڤ کاتێک دەبێتە خاوەنی ”کەسایەتیی خۆویست” و ھەڵگری ”خودێکی ئەنانی“ کە لەکۆمەڵگایەکدا بژی پرۆسە سەرەکییەکانی ئامێزانبونی کۆمەڵایەتیی تیایدا توشی فەشەلی گەورە بوبن‌و تاکەکەسێک درستبوبێت نامۆو ناحەز بەو پرۆسانە. بەمانایەکی دیکە ئەنانیەت، خۆویستییی، دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی نییە، بەڵکو دەرەنجامی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتە. بەلای دۆرکھایمەوە ئەو سێ شێوازە سەرەکییەی ژیانی کۆمەڵایەتیش کە تاکەکەس ئامێزاندەکەن‌و لەنامۆبون ڕزگاریدەکەن بریتین لەخێزان‌و دین‌و سیاسەت. خێزان یەکەی سەرەکی ”ژیانی تایبەت“یی‌و دین‌وسیاسەتیش یەکەی سەرەکی ”ژیانی گشتیی“ن.  کەی ھەستکردن بەنامۆبونی تەواو لەخێزان‌و دین‌و سیاسەت دروستبو، کەی ئەم سێ دەرکەوتە گرنگەی ژیانی کۆمەڵایەتیی لەوە کەوتن ھێزی ئامێزانکردنی تاکەکەسەکان بن لەناو کۆمەڵگادا، لەوێدا ئەنانیەت دەبێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرچاو. لەم دۆخەدا تاکەکەسێک دروستدەبێت تەنھا پەناگایەک بەھانایەوە بچێت خودی خۆیەتی، خۆی دەبێتە سێنتەری ھەمو چالاکییەکانی خۆی‌و ھەر خۆشی دەبێت بەسەرچاوەی ھەمو بەھاو نرخ‌و ئینتیماو پەیوەندییەکانی. ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە نە پەیوەندییەکانی ناو خێزان، نە پەیوەندییە دینییەکان‌و نە پەیوەندییە سیاسییەکان، ده‌توانن بەفریای تاکەکەس بکەون‌و وەک پەیوەندی گەرم‌و مانادارو شێوازی گرنگی ئینتیما ئامادەبن.   ئەم دۆخە لەو کۆمەڵگایانەدا دروستدەبێت کە لەدۆخی گواستنەوەدان لەکۆمەڵگایەکی تەقلیدیی سادەوە بۆ کۆمەڵگایەکی نوێیی ئاڵۆزو پڕ جیاوازیی، تیایدا ھەم شێوازەکانی ھاریکاریی کۆمەڵایەتیی‌و ھەم شێوازەکانی خۆڕێکخستن‌و ھەم سیستمی بەھاو نرخە کۆمەڵایەتییەکان‌و ھەم ئەخلاقیاتی تاکەکەسی‌و دەستەجەمعی گۆڕانی گەورەیان بەسەردادێت.

لەکوێدا تاکەکەس تاڕادەیەکی باش ئامێزانبێت‌و ھەست بەئەندامبونی خۆی بکات لەناو خێزان‌و گروپە دینیی‌و سیاسییەکاندا، واتە لەکوێدا ئەو تاکەکەسە ئامێزانبو لەناو ”ژیانی تایبەت“ و ”ژیانی گشتیی“دا، ئەودەم ئەگەری خۆکوشتنی کەمدەبێتەوە. بەڵام تاکەکەس چەند پەیوەندییەکانی بەو سێ ڕەھەندەی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە لاوازبێت، چەند ئەو گروپانە بەشێکنەبن لەژیانی ھاوبەشی ئەو، چەندە نەتوانن بەشێوازی جیاواز بەخۆیانییەوە گرێبدەن‌و مانایەک بەبونی تاکەکەسیی‌ودەستەجەمعی ببەخشن، شێوازی تایبەتی ھاریکاریی‌و ھاودەردیی کۆمەڵایەتیی بۆ مەیسەربکەن، ئەوەندە ئەگەری تەنھاکەوتنی کۆمەڵایەتیی‌و تەریکبون‌و داخران بەڕوی خود خۆیداو ھەستکردن بەنامۆبون گەورەترو فراوانتر دەبێت. ئامێزاننەبون لەناو ئەو ڕەھەندە گرنگانەی ژیانی تاکەسیی‌و کۆمەڵایەتییداو ئەزمونکردنی بەھاکانی ئەو ژیانە وەک بەھای نامۆو ناکۆک بەتاکەکەس، تاکەکەس بەرەو ناوەوەی خۆی پاڵپێوەدەنێت‌و دوریدەخاتەوە لەدونیای دەرەوەی خۆی. لێرەدا ”منی تاکەکەسیی“ دەکەوێتە پەیوەندییەکی تەواو نێگەتیڤ‌و تەنانەت ناحەزەوە لەگەڵ ”منی دەستەجەمعی“ دا، ”منی تاکەکەسیی“ ھیچ پەیوەندییەکی ماناداری لەگەڵ  ئەو ”منە دەستەجەمعیی“ەدا بۆ دروستناکرێت‌و لەزۆر ڕوەوە چەندان درزی کۆمەڵایەتی‌و بەھایی‌و دەرونیی لەنێوان ئەوو یەکە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکاندا دروستدەبێت. بەمەش ھەمو پردەکانی پەیوەندییکردنی بەکۆمەڵگاوە دەڕوخێت.

تاکەکەس وەک سێنتەرێکی تەنھا

دورکھایم پێیوایە ئەم داخرانەی تاکەکەس بەڕوی خۆیداو ئەم پچڕانی پەیوەندییە بەدونیای دەرەوە بڕێکی گەورە لەئەنانیەت دروستدەکات، بەجۆرێک تاکەکەس خۆی دەبێتە تاقە سێنتەری ژیانی خۆی‌و شتێک لەدەرەوەی خۆیدا نامێنێتەوە مانایەکی تایبەتیی بۆ ئەو ھەبێت. ئەمەش ھەستێکی قوڵ بەنامۆبون‌و بەپارچەپارچەبونێکی ناوەکیی تێکشکێنەرانە لەتاکەکەسدا دروستدەکات، کە پرۆسەی ئامێزانبونی کۆمەڵایەتیی تەواو وێراندەکات‌و جۆرێکی ترسناک لەھەستکردن بەتەنھایی‌و کەنارگیربونی کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە. لەم ڕوانینەدا کەسی ئەنانی کەسێکی بەدبەخت‌و نابەختەوەرە، چونکە جگە لەتاکەکەسی دابڕاوو بونەوەری بێئینتیما، شتێکی تر لەدونیای دەوروبەری خۆیدا نابینێت. ئامانج‌و ئومێدێک نابینێت ھەوڵبدات پێیانبگات‌و ژیانی خۆی بۆ تەرخانبکات. مانایەک لەئینتیماکردنیدا بۆ ئەم یان ئەو ڕەھەندی کۆمەڵایەتیی نادۆزێتەوەو دەبێتە دونیایەکی داخراو بەڕوی خۆی‌و وەسوەسەو خەم‌و بێزاریی‌و ترس‌و گومانەکانی خۆیدا. ئەمە وادەکات کەسی ئەنانی ببێتە کەسێکی خەمۆک‌وغەمبار، ڕەشبین‌و بێئومێد، بێدۆست‌و بێپەنا، تەنھا لەبەردەمی دونیاو دیاردەو فشارەکانیدا. بەکورتیی ئەو کەسانەی دەبنە ھەڵگریی ئەم جۆرە لەئەنانیەت زۆرجار ئەو کەسانەن کە خۆیاندەکوژن، چونکە ھەستناکەن لەناو کۆمەڵگادا پەناگایەک ماوەتەوە پەنای بۆببەن، نە خێزان دەتوانێت ئەو پەناگایە بێت، نە دین‌و نە سیاسەتیش، نە ژیانی تایبەت‌و نە ژیانی گشتیی. خۆکوشتن دەبێتە دەروازەیەک بۆ دەرچون لەم دونیایەو زۆرجار دەبێتە کردەیەکی ناڕەزایی بەرامبەر بەو دونیایە.

