"an independent online kurdish website

(ئەم وتووێژە شەممە ١١/٠١/٢٠١٤ بۆ ڕۆژهەڵات تیڤی تۆمار کرا و ٠٤/٠٢/٢٠١٤ بڵاو کرایەوە. لێرەدا دووبارە لەگەڵ ڕاستکردنەوە و زانیاری زیاتردا نووسراوەتەوە و لینکی وتووێژەکانAl_Tash_unhcr

و چەند وێنەیە و بەڵگەیەکی لەگەڵ دانراوە و لە ٦ بەشدا دەخرێتە سەر ماڵپەڕەکان. هیوادارم کەڵکی خوێندنەوەی هەبێ و خوێنەرانی بەڕێز پەیوەندی بگرن و هەڵەکانم بۆ ڕاست بکەنەوە.)

من و دوو هاوڕێی تر سەفەرێکی شاری یۆتۆبۆری لە سویدمان کرد بۆ تۆمارکردنی پرۆگرامێک کە لەودا زانیاریی زیاتر لەسەر ناوەندی کرماشان دیالوگ و پێویستیی دامەزراندنی بدەین بە بینەران. هەر لەوێ کاک عەلی قەنبەری پێشنیاری تۆمارکردنی پرۆگرامێکی تری بە من کرد لەسەر ئەو بابەتەی سەرەوە. ئەویش لەبەر ئاگاداربوونی بەڕێزیان لەسەر پێشینە و ئەزموونی من لەم بوارە لە ڕابردوو و ئیستادا. ئەگەرچی من بەپێی پێویست خۆم بۆ ئەم مەبەستە ئامادە نەکردبوو، بەڵام  لەبەر گرنگی بابەتەکە ئامادەییم دەربڕی. بەڵکوو بتوانم لەم ڕێگەیەوە و بە باسکردنی ئەزموون و بەشێک لە ژیانی خۆم، تیشک بخەمە سەر بابەتەکە و سەرنجی بەڕێزانی تر بۆ لای بابەتەکە ڕاکێشم و لەم ڕێگەیەوە ئەوان بتوانن بابەتەکە تەواوتر بکەن.

من بەپێی دەرفەت و توانا و ئەوەندەی لە بیرم مابوو پرسیارەکانم وەڵام دایەوە. بەڵام لەبەر کەمیی کاتەکە بۆ خۆئامادەکردن و هەروەها کەمیی کاتی پێشکەش کردن و پەلەکردن، بەشێک لەو وەڵامانەش کە پێشکەش کران هەڵەیان تێکەوت یان وەک پێویست ڕوون نەکرانەوە. هەروەها بڕێک لە ڕێکەوت و ژمارەکان بە هەڵە باس کران کە سەرەڕای داوای لێبوردن، ڕاستکردنەوەیان بە ئەرکی خۆم دەزانم. بۆیە من بە پێویستم زانی هەر لە ژێر ئەم سەردێڕەدا، سەرەڕای ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، کورتەیەک لەو وەڵامانە لەگەڵ بڕێک زانیاری زیاتر و بەڵگەی پێویست بخەمە بەردەستی خوازیارانی ئەو زانیارییانە. دەزانم زانیاریییەکانی منیش لەم بارەوە سنووردار و ناتەواون و پێشەکی لە بوونی کەموکووڕییەکان داوای لێبوردن دەکەم.

هیوادارم بە تایبەت ئەوانەی ژیانی تاڵی ئۆردووگای ڕومادییان چەشتووە کەڵک لەم بابەتە وەرگرن و، لە هەر ڕێگەیەکەوە بۆیان دەکرێ هەڵەکانم بۆ ڕاست بکەنەوە. هەرچەن دەزانم نە ئەم نووسینە و نە هیچ نووسینێکی تر لەم بارەوە ڕەزامەندیی هەموو کەسی لەسەر نابێ و کەم و زۆر دەکەوێتە بەر ڕەخنە. چونکە هەرکەسێک بەپێی زانیاریی خۆی و لەچاوی خۆیەوە هەر دیاردە و ڕووداوێک و بەتایبەت ئەم بابەتە گرنگ و هەستیارە لیک دەداتەوە، کە لق و پۆپی زۆری لێ دەبێتەوە. بەڵام من هەوڵ دەدەم لە چوارچێوەی پرسیارەکاندا وەڵامەکانم لە ڕاستییەوە نزیک بن. من ئەم بابەتەم بە دوورودرێژی نووسیوە و بەتەمام دوای پێداچوونەوە و ڕێکوڕاست کردن، لە داهاتوودا جارێکی تر بڵاوی بکەمەوە. بەو هیوایەی جیلەکانی دوای ئێمە لە تەجرەبە ئەرێنییەکانی ئێمە کەڵ وەرگرن و خۆیان لە هەڵەکانمان بپارێزن. هیوادارم ئەوان تووشی ئەو نەهامەتییانە نەبن کە ئێمە لە ژیانی ئاوارەییدا تووشی هاتین. لەوانەیە ژیانی من وەک تاکێک لەم پێوەندییەدا زۆر گرنگ نەبێ، بەڵام دەکرێ خوێنەر هەر بەم پێیە لە ژیانی هەزاران کەس لە خەڵکی بەشمەینەتی ناوچەکەمان و دەردی ئاوارەیی تێبگا. هەوڵ دەدەم وەڵامەکان تەواوتر و زیاتر لەوەی وتووێژەکە بن و بە کورتی خاڵە سەرەکییەکانی ڕەخنەکانی دوو هاوڕێی بەڕێزیش وەڵام بدەمەوە و بەشی گرنگی ڕاکانی ئەوانیش لێرەدا بگونجێنم.

١ـ دەورانی دانشسەرای سەرەتایی (مقدماتی) چۆن بوو؟

من پایزی ١٩٧٨ی زایینی بەرانبەر بە ١٣٥٧ی کۆچی هەتاوی چوومە دانشسەرای سەرەتایی (مقدماتی) کرماشان و لە ماوەی دوو ساڵدا، واتە سەرەتای هاوینی ١٩٨٠ و ٣ مانگ بەر لە دەستپێکردنی شەڕی عێراق ـ ئێران خوێندنەکەم تەواو کرد. دانشسەراکە ناوەندی بارهێنانی مامۆستای سەرەتایی بوو و شوێنی خوێندن و مانەوەی شەو و رۆژییش بوو بۆ فێرخواز. دوو ساڵی خوێندنی دانشسەرام، بەتایبەت ساڵی یەکەم، لەگەڵ زۆر ڕووداوی گرنگدا تێکەڵ بوو کە وەبیرهێنانەوە و ڕێکەوتەکانیان بە پێویست دەزانم. نموونەی ئەو ڕووداوانە:

ـ ڕێپێوانەکانی ١٣٥٧ی هەتاوی و کۆتایی دەسەڵاتی موحەممەد ڕەزا شا لە ٢٢/١١/١٣٥٧

ـ نەورۆزی خوێناویی ٢٤ رۆژەی سنە لە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ی هەتاوی و نەورۆزی ١٣٥٨

ـ ڕفراندومی١٠/٠١/١٣٥٨ بۆ وەرگرتنی دەنگی بەڵێ بۆ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی

ـ ٢٥/٠١/١٣٥٨ له‌ یه‌کێک له‌ رۆژنامه‌كانی ئێراندا نووسرابوو: عه‌شایه‌ری كوردی سنوور نشینی پارپزگای كرماشان: مسته‌فا خان مه‌حموودی، مه‌حموود نه‌زه‌ری، به‌هرام ئه‌سپه‌ری، حاجی حوسه‌ین مه‌تاعی، موحه‌مه‌د حوسه‌ین پوور، حاجی یوسف یوسفی وه‌ ره‌شید موحه‌مه‌دی پشتیوانی خۆیان له‌ ئیمام خومه‌ینی راده‌گه‌یه‌نن. رۆژنامه‌كه‌ هه‌روه‌ها ده‌نووسێ؛ ئپمه‌ عه‌شایه‌ری كوردی دانیشتووی ناوچه‌ سنوورییه‌كان؛ باوه‌جانی، قوایی، سه‌رقه‌ڵا، جێگیران، زه‌هاو و قه‌ڵخانی كه‌ نزیكه‌ی 70 هه‌زار بنه‌ماڵه‌ ده‌بین خوازیاری خودموختاری ته‌واو به‌ ڕێبه‌ری شپخ عیزه‌دینی حوسه‌ینی ین.

ـ کوشتاری نەغەدە لە ١١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ٠٢/٠٩/١٩٧٩

ـ شەڕی پاوە و فەتوای جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد ٢٨/٠٥/١٣٥٨ و شەڕی ٣ مانگە

ــ بڕیاری لێبوردنی گشتیی خومەینی دوای ٣ مانگ شەڕی قورس لەگەڵ گەلی کورد ٢٦ی خەزەڵوەر (٢٦/٠٨/١٣٥٨)

ــ هێرشی دووهەمی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ کوردستان ٢٩ی خاکەلێوە (٢٩/٠١/١٣٥٩)

ـ گرژییەکانی نێوان خومەینی و سەدام حوسەین و ئاڵۆزی ناوچە سنوورییەکان بەتایبەت سنووری پاوە تا قەسری شیرین و چەپاوکردن و کردەوەی چەکداری گرووپە ئاشکرا و نهێنییەکانی سەر بە هەردوو وڵات لەناو خاکی یەکتر. لە هەموو گرنگتر هەڵسووڕانی بنکەی چەکدارەکانی چوارکڵاو لە ژێر چاوەدێری بنەماڵەی سەردار جاف و جیا لەوانیش گرووپی “سازمان آزادگان ایران” لە ژێر چاوەدێری چەند ژنراڵ و ئەفسەری زمانی شا بوو.

ـ ئامادەکردنی دەیان هەزار هێزی نیزامیی هەردوو وڵات لە پشت سنوورەکان و هاویشتنی تۆپ و خومپارەی دوورهاوێژ بۆ قووڵایی خاکی یەکتر بەتایبەت لە سنووری بەمۆ تا قەسری شیرین هەر لە بەهار و هاوینی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییەوە دەستی پێ کرد. قوربانی و زەرەرمەندی ئەم تۆپ هاوێشتنانە و هەموو کردەوە چەکدارییەکانی تریش تا رادەیەکی زۆر کوردانی دانیشتووی سنوور بوون.

ـ دەستپێکردنی شەڕی عێراق ـ ئێران ٣١ی خەرمان (٣١/٠٦/١٣٥٩=٢٢/٠٩/١٩٨٠)، ڕۆژی دواتر گەیشتنی تانکە زرێپۆشەکانی عێراق بۆ ناو شاری سەرپێڵی زەهاو لە ٣٠ کیلۆمیتری سنوور.

هاوکات و تێکەڵاو لەگەڵ ئەو هەموو ڕووداوە تاڵ و ناخۆشانەدا کە بۆ کورد ڕوویان دا، من دەورەی خوێندنی ٢ ساڵەی مامۆستایەتیم تەواو کرد، بەو ئامانجەی وەک مامۆستای پۆلی ١ تا ٥ لە قوتابخانەیەکی دەوروبەری شاری سەرپێڵی زەهاو وانە بێژمەوە. ئێمە لە دانشسەرای سەرەتایی ٣٠٠ دانشجوو (فێرخواز)ی سەر بە شارستانەکانی هەردوو پارێزگای کرماشان و ئیلام بووین و نانخواردن و جێگەی خەوتنیشمان هەر لەوێ لە ژووری ١٠ ـ ١٢ کەسیدا بوو.

وانەکان زیاتر بۆ ئامادەکردنی ئێمە بوو کە چۆن لە کاتی ناچاری لە گوندێکدا لە پۆلێکی تێکەڵاو لە چەند پلەی خوێندندا وانە بێژینەوە. بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێکی پێشکەوتوودا، زۆر بە کەمی لە بواری هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی لەگەڵ قوتابی و دەوروبەردا باس دەکرا و ئەم لایەنە گرنگە بایەخی کەمتری پێ دەدرا. ئەم لایەنە نەرێنییە تەنیا تایبەتی ئەو دانشسەرایە نەبوو و بگرە ئەم ناوەندە تەنانەت یەکێک لە باشترین شوێنەکانی بارهێنانی مامۆستای سەرەتایی بوو. بەگشتی ڕەواڵی ئامادەکردنی مامۆستا و هەموو سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی وڵاتی ئێران بەم شێوەیە بوو. ئەمانە سەرەڕای نکوولی کردن لە زمان و کولتوور و تایبەتمەندییەکانی هەموو قوتابییانی غەیرە فارەس بوو کە ئێمە لەڕێگەی خوێندنەوەی بڵاوکراوەی ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە، لە چەند مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٥٨ەوە کەمێک لەگەڵیدا ئاشنا بووین.

٢ـ چۆن بوو کە تۆ نەتتوانی لە ئێران وەک مامۆستا دەست بەکار بی؟

ئێمە بەشی شارستانی سەرپێڵی زەهاو لەو دانشسەرایە ٢٣ مامۆستای سەرەتایی بووین کە لە کۆتایی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩دا خوێندمان تەواو کرد. ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شارستانی سەرپێڵی زەهاو بۆ ئەوەی دێیەکمان بۆ دەست بەکاربوون پێ بناسێنن هەر ئەمڕۆ و سبەییان پێ دەکردین تا ٠١/٠٧/١٣٥٩، واتە١ی مانگی ڕەزبەر بەرانبەر بە ٢٣/٠٩/١٩٨٠ی زایینی و ڕۆژی کرانەوەی قوتابخانەکان، کە ئەو ڕۆژە تانکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی عێراق لە ڕێگەی قەسری شیرینەوە گەیشتە شاری سەرپێڵی زەهاو. ئەم ڕووداوە گرنگە داهاتووی ژیانی منی وەک ژیانی هەزاران کەسی ناوچەکە گۆڕی و خەڵکی سەدان گوندی ناوچەکە بەم هۆیەوە و بەناچاری تێکڕا ئاوارەی عێراق بووین و لە ئۆردووگاکانی نزیک سنوور گیرساینەوە. بەڵام من کە زۆر تامەزرۆی خزمەت بە قوتابییانی بێبەش و زوڵم لێکراوی گەلەکەم بووم، ساڵانی دواتر و لە ئاوارەیدا ئەم دەرفەتەم لە ژێر دۆخێکی زۆر دژوار و سەختدا بۆ ڕەخسا کە دواتر دەچینە سەری و باسی دەکەین.   

لە چەند مانگی سەرەتادا کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هیشتای پایەکانی قایم نەکردبوو، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی ئێمە لەو نیمچە ئازادییە کەڵک وەرگرین و نەختێک لە گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و هەروەها لە بەشخوراویی گەلانی غەیری فارس تیبگەین. من بەشێک لە کتێبەکانی مامۆستای شۆڕشگێڕ و ناسراوی تورک سەمەد بێهڕەنگیم لەسەر خزمەت بە قوتابییانی گوندنشینی تورک لە ئێران خوێندەوە و لەوێوە بیری خزمەتی زیاتر بە قوتابییانی بەشخوراوی کوردم لا درووست ببوو. ئەمە وەک ئاواتێک لە دڵمدا بوو تا ئەم دەرفەتە لە ئاوارەیی و لە کەمپی ئەلتاش لە ڕومادی بۆ من ڕەخسا. بە ڕای خۆم من بە بەشێک لە ئاواتەکانم، واتە پێشکەش کردنی خزمەت بە قوتابییانی کورد گەیشتم و دوایی بە سەرکەوتنی ژمارەیەک لەو قوتابییانە لە ئاکامی ئەرێنیی کارەکەم و سەرکەوتنەکەم زیاتر دڵنیا بوومەوە.

٣ـ دەورانی مامۆستایەتی لە ئۆردووگای رومادی و ئیمکانات و کەرەسەی خوێندن چۆن بوو؟

ئەگەر بمەوێ باسی دەورانی مامۆستایەتی لە ئۆردووگای رومادی بکەم، پێویستە سەرەتا باسی چۆنیەتی دامەزرانی ئۆردووگاکە بکەم.

دوای ئەوەی هێزەکانی ئێران توانییان لە ٠٣/٠٣/١٣٦١=٢٤/٠٥/١٩٨٢ شاری گرنگی خوڕەمشار لە هێزەکانی عێراق وەرگرنەوە، حکوومەتی عێراق لە شەڕدا گڵۆڵەی کەوتە لێژی و کەوتە خۆکۆکردنەوە. یەکێک لە خاڵەکانی خۆکۆکردنەوەی دوورخستنەوەی ئەو هەموو کوردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە ئاکامی شەڕدا بە شێوەی جۆراوجۆر لەسەر سنووری ئێران ـ عێراق، لە خێوەت و کەمپەکاندا کۆبووبوونەوە. دەسەڵاتدارانی عێراق خێرا لە ڕێکەوتی  ٣٠/٠٦/١٩٨٢=٠٩/٠٤/١٣٦١ هەموو ئەو کوردانەیان ئاگادار کردەوە و پێیان ڕاگەیاندن ئەوانەی کە چەکداری عێراق نین لە ماوەی چەن ڕۆژێکدا خۆیان بۆ گواستنەوە بۆ ڕومادی ئامادە بکەن. یەکەم دەستەی ماڵ کە لە ئۆردووگای سەنگەرەوە بە زۆرەملی بارکران لە ١٥/٠٧/١٩٨٢ گەیشتنە ئۆردووگای ڕومادی. ئێمە و چەند ماڵێکی تریش ٢٦/٠٨/١٩٨٢ گەیشتینە ڕومادی.

خەڵکیان لە بیاوانێکی وشک و لمیندا کۆکردەوە، بە بێ ئەوەی هیچ چەشنە ئاسەوارێک لە خزمەتگوزاری هەبێ. ئەگەر ئاوی دەریاچەی حەبانییە نەبوایە خەڵک لە تینوویەتی دەفەوتان. ئەویش لە قەڕاخەکانیدا کە خەڵک دەیانتوانی ئاوی لێ بهێنن زۆر پیس بوو و پیسی ئاوەکەیش بووە هۆی زۆر نەخۆشی بەتایبەت نەخۆشی مندالان. جیا لە سروشتی ناخۆشی ناوچەکە و بای زۆر و بەهێز و هەستانی تۆز و لم، گەرمای هاوین و دواییش کەشوهەوای سارد و بای وشک و ساردی زستان، ژیانی لە خەڵک تاڵ کردبوو. بە قسەی عەرەبەکانی دانیشتووی دەوروبەری ئۆردووگا، سەرما و با و بارانی زستانی ١٩٨٢ دۆخێکی زۆر تایبەت و دژوار بوو و ئەوان تەنیا لە ساڵەکانی شەڕی دووەمی جیهانیدا زستانێکی وەها سەختیان دیبوو. قسەی ئەوان ڕاست بوو، چونکە سەختی و ساردی و بەستەڵەکی زستانی ١٩٤٢ی زایینی لە هەموو دونیا و بەتایبەت لە ناوچەکانی نێوان لایەنەکانی شەڕ، لە مێژووی شەڕی دووەمی جیهانیدا تۆمار کراوە.

سەرەڕای کەشوهەوای سەخت، بێداهاتی و بێدەرەتانیی خەڵک و ئاوڕنەدانەوەی دەوڵەتی عێراق لەو هەموو خەڵکە لە ناو ئۆردووگایەکی سامناکدا، ترسێکی گەورەی لە دەروونی خەڵکدا درووست کردبوو. خەڵک دەیانزانی کە حکوومەتی عێراق لە دۆڕاندنی شەڕەکە یەکجار زۆر تووڕەیە و لەوانەیە ڕەقی بەواندا بڕێژێ. لەبەر ئەوە خەڵک لە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق ترسیان لێ نیشتبوو و نەیاندەزانی دەسەڵاتدارانی بەعس چ پیلانێکیان بۆ داهاتووی ئەوان هەیە. ئەو کەمە قووت و بژێوییەی لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، دەمێک بوو تەواو ببوو و خەڵک بە تەواوی گەوتبوونە تەنگانە و برسیەتییەوە.

بەهاری ١٩٨٣ هەیئەتێکی خاچی سوور لەژێر چاوەدێریی سەختی دەزگای ئەمنییەتی عێراقدا، بۆ یەکەمجار سەردانی ئۆردووگای ڕومادیی کرد. دوای نزیکەی ٨ مانگ دۆخی سەخت و هاوکات لەگەڵ سەردانی هەیئەتی خاچی سوور بۆ ئۆردووگا ٠٥/٠٣/١٩٨٣=١٥/١٢/١٣٦١، بەرپرسانی ئۆردووگا دەستیان کرد بە دانی پارەی مانگانە بە دانیشتوانی ئۆردووگا. دوای ماوەیەک ڕاگرتنی مانگانەکە، هاوینی ئەو ساڵ دیسان دەستیان پێ کردەوە. دانی ئەو مانگانەیە ترسی مردنی ڕەواندەوە، بەڵام بەشی بەڕێوەچوونی ژیانی نەدەکرد و خەڵک ناچار بوون بۆ وەدەستهێنانی بژێویی خۆیان کار و کاسبییەک بکەن. ئەو سەردانەی خاچی سوور زۆر ئەرێنی بوو و دوای ئەوە ژیان وردەوردە کەوتە سەر ڕەواڵێکی باشتر و خەڵک ترسی مردنیان لەسەر دەرچوو. هەر لە بەهار و هاوینی ١٩٨٣وە ژمارەیەک لە خوێندەوارانی ئۆردووگا سەرەتا لە ژێر چادری ماڵەکانیاندا دەستیان کرد بە وانە وتنەوە بە منداڵانی خۆیان و بنەماڵەکانی دەوروبەریان. دوایی لە هاوین و پاییزی ١٩٨٤ەوە، هەر ئەو خوێندەوارانە و ژمارەیەکی تریش، وردەوردە لەخشتی قوڕین خانوویان بۆ وانەوتنەوە درووست کرد. هەر ئەم خانووە قوڕینە بچووکانە بوونە بنەمای ئەو قوتابخانانەی کە دوایی بە قوتابخانەی ئەهلی ناسران و بەر لە شەڕی کوەیت و گەڕانەوەی بەشێک لە خەڵک بۆ ئێران لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ی زایینی، ئەرکی وانە وتنەوەی نزیکەی ٥٠٠٠ قوتابی لەئەستۆ بوو.

منیش هەر لە بەهاری ١٩٨٣وە لەپاڵ کاسبی و دووکانداریدا، بەبێ بەرانبەر ئێواران وانەم بە چەند قوتابی دەوتەوە و ئەمەم تا هاوینی ١٩٨٦ درێژە دا. دوای ئەوەی لە دابینکردنی بژێویی خۆم و بنەماڵەکەم لە ڕیگەی کاسبییەوە دڵنیا بووم، لە پایزی ١٩٨٦ەوە منیش قوتابخانەیەکم لە خشتی قوڕین درووست کرد و تا ١٩٩٢ واتە ٦ ساڵ لە ئۆردووگای ڕومادی وەک مامۆستا تیایدا کارم کرد. لەو ساڵانەدا لەپاڵ وانەوتنەوە بە قوتابییانی پۆلەکەی خۆم، ٤ ساڵ ئەندامی بەڕێوەبەری شەورای مامۆستایانی ئۆردووگا و لەو ماوەیە ٣ ساڵی بەرپرسی شەوراکە بووم.

پایزی ساڵی ١٩٨٤ قوتابخانەی دەوڵەتی بە ناوی “مەدرەسەی موجاهیدین” لە ژێر چادردا بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە لایەن دەزگای پەروەردە و بارهێنانی عێراقەوە لە ئۆردووگای ڕومادی کرایەوە. لە ساڵی ١٩٨٥ەوە هەیئەتی خاچی سوور دوای تێگەیشتن لە دۆخی شپرزەی خوێندن لە ئۆردووگا، بۆ دڵخۆش کردنی قوتابییان، دەستی کرد بە هێنانی کەلوپەلی خوێندن و نووسین بۆ قوتابییانی ئۆردووگا. بۆ ئاسانترکردنەوەی کاری خاچی سوور و لەسەر داوای ئەوان، یەکەم شەورای مامۆستایان لە بەهاری ساڵی ١٩٨٥ لە ئۆردووگا دامەزرا.

بەپێی نەخشەی گووگل مەودای نێوان شارەکانی خانەقین و ڕومادی لە ڕێگەی بەغداوە ٣٠٣ کیلۆمیتر دەبێ، کە بە ماشێن ٣ کاژێر و ٤٥ خولەک دەخایەنێ. زۆربەی دانیشتووانی ئۆردووگای ڕومادی لە ئۆردووگاکانی دەورە، قۆرەتوو و سەنگەرەوە هێنرابوون کە ئەوانیش دەکەوتنە مەودای ٢٠ تا ٣٠ کیلۆمیتر لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری خانەقینەوە و سەر بە پارێزگای دیالە بوون. هەروەها ژمارەیەکی تریش لە ئۆردووگاکانی باریکە، زەڕایەن، عەربەت، چوارقوڕنە و ساڵانی دواتریش بەشێک لە ئۆردووگای حللەوە هێنران. مەودای نێوان بەغدا و شاری ڕومادی ناوەندی پارێزگای ئەلئەنبار لە ڕۆژاوای بەغدا ١٣٣ کیلۆمیترە و ئۆردووگای ئەلتاش ٦ تا ٧ کیلۆمیتر لە شاری ڕومادی تێدەپەڕاند و دەکەوتە باشووری شارەکە و ڕۆژاوای دەریاچەی حەبانییە. ئۆردووگاکە لە سەر زەوییەکی تەخت و بێڕووەک بەپانایی نزیکەی ٢ کیلۆمیتر و بەدرێژایی نزیکەی ٤ کیلۆمیتر هەڵکەوتبوو، دەوری بە تێلدڕوو تەنرابوو و دەرگایەکی هاتوچۆی لە بەشی باکووریدا لە پەنای دامودەزگای دەوڵەتی بۆ درووست کرابوو. کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق بە هەر مەبەستێک بووبێ، دانیشتوانی ئۆردووگایان لەسەر بنەمای عەشیرە دابەش کردبوو و هەموو ئەو بنەماڵانەی سەر بە عەشیرەیەک بوون، دەبوایە کاروبار و پەیوەندییان لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقی لەرێگەی کوێخا (موختار)ەوە بێ. تەنانەت ئەوانەش کە سەر بە هیچ عەشیرەیەک نەبوون دەخرانە ناو ئەو سیستەمەوە و سەر بە عەشیرەیەک دەناسران یان ناوی شار و ناوچەکەیان وەک عەشیرە لەسەر دادەنرا، بۆ نموونە مهابادی، هەورامی و … . نوێنەری خاچی سووریش بۆ کارئاسانی خۆی هەر ئەو دابەشکردنەی ڕەچاو کردبوو و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی هەر بەو ناوانەوە دیاری کردبوو و هەموو ئۆردووگای کردبووە ١٠ بەش.

فەرامەرز ئەڵماسی  ٢٠١٤/١٢/٠٧

1.Khanaqin-Ramadi-google.com2.Al_Tash_unhcr3.Al_Tash_Camp_division



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی