"an independent online kurdish website

ھەرچەندە بە باشی نابینم کە ئەم جۆرە قسە و باسانە بکەونە سەر پەڕەی گشتی، بەڵکو پێویستە ئاراستەی شوێنی تایبەت بکرێن و بە نھێنی کاری لە سەر بکرێت، بەڵام بە ناچاری و بە ئومێدی ئەوەی کەسێک بتوانێت بیگەیەنێتە شوێنی خۆی،husheng-dara

یاخود خودی کەسی شوێنەکە بتوانێت بیخوێنێتەوە، کورتەی بیرۆکەیەکم بۆ سەرکردایەتی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لێرەدا دەخەمە ڕوو و لە دواییشدا ئەگەر پێویست بکات، ئەوا درێژە و گەشەی پێ دەدرێت.

 

بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بچینە ناو بابەتەکە، لەو باوەڕەدام کە گروپی ’دەوڵەتی ئیسلامی’ یان بە ناوە باوەکەی ’داعش’ لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە ناتوانرێت لە ناو ببرێت و کۆتاییان پێ بھێنرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەر لە بیرکردنەوە لە لەناوبردنی ئەم گرووپە، پێویستە دەستەڵاتی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان پاساوێکی جەوھەری و تایبەت بە خۆی ھەبێت بۆ ڕازیکردنی خۆی و گەلی کوردستان. لەناوبردنی داعش بۆ دەوڵەتانی سوریا و عێراق بە شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و بە ھەمانشێوەش بۆ دەوڵەتی ئێران بە شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی بە نوێنەرایەتی و ڕووبەڕووبوونەوە لە دەرەوەی سنووری خۆیدا، کارێک بوو کە نەچووە سەر و دوای چەند ساڵێک لە شەڕ ئەم گرووپە نەک ھەر لەناو نەچوو، بەڵکو زیاتریش گەشەی کرد. ئێستاش ئەمە لە بەدیھیاتەوە نزیکە کە ئەم گروپە بە ھێزی پێشمەرگە لە ناو ناچێت. ئەمەش لە بەر کۆمەڵێک فاکتەر کە توانا سەربازی و تەکنیکی و داراییەکانی ھێزی پێشمەرگە لە لایەک کز و نزم دەکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئەرکەکە گرانتر ئەکات. لە لایەکەی تریشەوە، لە بەر دەستبەسەردا گرتنی کێلگەی نەوتی و گازی نوێ، دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمەکەی، فرۆشتن و گۆڕینەوەی بە چەک، ھەروەھا زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی و بە گشتی لە بەر گەشەی خێرای ئەم گروپە لە ڕووی ئەندامی و سەربازی و ئابوورییەوە، توانست و پۆتانسێیلی ئەم گرووپە بەرەبەرە بەرەو ھەڵکشان ئەڕوات. ئەمە بە نیسبەت سیاسییانی کوردەوە ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام ئەوەی کە سیاسییان و سەربازییەکانی کورد گەشبین دەکات و بیری لێ دەکەنەوە ئەوەیە کە ھێز و زلھێزە ناوچەیی و جیھانییەکان ببنە پاڵپشتی کورد و کورد وەک ’سوورەی بەر لەشکر’ بە نوێنەرایەتی ئەوانەوە ئەم شەڕە بکات و لە ناویان ببات. لە کاتێکدا پێویستە پێشوەختە ئەو پرسیارە بکرێت کە ئایا پێویستە کورد بیر لە لەناوبردنی ئەو گرووپە بکاتەوە و خۆی بکاتە نوێنەری ھەموو تەوژمە لیبراڵ و دیموکراتەکانی دونیا لە کاتێکدا ھێزە جیھانییەکان و لە سەروو ھەمووشیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەک ھەر کورد بۆ شەڕی تیرۆر پاڵپشتی ناکەن بەڵکو ئامادەش نییە کە کورد بە پاڵپشتی تیرۆر و پارتە کوردییەکانیش بە تیرۆریست ناوزەد نەکەن و ناویان لە لیستی ژمارە سێی تیرۆردا بسڕنەوە.

 

کەواتە، لە کورتیدا، کورد توانای لە ناوبردنی داعشی نییە؛ کورد متمانەی وڵاتانی جیھانی نییە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییان بکات لە شەڕی دژ تیرۆردا؛ لە ھەمانکاتیشدا کورد نەک ھەر مەیلی لە دراوسێیەتی داعش نییە، بەڵکو لە ژێر مەترسیی بەردەوامدایە بۆ ھێرشی گەورەی ئەم گرووپە بۆ سەر خاک و خەڵکی. ئەوەی کە بە ڕای من پێویستە کورد بیری لێ بکاتەوە درووستکردنی پردێکی پەیوەندییە لە نێوان کورد و داعشدا لە سەر بنەمای لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندیی دوولایەنە، پەیوەندییەک کە مەرج نییە ھاوشێوەی پەیوەندییە کلاسیکییەکان ڕێککەوتنامە و مۆر و ئیمزا لە نێواندا بێت. ئەم پێشنیارە دوو پرسیار دەخاتە سەر خۆی. یەکەم، ئایا پێویستە کورد لەگەڵ داعش دەست تێکەڵ بکات؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر و ئەمە بەو مانایە نایەت، بەڵکو تەنھا لە سەر ئاستی ڕێککەوتن دێت لە سەر ھێرش نەکردنە سەر یەکتر و ئەمەش لەوانەیە داواکاری وەستاندنی شەڕە ئیعلامییەکانیش بە دوای خۆیدا بێنێت، لەوانەشە لەم پێناوەدا ھەندێک شت لە پڕۆسەی دان و ستاندندا مامەڵەیان لەگەڵ پێ بکرێت. وتەی ‘ئێمە بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستیدا بچینە دانوستانەوە’ وتەیەکە کە لە دەستەڵاتدارێتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەوەشێتەوە کە خاوەنی ھێزی یەکەمی سەربازی و ئابوری جیھانەوە و بە ھەزاران مایل لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە دوورە و لە ھەموو ڕوویەکەوە بە تایبەتیش لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکییەوە پارێزراوترە. نەک ھەر لە کورد، بەڵکو تەنانەت لە دەوڵەتانی ناوچەکەش، ئەم وتەیە زۆر ناوەشێتەوە. دەشکرێ ئەم پەیوەندییە لە سەر ئاستی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و دانیشتنی ڕوو بە ڕوو نەبێت بەڵکو لە ئاستی ڕاگەیاندن بێت و ئەمەش لە بە شێوەیەکی نا ڕاشکاوانە و لایەن کەسانێک لە پلەی وەزیر و ئەندام مەکتەب سیاسی لایەنەکان خوارتر بووترێت و بورووژێنرێت، چاوەڕێی وەڵامگۆیی بکرێت و لێدوانی جیاواز بە بیرۆکەی جیاواز و لە لایەن قسەگۆی جیاوازە تاقی بکرێتەوە. دەشکرێ بە نھێنی و بە نێوەندگەری لایەنی سێیەم ئەم کارە ڕێک بخرێت. دووەم پرسیار کە لەم بیرۆکەیە دەکرێت بە دڵنیاییەوە ئەوەیە کە، ئایا داعش قسەی لەگەڵ ئەکرێ؟ بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. یەکێک لەو بابەتانەی کە موبالەغەی زۆری تیا کراوە و ڕەشبینی ھاوڵاتیان و تەنانەت بەرپرسانیشی تا ئاستێکی باڵا بەرز کردووەتەوە مەسەلەی تێنەگەیشتنە لە جەوھەری گروپی دەوڵەتی ئیسلامی. ھەرچەندە نامەوێت ئەمە وەک گەشبینیەکی ڕەھا لێک بدرێتەوە و ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە کە داعش ھێزێکی تیرۆریست و توندوتیژە، بەڵام دەکرێت بە پشتبەستن بە بنەماکانی سیاسەت و سیستەم ترووسکاییەک لە ئومێد بەرامبەر بە دەوڵەتی ئیسلامی ببینرێتەوە.

 

لەو بڕوایەدام کە بەشێکی زۆری ھەمەجییەت و وەحشییەتی ئەم گروپە دەگەڕێتەوە بۆ دانەمەزراوبوونیان و نەبوونی سیستەم و نیزامێک لە نێویاندا کە ھەموویان لە ژێر سیاسەتێکی داڕێژراودا کۆ بکاتەوە – جا با سیستەمەکەش سیستەمی خەلافەتێکی ھەزار و چوارسەد ساڵە بێت. ئەمە ڕێی بۆ زۆرێک خۆشکردووە کە لە ناو ئەو گروپەدا و بە ناو ئەوانەوە و بە بێ ئاگادارییان دەست بدەنە دڕندانەترینی جۆرەکانی کوشتن بۆ مەرامی سادیستی خۆیان، یاخود لە بەر ئەوەی کە ئەو ڕێگەیە بە ڕێگەیەکی شیاو و شەرعی دەزانرێت. بە دڵنیاییەوە بوونی دەوڵەتێک، ھەرێمێک، دەستەڵاتێکی دامەزراو بۆ ئەم گرووپە، تا ئاستێکی بەرچاو لە دڕندەیی و ھەمەجییەتیان کەم دەکاتەوە و دەیانھێنێتە ئاستێک کە قابیلی گفتوگۆ لەگەڵ کردن و مامەڵە لەگەڵ کردن بن. ھەبوونی چوارچێوەیەکی قانوونی (یان شەرعی وەک ئەوەی ئەوان ئەیانەوێت) بە دڵنیاییەوە وا لەم گرووپە ئەکات کە پێویستییان بە خەڵک بێت و لەم ڕووەشەوە ڕێگە بە کەسانێک نەدەن کە بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە و لە ژێر چەتری ئەواندا خەڵک لە خۆیان بڕەنجێنن. ھەڵبەت پێویستە ئەوەش لە پێش چاو بگیرێت کە ئەو توندوتیژی و دڕندەییەی کە داعش دەینوێنێت، ھەم ڕەنگدانەوەی قۆناغی کارکردی ئەوانە و بەشێکە توندوتیژی ’شۆڕشگێڕانە’ و ھەمیش بۆ قۆناغی ئێستای ئەوان و بۆ مەرامەکانیان زەروورەتێکە و ھەر بە ھۆی ئەو جۆرە ڕەفتارانەشیانەوە بوو کە توانیان سوپای عێراق بتۆقێنن و ڕاو بنێن، بە ھەمانشێوەش خەڵکی موسڵ و ناوچەکانی تر ملکەچ و ڕام بکەن. بەڵام بۆ قۆناغی دواتر، قۆناغی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەمە نەک ھەر سوودی نابێت بەڵکو لە زەرەریشیان ئەبێت و خۆشیان لەمە بە ئاگان. لە پاش ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە موسڵ، داعش لە شارەکە ھۆکاری ھاتوچۆی بە خۆڕایی دابین دەکات، مەسیحییەکان ناکوژێت بەڵکو دەریان دەکات، شیعەکان ناکوژێت بەڵکو تۆبەیان پێ دادەدات. ئەمانە نموونەی بچوک، بەڵام جێگەی سەرنجن و ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە چەکدارێکی داعش لە شوێنێکی دەرەوەی موسڵ مەسیحییەک ببینێت دەیکوژێت، بەڵام لە شاردا، لە سایەی خەلافەتدا، بەرپرسانەتر ڕەفتار دەکات و بە عینوانی کەسێکی ژێر سایەی خەلافەت، نەک کەسێکی ڕێگر لە بەرپابوونی خەلافەت مامەڵەی لەگەڵ دەکات. نموونەی تاڵیبان و ئەلقاعیدەی ئەفغانستان پاڵپشتی ئەم قسانەی من ئەکات کاتێک کە ورد ببینەوە لەوەی کە تیرۆر و تۆقاندنی ئەو لایەنانە بەر لە گەشتن بە دەستەڵاتی سەربەخۆی خۆیان و لە پاش لەدەستدانی دەوڵەتەکەشیان زیاتر بووە و زیاترە لەو کاتەی کە خاوەن دەستەڵات و دامەزراوەی خۆیان بوون.

 

بە تێڕامان لە مێژووی حوکمداریی ئیسلام، کە داعش خوازیاری دووبارەکردنەوەی سەردەمی خیلافەتی پێغەمبەری ئیسلام و خەلیفەکانی ڕاشیدینە، ترووسکاییەکی تری ئومێد بە دیار دەکەوێت. ھەر لەم ڕووەشەوەیە کە دەتوانرێت ڕێگاکانی دووبارەکردنەوە سوڵح و پەیماننامەکانی ئەو سەردەمانە دووبارە بکەنە و لایەنی کوردیش سود لە وانەکانی ئەو مێژووە ببینێت و بەو لۆژیکەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکات. لە لایەکی تریشەوە، بوونی دەوڵەت یان دەستەڵاتێکی ئیسلامی توندڕەو و تیرۆریست بەڵام دامەزراو، بە ھەموو حوکمێک لە مەترسییەکانی تیرۆری پەرتەوازە و بەر بڵاو و کۆنترۆڵ نەکراو کەمتر و کەمتر ئەکاتەوە. ھەبوونی خەلافەتێکی ئیسلامی لە ناوچەکە ھێندەش بابەتێکی پڕ لە ھەڕەشە و غەیری قابیلی قبوڵ نییە، بەڵکو بە پێچەوانەشەوە بگرە ببێتە مایەی سوکنایی و دامرکاندنەوەی کەف و کوڵی تاک و لایەن و حیزبە ئیسلامییەکانیش. ئەگەر گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئیمارەتی خۆی نموونەیەکی جوان پێشکەش بکات، ئەوا بۆ خەڵکەکە و بۆ ناوچەکەش بەسوود دەبێت. خۆ ئەگەر نموونەیەکی خراپیش پێشکەش بکات، ئەوا دەبێتە ھۆی نائومێدبوونی زۆرێک لەوانەی کە لە پێناو بەرپاکردنی خەلافەتی ئیسلامیدا کاری تیرۆریستی ئەنجام ئەدەن و دەبنە بکوژ و سەرەنجامیش ئامادەیی ئەوەیان ھەیە کە لە کردەوە خۆکوژییەکاندا بەشدار بن. لە ھەر دوو حاڵەتەکەدا، حاڵەتی ناسەقامگیری و سەقامگیری دەستەڵات و دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، چ وەک گروپ و چ وک دەوڵەت، کورد پێویستە متمانەی تەواوی بە بارودۆخەکە نەبێت و بابەتی مەسەلەی جیھاد و فتوحات بە ھەند وەر بگرێت و لەوە دڵنیا بێت کە مەترسی لە سەری ھەیە. بەڵام ئەم مەترسییە، ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامی و خەلافەتی ئیسلامی بکەوێتە سەرپێی خۆی و سەقامگیر ببێت، وەک مەترسی دەوڵەتی ئەفغانستانی سەردەمی تاڵیبانە بۆ سەر دراوسێکانی – کە مەترسییەکی کەمتر بوو وەک مەترسی ئێستای تاڵیبان و ئەلقاعیدە بۆ سەریان.

 

لە کۆتاییدا، لە پێناو کەمتر ڕژانی خوێنی پێشمەرگەی کوردستان، کە بە ھیچ شتێک قەورەبوو ناکرێتەوە و لە پێناوی کۆکردنەوەی و سەرفکردنی تواناکانی کوردستان لە بۆ ئامانجێک کە ھاتنەدی مومکین بێت (وەک پتەوترکردنی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی) نەک سەرفکردن و بە فیڕۆدانیان لە پێناو بابەتگەلێکی شێوە مەحاڵ (وەک لە ناو بردنی داعش)، پێویستە بیر لە ھەموو ڕێگەیەک بکرێتەوە و ڕێگاش بکرێتەوە تا ئەھلی زانست و تەجروبەی سیاسی بتوانن بیرۆکە و پێشنیارەکانیان بگەیەننە لایەنی بڕیار بە دەست و سەر ڕووپەڕی ڕۆژنامەکانیش نەبێتە شوێنێک بۆ باسکردنی ئاسایش و ستراتیژییەتی نەتەوەیی.

 

ھۆشەنگ دارا

خوێندکاری دکتۆرا لە زانستی سیاسەت – بەریتانیا

سەرچاوە: باس نیوز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی