"an independent online kurdish website

وەک دەزانین نەتەوەی کورد لە گشت سەردەمە مێژووییەکاندا کەوتۆتە بەر شاڵاوی دوژمنایەتی و تواندنەوە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان و لە چاخی نوێشدا زێدی کوردان مەیدانی ڕەمبازێن و لەشکرکێشی ھێزە جیھانیەکان بووە و لە ھەر سووچ و قوشبنێکی کوردستان دا بۆنی کوردقڕان دێت.xalxali-

لێرەدا نامھەوێت بە وردی باسی قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی گۆڕانکاری سنووری جوگرافیایی کوردستان و ئاڵوگۆڕی دێمۆگڕافی لە نێوان شەپۆلی ھێرشەکان و ئاسیمیلە کردنی نەتەوەی کورد بکەم، بەڵکوو تەنیا دەمھەوێت ئەو گۆڕانکاریانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بخەینە بەر چاوی خوێنەر کە تەنیا لە ماوەی ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و حوکـمڕانی ئاخوندەکان بەسەر کوردستان دا ڕۆژانە ڕوو دەدەن و شۆڕشگێڕانی جارانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و تاراوگەنشینەکانی ئەمڕۆی کورد ناسڵمێنێتەوە.

کاتێک لە 28ی گەلاوێژی1358ی ھەتاویدا خومەینی بە دەرکردنی حوکمی جیھاد لە دژی نەتەوەی کورد ھێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەست پێکرد و ڕووبەڕووی بەرخۆدانی قارەمانانەی خەڵکی کوردستان بووەوە، دەیان داستان و حەماسەتی نەتەوەی کورد لەم بەشە لە کوردستان تۆمار کرا، دواتر ھەر چۆن کۆماری کوردستان لە سەردەمی پێشەوای نەمردا بە پلانی دەرکی و لەوەش گرنگتر بە فیتی کەسایتیە عەشایرەکان و دۆستایەتیان دەگەڵ سیستەمی پاشایاتی جوانمەرگ بوو، خۆڕاگری ئازایانەی ھاوڵاتیانی کوردستانیش بە چەند ھۆکاری ناوخۆیی وەک شەڕی ناوخۆیی کۆمەڵە و دیموکرات و پێوەندی ژێراوژێری ھێندێک کۆنە ساواکی و دەست و پێوەندی عەشایری، بزووتنەی ئەمجارەی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان شکست پێ ھێنا، ئەگەر چی برادەران پێیان وایە کە ھێزی زەبەلاحی کۆماری ئیسلامی و ویستی حیزبەکان لەمەڕ زیاتر کاول نەکردنی ڕۆژھەڵات بووە ھۆی دەرچوونی ئەوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەڵام دەبێ بڵێین ڕاست پێچەوانەیە و لەمڕۆدا چۆن نەیانتوانیوە دوای ئەو ھەموو ناخۆشییەی لە تاراوگە تووشی بوون، لانیکەم “بەرەیەکی کوردستانی ” پێک بێنن، ئەو سەردەمیش کۆنە قینێکی عەشایری بووە ھۆکاری شەڕی کۆمەڵە و دیموکرات و نەیانتوانی بە ھۆی لاوازی و نەبوونی گەڵاڵەگەلی گونجاو بۆ نەتەوەکەیان، پێش بە شەپۆلی ھێرش و کاولکاری پاسدارە خوێنمژ و تاڵانچیەکانی کۆماری ئیسلامی بگیردرێت و شارەکانی کوردستان بە مەودای زۆر کەم و یەک لە دوای یەک داگیر کرانەوە.

 لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا چەند کتێب لە سەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان نووسراوە کە کتێبی “کوردستان” کە پاسدار “مستەفا چەمران” نووسیویەتی و دواتر براکەی واتە مێھدی چەمران بۆی تەواو کردووە، ئیشارە بە چەند خاڵی گرنگ دەکا کە من لێرەدا باسی دەکەم.

چمران باسی قارەمانیەتی خەڵک دەکات کە چۆن ئەوانیان شکست داوە و ئەگەر فەرمانی جیھادی خومەینی نەبوایە نەیاندەتوانی خۆیان بگرن، ناوبراو ڕای خۆی ئاوا دەڵێت: ” در كردستـان در آن شب مخوف پاوه، همة اميدها قطع شده بود و فقط چند پاسدار مجروح، خسته و دل‏شكسته در ميان هزاران دشمن مسلح به محاصره افتاده بودند، و همة شهر و تمام پستي و بلندي‏ها به دست دشمن افتاده بود، اگر فرمان امام نبود …”!.

پاسدار چەمران لە زۆر شوێنی دیکەی کتێبەکەیدا دەیھەوێت ئەو ڕاستیە بە خەڵکی ئێران بسەلمێنێت کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیری لە فرت و فێڵ و پلانی مەترسیدار لە دژی کورد نەکردباوە ئەوە بە دڵنیایی کوردستان لە خاکی ئێران دادەبڕا.

لە بەشێکی دیکە لە کتێبکەی چەمران دا باسی شەڕی نەغەدە کراوە و ھەوڵی داوە دێمۆگڕافی شارەکە بگۆڕێ و زۆربەی دانیشتوانی ئەم شارە بە تورک ناوبرێت وەک دەڵێت: ” احزاب چپ در تاریخ 31 فروردین58 نیروھای خود را بە نقدە می برند، ‌شھری کە از بیست ھزار نفر جمعیت آن، تقریبا 15 ھزار نفر آن ترک زبانند…، راستی چە لزومی داشت احزاب در نقدە ترک زبان زور و بازو نشان دھند…”.

دواتریش چەند پاسداری دیکە و یەک لەوان “یەحیا ڕەحیم سەفەوی” کە لە ئێستادا مامۆستای زانستی جوگرافیای نیزامی لە زانکۆکانی شاری تارانە، لە کتێبی “جغرافیای نظامی ایران” باسی چەند شوێن و ناوچەی کوردستان دەکات کە پێویستە لە داھاتوودا لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیەوە لە مەڕ ھەڵکەوتەی جوگرافیای شوێنەکان گرنگیان پێ بدرێت تاوەکوو بە وتەی ناوبراو ڕووداوە ناخۆشەکانی سەرەتای شۆڕشی 57 ھەتاوی لە کوردستان دووپات نەبنەوە.

بەشێک لەم شوێنانە بریتین لە چیای سورێن کە کۆنتڕۆڵی دەشتی شلێر لە باشووری کوردستان دەکات، دارستانەکانی نێوان بانە و مەریوان و زنجیرە چیاکانی قەندیل لە سنووری سەردەشت تاوەکوو شنۆ.

لەبەشێکی دیکە لە نووسراوەکانی ئەم پاسدارەی ڕێژیم دا، ھێزی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەو سەردەمەدا لێکدەداتەوە و دەڵێت: “وقتى به پادگان سنندج رسيديم و قسمتى از شهر را آزاد كرديم خودمان هم باورمان نمى‏شد، پس از اين ضربه سنگین، باور كرديم كه دشمن بسيار قوى و با تجربه است و از امكانات مناسب و گسترده‏اى هم استفاده مى‏كند”.

کەوابوو کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەم چەند ساڵەدا کە ھێزە سیاسیەکانی کورد لە ناوخۆی کوردستان نەماون، دەیان و بگرە سەدان پلان و پیلانی بۆ مانەوەی خۆیی و درووست کردنی لەمپەری جۆراوجۆر لەمەڕ پێشگرتن بە دزە کردنی نەیارانی کورد و ھێزە سیاسیەکان داڕشتووە. ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم داوییانە لە چیای ئاویەر و سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەکانی بانە و مەریوان و چیای سڵێمان بەگ و سووتاندنی بە ئانقەستی چیاکانی شاھۆ و …ھتد، تەنیا بەشێکن لەو سیاسەتە چەپەڵانەی ئەم ڕێژیمە داگیرکەرەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە دەیھەوێت ھەر جۆرێک بێت شوێنی حەوانەوە و ھاتووچۆی ھێزە کوردییەکان لە ئێستا و داھاتوودا لە ناو ببات.

بەشێکی دیکە لە سیاسەتی داگیرکارانەی کۆماری ئیسلامی دزی و بە تاڵان بردنی ئاسەواری مێژوویی کوردستانە، لەوانە دتوانین ئاماژە بە حەسەناوای سنە، زێوییەی سەقز، قەڵایچی بۆکان…ھتد بکەین. وەک نموونەی زۆر بەرچاو دزینی ئاسەواری گوندی شێی شاری بانە لە لایەن یاسر کوڕی ھاشمی ڕەفسەنجانی کە لەم چەند ساڵەی داوییدا بە بەرچاوی خەڵکی ناوچەکەوە ڕووی داوە. کانگا سرووشتیەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە لەوانە دەکرێت ئاماژە بە تاڵانکردنی گەورەترین کانگای زێڕی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڵکەوتوو لە ناوچەی ھەوشار لە نزیک شاری تیکاو بکەین.

سەبارەت بە گۆڕینی دێمۆگرافی شار و گوندەکان کە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە کۆماری ئیسلامی ھەوڵی داوە چەنیەتی و چۆنیەتی دانیشتوانی شارەکانی نەغەدە و تیکاو و سائین قەڵا و گوندە کوردنشینەکانی ھاوسنوور دەگەڵ ناوچە ئازەری نشینەکان ڕاستەوخۆ تێک بدات و بە ئاسمیلە کردنی بەشێکی زۆر لە خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لەناوبردنی زاراوە گەلی خۆجێیی کوردی، ئەدەبیات و کەلەپووری ناوچەکە تەفریس(بە فارس کردن)بکات.

لەناوچوونی گۆلی ورمێ و ڕووبارەکانی تەتەھوو و کێشەی کەم ئاویی لە شارە و گوندەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە دەست ئانقەست لە لایەن ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و ڕاکێشانی بۆڕی ئاو لە ناوچە کوردنشینەکان بۆ ھەرێمی ئازەری نشین لە کاتێکدایە زۆربەی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بە دەست قەیرانی ویشکەساڵی و کەم ئاویی دەناڵێنن و ڕێژیم ھیچ ئاوڕێکیان لێ ناداتەوە و تەنیا بە ھەڵخەڵەتاندن و قەول و بەڵێنی درۆینە وەڵامی خەڵکی کورد دەداتەوە.

ھەڵکەندنی بیرە ئاوی بێ سنوور و نایاسایی درووست کردنی چەندین بەنداوی بێ کەڵک لە ناوچە کوردنشینەکان بەشێکی دیکەن لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ساڵانی داھاتوودا مەترسی ویشک بوونی یەکجارەکی لێڕەوارەکان و سروشتی جوانی کوردستانی لێدەکەوێتەوە.

پرسیار لێرەدایە، کە ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیانەی خۆیان بە خەمخۆری ئێستا و دوارۆژی نەتەوەکەیان دەزانن بۆچی نوقەیان لێوە نایەت، ئاخۆ توانیویانە بەربەستێکی قایم لە ھەمبەر سیاسەتە چەپەڵەکانی کۆماری ئیسلامی درووست بکەن؟!

بێ گومان نەخێر، ئەگەر خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەمڕۆدا بە دەیان قەیرانی وەک شوناس و بێ کاری و بێ داھاتووی بەربینگی پێ گرتوون حەقی خۆیانە بڵێن شۆڕشگێڕانی دوێنی بە ھۆی دوور کەوتنەوە لە سنوورەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و شەڕی کورسی سکرتێریی حیزبەکان و ئینشعابی نێو خۆیان، مەگەر بە ڕیکلامی تەلەویزیۆنی ئەگینا ھەر ڕۆژھەڵاتیان لە بیر نەماوە.

سەردەمانێک ھێزی ڕێژیم لە ترسی شکۆی خەڵک و شۆڕشگێڕان کونە مشکی لێ دەبووە قەیسەری، کەچی ئێستا ڕۆژ نیە لە سەر سنوورە دەستکردەکانی کوردستان کۆڵبەری ھەژار و بێ دەرەتان بە گوللەی ھێزی ئینتزامی نەکوژرێت، لە ناو بازاڕ و کۆڵانەکانی شار و گوندی کوردستان ماددەی ھۆشبەر بە لاوانی کورد نەفرۆشێت.

 زۆر ڕاستە کە دەڵێن حەماسەتی گەڵێک کەوتە بەر دەستی سیاسیەکان وەک نانی شوان پچڕ پچڕی دەکەن بۆخۆیان! وەک ئاغای عەبدوڵڵای حەسەن زادە سکرتێری ئەو کاتی باڵێک لە حیزبی دیموکرات لە وتووێژێکدا دەگەڵ ڕادیۆی نەوا ئاماژە بە پاسیڤ بوونی ھێزە کوردییەکان دەکات و دەفەرمێت: ” ئەگەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئاو بی بات دلۆپێکمان بەر ناکەوێت، ئەگەریش بسووتێت بەتانیەکمان(پەتوو) ناسووتێت”.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی