كاتی خۆی ئه‌م (هاشمی شاهروودی) یه (مه‌حموودی هاشمی) بوو ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی له عێراق بوو ،
كه له رووی یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ئێرانیه‌ك ببێته سه‌رۆكی رێكخراوێكی عێراقیی كه چه‌ندین پارتی شیعه‌ی عێراقیشی له‌خۆ گرتبێت . كه دواتر به محه‌مه‌د باقر حه‌كیم سپێردرا . ئێستاش ئه‌م كه‌سه یه‌كێكه له كه‌سه ده‌ست رۆیشتووه‌كانی ئێران ( جێگری ئه‌نجومه‌نی رێبه‌رییه ) ئه‌و قسانه‌ی كه ده‌یكات ده‌ری ده‌خات ئێران نه‌ك دابه‌شبوونی عێراق به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له توانایشیدا بێت ده‌یكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی سوننه دروست نه‌بێت ، چونكه ئه‌و هیلاله شیعیه‌ی دروستی كردووه له رووی جوگرافیه‌وه ده‌پچڕێت و دووباره حاڵه‌ته‌كه ده‌باته‌وه بۆ ساڵی 1979 كه عێراق رێگر بوو له به‌دیی هاتنی ئه‌و خه‌ونه‌دا !!
ئێستا كورد له‌به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌دایه ، كه سه‌ركردایه‌تی شیعه به ئاشكرا هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كات و نایشارێته‌وه ، مه‌خابن سروشتی شیعه‌ش وایه عه‌لمانیی و ئیسلامیی كاتێ ده‌گاته مه‌سه‌له‌ی شیعه بوون وه‌كو تایه‌فه‌یه‌ك بیر ده‌كه‌نه‌وه ، ئه‌وه راستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره ، ئه‌گینا من تێناگه‌م كاتێ پێشمه‌رگه كۆنترۆڵی ئاسایشی كه‌ركوك و ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كردووه و فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوكی به ده‌سته‌وه‌یه ، مانای چیه رێگه ده‌درێت شیعه‌ی عه‌ره‌ب و توركمان و تیرۆریستانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له كه‌ركوك چه‌ك دابه‌ش بكه‌ن و چه‌كه‌كه‌ش به فڕۆكه‌یه‌ك له به‌غداوه بۆیان هاتووه ، كه سه‌ركردایه‌تی ئه‌م میلیشیایانه نه‌ك له‌م قۆناغه‌دا به‌ڵكو پێش ئه‌مه‌ش ده‌ستیان سووره به خوێنی هه‌زاران كورد و سوننه و ئێستاش هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن . كه له ( 100 ) ساڵی رابردوودا ئه‌مه یه‌كه‌مین هه‌له كه ده‌ستی كورد كه‌وتووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان ، ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له ژێر هه‌ر ناوێك‌دا ده‌سه‌ڵاتی تائیفیی شیعه بگه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ركوك خیانه‌تێكی زۆر گه‌وره ده‌كات ، كه‌ركوك شارێكه زۆرینه‌ی كورد و سوننه‌یه ، به‌ڵام حكومه‌تی به‌غدا له چه‌ند ساڵی رابردوودا هه‌وڵیداوه واقعی دینی و دیمۆگرافیی به قازانجی شیعه بگۆڕێت ، هه‌ر بۆیه هه‌زاران دۆنم وه‌قفی سوننه‌ی خستۆته سه‌ر وه‌قفی شیعه .
كاتێ شاهروودی باسی رێگه‌نه‌دان به پارچه بوونی عێراق و هه‌ڕه‌شه له كورد ده‌كات ده‌بێ بزانین :
1. ئه‌وه ستراتیژی سیاسیی و سه‌ربازیی ئێرانه كه تێكچوونی هیلالی شیعی قبوڵ ناكات ، چونكه سه‌دان ملیار دۆلاری له پێناویدا خه‌رج كردووه .
2. راسته وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش هه‌ریه‌كه و ئه‌جێندای خۆی هه‌یه بۆ عێراق ، به‌ڵام به هه‌ر هه‌موویانه‌وه به ئه‌ندازه‌ی ئێران له عێراقدا بوونیان نیه ، كه بوونه‌كه‌ش به قازانجی تایه‌فه‌یه‌ك بووه دژی تایه‌فه‌یه‌كی تر . ئه‌وه زیاتر له ( 10 ) ساڵه ئه‌و سته‌مكارییه به‌رده‌وامه ، كه‌چی رۆژێك له رۆژان رێگه‌ی دیالۆكیان نه‌گرتۆته به‌ر بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه و گێڕانه‌وه‌ی مافه دیموكراتیه‌كانی پێكهاته‌كانی سوننه و كورد .
3. كاتێ شاهروودی باسی كه‌ركوك ده‌كات وه‌كو ئه‌وه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ك له ده‌ستووردا ناوی نه‌هاتبێت و لۆمه‌ی كورد ده‌كات كه ” بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی پارێزگای كەركووك، كە پارێزگایەكی نەوتییە كۆنتڕۆڵ بكەن، كەوتنە دژایەتی حكومەتی نووری مالیكی، لە راستیدا حكومەتی ناوەندی دژی زیادەڕەویی ئەوان وەستایەوە و ئەوان دەیانگوت، بە مەرجێك بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەین، كە مالیكی لە دەسەڵاتدا نەمێنێت ” ، ئه‌م پشتیوانیه‌كی ناڕه‌وایه له مالیكیی بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا به‌و بیانووه‌وه شه‌ڕ له كورد بئاڵێنن .
4. كاتێ ئه‌وان داننانێن به بوونی قه‌یرانێكدا كه پێكهاته‌ی شیعه به بیانووی سته‌م لێكراویی به‌رپای كردووه ، ئه‌مه به‌رده‌وامیی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ده ساڵی رابردووه ، كاتێ ئێران ناوی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل و سعودیه‌ی دایه پاڵ راپه‌ڕینی سوننه ، به بیانووی بوونی داعش ، ئه‌وه ئاماده‌كارییه بۆ جه‌نگێكی كاولكاریی هاوشێوه‌ی جه‌نگی سوریا .
5. سه‌ركردایه‌تی كورد به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت خۆی به‌و جه‌نگه‌ی شیعه‌وه بگلێنێت ، كه ستراتیژی ئه‌وان له‌ناوبردنی كورد و ئه‌زموونه‌كه‌یه‌تی ، چونكه ئه‌وان بوونی كوردستانی ئازاد به مه‌ترسیی ده‌زانن بۆ سه‌ر ئه‌وه‌ی ناویان ناوه یه‌كپارچه‌یی خاكی ئێران ، كه ئاشكرایه له دوو ده‌یه‌ی رابردوودا هه‌رێمی كوردستان هیچ كاتێ مه‌ترسیی ئه‌منیی بۆ سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاته دروست نه‌كردووه ، به پێچه‌وانه‌وه له كاتێكدا گه‌مارۆی نێوده‌وڵه‌تیی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌یه ساڵانه ئێران ملیاره‌ها دۆلار بازرگانیی و وه‌به‌رهێنانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا هه‌یه . له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێ بزانین كاتێ ئه‌وان چاوپۆشی له‌و هه‌موو قازانجه ده‌كه‌ن و له جیاتی ئه‌وه هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ستراتیژه‌كه‌یان ئه‌گه‌ر به له‌ده‌ستدانی ملیاره‌ها دۆلار و نه‌مانی سه‌دان هه‌زار هه‌لی كاریش ته‌واو ببێت به‌لایانه‌وه ئاساییه .
6. كاتێ شاهڕوودی – وه‌كو ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی له عێراق بوو – ده‌ڵێت ” كەس بۆی نییە عێراق دابەشبكات، دابەشكردنی عێراق لەلایەن حكومەتی ئێران و عێراقەوە قبوڵناكرێت ” ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدییه له مافی چاره‌نووس ، كه له‌لایه‌ك له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه كه عێراق وڵاتێكی فیدراڵیی ئیختیارییه و كوردیش به ئاره‌زووی خۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه ، كه به پێی یاسا هه‌ر كاتێ حكومه‌تی ناوه‌ندیی به ئه‌ركه‌كانی هه‌ڵنه‌سا ، هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی ئه‌و وڵاته بۆی هه‌یه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات ، كه‌واته ئه‌وه شاهڕوودی و مالیكیی نین كه ده‌بێ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی كورد و سوننه بده‌ن ، به‌ڵام ئه‌م قسانه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناكن له‌سه‌ر ده‌ستووری عێراق .
هه‌موو كوردستانیان و دڵسۆزانی كورد ده‌ڵێن ده‌بێ گه‌لی كورد له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا یه‌كڕیز بێت ، بابه‌ته‌كه مه‌سه‌له‌ی چاره‌نووسه ، هه‌ر هه‌نگاوێكی هه‌ڵه كورد تووشی هه‌ڵدێر و زیانی كه‌مه‌رشكێن ده‌كات ، كورد ده‌بێ له‌م قۆناغه‌دا یاریزانێكی باش بێت و خۆی تێكه‌ڵی ئه‌جێندای ئه‌وانی تر نه‌كات ، به‌ناوی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و هه‌ڵساندنه‌وه‌ی سوپای عێراق ، چونكه حكومه‌تی عێراق كه له دوای رێكه‌وتنامه‌ی شوومی ( سایكس – بیكۆ ) و ( لۆزان ) دامه‌زراو چه‌سپێنرا ، هه‌میشه گه‌لانی عێراقی له‌ژێر ناونیشانیی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵات‌دا سه‌ركوت كردووه و پشكی شێریش به‌ر كورد كه‌وتووه ، جا هه‌ر كاتێكیش كه حكومه‌تی ناوه‌ندیی بێهێز بووبێت و سوپای سه‌ركوتكه‌ری لاواز بووبێت كورد له ئاسووده‌ییدا ژیاوه ، له دوای 2003 كورد به به‌شداریی كردن له درووستكردنه‌وه‌ی سوپای عێراقدا زیانێكی گه‌وره‌ی به خۆی گه‌یاندووه ، ئێستا كه به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و سوپایه هه‌ره‌سی هێناوه ، نابێ كورد له ژێر هیچ ناونیشانێكدا خۆی به به‌هێز كردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و سوپای ناوه‌نده‌وه خه‌ریك بكات ، ده‌بێ هه‌موان به یه‌كڕیزیی و دوور له موزایه‌ده‌ی سیاسییه‌وه بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی مافی چاره‌نووس هه‌وڵ بده‌ن ، چونكه مه‌حاڵه كورد له‌م هه‌لومه‌رجه باشتری ده‌ست بكه‌وێته‌وه .
سەرچاوە: لڤین