ئامێزانبونی کۆمەڵایەتیی

وەک وتم مەسەلەی ئامێزانبونی کۆمەڵایەتیی لای دورکھایم کردەی دژ بەخۆکوشتنە. بەڵام ئامێزانبون بەچ مانایەک؟  لای دورکھایم ئامێزانبون ھێما بۆ ئەو جۆرە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە دەکات کە تاکەکەسێک دەکاتە ئەندامی گروپێکی کۆمەڵایەتیی‌و بونی گروپەکەش دەکات بەبەشێک لەبونی ئەو تاکەکەسە. تاکەکەس لێرەدا بونی گروپەکە وەک بەشێک لەبونی خۆی دەبینێت‌و ئەم بینینەش مانایەک بەژیانی دەبەخشێت‌و بەمەش زەمینەی خۆکوشتن لاواز یان لەناودەبات. بەبۆچونی دۆرکھایم تاکەکەس دەتوانێت لەدو ڕێگاوە ئەم جۆرە لەئامێزانبونی کۆمەڵایەتی بەدەستبھێنێت. یەکەمیان بینینی ئینتیما بۆ گروپ وەک ئینتیما بۆ ئەو ئامانج‌و مەبەست‌و ئایدیالانە کە ئەو گروپە یان ئەو کۆمەڵگایە ھەڵیگرتوە. لەم دۆخەدا تاکەکەس پەیوەندییەکی بەھێز لەنێوان ڕوانین‌و نرخ‌و بەھاکانی خۆی‌و لەنێوان ئەوانەی ناو کۆمەڵگادا ئەزموندەکات‌و خۆی بەبەشێکی گرنگ‌و ماناداری ئەو کۆمەڵگایە دەزانێت. دوھەم، ئەو میکانیزم‌و شێوازی ڕێکخستنانەی لەئارادان بۆ ڕێکخستنی ئارەزوەکان‌و چاوەڕوانییەکانی ئەو تاکەکەسە، بەشێک بێت لەشێوازو میکانیزمەکانی ڕێکخستنی ئارەزو لەناو کۆمەڵگاکە خۆیدا. واتە پەیوەندییەکە وایلێنەیەت تاکەکەس ئارەزویەکی ھەبێت تەواو ناکۆک بەئارەزوەکانی کۆمەڵگاو کۆمەڵگاش ئارەزویەکی ھەبێت بەناو وێرانکرنی ئارەزوەکانی تاکەکەسدا تێبپەڕێت. دروستبونی درزو شەبەقی گەورە لەنێوان پەیوەندی تاکەکەس بەکۆمەڵگاوەو دروستبونی ناکۆکی گەورەش لەنێوان ئارەزوە تاکەکەسیی‌و ئارەزوەکانی کۆمەڵگادا، سەرچاوەی دروستبونی شێوازە ترسناکەکانی نامۆبون‌و تەنھاکەوتنی کۆمەڵایەتین، کە خۆکوشتنیان لێدەکەوێتەوە. دۆرکھایم دو شێوازی ئامێزانبونی تاکەکەس بەکۆمەڵگا بەسەرچاوەی مەترسی دەزانێت‌و پێیوایە ھەردوکیان ئەگەری خۆکوشتن گەورە دەکەن. یەکەمیان ”ئامێزانبونی زۆر لاوازیی“ تاکەکەسە لەناو کۆمەڵگادا بەشێوەیەک ھیچ پەیوەندییەکی مانادار لەنێوان تاکەکەس‌و کۆمەڵگادا نەمێنێتەوە. واتە تاکەکەس خۆی بەخەڵکی ئەو کۆمەڵگایەو بەئەندامی ئەو خێزانەو بەبەشێک لەو دین‌و کولتورەی باڵادەستەو بەبەشدارێک لەو دونیا سیاسییە گشتییە نەزانێت کە دروستکراوە. دوھەمیان ”ئامێزانبونی زۆر بەھێزیی“ تاکەکەسە لەناو کۆمەڵگادا بەشێوەیەک شتێک بەناوی تاکەکەس خۆیەوە نەمێنێتەوە. پرۆسەی یەکەمیان تاکەکەس دەتکاتە بونەوەرێکی غەریب‌و نامۆ بەکۆمەڵگا، دوھەمیان دەیگۆڕێت بە ”ھیچ“ێکی بچوک لەناو گشتێکی گەورەدا. لەدۆخی یەکەمیاندا تاکگەرایی پەڕگیرو نەمانی ھەستکردن بەھاودەردیی‌و لاوازبونی ڕۆحیەتی ھاوکاریی‌و دۆستایەتی دەبنە پاڵنەری گەورە بەرەو خۆکوشتن. لەدۆخی دوھەمیاندا غیابی تەواوی تاکگەرایی‌و باڵادەستیی ڕەھای بەھاکانی گروپ‌و ڕۆحیەتی گروپگەرایی کە ھەمو سەربەخۆبونێک لەتاکەکەس بسێنێتەوەو ھەمیشە گشت لەتاکەکەس‌و خێزان لەئەندامەکانی‌و دین لەدیندارەکان بەگرنگتر بزانێت، دەبنە پاڵنەر بەرەو خۆکوشتن. پەیوەندیی تاکەکەس بەکۆمەڵگاوە گەر زۆر لاوازبو تا ئەو ئاستەی ھەست بەتەنھاکەوتن‌و دابڕانی کۆمەڵایەتیی بکات، یان بەڕادەیەک بەھێز بو لەژێر فشارو خواست‌و ویستی کۆمەڵگادا ناڵاندی، لەھەردو دۆخەکەدا کێشەی گەورە بۆ تاکەکەس دروستدەبێت. ئەوەی لەھەردو دۆخەکەدا تێکدەچێت‌و وێراندەبێت پرۆسەی ئامێزانبونێکی تەندروستی تاکەکەسە لەناو کۆمەڵگادا. لاوازیی ئامێزانبون مرۆڤ دەکاتە بونەوەرێکی بێکۆمەڵگا، بەڵام یەکسانبونی ئامێزانبون بەتواندنەوەی تەواوەتیی، تاکەکەس کورتدەکاتەوە بۆ برغویەکی بێڕۆح لەناو ئامێرێکی گەورەدا. دورکھایم پێیوایە ھەردو دۆخەکە پاڵنەری گەورەن بەرەو خۆکوشتن. جگە لەمانە دورکھایم باس لەوەش دەکات کە خۆکوشتن لەناو گروپ‌و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا بەشێوەی جیاواز ھەیە، ئەوەی دەستنیشانی ئەوە دەکات لەناو کەم گروپدا دیاردەی خۆکوشتن لەوانیتر زیاتربێت، بڕو ڕادەی ئامێزانبونی کۆمەڵایەتیی ئەو گروپەو بڕو ڕادەی دڵنیابون‌و گونجانی ئەو گروپەیە لەناو پەیوەندییەکانی ناو خێزان‌و پەیوەندییەکانی دەرەوەی خێزان‌و سیستمی بەھاو ئەخلاقیاتی باڵادەستەوە لەکۆمەڵگادا.

کۆمەڵگای گومان‌وبەخۆریی

گەر لەو دیدە دۆرکھایمییەوە سەرنجێک لەدۆخی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای کوردستانی بدەین دەبینین ھەرسێ ده‌رکەوتە گرنگەکەی ژیانی کۆمەڵایەتیی، کە دۆرکھایم وەک بەشی گرنگی ئامێزانبونی کۆمەڵایەتیی دەیانبینێت، واتە خێزان‌و دین‌و سیاسەت لەدۆخی قەیرانێکی گەورەدا دەژین. لەسی ساڵی ڕابردودا ئەم ڕەھەندانە بەجۆرێک گۆڕاون کێشەی گەورەیان بۆ ئینسانی ئێمە، بەتایبەتی بۆ ئافرەتان دروستکردوە. ئەو کەسانەی خۆیاندەکوژن نەک تەنھا باوەڕیان بەھیچ یەکێک لەم دەرکەوتانەی ژیانی ئینسانیی لەکۆمەڵگای ئێمەدا نەماوە، بەڵکو خێزان‌و دین‌و سیاسەت، واتە سەرجەمی دەرکەوتە گرنگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی، بۆ ئەوان بوە بەجەھەنەم. فشاری خێزان‌و فشاری دین‌و فشاری سیاسەت لەسەر ئینسانی ئێمە فشارێکی پڕوکێنەرە، دونیای کۆمەڵایەتی ئێمە لەدەیان ڕوەوە گۆڕانی گەورەی بەسەرداھاتوە بەبێئەوەی ئەم سێ ڕەھەندە گرنگەی ژیانی کۆمەڵایەتیی توانیبێتیان وەک ھێزێک بۆ ھاریکاریی‌و ھاودەردیی تاکەکەسەکانی ناو ئەو دونیا تازەیە ئامادەبن. ئێمە دەزانین لەسی ساڵی ڕابردودا زۆربەی پێدراوەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمەدا گۆڕانی گەورەو ڕادیکاڵیان بەسەرداھاتوە.  ھەم ژیانی ئابوریی‌و کۆمەڵایەتیی گۆڕانی گەورەی بەسەرداھاتوە، ھەم پێکھاتی خێزان‌و ھەم ژیانی سیاسیی‌و ھەم سیستمی بەھاو نرخەکان‌و ھەم ئەو ئایدیۆلۆژیایانەی کە بەشێکبون لەفەزا ڕەمزییەکانی کۆمەڵگای کوردستانی. دەرەنجامی سەرەکیی ئەم گۆڕانانەش بەھێزبونی بێباوەڕیی ئینسانی ئێمەیە بەبەشێکی گەورەی ئەو گۆڕانکارییانەو بەدەرەنجامەکانیان بۆ ژیانی تاکەکەسیی‌و دەستەجەمعی. بڵاوبونەوەی بەھاو ئاکارەکانی بەرخۆریی تا ڕادەی گۆڕانی ”بەرخۆریی ئاسایی“ بۆ ”بەرخۆریزم“، واتە بونی بەرخۆریی بەئایدیۆلۆژیاو بەشێوازی سەرەکیی ئامادەبونی مرۆڤی ئێمە لەناو دونیادا، ھەمو ئەمانە دۆخێکی ئاڵۆزیان دروستکردوە کە تاکەکەسی تازەدروستبو دەرەقەتی فشارو فریودانەکانیان نەیەت. ئەو تۆڕی پەیوەندییە خێزانیی‌و سیاسیی‌و ئایدیۆلۆژییانەی ھەیبوە نەتوانێت ھاریکاریبێت لەدۆزینەوەی ڕێگایەکی دڵنیاکەرو ئارەزومەند لەو دونیایەدا. پەیوەندییەکان لەباتی ئەوەی دڵنیایی بدەنێ، یان بەشێکبن لەتۆڕێک پەیوەندیی دڵنیابەخش، بەشێکن لەتۆڕێک پەیوەندیی کە گومان‌و نائومێدیی کۆمەڵایەتیی‌و تاکەکەسیی گەورەدەکات. ئەو پەیوەندییە تازانەی کە دروستبون‌و دروستدەبن، چ لەناو خێزان‌و چ لەناو ژینگەی دینیی‌و چ لەناو سیاسەتدا، چیتر ھەڵگری مانا تەقلیدییەکانی پەیوەندی نین کە جاران لەفۆرمی ھاریکاریی‌و بەدەمەوەچوندا دەردەکەوتن، بەڵکو کۆمەڵێک بەھاو نرخی تازە دروستبوە کە پابەستن بەبەرخۆریزمەوە وەک شێوازی سەرەکیی ژیان، لەپێش ھەموشیانەوە پڕوپاگەندەکردن بۆ بەھای مامەڵەکردنی مرۆڤ وەک تاکەکەسێکی خاوەن ئارەزو کە خۆی بتوانێت دەستنیشانی چۆنیەتی ژیانی خۆی بکات. فشار بۆ بەدەستھێنانی پارەو کۆکردنەوەی سەرمایە، بۆ دەوڵەمەندبون لەماوەیەکی کورتدا، بۆ تێرکردنی ئەو ئارەزوانەی لەگەڵ بەرخۆریی جەماوەریدا ھاتون، بەڕادەیەکی ترسناک لەسەر تاکەکەس گەورەبوە. ئەمەش لەڕەوتی تێکچونی سەرجەمی ئەو سیستمە ئەخلاقیی‌و بەھاییەی لەکۆمەڵگای ئێمەدا بەدەوری دیاردەی ھەژاریی‌و دەوڵەمەندیدا دروستبوە. بەبازاڕبونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان‌و دابەزینی گەندەڵیی ئابوریی‌و سیاسیی بۆ ناو بەشێکی زۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕویەکی تری ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەیە کە ڕویانداوە، ھەمو ئەمانەش لەناو تێکچونی تەواوەتی ھاوکێشەی پەیوەندیی نێوان شارو لادێ لەکوردستاندا لەدوای پەلامارەکانی ئەنفال‌وساڵانی دوای ئەو پەلامارانەوە تا ئەمڕۆ. دروستبونی نەوەیەکی گەنج کە ھەستێکی گەورەی بەتاکەکەسبون تیادا دروستبوەو تیادا دروستدەبێت، لەدونیایەکدا ناھێڵێت تاکەکەس ببێت بەسێنتەری کۆمەڵگاو شوێنی یەکە کۆمەڵایەتییە دەستەجەمعییەکان بگرێتەوە، یان لانیکەم تاکەکەس بکاتە یەکێک لەسێنتەرە گرنگەکانی کۆمەڵگا. ھەمو ئەمانە وادەکەن نائومێدیی‌و نادڵنیایی‌و گومانی گەورە لەئایندە بەشێکی گرنگی شوناسی ئەم نەوەیە بێت. ھاوکات دروستبونی پەراوێزی تەکنۆلۆژیی‌و کۆمەڵایەتیی نوێ بۆ ھاتنەکایەی پەیوەندی تازە لەنێوان نێرو مێی ئەم کۆمەڵگایەدا لەکاتێکدا سیستمە ئەخلاقییە باڵادەستەکە نەیتوانیوە بەھای نوێ بۆ ئەم گۆڕانکارییە خێراو فرەجۆرانە دروستبکات. ھەمو ئەم گۆڕانە خێرایانە دۆخێکیان دروستکردوە کە دەشێت بە ”سەرلێشێوانی پێوانەیی، Normative confusion، ناویببەین. سەرلێشێوانێک وایکردوە کۆمەڵگا نەتوانێت ئارەزوە تاکەکەسییەکان ڕێکبخات‌و سەرلەنوێ ڕیزیانبکاتەوە، ھەروەھا نەک تەنھا نەتوانێت ڕوبەریی تایبەت بۆ وەدیھێنیان دروستبکات، بەڵکو لەمە گرنگتر، نەتوانێت سیستمێکی بەھایی‌و ئەخلاقیی دروستبکات کە لەپاڵ ئەو ئارەزوە تازانەدا دروستببێت‌ولەپەیوەندییەکی ھاوسەنگ‌و تەندروستدابێت بەو ئارەزوانەوە.

تاکەکەس‌و پەیوەندیی بێمانا

کێشەی تاکەکەس لەکوردستاندا کێشەیە لەگەڵ ئەم گۆڕانە گەورەو ئەم گشتە ئاڵۆزەدا، لەگەڵ دەزگا سەرەکییەکان‌و پەیوەندییە باڵادەستەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتییدا، لەپێش ھەموانیشەوە کێشە لەگەڵ خێزان‌و دین‌و سیاسەتدا. مەسەلەکە تەنھا ئەوە نییە بڕێک لەتاکەکەسەکان دابڕاون‌و لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە تەنھاکەوتون‌و بێپەیوەندییەکی مانادار ژیان بەسەر دەبەن، بەڵکو ئەوەیە کۆمەڵگایەک دروستبوە ڕێ لەدروستبونی پەیوەندیی مانادر لەھەمو ئەو ئاستانەدا دەگرێت. ئەو تەنھاییەی لەکوردستاندا ھەیە تەنھاییەکی بێوێنەیە، چەندە ھی تاکەکەسەکانە، بەتایبەتی تاکەکەسە لاوازەکانی وەک بڕێک لەئافرەتان، ئەوەندەش ھی ھێزە کۆمەڵایەتییەکانیشە. یەکێک لەئاکارە بەرچاوەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین دروستبونی ژمارەیەکی گەورە مرۆڤی تەنھایە کە دەرەقەتی گۆڕانکارییە گەورەو دڵڕەقەکانی ئەو دونیایە نایەن، چەندان شێوازی شاری کۆمەڵایەتی‌و ئەخلاقییان یەخەی پێگرتون، بەتایبەتی ئەو تاکەکەس‌و گروپانەی کە لاوازن‌و لەپەراوێزە کۆمەڵایەتییەکاندا دەژین. لەڕاستیدا مەسەلەکە تەنھا مەسەلەی تاکەکەسە لاوازو پەراوێزییەکان نییە، بەڵکو مەسەلەی ئامێزانبونی کۆمەڵایەتییە لەکوردستاندا. ئەم پرۆسەی ئامێزانبونە لەقەیرانێکی گەورەدایە، ڕۆژانە دەبینین چۆن ”کۆمەڵگای تەریب“ بەیەکتری‌و بێپەیوەندیی‌و چۆن ”گیتۆی کۆمەڵایەتیی“ دابڕاو لەدروستبوندایە، پرۆسەیەکی بەرفراوانی بەتاکەکەسبونی بەرخۆرانە لەئارادایە کە لەسەر دابەشکردنێکی زۆر نایەکسانی توانای بەرخۆریی‌و سەرفکردن دروستبوە، دابەشبونێکی گەورە ھەیە لەنێوان لادێ‌و شارەکاندا کە تەواو ناھاوسەنگ‌و نایەکسانە،  گەشەیەکی خێراو گۆڕانێکی خێرای شارەکان لەئارادایە بەبێ بونی لانی ھەرەکەمی ئامادەگیی‌و توانا بۆ بینین‌و چارەسەرکردنی کێشە زۆرەکانی پرۆسەی بەشاربون. ھەمووئەمانە بڕو ڕادەی ئامێزانبونی کۆمەڵایەتی لاوازکردوەو بەبەردەوامیش لاوازدەکات. گۆڕانی بەھاکان، گۆڕانی سیستمی ئەخلاقیی، گۆڕانە گەورەکانی ناو کایەی دین، ناشیرینبون‌و بەمافیاییبونی سیاسەت، ھتد دۆخێکیان دروستکردوە، بەشی ھەرە زۆری بەھاکانی مرۆڤی ئێمەی لەدۆخێکی تەواو ناجێگیرو قەیراناویدا نیشتەجێکردوە، بەجۆرێک تاکەکەس نەتوانێت بەئاسانی ئەشێ‌و ناشێ ئەخلاقیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و سیاسییەکان لەیەکتری جیابکاتەوەو نەزانێت بەچ شێوەیەک ڕوبەڕوی ئەو دونیایە ببێتەوە.

ئەو دونیا کۆمەڵایەتی‌و ئەخلاقییەی باسمکرد ئەو چوارچێوە سەرەکیەیە کە خۆکوشتن تیایدا دروستدەبێت. بەڵام ئەمە ھەمو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکەی خۆکوشتن نییە، چونکە لەپاڵ دروستبونی تاکەکەسی دابڕاوو بێپەیوەندیداو لەپاڵ دروستبونی  ئەنانیەت‌و ئابوریی ئارەزوی تاکەکەسیدا، دۆخێکی تر لەکوردستاندا باڵادەستە کە ڕێک پێچەوانەی ئەم دۆخەیە. دۆخێک دۆرکھایم ناوی Altruism لێدەنێت، ئەم دۆخە ھێما بۆ بەھێزیی ڕۆحیەتی قوربانیدان لەپێناوی شتە دەستەجەمعییەکاندا دەکات.

 

سەرچاوە: ئاوێنە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی