لە کاتی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری رۆم دا زۆربەی بەشەکانی ئورووپا بە زمانی لاتین قسەیان دەکرد. هەرچەندە بە قسە کردن و نووسین باشتر بەسەر زمانەکدا زاڵبوایەیت،
رێگای دەسەڵات کردنت کورتتر و ناوبانگیشت زیاتر دەبوو. دواتریش ئەو زمانە کە مایەی شانازیی بوو، گڵۆڵەی کەوتە لێژیی، بە جۆرێک کە ئێستا ئیتر کەوتووەتە گیانەلا و بێجگە لە زمانێکی زانستی ئەویش لە هێندێک بەشیی تایبەتی وەک دەرمان و رووەکناسیدا نەبێ، بەکار نایە و ئیتر کەسێک پەیدا نابێ کە بتوانێ بەم زمانە باسێک یان پشتەسەرەی کەسێک قسەیەک بە زمانی لاتین بکا.
لە سەرەتادا تەنیا لە شاری رۆم قسەیان پێ دەکرد، ئەم مێژووەش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٧٠٠ی پێش زایین. لەگەڵ کاتدا دەسەڵاتی رۆمەکان پەرەی سەند و بەربڵاوتر بووەوە، بە جۆرێک کە زۆربەی ئوروپا و ناوچەی مەدیتەرانەی گرتەوە و بێ گومان زمانەکەشیان لەگەڵ دەسەڵاتەکەی خۆیان دەبرد.
لە وڵاتەکانی تردا پیاوانی دەسەڵاتداری دەوڵەت و هێزە نیزامیەکان زمانی لاتینیان لەگەڵ خۆیان بڵاو دەکردەوە، بێجگە لەمانەش بە پێی بڕیاری دەسەڵاتدارانی رۆم بە شێوەی مستعمرە (Colonia)، خاکی وڵاتانیتر وەک خەڵات دەدران بە سەربازە لێهاتوو و شەڕکەرە ئازاکان، بۆ وێنە شاری “کۆلن” (Köln) ی ئاڵمان Colonia Claudia Ara Agrippinensium .
١ـ ئیمپراتۆری رۆم رۆخا
کاتێک لە سەدەی ٤٠٠دا ئیمپراتۆری رۆم رۆخا، زمانی لاتینیش وەک زمانی رۆژانە لە نێو چوو. بەڵام زمانەکە بە شوێنی دیکەدا پەرەی گرت و بەرە بەرە بوو بە پێنج زمانی ئوروپایی: فەرانسەیی، ئیتالیایی، ئسپانیا، پرتەقاڵی و رۆمانیایی.
کاتێک ئیمپراتۆری رۆم دەسەڵاتی هەبوو، لە کردەوەدا زۆر باش بوو، کە هەموویان زمانێکی هاوبەشیان هەبوایە، بەتایبەتی لە بواری باج و خەراجدا. بەڵام کاتێک ئیمپراتۆریەکە تێکچوو، خەڵکەکە لە لادێکان خۆیان ئیزۆلە دەکرد و لەو ناوچە چووکانەشدا زاراوەکان هەرکام بە ئاقارێکدا پەرەیان سەند.
٢ـ نووسین و قسە کردن پێکەوە نەدەهاتنەوە.
رۆمەکان بەو جۆرە کە قسەیان دەکرد، نەیاندەنووسی. ئەمەش لە لایەن لێکۆڵەرەکانەوە بەو دەقە فەرمەییە کۆمیدیانەدا کە کەوتووەتە دەستیان پشت راست کراوەتەوە کە بە روونی شێوەی قسە کردنی کەسایەتیەکانیان دەرخستووە. ئەو نووسراوە و نیگارانەی کە بە دیوارەکانی شاری پومپەیی (Pompeji) ەوە ماونەتەوە زیاتر ئەم جیاوازی و تەنانەت هەڵە رێزمانیانەش پیشان دەدەن. لە ماوەی چەند سەد ساڵدا زمانی ئاخافتنی لاتینی بە شێوازێکی جیاوازتر لە زمانی نووسینی لاتینی پەرەی سەند، هەتاکوو کاتێک کە ئیتر خەڵکی وازیان لە ئاخافتن بە زمانی لاتینی هێنا. هەر بۆیە ئێستا نازانین چۆن قسەیان پێ کردووە. بە کورتی ئەو نووسراوە هەڵانە ئەوەمان بۆ روون دەکەنەوە کە رۆمەکان بەو جۆرەی کە وشەکانیان نووسیوەتەوە، نەیانخوێندووەنەتەوە.
٣ـ خنجەر دەسەڵاتی زیاتری لە وشە پێدرا
لە سەرەتای سەدی نێوەڕاستدا سەرۆک عەشیرەتەکانی ژیرمەن و پاشا ناوچەییەکان، لە ئورووپادا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت.
ئەو دەسەڵاتدارە نوێیانەش لە جێگای بەکارهێنانی دەقە یاساییەکان، زیاتر بە زەبەری خنجەر دەسەڵاتداریان دەکرد. زانینی زمانی لاتین بە شیوەی نووسین و قسە کردن، نیشانەی خوێندەواری و زانیاریی بوو، رێگا خۆشکەر بوو بۆ بەشداری کردن لە دەسەڵاتی ئیمپراتۆری رۆمدا. بەڵام کولتوری شەڕکردن بەسەر کولتوری فێربووندا زاڵ بوو، هەربۆیە هێندەی نەخایاند ئەو فێرگانەی کە بۆ فێربوونی زمانی لاتینی ئیمپراتۆری رۆم لە ناوچەی دەسەڵاتیاندا لە شوێنە جۆراوجۆرەکاندا کردبوویانەوە، داخران.
٤ـ نەبوونی وشە بۆ داهێنان و چەمکە نوێکان
لە سەدەی ١٣٠٠ بە دواوە پێشکەوتن رەوتێکی خێرای بە خۆیەوە بینی، بەتایبەتی لە بواری کولتوری و زانستدا. ماتماتیکدان و فەیلەسۆف و زانایانی بواری گیانەوەرناسی، بەردەوام داهێنانی نوێیان دەبوو، بۆ ئەم داهینانەش دەستەواژە و چەمکی تایبەتیان لە زمانی لاتینیدا بۆ نەدەبینرایەوە. سەرەڕای ئەمەش زانایان بۆ پاراستنی زمانەکە تێدەکۆشان بەسەر ئەو کۆسپانەدا کە بۆیان پێش دەهات زاڵ بن. بۆ وێنە فیزیکدانی بەناوبانگ ئیسحاق نیوتون (١٦٤٣ تا ١٧٢٧) داهێنانەکەی خۆی بە زمانی لاتینی نووسی. ئەو کاتانەش وشەی دەست نەدەکەوت لە وشە کۆنەکان کەڵکی وەردەگرت و نێوەڕۆکێکی نوێی پێ دەدان. هەموو داهێنەر و لێکۆڵەرەکانی ئەو کات دژی وەستان، لەبەر ئەوەی ئەوان پێیان وابوو کە ئەو وشە نوێیانە زمانە کلاسیکەکە تێک دەدەن.
٥ـ ناسیونالیزم بەسەر زمانی رۆمەکاندا سەرکەوت
لە کۆتایی سەدەی ١٧٠٠دا شەپۆلێکی ناسیۆلنالیستی ئورووپای گرتەوە و زۆربەی زاناکان دەستیان بە نووسین بە زمانی دایکی خوەیان کرد. تاکوو ئەم کاتەش زمانی لاتینی رۆڵێکی زۆر گرینگی لە زمانی زانستیدا هەبوو. سەرچاوە ئاکادیمیەکان و کتێبەکان بە زمانی لاتینی چاپ و بڵاو دەکرانەوە و دوکتورەکانیش لە پێوەندی لەگەڵ کارەکانیاندا پێکەوە بە لاتینی قسەیان دەکرد.
ئەم گۆڕانکارییانەش بە خێرایی لەگەڵ خواستی دانیشتوانی وڵاتانی ئورووپادا بە مەبەستی پاراستنی دەوڵەتی نەتەوەیی و کەسایەتی هاوبەشی مێژوویی و زمانەوانی، رەوتێکی نوێی بە خۆوە گرت. زمانی دایکی وەک زمانێکی شیرینتر و رەسەنتر لە زمانەکانیتر و بەتایبەتی لە زمانی لاتینی، چاوی لێ دەکرا.
لە سەدەی ١٩٦٠دا ئەمەش بە تەواوی کۆتایی پێهات، کاتێک کلیساکان وازیان لەو شێوە کۆن و کلاسیکیە هێنا و دانیشتوانی هەر وڵاتێک لە لای خۆیانەوە دەستیان کرد بە بەکارهێنانی زمانەکەی خۆیان.
وەرگێڕان: حامید درودی
سەرچاوە: گۆڤاری مێژووی Världens historia
رێکەوتی ٢٠ی ١٢ی ٢٠١٥