"an independent online kurdish website

شوێنکەوتووانی ئایینی، بەتایبەت ئایینییە کانی ئیبراهیمی (جوو، مەسیحی و ئیسلام) هەردەم لە نێوان دوو جۆر بیرکردنەوەدا خۆیانیان یەکلایی نەکردۆتەوە.mejid_palani_001

بەشێکی زۆریان هەموو جۆرە جموجوڵ و کردار و وتن و … ، بە چاک و خراپەوە دەدەنە دەست دەسەڵاتی خوایی و هەموو شتێک لەوانە و چەند هێندەی دیکەش دەخەنە دەسەڵاتی یەزدان و لەو پێوەندییەدا مرۆڤ هیچ دەسەڵاتێکی لە ئاکار وکردار و بڕیارداندا نییە. کەوایە، لێرەدا خواش لە هەموو جۆرە کردار و هەڵسوکەوتێکدا بە چاک و خراپەوە لەگەڵ مرۆڤدا بە هاوبەش دادەنرێ ـ من پێم وانییە، وا بێ ـ  بەشیکی دیکەش لە بڕوادارنی پێڕەوی ئەو ئایینانە، مرۆڤ لە خەبات و جم وجۆڵ و بڕیاردان لە کرداری باش و ناباشدا، بە خاوەن بڕیار و دەسەڵات دەزانن. واتا، مرۆڤ لێیان بەرپرسیارە. ـ من لەگەڵ ئەو ڕایەم ـ . گرفتەکە لێرەدایە، کە خاوەنانی هەردوو جۆر بیرکردنەوەکە بە هێنانەوەی بەڵگەیان  لەسەر درووستی هەڵوێستەکانیان، بە ئایەتەکانی  قورئان و حەدیسەکانی پەیامبەری ئیسلام دێننەوە. من لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند نموونەیەک لە هەردوو جۆرە ئایەتەکان بخەمە ڕوو و بە خوێنەریش بڵێم، خۆتان بڕیاردەرن لە جۆری بیرکردنەوەدا.

بۆ ئەوەی نووسینەکەم درێژ نەبێتەوە و خوێنەر بێتاقەت بکا، تەنیا واتای ئایەتەکان دەنووسم.

(ئەوەی بۆتان ڕوودەدا لەزەوی و لە گیانی خۆتاندا، پێش لەوەی بۆتان بێتە پێش، هەمووی  پێشتر لە نووسراوەی خوادا نووسراوە . ئەوە لای خوا ئاسانە) سورەی ئاسن، “الحدید”٢٢.

هەروەها، باوەڕ بە خوا و پەیامبەر بوونیش لە دەسەڵاتی مرۆڤدا نییە، بڕوانە ئەم ئایەتەش (خوا ئێوەی ئافڕاندووە، تێداندا هەیە بێباوەڕە و تێشیاندا هەیە باوەڕدارە. بەوەی ئێوە دەیکەن خوا ئاگایە) التغابن، ٢.

لە ئایەتێکی دیکەدا پێمان دەڵێ، کە بۆچی هەموو کەسێکی بە بڕوادار درووست نەکردووە. بڕوانە ئەم ئایەتە

(گەر ئارەزومان هەبوایە، هەموو کەسێکمان بە هیدایەتکراوی درووست دەکرد، بەڵام بەڕاستی بڕیاری من ئەوەیە دەبێ دۆزەخ لە مرۆڤ و جنۆکە پڕ بکەمەوە پێکەوە) السجدة، ١٣.

بۆ زانیاری زۆرتر لەوەی، بە بەڵگەی ئایەتی دەیسەلمێنێ، کە مرۆڤ دەسەڵاتی خۆی بە خۆی نییە لە ئانجامدان و بڕیاردانی هیچ شتێکدا، بڕاونە ئەم چەند نموونەیەش:

النحل،٩٣، یونس، ١٠٠، ابراهیم، ٤، النمل، ٩، القصص، ٥ و لە کۆتایی ئەم بەشەشدا، بڕوانە ئەم ئایەتەش (تۆ بڵێ، من خاوەنی هیچ دەسەڵاتێک نیم، چ سوود گەێن و چ زیان گەێن، مەگەر بە ئیزنی خوا)

دێمە سەر چەند نموونەیەک لەو بەشەکەی دیکە.

(هەرکەسێک هەرکارێکی خراپ بکا، هەربۆخۆی سزای دەبینێ، هیچ کەس باری گرانی کەسێکیتر ناگرێتە کۆڵ)الءنعام١٦٤).

(کەسێک شارەزای ڕێ بێت شارەزایی بۆخۆیەتی، هەرکەسێکیش لەڕێ دەرچێ، هەڵە بوون لە دژی خۆیەتی، کەس گرانی کەسێکیتر ناگرێتە ئەستۆ) الءسرا، ١٤.

(تووشی هەرچاکەیەک ببی، لەخواوەیە، نالەباریشت بێتە ڕێ، بزانە لە خۆتەوەیە) النساء، ٧٨).

هەروەها، بۆ زانیاری زۆرتر لەم بارەشەوە، تماشای ئایەتی٣٨، لە سورەی النجم و فاطر، ١٧، ش بکەن.

خوێنەری بەڕێز، نموونەکان لە هەردوو بارەکەوە هەم لە قورئان و هەم لە حەدیسەکانیشدا یەکجار زۆرن، بەڵام کورد وتەنی “مشت نموونەی خەروارە”

بەکورتی و بەپوختی پیتان بڵێم، کە، ئەوەی خوا بە بەشداری هەموو شتێک دەزانێ، و بە چاک و خراپەوە، ئۆباڵی گشت شتێک بخاتە ئەستۆی خوا، ئەوە دەیهەوێ، خۆی شان لەژێر خراپەکارییەکانی خۆی خاڵی بکا. ـ دزی، کوشتنی مرۆڤەکان، ئاوارەکردن و دەربەدەرکردنی داماوان، بەناوی خواوە بڕیاری کوشتنی مرۆڤە بێدەسەڵات و فەقیرەکان،  و … تاد. بەڵام ئەوەی ڕای زۆربەی زانا و پرفسۆر و لێکۆڵەرەوانی جیهانی لەسەر بێ، ئەوەیە، کە مرۆڤیش لە هەموو هەڵسوکەوتەکانیدا، بەرپرسیارە و خاوەنی بڕیار و دەسەڵاتە، لەوەی، کە چ دەکا و چ دەڵێ و … هتد.

لە کۆتاییدا، هیوادار، چی دی، ڕۆڵەی کورد خۆی بە ئاگر و ئاسندا نەدا و لە ژێر هیچ ناوێک گۆڵی فریودەرانی ئایینی و غەیرە ئایینی نەخوا. ئەوەی، کە بڕوای بە هەر ئایین و ڕێبازێکی ئایینی هەیە، پیرۆزە و کەسانی دیکەش با ڕێز لە بۆچوون و ڕاکەی بگرن. ئەوانەش، کە بێباوەڕی ئاینین،  واتا، باوەڕیان بە هیچ ئایین و ڕێبازێکی ئایینی نییە، با نەخرێنە ژێر گوشارەوە و بەسەریاندا نەسەپێنرێ.

لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو بیر و بۆچوونێک، بەڵام ناچمە ژێر گشت جۆرە بیرکردنەوەیەکیش، بە چاک و خراپەوە.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

2014-06-19

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی