ڕوون کردنەوەیەک لە سەر نێوی کتێبەکە” خاتوو سوهەیلا لە سەر ژیانی خۆی نووسیوویە کە کاتێک کچێکی لاو بووە هەردەم لە ماڵەوە چەکیان بووە و ناوبراویش هەردەم چەکی هەڵگرتووە،
کاتێک لە شاری گیلاندا بوون و هەمیشەش دژی رژیمی ئاخوندی لە خەباتدا بووە. بەڵام ئیمڕۆ لە سویددا چەکی ناوبراو عشق و ئەوینە بۆ مرۆڤایەتی و لەم ڕیگایەوە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکا کە مرۆڤ بەتایبەت ژنان ئازادی خۆیان بەدەست بێنن و بۆ خۆیان سەربەست بن”. بە کورتی پێناسەی کتێبەکەی خاتوو سۆهەیلا…
لەم ڕۆژانەدا کتێبێکی نوێ بە زمانی سویدی لە سەر ژنە چالاکوانێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە سویدییەکەی دەبێتە “Kärleken blev mitt vapen” واتە “عشق یان ئەوینداری بوو بە چەکم” لە ژێر چاپ هاتە دەر و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە لە سەر ژیان و کارو کردەوەوی ژنێکی کورد بە ناوی سوهەیلا فوش و لە دایک بووی پارێزگای ئیلام و خەڵکی شاری گیلانی ڕۆژئاوایە و ناوی باپیرە گەورەی، داوودخانی کڵهۆڕە کە بە قسەی سوهەیلا لە سەردەمی ڕەزا خان دا ویستوویە ببێتە پاشای ئێران، بەڵام ڕەزا خان دەیکۆژێ و لە ناوی دەبا و بۆخۆی دەبێتە پاشای ئێران. داوودخان گەورە و حاکمی کەڵهۆڕەکانی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان بووەو نەوە دوای نەوە ئەو دەسڵاتەیان بەسەر کەڵهۆڕدا بووە و ئێستاش بەردەوامە و بە پێی بەڵگەیەک کە لە کتێبەکەدا چاپ کراوە خاتوو سوهەیلا دەبێتە خاتوون یان پرینسێسای هۆزی کەڵهۆڕ. خاتوو سوهەیلا لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا لاو بووە و زۆر حەزی لە چەک کردووە و هەر بەو بۆنەشەوە زۆر جار لەگەڵ باوک و کەس و کاریدا چووەتە نێچیرەوانی و بە قسەی خۆی هەردەم چەکی پێ بووە. تاکوو سەرئەنجام بە هۆی هەندێک خزم و کەس و کاری دەچێتە نێو کاری سیاسی و دەبێتە لایەنگری ڕێکخراوی “چەریکی فیدایی”. سەرئەنجام لە لایەن رژیمی ئاخوندییەوە بە هۆی چەند چالاکیەکی سیاسی لە نێو شاری کرماشان کۆمەڵێک لەو لایەنگران و ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە و یەک و دوو ئامۆزای لە لایەن رژیمەوە دەگیرێن و پاشان ئێعدامیان دەکەن. سەرەڕای ئەوانەش باوکی خاتوو سوهەیلاش چەند جارێک دەگیرێت و بە پارەیەکی زۆر ئازادی دەکەن و سەرئەنجام بە وتەی ناوبراو رژیم باوکی کە ناوی قودرەت خان بووە ئێعدام دەکا.
سەرباری ئەو نیهامەتیانە کە بەرۆکی ئەم بنەماڵەیەی گرتبوو لە شاری گیلان، شەڕی ئێران ــ عێراق دەست پێدەکا و بە هۆی تۆپبارانی سوپای عێراق دانیشتوانی شاری گیلان ناچار دەبن شار چۆڵ بکەن ڕوو بکەنە شاری کرماشان. لەوێشەوە ئەم بنەماڵەیە ڕوو دەکەنە شاری تاران و ماوەیەک لەوێ دەمێننەوە، بەڵام لەوێ تاقەت ناگرن و دەگەڕێنەوە بۆ شاری کرماشان. خاتوو سوهەیلا لە قوتابخانە دواناوەندی تەواو دەکا و ئینجا کوڕێک حەزی لێدەکا و بە بێ ڕەزامەندی دایک و باوکی و سەرئەنجام ڕەزامەندی دەردەبڕن و شوو دەکا بەو کوڕە. خاتوو سوهەیلا لە کتێبەکەیدا نووسیووە کە ئێستاشی لەگەڵ بێ لەو کارە پەشیمانە کە بە قسەی باوکی نەکردووە و مێردی بەو کوڕە کردووە. چوونکە دەڵێ باوکم زانیویە کە ئەم کوڕە نابێتە هاوسەری هەتا هەتایم و هەرواشی لێ هات.
پاش هاوسەرگیری بنەماڵەی کوڕە ڕوو دەکەن شاری تاران، خاتوون دەڵێی لە گوندێکی دەرەوەی تاران ماوەیەک ژیانمان تێپەڕ کرد بەڵام بە چەرمەسەری و بەدبەختی، چوونکە هەم هاوسەرەکەم لەگەڵم خەراپ بوو هەمیش بنەماڵەکەیان بۆم باش نەبوون. ئەوە بوو چەند جارێک ویستم خۆم بکۆژم و لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبووم. پاش منداڵی یەکەمم ماوەیەک لە داخانا هیچم نەخوارد بۆ ئەوە بمرم، بەڵام کە بیرم لە کچەکەم دەکردەوە هێندەی تر خفەتبار دەبووم. بەڵام مێردەکەم جارێک لە جاران گرنگی پێنەدەدام و هەردەم خەراپ تر لەگەڵمدا دەجووڵایەوە.
ئەوە بوو برایەکەم لە ڕێگای قاچاخەوە ڕووی لە ئۆرووپا کرد و لە وڵاتی سوید گیرسایەوە. ئێتر بە نامە و تەلەفون پێوەندیم پیوە دەگرت و تاکو پاش چەند ساڵێک بەسەردان هاتەوە بۆ تورکیە و ئێمەش لەگەڵ دایک و برا هاتینە سەردانی لە تورکیە. ئەو جار مەسەلەی هاتنی خۆمانم لەگەڵی باس کرد. ئەوە بوو یارمەتی مێردەکەمی دا و مێردەکەمیش گەیشتە سوید. پاش دوو ساڵ مێردەکەم کاری کرد و ئێمەش لە ساڵی ١٩٩٣ گەیشتینە سوید و لەگەڵ مێردەکەم جارێکی تر بەیەک شاد بووینەوە. بەڵام هەر لە فڕۆکەخانەوە و تاکو گەیشتنە ماڵ و پاش چەند ڕۆژێک هەستم بە ناهۆمێدی و دڵ ساردی مێردەکەم دەکرد و سەرئەنجام کێشەکەم لەگەڵی باس کرد، بەڵام هەر جارە و هۆکارێکی باس دەکرد. ئەو جار زانیم کە ژن و دۆستی سویدی هەیە. زۆر جار ژنی لەگەڵ خۆی دەهێنایەوە و دەیوت ئەمانە دۆست و هاوڕێمن و زۆر یارمەتیان داوم. یان زۆر شەوان نەدەهاتەوە بۆ ماڵ و هەر جارێک بیانوویەکی دەهێنایەوە. تا وای لێهات زۆر جار لیی دەدام و لە ماڵ لەگەڵ منداڵەکاندا دەری دەکردم و منیش لە نێو بەفر و سەرما و سۆڵەدا بۆ خۆم دادەنیشتم. بە هۆی نەزانینی سویدی و کەس نەناسین نەمدەزانی چی بکەم. ناچار بووم هەموو نەهامەتیک قەبووڵ بکەم. براکەمیش زۆر جار پشتی مێردەکەمی دەگرت و دەیوت ئەو مێردتە و مافی خۆیەتی لێت بدا. سەرئەنجام وای لێهات وتی تەڵاقت دەدەم و هەرواشی لێهات و لەیەک جیا بووینەوە. ئەوە بوو شەوێکی سەری ساڵ هاتەوە بۆ ماڵ و وتی لای منداڵەکان دەمێنمەوە منیش ئەوەم قەبووڵ نەکرد و ئینجا کەوتە گیانم و زۆری لێدام تاکو وەهای لێهات بە گریان و قیژەم دراسێکان هاتن و تەلەفونیان بۆ سوسیاڵ و پۆلیس کرد و مێردەکەمیان برد. بەڵام هەر وازی نەهێنا و چەند جارێکی تر ئازاری دام.
خاتوو سوهەیلا لەم کتێبەیدا دەنووسێ کە ئەو سەردەمە لە گیلان بووم، حەزرەتی مەسیحم لە خەوندا بینیوە و هەر لەو دەمانەدا ئەوەم لە مێشکدا بووە کە بڕۆم بە لای مەزهەبی مەسیحەوە. پاش جیا بوونەوەم لە مێردەکەم هیچ کەسێک نەبوو دەردە دڵی لەگەڵ بکەم و زۆر هەستم بە تەنیایی دەکرد. ئەوە بوو پیرە پیاو و ژنێکی سویدی بوون دەهاتن سەریان لێدەدام و هەندێک جار دەیان بردم بۆ کەنیسە. ماوەیەک لە ڕستۆرانی کوردێک کارم دەکرد کە لەگەڵ کوڕێکی ژۆرنالیستی سویدی بوومە ئاشنا و سەرئەنجام دەزگیرانیمان کرد، بەڵام زۆر کورت بوو بەداخەوە لە خۆپێدادانی ماشیندا کە بۆ سەیری “ئیسهۆکی” چوو بوو، مرد. جارێکی تر تووشی سەر لێشێوای هاتم. ئەوە بوو بە هۆی ئەو ژن و پیاوە کە سەردانیان دەکردم، ڕۆژێک بە زۆر لە ماڵ بردمیان بۆ کەنیسە، هەرچەند سەرم زۆر ئازاری بوو. هەر لەوێ لەگەڵ ئەم مێردەی ئێستام بوومە ئاشنا و سەرئەنجام ژیانی هاوسەرگیریمان پێکەوە نا و ئەوە ئێستا پێکەوەین. بەڵام براکەم و کەس و کارم زۆر لۆمەیان کردم ڕۆژ نەبوو چەند تەلەفونم بۆ نەکەن و جنێو قسەی خەراپم پێی نەیەژن. تاکو وەهای لێهات کە مێردەکەم تێدەگەیی کە چ باسە. براکەم ڕۆژێکیان هات بۆ ماڵ زۆری لێدام کە وای لێهات پۆلیس بردیان و بەندیان کرد و ئیتر پێکەوە قسەمان نەدەکرد. هەرچەند بە تەلەفونی وتی بەخشیوومە و ئێستا پێکەوە قسە دەکەین. هۆکاری لۆمە کردنەکەی کەس و کارم ئەوە بوو کە ئێمە موسڵمانین و نابێ مێرد بە پیاوی مەسیحی بکەم. خاتوون دەڵێ “من دینی ئیسلام بە دینێکی تووندوتیژ و بە ئیمپراتۆری عەرەبی دەزانم و هەر بۆیە وازم لێی هێناوە”.
شتێکی تر کە لە کتێبەکەی باسی کردووە خاتوو سوهەیلا ئەوەیە کە ڕۆژێکیان کەس و کار تەلەفونیان کردووە کە بچم بۆ تورکیە، چوونکە دایکم و کۆمەڵیک لە خزمەکانم بە سەفەر بۆ تورکیە دەچن و بلیتی دە ڕۆژیان بۆ بەڕێ کردم کە منیش لە سویدەوە بڕۆم بۆ سەردانیان. هەرچەند کاریشم دەکرد لە پڕێکا خۆمم ئامادە کرد بۆ تورکیە. لە فرٶکەخانە چەند کەسێکیان هاتن بە دوامدا و چووین بۆ هۆتێل، بەڵام زۆر هۆڵم بوو کە دایکم ببینم، ئەوانیش دەیان وت پەلە مەکە و دایکت لە شارێکی ترە سبەی دەگا. بەڵام دایکم هەر نەهات و تاکو وای لێهات چووم بۆ لای نووسینەگەی هۆتێل و زانیاری وەرگرم. بەڵام پێش ئەوە چەند کەسێک لە خزمانم بردمیان بۆ ساڵۆن و جلی جوانیان لەبەرم کرد کە دایک بمبینێ خۆشحاڵ بێ. کابرای نووسینگە زانی کە من لە سوید هاتووم و پێی وتم پیرۆزە! وتم چی دەڵێی؟ وتی ئەی بڕیار نیە ئەمڕۆ مێرد بکەی؟ ئەو جار تێگەیشتم کە ئەمە پلانە و دەیانەوێ بە مێردم بدەن. کابرای نووسینگەی هۆتێل وتی شانست هەیە ئەو کابرایە ڤیلایەکی هەیە نرخی ئەو ماڵەی دوو بەرابەری ئەم هۆتێلەیە. تووڕە بووم و وتم دەمەوێ بڕۆمە دەرەوە بۆ ئەوەی خۆم رزگاری بکەم. کابرای نووسینگە وتی دەستوور بە ئێمە دراوە کە نەهێڵین لە هۆتێلەکە بڕۆیتە دەرەوە. منیش هیچم نەوتو گەڕامەوە بۆ نێو ئاشپەزخانەکە و لەوێ لە دەرگای پشتەوە بۆی دەرچووم و تاکسیم گرت یەکسەر بۆ فڕۆکەخانە. هەر بەو جلانەوە لە ستۆکهۆڵم دابەزیم بەو شەوە و بە سەرما و سۆڵەی سوید گەڕامەوە بۆ ماڵ لە دەرگام دا دۆستێک لە لای منداڵەکان بوو وتی ئەوە چیە تۆ سەفەری تورکیەت کردووە یان گاڵتە دەکەی و منیش هەموو شتەکانم بۆ باس کرد. ئینجا لە لایەن کەس و کارمەوە بە تەلەفون بۆردمان کرام.
پاش ئەم گێرە و کێشەیە و لێدان و قسەی ناخۆش، بریارم دا ڕێکخراوێک دامەزرێنم و یارمەتی بە ژنان و کچانی لێقەوماو بدەم. ئەوە ڕێکخراوی “خاتوون”م دامەزران و یارمەتی زۆر ژن و کچ کە تووشی لێدان و جیا بوونەوە ببوون داوە. هەر لە فێر بوونی زمانی سویدی و کۆبوونەوە و دانی زانیاری، تاکو وای لێهات ڕێکخراوەکەیان دەنگی دایەوە و ئێستا لە سێ شاردا ئەم ڕێکخراوەیە چالاکە و دەنگی داوەتەوە. هەر لەو بوارەدا زۆر جار بانگهێشت دەکرێ بۆ کۆڕ و سمینار و لە بیروبۆچوونەکانی کەڵک وەردەگیرێ. ڕێکخراوی خاتوون ئێستا بووەتە ناوندێکی گرنگ و سەرنج ڕاکیش بۆ ماسمێدیای سویدی، لە رێکخراوێکی ناوچەییەوە بۆ سەرانسەری سوید.
کتێبی “”Kärleken blev mitt vapen” واتە “عشق یان ئەوینداری بوو بە چەکم” لە نووسینی سوهەیلا فوش، بەڵام خاتوون ) ئێنگالیل بێرگنستێنIngalill Bergensten) یارمەتیدەری سەرەکی بووە و شەش مانگ لەگەڵ سوهەیلا کاری کردووە تاکو ئەم کتێبەی بەرهەم هێناوە و چاپ و بەڵاو کردووەتەوە. کتێبەکە بە سویدییەکی زۆر باش نووسراوە و هەموو ئەو کەسانەی کە سویدی بزانن و تاکو رادەیەک لەگەڵ زمانی سویدی ئاشنا بن لێی تێدەگەن. ئەم کتێبە لە قەوارەیەکی مامناەندی و ٢١٠ لاپەڕە دەبێ. بەرگی پێشەوەی کتێبەکە وێنەی خاتوو سوهەیلایە و پشت بەرگەکەشی بە ڕەنگی سوور و بە بەشێک لە دەقی نێو کتێبەکە بە کورتی لەسەر کتێبەکە باس دەکا. ئەم کتێبە لە چاپخانەی لیبریس لە شاری ئۆێرەبرۆ ئامادە و ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی لێتلەند چاپ کراوە.
هەرچەند ئەوەی کە باسم کرد چەند خاڵێکی کورتە و ئەوانەی کە حەزیان لە خوێندنە دەتوانن کتێبەکە لە کتێبخانە گشتیەکان دا وەربگرن یان بیکڕن و بیخوێننەوە کە زۆر شتی سەرنجڕاکێش، تراژدیا و ناخۆش و خۆشی تێدایە.
ستۆکهۆڵم،
١١ ٠٩ ٢٠١٤
ح. تەیموری